Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / ڕۆڵی کورد لە مێژوودا

ڕۆڵی کورد لە مێژوودا

بنەڕەت و بنچینەی کورد تا ئێستا بنەڕەت و مێژووی کۆنی کورد لێڵ و تەمومژاوییە، هۆکاری ئەم ناڕوونییە هەر وەکوو قۆناغەکانی تری مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هێشتا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی تێروتەسەل لە بارەیانەوە نەکراوە بە دوور و خاڵی بێت لە ئەفسانە و داستان و هەست و سۆز و ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییە سیاسییەکان توێژەر و مێژوونووسان ڕای جیاوازیان هەیە دەربارەی ڕەگ و ڕیشەی ڕاستەقینەی کورد و باوباپیرانیان کە سەر بە چی تیرە و هۆزێکی مێژوویین، هەر ئەمەش وای کردوە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر ئەو سەردەمە مێژووییەی کە توێژەر بتوانێت پشتی پێ ببەستێت وەکوو سەرەتا و دەستپێكێك بۆ مێژووی کورد لە پێش ئیسلام.
بەڵام بە پشت بەستن بە سەرچاوەکان مێژووی کورد لە پێش ئیسلام لە ئاینەکاندا (تەوراتی و مەسیحییەت) پاشان یۆنانی و ئەرمینی و فارسیەوە تا دەگاتە ڕاستترین بۆچوون کە زمانی میدیی و کوردی و فارسی لە بنەڕەتدا سەر بە زمانی هیندۆ ئێرانین، بەپێی ئەم زانیارییانە ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی (مینۆرسکی) ئەو چەمکەی خستەڕوو کە کوردەکان نەوەی ئەو میدییانەن كە لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریای قەزوین لە ڕۆژاوا و باشوورەوە کۆچیان کردووە بەرەو ڕۆژاوا(کوردستان) لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی ئاشورییەکان لە ساڵی 612 پ.ز.
ئەم بابەتە لە کۆنگرەی بیستەمی ڕۆژهەڵاتناسیی نێودەوڵەتی باسکراوە، ئەم کۆنگرەیە لە شاری برۆکسڵ بەستراوە لە ساڵی 1938 زایینی. (کوردەکان نەوەی میدییەکانن کە توانییان بەسەر ئاشوورییەکان سەرکەون و ئیمپڕاتۆریەتی خۆیانیان دروست کرد لە سەدەی (حەوتەمی پێش زایین.
لە ساڵانی نێوان 836 پ.ز. تاکوو 612 پ.ز. ناکۆکی و ململانێ لە نێوان میدییەکان(باوباپیرانی کوردانی ئێستا) و ئاشوورییەکان بەردەوامیی هەبووە، کاتێك میدییەکان توانیان بە هاوپەیمانیی کلدانییەکان و بە ڕابەرایەتی سەرکردە (نەبوبلاسەر ) لە ساڵی 612 پ.ز توانیان شکست بە دەوڵەتی ئاشورییەکان بێنن و پایتەختەکەیان (نەینەوا) داگیر بکەن، پاشان کلدانییەکان و میدییەکان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی خواروویان بە نیوە لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد.
لە ئێستادا زۆرینەی مێژوونووسان و لێکۆڵەرانی کورد، ێمیدییەکان بە باوباپیرانی کوردانی ئێستا دادەنێن، هەر لەسەر ئەم بنچینەیەش سەرەتای دەرکەوتنی میدییەکان وەکوو قەوارەیەکی سیاسی دەگەڕێننەوە بۆ دەوروبەری ساڵانی 700 پ.ز. بەو واتایەی دەستپێکی مێژووی کورد و سەرەتای ساڵنامەی کوردی لەو کاتەوە بووە.
لە ساڵی 550 پ.ز (کۆرشی ئەخمینی) سەرۆکی هۆزەکانی پارسەکان(فارسەکان) توانی کودەتا بەرپا بکات دژی باپیرەی پاشای میدی(ئیستیاکس) لە پایتەختی (ئەکباتان-هەمەدان) یەکەمین دەوڵەتی فارسی دامەزراند لە مێژوودا لە ژێر ناوی(دەوڵەتی ئەخمینی).
سەبارەت بە شارستانیی میدییەکان و ڕۆڵی ئەوان لە خزمەت کردنی مرۆڤایەتی، بەشێکی زۆری دامەزراوە کارگێڕی و سیاسی و سەربازییەکان، ئەخمەنییەکان لە میدییەکان وەریانگرتووە. وەکوو ناونیشان و نازناوە فەرمییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت و زاراوە سەربازییەکانی وەكوو:
(سەرکردەی سەدسەرباز – فەرماندەی کەرت – بەرپرسی بەش – کۆمەڵەی سزادان)
یەکێك لە لێکۆڵەرە ئەوروپییەکان لیستێکی کۆ کردوەتەوە لەسەر ئەو زاراوە میدییانەی کە دەستەی کارگێڕی ئەخمەنییەکان بەکاریان دەهێنا، پاشان دوای ئەوانیش یۆنانییەکان و ڕۆماننیەکان ئەو زاراوانەیان وەرگرتوە و بەکاریان هێناوە.
هەروەها زاگرۆزییەکان کە یەکێكن لە تیرە میدییەکان، ناویان زاڵبوو بەسەر زنجیرە چیای زاگرۆس ئەو زنجیرە چیایەی کە سنووری عێڕاق و ئێران لێك جیادەکاتەوە بە ناوی ئەوانەوە ناونراوە.
هەروەها (زەردەشت) کە پەیامبەر و فەیلەسوفێکی ئێرانییە، لەدایک بووی ناوچەی (شیزه) سەر بە هەرێمی میدیا، لە سەردەمی میدییەکان ژیاوە لە ساڵانی 660پ.ز بۆ 583 پ.ز. ڕاسپاردەکانی بە زمانی میدیی نووسیوە، زمانی کتێبە پیرۆزەکەی (ئاڤێستا-ئاوێستا- ئابێستاق) زۆرینەی لێکۆڵەرەکان پێیان وایە زمانێکی میدییە، بۆیە جێگای تێڕامان نییە کە دەبینین شارستانییەتی میدییەکان کاریگەری گەورە و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پێکهێنانی بنچینەی هزر و ڕوحی گەلانی هیندۆئەورپییەکان.

لە لایەکی ترەوە، دەرئەنجامی هاوپەیمانی نێوان کلدانییەکان و میدییەکان، لەنێوان هەردوو لا هاوسەرگیری کراوە، (نەبوخوزنەسری) کوڕی سەرکردە (نەبوبلاسەر) هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ کچی ئیستیاکس پاشای میدییەکان ، کاتێك کچەکە نەیتوانیوە لەگەڵ ژینگە نوێیەکەی ڕابیت لە شاری بابل کە ئەو کات پایتەختی کلدانییەکان بووە ، چونکە ئەو کچی شاخ و سروشت بووە، هاوسەرەکەی پاشا (نەبوخوزنەسر) هەستا بە بنیاتنانی بورجێکی مەزن لە شێوەی شاخ، پاشان بەشێوازێکی میکانیکی ئاوی ڕووباری فوڕاتی بۆ بەرزکردەوە، ئەمەش بووە باخچە هەڵواسراوەکانی بابل کە بە یەکێک لە حەوتسەمەرەی جیهان دادەنرێت.

ڕۆڵ و پێگەی کورد لە شارستانییەتیەکا:
هیچ گومانێکی تێدا نییە کورد ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە شارستانیەتی مرۆڤایەتدا، چونکە لەسەر خاکی ئەوان
یەکەمین شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەرکەوتوە، سۆمەرییەکان و ئەکەدییەکان و ئاشورییەکان دانیشتوانی کۆنی عێڕاق سەرەتای بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووەمی مرۆڤایەتیان دیاری کرد لە دوای جێگیر بوونی کەشتییەکەی ئۆتۆنابشتم(نوح سەلامی خوای لێبێت) لەسەر یەکێك لە شاخەکانی کورد بەناوی(کشاد کۆتیۆم ) ئەمە بەپێی دەقی ئەکەدیی و نیسیر یاخود کینیبا بە پێی دەقی ئاشووری، لە تەورات (کتێبی پیرۆز) بە دیاریکراوی لە ئایەتی گەشتی پێکهاتن(سفر تکوین) (8: 3-5) ئاماژە دەکات کە لەدوای سەد و پەنجا ڕۆژ ئاوەکە ڕۆچوو بە زەویدا و لە حەڤدەی مانگ کەشتییەکە لەسەر شاخی (ئارارات) جێگیر بووە.

لە کاتێکدا قورئانی پیرۆز شوێنێکی نزیك تری دیاری کردووە لە (سوڕەتی هود ئایەتی 44):
{ئیتر ئاوه‌که ڕۆچوو، فه‌رمانیش به‌ڕێکی و ته‌واوی ئه‌نجامدرا، که‌شتیه‌که‌ش له‌سه‌ر کێوی جودی (که
له کوردستانی باکووره‌) وه‌ستاو له‌نگه‌ری گرت}.

مێژوو ئەو تۆمارانەی پاراستووە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی هەزارەی سێیەمی پێش زایین ناوی ژمارەیەك خوداوەند لەخۆدەگرێت کە دانیشتوانی باکووری دۆڵی دووڕووبار پەرستوویانە(دانیشتوانی کوردستانی کۆن)، ئەمە بێجگە لە ژمارەیەك داستان و ئەفسانە کە کاریگەرییان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و بنچینەی هزری ئەو گەلانە و گەلانی نزيك
لەوان کە پەرستنەکانیان بۆ گوێزراوەتەوە، ئەم گوێزرانەوەیە کاریگەریەکی ڕوون و مەزنی هەبوو لە
دروستکردنی هەست و سۆزی هاوبەش کە بە پێی ڕۆیشتنی کات پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی دیاریکراوە، بووەتە هۆکاری بەرەوپێشچوونی چەند ڕوویەکی ژیانی گشتی، ژمارەیەکی زۆریان لەناوچوون، بەشێکی کەمیان ماوەتەوە و
تۆمارکراوە لە دۆڵی دووڕووبار و میسر و ئێران و هیندستان و یۆنان. نموونەی خوداوەندەکانیان: نینی Nini (ئینانا)، خوداوەند موس (MUS) ،ئۆدۆ(UDU) ،خوداوەند خۆری سوريا (ئاسورا) SURIYA ،خوداوەند تيشۆب (TESUP)، كۆماربی(KOMARBI)، خوداوەند شيميكاو كۆشۆخ (خوداوەند خۆر و مانگ لەلای خۆرییەکان).

لەگەڵ پەرستراوە زاگرۆسییەکان کە باسمان لێوە کرد، خوداوەندێکی دیکە هاوبەشی بیروباوەڕی دانیشتوانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دۆڵی دووڕووبار بووە بەناوی (سۆبارتۆ) بنچینەی دەگەڕێتەوە بۆ بیروباوەڕ و داستانی میسیۆلۆجی گەلانی (هیندی-ئاری) کە نیشتیمانی خۆیان لە باشووری ڕوسیا بەجێهێشتوە لە سەرەتای
هەزارەی دووەمی پێش زایین کۆچیان کرد بەرەو هیندستان و ئێران و ئەنادۆڵ و وڵاتی سۆبارتۆ(کوردستان)، دیارترین ئەو پەرستراوانە:
ئاسۆریای هیندی یاخوود سۆرياشی کاشی دروستکەری گەردوون و مرۆڤ، و هۆرفتات(هاروت لە قورئانی پیرۆزدا) و ماروتاش(ماروت لە قورئانی پیرۆزدا ) و
وارونا وئندرا و ناساتيا ناوی هاتووە لە فيدا(کتێبی پیرۆزی هیندۆسی) و ميسرا بەجۆرێك بڵاوبووە لە دەرەوەی ناوچەی کوردان هەتا گەیشت بە ئەوروپا، یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکان باوەڕیان پێهێنا وەکوو خوداوەندی پاشا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و خوداوەندی سەربازەکان دایاندەنا و لە ڕۆژی لەدایكبوونی قوربانییان پێشکەش دەکرد.
لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئەخمینی فارسی ساڵی 330 پ.ز ، پەرستنی میسرا (خوداوەندی خۆری ڕوناك) بڵاووبووەوە لە دەڤەرێکی فراوانی نێوان کوردستان و ئەنادۆڵ بە تایبەتی لە نێوان چینە خانەدانەکان و
پاشای هەرێمەکان، هەر بۆیە ناوی بووە پێشگری بەشێکی زۆر لە نازناوی پاشاکان وەکوو: میسرداتی یەکەم و دووەم و سێیەم، میسرداتی شەشەم پادشای بینتیس (ناوچەی دەریای ڕەش)، میسردات پاشای ئەرمەنەکان.
هەر لە ساڵی 136ز. لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی سەدان پەیکەر و بت بۆ ئەم خواوەندە دروست کراوە، ئایینی میسرادیەت بووە ئایینی گوێڕایەڵی کردنی پاشاکان لەلای
ڕۆمان، ئیمپڕاتۆر و شانشینەکان بانگەشەیان بۆ کردووە.

لە سەردەمی ساسانییەکان مێژوونووسی دانیمارکی(ئارسەر کریستنسن) دەڵێت:
“ئەو خۆرەی کە مەجوسییەکان دەیانپەرست لە سەردەمی ساسانییەکان ناوی خۆر نەبوو بەڵکوو ناوی میهر بوو، میسرا یەشتاتی کۆن، میسراییەکان ئەم ناوەیان لێناوە چونکەپێیان وابووە خۆر نابەزێندرێ.”
وشەی (میهر) لە چەند ناوێکی کوردی ڕەنگی داوەتە و بەدی دەکرێ وەکو : میهرەبان و میرزا، بە هەمان شێوە لە مەسیحییەتدا وشەی مار( بەواتای شێخ)، لە زمانی
عەرەبیدا وشەی میهرەجان( بە واتای ئاهەنگگێڕان)، کڵێسای مەسیحی زێدەتر تێکەڵکێشی ئەو ئایینە بوو بە جۆرێك کە جەژنە مەزنەکەی لە 25ی کانوونی یەکەمە ڕۆژی لەدایکبوونی(خۆرە)، هەمان ئەو ڕۆژەیان دیاری کرد وەکوو ڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا(سەلامی خوای لێبێت).

کورد و ئیسلام
کورد بە شێوەی کۆمەڵە و هۆز دەژیان لە نێو ئیمپراتۆرییەتی فارسی ساسانییەکان بەبێ بوونی هیچ قەوارەیەکی سیاسی تایبەت بە خۆیان لەو سەردەمەدا،
بۆیە بەشێکی نەبڕاوە بوون لە ئیمبراتۆریەتی فارس.
لەو کاتەدا ئیسلام برەوی بە سەرکەوتنەکانی دەدا بەسەر هێزی فارسەکان لە جەنگەکانی قادسیه و جەلەولا و
نەهاوەند. دەرئەنجامی ئەو جەنگانە بریتیی بوو لە بەریەککەوتنی عەرەبی موسوڵمان لەگەڵ کورد.
زۆربەی هەرەزۆری کورد بە خۆبەخشی و بێ زۆرلێکردن موسڵمان بوون، ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە فتوحاتەکانی ئیسلام، كورد بە پێچەوانەی فارس و
بووهییەکان پیلانگێڕی و دژایەتی ئیسلامیان نەکردووە لەو کاتەی کە دەسەڵاتی ئیسلامی لاواز بووە.
بەشێکی زۆری ناوچە کوردیەکان لە شار و لادێ و هەرێمەکانی ڕۆژاوا و ناوچەکانی دورگەکانی فوڕات و ئەرمینیا و ئازەربایجان بەبێ شەڕ و بەویستی خۆیان موسوڵمان بوون، جگە لە چەند ناوچەیەکی کەم نەبێت هێزیان بەکارهێناوە وەکوو شارەزوور(شاری سلێمانی) دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بەرگریی زۆریان کرد دژی ئیسلام و موسوڵمانان، ئەمە بێجگە لە ناوچەکانی
ماسبزان و بەسیمرە کە دەکەوێتە باشووری هەرێمی ڕۆژاوای شاخەکانی لوڕستان، لەو ناوچەیە لە نێوان موسڵمانان و فارس بە پاڵپشتی کورد جەنگی سەخت ڕوویداوە دەرئەنجامەکەی سەرکەوتنی موسڵمانان
بووە.
لە ساڵی 21 کۆچیدا زۆرینەی ناوچە کوردنشینەکان بوونەتە موسوڵمان، لەو کاتەدا موسوڵمانبوونی کۆمەڵگەی کوردی بەرفراوانتر بوو. باوەڕهێنانی کورد بە
ئیسلام وای لێکردن زیاتر هەست بە بوونی خۆیان بکەن وەکوو پێکهاتەیەکی ناسراو و دیاری خاوەن کولتوور و زمانی تایبەت بە خۆیان لە نێو کۆمەڵەی موسوڵماناندا.
لە لایەکی ترەوە، ڕوخان و لەدەستدانی دەسەڵاتیان لە نێو ئیمپڕاتۆریەتی میدییەکان و لاوازبوونی ڕۆڵ و پێگەیان لە شارستانییەتەکان لە سایەی ژێردەستەبوونی وڵاتانی بێگانە کە یەك لەدوای یەك فەرمانڕەوایی کوردستانیان کردوە، چەشنی ئەخمەنییەکان و یۆنانییەکان و بێرسییەکان(پاشای تائیفەکان) و ساسانییەکان، ئەمانە هۆکاری سەرەکی بوون کە کورد پێشوازی لە ئیسلام بکەن، وەکوو ئامرازێکی دەربازبوون و ڕزگاری بیبینن، هەر بەهۆی ئیسلامەوە توانییان ڕزگاریان بێ لە ستەم و زۆرداری فارسەکان و بیروباوەڕی پیاوانی ئایینی زەردەشتی(مەجوسییەکان) کە بەزۆر بیروباوەڕ و دابونەریتی ئەو ئاینەی بەسەردا دەسەپاندن.
لە ڕاستیدا ئیسلام هیچ كات دەستدرێژی نەکردەتە سەر پێکهاتە و قەوارەی گەلی کورد لە نێو نیشتمانی خۆیان، بەڵکوو یارمەتیدان بەهێزبن لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیدا، یەکێك لە توێژەرە بێلایەنەکان دەڵێت: “جێنیشینەکانی ئیسلام هیج کات دەستیان وەرنەداوەتە کاروباری سەرکردە سەربەخۆکانی کورد، ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە کورد پیشتوانی و پاڵپشتیی کرد لەم ئاینە نوێیە.”
پارێزگاری کردنی کوردەکان لە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانیان چەشنی زمان و کولتوور، لەژێر دەسەڵات و شارستانییەتی ئیسلامیدا وانەیەکی مەزنە لە مێژوودا، دەبوو بەهەند وەربگیرایە و بایەخی پێ بدرایە.
ئەوەی پتر ئەم بابەتە بایەخدار دەرئەخات ئەوەیە ڕۆڵەی کورد پێشوازییان لە زمانی عەرەبی کرد چونکە زمانی قورئانە و کەرەستەی روحە و لەڕێگەیەوە لە خودای باڵادەست نزیك دەبنەوە ، بۆیە کورد و زانایانی کورد هیچ دژگەریییەکیان بەدیی نەکرد لە نێوان بڕوابونیان بە ئیسلام و وەفادارییان بۆ زمانی گەلەکەی. بگرە زانایانی کورد ڕۆڵێکی دیاریان هەبووە لە شارستانیەتی ئیسلامی بەهۆی بوونی چەندان زانا و کەسانی لێهاتوو و قسەزان لە بوارەکانی زمانزانی و ڕێزمان و مێژوو و ڕاڤەکردن. هەر بۆیە شانازی کردنیان بە
زمانی عەرەبی و بە ئیسلامەوە زۆر لەلا مەزنە چوونکە زمانی قورئانە، هەر بەو زمانە نووسیویانە، ئەمەیش وایکرد کولتووری کوردی ببێتە بەشێکی نەبڕاوە لە شارستانیەتی ئیسلامی.
کورد بوونە بەشێك لە ئیسلام و بوونە سەربازی جێنشینە ئیسلامییەکان لە سەردەمە جیاوازەکاندا، هیچ بەریەککەوتنی هزری و حیزبی و مەزهەبی کە ئەو کات بەسەر گەلانی موسوڵمانی ئەو سەردەمەدا زاڵ بوو کاریگەری لە کورد نەکرد، بەڵکوغ کورد پاڵپشت و
پارێزگاریکارێکی ڕاستگۆ بوو لە ڕێچکە و ڕێبازی دروستی ئیسلام ، دژی ڕووس و بیزەنتیەکان و ئەرمەن و کەرەج
(جۆرجییەکان) بوو، ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو بە سەرکردایەتی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە بەرگریکردن دژی خاچپەرستان کە لای هەمووان ناسراوە.
لە سەردەمی عەباسییەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە پارێزگاریکردن لە جێنشینەکان، تەنانەت کاتێك هەرێمی تایبەت بەخۆیان پێکهێنا لە کاتی لاوازبوونی دەسەڵاتی
عەباسی لە سەردەمی بوەیهیەکان( 334-447 كۆچی)
ئەوان بەوەفا بوون بەرامبەر بە ئیسلام و جێنیشینەکانی، هەوڵی یاخی بوون و جیابوونەوە و داگیرکردنی شاری بەغدادیان نەدا، هاوشێوەی گەلانی فارس و بووهیەکان، لە کاتێکدا لە توانایان بوو، بەڵام بەهۆی بە ئەمەکیی وەفاداریان بۆ ئیسلام ئەم کارەیان نەکرد.


سەرچاوە: جەزیرە
‏https://bit.ly/3n5hQlW

نووسینی: د. فورسەت مەرعی

وەرگێڕ: ئیسرا بورهان

پێداچوونەوەی: هێژا عەباس

About دیدار عثمان

Check Also

بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری بەشی دووەم لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. …