Home / بەشی مێژووی كورد / خیانه‌ت له‌ مێژووى كورددا

خیانه‌ت له‌ مێژووى كورددا

ششششش

كه‌یوان ئازاد

(شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى كوڕى شێخ محه‌مه‌د كوڕى شێخ عه‌بدولسلامی بارزانی)یه‌ و به‌ شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌م ناسراوه‌، چونكه‌ باپیریشی هه‌ر ناوی شێخ عه‌بدولسه‌لام بوو. یه‌كێكیش بوو له‌ ڕێبه‌ره‌كانی كۆتایی قۆناغی نوێى مێژووى كورد، چونكه‌ هه‌وڵى كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆی دا. ئەم سەركردەیە له‌ ساڵى 1887 له‌ گوندی بارزانى ناوچه‌ی مێرگه‌سۆری سه‌ر به‌ سه‌نجقی هه‌ولێرى لیوای مووسڵى عوسمانی له‌دایك بووه‌.

واته‌ كاتێك له‌دایك بوو، گوند و ناوچه‌ و خاكه‌كه‌ی به‌شێك بوون له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌وڵه‌تى عوسمانی. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانه‌كانی سوڵتان و ده‌وڵه‌تى عوسمانى له‌ شاری مووسڵى مه‌ڵبه‌ندی ویلایه‌تی مووسڵه‌وه‌ ده‌رده‌چوو. بۆیه‌ ئه‌و دۆخه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاینده‌ی سیاسی هه‌بوو.

شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌م ساڵى 1893 له‌ مزگه‌وتی گوندی بارزان چووه‌ته‌ به‌ر خوێندنى ئایینى و له‌وێ ده‌ستی داوه‌ته‌ خوێندن. ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بیری ئایینى و تێگه‌یشتنى بۆ سه‌رده‌مه‌كه‌ هه‌بووه‌. ده‌ركه‌وتنیشی وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ساڵى 1903 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش كاتێك شێخ محه‌مه‌دى باوكی كۆچی دوایی كرد و سه‌رۆكایه‌تیی بنه‌ماڵه‌كه‌ى و ڕێبازی بارزانیی كه‌وته‌ ئه‌ستۆ. ڕێبازه‌كه‌ش له‌لایه‌ن شێخ عه‌بدولسه‌لامی یه‌كه‌م وه‌ك لقێك له‌ ڕێبازی نه‌قشبه‌ندی ڕاگه‌یه‌نرا. كورته‌كه‌شی بریتی بوو له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی باوه‌ڕ و ئه‌رك و بنه‌ما ئاینییه‌كانی ئیسلام له‌ چوارچێوه‌ی ڕێبازی سۆفیگه‌ریی نه‌قشبه‌ندیدا. هه‌روه‌ها ڕێزگرتن له‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌ ئایینییه‌كانی كوردستان به‌ په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كانی وه‌ك (ئێزدی، كاكه‌یی، جوو، مه‌سیحی، به‌هائییه‌كان). له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كاری بۆ نه‌هێشتنی جیاوازیی چینایه‌تی له‌نێوان سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا كرد و هه‌وڵى هێنانه‌دیی برایه‌تی و یه‌كسانیی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای دا. هه‌روه‌ها داوای پاراستنی ژینگه‌ و ئاژه‌ڵان و دارستانه‌كان و پاكڕاگرتنی سروشت و هێنانه‌دیی ژیانێكی ئاسووده‌ و به‌ختیارى بۆ هه‌ر تاك و خێزانێكی كورد كرد، تا ئه‌وه‌ش ببێته‌ هۆكارى به‌دیهێنانى كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسانی كوردی به‌ په‌یامێكی ئیسلامی. ئه‌ركێكی تری ڕێبازه‌كه‌ ڕێگریكردن بوو له‌ به‌شوودانی كچانى منداڵ و ماره‌یی زۆر و كچ له‌ به‌رامبه‌ر خوێن و سته‌مكردن له‌ جووتیار و كرێكار و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش له‌لایه‌ن خاوه‌ن موڵك و ده‌ستڕۆیشتووه‌كانه‌وه‌. لێره‌وه‌ ئه‌ركی شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌م و به‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌ی هه‌یبوو، قورس كه‌وته‌وه‌. به‌تایبه‌ت كاتێك ته‌مه‌نی 15 ساڵى بێت و بتوانێ بنه‌ماكانی ڕێبازه‌كه‌ی له‌نێو ڕێبازی نه‌قشبه‌ندی له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی كوردی ئیسلامیدا جێبه‌جێ بكات. ئه‌وه‌ش كاتێك كۆمه‌ڵگاكه‌ی له‌ دۆخێكی ته‌واو دژوار و دواكه‌وتوودا ده‌ژیان. كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌واو خێڵه‌كی و هۆزایه‌تی و تیره‌گه‌رى و زیاتر 90% گوندنشین و 95% نه‌خوێنده‌وار بن! له‌ هه‌مان كاتدا خاكه‌كه‌ی له‌نێوان سێ ده‌وڵه‌تى (عوسمانی، قاجاری، ڕووسی) دابه‌ش و داگیر كرابن! ئه‌مه‌و دوایه‌مین هه‌وڵى ڕزگاریخوازی كوردیش، كه‌ شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هرى ڕابه‌ڕایه‌تیی ده‌كرد، شكست بهێنێت. بۆیه‌ لێپرسراویه‌تی له‌وه‌ها دۆخ و سه‌رده‌مێكدا ئێجگار قورس و گران بوو.

له‌ ڕووی بنه‌ماڵەییشه‌وه‌ شێخ عه‌بدولسلامی دووه‌م ده‌بوو سه‌رپه‌رشتیی خێزانێكی گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ خاوه‌نی چوار برا بوو به ‌ناوه‌كانی شێخ ئه‌حمه‌د، شێخ محه‌مه‌د سدیق، شێخ بابۆ، مسته‌فا بارزانی. هه‌روه‌ها گوند و ناوچه‌كه‌شی دوورەده‌ست و په‌راوێزخراو بوو.

هه‌موو ئه‌وانه‌ ئەركی سه‌رشانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی كوردیان ته‌واو قورس كردبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌م به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستا كه‌ ته‌نیا كاروباری بنه‌ماڵه‌ و بارزانییه‌كان و سنووری ده‌سه‌ڵاتی ڕێك بخات، به‌ڵكوو هه‌وڵی دا هۆز و تیره‌كانی نزیك له‌ خۆیان و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان پێیان ده‌گات، كۆ بكاته‌وه‌، تا به‌یه‌كه‌وه‌ داوا له‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانی و سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م خۆی بكه‌ن، پشتیوانییان لێ بكات. واته‌ كورده‌كانی نێو سنووری ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی وه‌ك هاووڵاتیی قەڵەمڕەوی عوسمانی سه‌یر بكات و لێیان بڕوانێت. هه‌وڵه‌كانیشی له‌ ساڵی 1907دا خسته‌ كار. ته‌نانه‌ت بۆ پشتیوانیی ئه‌و هه‌وڵانه‌شى سه‌ردانى شێخ نووری محه‌مه‌د بریفكانی یه‌كێك له‌ رابه‌ره‌ دیاره‌كانى ڕێبازی قادری له‌ ناوچه‌ی بادینان كرد تا پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌كانى بكات.

دواى ئه‌و هه‌وڵانه‌، په‌یامه‌كه‌ی ئاراسته‌ی سوڵتانی عوسمانى كرد كه‌ ئه‌گه‌ر سوڵتان خۆی به‌ خه‌لیفه‌ی موسڵمانه‌كان و جیهانی ئیسلامی ده‌زانێت، ده‌بێ هه‌موو موسڵمانه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی و پێكهاته‌ ئاینییه‌كانی به‌ هاووڵاتیی خۆی بزانێت و به‌ یه‌ك چاو سه‌یریان بكات. په‌یامه‌كه‌ گه‌یشته‌ سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م، به‌ڵام لادانی سوڵتانی عوسمانی و دوورخستنه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كێتی و پێشكه‌وتنی تورك ناسراو به‌ (ئیتحادییه‌كان) لە ساڵی 1909دا، ئه‌و هه‌وڵه‌ى بێ ئاكام هێشته‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئیتحادییه‌كان له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ده‌م ئه‌و په‌یامه‌وه‌ بچن، توندتر و نه‌یارتر له‌ سوڵتانی پێشوو كه‌وتنه‌ لێدانی كورد و ناوچه‌ كوردنشینه‌كان و گرتن و ڕاوەدونان و ئازاردانی سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییه‌كانی كورد. ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ش وای له‌ شێخ عه‌بدولسه‌لامى دووه‌م كرد، رابه‌ڕایه‌تیی بزووتنه‌وه‌یه‌كى چه‌كداری له‌ ساڵى 1909 دژ به‌ عوسمانییه‌كان بكات. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جارێكی تر په‌یوه‌ندیی به‌و سه‌رۆك هۆز و سه‌رۆك خێڵانه‌ی كورد كرده‌وه‌ كه‌ پێشتر په‌یوه‌ندیی پێوه‌ كردبوون. له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیكردن به‌و كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخراوانه‌وه‌ى له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ركه‌وتبوون، له‌وانه‌ كۆمه‌ڵى یه‌كێتی و پێشكه‌وتنی كورد و كۆمه‌ڵه‌ى سه‌ربه‌خۆی كوردستان. كه‌چى ئه‌م هه‌وڵه‌شی بێ ئه‌نجام مایه‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی سه‌رۆك هۆز و سه‌رۆك خێڵه‌كانی كورد، پشتیوانیی بزووتنه‌وه‌كه‌یان نه‌كرد و پشتیان تێكرد.

له‌نێو ئه‌و دۆخه‌ى شێخ عه‌بدولسه‌لامى دووه‌م ته‌نیا كه‌وته‌وه‌. ته‌نانه‌ت سوڵتان محه‌مه‌دی پێنجه‌مى سوڵتانی عوسمانی دواى خوێندنه‌وه‌ی بۆ دۆخه‌كه‌، كوردێكی شاری ئامه‌دى باكوری كوردستانی به‌ناوی سلێمان نه‌زیف كرده‌ والیى مووسڵ، تا بتوانێت به‌هۆی كوردبوونى ئه‌وه‌وه‌، سه‌رۆك هۆز و خێڵ و تیره‌كانى كورد له‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی نزیك بكاته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری بدات كه‌ ئارامی و ئاسایشی و یه‌كڕیزی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی تێك ده‌دات. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا والیى مووسڵ به‌ سوپایه‌كی 12 هه‌زار چه‌كدارى ڕووبه‌ڕووی بزووتنه‌وه‌كه‌ى شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانی وه‌ستا. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سوپایه‌ و پشت تێكردنی هۆز و خێڵ و تیره‌كانى كورد له‌ ناوچه‌كه‌ی، شێخ عه‌بدولسه‌لام ناچار بوو به‌ره‌و خۆرهه‌ڵاتى كوردستان و گوندی ڕاژانى سه‌ر به‌ شاری ورمێ پاشه‌كشه‌ بكات. ئامانج له‌و كاره‌شی په‌یوه‌ندیكردن بوو به‌ ڕووسه‌كان له‌لایه‌ك و سه‌رۆك هۆز و خێڵه‌كانی خۆرهه‌ڵاتى كوردستان له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، تا پشتیوانی له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ى بكه‌ن. هه‌وڵه‌كه‌شی به‌ پشتیوانیكردنى سه‌ید ته‌های نه‌هری و ئیسماعیل خانی سمكۆى شكاك به‌ ئه‌نجام گه‌یشت. ته‌نانه‌ت بۆ ڕه‌زامه‌ندیی ڕووسه‌كانیش له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ى سه‌ردانى ویلایه‌تی جۆرجیای ده‌وڵه‌تی ڕووسیای قه‌یسه‌ریی كرد، به‌ڵام له ‌كاتی تێپه‌ڕبوون به‌ گوندی (گه‌نگه‌چین) و له‌ كاتی میوانداریكردنى له‌لایه‌ن كۆێخاى گونده‌كه‌ به‌ناوی سۆفی عه‌بدوڵا، به‌ پیلان و خیانه‌تێك كه‌ پێشتر بۆ داڕێژرابوو، له‌گه‌ڵ سێ هاوەڵى ده‌ستگیر كران و ڕاده‌ستی والیی مووسڵی عوسمانی كران. كاری سۆفی عه‌بدوڵاش به‌ هاوكاریی چه‌ند سه‌رۆك هۆزێكى كوردی نزیك له‌ والیی مووسڵى عوسمانییه‌وه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشت. به‌و شێوه‌یه‌ش شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌م به‌و پیلانه‌ خیانه‌تكارانه‌یه‌ ده‌ستگیر كرا و له‌ ڕۆژى 14ى كانوونی یه‌كه‌می 1914 له‌ گۆڕه‌پانێكی شارى مووسڵ له‌سێداره‌ درا. به‌وه‌ش ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌ربه‌خۆییخوازه‌ به‌ پیلانی خیانه‌تكارێكى كورد و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ترى كورد شكستی هێنا و كۆتایی پێ هات. واته‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ عوسمانییه‌كان له‌ ئاستیدا په‌شۆكابوون، به‌ پیلانێكی ناوخۆیی لێ درا و كۆتایی پێ هات. لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵێكی تری سه‌ربه‌خۆییخوازی تر به‌ خیانه‌تێك كۆتایی پێ هات كه‌ چه‌ند تاكێكی ده‌ستڕۆیشتوو له‌ پشتییه‌وه‌ بوون.
Dr.kaiwan@yahoo.com

سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م باسه‌:
1. مه‌عرووف چیاووك: كاره‌ساتی بارزانی زوڵم لێكراو.
2. د. فه‌ریدوون نووری: بزاڤی بارزانی.
3. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ریشه‌ی بیروباوه‌ڕى بارزانییه‌كان.

 

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …