Home / بەشی مێژووی كورد / شارە میدییەکان

شارە میدییەکان

Median_Empire

نووسەر: ئیگۆر میخائیلۆڤیچ دیاکۆنۆف*
لە ئینگلیزییەوە: نەبەز هێمن

… و شای ئاشوور هێرشی بۆ گشت وڵاتان کرد و بۆ “سامەریا” هات و ماوەی سێ ساڵ لە ژێڕ دەسەڵاتی دابوو. لە نۆیەمین ساڵی “هووشیا” شای ئاشوور “سامەریا”ی گرت و ئیسراییلییەکانی بۆ ئاشوور دوور خستەوە و ئەوانی لە “حەڵە” و لە  “خابوور”، ڕووباری “گۆزان” و “شارە میدییەکان” جێگیر کرد.
… و شای ئاشوور خەڵکی لە “بابیلۆن”، “کووتا”، “ئاووا”، “حەمات” و “سیوەرڤەیم” هێنا و لە شارەکانی “سامەریا” لە جیاتی خەڵکانی ئیسراییل ئەوانی نیشتەجی کرد، و ئەمان بوون بە خانەخوێ و خاوەنی “سامەریا” و لەو شارانە نیشتەجێبوون.
“کتێبی دووهەم شاکان” لە تەوراتدا”
(II Kings 17:5-6,24)

ئێستە ڕوون و ئاشکرایە ئەو شایەی دەستی بە سەر”سامەریا”داگرت “شەلمەنسەری پێنجەم” بوو و ئەو پاشایەی خۆی کرد بە خاوەنی “سامەریا”، “سارگۆن” ی دووهەم بوو وساڵەکەشی ٧٢٢ی پێش مەسیح بووە. ئەمەش زانراوە کە دووبارە نیشتەجێکردنی خەڵکانی یەخسیر و گیراو لە لایەن فاتحانی ئاشوور لە وڵاتی ڕەسەن و خۆجێی خۆیان بۆ هەندێ شوێنی دوور لە ئیمپەڕاتۆڕی هەمیشە دەسبەجێ بە داوی سەرکەوتن دا نەبووە.  هەربۆیە ئیسراییلیەکان بەرلە ساڵی ٥/٧١٦ لە “سامەریا” دوور نەخڕاونەوە چونکوو پێش ئەمە شای ئاشووری دەسەڵاتی بە سەر شارەکانی “میدی” نەبووە.

ئەمەش زانراوە کە نیشتەجێکردنی خەڵک بە گشتی بە زۆری لە بەشی ناوەندی ئاشوور بووە، یان جێگیرکردنیان لە ناوچەی سنووری و سپاردنی ئەرکی پاراستنی  سنوور بە چەک و سیلاح لەبەر ئەمنییەتی خۆیان و هەروەها ئەمان ناچار بوون لە شارەکانیان لە دژی دژمنانی ئاشوور بەرگری بکەن.
“خالەخخا” شوێنێکی ناوەندی ئاشوور بوو، لانی کەم لە کۆتایی سەدەی هەشتەمی پێش مەسیح وەک نمونە دەکرێ دەشتی “خابوور” لەگەڵ شاری “گۆزان”(“تەل حەلەف”ی ئەوڕۆ) بهێنرێتەوە. بەڵام شارە میدییەکان لە سەر سنوور بوون.
دانیشتووانی شارە فەتح کراوەکانی “سامەریا” لەو وڵاتانەی ئاشور گرتوونی لە هەندێ سنووری بەرامبەر دەبێ دوورخرابنەوە. بابلییەکان  و کووتی یەکان قوربانی هێرشی یەکەمی “سارگۆن” لە ٧٢٢ یان ٧٢١ی پێش زایین بوون، “حەمات”ییەکان لە ٧٢٠/٧٢١، ناسینەوەی “ئاووا” و “سێفەرڤەیم” هێشتا یەک مەتەڵە، بەڵام ئەوان هەروەها دەبێ لەو وڵاتانەی فەتح کراون بدۆزرێنەوە لە ساڵانی سەرەتایی سارگۆن.

لە سەدەکانی نۆیەم و هەشتەمی زایینی دەستەواژەی “مادای” بۆ تەواوی ئەو وڵاتە دەکارنەدەکرا کە دەبوایە ناوی “میدیا”ی لەسەر دابنێن دوای شۆڕشی ئەشیرەتەکان دژ بە “ئەسەرحەدون” لە ٦٧٠ی زایینی، و سەرهەڵدانی پاشایەتی میدی لە کاتی “خشەتریتا” (فرائۆرتس)، و دواتر ئیمپەڕاتۆڕی ماد بە هۆی “هووەخشترە”(کیاکسار).
دەستە واژەی “ئەمادی” (دواتر “مادای”) یەکەم جار لە ڕۆژانی “شەلمەنسەری سێهەم” ئەو کاتەی شای ئاشووری هێرشێکی لە ساڵی ٨٣٤ بۆ ناو “نامار” لە دەشتی “دیالە” ڕێکخست،  کە لە “بیت خەمبان” باکووری ڕۆژهەڵاتی “نامار” وەژوور کەوتبوو)، و لە پاشان بۆ “پارسوئا”. دەستەواژەی دواتر مانای “سەر سنوور” لە زمانی ئێرانی کۆن دەدات و بۆ هەندێ “مارش” و ڕێپێوانی نیزامی لە ناو کۆمەڵی فارسی زمان دا دەکار کراوە. “پارسوئا” کە “شەلمەنسەری سێهەم” لە ساڵی ٨٣٤ چووەتە ناوی دیار نییە بە وردی مەبەست کام شوێنی جوگرافییە(جیا لەمە کە مانای”سەر سنوور” دەدات) لەگەڵ وشەی “پارس” (“فارس”ی ئەوڕۆیی) زێد و مەڵبەندی فارسەکان، هێشتا کۆچی فارسەکان لە “پارسوئا” بۆ “پارس” نەسەڵمێندراوە و بە دڵنییایی یەوە فارسەکان لە سەدەی نۆیەمی پێش مەسیح لە فارس دا ژیاون. لە “پارسوئا” کە دەبێ لە دەور و پشتی “سلێمانی” هەڵکەوتبووبێ، “شەلمەنسەر” لە دەربەندی چیایێک بەرەو “میسی” تێپەڕدەبێت کە بە ڕواڵەت دەبێ لە سەرچاوەی چۆمی”جەغەتوو” بێ و لێرەوە بڕینی دەربەندێکی تر  بەرەو ڕژهەڵات ئاراستەکەی گۆڕی و هاتە ناو خاکی”ئامادی”، کە ڕەنگە لە سەرووی یان باشووری دەشتی “سفید رود(قزل ئۆزوون) هەڵکەوتبێ و ناوچەکانی “ئارانزیاش” و “خارخار” دەگرێتە خۆی.

لە کاتی “شەمشی ئادادی پێنجەم” ڕەنگە ئاشوورییەکان گەیشتبنە “کاسپییەن” بە درێژایی “سفید رود” و لە ٨٢٨ ئەم پاشایە هێرشێکی نوێی دژ بە میدییەکان(مادای) سازدا. پاش وەرگرتنی باج و دیاری لە “خۆبۆشکیا”(نزیک حەکاری/جۆڵەمێرگی ئەوڕۆ) و ئەشیرەتی جۆراوجۆر لە هەرێمی “ماننا”(باشوورری گۆلی “ورمێ”) و “پارسوئا”(نزیک “سلێمانی”)، “شەمشی ئاداد” لە دەربەندەکانی “گیزیل بوندا(“قافلانکوه” ی ئەوڕۆ) تێپەڕی. لە هەمبەر خۆڕاگری بێ وێنە و بە جەرگی مادەکان ئەو لە نێوان ناوچەکانی “گیزیل بوندا”، “مادای” تێپەڕی(دواتر بە ڕواڵەت لە لایەن “خاناشیروکا” سەرۆکی “سەگبیتو” یان “بیت- سەگبات”ڕێبەڕایەتی دەکرا) و “ئارازیاش”( کە ڕەنگە لە نزیک “هەمەدان”ی ئەوڕۆیی هەڵکەوتبێ). نیزیکەی سی٣٠ سەرۆکی خەڵکانی خۆجێیی لە “مادای” و “پارسوئا” لەو قەوارەیەی “ماننا”ی پێشوو بوو، دیاری و پێشکێشی یان بۆ فاتحان هێنا. لەو حاڵەتەدا هەروەک لە زۆر نموونەی هاوشێوە  لە ناوە تایبەتییەکان و تۆپۆنیمی بەر لە ئێرانی هێشتا زاڵن، هەرچەن بە تێپەڕینی زەمەن توخمی ئێرانی بە هێزتر بوو. وڵاتی “کووت”یان بەو حاڵەش لەگەڵ دەرسەد و هەژمارێک لە بەرزبوونەوەی خەڵکانی ئێرانی زمان بەرەوڕوو بوو.
لە سەردەمی “ئاداد- نیراری” سێهەم، نزیکەی دە ١٠ هێرش و لەشکرکێشی بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژهەڵات لە نێوان ساڵانی ٨٠٩ و ٧٨٨  کرا. بە گوێرەی بەردەنووسێک بە ڕێکەوتی ٨٠٢ی پێش زایین، ئاشوورییەکان دەڵێن دەستیان بە سەر “ئێللیپی”(باشووری “کرماشان”ی ئەوڕۆیی و “ئێلیمای” دواتر، نابێ تەک “ئیلام” یان “سوسیانا”(شوش) تێکەڵ بکرێت، “خاڕخاڕ” “ئارازیاش”(نزیک “هەمەدان”)، “میسی”، خاکی میدییەکان، تەواوەتی “گیزیل بوندا”، “ماننا”(“مونا”)، (پارسوئا”)، “ئالابریا”( لە سەرووی زاپی خواروو”زێی بچووک”)، “ئابدادانا”- بەرەو “ئاندیا” و بە ڕواڵەت دەریای “کاسپییەن”: گشت ئەو وڵاتانەی وەک “نائیری” دەناسرێن. بە سەرنجدان بەوەیکە”خاڕخاڕ” و “ئارازیاش” لێرەدا بەشێک لە خاکی “میدیا” نین: ئەمان لە سەر سنووری “ماد”ی بچووک و خەڵکانی خۆجێیی “زاگرۆس” کە لەوانەیە سەر بە “کووتی” و “هووری”یەکان یان هەندێ تیرە و ڕەگەزی نا ئێرانی تر بن.

ئەمە کۆی گشتی پێشڕەوی ئاشوورییەکان بۆ ناو ڕۆژهەڵات لە بەشی دووهەمی سەدەی نۆیەمدا بوو. هەرچۆنێک بێت تەواوی ئەو ناوچانە  بە کاتی دەسپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لە کۆتایی دەسەڵاتی”ئاداد- نیراری” ڕزگار بوون و ئاشوور دەسەڵاتی بە سەریاندا نەما.
نیوەی یەکەمی سەدەی هەشتەمی پێش مەسیح سەردەمێکی سەخت لە مێژووی ناوخۆیی”ئاشووور”دا بوو، “ماننا” و وڵاتانی دەر و جیرانی وەک “نامار” کەوتنە بەر ئازار و دەستێوەردانی شاکانی “ئۆڕاڕتی”، بەڵام “میدی”یەکانی ڕۆژئاوای چیاکانی “گیزیل بوندا” کەڵکیان لە دەرفەت وەردەگرت. پێشوەچوونێکی تری ئاشوورییەکان  لە ٧٤٤ لە ژێڕ دەسەڵاتی”تیگلات پیلسەر”ی سێهەم دەسپێکرا کاتێ شای ئاشووری هێرشی هێنایە سەر “پارسوئا” و کردی بە پارێزگایێکی سەر بە ئاشوور(وەک “نیکور” یش لە دوایی وەک پێتەختەکەی ناسراوە). کرۆنۆلۆژی پاشایەتی “تیگلەت پیلسەر”ی سێهەم پێویستی بە ڕوونکردنەوە هەیە، بەڵام هەر لەو ساڵەدا بە ئەگەری مومکین ئاشوورییەکان هێرشێکیان دوورتر  بۆ ڕۆژهەڵات لە “ئارازیاش” و قەڵایێکی میدی “زاکروتی” کرد. جیا لەمە، “تیگلەت پیلسەر” داوای کرد تەواوی وڵاتی “ماد”ی بە توانا تاکوو دوورایی چیای “بیکنی”(دەماوەند)، “سەروەرانی شارەکان”(ئێران. ویسپاتی، داهیۆپاتی) دەبێ  باجێکی بەردەوام لە نۆ تۆن بەردی “لاپیس لازولی”(بەردێکی گرانبایی شینە.) و پازدە ١٥ تۆن کەلوپەلی برۆنز بە ئەو بدەن، سفارش و ئەمرێک کە “میدییەکان” بەجێی ناهێنن.

“تیگلەت- پیلسەر” جیا لەمە پارێزگایێکی تری لە ساڵی ٧٤٤ی پێش مەسیح سازکرد،”بیت- خامبان”(ئێران، “کامپەندا{؟} باشووری ناوەڕاستی سەرووی “دیالە”). هەر دووی “بیت خەمبان” و “پارسوئا” وەک بەشێک لە ئیمپەڕاتۆری ئاشوور تاکوو لەناوچوونی مانەوە.

لە ساڵی ٧٣٨{؟} ساڵنامەکانی “تیگلەت- پیلسەر” ئاماژە بە کۆچاندن و دوورخستنەوەی”کووتییەکان”(خەڵکی خۆجێیی و نائێرانی دەشتەکانی زاگرۆس)، و “بیت سەنگی”، و نیشتەجێکردنیان لە باکووری “سوریە” و باکووری “فینیقیە”، کە لەو کاتدا هێڵی پێشەوەی شەڕەکان بوو. ئەو خەڵکە ئاوارەیە بە دڵنیاییەوە لە ماوەی هێرش و لەشکرکێشییەکانی ساڵی ٧٤٤ی پ. ز  بە دیل گیرابوون، لە ناویاندا هەندێ گروپی ئیتنیکی ڕیزکراوە(بە گومانی کەمتر لە “ئاووا” و “سیفەروەیتس” ی “کتێبی شاکانی دووهەم”)، [.II Kings]، هەروەها ئاماژە بۆ ناوی “بوودی”یەکانیش کراوە کە دەکرێ  دانیشتووی “بوودۆ” لە سەر سنووری نێوان “ئیلام” و “بابیلۆنیا” بن، یەکێ لەو تیرە و ئەشیرەتانەی “ماد”(“میدیا”) کە “هیرۆدت” ناوی بردوون.

هێرشی دواتری ئاشوورییەکان بۆ خاکی “میدیا” لە ساڵی ٧٣٧{؟} ، ڕوو دەدات، بەڵام هیچ چەشنە سەرکەوتنێکی بەردەوام یان چێبوونی پارێزگای نوێی ئاشووری  لێ ناکەوێتەوە، ئەوەش ڕێک بە پێچەوانەی نووسراوەی بەردنووسێکی “تیگلەت- پیلسەر”ە، ئەم پاشایە لەخۆبایی ترین شای ئاشوورییە و هاوکات بە نزمترین سەرچاوە لە بواری متمانە بە قسەکانی پێناسە دەکرێت. پاشای دواتری ئاشووری”شەلمەنسەری پێنجەم” بوو، بەڵام لە کاتی پاشایەتی ئەمدا هیچ هێرشێک نەکرایە سەر خاکی “میدیا”.

“سارگۆن”ی دووهەم بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٧١٩بە مەبەستی پشتگریکردن لە “ئیرانزۆ” شای “ماننا”یی کە هاوپەیمانی ئاشوور بوو، بەرەو ڕۆژهەڵات گەشتی نیزامی بەڕێوە برد و دواتر دیسان لە ٧١٦ی پ. ز گەشتێکی تری بەرێوە برد. لەو کاتەا “ئیرانزۆ” دەمرێ و کوڕەکەی بە ناوی “ئازا” لە لایەن گروپی دژە ئاشوور دەکوژرێت. “سارگۆن” دەسبەجێ دژکردەوەی نواند، بەو پەڕی دڕەندەیی و بێ بەزەیی یانە ئەو گروپ و لایەنانە سەرکوت دەکا و لە جیاتی “ئازا” براکەی بە ناوی “ئولوسونۆ” لە تەختی دەسەڵاتی”ماننا” دادەنێت. بەو حاڵەش “ئولوسونۆ” لە لایەن گروپ و لایەنی دژە ئاشوور تین و دنە دەدرێ بۆ وەڕێخستنی شوڕشێکی نوێ و هەر لەو پێوەندییەدا چەند پێشنیار بۆ حکومەتی “ئۆڕاڕتۆ” دەنێرێت. “سارگۆن” هێشتا لە ناوچە دابوو، هەربۆیە بە توندی تێکیان دەشکێنێت و “ئولوسونۆ” سەرەڕای هەڵخڕاندنی شۆڕش دژ بە ئەو، دیسان وەک پاشای”ماننا” لە سەر دەسەڵات دێڵێتەوە. پارێزگای پێشووی ئاشووری “زاموئا”(“زاموئا”ی دەرەکی) ڕۆژهەڵاتی “هەولێر” و “ئەڕەپخە”(“کەرکووک”) هەنووکە تا باکووری- خۆڕهەڵاتی پەڕەیان سەندبوو.

دوای ئەم کارانە “سارگۆن” درێژەی بە گەشتی نیزامی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتدا. لەو پێناوەدا دەستی بە سەر قەڵا و بارەگای”کیشێ سۆ” لە سەرچاوەی ئاوی “سفید رود”(کە دەکرێ حاکمەکەی ناوێکی “بابلی” بووبی کە لەو سەردمدا زۆر سەیر و دەگمەن نەبوو.) و هەوەها چەند شارۆچکەی هاوسێی تری داگرت. ساڵێ دوای ئەمە، “کیشێ سۆ” دەبێتە ناوەندی پارێزگاییکی نوێی ئاشووری.

هەندێ لە خەڵکی “مێدیا”،(“ماد”) بە هۆی کاریگەری سەرکەوتنەکانی”سارگۆن” لە “ئۆڕاڕتۆ و “ماننا” دابڕان، هەربۆیە هەوڵیان بۆ چێکردنی هاوپەیمانییەک تەک “ئیللیپی”دا کە پاشایەتییەکی نیوە ئێرانی لە نزیک”کرماشان”ی ئەڕۆیی،”خاڕخاڕ” بوو کە ئەمان حاکمی پێشووی خۆیان (بە ناوی کۆنی”کیبابە”) وەدەرنابوو لە لایەن “سارگۆن”ەوە دەستی بە سەرداگیرا و بۆ ساڵی داهاتوو قەڵا و باڕەگاکە بوو بە ناوەندی پارێزگایێکی نوێی دیکەی ئاشووری،”خاڕخاڕ” کە بریتی بوو لە “ئەڕانزێشو” (ئەڕازیاش”) و هەژمارێک ناوچەی “میدیا”یی. قەڵا و باڕەگاکە بە شێوەی ڕەسمی ناوی “کار- شارۆکین”ی لە سەر نرا، ئێمە چەند نامە مان لە حاکمی ئەو قەڵایەکە ناوی “مانوو- کی- نینوئا”یە  لەبەردەسدایە. (ABL- 126- 129, 1645, cf. also 556).

گۆرینی ناوچەی”خاڕخاڕ”بۆ پارێزگایێکی ئاشووری دەسبەجێ شوڕشی دانیشتووانی لێکەوتەوە، لەبەروەیکە ئەوان وەک جاران چاوەڕوانی دوورخڕانەوە بۆ وڵاتانی تر و نیشتەجێکردنی خەڵکانی تر لە زێدی خۆیان بوون.  بڵێسەی شۆڕش پاڕێزگاکانی”بیت- خەمبان” و “نامار”یشی گرتەوە، بەڵام لە لایەن”سارگۆن” ەوە سەرکوت کرا، دوای ئەمە”سارگۆن” خەڵکێکی زۆری دوور خستەوە.

وێنەی قەڵا و باڕەگاکانی “کیشێسۆ” و”خاڕخاڕ” لە کۆشکی “دور- شارۆکین” نەخشێندراون و نوسخەی کۆپییەکانیان لە لایەن”بووتا” و “فلاندین”ەوە ئامادە کرابوون. هەربۆیە، لە ناوچەی “زاگرۆس” و خاکی”ماد”، ئاشوورییەکان پێنج پارێزگایان چێکرد،”زاموئا”، “پارسوئا”، “بیت- خەمبان”، “کیشێسۆ” و “خاڕخاڕ”. سەرەڕای هێرشی قووڵ  بۆ کوێستانەکانی ئێران لە ماوەی پاشایەتی سەرکەوتووانەی شاکانی ئاشوور درێژەی بوو، سنوور و کەوشەنی ئیداری ئاشوور بە درێژایی زەمەن نەیتوانی لە سنوور و تخووبی ئەو پێنج پاڕێزگا دەستکردە بۆ لای رۆژهەڵات پەڵ بهاوێت. هەرچنە بە ڕواڵەت لە سەردەمی “سەنخەریب” پارێزگاکانی “کیشێسۆ” و “خاڕخاڕ” تووشی دابەشکاری بوون و کۆمەڵێ لق و پۆی تریان لێبۆوە (بە پێی دەقەکانی زەمەنی”ئەسەرهەدون” و “ئاشووربەنیپاڵ”). “کیشێسۆ” بۆ دوو بەشی “کیشێسۆ”ی بچووک و “مادای”، و “خاڕخاڕ” بە “خاڕخاڕ”ی بچووک، “سەپارادا” و “بیت- کاری”، کە دواتر زۆرتر بە “کار- کاشی” ناوی دەرکرد دابەشبوو. لەو پارێزگایانە  خاکی “میدییەکان”یان دابڕدابڕ کردبوو، هێز و توانایی حاکمانی ئاشووری بەدەر لە شارە دەوڵەمەند و پیتێندراوەکان لە مەترسیدابوو، خەڵکی دەوروبەر گوێڕایەڵ و وەفادار بە سەروەرانی شارۆچەکەکانیان بوون.

شۆڕشی ئەم کەسانە لە کۆتایی ٦٧٠ پ.ز. هەڕەسی بە دەسەڵاتی ئاشوور لە خاکی “میدیا” هێنا(“خشەتریتە” یان “کەشتەریتۆ” لە “کار- کاشی”،”وەهمیاتەرشی”* یان “مامیتیارشۆ” لە “میدیا” و “دووسانی” لە “سەپارادا”) و سەرهەڵدانی پاشایەتی “میدیا” لە لایەن “خشەتریتە”یان “فرائۆرتیس”ی لێکەوتەوە.

هەر بۆیە “میدیا”ی بچووک، “شارە میدییەکان”، پێوەندییان تەک پارێزگاکانی “کار- کاشی”(“بیت- کاری”)، “مادای” و “سەپارادا” هەبووە کە ئەمانیش بە نۆرەی خۆیان سەر بە پارێزگاکانی “کیشێسۆ” و “خاڕخاڕ” لە کۆتایی سەدەی هەشتەم بوون.

لە ساڵی ٧٢١، ساڵنامەکانی “سارگۆن” ئاماژە بە نیشتەجێکردنی بابلییەکان[بۆ سەر خاکی] “خاتتی” دەکەن. لەوکاتەوە دەستەواژەی “خاتتی” لە ئەدەبیاتی ڕەسمی سیاسی ئاشوورییەکان لە سەدەی هەشتەمی پ.ز بە هەر وڵاتێک لە رۆژئاوای “فورات” دەوترا، هەربۆیە  هێرش و لەشکرکێشییەکەی “سەنخەریب” لە ساڵی ٧٠١ ی پ. ز بۆ سەر “ئۆرشەلیم” بە ناوی هێرش بۆ سەر “خاتتی” ناودێڕی دەرکرد.

بۆ ساڵی ٥/٧١٦ بەردنووسەکەی سارگۆن لە وڵاتی “قوبرس” ئاماژە بە کۆچاندنی زۆرەملی دانیشتووانی “خاڕخاڕ” و نیشتەجێکردنی خەڵکی وڵاتانی فەتح کراوی تر لە جیاتی ئەوان دەکا. سەرکەوتنەکانی ساڵانی سەرەتایی “سارگۆن” بریتی بوون لە “سامەریا” ٧٢٢، “بابیلۆنیا” ٧٢١، “هەمات” ٧٢٠، “ماننا” ٧١٩، “شینوختۆ” لە ئاسیای بچووک ٧١٨، و “کەرخەمیش”٧١٧.

هەنووکە بابلی و هەماتییەکان لە “سامەریا” نیشتەجێ کرابوون، هاوکات خەڵکانی شارەکانی “ماننا”ش بۆ “دەمەسکوس”(دیمەشق) لە وڵاتی “خاتتی”بە زۆری کۆچیندران، وادێتە بەرچاو لە “شینوختۆ” هیچ کۆچی زۆرە ملی لەوکاتە دا ڕووینەدابێت. هەر بەو پێیە، بەس “سامەریا” و “کەرخەمیش” دەمێننەوە، هەرچۆنێک بێت ئیسرائیلی و دانیشتووانی “کەرخەمیش” بە زۆرەملی بۆ”خاڕخاڕ” کۆچێندران. بە گوێرەی “کتێبی دووهەمی پاشاکان” بە دڵنیایی یەوە یەکەمینیان مانادار بوو و دووهەمیش هەروەتر.
کە واتە، بە گوێرەی کتێبی پیرۆز(تەورات و ئینجیل) “شارە میدییەکان”، “خاڕخاڕ” و شارۆچکەکانی هاوسێی دەگرێتەوە. وابیر دەکراوە “خاڕخاڕ” هەر هەمان “کارەخەر” دەوڵەت- شارێکی “هوری” هەزارەی سێهەمی پ. ز بێت، بە ڕادەیێک نیزیک لە مێزۆپۆتامیا(چۆماوان) کە ناوچەیێکی گەورەی سنووری لە ژێڕ دەسەڵاتی حاکمی “لەگەش” لە بەشی دووهەمی سەردەمی  “ئوور”ی سێهەم . لە سەردەمی ئاشووورییەکاندا، دراوسێکانی “خاڕخاڕ” لە ڕۆژهەڵات و باکوور “کیشێسۆ” (و دواتر “مادای” و ڕەنگە “کار- کاشی”)، و لە باشووری خۆڕهەڵات “ئیلیپی” و لە باشووری ڕۆژئاوایی  و ڕۆژئاوا بە ڕواڵەت پارێزگاکانی ئاشووری “بیت- خەمبان” و “پارسوئا” بوون. ئەمە  هەڵکەوتنی “خاڕخاڕ” لە شوێنێک لە ڕۆژئاوای هێڵی “هەمەدان- کرماشان” دەزانێت. وێدەچێ ئەو سەر بەو ناوچانە بێ کە دواتر پێیان دەوت”سیرۆمیدیا”( بە قسەی “پتۆلێمی” ،شەشەم، ٢.٦). بە دڵنیایی یەوە هەژمارێک لە دانیشتووانی جوولەکە بوون.
*
ئێستە ڕون و ئاشکرایە کە مێژووی دواتری”دە هۆز”ەکە لە سەردەمی کەونارا و “سەدەکانی ناوەڕاست” و هەتا دەمی ئێستا بووە بە بابەتی ڕەمەکی ترینی گومان وشیمانەکان. بەڵام ئەوە شیمانەیێکی تێچوویە کە ئەمان لەتەک کۆمەڵانی”ئارامی” و خەڵکانی ئێرانی زمانی دانیشتووی ئیمپەڕاتۆری ئاشوور بەدیار دەکەون و بە زوویی شوناسی خۆیان لە دەس دەدەن. مێژووی کۆنی ئیمپەڕاتۆڕییەکانی “ڕۆژهەڵاتی ناڤین”  بە بوونی ئەمان دەسپێدەکات، بەر لە هەموویان ئاشوورییەکان، ئێمە دوو جۆری جێگۆرکێ لە خەڵکانی مەدەنی دیلکراو دەکارین دەسنیشان کەین.

یەکەم جۆر: زۆربەی دانیشتووان و بە تایبەتی ئەوانەش کە بەرپرسیاربوون بۆ خۆڕاگری یان ناتوان لە رزگارکردنی خۆیان لە کۆچی زۆرەملی، بە شێوەی جۆراوجۆر کوشت و بڕ کران، باقی تر بێ هیچ کەل و پەلێک و تەنانەت بە ڕووت و قووتی، کۆت لە مل و جار وبار بە ئەندامی سەقەت کراو و بڕدراو  یان بە کوێرکراوی دوور خڕانەوە.

ئێمە وێنەی ئەو کۆچە زۆرەملییانە لە دەروازە و درگاکانی کۆشکی “شەلمەنسەر”ی سێهەم لە “باڵاوات” ی نەینەوا دەبینین. ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە تەک دیلکراوانی مەدەنی لە سەردەمی “ئاشوور- نەسیرپاڵ” و “شەلمەنسەر”ی سێهەم ئاسایی بووە، لە دوای هێرشی “تیگلەت- پیلسەر”ی سێهەم ئەم شێوازە وەستێندرا، بە دڵنیایی یەوە نەک بە هۆی مرۆڤایەتی، بەڵکوو بەو هۆیە ئاشوورییەکان نەیاندەتوانی چیتر هەزینە و خەرجی ئەو وڵاتانە بکەن کە دەبوونە هۆی پڕبوونی خەزێنەی حکومەتی ئەوان.
جۆری دووهەم: ئەو خەڵکانەی دەکۆچێندران بە زۆری بە پێیان_ هەرچەندە ئاڕەبانەش دەکار دەکران، بەڵام بە جلوبەرگی خۆیان و بڕێکی کەم خواردەمەنی. کۆچی زۆرە ملی لەم چەشنە لە هەندێ نەخشی زەقی سەدەی حەوتەمی پ. ز لە “کۆیۆنجیک” لە نەینەوا دەبیندرێ، و ئەم شێوە لە کۆچاندن لە لایەن “ڕاب- شاکێ”ی “سەنخەریب” بۆ بابەتەکانی”هێزقیاه” تا ڕادەیێک خۆشبینانە  وەسفکراوە: “ئەو کاتەی شای ئاشوور دەڵێ: مەرحەمەتی من وەربگرە و لەگەڵ من وەرە بۆ دەرەوە، لە پاشان گشت ئێوە دەرفەتی خواردنی شەڕاب و هەنجیری دەبێت، و تاک تاکی ئێوە دەتوانێ ئاو لە سەرچاوە بخواتەوە، تا ئەو کاتەی من دێم و دەتانبەم بۆ وڵاتێک لە چەشنی وڵاتی خۆتان، وڵاتی دەخڵ و دان و شەڕاب، وڵاتێ پڕی نان و ڕەز، وڵاتێ پڕی دار زەیتوون و هەنگوین، لەوێ ئێوە ڕەنگە نەمر ببن و بۆ هەمیشە بژین…(“کتێبی دووهەمی پاشاکان” لە تەورات”). (II Kings 18:31_32, Isa. 36:16_17).

کۆچاندنی ئیسرائیلیەکان، بەو حاڵەش بەرەیێک زووتر دەستی پێکردووە لەو سەردەمەی شێوازەکانی”ئاشوور- بەنیپاڵ” بە تەواوی لە بیر نەکرابوون، و ئەو وڵاتەی بۆ ئەوێ دەکۆچێندران لە جێدا هەر جێی سرنج نەبوو. یەکەم لەبەر ئەوەی کە هێڵی-پێشەوەی وڵات بو و دەبوایە بە سوودی شای ئاششوری بەرگرییان لەم  وڵاتە بکردایە. جیا لەمە، وڵاتێک بە دانیشتووانی هاوردە و کۆچپێکراو لەخۆوە دەبوو بە وڵاتێکی وەفادار و خەڵکانی نوێ بە کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی هێلێنی بوون بە کۆچەرانی پاشایەتی( بە زمانی ئەکەدی”شەکنو”)، هاوکات نەدەبوون بە خاوەنی وڵات. خەڵکانی وڵات و زمانی جۆر بە جۆر لێرە تێکەڵ بە یەک دەکران. لە ئاکامدا لە “خاڕخاڕ” بە دڵنیایییەوە دەبێ لە تەنیشت ئیسرائیلییەکان، خەڵکانی ئێرانی زمان، ئارامییەکان،”کووتییەکان”، ئاشوورییەکان و ڕەنگە”لوڤیانس”ەکان لە “کەرخەمیش” بووبن. نووسینگەیێکی خانووبەرە و بژیوی بۆ دانیشتوان چێ ببوو. (بڕوانە بۆ وێنە. لە”کتێبی حەڕڕان دوومسدەی”  نووسینگەی خانووبەرە (وەجاخ کوێر یان ئەوانەی بێ مناڵ بوون!) گامبولانی ئارامی لە سەدەی حەوتەمی پ. ز لە سەرووی ڕووباری دیجلە بۆ ئەوێ دوورخرایەوە.

لە وەها بارودۆخێکدا تەنیا ڕێگەی جێی متمانە بۆ رزگاری دۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش لەتەک دانیشتووانی تر بوو(کە بە دڵنیایی یەوە دەبێ ئارامی بووبێ)، بۆ شوو پێکردن(هەژمارێک ژنی ئیسراییلی دەکرێ دوورخرابنەوە و لە لایەن سەربازانەوە فرۆشرابن)، بۆ خزمەتی پاشای ئاشوور وەک میلیشیا و پاسەوانانی سەرسنوور و بێگاری پێویست بۆ ئیمپەڕاتۆڕی. ئەوە زۆر گرینگە وەبیرهێنانەوەی کۆچاندنی ئیسرائیلییەکان بۆ “خاڕخاڕ” تەنانەت لە زمان “هێزقیا”ی یەکەمیش نەبیستراوەچ بگات بە “هێزقیا”ی دووهەم و “ئێرمیا” و “هیزقیل”. بۆ ئەوان سەرەڕای خواکانیان، خوای مەزنی هۆزی ئیسراییلی لەبەرچاو گیرابوو کە ئەوانی لە وڵاتی وادە پێدراو نیشتەجێکردبوو، ئیدەیێک کە هێشتا بە تەواوی جێی خۆی نەگرتبوو و زاڵ نەببوو، کە خواکانی هۆز و تیرەکانی تر سەروەرانی وڵاتانی تایبەتیان نەبوو، بەڵام دەەکرا بەو شتانە بناسرێتەوە کە وێنەکانیان چێکردبوو، ئەمە بەڵام پەرستنی خواکانی وڵاتێکی نوێ ئاسایی بوو. ئەمە ئەو شتەیە کە بابلی، کووتی و هەماتییەکان لە “سامەریا” کردیان، بە ڕواڵەت هەوڵیاندا خواکانیان بپارێزن، بەڵام دانەری “کتێبی دووهەمی پاشاکان” تەنانەت ناوی دروستیشیان نازانێت. ئەم شتە ڕەنگە بۆ “دە هۆز”ەکەش قەومابێ کە پەیڕوە و درێژەدەری “ئیزرا” نەبون.(2:2, Neh. 7.7)

تەنانەت بە “مۆردەخای” یان “مەردوکیا” بانگ دەکرێ{؟} ئایینی “مەردوک” یان “ئیشتار” بۆ زاگرۆس و تەنانەت قەفقاز لە سەدەکانی هەشتەم – شەشەم پ.ز پشتڕاست کراوەتەوە و نابێ بە هەڵە تێبگەین بۆ دۆزینەوەی شوێنگەیێکی پیرۆزی ئایینی خوای ئیسراییل لە ناو وڵاتیک تەواو جیاواز {؟}. “دە هۆز”ەکە ئەزموونی دیاسپۆڕایان نەبووە و “سیناگۆگە”(کەنیسەی جوولەکەکان )ش تا بە ئێستە نەدۆزڕاوەتەوە.
لەبەرهەمووی ئەمانە، “دە هۆز”ەکە مەحکوم بە توانەوە لە ناو دانیشتووانی ئارامی و ئێرانی زمانی ئیمپەڕاتۆڕی ئاشوور بوون. ئیسراییلیەکانی”دە هۆز”ەکە بە ئاشکرا لە کتێبی “یووداییک”ی “تۆبیت” و دەقەکانی تری دواتر کە لەسەردەمی ئیمپەڕتۆری “ماد” باو بوون  وەک تاپۆ و تارمایی ناو خەیاڵی نووسەر نیشاندراون.
دوورخرانەوەی بابلییەکانی “یوودا” سەر بە جۆری دووهەمی کۆچی زۆرەملییە، و لە جێدا بارودۆخەکە زۆر دڵخوازتر لە پرسی”دە هۆز”ەکە بوو، ئەمان زۆر جاران لە لایەن “ڕاب- شاکێ” لە “کتێبی دووهەمی پاشاکان” و “هزقیا” باسیان لێوەکراوە. “یوودا”ییەکان بۆ سەرسنوو و هێڵی پێشەوە وڵات نەکۆچێندران. هەموویان دوورنەخرانەوە:  سەرەتا ئەوانەی ناچارکران کۆچ بکەن”(پاشا)”یێهۆیاخیم”…، و دایکی و پێشخزمەتەکانی… و هەموو شازادەکان و پیاوانی بە توانای بوێر و دە هەزار دیل_ و  گشت پیشەساز و سەنعەتکار و ئاسنگەران”(کتیبی دووهەمی پاشاکان” ١٤_١٢:٢٤). وادیارە بابلییەکان پێیان خۆش نەبوو لە نیشتەجێکردنی خەڵکی هەژار و ڕووت لە خاکەکەیان کە زۆر جاران ڕێژەیان زۆر بوو. ئەوە بەو مانایەیە کە “نەبوخەد نەزر” گەرەکی نەبوو  کرێکاران و نە ئەو پیاوانەی وەکوو شەخسی دەتوانن لە خزمەت لەشکر دابن. ئەمە ڕاستە بە گشتی “نەبوخەدنەزر” ڕێبەڕایەتی دوورخستەوە، و باقی خەڵک لە شار مابوونەوە و  هەڵاتووان تەک باقی هەژماری خەڵک پەنایان بۆ شای بابل بردبوو(“کتێبی دووهەمی پاشاکان”٢٥:١١)، بەڵام ئەمان ڕادەیان زۆر نەبوو وەک ئەوەی کە لە شاری”ئۆڕشەلیم” دیاربوو.
لە ڕەوتی کۆچی زۆرەملی زەرەر و ئازارێکی زۆر بە تایبەت لە مناڵان کەوت( هەمان سەرچاوە ڵاپەڕەکانی ١٣٧ بۆ ١٣٩). بەڵام ئێمە ئاگادارین کە “یێهۆیاخیم” وەک بارمتە لە کۆشکی شا دا مایەوە و لەم کۆشکەوە نان و ئاویان بۆ دێنا( کە دەبی بوترێ زۆر پتر لەمە بوو  کە شایێک گیرابێ لە لایەن ئاشوورییەکان. هیچ کەس بە کوێلەیەتی نەبرا و ئەگەری هەیە “پیاوانی بوێر” و “پیشەسازان و ئاسنگەران” لەگەڵیان باش جووڵابنەوە، لانی کەم بە گوێرەی تێگەیشتنەکان لە سەردەم : ئەوان چنگی خۆیان لە لق و پۆی داربییەکانی هەوڵاسراوە بە ڕووبارەکانی بابل خستبوو(ڵاپەڕەی ١٣٧)! چارەنووسی زۆربەی کۆچێندراوەکان لە سەردەمی ئەمڕۆدا بە شێوەیێکی بەرچاو خراپ بووە. جێی سرنجە کە تەواوی ئەو کۆمەڵە خەڵکە توانای سەفەری گەڕانەوەیان لە بەر بێ دەرتانی و هەژاری لە سەردەمی “زیروبابێل” و”ئیزرا” نەبووە.

کتێبی “ئیزرا” دەڵێت بڕیاری “کوروش” هەڵگری ئەم ناوەڕۆکە بوو: “لێگەرێ گشت رزگاربوویێک، لە هەر شوێنێک ئیقامەی کاتی هەیە لە لایەن پیاوانی ناوچەی خۆی بە زێو و زێڕ و کەل و پەل و وڵاغ هاوکاری بکرێت، جیالەمە داوای ئازادکردنی خانووی “یەهوە” خوای ئیسراییل دەکرێ.”(“ئیزرا” ١:٤)، و ئەمە “… گشت کەسانێک لەو پیوەندییەدا یارمەتییان دان…”(“ئیزرا” ١:٦) . لەو دەقە، وادێتە بەرچاو کە بە دانیشتووانی خۆجێی بابل ئەمر  کرابێ یارمەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بدەن. ئەگە ئەوەش ڕاست بی، خەڵکانی ئاوارە و دوورخراوە زۆر بە سەختی دەیانتوانی بڕوا و متمانە بە یارمەتی و نیازپاکی بابلییەکان بکەن( تەنانەت لەسەر حیساب و یارمەتی هاونیشتمانانیان کە لە پاش سەریان بە جێیان دەهێشت)، بە تایبەت کە بڕی دەقیقی یارمەتی و پێداویستییەکان دیاری نەکرابوون.

بەڵام بە دڵنیاییەوە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ڕەوانی لێرە بە تەواوی لەوەی سەدەی هەشتەم جیاواز بوو و گەڕاوە بۆ نیشتمان وەک ئەرکێکی گەورەی ئایینی سەیر کرا. جێی سرنجە کە نە “زیرۆبابیل” و نە “ئیزرا” هیچ هەوڵیکیان بۆ گەڕانەوەی “دە هۆز”ەکە نەدا، سەرەڕای زیندووبوونی کوڕ و کچەکانیان کە ناسنامەی خۆیان لە دەس نەدابوو، لە خاکی “میدیا”ش نا بەڵکوو لە “خاڵەخخا” یان لە “گوزانە”. بەڵام زۆربەیان بە شێوەیێکی قەڕەبوو نەکراوە تێکەڵاوی خەڵکی خۆجێیی بوون و ڕەنگە هەرچۆنێک بێت دووبارە کڕینەوەی ئەمان ئەرکێکی گرینگی ئایینی نەبووبێت.
کۆتایی
*تێبینی: ئەم وتارە بۆ یەکەمجارە دەهێنرێتە سەر زمانی کوردی و تا ئەو جێیەی وەرگێڕ ئاگادار بێت نەکراوەتەوە بە فارسیش.
سەرچاوە: بڵاوکراوەی “ئاخ ئاشوور” ژمارە ٣٣، لە نووسینی “مۆردەخای” و “هەییم تەدمۆر”، “زانکۆی عیبری، ئۆرشەلیم”
Refrence : “Ah  Assyria” Number 33,  by Mordechay and Haym Tadmor. 1991 Hebrew Universty, Jerusalem

– See more at: http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=8043#sthash.zYXOOIu9.dpuf

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …