Home / بەشی مێژووی كورد / پانۆڕامای بڵاوبونەوەی ئاینی ئیسلام لەکوردستان

پانۆڕامای بڵاوبونەوەی ئاینی ئیسلام لەکوردستان

پانۆڕامای بڵاوبونەوەی ئاینی ئیسلام لەکوردستان

3531217122015_maxresdefault

بەردەوام شێواز و چۆنییەتی بڵاوبونەوەی ئیسلام لەناو گەلی كورددا جێگەی مشتومڕ و دەمەقاڵەیە، هۆكاری ئەم حاڵەتەش لەبوونی دوو دیدەوە سەرچاوە دەگرێت، كە هەردوكیان پاڵنەری ئایدۆلۆژیی و بڕیاری پێشوەختیان هەیە، یەكەمیان پێیوایە ئیسلام بەزەبری شمشێر لەناو كورددا بڵاوبوەتەوە، دووەمیشیان پێداگرە لەسەر ئەوەی بە ئاشتی و گفتوگۆ گەلی كورد ئیسلامی قبوڵ كردووە، هەریەك لەم دوو دیدگایەش بڕێك پاساو و شیكاری مێژووییان لەبەردەستە. لەم توێژینەوەیەدا بە پشتبەستن بە بەڵگە و راستیی ه مێژوییەكان دەگەرێینەوە بۆ ماجەراكانی پەیوەندی كورد و ئیسلام و پانۆرامای بڵاوبونەوەی ئەم ئاینە لەناوچە كوردنیشنەكان، كە نیشتیمانێك بووە بۆ پەیڕەوانی ئاینەكانی زەردەشتی و جولەكە و مەسیحی.

یاسین تەها

یەكەم پەیوەندیی كورد و ئیسلام
زۆرێك لەمێژوونوسان پێیانوایە، – یەكەم پەیوەندیی كورد و ئیسلام دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای له سه ر بێت)، بەو پێیەی یەكێك لە هاوەڵەكانی  بەناوی (كابان _ جابان) لە نەتەوەی كورد بووە[1]، هەرچەندە لەناو سەرچاوەكاندا زانیاریی ئەوتۆ لەبارەی ئەم سەحابییە كوردەوە لەبەردەستدا نییە، وەك شوێنی لەدایكبوون و پێگەشتن و تەنانەت لەسەر رێنوسی ناوەكەشی ناكۆكیی هەیە، بەڵام هیچیان ناكۆكییان نییە لەسەر ئەوەی یەكێكە لەوانەی كە فەرموودەی گێڕاوەتەوە (راوی) [2]، بەجۆرێك كە مەیمونی كوڕی كابان فەرمودەیەكی لێ گێڕاوەتەوە لەبارەی قەرز و مارەییەوە كە زیاتر لە جارێك لە پێغەمبەری (دروودی خوای له سه‌ر بێت) بیستووە تا دەگاتە 10 جار[3]، كە ئەمەش هێمایە بۆ درێژیی ماوەی هاوەڵیكردنی پێغەمبەر (دروودی خوای له سه‌ر بێت).

راستە دەكرێت بوونی ئەم هاوەڵە (صحابی) كوردە بە بەڵگەی بوونی جۆرێك لەپەیوەندیی
لەنێوان كورد و ئیسلام لێكبدرێتەوە لە قۆناغەكانی سەرەتای دەركەوتنیدا، بەڵام هیچ دووریش نییە حاڵەتی (كابانی كوردی) و هاوەڵیكردنی لەگەڵ پێغەمبەری ئیسلام حاڵەتێكی تاكەكەسی بێت.

وەك چۆن سەلمانی فارسی و بیلالی حەبەشی موسوڵمان و هاوەڵی پێغەمبەربوون، كەچی
گەلەكانیان لە حەبەشە و وڵاتی فارس ئەوكات هێشتا موسوڵمان نەبوون، بۆیە ناكرێت مێژووی
بڵاوبونەوەی ئیسلام لە كوردستاندا ببەسرێتەوە بەم هاوەڵە كوردەوە.

پرۆسەكانی فتوحات وەك دەستپێكێكی گشتگیر

زۆرێك لە مێژوونوسان و توێژەران، سوورن لەسەر ئەوەی مێژووی موسوڵمانبوونی كورد پەیوەست بكەن بە پرۆسەی فتوحاتی ئیسلامییەوە لە ناوچە كوردنشینەكان، كە لە ساڵی (16 ك/ 637 ز) و لە سەردەمی حوكمڕانیی خەلیفەی دووەمی ئیسلام عومەری كوڕی خەتاب دەستیپێكردووە و لە ساڵی (20 ك/ 640 ز) ئۆپەراسیۆنە سەرەكییەكانی كۆتاییهاتووە[4].

لەپاش كۆتاییهاتنی ئەم پرۆسە سەربازییانەش كوردەكان وردە وردە چونەتە سەر ئاینی ئیسلام و لە نێوان ساڵانی (25-30ک/646-651ز) بەشی زۆریان بوونەتە موسوڵمان [6]، ئەم رایەش كە موسوڵمانبوونی كورد دەبەستێتەوە بەفتوحاتەوە لەناو گێڕانەوە مێژووییەكاندا پاڵپشت و پشتیوانی هەیە، لەوانەش نامەیەكی عومەری كوڕی خەتاب بۆ خەڵكی جەلەولا و بۆ فەرماندەی سوپاكەی لەوێ (سەعدی كوڕی ئەبی وەقاس) لەبارەی چۆنییەتی رۆژووگرتن و بەربانگ كردنەوەوە [7]، كە ئاماژەی ئەوەی تیایە پەرستشەكانی ئیسلام شانبەشانی پرۆسەی فتوحات لە ناوچە كوردییەكان بڵاو بوونەتەوە.

سەرنەكەوتنی فتوحات لە موسوڵمانكردنی سەرجەم كورد، بەڵام جیاواز لەم ڕا باوە، هەندێ لە رۆژهەڵاتناسە رووس و رۆژئاواییەكان پێیانوایە بڵاوبوونەوەی تەواوەتی ئیسلام لەناو كورددا دەسودەم و شانبەشانی فتوحات بەرێوەنەچووە بەڵكە دواكەوتووە بۆ دوو سەدە لە پاش فتوحاتی ئیسلامی و بەشێوەیەكی كردەیی لە سەدەی سێیەمی كۆچی/ نۆیەمی زاینی دەستیپێكردووە و لە سەدەكانی چوارەم و پێنجەمی كۆچی/ دەیەم و یازدەیەمی زاینی ئیسلام مۆركێكی میللی لەناو كورددا وەرگرتووە [8]، ئەم بۆچوونەش بە هەمانشێوەی بۆچوونی پێشوو پاڵپشت و بەڵگەی مێژوویی خۆی هەیە كە پشتڕاستی بكاتەوە، لەوانەش دواكەوتنی بڵاوبونەوەی ئیسلام لە هەندێ شارەدێی كوردیدا لە چەشنی دووژانە
(دزدان) و شارەدێی (بیر) لە هەورامان، كە سەرەتا بەرەنگاری عەرەبە موسوڵمانەكان بوونەتەوە، پاش كۆتاییهاتنی فتوحات و بێهیوابوون لە موسوڵمانبوونیان، خۆیان بەخواستی خۆیان ئاینی ئیسلامیان قبووڵیان كردووە، وەك هەندێ لەگەڕیدەی هاوچەرخی ئەم رووداوانە، لە یاداشتەكانی خۆیاندا روونیانكردۆتەوە [9]، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی دەكرێت بوترێت ئەم دواكەوتنەی بڵاوبونەوەی ئیسلام لەناوچە شاخاوییە سەختەكانی كوردستاندا بووە و بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە شارە گەورەكانی كوردستاندا بەمجۆرەی ئەمان دوا نەكەوتووە تا بگاتە دوو سەدە لەپاش فتوحات.

قبوڵكردنی جزیە ئاماژەیەكی روونە كە زۆرینەی كورد لە رێی فتوحاتەوە نەچوونەتە سەر ئاینی ئیسلام، بەڵكە رازییبوون وەكو ئەهلی كیتاب مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت نەك موسوڵمان

سوڵح و شەڕەكانی فتوحات
ئەگەر بگەرێینەوە بۆ پرۆسەی فتوحاتی ئیسلامییش كە وێستگەی سەرەكیی بڵاوبونەوەی ئیسلامە لە كوردستاندا و گوزەرێك بە ماجەراو رووداوەكانیدا بكەین، ئەوە دەردەكەوێت ئەم پرۆسەیە لەدوو میحوەرەوە بووە، كە میحوەری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ساسانی و میحوەری ناوچەی نفوزی بێزەنتییە، ئەم پرۆسەیە دوو رێگاچارەی سەرەكیشی گرتۆتە بەر، كە یەكەمیان ئاشتەوایی و سوڵحكردنە، دووەمیشیان جەنگ و بەرەنگاربوونەوەیە بۆ ئەوانەی بەسوڵحكردن قایل نەبوون، ئەم راستییە مێژوویەش قابیلی نكوڵییكردن نییە و بەشێكە لەدابودەستوری باوی ئەو سەردەمە، وەك چەند جارێكیتریش روون كراوەتەوە بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەسوڵح بووبێت یان بەشەڕ هیچ لەو راستییە ناگۆرێت كە پاش ڕەوینەوەی مەترسییە سەربازییەكانیش گەلی كورد هەر لەسەر پابەندیی خۆیان بە ئیسلام بەردەوام بوون، بەئەوپەڕی نیازپاكییەوە خزمەتی ئەم ئاینەیان كردوە و زۆرجاریش باجی قورسیان لەسەری داوە، مێژوی چواردە سەدەش بەر لە ئێستاش بەپێودانگ و پێوەرە هاوچەرخەكانی ئێستا ناپێورێت و هەڵناسەنگێنرێت، لەسەر قسەی ئیبن خەلدونیش هەموو رووداوە مێژووییەكان بەرەنجام و زادەی هۆكار و واقیعی باو و بڵاوی سەردەمی خۆیانن.

میحوەرەكانی فتوحات
وەك ئاماژەمان پێكرد، عەرەبە موسوڵمانەكان ناوچە كوردنشینەكانیان بەپێی پلانێك
كۆنترۆڵكردوە كە لەدوو قۆڵ و دوو میحوەرەوە بووە:
– میحوەری یەكەم، ناوچەكانی بندەستیحوكمڕانیی ساسانییە كە ناوچەكانی نەهاوەند، هەمەدان، دەینەوەر، ماسبذان، حەلوان، شارەزوور، ئازەربایجان و چەند ناوچەیەكیتری دەگرتەوە [10]. – میحوەری دووەمیش ناوچەكانی بندەستی رۆمە بێزەنتییەكانە كە زیاتر ناوچە كوردنشینەكانی
باكور و رۆژئاوای كوردستان دەگرێتەوە، وەك جەزیرە، روها و دەوروبەری حەڕان [11].

میحوەری رۆژهەڵات (ساسانی)
لە میحوەرە فارسییەكە سەرەتای پێكدادانی عەرەبە موسوڵمانەكان لە وڵاتی كورددا لە شارۆچكەی جەلەولا بووە، كە بوەتە گۆڕەپانی جەنگێكی خوێناوی گەورە لە ساڵی (16 ك/ 637 ز) [12] لە نێوان موسوڵمانەكان و ئەو عەجەمانەی دوای شكستی قادسیە لەوێ لەنگەریان گرتبوو وەكو هێڵی دووەمی بەرگریی، لەم شەڕەدا عەجەمەكان شكان و هەڵهاتن، موسوڵمانەكانیش بەدەم كوشتارەوە دوایانكەوتن [13]، بەجۆرێك كە زەوی لەدوورەوە رەشی دەنواند لە كەڵەكەبوونی تەرمی ئەوان [14]، ژمارەیەكی زۆر كەمیان لێ قوتاربوو [15]، لەپاش ئەم سەركەوتنە سەربازییە گەورەیەش عەرەبە موسوڵمانەكان بەردەوام بوون لە پێشڕەوی بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی روباری دیجلە، كاتێك گەشتنە دەروازەكانی شارۆچكەی مەندەلی (بندنیجین) خەڵكەكەی داوای ئەمانیان كرد بەرانبەر بەوەی كە جزیە و خەراج بدەن [16]، دواتریش شاری حەلوان كە تێكەڵەیەك لە كوردی شازنجان و گۆران و هەندێ هۆزی فارسی تێدا نیشتەجێ بوو [17] بە شەڕ فەتح كرا [18]، چونكە خەڵكەكەی ئیسلامیان قبوڵ نەكرد [19]، پاش شەڕوپێكدادان خەڵكی حەلوان لەگەڵ موسوڵمانەكان رێككەوتن، ئەوانیش جزیە و خەراج بدەن بەرانبەر بەدابینكردنی ئاسایش و ئازادیی هاتوچۆكردن بۆیان [20]، ئەم سوڵحەی  حەلوانیش كە پاش كوشتن و بڕینی زۆر هات [21] بوو بەپێشینەیەك بۆ فەتحكردنی شارەكانی كرمانشاه و ناوچەكانی شارەزوور و چەندین شارەدێ و ناوچەی تری كوردنشین [22]، خەڵكی ئەم ناوچانە كە رازیی بوون جزیە و خەراج بدەن، ئەوەیان كردە مەرج لەسەر موسوڵمانەكان كە “نەكوژرێن، تاڵان نەكرێن، رێگەی هاتوچۆیان لێ . نەگیرێت بۆ هەركوێ خۆیان پێیان خۆشە” [23] .

دەكرێت فەتحی حەلوان بە سەرەتا و دەسپێكی پەیوەندیی كورد و سوپای ئیسلام دابنرێت چونكە ئەم شارە خاڵی جیاكەرەوەی عێراقی عەرەبی و عێراقی عەجەمییە (هەرێمی چیا) [24] كاتێكیش عەرەبە موسوڵمانەكان حەلوانیان تیپەڕاند و روویانكردە ناوچە كوردنشینەكانی تری هەرێمی چیا [25] رووبەڕووی بەرەنگارییەكی توند بوونەوە، بە تایبەت لە شاری نەهاوەند كە تێكەڵەیەك لە كورد و عەرەبی تێدا دەژیا [26]، ئەم شارە بوو بە گۆڕەپانی پێكدادانێكی گەورە لە نێوان سوپای موسوڵمانەكان و سوپای عەجەم لە ساڵی 21 ك/ 642 ز [27]، سەرەنجام فاتیحەكان سەركەوتن و لەبەر گرنگیی ئەم جەنگەش بەفەتحی نەهاوەند [28]، خەڵكەكەی ناچاربوون (فتح الفتوح) وتراوە بەرانبەر دابینكردنی پاراستنی گیانیان سوڵح بكەن [29].

لەپاش كەوتنی نەهاوەندیش شاری دەینەوەر نەیتوانی لەیەك رۆژ زیاتر بەرەنگاری سوپای ئەبو موسای ئەشعەری ببێتەوە (21 ك/ 642 ز) [30]، دواتر رێككەوتن لەسەر ئەوەی لەسەر ئاینی خۆیان بمێننەوە و ئاسایشیان بۆ دابین بكرێت لەپای قبوڵكردنی پێشكەشكردنی جزیە و خەراج [31]، هەر ئەمەش وایكرد فه رمانڕەوا فارسەكەی ناوچەی ئازەربایجان مل بۆ سوپای حوزەیفەی كوڕی یەمانى كەچ بكات (22 ك/ 643 ز) [32] و رێككەوتن هەشت هەزار درهەم كۆ بكەنەوە بۆ عەرەبە موسوڵمانەكان لەپای دابینكردنی ئاسایش و هێشتنەوەی پەرستگا زەردەشتییەكەی هەرێمەكە  و پاراستنی گیانی كوردەكانی ئازەربایجان [33].

هەر نزیك لە هەرێمی چیا هەندێ لە كوردەكانی نیشتەجێی وڵاتی فارس قبوڵیان نەكرد موسوڵمان بن، قبوڵیان نەكرد جزیە و خەراجیش بدەن، بۆیە كەوتنە بەر هێرشی فاتیحەكان [34]، ئەم حاڵەتەش بەزەقی لەناو كوردەكانی ئەهوازدا (خوزستان) روویدا كە سوڵحیان قبوڵ نەكرد و سەرەنجام كوژران و بەدیل گیران [35]، هەروەها هەندێ لە كوردەكانی نیشتەجێی وڵاتی فارس رێگەیان لە سوپای ساریەی كوڕی زەنیم گرت (23 ك/ 644 ز) و سەرەنجامی بەرەنگارییەكەش بە سەركەوتنی سوپاكەی ساریە و شكانی كوردەكان كۆتاییهات، لەسەرچاوە مێژووییەكانیشدا بەسەرهاتێكی بەناوبانگی خەلیفە عومەر لەبارەی ئەم بەرەنگارییەی كورد و سوپای ئیسلام هەیە كە  بە “یا ساریة الجبل الجبل…” ناسراوە. 36].

میحوەری باكوور (بێزەنتی)
لە میحوەری دووەمی فتوحاتیش كە ناوچەكانی نفوزی بێزەنتییە، پرۆسەی فتوحات ساڵێك يان دووان پاش میحوەری ناوچەی نفوزی ساسانی و لە ساڵی (17 ك/ 638 ز) يان لە ساڵی (18 ك/ 639 ز) [37] دەستیپێكردووە [38]، رەوشەكە جیاوازیی هەیە و كوردەكانی ئەم میحوەرە (جەزیرە) سوڵحیان لەگەڵ فەرماندەی سوپای عەرەبە موسوڵمانەكاندا قبوڵكردووە، كە عەیازی كوڕی غەنەم سەركردایەتی دەكردن، بەرانبەر پێدانی جزیە و خەراج [39]، هەر لەسەر ئەم دابو دەستورەش لە ساڵی (20 ك/ 641 ز) شاری ئامەد (دیاربەكر) بەبێ شەڕ فەتحكرا  [40]، لە هەمان ساڵیشدا شاری هەولێر فەتحكرا [41]، بەدوای شاری هەولێریشدا سەرجەم مۆڵگە كوردنشینەكانی تر [42]ی سەر بە هەولێر و پارێزگای دهۆكی ئێستا.

چوونە ژێر سایەی حوكمڕانی موسوڵمانەكان [43] لەسەر بنەمای رێككەوتنەكەی خەڵكی جەزیرە لەگەڵ فاتیحەكان، بڕیاردرا ئەوانەشی ئامادەنین جزیە بدەن و ئەیانەوێت كۆچ بكەن بۆ جێگەی تر رێگەیان پێبدرێت وڵات بەجێبهێڵن و ئازادن لە  سایەی حوكمی ئیسلامدا نەژین [44].

قبوڵكردنی جزیە و خەراج لەبری ئیسلام
لەگێڕانەوەی ئەم باسە مێژووییانەشەوە دەردەكەوێت كە خەڵكی زۆرینەی ناوچە كوردنشینەكان، بە تایبەت ئەوانەی سەر بە نفوزی دەوڵەتی هیلاك و داخوراوی ساسانی بوون كە لە چوار ساڵی كۆتایی تەمەنیدا 10 پادشای گۆڕیبوو، پاش شكستهێنانیان لەبەرەنگاربوونەوەى سەربازیانەی عەرەبە موسوڵمانەكان بەپێی رێككەوتن و قبوڵكردنی جزیە و خەراج خۆیان رادەستی سوپای موسوڵمانەكان كردووە، جگە لە پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتی ئەو كوردانەشی لەسەر ئاینی مەسیحی و جوولەكە بوون، هەمان رێگەی زەردەشتییەكانیان هەڵبژارد بە قبوڵكردنی رادەستكردنی جزیە و خەراج بە موسوڵمانەكان [45]، جزیە تایبەتە بە پیاوانی ناموسوڵمان و ژنان و مناڵان ناگرێتەوە، بڕەكەشی بەپێی توانای دارایی كەسەكان دەگۆڕێت [46] خەراجیش باجی زەوی كشتوكاڵییە و موسوڵمان و ناموسوڵمان هاوبەشن تێیدا [47] و بەپێی توێژینە وەی رۆژهەڵاتناسەكانیش بڕی ئەو جزیەی موسڵمانەكان لەسەر ئەهلی كیتاب و زەردەشتییەكان دایانناوە كەمتر بووە لەبری ئەو باج و سەرانەیەی رۆمە بێزەنتی و فارسەكان لێیان وەردەگرتن [48]، هەرچۆنێك بێت قبوڵكردنی جزیە ئاماژەیەكی روونە كە زۆرینەی كورد لە رێی فتوحاتەوە نەچوونەتە سەر ئاینی ئیسلام، بەڵكە رازییبوون وەكو ئەهلی كیتاب مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت نەك موسوڵمان [49]، ئەمەش كەڵك وەرگرتن بووە لە بڕیاری خەلیفەی دووەمی ئیسلام عومەری كوڕی خەتاب لە بارەی مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتییە زەردەشتییەكانی سەر بە دەوڵەتی ساسانی وەكو ئەهلی كیتاب، پاش ئەوەی فەرماندەی میحوەری رۆژهەڵاتی فتوحات (ساسانی) سەعدی كوڕی ئەبی وەقاس لەمبارەیەوە پرسیارێكی ناردووە بۆ خەلیفە لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتی، لەگەڵ رونكردنەوەی پێویست لەبارەی بنەماكانی ئاینەكەیان و شێوازی پەرستشەكانیانەوە [50]. بەپێی سەرچاوە مەسیحییەكان خەلیفە عومەر نەك هەر كورد و زەردەشتییەكان و رۆمەكان بەڵكە عەرەبە مەسیحییەكانی ناو نیوەدورگەی عەرەبیشی ناچار بەموسوڵمانبوون نەكردووە، كاتێك عەرەبەكانی نەجران قبوڵكردنی ئیسلامیان رەتكردەوە رازیی بوو بگوازرێنەوە بۆ عێراق و لەوێ زەوی و زاری پێدان وەكو قەرەبووی راگواستنیان لە نیشتمانی خۆیان (نجران) [51]، كە بەشێكە لە سعودیەی ئێستا و مەترسیی دروستدەكرد لەسەر ئاسایشی خەلافەتی موسوڵمانەكان.

ئەوەی تێبینی دەكرێت بەرەنگاریی سەختی كوردەكان زیاتر لەناوچەكانی بندەستی دەوڵەتی ساسانیدایە كە دوژمنایەتی دێرینیان هەیە لەگەڵ عەرەبەكان، باسیلی نیكیتین كە رۆژهەڵاتناسێكی فەرەنسییە پێیوایە ئەم بەرەنگارییە باكگراوەندی ئاینی و كۆمەڵایەتیشی هەیە، كوردەكان بەگیانی پارێزگارییكردن لە پوش و پاوان و لەوەڕگاكانیان بەرەنگاریی عەرەب فاتیحەكان بوونەتەوە [52] بەڵام محەمەد ئەمین زەكی رایەكی تری هەیە و پێیوایە هۆكارەكەی زیاتر نامۆیی كورد بووە بە دابودەستورەكانی ئیسلام لەگەڵ هاندانی پیاوە ئاینییەكانی زەردەشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاینە نوێیە  [53] و پاش ئەوەی كورد شارەزاییان لەم ئاینە پەیداكردووە بە خواستی خۆسان بوونەتە یەكێك لەمیللەتە هەرە دلسۆز و قوربانیدەرەكانی (ئیسلام).

 

په‌راوێزه‌کان

1- أرشاك بولاديان: الأكراد من القرن السابع إلى القرن العاشر الميلادي، ترجمة مجموعة من المترجمين،  دار الفارابي، بيروت، 2013 م، ص ص 120-121.
2- الذهبي: ميزان الاعتدال في نقد الرجال، تحقيق محمد البجاوي، دار المعرفة، بيروت، 1963 م، ج 4، ص 263.
3- ابن الأثير: أسد الغابة في معرفة الصحابة، تحقيق علي محمد معوض و عادل أحمد عبد الموجود، دار الكتب العلمية، بيروت، 1994 م، ج 6، ص 345 ؛ ابن حجر العسقلاني: الإصابة في تمييز الصحابة، تحقيق ، خيري سعيد، المكتبة التوفيقية، القاهرة، د ت، ج 1. ص 376 ؛ الآلوسي: روح المعاني، ج 26 ، ص 103.
4- البلاذري: فتوح البلدان، تحقيق عبد الله أنيس وعمر أنيس الطباع، مؤسسة المعارف، بيروت، 1987 م، 433 ؛ ابن خلدون: العبر، بيت أفكار _ ص 423 ،548 ، الدولية، الأردن والسعودية، د.ت، ص 547، 561 ،558 ،557 ،553 ،556
5- فرست مرعي: الفتح الإسلامي لكردستان، دار الزمان، دمشق، 2011 م، ص 111 ؛ تهامي العبدولي: إسلام الأكراد، ص 62
6- فرست مرعي: الفتح الإسلامي لكردستان، ص 171 ؛ راغب السرجاني: بين التاريخ والواقع، ج 1، ص 118
7- أبي يعلى: طبقات الحنابلة، تحقيق عبد الرحمن بن عثمان العثيمين، الرياض، 1999 م، ج 3، ص 168
8- أرشاك بولاديان: الأكراد من القرن السابع إلى العاشر الميلادي، ص 128 ؛ تومابوا: مع الأكراد، ترجمة آواز زنكنة، دار الجاحظ، بغداد، 1975 م، ص 105
9- أبي دلف مسعر بن مهلهل الخزرجي: الرسالة الثانية، تحقيق بطرس بولغاكوف، ترجمة محمد منير مرسي، مؤسسة ذين، السليمانية، 2012 م، ص ص .127 _126
10- اليعقوبي: تاريخ اليعقوبي، دار صادر، بيروت، ج 1، ص 176
11-  اليعقوبي: تاريخ اليعقوبي، ج 1، ص 176
12-  الطبري: تاريخ الرسل والملوك، ج 4، ص 24 ابن الأثير: الكامل في التاريخ، تحقيق أبي الفداء عبدالله القاضي، دار الكتب العلمية، بيروت، 1987 م، ج 2، ص 364
13- البلاذري: فتوح البلدان، ص 369 ؛ ابن الأثير: . الكامل في التاريخ، ج 2، ص 365
14-  ابن الأثير: الكامل في التاريخ، ج 2، ص 335 ، ابن كثير: البداية والنهاية، ج 7، ص 177
15-  ابن خلدون: العبر، ص 548
16- البلاذري: فتوح البلدان، ص 369
17- اليعقوبي: البلدان، ص 46 ؛ المسعودي: مروج؛ الذهب، ج 2، ص 97 ؛ أبو الفدا: تقويم البلدان، ص 307، قادر محمد حسن: الإمارات الكردية،ص 38
18- خليفة بن الخياط: تاريخ خليفة بن الخياط، ص 92 ، ص 77
19-  ابن كثير: البداية والنهاية، ج 7،ص 179
20-  الحموي: معجم البلدان، ج 2، ص 292
21- ابن الأثير: الكامل في التاريخ، ج 2، ص 437
22- البلاذري: فتوح البلدان، ص 423 ، 467
23-  البلاذري: فتوح البلدان، ص ص 466
24- الأزدي: تاريخ الموصل، تحقيق أحمد عبدالله؛ محمود، دار الكتب العلمية، بيروت، 2006 م،ج 1، ص 46، تومابوا: مع الأكراد، ص 104 ؛ محمد أمين زكي: خلاصة تاريخ الكرد، ص 123
25-  القلقشندي: صبح الأعشى، ص 373
26- اليعقوبي: البلدان، ص 48 ؛ ابن الأثير: الكامل في التاريخ، ج 8، ص 83 ؛ القزويني: نزهة القلوب، ص 74
27- خليفة بن خياط: تاريخ خليفة بن خياط، ص 83 ؛ الأزدي: تاريخ الموصل، مج 1، ص 51 ؛ الطبري: تاريخ الرسل والملوك، ج 4، ص 114 ؛ ابن الأثير: الكامل في التاريخ، ج 8، ص 349
28- مسكويه: تجارب الأمم، ج 1، ص 243 ؛ ابن كثير: البداية والنهاية، ج 7، ص 209
29- الدينوري: الأخبار الطوال، تحقيق عبدالمنعم عامر، وزارة الثقافة والإرشاد القومي، مصر، د.تص 137
30-  الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج 1، ص 355
31-  البلاذري: فتوح البلدان، ص 430
32- خليفة بن خياط: تاريخ خليفة بن خياط، ص .84
33-  خليفة بن خياط: تاريخ خليفة بن خياط، ص 459
34-  ابن خلدون: العبر، ص 561
35- الطبري: تاريخ الرسل والملوك،ج 4، ص 478، ابن كثير: البداية والنهاية، ج 7، ص 233 ؛ ابن خلدون: العبر، ص 561
36-  الطبري: تاريخ الرسل والملوك، ج 4، ص 478، ابن الأثير: الكامل في التاريخ، ج 2، ص 442 ؛ ابن كثير: البداية والنهاية، ج 8، ص 231
37- ياقوت الحموي: معجم البلدان، ج 2، ص 134
38-  الأزدي: تاريخ الموصل: مج 1، ص 48
39-  ياقوت الحموي: معجم البلدان، ج 2، ص 134
40- أحمد الخليل: تاريخ الكرد في العهود الاسلامية، ص 152
41- سامي الصقار: إمارة أربل في العصر العباسي ومؤرخها ابن المستوفي، دار الشواف، الرياض، 1992 م، ص 31
42- البلاذري: فتوح البلدان، ص 464 ؛ الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج 1، ص 351
43- فرست مرعي: الفتح الإسلامي لكردستان، ص .143 _ ص 141
44- البلاذري: فتوح البلدان، ص 464 ؛ ابن كثير: البداية والنهاية، ج 8، ص 183
45- المسعودي: مروج الذهب، ج 2، ص 97 ؛ابن خلدون: العبر، ص 561 ؛صموئيل أتينجر: اليهود في 1950 م، ترجمة جمال أحمد _ البلدان الإسلامية 1850 الرفاعي، عالم المعرفة، الكويت، مايو 1995 م، ص 15 ؛تومابوا: مع الأكراد، ص 102 ؛ محمد أمين زكي: خلاصة تاريخ الكرد،ص 161
46- النووي: المنهاج شرح صحيح مسلم بن الحجاج، تحقيق خليل مأمون شيخا، دار المعرفة، بيروت، 267_ 2012 م ،ج 11 ، ص ص 266 ، ط 19
47- أبي يوسف: كتاب الخراج، دار المعرفة، بيروت، 1979 م، ص 122 ؛ النووي: المنهاج، ج 11 ، ص 266
48- الأب ألبیر أبونا: تاریخ الكنیسة السریانیة المسیحیة، دار المشرق بیروت، 2002 م، ط 2، ص 51
49- أنور المايي: الأكراد في بهدينان، مطبعة خبات، 1999 م، ص 65 ، دهوك، ط 2
50- أبي يوسف: الخراج، ص 130 ؛ أنور المايي: الأكراد في بهدينان، ص 65 ؛ أحمد أمين: فجر الإسلام، دار الكتاب العربي، بيروت، 1969 م، ص 101 ؛ محفوظ العباسي: إمارة بهدينان العباسية، ص 25
51- الأب ألبیر أبونا: تاریخ الكنیسة السریانیة المسیحیة، ص 53
52-  باسيلي نيكيتين: الكرد، ص 299
53- محمد أمين زكي: خلاصة تاريخ الكررد، ص .188

54- ملا علي كردي: كردستان والأكراد، ص ص 74-75

س: گۆڤاری خاڵ

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …