Home / بەشی مێژووی كورد / بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد به‌شی 2- 4

بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد به‌شی 2- 4

esh2535_3

 

بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد
یەک شەممە, 17 ئایار 2015 11:25
شاسوار هەرشەمی..

(لە یادی سەد سالەی(١٩٠٩- ٢٠٠٩زاینی) لە کار وەلانانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی، سوڵتانی عوسمانی )

به‌شی 2- 4

سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم.

بەسەر پشتی ئەسپی ڕیفۆرمەوە، بەرەو کۆشکی یەلدز(٤)

سوڵتان عەبدولحەمید، تەمەنی تەنیا ھەژدە ساڵ بوو، کە سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەمی باوکی مرد. دوای مردنی باوکی، عەبدولعەزیزی مامی بووە سوڵتان. ئەویش لە دوای مرادی برای، بووە دووەمین جێگرەوەی تەختی مامی. عەبدولحەمید لە کەژو ھەوای ڕیفۆرم و چاکسازی پێگەیشت. چاکسازی و ڕزگارکردنی دەوڵەت لە داتەپین، بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی ناو ماڵ و دیوەخانی بوو. عەبدولعەزیزی مامی، نەک ھەر نەیتوانی باری پشێوی وڵات ڕاست بکاتەوە، بەلکو بە ھۆی دەستبڵاوی و بەفیڕۆدانی پارە، وڵاتی خستە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە. دەستەیەک لە کاربەدەستانی کۆشک، بە ناوی (عوسمانیە تازەکان)، سولتان عەبدولعەزیزیان لەسەر تەخت وەلانا و، مرادی پێنجەمی برا گەورەی عەبدولحەمید، لە جێگای مامی بوو بە سوڵتان. عەبدولحەمید، لە ژێرەوە لەگەڵ سەرانی سوپا و کاربەدەستانی گەورەی کۆشک ڕێک کەوت، کە ئه‌گەر یارمەتی بدەن بێتە سەر دەستەڵات، ئەوا ھەموو ڕیفۆرمێکی پێویست لە دەستور و سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی دا بکات. بەمجۆرە، دوای سێ مانگ و، ھەر لە ھەمان ساڵی ١٨٧٦زاینی، بە یارمەتی سوپا و دەستڕۆیشتوانی ناو کۆشک و کابینەی دەوڵەت، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، لە جێگای مرادی برای داندرا. سوڵتان بۆ دەرخستنی نیازپاکی خۆی، و پابه‌ند بوونی به‌ به‌ڵێنه‌کانی، کەسێکی ناسراوی ڕیفۆرمخوازی کردە سەرۆکی وەزیران (سەدری ئەعزەم)، کە والی ناسراوی پێشوی شاری بەغدا، ئەحمەد مەدحەت پاشا بوو.

وەک دواتر دەرکەوت، عەبدولحەمید گۆچانی جادویی لە دەست نەبوو. باری وڵات ڕۆژ بە ڕۆژ پەشێوتر دەبوو. ھێشتا ساڵ بەسەر سوڵتاندا لە (بابی عالی) وەرنەسوڕابووەوە، ڕووسه‌کان رۆژی ٢٤/٤/١٨٧٧، ھەڵمەتێکی گەورەی سوپایی و ئایینیان دەست پێکرد، بە نیازی ڕزگارکردنی برایانی ئایینی، لە دەست موسوڵمانان. پەلاماری سەرەکی ڕووسه‌کان، بۆ سەر ڕۆمانیا و سربستان بوو. شه‌ڕ که‌وته‌ ناو به‌شی ئه‌نادۆلی خاکی عوسمانیشه‌وه‌. دیسان بە پێشقەرەولی ئەرمەنەکان، سوپای ڕووس، شارەکانی ئەردەھان، قارس و بایەزیدیان داگیرکردەوە. سوڵتان ناچار بوو، ڕۆژی ٣١/١/١٨٧٨زاینی، داوای ئاگربەس له‌ رووسه‌کان بکات. دواتر و بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی سان ستفانۆ، لە ڕۆژی ٣/٣/١٨٧٨ زاینی، دەوڵەتی عوسمانی دانی بە سەربەخۆ بوونی، هه‌رێمه‌کانی ڕۆمانیا، سربستان و مۆنتی نیگرۆ دا ناو، بۆ بولگارستانیش مافی خۆ بەڕێوەبردن پەسەند کرا. سوڵتان ناچارکرا بە گوێرەی ڕێککەوتننامەکە، تا دەست لە ئەردەھان، قارس و بایەزیدیش ھەڵبگرێت و، بیدات بە ڕووسان. ئەمە بە یەکەم سەرکەوتنی ئەرمەنان داندرا، لە ھەوڵیاندا بۆ درووست کردنی ئەرمەنستانی گەورە. مانەوەی ڕووسان لەو سێ شارە زۆری نەخایاند. گوشاری زۆر توندی بەریتانیا و فەرەنسا، ڕووسه‌کانی ناچارکرد، کە ھەر سێ شارەکە چۆڵ بکەن.

 

یه‌که‌م چێژی سه‌رکه‌وتنی ئه‌رمه‌نان:

گێڕانەوەی ئەو سێ شارە، لە ڕێکەوتنی بەرلین، ساڵی ١٨٧٨زاینی چەسپێندرا. وەک ئاماژەیەک بۆ ڕۆڵی ئەرمەنەکان، لە گرتنی ئەو سێ شارە، لە بەندی ٦١ی ڕێککەوتننامەی بەرلین، داوای باشکردنی ژیان و گوزەرانی ئەرمەنیەکانیش کراوە. دوای ئەوە ئەرمەنەکان کەوتنە چالاکی نواندن و، داواکردنی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەی بەرلین، نەک ھەر لەو سێ شارەی سەرەوە، بەڵکو لە هه‌ر شەش ویلایەتی دی ڕۆژھەڵات، کە کەمایەتی ئەرمەنی، لەناو زۆرینەی کوردانی تێدا دەژیان. لازاریڤ لەمبارەیەوە نوسیویەتی: (دوای ئەوەی بەندی ٦١ی ڕێککەوتنی بەرلین، لەنێوان عوسمانی و وڵاتانی ئەوروپی، ئۆتۆنۆمی خۆبەڕێوەبردنی بەخشیە ئەرمەنەکان، ئەرمەنەکانیش ھەلیان قۆستەوە و، ھێرشیان کردە سەر دێنشینان و شارە کوردیەکان و، زوربەی کوردەکانیان کوشت و، سامان و ماڵەکانیان بە تاڵان بردن). ئەرمەنیەکان ئەو کاتە، چالاکترین گروپی ناڕازی مەسیحی، بەشی ئاسیای ئیمپراتۆریەتەکە بوون. ئەوان لە لایەکەوە خۆیان باش ڕێکخستبوو. لە لایەکی دیشەوە بوونێکی گەورەو پەرت و بڵاویان لە ڕۆژھەڵات، بە درێژایی سنور لەگەڵ ڕووسیای تزاری ھەبوو. کە ئەم ھەڵکەوتنە جوگرافیەی وان، بواری مانۆر و کۆمەک وەرگرتنی لە ڕووسیا بۆ ئاسان کردبوون. دوای ڕێککەوتنەکەی بەرلین، ئەوان بەڵگەنامەیەکی یاسایشیان دەسکەوت و، لە سەر ئەو بنچینەیە، داوای ھەموو ڕۆژھەڵاتی ئیمپراتۆریەکەیان دەکرد، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد بوون.

ھاوکات لەگەڵ چالاکی نواندن، ئەرمەنەکان پەیوەندی نزیکی خۆیان، لەگەڵ کاربەدەستانی سوپای ڕووسیا پەرەپێدا. ئەوان ھەمیشە لەسەرپێ بوون، بۆ ئەنجامدانی ھەر ئەرکێکی شەڕی، یان سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری، کە ڕووسه‌کان داوایان لێدەکردن.

 

ئەڵتەرناتیڤەکانی بەردەم سوڵتان

کاربەدەستانی گەورەی دەوڵەت و خودی سوڵتانیش، تێگەیشتن کە کات لە بەرژەوەندیاندا نیە و، دەبێ ھەرچی زووە فریای خۆیان بکەون و، چارەسەرێکی بنەڕەتی و ڕادیکالانە بۆ ڕاستکردنەوەی بارەکە پیادە بکەن. ئەوان دەبا ھاوکات لەسەر دوو تەوەرە، بە ھاوتەریبی کاریان بکردبایە. یەکێکیان، دەبوایە چارەسەری بە پەلە و کورتخایەن، بۆ کێشەکانی وڵات بدۆزنەوە. ھاوکات بۆ دووەمیشیان، دەبوایە ستراتیژێکی بەرچاو ڕوون بۆ دواڕۆژ دابنێن، بۆ بەھێز کردنی توانای دەوڵەت و، بەگەڕ خستنەوەی جومگە لەکارکەوتووەکانی. بۆ ئه‌مه‌ش، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ڕاوێژکارانی سیاسی و سوپایی، له‌ وڵاتانی ئه‌وڕوپای ڕۆژئاوا هاتبوونه‌ ئه‌سته‌مبول و شاره‌کانی دی عوسمانی. گرنگترین شت، بە پلەی یەکەم، بریتی بوو لە بەھێزکردنی بەرەی ناخۆ و، پتر وشیارکردنەوەی خەڵک، لەو مەترسیانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەھێزکردنی ھەستی پاراستنی وڵات لە مەترسیەکان، لای زۆرینەی دانیشتوان. بۆ ئەو مەبەستە سوڵتان ڕێگای جۆراوجۆری لە پێش بوو. وەک خۆ پڕچەک کردن و، پێکھێنانی لەشکرێکی مۆدێرنتر، تا بگاتە ئاستی لەشکری تزاری ڕووسیا، کە ساڵانێکی زۆر بوو، ھەڕەشەی یەکەم و ھەرە گەورە بوو، بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکە. چاککردنی باری بەڕێوەبردنی وڵات. کردنەوەی فێرگە و خوێندنگای ھاوچەرخ و، خوێندەوارکردنی خەڵک. ناردنە دەرەوەی خوێندکاران و کادیرانی دەوڵەت، بۆ فێربوون و چاوکرانەوە. ھێنان و کڕین و دامەزراندنی، ڕاوێژکار و ڕاھێنەرانی شارەزای بیانی، لە ڕیزەکانی سوپا و جندرمە و یەکەکانی بەڕێوەبردن و …ھتد. دیارە سوڵتان ھیچ یەک لەمانەی نەخستە دواوە و، کاری لەسەر ھەموان کرد، بەڵام ھیچێکیانی نەکردە ستراتیژی سەرەکی خۆی، بۆ ڕێگای چاکسازی و پتەوکردنی بەرەی ناخۆ. سوڵتان عەبدولحەمید، بڕیاری گرتنەبەری ڕێگایەکی دی دا، کە لە ھەموو ئەلتەرناتیڤەکانی دی، زەقتر و لە بەرچاوتر بوو. ئەویش ڕێگای سۆزی ھاوئایینی و، ئیسلامگەرایی و، پێکھاتەی ئایینی زۆرینەی خەڵکی بوو، لە نێوان ھاووڵاتیانی عوسمانیدا.

 

بۆچی ئەم ڕێگایە؟

ھەندێ نوسەر، گرتنەبەری ڕێگای ئیسلامگەرایی، لە لایەن سوڵتانەوە، وەکو ستراتیژیەک، بۆ ھەڵوێست و باوەڕی خودی سوڵتان بە ئیسلام دەگێڕنەوە. سوڵتان عەبدولحەمید، ڕاستە بەوە ناسرا بوو، کە ئەرکە ئایینیەکانی خۆی بەجێدێنا، بەڵام ئەگەر ئایین و کەسانی ئایینپەروەر، مەترسیان بۆ سەر دەستەڵاتی وی ھەبا، ئەوا سڵی لە کوشتن و لە ناوبردنیان نەدەکردەوە. نمونە زۆرن. وەک گرتن و بە دزی کوشتنی، سەرۆک وەزیرانی ڕیفۆرمیست، ئەحمەد مەدحەت پاشا. ھەروەھا دەست بەسەرکردن و، دوایی ژه‌هردارکردن و کوشتنی ڕیفۆرمیستی زۆر ناسراو، جەمالەدینی ئەفغانی و، ھیدی وھیدیش ھێشتا زۆرن. ئەی کەواتە دەبێ لە پای چی بێت، ئەو ئیسلامی کردە سوپەری دەوڵەتەکەی؟. تەنانەت ئەو یەکەمین کەسیش بوو، کە ڕۆژێکیان ڕووی لە تێکڕای موسڵمانانی دنیا کرد و دروشمی (ئەی موسوڵمانانی دنیا یەکبگرن!)ی بەرز کردەوە. ئەگەر چاوێک بە ڕووداوەکانی سەردەمی عەبدولحەمید دا بخشێنین و، سەیری مەترسیەکانی سەر دەوڵەتی عوسمانی بکەین، دەبینین بە گشتی مەترسیەکانی ئەو سەردەم، سروشتێکی ھەڕەشەی ئایینی مەسیحیان پێوە دیار بووە. به‌ تایبه‌تیش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌رته‌دۆکسیان (ڕووسه‌کان، ڕۆمانیان، بولگاری، سێرب، یۆنانی، ئه‌رمه‌نیان و که‌مایه‌تیه‌کانی سریانی، هه‌موویان ئه‌رته‌دۆکس بوون). ئەوە گەلە ئه‌رته‌دۆکسه‌ مەسیحیەکانی ناو سنوری دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە دژی دەوڵەت ڕادەپەڕین. وەک ڕۆمانی و مۆلداڤی و بولگاری و سربی و یۆنانی و ئەرمەنی و ھتد. وڵاتانی مەسیحی ئەوروپی، دەستیان ژەنیبووە ناو کاروباری وڵات و، ببوونە پارێزەری کەمایەتیە مەسیحیەکان. ھاوکات زۆرینەی دانیشتوانی ئیمپراتۆریەکە موسوڵمان بوون، بەڵام بۆ ڕەگەز و زمانی جۆراوجۆر دەگەڕانەوە. واتا دەوڵەتەکە نەدەبووە دەوڵەتی نەتەوەیەک، بۆیە بیری نەتەوەگەرایی، ھاوکۆڵکەیەکی ھاوبەشی نێوانیان نەبوو. توخمی ئیسلام، تەنیا توخمێکی ھاوبەش بوو، بۆ زۆرینەی خەڵکی ناو سنوری دەوڵەتەکە.

 

ئایین وه‌ک دیارترین پێوه‌ر:

دەکرێت ئەم ھەڵوێست وەرگرتنەی سوڵتان و کاربەدەستانی پایەبڵندی دەوروبەری، لە ئایین و تێکەڵکردنی ئایین و دەوڵەت، وەکو کاردانەوەش بژمێردرێت بۆ ئەو ژینگەیەی کە لە ناوچەکەدا باو بووە، ھەروەھا سروشتی ئەو کێشە و ڕووبەڕوو بوونەوانەی، کە بەرەو ڕووی دەوڵەت ببووەوە. بە واتایەکی دی، دەوروبەرە پێچەوانەکەش، ھەر وای دەنواند. ڕووسیای تزاری، لە ڕوانگەیەکی ڕووتی ئایینیەوە یارمەتی گەلانی مەسیحی دی دەدا و، ھانی دەدان تا لە دژی دەستەڵاتی سوڵتان ڕاپەڕن. تەنانەت بەشێکی زۆر، لە شەڕەکانی نێوان ڕووسیاو عوسمانی، ئەو سروشتە ئایینیەی پێوە دیار بوو. دنیای ئه‌و کاتی ئیسلام و مەسیحی، بە ئەندازەیەک پۆلێن ببوو، کە ھاووڵاتی بوون بە پێوەرێکی ھاوچەرخانەتر، ھیچ نرخێکی نەمابوو. مەسیحی عوسمانی دەبووە چاوساغ و پێشقەرەولی لەشکری ڕووس لە ھێرشەکانیدا و، ھاوکاری برای ئایینی خۆی دەکرد. بە ھەمان شێوەش، داغستانی و چەرکەسەکانی ژێر دەستی ڕووسیا، کۆمەکی عوسمانیەکانیان دەکرد، بەو ھیوایەی بۆ ژێر ڕکێفی ئیسلام بگەڕێنەوە. کە ئەوان ڕاویش دەنران، ئەوا لە لایەن عوسمانیانەوە داڵدە دەدران و، ڕاستەوخۆش دەبوونە ھاووڵاتی عوسمانی. واتا ئایین، جا ھەر ئایینێک بووبایە، تەنیا پێوەرێکی زه‌ق و دیاری ھاوڵاتی بوون بوو. کەواتە سوڵتان و کاربەدەستانی دەوروبەری، ناچار بوون لە سۆنگەی ئیسلامەوە، بارو دۆخەکە ھەڵبسەنگێنن و، ڕێگاچارەی بۆ بدۆزنەوە .

 

باری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لە سەردەمی عەبدولحەمید دا

کاری لێدان و نەھێڵانی دەستەڵاتی فیۆداڵە گەورەکان، کە دەرەبەگی خاوەن زەوی و دەستەڵات بوون، لە سنوری ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ھەر زوو لە سەردەمی سوڵتان مەحمودی دووەم (١٨٠٨-١٨٣٩زاینی) و، لە ساڵانی ١٨٢٠ زاینی، دەستی پێکردبوو. عەبدولمەجیدی یەکەم (١٨٣٩-١٨٦١)ی باوکی سوڵتان، ئەو ئەرکەی تەواو کردبوو. دوا میرنشینی کوردی، میرنشینی بابان بوو، کە لە ساڵی ١٨٥١زاینی، بە ھاتنی سوپای عوسمانی بۆ سلێمانی، ھەڵوەشێندرایەوە. بە لاوازبوون و نەمانی دەستەڵاتی فیۆداڵە گەورەکان و میرەکان لە کوردستان، گۆڕانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی، لە ھەناوی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو بەشەی عوسمانی، لە سەرەتاتکێ دابوو. خەڵک لە دەستەڵاتی فیۆداڵە گەورەکان ڕزگاریان ببوو. بەڵام نەمانی میرو ئاغا، بۆشاییەکی گەورەی دەستەڵاتی، لە ناو کۆمەڵگا ھێنابووە کایەوە. میرو فەرمانڕەوایانی کوردستان، خۆیان لە ڕێگای دامودەزگای خۆیانەوە، چارەسەری کێشە و گیروگرفتەکانی خەڵکیان دەکرد. وەک کێشەی نێوان تیرە و ھۆزەکان. ڕەوەندو نیشتەجێیان. ئاغاو جوتیار، یان نێوان تاکەکان. ئەوان ھێزو دەستەڵاتی ئەوتۆشیان ھەبوو، تا بتوانن چارەسەریەکانیان بەسەر ھۆزو بنەماڵەکاندا بسەپێنن. لە ھەموو ئەو شوێنانەی، کە دەستەڵاتی میرو ئاغایانی تێدا بنبڕ کرابوو، لەوێ خەڵک پتر توشی کێشە و گێچەڵ دەبوونەوە، چونکە متمانە بە فەرمانبەران و کاربەدەستانی دەوڵەت نەدەکرا. ئەوان نەیانتوانی جێگەی گەورە پیاوە تەقلیدیەکان بگرنەوە(٥). پاش لە ناوچونی ئەوان، واتا (میرەکان)، کۆمەڵگا چاوی لە دووی جۆرە کەسایەتیەک بوو، کە متمانەی سەپاندن و چەسپاندنی ئاشتی و، ھێوری و ئارامی پێبکرێت و، دان بە دەستەڵاتیدا بندرێت.

 

 

ده‌رکه‌وتنی شێخان له‌ کوردستان، وه‌ک هێزێکی سیاسی نوێ:

پێدەچێت شێخان بۆ ئەو مەبەستە، لە گشت کەسان گونجاوتر و لەبارتر و شیاوتر بووبن(٦). شێخانی کوردستان، زۆریان پشکێک نیین لە خانە جوداوازەکانی پێکھاتی ھۆز. ئەمە بۆتە ھۆی ئەوەی زۆریان بتوانن ڕۆڵێکی سیاسی درەوشاوە لە کۆمەڵگای خێڵایەتیدا بۆ خۆیان بپچڕن، لە ڕاستیدا زۆری شێخان ھیچ خزمایەتیەکیان دەگەڵ ھۆزەکانی دەوروبەریاندا نیە. دامەزرێنەرانی زۆر لەو تەکێ شێخنشینانە، وەکی ڕێبەرێکی ئایینی، لە جێیەکی دییەوە ڕەویانکردووە و، ھاتوون لە شوێنی ئێستایان نیشتەجێبوون. ئەمە خۆی لە خۆیدا بڕواو بانگەشەی بێلایەنی و لەسەرنەکردنەوەی ھیچ یەکێک لە ھۆزەکانیان پتەوتر دەکات و، ئەوان نابنە بەشێک لەو ململانێیە. ئەو پلەو پایە مەزنەی (شێخان) لە دەرەوەی قەوارەی ھۆز بۆ خۆیان پچڕیوە، وای لێکردبوون ببنە باشترین و لەبارترین پەناگە بۆ تێکەوتن و نێوبژی کردن و بڕاندنەوەی دوژمنایەتی و گێرمە و کێشەی نێوان ھۆزەکان. چارەسەر کردنی زۆرترین کێشەو گرفتی نێوان ھۆزە جوداکان، لەسەر دەستی شێخاندا کراون. ئا بەو دەورو ڕۆڵە ئاشتیخوازانەیە، شۆرەتی خۆیان برەو پێداوە و دەستەڵاتی سیاسی خۆیان پەرە پێ ئەستاندووە(٧). ھەر ئەو پەرەسەندنی دەستەڵاتە سیاسیەش بوو، وایکرد کە شێخان سەرکردایەتی یەکەمین ڕاپەرینی نیشتمانی کوردیش لە دەست بگرن.

دیارە ڕۆڵی بێلایەنانەی شێخان، بەس نەبوو، بۆ ئەوەی ئه‌وان، به‌ ته‌نیا بتوانن، ئەو بۆشایی دەستەڵاتە لە کوردستان، بەو شێوەیە پڕ بکەنەوە، کە بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ ڕۆڵی ڕێبەری کردنی بزاڤی کوردیان کەوتە چنگ. واتا هه‌ڵسوڕاویی و ڕۆڵەکانیان، له‌ خۆوه‌ و بێ پشتگیری لێکردن نەبووە. ئەو ڕۆڵە گەورەیە، لە بنەڕەتدا پێویستی بە پشتگیری دەستەڵات و، بە دەستھێنانی توانای دارایی ھەبوو. شێخ و قولە شێخ و ڕێبەرانی تەریقەتی سۆفیگەری و دەروێشان، لە کوردستان و ھەموو شوێنەکانی دی دەوڵەتی عوسمانی، زوو دیدگای سوڵتان عەبدولحەمیدیان خوێندەوە و لێی تێگەیشتن. ئەوان بە تاک و بە کۆمەڵ، ڕوویان لە (بابی عالی) دەکرد. سوڵتانیش جگە لەوەی ڕێزی لێدەگرتن، بە پیر ویست و داخوازیەکانیشیانەوە دەھات و، دەکەوتە بەھێزکردنی پێگەی ئابوریان، لە ڕێگای بەخشینی وەقف، بە ناوی تەکیەکانیانەوە. لە ھەندێ باردا، وەقف ھەر بریتی نەبوو لە بەخشینی ھەندێ چارچە زەوی و ڕەزو باخچە، بەڵکو دێ و دێھات و ناوچە و ھەرێم و زەوی و زاری بەرفراوانی کشتوکاڵیشیان لەسەر وەقف دەکرا. واتا شێخ، جگە لەوەی کە گەزافی پەیوەندی و نزیکی لەگەڵ خوداوەند لێدەدا، توانای داراییشی بۆ پەیدا بوو. ئەمەش جادوی گەلێری بوونیان بوو لەناو خەڵکیدا. بۆ پاراستنی ماڵ و سامان و زەوی و، هێشتنه‌وه‌یان به‌ میرات بۆ کوڕه‌کانیان، شێخایەتیش، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو بنه‌مایه‌ ئایینیه‌کان، بووە میراتگری و، بەچکە شێخ، ئەگەر نەخوێندەواریش با، ئەوا ھەر لە جێی بابی دادەنیشت و دەبووە شێخ. واتا شێخەکان بوونە بەچکە میر، لە سنوری ئەو زەوی و زارەی، کە لەسەر خێزانەکەیاندا وەقف کرابوو. زه‌وی و زاره‌کانیش تا ده‌هات پتر ده‌بوون، چونکه‌ خه‌ڵکی ساویلکه‌، به‌ نیازی به‌گه‌ڵ شێخ که‌وتن و چوونه‌ به‌هه‌شتی به‌ڵێن پێدراو، زه‌ویه‌کانی خۆشیان ده‌دانێ.

ئەم ھەڵوێستەی سوڵتان، لە ڕێزلێنان و بەخشین و دەستەڵات پێدانی بە شێخان، لە سەرچاوە ئەرمەنیەکاندا، بە خۆ نزیک کردنەوە لەو کەمایەتیە موسوڵمانانە دانراوە، کە نەزانی بە سەریاندا زاڵە، وەک کوردان و چەرکەس و ئەرنائوت (ئەلبانەکان) و لازەکان(٨). زۆری نەبرد، پیری تەریقەت و شێخ، لە ھەموو گۆشە و کەنارێکی کوردستانی عوسمانی، وەکو چینی سەردەستە و دەستڕۆیشتو، شوێنی خۆیان بێ ڕکەبەری کردەوە و، کەلێنی براگەورەیی و، سەردەستەیی کۆمەڵایەتی جارانی، میرو دەرەبەگەکانیان پڕ کردەوە. بە بەراوردێکی خێرا، بۆمان دەردەکەوێت، کە ژمارەی شێخان، بە شێوەیەکی دیارو بەرچاو، ڕووی لە پتر بوون و ھەڵچوون کردووە. ئیدی ئەوە شێخان بوون، کە کێشە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان تاک و بنەماڵە و تیرە و ھۆزەکانیان چارەسەردەکرد. سەدەی نۆزدە لە کوردستان، سەدەی شێخان بوو. شێخ و پیری تەریقەت، ھەر زوو توانیان کۆمەڵانی خەڵک کەمەربەست و مەستی خۆیان بکەن.

ئەوانە زۆربوون کە بە خەیاڵی بەھەشتەوە، ھەبووە و نەبووەی خۆیان، لە زەویوزار و خانوبەرە، وەقفی شێخ دەکرد. شێخایەتی، ھەروەک ئاغایەتی لە سیستەمی دەرەبەگی، ھەر زوو بەرگی کوردەواری لە بەرکرد و، چیدی بە ھەموو وردەکاریەکانەوە پێڕەوی لە ئایین نەکرد. کوڕە شێخ، شێخایەتی و وەقفی تەکیە و خانەقا و، ھەموو سەرمایەی ماددی و ئایینی باوکی، بە میرات بۆ دەمایەوە. جگه‌ له‌مه‌ش، بیویسبایە یان نا، بێ خواستی خۆی دەبوو بە شێخ، جا ئەمەش گرنگ نەبوو شێخی تازەی به‌ میراتی، خوێندەواری ھەبا یان نا. تەنانەت پابەندی ڕێچکەکانی ئایینیش با یان نا، لای لایەنگرانی زۆر گرنگ نەبوو. من شێخی لەمجۆرە و بەد مەستیشم بینیوون، کە جوتیارانی سادەی دڵکێشی ئایین، ھاتوون و دەستیان ماچ کردوون.

شێخایەتی و بەکارھێنانی ئایین، بۆ خۆ ژیان، ھەر لە کۆنەوە ھەبووە، بەڵام سیاسەتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخایەتی کردە تەونێک و، ھەموو بنجێکی کوردستانی پێ تەنیەوە. تەنانەت کۆنە میرو ئاغاکانیش، کەوتنە لاواندنەوەی شێخان، تا سود له‌ ده‌سته‌ڵات و ڕێزیان له‌ناو خه‌ڵک وه‌ربگرن، یان لانی که‌م، لێیان زیانمه‌ند نه‌بن. کارێکی ستەمە ھەڵبێنین کە ئاخۆ، لە کوردستانێکی داگیرکراوی بن سمی ئەسپی جندرمان، کێ کەلێنی گەورەی فیۆداڵی پڕ دەکردەوە، گەر سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ و پیری بۆ قوت نەکردباینەوە. قوت کردنەوەی شێخایەتی، تەنیا یەکێک بوو لە بەرەنجامە زۆرەکانی دی، کە لە ستراتیژی سوڵتان کەوتنەوە. دەبێ ئەمەش بڵێین، کە ھەرە خراپەکەیان بوو. چونکە کاریگەریەکەی ئەمەندە قوڵ و بەرفراوان و گەورە بوو، کە تا ئەمڕۆش کۆمەڵگا بە دەستیەوە دەناڵێنێت. ئەوەی ئێمە بە دوایدا وێڵین، کارەکانی دی سوڵتانن، کە کاریگەریەکی قوڵیان لە دوای خۆیان، بە شێوەیەکی باش و پۆزەتیڤ بەجێھێشت.

وەک زووتریش ھێمامان بۆ کرد، سوڵتان عەبدولحەمید ھەوڵی دەدا، ھاوسەنگیەک لە نێوان تورکان و گەلە موسوڵمانەکانی دی دروست بکات. ئەم ھەڵوێستەی ئەو، لە ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دا دیار بوو، کە بە چاوی ھاوڵاتی – ھاوئایینی عوسمانی یەوە، سەیری خەڵکی وڵاتەکەی دەکرد. خەڵکی کوردستان، (دیارە مەبەستمان لە خەڵکی ڕەشۆک و ھەژار نیە، بەڵکو تەنیا دەستڕۆیشتوان)، ھەروەک خەڵکی موسوڵمانی ھەرێمەکانی دی عوسمانی، بە لێشاو ڕوویان لە (بابی عالی) دەکرد و، چاویان بە سوڵتان دەکەوت. ئەو ھەڵوێستەی سوڵتان لە دامودەزگاکانی فەرمانڕەوایشدا، بە خێرایی ڕەنگی دایەوە. زۆرێک لە گەورە پیاوان و کۆنە میرەکانی کورد، شان بە شانی کەسانی خوێندەواری کورد، لە دەوڵەتدا پلەو پایەی بەرزیان پێدرا. کوردانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئه‌عیان. بالیۆز، ئه‌فسه‌رانی پایه‌ به‌رز. ئه‌وانه‌ش که‌ بۆ خوێندن ناردرانه‌ فه‌ره‌نسا و وڵاتانی دی هه‌بوون. دیارە سوڵتان، مەبەستی دیشی لە پشت ئەو پەیوەندیە گەورە و ھەراوەی خۆیدا له‌گه‌ڵ تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگادا ھەبوو. کە ئەمڕۆ لە زمانی کوردیدا، ھەندێ یادگاری لێ ماوەتەوە.

عەبدولحەمید ژمارەیەکی زۆر، لەوانەی کە سەردانی دەکردن، بە پارە و پول پێدان دەیکڕین و، داوای لێ دەکردن تا ڕاپۆرتی بۆ بنوسن، تا بزانێت چی لە دەوروبەریان ڕوو دەدات. زۆری نەبرد، ژمارەی ئەو کەسانە ئەمەندە زۆر بوون، کە لە ناو خەڵک بە (خوفیە) دەناسران. ڕاپۆرتەکانیشیان بە (ژورنالات) ناو دەبران. تا دەمی منداڵی منیش، لە بەتەمەنەکانم دەبیست، بە ھاوکارانی پۆلیسیی ئێراقیان دەگوت خوفیە. ئەمە جگە لە دانان و دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر پیاوانی ئاسایش، بە جلوبەرگی سیڤیل، کە بۆ یەکەم جار لە ئاستانە و شارە گەورەکاندا پەیدا بوون و، خەڵکی پێیان دەگوتن (مەکتوبچی).

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …