Home / بەشی مێژووی كورد / شێوازەکانی جلی کوردی

شێوازەکانی جلی کوردی


‎ئەیوب نیعمەت
‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو
‎زانكۆی سۆران
‎جلی کوردی، پۆشاکی نەتەوەیی خەڵکی کورد و کوردستانە. لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی خۆیی لە کراسی درێژ بۆ ژنان و ڕانک یان شەڕواڵدا دەبینێتەوە بۆ پیاوان. ئەم جلانە نەک تەنیا بۆ خەڵکی کورد بەڵکوو بۆ کوردستانییانی ناکوردیش تا ڕادەیەک بە هەمان شێوەیە. بۆ نموونە ئاشووری و کوردە جوولەکەکانیش هەر هەمان پۆشاکیان پۆشیوە ناوی پارچەکانی جلی کوردی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک دەگۆڕدرێت، ڕانک و چۆغە، شەڕواڵ و مرادخانی، ستارخانی، شاڵ و شەپیلک، کەوا، سەڵتە، هێلەک و ئاوەڵ کراس، هەندێک لەو زاراوە و دەستەواژانەن کە بۆ جلی کوردی بەکاردێن. لە باشووری کوردستان هەموو ساڵێک لە ڕۆژی 10ی مانگی مارت ڕۆژی جلی کوردییە و خەڵکانێکی زۆر ئەم جلانە دەپۆشن. لە جەژنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز و ئەوانی تردا ئەم جلانە زۆر بەشێوەیەکی بەرچاو لەبەردەکرێن. لە ئەدەبی کوردی، بەتایبەتی بەند و هۆنراوەکان پەسنی زۆری جلی کوردیی تێدایە. زۆر جار لە بەیتەکاندا ڕەنگی کراسی خانمان بووەتە پێناسی ئەو کەسە و بەندبێژەکە بەهۆیەوە بەندی بەسەردا گوتووە. لەگەڵ جلی کوردیدا هەندێک ئێکسسواری تایبەتیش هەیە، کە ئەوانیش ڕەنگدانەوەی مێژوو و کولتووری کوردین. بۆ نموونە خشل و سەروکڵاو بۆ ئافرەتان و بۆ پیاوانیش مشکی ، جامانە ، و خەنجەر و زۆری تر تەواوکەری ئەم جلانەن. زۆرێک لە بێگانەکان چ ژن، چ پیاو، کاتێک هاتوونەتە کوردستان، بە جلی کوردییەوە وێنەیان گرتووە و پێی سەرسام بوون
‎پارچەکانی جلوبەرگی ژنان: ژێرکراس: لە بەشی سەرەوە و لەژێر کراسەکەوە لەبەر دەکرێت، درێژییەکەی تا نزیکی ئەژنۆییە، لە پێشتردا قۆڵی پێوە کراوە و گیرفۆڵەی هەبووە، بەڵام ئێستا زیاتر بەبێ قۆڵ دەدروێت. ئاوەڵکراس-پاشماڵ: ئاوەڵکراس لە ناوکەوە بۆ سەر پێیە، هاوشێوەی شەڕواڵی پیاوانە، پانە بەڵام لە پزو و دەرلنگەکانیدا لاستیکی تێکدەرێت و بچوکدەکرێتەوە، لە ڕابردوودا بەرێکی خامی سپی پێوە بووە و نافەکی هەبووە، زیاتر لە دوو مەتر قوماشی ویستووە، بەڵام ئێستا نافەک و بەری بۆ ناکرێت، قوماشی ئاوەڵکراس و ژێرکراس هەمان قوماشە دەبێت لەهەمان جۆر و ڕەنگ بێت.
‎کراس- فستان: دوای لەبەرکردنی ژێرکراس و ئاوەڵکراس لەبەر دەکرێت، قۆڵ و فەقیانەی هەیە تا کۆتایی باڵای ئەو کەسە درێژ دەبێتەوە، بە گشتی قوماشەکەی جیاوازە لە بەشی ژێرەوە و زیاتر قوماشەکەی تەنکە، لە ڕابردوودا تیرۆژەی هەبووە، دوو پارچە لای ڕاست و چەپی کراسەکە دراوە و زۆر پان بووە. هێلەک-: سێ پارچەیە قۆڵی پێوە نییە، لەسەر کراسەوە لەبەر دەکرێت و درێژییەکەی تا ناوقەدە، بەری پێوەیە و قوماشەکەی ئەستورە، لە ڕابردوو لە ڕووی ناوەوەی گیرفانی پێوە بووە، بۆ ئەوەی ژنان پێداویستییەکانی خۆیانی تێبکەن. سەڵتە: هاوشێوەی هێلەکە، بەڵام قۆڵی پێوەیە و تا مەچەک قۆڵەکانی درێژن. کەوا: کەوا لە سێ پارچە پێکهاتووە، لە جیاتی هێلەک یاخود سەڵتە لەبەر دەکرێت، زیاتر بۆ بۆنە تایبەتەکان لەبەردەکرێت، قۆڵی هەیە، درێژیەکەی هاوشێوەی کراس درێژە، دوو فەتحەی لای ڕاست و چەپ تا ئەژنۆ هەیە، لە ڕابردوودا بەری هەبووە و لۆکەی تێکراوە، تا گەرم بێت زیاتر زستان لەبەر کراوە، لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستاندا لەجیاتی کراس فەقیانەی پێوەییە. پشتوێن- کەمەربەند: لەسەر کراس دەبەسترێت، لە ڕۆژهەڵات، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر قوماش دەکرێتە پشتوێن، بەڵام لە باشوری کوردستان زیاتر خشڵ و لیرە دەکرێتە پشتوێن. کۆڵوانە- چەفتە-چارۆگە: لە پارچەیەکی تەنک پێکهاتووە و لە پشتەوە دەدرێت بەسەر شانەکاندا تا نزیکی ئەژنۆکان درێژ دەبێتەوە، چوارچێوەی کۆڵوانەکە بە لیرە یاخود پولەکە و گوڵینەکەی پێوەدەکرێت لەجیاتی کۆڵوانە- چەفتە- چارۆگە، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەسماڵ بەکاردەهێندرێت، کە پارچەیەکی سێگۆشەی درێژە و دەدرێت بەسەر شانەکاندا لە بەشی پێشەوە دەبەسترێت و جارێکی دیکە دەبرێتە پشتەوە و لەوێش گرێیەکی دیکەی لێدەدرێت و شۆڕدەبێتەوە تا خوار ئەژنۆ. سرکەی- هەوری: پێکهاتووە لە دوو پارچە، بچوکە، پارچەکەییان وەک سەرپۆش دەدەرێت بەسەردا، دواتر پارچەی دووەم لەسەر دەبەسترێت، شێوەییان سێگۆشەییە. کڵاو: زیاتر ڕەنگی ڕەشە، بە موورو، لیرە، پولەکە و بەردی بەنرخ ڕازێنراوەتەوە، دوای بەستنی سرکەیی-هەوری دەکرێتە سەر، بەرچەنەی هەیە، کە ڕیزێک موورو یاخود لیرەیە لە گوێی ڕاستەوە لەژێر مل و خوار ڕوخسارەوە دەبرێتە لای چەپ، لە کۆندا ژنان بە چەندین شێوە ڕازندوویانەتەوە، ژنانی خانەدان لیرەی زێرییان پێوەکردووە، کڵاو و سرکەیی-هەوری پێکەوە پێیان دەوترێت سەروبەست، لە ڕابردوودا گرنگییەکی یەکجار زۆری پێدراوە، بەڵام ئێستا تەنها بۆ جوانی و بۆنەیەکی تایبەت بەکاردێت.پ ێشماڵ: ئەم پارچەیە بەشی پێشەوەی کراس دادەپۆشێت، لە کەمەر تا خوار ئەژنۆکان درێژ دەبێتەوە، لە ناوچەکانی باکوری کوردستان بەکاردێت، لە ڕابردوودا وەک گیرفانێکی گەورە بووە، بەتایبەت ژنانی لادێ بۆ تۆوکردنی کێڵگە و تێکردنی پێداویستییەکانیان بەکارییان هێناوە. پارچەکانی جلوبەرگی پیاوان: جامانە: پارچەیەک قوماشی چوارگۆشەیە، بەشێوەی سێ گۆشە دەدرێتەوە بەسەر یەکدا و دەپێچرێت لە سەر، لەگەڵ کڵاو بەکاردێت، نەخشی خەت خەتە، ڕەنگەکانی سور و ڕەش زۆرترین بەکارهێنەری هەیە. مشکی: ئەمەیش هەر بۆ سەر بەکاردێت و چوارگۆشەیە، دەپێچرێت، چەند ڕەنگێکی جیاوازی بەکاردرێت، وەک سەوز، سەوز، ڕەش، مارۆنی، لاکانی گوڵینکەی پێوەیە، لە ڕابردوودا زیاتر کەسانی ئاینی و خاوەن پلە و پۆست بەکارییان هێناوە، بەڵام ئێستا بەربڵاوە و هەندێک جاریش لەگەڵ جامانەدا تێکەڵ دەکرێت و پێکەوە بەکاری دەهێنن. کڵاو: پارچەیەکی نیو بازنەیە و دەکرێتە سەر، لە کوردەواریدا چەند جۆرێکی هەیە، وەک کلێتە، تەقلە، زۆرجار جامانەی لەسەر دەبەسترێت. شەڕواڵ: لە کەمەرەوە تا پێ درێژە، لە کەمەرەوە زۆر پانە و لە دەرلنگەکانیدا تەسک دەبێتەوە، لە پزووەکەیدا بەنەخوێنی هەیە و گرێ دەدرێت، دوو گیرفانی گەورەی هەیە.
‎پشتێن: درێژییەکەی بەلایەنی کەمەوە سێ مەترە، لەسەر چۆغە دەبەسترێت، چەند جارێک بەدەوری کەسەکەدا دەخولێندرێتەوە، پانیەکەی بەپێی خواستی کەسەکان دەگۆڕێت. چەکبەند: لە قایشێک پێکهاتووە و لەسەر پشتێن دەبەسترێت، بەکاردێت بۆ ڕاگرتنی چەقۆ و چەک و خەنجەر بەکاردێت. پوزەوانە: لە خوری دەچێندرێت، زیاتر لە وەرزی زستاندا بەکاردێت، دەکرێتە نێوان پێ و ئەژنۆکان، بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەکاردێت.کوڵەباڵ: لە مووی بزن یاخود خوری مەڕ دروست دەکرێت، بێ قۆڵە و لە شانەکانیانەوە دوو کونی تێدایە، هیچ درومانێکی تێدا بەکارنایەت، ئێستا زیاتر بە پۆشاکی هەورامییەکان ناسراوە، هەرچەندە،زیاتر بۆ بەرگری لەسەرما بەکاردێت، بەڵام دەتوندرێت لە وەرزی هاونیشدا بەکاربێت چونکە تینی خۆریش دەگێڕێتەوە. پەستەک: لە مووی بزن دروستدەکرێت، لە چەند خەتێک پێکهاتووە، هەر ختێکی ١٥ سانتیمەترە، قۆڵی نییە، زۆر ئەستورە، لە ڕابردوودا لە کاتی جەنگەکاندا بەکارهاتووە چونکە تیر نەیبڕیووە، لەبەر ئەوەی سەربازەکان تەڕییان کردووە و لەبەرییان کردووە.کەڕەک: شوانەکان بەکاری دەهێنن، سپییەکە، تا خوارەوە درێژە، لە کاتی زستاندا بەکاردێت، ئاو هەڵنامژێت و بەهۆی ئەستورییەوە لە کاتی تەڕبوونیدا ئاوەکەی ناچێتە بەشی ناوەوەی کەڕەکەکە. فەقیانە: هاوشێوەی فەقیانەی ژنان، بەڵام ڕەنگی سیپیە، پارچەیەکی درێژە دەکرێت بە سەردەستی کراسەوە و لەسەر قۆڵی چۆغەکەوە دەبەسترێت، زیاتر میر و ئاغا و بەگزادەکان بەکارییان هێناوە، هۆکاری ڕەنگە سپییەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ڕابردوودا بۆ سەلماندی نیەت پاکی و پاراستنی ئەمانەت بەردەوام وتوویانە “دەم و دەست سپی”، ئەو فەقیانەیەش بە واتای سەلماندی دەست سپی بەکارهاتووە.کڵاش: پێڵاوە، لەدوو بەش پێکدێت، بەشی ژێرەوەی لە پەڕۆ دروستدەکرێت، بەشی سەرەوەشی لە دەزوویەکی ئەستور کە لە لۆکە دروستکراوە بە دەست دەچندرێت، پێچەوانەی پێڵاوەکانی دیکە، جیاکردنەوەی تاکی ڕاست و چەپی نییە. کەوا و سەڵتە: ئەمە شێوازێکی جلی تایبەتی کوردییە، شەڕواڵ و چۆغە نییە، بەڵکو لە بەشێ ژێرەوە کراسێکی سپییە تا خوار کەمەر درێژە، سەخەرمانیش کە ڕەنگی سپییە لەپێکراوە، دواتر کەوایەکی درێژ لەبەر کراوە کە یەک پارچەیەکی ڕێکە، دواتر سەڵتە دەکرێتە بەر، کە یەخەی کراوەیە و قۆڵەکانی کراوەیە، تا نزیکی کەمەر درێژە، دواتر لەسەر کەواکەوە پشتێن دەبەسترێت.
‎لە دەرئەنجام گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە جلوبەرگی کوردی ئاماژەیە بۆ ئەو جلوبەرگە تەقلیدییانەی گەلی کورد لەبەری دەکەن، کە نەتەوەیەکن بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، لەنێویاندا بەشێک لە عێراق. جل و بەرگی کوردی بە گوێرەی ناوچەکە و پێکهاتەی تایبەتی کورد دەگۆڕێت. زۆرجار جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ لەخۆدەگرێت، وەکو کراس و پانتۆڵ و باڵاپۆش، کە بە نەخشی ئاڵۆز و چەرموو ڕازاوەتەوە. ئەو جلوبەرگانە ڕەنگدانەوەی میراتی دەوڵەمەندی کولتووری و ناسنامەی گەلی کوردە.
‎لیستی سەرچاوەکان
‎1. ناوی کتێب: کلتوور و ناسنامەی کورد، ناوی نووسەر: فلی کرینبروک & کریستییەن ئالیسۆن، وەڕگێڕانی بۆ کوردی: ورفا ڕەحمانی، پێداچوونەوەی ئاسۆ کەریم.
‎2. ناوی کتێب: لباس کردی ، ناوی نووسەر: سومەیە شەریفی.

  1. https://jinhaagency1.com/so/aprt/dg-31076

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …