Home / بەشی مێژووی كورد / شوێنێک لەسەر نەخشەی مانگ بە ناوی پاشا و زانای کورد ئەبولفیدا (Abulfeda) وە ناونراوە کەچی زۆرینەی خوێنەواری کورد لەسەر گۆی زەوی و خاکی کوردستان ناوی نازانن

شوێنێک لەسەر نەخشەی مانگ بە ناوی پاشا و زانای کورد ئەبولفیدا (Abulfeda) وە ناونراوە کەچی زۆرینەی خوێنەواری کورد لەسەر گۆی زەوی و خاکی کوردستان ناوی نازانن

شوێنێک لەسەر نەخشەی مانگ بە ناوی پاشا و زانای کورد ئەبولفیدا (Abulfeda) وە ناونراوە کەچی زۆرینەی خوێنەواری کورد لەسەر گۆی زەوی و خاکی کوردستان ناوی نازانن

received_2045097595764386

پێش ئەوەی کە باس لە ژیانی ئەبولفیدای ئەیوبی بکەین، دەبێت پرسیار بکەین کە بۆ هەمیشە ئێمەی کورد ساکارانە سەیری ڕابردووی کەسایەتیە مێژووییەکانمان دەکەین و بە پێوەرەێکی تایبەتی بێ مانا هەڵیان دەسەنگێنین؟ با سەیری چەند نموونەیەکی جیهانی بکەین. ساموئیل بێکێت نووسەرێکی جیهانی بە ڕەگەز ئیرلەندەیە و یەک وشەی بە زمانی ئیرلەندی نەنووسیوە؛ هەموو کارەکانی بە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی نووسیوە و بەشی زۆری ژیانی لە فەرەنسا بەسەر بردووە کەچی هەموو جیهان بە ئیرلەندی دادەنێت و ئیرلەندیەکان شانازی پێوە دەکەن. بە هەمان شێوە جەیمس جۆیس، دیسان نووسەرێکی جیهانی بە ڕەگەز ئیرلەندیە و ئەویش یەک کاری بە زمانی ئیرلەندی نەنووسیوە و سەرەڕای ئەوە، جیهان و ئیرلەندیەکان بە ئیرلەندی دادەنێن و بۆ ساتێکیش کەس پرسیاری لە ڕەگەز و ئیرلەندی بوونی ئەو دوو کەسە نەکردووە. چەندین کەسایەتی ئیرلەندی تریش بە هەمان شێوە بە ئینگلیزی نووسیویانە و ئەوە لە ئیرلەندی بوونی کەم نەکردوونەتەوە.
ڕاستە زمان بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی نەتەوە و تاکەکان بەڵام تاکە پێوەر نیە و مەرج نیە بێ بوونی ئەو مەرجە کەسێک ناسنامەی نەتەوەیی خۆی لە دەست بدات. بەڵام ڕوانگەی کورد و هەڵسەنگاندنی کەسایتیەکانی لەسەر بنەمای کاردانەوەیەکی توڕە لە ناعەدالەتی دابەشکردنی وڵاتی کوردستان و ڕوانەگەیەکی سەرپێیی بێ بناغە دانراوە. بۆیە وەک بەشێک لەو کاردانەوەیە، زۆر جار تاکی کورد هێرش دەکاتە سەر خەڵکانی وەک سەلاحەدینی ئەیوبی، نیزامی گەنجەوی، ئیبن خەلەکان، ئیبن ئەسیر و زانا کوردەکانی تر و پرسیار دەکەن کە بۆ ناوەکانیان عەرەبیە یا بۆ بە کوردی نەیان نووسیوە یان بۆ هیچیان بۆ کورد نەکردووە؟ بێ ئەوەی کە بزانن ئەو کەسانە کێ بوون و چیان کردووە و هەلومەرجی سەردەمەکانیان هیچ خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێت و لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە سەبارەت ژیانی ئەو کەسانە بکرێت.
بۆ نموونە بەپێی مێجەر سۆون، کە لە نزیکی ساڵی ١٩١٢ دا هاتۆتە کوردستان، هەندێک لە ئەندامانی خێڵی جاف و هەمەوەند، شانازیان بە کورد بوونیان کردووە بەڵام ڕەچەلەکی خۆیان بۆ عەرەب گەڕاندۆتەوە و تورکە سونیەکانیش هەر بە هەمان شێوە ڕەفتاریان کردووە. هۆکارەکەشی ڕوونە کاریگەری ئاینی ئیسلام بووەتە هۆی ئەوەی کە تورکە سونیەکان و هەندێک لە کورد ڕەچەلەکی خۆیان بۆ عەرەب بگەڕێنێننەوە. ئایا ئەمە هیچ کات گومان دەخاتە سەر کورد بوونی ئەندامانی ئەم دوو خێڵە کوردیە یان تورکەکان؟ بە دڵنیایی نەخێر. بەڵام ئەگەر خوێندنەوە بۆ هەلومەرجی ئەو سەردەمە نەکرێت، ئەوا لە هەڵسەنگاندماندا دەکەوینە هەڵەوە.
بە گشتی تاکی کورد لە هەڵسەنگاندنی کەسایەتیە مێژووییەکانیدا، نە سەردەم دەخوێنێتەوە و نە ڕەچاوی هەلومەرجی ڕابردوو دەکات. بەو جۆرە کورد کاردانەوەیەکی توندڕەوانەی سەبارەت ناسنامەی خۆی هەیە و دەرئەنجامەکەی بووەتە هۆی ڕەتکردنەوەی کەسایەتیە کوردیە مێژووییەکان و ئەوەش بووەتە مایەی خۆ داپچڕان و نائاشنابوون سەبارەت بە ڕابردووی دەوڵەمەندی خۆی. کورد بە گشتی فەرهەنگی ئەمڕۆی جودا کردۆتەوە لە فەرهەنگی ڕابردووی دێرینی و بە دڵنیایی خۆداپچڕانیش هۆکارێکە بۆ دروسبوونی بۆشاییەک لە فیکر و ناسنامەی کوردیدا. بۆیە ئەمڕۆ بە گشتی کورد سەبارەت ناسنامەی خۆی تووشی قەیران بووە.
گەر تاکی کورد بە فەلسەفەی ئیشراقی سورەوەردی و ڕوانگەی فیکریی ئیراهیمی شارەزووری، باڵوڵی مایی، شەمسەدینی شارەزووری و چەندین لە زاناکانی تری کورد ئاشنابوایە، ئەوا لەو ڕێگایەوە دەیتوانی بەردەوامیەک بە ڕوانگە و بۆچوونی مێژوویی خۆی بدات و ئەو بینا فیکری و فەلسەفیەی کە دوای هەزاران ساڵ بوو دایڕشتبوو، دەیتوانی خۆی پێوە گرێ بدات و ئەو بۆشاییە فیکریە پڕ بکاتەوە کە لە ئەنجامی ئەم دابچڕانە دروست بووە کە بە تایبەتی لە دوای ئەم نەوەد ساڵەی دابەشبوونە سەری هەڵداوە.
بابێینەوە سەر بابەتە سەرەکیەکە کە ژیانی زانا و پیاوی دەوڵەت، ئەبولفیدا- یە. ئەم زانا کوردە ناوی تەواوی بریتیە لە ئیسماعیل کوڕی عەلی کوڕی مەحمودی مالیکی ئەیوبی- یە و لە نێوان ١٢٧٣ -١٣٣١ دا ژیاوە و لە شاری دیمەشق لە دایکبووە. لە تەمەنی منداڵیەوە خراوەتە بەر خوێندن، لە هەمان کاتدا لە تەمەنی نزیکی دوانزە ساڵیەوە بەشداری جەنگەکانی ئەو سەردەمەی کردووە. بە تایبەتی زۆربەی جەنگەکانی دژی خاچپەرستەکان بووە و لە دواییدا لە ژێر دەسەڵاتی مەملوکەکاندا دەبێتە میری شاری حەمای سوریا کە هەر پشکی خێزانەکەیان بووە و لە ١٣٢٠ نازناوی سوڵتان- ی وەرگرتووە. ئەبولفیدا پیاوێکی دەوڵەتیی بە توانا بووە و یەکێک لەو کەسانە بووە کە دەسەڵاتی ئەیوبیەکانی بەشێوەیەکی تەواو لەو ناوچەیەدا گەڕاندۆتەوە.
ئەبولفیدا خاوەنی کۆمەڵێک شاکارە کە بووەتە هۆی ئەوەی لە ئاستی جیهاندا وەک کەڵە زانایەک سەیر بکرێت. دوو لە گرنگرترین شاکارەکانی بریتین لەم دوو کتێبە:
– تقويم البلدان، کتێبێکی نایابی جوگرافیایە.
– المختصر في أخبار البشر – تاريخ أبى الفداء ، کتیبێکی نایابی مێژووە.
لە ساڵی ١٦٥٠ دا بەشێک لە کارەکانی تەرجومەکراوە بۆ زمانی ئەوروپی و زانا ئەوروپیەکان ئاشنای کارەکانی ئەم زانا بلیمەتە بوون. کتێبەکانی ئەبولفیدا لە سەدان کتێبی ئەوروپیدا وەک سەرچاوەیەکی بڕوا پێکراو و زانستیی سوودی لێ وەرگیراوە. لەبەر ئەم هۆیە و بە هۆی گرنگی شاکارەکەی سەبارەت بە جوگرافیا، لە ناونانی شوێنەکانی بەشەکانی سەر نەخشەی مانگدا و وەک ڕێزێک بۆ ئەم کەڵە زانا کوردە، شوێنێک بە ناویەوە بە (ئەبولفیدا Abulfeda) ناونراوە (بڕوانە وێنەی سەرمانگ).
دەبوو ئەمڕۆ لە وانەی مێژوو و جوگرافیا و لە قوتابخانەکانی کوردستاندا لاوان ئاشنای ئەبوفیدای زانا بکرانایە و لە زۆر شوێندا پەنجەمان بۆ پەیکەری ئەو کەڵە زانا جیهانییە کوردە ڕابکێشایە، بەڵام بە داخەوە هەر لە دەرئەنجامی ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەتادا باسکرا، ئەم کەڵە زانایە لەسەر گۆی زەوی و خاکەکەی خۆی، زۆری

زۆرینەی خوێنەرانی کورد ناوی نازانن.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: وێنەی بەکارهاتووی ئەبولفیدا خۆی لەکەڵ ئەو تێکستەدا، وێنەیەکی خەیاڵیە و رابردوویەکی مێژوویی نیە.
وێنەکەی تر وێنەی سەر ڕووی مانگە و دەبینرێ که شوێنێک لەیەر ڕووی مانگ بەناوی ئەو کەڵە زانا کوردەوە ناونراوە.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …