Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووى سەدەکانى ناوەڕاستى کورد / ئیبن خەلەکان (خەلەکانی)، ئەو زانا مەزنەی کە شارۆچکەی خەلەکان-ی مەڵبەندی بنەماڵەکەی باش نایناسێتەوە !!

ئیبن خەلەکان (خەلەکانی)، ئەو زانا مەزنەی کە شارۆچکەی خەلەکان-ی مەڵبەندی بنەماڵەکەی باش نایناسێتەوە !!

10661994_844695365566132_7040360635663701138_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
یەکەم جار لە ژیانمدا کە کتێبی ئیبن خەلەکان (خەلەکانی) م بەرچاو کەوت، بە زمانی ئینگلیزی بوو. سەیرەکە لەوەدایە کە مێژووی ئەو کتێبە تەرجومەکراوە دەگەڕایەوە بۆ ساڵی ١٨٤٣، واتە نزیکی سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر خوێنەری ئینگلیز دەرفەتی هەبووە کە بەو کتێبەی خەلەکانی ئاشنا بێت. کەچی نزیکی سێ ساڵێک لەمەوبەر، لەگەڵ کەسێکی کورد دا قسەمان دەکرد، لە کاتی قسەکاندا ووتی خەڵکی شارۆچکەی خەلەکانە، منیش لە لەندەندا بە گوێبیستی ناوەکە شاگەشکە بووم و بە چێژەوە پرسیارم سەبارەت ئیبن خەلەکان (خەلەکانی) لێکرد؛ کەچی وەڵامەکانی نائومێدی کردم. ئەو گووتی نایناسێت، ئەوەی کە ئاگاداریەتی تەنها ئەوەیە کە چەند ساڵێک پێشتر کەسێکی ئاینی هاتۆتە خەلەکان و پێی ڕاگەیاندوون کە کەسایەتیەکی ئاینی گەورە خەڵکی ئەو شارۆچکەیەیە و لەوە زیاتر هیچی تر ئاگادار نەبوو. من لای خۆمەوە وامدەزانی کە خەڵکی ئەو شارۆچکەیە بە تەواوی ئاشنای ئەو زانایەن و منداڵ و گەورەی ئەو شارۆچکەیە، سەروبنی ژیانی دەزانن و شانازی پێوە دەکەن، کەچی بەو جۆرە نەبوو.
لەبەر دوو هۆکار ئەم بابەتەم نووسی، یەکەم یەکلاییکردنەوەی بنەچەی بنەماڵەی ئەم زانایە، لەبەر ئەوەی کە هەندێک لێکۆڵەری کورد دەڵێن کە ناوی “ئیبن خەلەکان” هیچ پەیوەندی بە شارۆچکەی “خەلەکان” ەوە نیە و ئەو ناوە ناوی باپیری ئەو زانایایە و ناوی شوێن نیە و تەنانەت ناوەکە لەبەر ئەوەی کە لە سەرچاوە عەرەبیەکانەوە وەریان گرتووە، بە “ابن خلکان/ئیبن خەللیکان” دادەنێن لەبری”ئیبن خەلەکان”. دووەم بۆ ئەوەی کە زانایەکی تری کورد جارێکی تر بە خوێنەری کورد بناسێنرێتەوە و هەلومەرجی هەشت سەد ساڵ لەمەوپێش و ڕۆڵی زانا کوردەکان و ئەو پەیوەندیە بەهێزەی نێوانیان لە ناوچەکەدا بخرێتە ڕوو.
لە ڕاستیدا هیچ سەرچاوەیەک لە مێژوودا هێندەی کتێبەکەی زانای کورد، ئیبن مستەوفی، ئاماژەی بە بنەچەی ناوەکە نەکردووە. ئەو کتێبە لە ژێر ناونیشانی “مێژووی هەولێر” (تاریخ اربلا)، نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر نووسراوە. ئیبن مستەوفی لەوێدا باس لە کەسێک دەکات بە ناوی “عومەری خەلەکانی” (عمر بن خلکان) و ناوی تەواوی بریتی بووە لە “ئەبو حەفس عومەر کوڕی ئیبراهیم کوڕی ئەبی بەکری خەلەکانی” (ابو حفص عمر بن ابراهیم بن ابي بکر بن خلکان) و لە مانگی دووی ساڵی ١٢١٣ز دا کۆچی دوایی کردووە. ئیبن مستەوفی زانیاریەکی گرنگ سەبارەت بە ڕەچەڵەکی کابرا و دابونەریتێکی کوردی دەخاتە ڕوو و دەڵێت “ئەو سەر بە گوندێکی ناسراوە کە بنەچەی باپیری بۆ ئەوێ دەگەڕێتەوە، هەر لەسەر ڕێگای گەڕاندنەوەی ڕەچەڵەک لەلای کورداندا”. هەروەها ئیبن مستەوفی ئاماژە بەوە دەکات کە عومەری خەلەکانی (عمر بن خلکان) زانایەکی ئاینی بووە و سوڵتان موزەفەرەدینی هەولێر زۆر متمانەی پێ بووە. ئەم زانیاریە لەگەڵ سەرچاوەکانی تردا سەبارەت بە باوکی ئیبن خەلەکانی زانای ئەم بابەتە یەکدەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی کە باوکی ئیبن خەلەکان خۆی مامۆستا بووە لە هەولێر و کەسایەتیەکی ئاینی بووە و متمانەپێکراوی سوڵتان موزەفەرەدین بووە و لە سەرچاوەکاندا تەنها ساڵێک جیاوازی لە نێوان کۆچی دواییاندا هەیە و جیاوازیەکی کەم لە نێوان ناوەکەیاندا بەدی دەکرێت. واتە بە ڕوونی بۆمان دەرکەوت کە باوکی ئیبن خەلەکان هەولێری بووە، بەڵام ناوی بنەچەی بنەماڵەکەیان بەپێی ئیبن مستەوفی وەک دابونەریتێکی کوردانە گەڕێنراوەتەوە بۆ ناوی گوندەکەیان کە ئەمڕۆ شارۆچکەیەکە لە باشوری کوردستان سەر بە پارێزگای سلێمانی کە لە ڕابردووی دێریندا سەر بە هەولێر بووە. ئەم دیاردە تایبەتمەندەی کورد، هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر لە ناو کورد دا پەیڕەو کراوە و ئەمڕۆش پەیڕەو دەکرێت و دیارە مێژووەکەی لە هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر کۆنتر بووە. بە دڵنیایی ئەوە هەندێک لایەنی فەرهەنگیی کوردی خۆ بەستنەوە بە ناوچە دەخاتە ڕوو. ئەم زانایە وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، کوڕی زانایەکی هەولێری بووە کە لە خوێندنگەکانی هەولێردا هەتاوەکو کۆتایی ژیانی لە ساڵی ١٢١٣-١٢١٤ دا وانەی گوتۆتەوە.
ئیبن خەلەکانی بچووک، لە ساڵی ١٢١١ ز دا لە دایکبووە و هەرچەندە نازناوی شەمسەدینی پێ دراوە بەڵام ناوی تەواوی بریتیە لە ئەحمەد کوڕی موحەمەد کوڕی ئیبراهیمی کوڕی خەلەکانی کوڕی باوەک کوڕی شاکەڵ کوڕی حوسەین کوڕی مالک کوڕی جەعفەر کوڕی یەحیا کوڕی خالدی بەرمەکی. هەندێک سەرچاوە بە بەڵخی لە قەڵەم دەدەن، بەڵام بەپێی ئیبن مستەوفی بێت، ئەوان بنەچەیان کوردێکی خەلەکانی بووە. هەر وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت یەکێک لە باوباپیرانی ناوی “شاکەڵ” بووە کە ناوێکی کوردیە و ئیبن خەلەکان خۆی بۆ بنەماڵەی بەرمەکی گەڕاندۆتەوە، ئەوە دووپاتی دەکاتەوە کە بەرمەکیان کورد بوون و ئیبن خەلەکان بنەچەی خێزانەکەی خۆی بۆ بنەماڵەیەکی گەورەی کوردی گەڕاندۆتەوە. هەرچەندیشە هەندێک پێیان وایە کە لەوانەیە ئەو بنەچەیەی بۆ خۆی دروست کردبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە کە ئەگەر وایدانێین دروستیشی کردبێت، ئەو بنەچەی خۆیانی بۆ بنەماڵەیەکی کوردی گەڕاندۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بنەماڵەیە بە دوژمنی عەباسیەکان لە قەڵەم درابوون.
سەرچاوەکان دەڵێن کە پێش مردنی باوکی، لە تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵیەوە باوکی خۆی هەوڵی فێرکردنی داوە و دوایی لای خاتوونێک بە ناوی زەینەب، کە دیارە کوردێکی ناوچەکە بووە، خوێندوویەتی. ئەم زانایە لە تەمەنی لاویدا لە نێوان هەولێر و موسڵدا بەردەوامی بە خوێندن داوە و دوایی لەگەڵ براکەیدا ڕوودەکاتە شاری حەڕان و ئەمجا حەلەب کە ئەوکات یەکێک لە کوڕەکانی سەلاحەدین حوکمی دەکات. ئیبن خەلەکان و براکەی، لەگەڵ خۆیاندا نامەیەکی سوڵتان موزەفەرەدینی حوکمڕانی هەولێر دەبەن و دەیدەن بە قازی بەهادین کە وەزیری کوڕەکەی سەلاحەدین بووە. لە نامەکەدا سوڵتان موزەفەرەدین دەڵێت “چی پێویستە کە بە باشی دەزانیت لەگەڵ ئەم کوڕانەدا بیکە؛ ئەوانە کوڕی کەسێکن کە وەک برا وابووە بۆ من و وەک براش بووە بۆ تۆ. پێویست ناکات هیچ شتێک لەوە زیاتر پێشنیار بکەم.”
ئەو قازیە وەک وەفایەک بۆ هاوڕێیەتی لەگەڵ باوکیاندا، هەتاوەکو مردنی، ئەو و براکەی لە نزیک خۆی لە حەلەب دانابوو. لەوێ سەرەتا لەلای مامۆستایەک دەخوێنێت بە ناوی شێخ جەمال ماهانی کە کوردێکی هەولێری و هاوڕێی باوکی بووە. ئیبن خەلەکان لە حەلەب لای چەندین زانای گەورەی تر خوێندوویەتی و لەوێش زانا و مێژوونووسی کورد، ئیبن ئەسیر دەبینێت و لەبەر ئەوەی کە دۆستێکی نزیکی باوکی بووە، پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵدا دروست دەکات و ئیبن خەلەکان زۆری لێوە فێردەبێت.
ئیبن خەلەکان ڕوو دەکاتە میسر و ماوەیەک دەبێتە یاریدەدەری قازی گەورەی هەموو میسر کە ئەو کات کوردێکی سنجاری بووە بە ناوی بەدرەدینی سنجاری و چەند کارێکی تر لە میسر وەردەگرێت هەتاوەکو لە ساڵی ١٢٦١ ز دا دەبێتە قازی هەموو ناوچەکانی سوریا و لە دیمەشق نیشتەجێ دەبێت. لە ساڵی ١٢٦٩ ز بەهۆی ململانێی سیاسیەوە، لە شوێنەکەی لادەبرێت و دیسان ڕوودەکاتە قاهیرە و لەوێ دەست دەکات بە وانە گووتنەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٢٧٦ ز دا دیسانەوە دەکرێتەوە بە قازی هەموو شافیعیەکانی سوریا و لە پێشوازیەکی گەورەدا بە ئامادەبوونی پاشای دیمەشق و هەموو سەرکردە سەربازی و کەسایەتیەکانی شارەکە لە ساڵی ١٢٧٨ز دا دەگەڕێتەوە دیمەشق. دیسان بەهۆی ململانێی نێوان میرەکان، پاش ماوەیەکی کەم دەستگیر دەکرێت و دوایی پاش ماوەیەکی کەم لێبووردنی بۆ دەردەکرێت و دیسان بۆ ماوەی دە مانگ دەکرێتەوە بە قازی گەورەی ئەو وڵاتە، بەڵام جارێکی تر بەهۆی ململانێی سیاسیەوە لە شوێنەکەی لادەبرێت و دوای ئەوە ئیبن خەلەکان بۆ هەتایی لە ماڵ نایەتە دەر و لە ساڵی ١٢٨٢ز دا کۆچی دوایی دەکات و هەر لە دیمەشق دەنێژرێت.
سەرچاوەکان بە کەسایەتیەکی ڕوخسار جوان و زانایەکی بواری یاساناسی و شارەزا لە زمان و ئەدەبدا باسی دەکەن. کتێبە بە نرخەکەی (وفیات الاعیان)، یەکێک لە باشترین سەرچاوەیە بۆ ناسینی کەسایەتیە هەمە جۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیاتر لە سەد و پەنجا ساڵە تەرجومە کراوە بۆ زمانی ئینگلیزی. ئیبن خەلەکان لەو کتێبەدا هەموو تواناکانی لە بواری مێژوو، ئەدەب، زمان، ئاین، یاسا، هتد. بەکاردەهێنێت و شاکارێک بەرهەم دەهێنێت کە هەتاوەکو ئەمڕۆ باشترین سەرچاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕساتە لە بواری ناسینی کەسایەتیەکاندا.
ئەوەی کە لەم بابەتەدا ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە کە هەڵکشانی دەسەڵاتی کوردی و دوایی سەلاحەدین دیاردەیەکی ناپەیوەست و شەخسی نەبووە، بەڵکو بەشێک بووە لە بوژانەوەیەکی گەورە لە دەسەڵاتی کورد لە ناوچەکەدا کە چەندین ساڵ پێش دەسەڵات وەرگرتنی سەلاحەدین بەرپا بوو بوو و لە قۆناغی جیاوازدا ئەو دەسەڵاتە کوردیە هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە. نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ پێش لەدایکبوونی ئیبن خەلەکان، هەولێریەکان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی هەزەبانیدا لە ناو ئیسرائیلدا شەڕیان لەگەڵ ڕۆمەکان کردووە و کاریگەری فەرهەنگی کوردی لە دێر زەمانەوە هەتاوەکو میسر ڕۆیشتووە و بە ڕوونی دەبینرێت کە لە سەردەمی ئیبن خەلەکاندا قازی گەورەی هەموو میسر، کە دەسەڵاتێکی زۆر گەورەی ئەو سەردەمە بووە، کورد بووە و زۆر لە زاناکانی ئەو ناوچەیە کورد بوون و قوتابخانەکان بە دەست زانا کوردەکانەوە بووە. هەروەها لە ڕێگای ژیانی ئیبن خەلەکانەوە ئەو تۆڕی پەیوەندیەی نێوان زانا کوردەکان ڕوون دەبێتەوە کە هەندێک جار پاڵپشتی دەسەڵاتی سیاسی وەک کوڕەکەی سەلاحەدین و کەسایەتی تری لەگەڵدا بووە و کورد لە ڕووی فەرهەنگی و سیاسیەوە کاریگەری هەتاوەکو میسر ڕۆیشتووە. سەرەڕای ئەوانە هەمووی، ئەمڕۆ زۆر جار فارس و عەرەب بە مافی خۆیانی دەزانن کە زانا و کەسایەتیەکانی ڕۆژهەڵات بە هی خۆیان دابنێن و کورد بۆ هەریەکەیان دەیان بەڵگە بخاتە ڕوو و تەنانەت کورد خۆی گومان دەخاتە سەر ناسنامەی زانا و کەسایەتیە کوردەکانی خۆی. لە سەرو ئەوانەوە، ئەمڕۆ ناکرێت لە جیهاندا ئەم زانایە بناسرێت و لە ساڵی ٢٠١٥ دا و نزیکی هەشت سەد ساڵ دوای لەدایکبوونی، هێندە بەم زانایە نائاشنا بین بەشێوەیەک کە تەنانەت شارۆچکەی مەڵبەندی بنەماڵەی ئیبن خەلەکان کە دەبوو منداڵەکانی هەموو ڕۆژێک پەنجەیان بۆ پەیکەرەکەی ڕابکێشایە، ڕۆڵە زانا مەزنەکەیان بە باشی نەناسنەوە!!
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: وێنەکەی لای ڕاست وێنەیەکی خەیاڵیە و وێنەکەی لای چەپ وێنەی شارۆچکەی خەلەکانە کە بە گەڕان لە گوگڵدا توانیم دەستم بکەوێت.
سەرچاوەکان:
– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
– Encyclopaedia Britannica (2012) Ibn Khallikān [Internet], , Available from: < http://www.britannica.com/EBchec…/topic/280795/Ibn-Khallikan>, [Accessed: 19/01//2015] – Gandhi, M. and Husain, O .(2004), The Complete Book of Muslim and Parsi Names, Penguin Books, India.
– Ibn-Ḫallikān, A. M (1843) Ibn Khallikan’s Biographical Dictionary, 1, Volume, Oriental Translation Fund of Great Britain and Ireland, Paris, France.

About دیدار عثمان

Check Also

جەنگێڪ ڪە موسڵمانانی ناچارڪرد گۆشتی مردووەڪانیان بخۆن!تا دواجار سوارچاڪێڪی ڪورد بوو بە فریادڕەسیان

یوسف نوری. لە ڕێکەوتی 19ی تەمووزی ساڵی 998ز، جەنگی ‘ئافامیا’ ڕوویدا لەنێوان ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی و …