Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / مێژووی هەزاران ساڵەی ناوچەی جزیرە

مێژووی هەزاران ساڵەی ناوچەی جزیرە

FB_IMG_1455639407488

مێژووی هەزاران ساڵەی ناوچەی جزیرە

نووسینی سۆران حەمەڕەش

ماوەیەکە بە مەبەست وازم لە نووسین لەسەر فەیسبوک هێناوە، نەک لەبەر ئەوەی کە بابەت ئامادە نیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دەمەوێت کتێبە نوێ مێژووییەکم تەواو بکەم کە کاتێکی زۆری پێویستە و فەیسبوک کاتێکی زۆرم دەبات. بەڵام کە ڤیدیۆی ڕەشەکوژی کوردان و مامەڵەی  نامرۆڤانەی تورکان بەرامبەر بە باکور و بێدەنگی جیهان دەبینیم، توڕەیی دام دەگرێت و دەمەوێت ئەوەی کە لە توانای مندا هەیە بیکەم. تاقە چەکیش کە بە منە، مێژووە. بۆیە هەوڵ ئەدەم ئەو توڕەییە بکەم بە نووسینەوەی مێژووی کورد. بە تایبەت مێژووی ئەو دەڤەرەی کە ئەمڕۆ تورکان ئەو کارە نامرۆڤانەی تێدا دەکەن و سەرەتاکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و بناغەی فەرهەنگی کوردی تێدا هەڵقوڵاوە.

 

ناوی ناوچەی جەزیرە، هەتاوەکو پێش هاتنی ئیسلام، لە سەرچاوە یۆنانی و ئارامیەکاندا تۆمار کراوە. لە سەرچاوە یۆنانیەکاندا بە شێوەی (گۆردیان) و لە سەرچاوە ئارامیەکاندا (بیت قاردو). یۆنانیەکان ناوەکەیان وەک خۆی لە کوردەوە وەرگرتووە و وەک خۆی تۆماریان کردووە. ناوەکە پێک هاتووە لە (گۆرد/کورد+ یان). پاشگری (یان) هەمان مانای (ستان) ی هەیە بۆیە ناوەکە لە زمانی ئارامیشدا هەر تەرجومەی هەمان ناوە. (بیت) هەر مانای (ستان/یان/دەبەر) دەدات و ئارامیەکان بە کورد دەڵێن (قرد/قارد). بەو جۆرە ناوەکە “کوردیان”، هەر هەمان مانای (کوردستان) ی هەیە بە شێوە دێرینەکەی. بۆیە زۆر جار کتێبە ئینگلیزیەکان کە لە لە ئارامیەوە تەرجومە کراون، ناوی “بێت قاردو” ی ئارامی بە ئینگلیزی دەکەنە “خاکی کورد” Land of the Kurd.

 

لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا سەرەتا عەرەبەکان لە ژێر کاریگەری زمانی ئارامیدا لە سەرجاوە ئیسلامیەکاندا ناوچەکە لە (بیت قاردو) ی ئارامیەوە کرابووە (بقردی) و دواتر ناوەکە کراوەتە عەرەبی و گۆڕاوە بۆ جەزیرە، لەبەر ئەوەی کە ناوچەکە دەکەوێتە نێوان دوو ڕوبارەوە. ئەلواقدی دەڵێت ئەو ناوچەیە بە ناوی پیاوێکەوە ناونراوە کە ناوی (عەبدولعەزیز ئیبن ئەلعومەر) بووە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە (جەزیرەت ئیبنەلعومەر). ئەمڕۆ لە ئەنجامدا ناوەکە بووەتە (جەزیرە) و کرمانج بە گشتی پێی دەڵێن (جیزێ).

 

مێژووی شارستانیەت لە ناوچەی جەزیرەدا زۆر دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی دە هەزار ساڵێک لەمەوبەر. بەڵام لەبەر ئەوەی کە مێژووی نووسین نزیکی پێنج هەزار ساڵە، هەر نزیکی پێنج هەزار ساڵیش لەمەوبەر ئەو ناوچەیە بە شێوەی  Land of Karda (خاکی کاردا) لە تێکستی سۆمەریدا باسکراوە. دواتر نزیکی سێ هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر وەک Kurda “کوردە” لە ئەرشیفی ماریدا ناوی هاتووە وەک دەسەڵاتێکی ناوچەیی میتانی و نازناوی پادشاکەی بریتی بووە لە (شەر کوردە)، کە بە زمانی هوری/میتانی نازناوەکە مانای “سەرکردەی کوردە” ی داوە. ناوچەی “کوردە” یەکێک بووە لە حەوت دەسەڵاتە ناوچەییەکانی میتانیەکان.  خوداکەی لە شێوەی کێردێکدا بووە، ئەوەی مایەی سەرنجە هەڵکەندراوی ئەو خودا دێرینە کە هەندێک جار بە نێرگەڵ تۆمار کراوە، لە باکوری کوردستاندا لە شوینێکی وەک یەزلیکایەدا لەسەر بەرد هەڵکەندراوە و ماوە. کەچی هەتاوەکو سەرەتای سەدەی بیستەمیش هەندێک لە هۆزە زازا و ئێزدیەکان، جۆرێک لە ڕێوڕەسمی دێرینی کوردیان مابوو و خەنجەرێکیان لە زەوی دەچەقاند و ڕێوڕەسمێکی پیرۆزی ئاینیان بە دەوریدا دەگێڕا.

 

لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی ئاشوریدا چەند جارێک لە پەلاماری ئاشوریەکاندا، ناوچەی جەزیرەی ئەمڕۆ بەشێوەی “کورتێ” ناوی هاتووە. وەک دەبینرێت، ناوەکە هەر “کورد/کارد” بووە، بەڵام بە پێی زمانی ئەو خەڵکانەی کە تۆماریان کردووە، تۆزێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بەوجۆرە ناوەکە لە سەرچاوەکاندا بە دروستی هاتبوو هەتاوەکو دوو هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر، کە لەلایەن کەسایەتی سەربازی و مێژوونوسی یۆنانی زەینەفۆنەوە، ناوەکە تێکدراوە و ئەو بە شێوەی “کاردۆخی” ناوی بردووە.

 

سترابۆ کە خۆی خەڵکی سنووری باکوری کوردستانی ئەمڕۆیە و بە زمانی یۆنانی نووسیویەتی، نزیکی چوار سەد ساڵ دوای زەینەفۆن و زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، ناوەکە چاک دەکاتەوە و دەڵێت ” نزیک ڕوباری دیجلە ئەو شوێنانەن کە سەربە گۆردیایی (Gordyæi) ن، کە پێشینان پێیان دەگووت کاردوخی (Carduchi)”. واتە سترابۆ تۆمارە هەڵەکەی زەینەفۆنی ڕاست کردۆتەوە و کردوویەتی بە گۆردیایی و لای یۆنانیەکان ناوچەکە بە پاشگرەکەوە کراوەتە (کۆردیان/کوردیان/گۆردیان). وەک پێشت ئاماژەی پێکرا، ئەم ناوە هەمان مانای “کوردستان” دەدات.

 

بەهۆی پەیوەستبوونی ئەم ناوچەیە بە چیرۆکی نوحەوە، جگە لەو سەرچاوە دێرینانەی کە پێشتر ئاماژەی پێکرا لە سەرچاوە ئاینیەکانی وەک تەورات، لە سەرچاوە کریستیانەکان و ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوەی ئیسلامی و لە قورئانیشدا ناوی ئەو ناوچەیە تۆمار کراوە. لە قورئاندا ناوی شاخەکە بە شێوەی (جود) تۆمارکراوە، بەڵام لە سەرچاوە کریستیانەکاندا هەمان شاخ بە “کاردو” ناوی هاتووە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد بە هەردوو ناوی “کورد” و “جود/گود/گوت” ئاماژەی پێکراوە، بۆیە هەمان شاخ بەو دوو ناوە جیاوازەوە ئاماژەی پێکراوە.

 

سترابۆ دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر ئاماژەی بە سێ شاری ئەو دەڤەرە کردووە، یەکێک لەوانە “پێناکا/فنیک”. سترابۆ بە تایبەت باسی پتەوی قەڵاکانی ناوچەی جەزیرە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکەکەی لە هونەری قەڵا دروستکردندا زۆر بە توانا بوون  و قەلاکانیان زۆر بەهێز بووە و هەروەها لە دەزگای تایبەت بە قەڵا گرتنیشدا هەر تایبەتمەند بوون. ئەوەی کە مایەی سەرنجە هەتاوەکو نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر کتێبێک هەبووە بە ناوی (الاکراد و القلاع) “کورد و قەڵا” کە لە کتێبی “فهرست” ی ئیبن نەدیم- دا ئاماژەی پێکراوە. واتە ئەو تایبەتمەندیەی کورد لەو ناوچەیەدا دواتریش لە سەرچاوەکاندا تۆمارکرابوون. بە داخەوە ئەو کتێبە هەتاوەکو ئەمڕۆ نەدۆزراوەتەوە.

 

قەڵای (پێناکا/فنک) کە سترابۆ ئاماژەی پێکردووە، ئەلقەلقەشەندی لە سەدەی چواردەیەمدا ئاماژە پێ دەکات وەک قەڵایەکی دەستی کوردان و بە هەمان شێوە شەرەفخانیش لە سەدەی شانزەیەمدا ئاماژەی بەو ناوچەیە دەکات و دەڵێت چوار هۆز لەو ناوچەیەدا کە ناوچەیەکی دەڤەری جەزیرەیە، حوکمڕان بوون.

 

نزیکی دوو هەزار و سەد ساڵ لەمەوبەر، مێژوونووسی یۆنانی بلوتارک، ئاماژەی بە پاشای ناوچەی کوردیان کردووە کە ناوی (زۆربان/زۆرڤان/زۆروان) بووە کە شانبەشانی پاشای مید و هەزەبانی هاوکاری پاشای ئەرمینی تیگران-یان کردووە لە جەنگیدا بەرامبەر بە ڕۆم. لە سەدەی دووەمی زاینیدا ناوی پاشای کوردیان هاتووە بە شێوەی (مانیسەر) کە دەسەڵاتی زۆر فراوان بووە و بەشێکی زۆر لە وڵاتی ئەرمینیای گرتووە. ئەم پاشایە هەوڵی داوە کە هاوپەیمانێتی لەگەڵ تراجانی قەیسەری ڕۆمدا بەهێز بکات لە دژی پاشای ئەشکانی.

هەروەها لە سەدەی چوارەمی زاینیدا پاشایەکی تری ئەو ناوچەیە بە ناوی (جوانیان/جڤانیان) ناوی هاتووە کە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆمەکاندا بەهێز بووە. بەو جۆرە هەتاوەکو هاتنی ئیسلام ناوەکەی بە شێوەی کوردیان هێشتبوەوە. لە ڕاستیدا بە درێژایی مێژوو ناوی ئەو ناوچەیە بە کوردەوە بەسراوە و ناوچەیەک بووە وەک دڵی کوردان.

 

گرنگی ئەو ناوچەیە ئەوەیە کە شاخی جودی لە خۆ گرتووە، کە کەشتیەکەی نوحی لەسەر گیرساوەتەوە. لە ڕاستیدا چیرۆکی نوح، چیرۆکێکی دێرینی خەڵکی شاخەکانی کوردستانە و بۆ هەزاران ساڵ چیرۆکی لافاوێکی گەورە لەو ناوچەیەدا وەک ئەفسانەیەکی دێرین گێڕاوەتەوە.  لە سەردەمی دێریندا پێشبینیکردنی لافاو و دیاردە سروشتیەکان، خەڵکی زانای ویستووە و نوح کابرایەکی زانای ئەو ناوچەیە بووە. ئەو بەهۆی چاودێریکردنی ئاسمان و گۆڕانە سروشتیەکان، پێشبینی ئەو لافاوە گەورەیەی کردووە. ئەو ڕووداوە هێندە گەورە بووە، بۆ هەزاران ساڵ وەک ڕووداوێکی مێژوویی دەماودەم باسکراوە. بەڵام یەکەم جار لە مێژوودا ئەو چیرۆکە لەلایەن سۆمەریەکانەوە نزیکەی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر ئاماژەی پێکراوە (بڕوانە وێنەکەی دەستی چەپ). لە تۆماری سۆمەریدا، “نوح” ناوی “زیوسودرا” بووە. لە ڕاستیدا چیرۆکی “زیوسودرا” هەر هەمان چیرۆکی نوحە بە جیاوازیەکی زۆر کەمەوە. نەتەوە سامیەکان کە ڕوویان کردۆتە کوردستان، ئەو چیرۆکە داستانێکی مەزن بووە لە ناو خەڵکدا و ئەوانیش هەندێک گۆڕانیان تێدا گرتووە و ناوی ئەو کەسایەتیەیان کردۆتە “نوح”. بەو جۆرە ئەو چیرۆکە چووەتە ئاینی جوو، دوایی کریستیان و ئەمجا ئاینی ئیسلام. تەنانەت لە تەوراتدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە پاشای ئاشوری ڕووی کردۆتە شوێنی ئەو کەشتیە و  لەو ناوچەیە ویستوویەتی قوربانی پێشکەشی پاشماوەی کەشتیەکە بکات.

 

لێرەدا لەسەر فەیسبوک هەر هێندە دەتوانرێت بگووترێت. ئەوەی کە جێی گومان نیە، ئەو ناوچەیە لە سەرەتای شارستانیەتەوە هەڵگری ناوی نەتەوەیی “کورد” بووە و ئەمڕۆش وەک ناوجەرگەی فەرهەنگی کوردی لە باکوردا خۆی دەنوێنێت. ئەو ناوچە دێرینە نەک مێژووی کورد، بەڵکو بەشێک لە شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە ژێر خاکەکەیدا هێشتا نەدۆزراوەتەوە و بە داخەوە ئەمڕۆ لەسەر خاکەکەیدا تورکەکان ڕەشە کوژی ئەو خەڵکە دەکەن کە لەسەرەتای شارستانیەتی مرۆڤایەتیەوە ئەو فەرهەنگە ڕەسەنەیان پاراستووە و ئەمڕۆش ئەو ڕەگە قوڵە لە هەڵسوکەوتی خەڵەکەکیدا بەرچاو دەکەوێت کە ژن و پیر و منداڵیشیان پاڵەوانێتی و بەرخودانێکی مێژوویی بەرامبەر تورکی داگیرکەر تۆمار دەکەن.

 

ئەمڕۆ کوردیان/جیزرێ بریندارە و خەڵکەکەی ماندووە، بەڵام بە دڵنیایی ڕەگی دێرینی فەرهەنگی کوردی لەوێدا بە سەدان داگریکەری وەک ئاشوری، عەجەم، یۆنانی، ڕۆم و عەرەب….  هەڵنەکەندراوە و تورکیش بە هەمان شێوە ناتوانێت ئەو ڕەگە قوڵەی ناوجەرگەی فەرهەنگی کوردی و وڵاتەکەی هەڵبکەنێت. بە دڵنیایی ئەو ناوچەیە جارێکی تر زیندوو دەبێتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانرێت تێیدا شاری “کوردە” ی میتانی بدۆزرێتەوە کە سێ هەزار وهەشت سەد ساڵ لەمەوبەر پاشاکەی نازناوی “سەر کوردە” ی هەبووە و دەیان شوێنەواری دێرینی تری بدۆزرێتەوە و دەنگبێژەکانی بتوانن چیرۆکی تاوانی تورکان بۆ نەوەکانی تر بگێڕێنەوە و بێ دەنگی کورد و جیهانیش شەرمەزار بکەن.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

 

تێبینی:

– سەرچاوە مێژووییەکانی ئەم بابەتە لە کتێبی “کورد کێیەدا؟” دا خراوەتە ڕوو و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، مێژووی نەبچڕاوی دەوڵەتی کوردیان خراوەتە ڕوو.

– وێنەکەی دەستی چەپ وێنەی چیرۆکی لافاوەکەیە کە لەسەر قوڕی سۆرەوەکراو تۆمارکراوە و بە کامێرای خۆم لە مۆزەخانەی بەریتانی وێنەگیراوە. وێنەکەی دەستی ڕاست وێنەیەکی خەیاڵی چیرۆکی نوحە.

– داوای لێبوردن لە خوێنەرانی بابەتەکانم دەکەم لەبەر ئەوەی کە نووسینی بابەتی نوێی مێژوویی بە تەواوەتی لەسەر فەیسبوک کەم دەکەمەوە، هەتاوەکو تەواوکردنی کتێبە نوێکەم لەسەر مێژووی کورد بە زمانی ئینگلیزی.

 

About زريان احمد

Check Also

بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری بەشی دووەم لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. …