Home / بەشی مێژووی كورد / خۆڵەمێشی نوسراوەکانی ( ماد – میدی ) درا بەدەم باوە .

خۆڵەمێشی نوسراوەکانی ( ماد – میدی ) درا بەدەم باوە .

ظهور-پادشاهی-ماد

خۆڵەمێشی نوسراوەکانی ( ماد – میدی ) درا بەدەم باوە .

ن/ ھێمن حەسەن ڕۆستەم

( ماد – میدیی) : یەکێکن لە نەتەوە دێرینەکانی ڕۆژەڵاتی ناوەڕاست و لەڕەچەڵەکی کوردن، لە سەدەی ٨ ی پ.ز بە سەرکردایەتی ( پاشا دیاکۆ ، دیوسیس-dioces) لەدوای کۆکردنەوەی ھەر شەش ھۆزی ( ھیرۆدۆت: بووسیسی ، پاریتاسیین ، سترۆکاتی ، ئەریزانتی ، بودی ، ماجی . دیاکۆنۆڤ : paretakoni , boussi , magoi, boudloi ,, arzantoi, strouknates) توانی دەوڵەتی ماد دابمەزرێنێت ، ( ئەگباتانا ) ھەمەدانی ئێستە بە پایتەختی دەوڵەتەکەی بناسێنێت .

مادەکان بەچەند ناوێک لە مێژوودا ناویان ھێنراوە :
لای ئاشورییەکان بە ( مادا – medai) ، ( ئەمادای – amedai) ، ( ماتای – matai) ھاتووە. بەڵام لەسەر زاری ئیلامییە نوێیەکان ( ماتا- پە – maya-pe) گۆکراوە ، لای عیبرییە دێریینەکان بە ( مادای ) ، لەسەر زاری فارسەکۆنەکان بە ( مادا) ناویان ھاتووە ، بەڵام بەزمانی یۆنانییەکان بە ( مادی – میدی — madoi-medoi) ، ئەرمەنییە کۆنەکان بە ( مار-ک — mar-k ) و پارسە کۆنەکان بە ( مات – mat ) گۆ کراوە . ( د.ئەحمەد محمود ئەلخەلیل ، ٢٠١٣،ل٣١) .

جوگرافیای خاکی ( ماد – میدییاکان ) :
ھارڤی پۆرتەر ، دەڵێت : ( ڕۆژھەڵاتی ئاشور و باکوری ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتە،کە دەکاتە بەشی باکور و ڕۆژئاوای مەملەکەتی ئێرانی ئەمڕۆ ، سنوری باکوری وڵاتی ئەرمەنستان و دەریای خەزەر و چیای زاگرۆزیش دەکەوێتە سنوری ڕۆژ ئاوایی و باشوریشی نیشتیمانی فارسە ، سنوری ڕۆژھەڵاتی دەستنیشان نەکراوە ، چوونکە باکوری زەویەکی شۆرەکات و چۆڵ بووە و کەسی لێ نێشتەجێ نەبووە ، زۆرترین و باشترین زەوی مادەکان چیایی بووە ، لقەکانی زاگرۆس لە ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو و بیابان درێژ دەبنەوە ، زنجیرە چیایەک لە ڕۆخی دەریای خەزەرەوە ، کە بە ئەلبورس (البرج ) ناسراوە ، لە باشوری ڕۆژئاواوە دەورەی ڕوباری داوە و بەرە و باکور پەلوپۆ دەھاوێت) . ( د.ئەحمەد محمود ئەلخەلیل، ل ٢٩ )

ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم خستنە ڕووی خەتی نووسینی مادەکانە ، چوونکە لەڕێگەی نووسینەوە نھێنی زۆر لایەنی مێژوومان بۆ ئاشکرا دەبێت . بەرلەوەی بچینە ناو بابەتەکە دەمەوێت بڵێم : لە نوسینی ئەم بابەتەدا ھەستی نەتەوەی زاڵ نەبووە بەسەرمدا و تەنھا لایەنی زانستی و بەڵگە باوەڕپێکراوەکانم بەسەرچاوەی ئەم نووسینە داناوە ، لەم نوسینەو نوسینەکانی ترم ھەرگیز نەمویستووە ھەست و سۆزی نەتەوەکەم کارم تێبکات ، چوونکە ھەستی نەتەوەی ناتگەیەنێت بە ڕاستی و دروستی ڕووداوەکانی مێژوو ، بەڵکو ئەوەی دەتگەیەنێت بە ئەنجامێکی دروست ڕێکاری زانستی و بەڵگەی باوەڕپێکراوە ، ئەو نوسینانەی لەژێر کاریگەری ھەست و سۆزی نەتەوەدا دەنوسرێن خزمەت بە نەتەوە ناکات، چوونکە کوردەواری دەڵێت : ( بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت ) ، ڕەنگە بتوانین بۆ چەندساڵێک خەڵک فڕیوو بدەین، بەڵام ڕۆژێک دێت نەوەیەک بێتە پێشەوە و بەدوای ڕاستی و لێکۆڵینەوەی زانستیدا بگەڕێت ، ئەو لێکۆڵینەوە خڕوفاتانەی بەبێ بەڵگە نوسراون وشک ھەڵگەڕێت و وەلا بنرێت ، بۆیە دەڵێم ناکرێت ئێمەی کورد وەک ھەندێ لە نوسەرانی : (عەرەب و فارس و تورک) بنوسین ، ئەوان زۆر ھەوڵیاندا مێژووی کورد بفەوتێنن و بیشارنەوە ، ساڵانێکی زۆر بە ھێزی قەڵەم و تانک و تۆپ لە شێواندنی دۆزی نەتەوەی کورد بەردەوام بوون ، بەڵام نەیان توانی ، چوونکە زۆرێک لە نوسین و لێکۆڵینەوەکانین لە بەرامبەر دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارەکانی کوردستان پوچەڵبوونەوە .
ئەگەر بپرسین ئایا ھیچ پارچە نوسینێک مادەکانەوە بەجێ ماوە تا بزانین بە چی خەتێک نوسیویانە ؟
وەڵامی من دەڵێم نەخێر تا ئێستا ھیچ دەقێکی نوسراوی مادەکان نەدۆزراوەتەوە و بەشاراوەی ماوەتەوە ، ئەوەی مێژوونوسان و لێکۆڵەرەوان دەربارەی خەت و نوسینی ( ماد ) دەڵێن، تەنھا گومانێکی بەھێزە ، ئەم گومانە تاڕادەی یەقینە، لای نوسەرێکی وەک ( دیاکنۆڤ ) کە دەڵێت : ( بەدڵنیاییەوە خەت و کتێب لە ژێر دەسەڵاتی مادەوە بۆ ھەزارەی پێش زاین دەگەڕێتەوە ) . ( دیاکونوف ، ل٤٥١ )

ناشکرێت بڵێین لەبەر ئەوەی بەڵگەی مادیمان لە بەردەستدا نییە ئیتر قسە لەبارەی خەتی نوسینی ( ماد ، میدی) نەکەین و بوونی نییە ، بەدەر لە بەڵگەی مادی من چەند ھۆکارێک بەخاڵ دەخەمە بەردەست تا دڵنیا ببینەوە لەوەی ئایا (ماد ، میدی )ەکان خەتی نوسینیان ھەبووە ؟! ئەگەر خەتی نوسینیان ھەبوو بێت چۆن بووە ؟!

یەکھەم : دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕی :-

دوای ئەوەی ( دیۆسیس ) چووە سەرتەختی پادشایی ، بەمەرسومێکی پادشایی دەوڵەتی ڕاگەیاند و کۆمەڵێ یاسای تایبەت بە پارێزگاری بە خۆی و کۆشک دەرکرد ، لەپێشتردا ھیچ پادشایەک نەبووە ، پاش بەھێزکردنی دەسەڵات و چەسپاندنی یاساکان گرنگی دا بە کێشەی ھاوڵاتیانی مەملەکەتەکەی ، خەڵک لە ڕێگەی نوسرا و نامەوە کێشە و داواکاریەکانیان دەگەیاند بە پادشا . ( Herodotus , P43) .
ئەمەی ھیرۆدۆت دەیڵێت بەڵگەیە لەسەر زمان و خەتێکی بەھێز کە ماد خاوەنێتی .
( موستەحیلە ئیمپڕاتۆرێکی وەک ماد خەت و نوسینی نەبێت ، بەڵام فارس خەت و نوسینیان ھەبێت ) . ( دیاکونوف ، ل٤٥٢
دیارە ئیمپراتۆرێکی بەھێزی لەو جۆرە کە خاوەنی یاسا و ڕێسای خۆی بێت گومان لە نوسینیان ناکرێت ، چوونکە ھیچ دەوڵەتێک یاساکانی بە قسە ناچێت بەڕێوە و پەیڕە و ناکرێت .

دووھەم : زمان :-

زمان ھۆکارێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پێگە و دەسەڵاتی دەوڵەت ، چوونکە یاسا و ڕێسایی دەوڵەت بە زمانێک دەنوسرێت کە زمانێکی باڵایە لە سنوری دەوڵەتەکەدا ، دیارە ئەم زمانەش زمانی میدیی بووە .
زمانی مادی بوو بووە زمانێکی ئەدەبی باڵا بۆ نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی ماد
نەتەوەکانی ژێر بن دەسەڵاتی میدیای سەربەخۆ داوای یەکێتی و یەکبوونیان دەکرد ، ئەم ئارەزووەش زمانی یەکگرتوویان بەھێزتر کرد ، بەم شێوەیە وردە وردە زمانە نوێیەکە ( ئێرانی – میدی کۆن ) لە گشت ناوچەکەدا بوو بە زمانی خێڵەکان و زمانی خۆجێیەتی ) . (د.ئەحمەد محمود ئەلخەلیل ، ل٣٤) .

ئەگەر زمانێک زمانی یەگرتووی دەوڵەتێک بێت و یاسای پێ دەربکرێت ، بەدڵنیاییەوە خەتی نوسینی خۆی ھەیە .

سێھەم : سیاسی و سەربازی :-

پەیوەندی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بە دڵنیاییەوە بەڕێگەیەکی ڕەسمی و زمانێکی نوسراو دەبێت ، دەوڵەتی ماد پەیوەندیەک و ھاوپەیمانیەکی باشی ھەبوو لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ . بەستنی ھاوپەیمانێتی لەنێوان میدیا و ئیلام لە باشوور ، لەنێوان میدیا و بابل لە ڕۆژاوا ، گرنگترین ھاوپەیمانێتی ستراتجی لەتەک پاشای بابلی ( کلدانی ) نابوپولانسەر -nabopolanseer ) دا بوو .( د.ئەحمەد محمود ئەلخەلی، ل٨١)

ئەم سێ پنتەی خستمە ڕوو بەڵگەیەکی بەھێزە بۆ نوسینی دەوڵەتێک بەناوی ( ماد )ەوە ، ئەوەی لێرەدا گرنگە سەرئەنجامێک بخەینە ڕوو تا بزانین بە کوێ گەیشتوین .

سەرئەنجام : –

( ماد) ەکان لە ھەڵکۆڵینی چیاکاندا زۆر لێ ھاتوو بوون بەجۆرێک نەخش و نیگاریان لە بەرد و چیا سەختەکاندا ھەڵکۆڵیوە ، بەڵام لەو جێگانەی کاری ھەڵکۆڵین و نەخشاندنیان کردوە نوسراویان لێ بەجێ نەھێشتوە .
( ھارڤی بۆرتەر ) دەڵێت : ( دەشێت نووسینیان ھەبووبێت و نوسینە ئەسفینیەکانیان ( مسماری) شێوەی نوسینی ئاشورییەکان بووە ، سی وحەوت پیت و بیست و حەوت دەنگی ڕیشەی بووە .

نولد لە کتێبی ( تتبیعات تاریخی راجع بە ایران ) دەڵێت : ( ئەگەر کەتیبەی کوردان بدۆزرێتەوە گوومان دەکرێت لە ڕوانگەی نوسین و زمانەوە ھاوشێوەی کەتیبەی پاشاکانی ھەخامەنشی بێت ) . ( مەردۆخ ، ل٥٩)

بەتێڕوانین و تێگەیشتنی من بۆ مێژووی ماد لە ڕوانگەی نوسین و زمانەوە ( میدی)ەکان خاوەنی زمان و نوسینی خۆیان بوون، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز لە دەوڵەتەکانی دراوسێ ، دەكرێت بەم دوو خاڵە بیخەمە ڕوو :
١- لەبەر ئەوەی ( ماد)ەکان خاوەنی ڕێسا و یاسای تایبەت بە خۆیان بوون ، بەدڵنیاییەوە خاوەنی نوسین و زمان بوون .

٢- ئەو ئاسار و کەلوپەلانەی لە (میدی)ەکانەوە بە جێ ماون ھیچ نوسینێکی ھەڵکەنراوی لەسەر نییە ، پێ دەچێت ( میدی)ەکان لەسەر پێستە نوسراویان ھەبوو بێت ، بەڵام ئەم نوسراوانە لە لایەن حکومەت و دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی (ماد)ەوە فەوتێنراون یاخود حەشار درابن .

———————
سەرچاوەکان :-

١- مێژووی کورد و کوردستان ، ئەیەتوڵا مەردۆخ ، و.زانەر محمد ، چاپی یەکەم ، ٢٠١١.

٢- مەملەکەتی ماد ، د.ئەحمەد محمود ئەلخەلیل، و.حەمە سەعید کەلاری ، ھەولێر ، ٢٠١٣.

٣- تاریخ ماد ، ا.م.دیاکونوف ، ترجمە . کریم کشاوەرزی ، تھران ، ١٣٤٥.

‏٤-.The Histories : Herodotus

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …