Home / بەشی مێژووی كورد / کورد له‌ نامه‌کانی میس بێڵ دا ‌

کورد له‌ نامه‌کانی میس بێڵ دا ‌

کورد له‌ نامه‌کانی میس بێڵ دا ‌

هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی
به‌شی دووه‌م و کۆتایی
سنووری خۆشەویستی، ئەم خانمە بۆ عروبە، هەر لە چوارچێوەی عێراقدا نەبووە، بەڵکو گەلێ جاران فەرەنسیییەکانی بەر ڕێژنەی ڕەخنە داوە و هەردەم بە نەفرەتی کردوون، چونکە سیاسەتێکی نەرمونیانیان لە سوریا، بەرامبەر بە عەرەب پێڕەو نەکردووە. سەبارەت بە عەرەب دەنووسێ» ئەوان کەرامەتیان لە ئێستای داگیرکاریی جیهاندا سووکایەتی پێکراوە بە مانا سیاسییەکەی» ل ١٥٦ . بۆ ئەوەی لە ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەم خانمە عەرەبدۆستە بگەین،کە لەتەک لۆڕانسدی عەرەبدا،گەورەتین خزمەتیان بە عروبە کردووە. هەربۆیەشە لای عەرەب تا ئێستا گەورەتری ڕێز و پێگەی خۆشەویستی هەیە. لە شوێنێکی دیکە ناخی خۆی لە دەربڕینی ئاواتێدا، وەک پەیام ڕادەگەیەنێ و دەڵێ:» من بە هیوام پێش ئەوەی بمرم فەیسەڵ لە سنووری ئێرانەوە تا دەریای ناوەڕست حوکم بکات».ل ٨٣ . پەیڕەووپرۆگرامی پارتی بەعسی عێراقیش هەر هەمان خەونی هەبوو.
دڵسۆزی عەرەب و بەرژەوەندییەکانیان بێت
ئیدی مەتەڵێکی هەڵنەهاتوو، لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەروەک هەواڵگرێ فەرمانی پێکراوە، هێندە خەمخۆر و دڵسۆزی عەرەب و بەرژەوەندییەکانیان بێت، یاخود حەز و خۆشەویستی و ئارەزووی خۆیشی لەم خاڵەدا رۆڵی بینیوە؟. یاخود عەرەب تونیویەتی کاریگەرێتی لەسەر ئەم خانمە بە شیوەیەک لە شێوەکان دروست بکات؟!. ئێمە دواتر لە سێبەری نامەکانی و دەربڕینی بیروڕاکانیدا، نموونەگەلێک دێنینەوە لەسەر سەلماندنی ئەم ڕاستییانە.
ئەم خانمە، شارەزا و ئاگاداری کێشەی کورد بووە، گەلێ لە کەسایەتییەکانی کورد، «مستەفا پاشای یاموڵکی، حەمدی پاشای بابان،عەدلەخانمی جاف و نە‌قشبەندییەکانی هەورامان و … هتد دیوە و ناوچەکانی کوردستان ـ شارباژێڕ و شارەزوور و هەورامان و سلێمانی ـ گەڕاوە و بە گەرمی پێشوازییان لێ کردووە و خزمەت کراوە و تەواو هاوکاری بوون. لە ل ٤١ دا دەنووسێ» من کوردستانم خۆویست بە وڵات و خەڵکەکەیەوە». لەگەلێ شوێندا باس لە جوانی دڵفڕێنی دیمەنی سروشتی جوانی کوردستان دەکات.» گەشتەکەم حەوت کاتژمێری سواریی برد بۆ شیوەکەڵ کە نیو سەعات لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو. من هەرگیز وڵاتی وا جوان و دڵفڕێنم بە چاو نەدیوە» ل١٢٠
ئافرەتی کورد سەرپۆشیان بەسەرەوە نییە
لە روویەیەکی دیکەشەوە باری کۆمەڵایەتی پێگەی ئافرەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا لە نزیکەوە دیوە و پیی ئاشنا بووە.» ئافرەتی کورد سەرپۆشیان بەسەرەوە نییە و تێکەڵی پیاوان دەبن و خانمی گەورەی ماڵن چەشنی ئەم خانمە و بۆ کوێیان دەوێ دەڕۆن».ل١٣٣ .
ئا لێرەدا لەوە دەگەین کەوا ئافرەتی عەرەب، وەک کورد ئازاد و کراوە نەبوون و سەرپۆش بەسەر بوو. بۆیەکا ئەم ستایشەی ئافرەتی کورد بەم جۆرە دەکات. کەواتە ئەمەش خاڵێکی تری ئەرێنییە بۆ کورد، کەوا خاوەنی کۆمەڵگەیەکی شارستانیتر و کراوەتر بووە، ئامادە بووە، لەگەڵ دنیای مۆدێرندا بە ئاسانی بگونجێ، کەچی ئینگلیز بە هانایەوە نەهاتووە و بۆتە دۆست و فریادڕەسی دواکەوتوو و جاهیلەکان.
لەمەش زیاتر ئەم خانمە، زۆر باش ئاگاداری پەرۆشی خەڵکی کوردستان بووە، بۆ هاتنی ئینگلیز رزگارکردنیان لەژێر دەسەڵاتی تورکی عوسمانلی و بەڕیوەبردنی کوردستان» لە کوردستان هەژار و دەوڵەمەند هەموویان بە پەرۆشن بۆ ئیمە و ئاواتەخوازن وڵاتەکەیان بەڕێوە ببەین». ل ٤٣
کەواتە میس بێڵ و حاکمی ئینگلیز، لەم هەست و سۆزەی کورد ئاگاداریش بوون، ئینجا بە جددی لە خەمی کێشەکەیدا نەبوون و لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوانی دۆزەکەیان نەکردووە و بیروڕای خراپیان بە دەسەڵاتدارانی ئینگلیزی لە هنستان و ئینگلستان گەیاندووە و کوردیان ناچارکردووە، ملکەچی بڕیارەکانی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی بێت. لە هەموو سەیروسەمەرەتر ئەوەیە، ئەم خانمە هەرکەسێ باسوخواستی داخوازییەکانی گەلی کوردی لە دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقدا لەتەکدا کرد بێت، ڕک و قینی لێی هەڵساوە و دژی وەستاوەتەوە و بوغزاندوویەتی و دێوزمانە باسیان دەکات.
لەسەر داکۆکی لە کورد
تەنانەت مێجەر نۆئیلی ناسراو بە دۆستی کوردیش، کە خۆی ئینگلیز بووە، بەر شاڵاوی ئەم تورەیی و نەفرەتەی میس بێڵ لەسەر داکۆکی لە کورد کەوتووە. جا پرسیار ئەوەیە، سەرچاوەی ئەم رک و قین لێبوونە چییە؟
سەردەمانێ ئینگلیز بە هەموو توانایەوە، بەربەرەکانی داخوازییەکانی کورد و بزووتنەوەکانی شێخ مەحمود لەو سەردەمەدا دەکات، شێخ دادگایی دەکەن و ڕەوانە هیندستانی دەکەن. ئەم خانمە بیر لەوە دەکاتەوە، شێخ تەهای شەمزینی،کوردی باکوور، بهێنێ و حوکمداری سلێمانی و رەواندزی بداتە دەست. گوایە شێخ تەها گوێ لەمستی ئەوان بووە. لە ل ١١٥ دا دەنووسێ» سلێمانیی سەربەخۆ ـ من تەنانەت ناڵێم کوردستان ـ». واتە بە هۆشیارییەوە جوڵاوەتەوە زانیویەتی چی دەکات و چ دەڵێت.
کاتێ شەریف پاشای بابان،ساڵی ١٩١٩ دەیەوێ دەنگی کورد بگەیەنێتە کۆنگرەی ئاشتی پاریس ، میس بێڵ ئەمە بە فیتی فەرەنسییەکان دەزانێ و ناوزڕاوی دەکات.
لە زۆر لە نامەکانیدا زەمی کورد دەکات و پێی وایە یەکگرتوو نین لە پراکتیدا. بەس هیچ نموونەیەکی ناشیرینی عەرەبمان بۆ ناهێنێتەوە. گەر کورد کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەندی جارێک، دوو ئەفسەری ئینگلیزی کوشتوە،خۆ عەرەب لە شۆڕشی بیستدا، لە بۆنەی دیکەشدا بە دەیان ئەفسەر و سەربازی ئینگلیزیان کوشتووە. کەچی چ ئاماژەیەک بەوە نادات و بە دڕندە باسیان ناکات.
ملکەچی پلان و فەرمانەکانی ئەوان نەبوون
هاوکات هەرکاتێ ناوی شێخ مەحمود دێنێ نازناوێکی ناشیرینی، وەک جەردە و یاخی لێ دەنێ و هەمان نازناویش بۆ سمکۆی شوکاک، وەک سەرکردەیەکی نەتەوەخواز بەکار دێنێ، لەبەرئەوەی ئەمانە داکۆکییان لە ویست و داوای کورد کردووە، ملکەچی پلان و فەرمانەکانی ئەوان نەبوون. چونکە هەر لە نێوەڕۆکی پەیمانی سایکس پیکۆدا دەردەکەوێ، هەگبەکەیان بۆ کورد هیچی تێدا نییە. جگە لە داگیرکاریی و دابەشکاریی و بندەستی.
میس بێڵ زمانی عەرەبی و فارسی و باش زانیوە و کەمە کەمە بە تورکیش قسەی کردووە، دیارە فەرەنسی و ئەڵمانیشی باش زانیوە و لە ئیتالیش وەک تورکی حاڵی بووە. کەچی ئەوەی جێی سەرنجە چ بایەخێکی بۆ زمانی کوردی و پرسی کوردی نەبوو!.تەنانەت وەک لایەنی فەرهەنگیش.
ئەم کتێبە بریتییە لە ٢٩٢ لاپەڕە و بە کورتە پێشەکییەکی ستران عەبدوڵاو پێشەکییەکی چڕ و پڕی وەرگێڕەوە، کە تژییە لە زانیاری ورد لەسەر میس بێڵ، کە نامە و تۆماری چالاکییە سیاسییەکانی لە ١٤ بەرگدا، لەتەک ٧ هەزار وێنەدا کۆکراوەتەوە و بڵاوکراوەتەوە. ١٦٠٠ نامەی بۆ باوکی و دایکی نووسیوە. ڕەنگە بە هەزاران ڕاپۆرتیشی بۆ دەزگای هەواڵگیریی و کۆمیسیۆنی باڵاو حکومەتی بەریتانی نوسیبێت. لەوانە ٦٣٣، نامەیان لە عێراقەوە نووسیویەتی و ناردوویەتی، لە نێوان ساڵانی ١٩١٦ ـ١٩٢٦، کە ساڵی مردنێتی و هەر لە بەغدا نێژاوە لەسەر وەسێتی خۆی.
بەرامبەر بە رۆلی گرنگ و هەستیاری خەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیای وەرگرتووە. ئەم خانمە جار هەبوو، لەماوەی هەفتەیەدا نامەی بۆ دایک و باوکی ناردووە. نامە هەیە ١٠ لاپەڕە درێژە. کاتێ نامەکان دەخوێنیتەوە، هەرگیز باوەڕ ناکەیت، ئەم خانمە بۆ وا بە وردی و بە دیقەتەوە ئەم هەموو بابەتەی بۆ کەسوکاری باس کردووە.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵیین، مامۆستا محەمەدی وەرگێریش پسپۆری و دەستڕەنگین و لێهاتوویی خۆی،جارێکی تریش لەم بەرهەمدا نێسان داوە و هۆشیاری خۆی، لە ئامادەکردن و وەرگێران و نووسینی پەراوێزەکاندا نەخشاندووە. کاتێ ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە،وا هەست دەکەیت چیرۆک و بابەتێکی مێژوویی دەخوێنیتەوە. وەرگێڕ سەلیقەیەکی باشی تێدا خەرج کردووە.
جێی ئاماژە پێدانە، لە ئێستادا نێزیکی ١٠٠ ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەم نامانە و قوتکردنەوەی دەوڵەتی زۆڵەکی ئێراقدا تێدەپەڕێ. هەڵبژاردن و خۆماندووکردنی وەرگێر بەم بابەتەوە، نیشانەی پەرۆشێکی گەورەیە، بۆ رۆشنکردنەوەی پاشخانی و مێژووی رابووردوومان. دیارە پێویستە کورد لە هەموو ڕەهەندەکانی کار لەسەر گرنگی ئەو چارەنووسە دڵتەزێنە بکات، کە ڕووبەڕووی بۆتەوە.
شایانی ئاماژە پێدانە، لە هەنووکەدا بارودۆخێکی هاوشێوە، لە ڕووبەری ئەو دەوڵەتەدا دەگوزەرێ، کە ئینگلیز وەک کولانەی دەستکردی خۆی بەردەوام داکۆکی لێ کردووە. زنجیرە شەڕەکانی کەنداو و سەرهەڵدانی داعش و شەڕی دژ بەم هێز و دەوڵەتە تیرۆریستە، بە ئاکامێکی وا گەیشتووە، سنوورەکانی عێراق بایەخیان نەماوە و ناوەندی بەهێزی سوننەگەرا، پووکاوەتەوە و کورد پێگە و سەنگێکی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە. بەواتایەکی دیکە، گەر سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەتانی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران، بەرهەمی ڕاستەوخۆی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بن ـ کە هەر واشەـ، وا ئیمڕۆ شەڕێکی دیکە هەڕەشە لەو سنوورانە دەکات، و ئەگەری هەڵوەشانەوەیان و گۆڕانکاری گەورەی نوێ لەبەردەمدایە.
ئەوەی جێی بایەخ و گرنگی بێت، بەشداری و ئامادەیی کورد خۆیەتی، بە سارێژکردنەوەی برینە قوڵەکانی جەستەیی و بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتر، لە دوێنێ بۆ نەوەکانی ئایندە. هەڵبەت ئەمەش بارمتەی چەند فاکت و ڕاستییەکە، لە چوارچێوەی یەکێتییەکی نەتەوەیی و هەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمەی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و چالاککردنی بواری دبلۆماسی و بەگەڕخستنی لۆبییەکی کارا، بۆ بەدەستهێنانی دۆستی زیاتر و کەمکردنەوەی ناحەزی وەک میس بێڵ و نیشاندانی روخسارێکی ئەرێنی لە دەسەڵاتداریتی، ڕاستەوڕاست کە دەکاتە دەستبەرداربوونی بەرژەوەندی کەسی حیزبی و ناوچەیی.
وێڕای دەستی لە برا و هاوڕێی زێدە ئازیزم ، مامۆستا محەمەد، هیوادارم قەڵەمە بە بڕشتەکەی هەردەم نووک تیژ و لەکار دا بێت، بۆ خزمەتی کتێبخانەی کوردی.
http://peshmergekan.com/kurdish/index.php?option=com_content&view=article&id=7626%3A-q-q-&catid=34%3Ababetekan&Itemid=34

 

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …