Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا ئەو ڕقەی کورد بەرامبەر خۆی هەیەتی، دیاردەیەکی نوێ و ڕقی ڕاستەقینەی خۆیەتی یان بۆچوونی چەسپێنراوی داگیرکەرە لە هزری تاکی کورد دا و مێژوویەکی دێرینی هەیە؟

ئایا ئەو ڕقەی کورد بەرامبەر خۆی هەیەتی، دیاردەیەکی نوێ و ڕقی ڕاستەقینەی خۆیەتی یان بۆچوونی چەسپێنراوی داگیرکەرە لە هزری تاکی کورد دا و مێژوویەکی دێرینی هەیە؟

13754665_875082232619828_1633283392477932109_n

ئایا ئەو ڕقەی کورد بەرامبەر خۆی هەیەتی، دیاردەیەکی نوێ و ڕقی ڕاستەقینەی خۆیەتی یان بۆچوونی چەسپێنراوی داگیرکەرە لە هزری تاکی کورد دا و مێژوویەکی دێرینی هەیە؟

ئەگەر ئەمڕۆ سەیری پەیجی زۆرینەی تاکی کورد بکەیت، ئەوانەش کە تازە دەستیان قەڵەمی گرتووە، زۆر بە ئاسایی چەندین نووسراو دەبینیت لەسەر گاڵتەکردن بە کورد و فەرهەنگی کوردی و هەروەها ڕقبوون لە خۆ بە ڕوونی لە نووسراوەکانیاندا دەبینیت. تەنانەت نووسەر هەیە لە کوردستاندا کە هەموو ژیانی جگە لە هێرشکردنە سەر فەرهەنگی کوردی و ڕق لە فەرهەنگەکەی، شتێکی ئەوتۆی نەنووسیوە. ئەم دیاردەیە دەمێکە بووە بە بەشێک لە فەرهەنگی کوردی و ئەم شێوە بیرکردنەوەیە لە فەرهەنگماندا ڕەگی داکوتاوە و لە سەرچاوە مێژووییەکانیشدا بەدی دەکرێت.
سیخوڕێکی ئینگلیز کە بە ناوی مەیجەر سۆن لە کوردستاندا دەناسرێت، لە نزیکی ساڵی ١٩٠٧ ز دا دێتە باشور و ئەو خۆی وەک فارسێک بە خەڵکی کورد دەناسێنێت. لە چایەخانەیەک لە باشوردا لە گەڵ کابرایەکی دەروێشی کورد دا شیعری فارسی بۆ یەکتری دەڵێن، لەو لاوە پیاوێکی کوردی تر ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی بۆ دەبێژێت و ئەویش تۆماری دەکات:
لەوزە لەوزە (لەفزە لەفزە) عەرەویە (عەرەبیە)
تورکی هونەرە
فارسی شەکەرە
کوردی قوزی کەرە
مەیجەر سۆن دەڵێت ئەم هەڵبەستە لە هەموو کوردستاندا باوە و دەگووترێتەوە. لەوانەیە هەندێک کەس ئەو هەڵبەستە زۆر بە سادە و ساکاری وەربگرن بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە نامۆیەی کورد سەبارەت بە زمان و فەرهەنگی خۆی پێشینەیەکی کۆن و ڕەگێکی زۆر قوڵی لە ناو فەرهەنگی کوردیدا داکوتیوە و گوزارش لە کێشەیەکی گەورە دەکات.
ئەو خەڵکانەی چوونەتە قوڵایی تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان خەڵکی ژێر دەستە و باڵادەست، دەرکیان بەو دەرئەنجامە کردووە. لێکۆڵەری جیهانی پاوڵۆ فرێری (١٩٢١- ١٩٩٧) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لە ژێر ناونیشانی (زانستی ستمەلێکراو/ژێردەستە) دا، سەبارەت بە کاریگەریی داگیرکردن لەسەر هەڵسوکەوتی داگیکراو دەڵێت:
“قەدرنەگرتنی خۆ یەکێک لە کاراکتەرەکانی تری خەڵکی ژێردەستەیە کە لە بۆچوونی باڵادەستەوە هاتووە کە لەسەر ئەو هەیەتی و لە ناو مێشکیدا چەسپاندوویەتی. بۆیە هێندە گوێیان لێبووە کە ئەوان بە کەڵکی هیچ نایەن، هیچ نازانن و توانای فێربوونی هیچیان نیە و تەمەڵ و هیچن و بێ بەرهەمن، لە کۆتاییدا وایان لێدێت کە قەناعەت بە ناتەوای خۆیان بکەن”
لە ڕاستیدا پاولۆ فرێری هەرچەندە ئەو بابەتەی لەسەر کورد نەنووسیوە، بەڵام دەبینرێت ئەڵێی باسی کورد دەکات. هەروەها لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی “تێرنەر” دەڵێت خەڵکی بندەست ئەم کاراکتەرەکانی خوارەوەی لێ دەردەکەوێتە:
١. بێ بڕوایە بەخۆ
٢. ڕق لە خۆیی
٣. هەوڵ دان بۆ نکۆڵی کردن لەوەی کە سەر بە فەرهەنگی خۆی بێت
٤. لاسایی کردنەوەی کاراکتەرەکانی باڵادەست
٥. توندوتیژی لە ناو خۆدا
٦. ملکەچی لە هەمان کاتدا توندوتیژی
ئەمڕۆ هەزاران لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بابەتی پەیوەندی نێوان ژێردەستە و باڵا دەست هەن، من لێرەدا تەنها دوانیانم بە وەک نموونە خستە ڕوو. زۆر جار کە ئەو لێکۆڵینەوانە دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت سەبارەت بە کورد دەخوێنیتەوە و ئەوەی کە ئەو لێکۆڵینەوانە پێمان دەڵێن ئەوەیە کە بە هەمان شێوە، کورد وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو و ژێردەستە، لە ئەنجامی داگیرکردنەوە گەیشتۆتە ئەو بیروبڕوا دژەخۆیی و خۆ بەکەم زانینە. کاتێک کە دەبینیت ناوچەگەرێتی بە شێوەکی توند لە ناو کورد دا هەیە، ئەوە ڕەفتارێکی چاوەڕووانکراوی خەڵکی ژێردەستەیە و لە لێکۆڵینەوەکاندا ئاماژەی پێکراوە. کاتێک کە تاکی کورد گاڵتە بە هەڵپەڕکیی کوردی دەکات، ئەوە ڕقێکی قوڵ لەخۆیەتی کە لە هزریدا لە لایەن نەتەوە باڵادەستەکانەوە چەسپێنراوە. کاتێک کە گروپ و لایەنەکانی کورد ئەوپەڕی دژایەتی یەکتری دەکەن، کەچی بە خۆشحاڵیەوە ئامادەن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورک و فارس و عەرەبدا دابنیشن، ئەوەش ئاکامێکی تری داگیرکراویە.
سەرەڕای ئەوە، ئەم بۆچوونە نەرێنیەی کورد هیچ بنەمایەکی نیە لەبەر ئەوەی لە ڕووداوەکاندا بۆمان دەردەکەوێت کە لە زۆر ڕووەوە کەم نەتەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێندەی کورد هەڵسوکەوتی شارستانیانەی هەبێت. یەکێک لەو نموونانە من بە چاوی خۆم دیومە. ساڵی ١٩٩١ کاتێک کە حکومەتی عێراق لە داڕماندا بوو و خەڵک پەلاماری سەربازگەکانی حکومەتی دا، ئەو ڕۆژەی کە خەڵک چوونە سەر سەربازگەکە. بینیم هەندێک لە سەربازەکان لە ترسا خۆیان شاردبووەوە، بەڵام کە خەڵکەکە بینینی، گورج دەستی گوشین و باوەشی پێدا کردن. بۆ کورد، ئەو سەربازە مرۆڤێکی ئاسایی بێ گوناح بوو. بینیم یەکێک لە سەربازەکان گریا، ئەو خۆی دانابوو بکوژرێت، کەچی لەبری ئەوە خەڵک باوەشی پێدا دەکردن و ماچی دەکردن. نەک ئەوە بەڵکو هەندێک لە چێشتخانەکان نووسیبوویان خواردن بۆ سەرباز بە خۆڕاییە و شەویش لە ڕێگای بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە خەڵک بەتانی بۆ سەرباز کۆدەکردەوە.
ئەمڕۆ لە ناوچەکانی داعشەوە خەڵک لە دوو بەشی کوردستاندا، باشور و ڕۆژئاوا، خەڵکانی سونەی عەرەب ڕوودەکەنە کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە زۆر جار کەسوکاری ئەوانە لاوی کورد شەهید دەکەن، بەڵام کورد هێشتا مرۆڤایەتی خۆی دەنوێنێت و ڕۆحی لێبوردەیی نیشان دەدات. ئەوەی کورد دەیکات، یاسایەکی نووسراو و نیە و کەس بە لاوێکی کوردی نەوتووە سەربازێکی عەرەبی بێ تاوان مەکوژە، ئەوە فەرهەنگی کوردیە کە ئەو لاوەی پێ گۆشکراوە، وای لێ دەکات کە ئەو ڕەفتارە نامۆیە بە فەرهەنگی کوردی، ئەنجام نەدات.
من هەمیشە کاتێک کە لەگەڵ هەر تاکێکی کورد دا سەبارەت بە فەرهەنگ و کەسایەتیە مێژووییەکانی کورد گفتوگۆ دەکەم، زۆرینەیان دەڵێن ئێمە هیچمان نەبووە و نیمانە و ئەو بۆچوونە بووە بە ڕاستی لێیان.
بە کوردی و بە کورتی، ئەو نەخۆشی ڕق لە خۆبوونە شتێکی نوێ نیە بۆ پسپۆڕانی بواری کۆمەڵایەتی. ئەو بۆچوونەی کورد بەرامبەر بەخۆی، بۆچوونی نەتەوەی باڵادەستە و مێژووەکەی دێرینە بەڵام باش ساڵانێکی زۆر لە هزماندا چەسپاندوویەتی و لێمان بووەتە ڕاستی و قبوڵمان کردووە. جا بۆ ئەوەی کە کورد بتوانێت لەو حاڵەتە نامۆیە ڕزگاری ببێت، دەبێت لە خۆی و فەرهەنگی خۆی و کاریگەری سەدان ساڵەی داگیرکردن بگات. دەبێت سەدان لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەری داگیرکراوی بکەین و تاکی کورد لەو کاریگەریە بگات بۆ ئەوەی بەرامبەری بوەستێتەوە. ناکرێت ئەو هەموو زانکۆیە هەبێت و ژمارەیەکی باش لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر کاریگەریی داگیکراویی نەبێت.
ئەوەی کە مایەی سەرنجە، باپیرم، موفتی پێنجوێنی شاعیر، لە ساڵی ١٩٤٦ دا، ئاماژەی بەو داماویەی کورد کردووە و هیوای وا بووە کە ئەو ڕق و کینە بەرامبەر خۆ نەمێنێت و سوپاسی ئینگلزیشی کردووە کە توانیویانە کەمێک لەو خۆبەکەمزانینە بڕەوەێننەوە. ئەم بابەتە بە شیعری ئەو پیاوە ڕۆشنبیرە تەواو دەکەم کە نزیکی هەفتا ساڵ لەمەوبەر نووسیویەتی :
من خاسی ئینگلیز ناچێ لەبیرم
کە پێمی ناسی باوک و باپیرم
هەر کەسێ سپڵە و حقوق نەزانە
نابێ بە بەشەر هەرچەن ئینسانە
بابڵێین ئینگلیز ئاینی جوێیە
بەڵام کردەوە و دادی بەجێیە
هەر ئەو بوو کە وا بە دەست و بردی
بۆ فێرکردنی زمانی کوردی
ئەو فێری کردین کوردی بنووسین
هەواڵی قەومی و میللی بپرسین
هەرکەسێ ئیشی چاکی بۆ کردی
تۆیش چاکی بڵێ گەر کوڕی مەردی
لە خەوی غەفڵەت ئەو ڕای پەڕاندین
ئەم گەنمەی ئەیخۆین ئەو بۆی داچاندین
ئێستەش بە کوردی تەفسیری قورئان
کفرە لای گەلێ نەفام و نەزان
بەڵام بە تورکی یان بە فارسی
گەشکەدار ئەبن بۆیان بنووسی
وا عەرەبیمان کۆڵەکەی دینە
تورکی و فارسی بۆچ وا شیرینە
زەربول مەسەلێک هەبوو لە ناومان
ئەمانخوێندەوە ڕوون ئەبوو چاومان
عەرەبی گەوهەر تورکی هونەرە
فارسی شەکەر و کوردی تڕی کەر
ژیشک بێچووی خۆی لا شل و نەرمە
کەچی بێچووی من مشاری سەرمە
ئەو تێی گەیاندین هوشیاری کردین
ئەم نەزانینەی لەسەر لابردین
هەرکەسێ کەسە حەرفێکی بەسە
گەورەمە هەرکەس کە فریاد ڕەسە
دوژمنیش پەیکۆڵ دەربێنێ لە پێم
گەر خاسی نەڵێم ئەبێ چی بڵێم
چونکە خوا ڕاستە ڕاستی خۆش ئەوێ
هەرکەس ڕاس بڕوا ڕاستیشی تووش دێ
من کە بە ڕەنجی شانی خۆم دەژیم
بۆچ ڕیا دەکەم سا بە تەمای چیم
خۆ من مەئمور نیم بۆ ڕوتبە و نیشان
بەدرۆ خەڵقی بەرمە ئاسمان
بە ڕاستی ژین – یش هیمەتی نواند
بە تەنیا کوردی داچاند و ڕواند
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: ئەم بابەتە بۆ کورد زۆر گرنگە و دەبوو فراوانتر بێت و زیاتری لەسەر بنووسرێت، بەداخەوە لێرەدا لەبەر کورتی بابەتی فەیسبوک، هەوڵدرا کورت بکرێتەوە.
لەڕابردوودا بابەتێکی ترم سەبارەت بە ئاکامی داگیرکراوی و کاریگەری لەسەر لێکۆڵینەوەی کوردی نووسیوە، هەر وەک لەم لینکەدا دەتوانرێت بخوێنرێتەوە
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=660661320636205&set=pb.100000770292893.-2207520000.1468955815.&type=3&theater
سەرچاوەکان
Freire, P (1999) Pedagogy of the Oppressed: 30th Anniversary Edition, AN Aspen Publication, London.
Turner, S. O. (1999) Essential Readings in Nursing Managed Care, AN Aspen Publication, California.
موفتی پێنجوێنی (١٩٨٠) دیوانی موفتی پێنجوێنی، دار الکتب و الوثائق، عێراق.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …