نوح رۆژهەڵاتی
دەریای ئەرخەبیلی ئەندەنوسی، کە بریتیە لە کۆمەڵە دورگەیەکی گەورە و زۆر دەوڵەمەند بە سەرچاوە سروشتیەکان لە جیهاندا، لەایان دەریاوان و بازرگانانەوە لە زۆر جیهانەوە تا ڕێگەی هاتوچۆی ناو ئاو هەبووبێت سەردانی کراوە. شەپۆل لەسەر شەپۆلی کۆچەریان، لە سەرزەمینی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە دەگەیشن، وەرزە بای (مۆنسوون) چینیەکانی لە باکور دەهێنا و هیندیەکان و عەرەبیش لە ڕۆژئاواوە و ژمارەیەکی کەمتریش لە خەڵکانی زۆر لە میللەتانی تر. بۆیە جێی سەرسورمان نیە، ئەگەر لەناو ئیسلامی ئەندەنوسیادا شوێنەواری زۆر لە کلتوری ئیسامی تر بدۆزرێتەوە. لەگەڵ ئەو زاراوە و دەربڕینانەی لە عەرەبیەوە وەگیراون، هەروەها ئێمە ئەو زاراوە بەکارهاتوانەشمان دۆزیوەتەوە، کە لە فارسی و سانسکریت و تامیل و زمانە جیاوازەکانی هیندیەوە وەرگیراون، کاریگەرییەکی ڕون و ئاشکرای ئەندازیاری بیناسازی چینی بە هەندێ مزگەوت و جێنزرگەی ئیسلامییەکانەوە دەردەکەوێت، بیروباوەڕی سۆفیانەی هیند لە سەردەمێکی دوور و درێژەوە دەرکەوتووە بە تایبەتی لەمیانەی سەدەو نیوێکی ڕابردوودا، ئەو عەرەبانەی لە حەزرەمەوتەوە هاتوون و بە بڕێکی زۆر لە ئەرخەبیلدا نیشتەجێ دەبوون، کاریگەرییەکی بەرفراوانیان هەبووە. سەرەتا سەرسام بووم، کە کاریگەری بەچاوی کوردیشم بۆ دەرکەوت، بە تایبەتی لەناو زۆربەی توێژەکانی ئایینداردا. شایانی باسە، بۆ نمونە، لە جاڤا- جاوا، کە دورگەیەکی پڕ لە دانیشتووانی ئەرخەبیلە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی لێیە ناونراون کوردی. ئەم ناوە زۆر بڵاوە، بەتایبەتی لە ناوەندە ئیسلامیە توندڕەوەکاندا، کە هەندێ لە بێگانەکان هەستیان کردووە ئەوە ناوێکی ڕەسەن نییە.
من هەرگیز ڕێکەوتی یەکێکم نەکردووە ناونرابێت تورکی، فارسی، یان هیندی، تا هاوتای هەموو ئەو (کوردی)یانە بێت- لەگەڵ ئەوەی کەمێ (میسری و مالیباری)م بەر گوێ کەوتووە. من لە داوێنەوە دەگەڕێمەوە بۆ گرینگیپێدان لەبارەی ئەو ناوە کەسییانە. هێمایەکی تری کاریگەری کوردی، کە تەنانەت زیاتر نیشانی پێکاوە، لەبەرئەوەی لە ژیانی ئایینی جەماوەردا زۆر بڵاوە. بڵاوترین دەقێک لە سەرتاپای ئەرخەبیلدا دوای قورئان، کارێکە، کە بە بەرزنجی ناسراوە، ئەم دەقە مەولودنامەیە، کە تەنیا لە ١٢ی رەبیعی ئەوەل ڕۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەر(ص) ناخوێندرێ، بەڵکو لە زۆر بۆنەی تردا: لە ئاهەنگی سوڕی ژیاندا، وەک یەکەم موو بڕینی قژی مناڵی، شیرەخۆرە، لە بارودۆخی نا هەمواردا، وەک بەشیک لە تقوس، یان بەشێوەیەکی بەردەوام وەک دەربڕینێکی گشتی ڕێکوپێک لە خواپەرستی. لەوانەیە یەک موسڵمانی ئەندەنوسی نەبێت، کە بەلایەنی کەمەوە لە ژیانیدا چەند جارێک بەرزنجی نەخوێندبێتەوە. سەیرە، هەرگیز لەوەبەر تێبینی ئەوە نەکراوە، کە ئەو بەرزنجییە ناوی خێزانێکی زۆر بە توانا و پڕ لە زانایان و شێخانی تەریقەتە لە باشووری کوردستان. لە زۆر ناوچەی ئەرخەبیلدا وەکو (ئەچیە)، رۆژئاوای (سوماتیا) و (بانتەن) ناسراون بەوەی زۆر بەتوندی پەیوەندیان بە ئایینی ئیسلامەوە هەیە، مرڤ دەتوانێ پاشماوەو شوێنەواری ڕێبازێکی خواپەرستی بدۆزێتەوە، کە بە (دەبوس) ناسراوە. پەیڕەوانی ئەم خواپەرستییە جەستەی خۆیان دەدەنە بەر زەرک و شمشێر و شتی تیژی تر بەبێ ئەوەی برینداریش ببن. لەو سەردەمەدا ئەوەو بە جۆرێک لە یاری میللی گۆڕاوە، (دەبوس) لەو ڕێبازە سۆفیگەرییە وەرگیراوە، کە بە (روفاعیە) ناسراوە و لە ڕۆژئاوادا بە (هاواری دەروێشان). بەهەرحاڵ، لە باکووری (بانتەن) ڕیبازی دەبووس دیسانەوە پەوەندی بە ڕێبازی قادرییەوە هەیە. هەروەها قادری لەشێوەی زیکرکردن و هاوار و حاڵ لێهاتن هاوبەشی روفاعیە دەکات، شوێنکەوتووانیان وەک دەستورێک زەرک لە خۆیان نادەن، خۆیان بریندار ناکەن.
من تەنها شوێنێکی تر دەزانم کە قادری تێیدا سەرقاڵی ئەو ڕاهێنان و مەشقکردنانەن، ئەوەش کوردستانە. زۆربەی شێخانی دەسەڵاتداری قادی کوردستان، لە ڕاستیدا دەگەڕێنەوە سەر بنەماڵەی (سادات)ی بەرزنجی. بەشێوەیەکی سەرن جڕاکێشەر، چاودێرێک تێبینی ئەوەی کردووە، کە لەکاتی جێبەجێ کردنی دەبوسدا، بەزنجی- مەولودنامە خوێندراوەتەوەو گەواهی ئەوەش دەدات. دوا سەرسوڕمانی یەکەم ساڵم لە ئەندەنوسیادا کاتێ ڕوویدا، خەریکی گەڕان بووم بەدوای کتێبە ئیسلامییە کۆنەکاندا، کە لە بازاڕدا بۆ فرۆشتن دانرابوون. لە کتێبخانەی سەرەکی ئیسلامی لە (باندونگ)، لە ڕۆژئاوای جاڤا-جاوا، کۆمەڵەیەکی گەورە لە کتێبی (تنویر القلوب)ی (محەمەد ئەمین ئەلکوردی)م دۆزییەوە، کە بریتی بوو لە کورتەیەکی چڕوپڕی ڕێبازی نەقشبەندی و سەدەیەک لەوەبەر نووسراوە. دواتر ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە ئەم کتێبە تەنیا لەلایەن نەقشیەکانی بەکارنایەت، بەڵکو هەروەها زۆر بەفراوانی وەک سەرچاوەیەکی (فیقهـ) لە خوارووی (سولاوسی)یش بەکاردێت. محەمەد ئەمین، زانایەکی ئایینی کورد بوو، کە بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ڕۆڵ و کاریگەری مەزنی لە ئەندەنووسیادا گێڕاوە. ئەوەشم بۆ دەرکەوتووە، کە بەلایەنی کەمەوە چەندین زانای ئایینی تری کوردیش هەبوون، کاریگەرییان لەسەر ئیسلامی ئەندەنوسیادا هەبووە، بەلایەنی کەمەوە لە ئاستی ئیسلامە ناودارەکانی تردا. لەگەڵ ئەوەشدا، لەوە ناچێت کوردەکان لە سەردەمانی پێشودا سەردانی ئەرخەبیلیان کردبێت، تا ئەم دواییە، لەوەدەچێت، بەهەرحاڵ کە لە ناوەڕاستی سەدەی هەڤدەیەمەوە زانایانی ئایینی کورد ڕۆڵی گرینگیان لەناو موسڵمانانی ئەرخەبیلدا گێڕابێت. زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی بنەڕەتی ئیسلامەوە لە ئەندەنوسیادا ئەوە دەردەخەن، کە لە گریمانێکەوە سەری هەڵداوە، ئەوەش دەبێ لە یەک کات و تەنانەت لەگەڵ تاکە ئەکتەرێکی دەرکەوتوودا ڕوویدابێت.
ئەم گریمانەیە پێچەوانەی هەموو ئەو بەڵگانەیە کە لەبەر دەستدایە: دەکەوتنی ئیسلام لەوێدا کارێکی بەردەوام بووە و لە سەردەمانی جیاواز و شوێن و بەشی جیاوازی ئەرخەبیلدا و لەژێر کاریگەری کۆمەڵێکی گەورە لە بنەمای جیاوازدا سەری هەڵداوە. میللەتە جیاوازە موسڵمانەکان بازرگانی ئاڵوگۆڕیان لەگەڵ ئەندەنوسیادا دەکرد .