Home / بەشی مێژووی كورد / تۆڕێکی ماسیگرتنی تەمەن 8500 ساڵ، کە بە کۆنترین لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا دادەنرێت، لە کوردستان/بێستان سوردا دۆزراوەتەوە

تۆڕێکی ماسیگرتنی تەمەن 8500 ساڵ، کە بە کۆنترین لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا دادەنرێت، لە کوردستان/بێستان سوردا دۆزراوەتەوە

سۆران حمه‌ ره‌ش
پێم وایە بە دەگمەن شوێن هەبێت لە جیهاندا کە هێندەی کوردستان گرنگ بێت بۆ ئاشنابوون بە سەرەتای دەستپێکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی. ئەو ناوچەیەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێن کوردستان، بەشی سەرەکی ئەو ناوچەیەیە کە زاناکان بە نیوە مانگی بەپیت (Fertile Crescent) ناوی دەبەن. بۆیە ئەمڕۆ بۆ تێگەیشتن لە سەرەتای دەستپێکردنی نیشتەجێبوون و دەستپێکردنی کشتوکاڵ، زۆرجار لێکۆڵەران ڕوو دەکەنە کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە چەندین پرۆژەی شوێنەواریی ئەنجام دراوە و یەکێک لەو شوێنانەی کە لە سەدەی ڕابردوودا کنەوپشکنینی بە شێوەیەکی زۆر ئەکادیمی تێدا ئەنجامدراوە، چەرمووی نزیک چەمچەماڵ بووە. بەڵام هێشتا بە سەدان شوێنی گرنگ لە کوردستاندا هەن کە کاریان تێدا نەکراوە و نەک هەر بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرەتای نیشتجێبوونی مرۆڤ گرنگن بەڵکو هەندێکیان دەتوانن بە باشی مێژووی نزیکمان ڕوون بکەنەوە و ئەڵقەی بچڕوای فەرهەنگی کوردی ببەستنەوە بەیەکەوە. سەرەڕای ئەوە کەم نەتەوە هەیە لە جیهاندا هێندەی خەڵکی ئەم وڵاتە خەم سارد و بێ ئاگا بێت بەو شوێنەوار و ڕابردووەی خۆی. خەڵکی کورد بەگشتی، خەیاڵاتی شارستانیەتی فارس و تورک و عەرەب مەستی کردووە و ئەوەی خۆی لێ بزربووە.
ئا لەم ساتەدا کە ئەم بابەتە دەنووسم، شوێنی شارێکی زۆر گرنگ لە دۆڵی شارەزووردا هەیە، کە زیاتر لە چوار هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر وەک شارێکی زۆر گرنگ ناوی هێنراوە و کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان هەبووە و ڕۆڵی گرنگی لە ناوچەکەدا هەبووە، کەچی هەتاوەکو ئەمڕۆش ناوەکەی گۆڕانی کەمی بەسەردا هاتووە. هەروەها لە نزیک شاری هەولێری ئەمڕۆدا، شوێنی پایتەختی دەوڵەتی کوردی هەزەبانی- م دەستنیشان کردووە کە زیاتر لە سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر ئاماژەی پێکراوە و هەتاوەکو نزیکی ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر شارێکی گرنگ بووە. بەڵام لەم بێ سەروبەری و پاشا گەردانیەدا، پێم باشترە پێی نەزانرێت، با جارێ خاک بیپارێزێت باشترە!
یەکێک لەو شوێنانەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا کاری لەسەر کراوە، بێستان سورە. ئەم شوێنە نزیک شاری سلێمانیە و لە دۆڵی شارەزووردایە کە بەگشتی سەدان ناوچەی گرنگی دێرینی تێدایە و زۆرینەیان هێشتا کاریان تێدا نەکراوە. لە بێستان سوردا چەندین پارچە شوێنەوار دۆزراوەتەوە کە گرنگن بۆ تێگەیشتن لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نیشتەجێبوون، بەڵام یەکێک لەو شتانەی کە سەرنجی لێکۆڵەرانی ڕاکێشاوە، کۆنترین تۆڕی ماسیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نزیکدا (بڕوانە وێنەکە).
ئەم تۆڕە تەمەنەکەی بە نزیکی هەشت هەزار و پێنج سەد ساڵ خەمڵێنراوە و لە دەرەوەی وڵات کاری ووردی لەسەر کراوە. لێکۆڵەران وەک پەیڕەوکردنی ڕێچکەی کاری ئەکادیمی، کۆمەڵێک ئەگەریان بۆ داناوە. لەوانە ئەگەری تۆڕی گرتنی مێروو، بەشێک لە جلوبەرگ وەک لەچکی قژ و هەروەها باسی ئەگەری تۆڕی هەڵگرتنی شت و ئەگەری مەبەستی نەخشاندنی سەر گڵیش کراوە، بەڵام ئەو ئەگەرانە لەلایەن توێژەرانەوە هەمووی بە لاواز دانراون و بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجی دێرینی ناوچەکە و ئەو شتانەی تر کە دۆزراوەنەتەوە، بەهێزترینیان ئەگەری تۆڕی ماسیە. لە ئەنجامدا ناوی توێژنەوەکەش هەر بە ناوی تٶڕی ماسی کوردستان ئاماژەی پێکراوە. سەیرەکە لەوەدایە لە دەرەوەی وڵات لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەسەر ئەم تۆڕە کراوە و بایەخی پێدراوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرا دۆزینەوەی وا گرنگ بە لایەنی کەمەوە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لە کوردستاندا لەسەر بکرایە و بۆ چەند ڕۆژێک سەردێڕی هەواڵەکان بوایە. بەڵام چاوەڕوان کردن جیاوازە لەوەی کە ئەمڕۆ دەگوزەرێت.
ژیانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ تەواوکەری ئەو ژیان و زمان و فەرهەنگەیە کە نزیکی دوانزە هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کوردستاندا دەستیپێکردووە، زۆر جار زۆر لایەنی پەیوەست بە بۆچوونی فیکری و فەرهەنگیی و زمانیی ئەمڕۆی کوردستان، بە بەڵگەوە، کاریگەری هەندێک دیاردەی کۆمەڵایەتی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەری پێوە ماوە. بەڵام بە داخەوە بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەری هەمەجۆر و ئەم پاشاگەردانیەی کوردستان ئەمڕۆ پێیدا تێدەپەڕێت، وایکردووە کە سەرەڕای بوونی ئەو هەموو زانکۆ و دەزگا ئەکادیمیە، هێشتا لە ئەلفوبێی خۆمان تێنەگەین و بە داخەوە لە داهاتووی نزیکیشدا چاوەڕوانی هەنگاوی گەورە ناکرێت. بەو جۆرە خەڵکێکی نامۆ بە خۆمان لێ دروست بووە و دوای خەیاڵ و مێژووەیەک کەوتووین کە هی خۆمان نیە و بە بزری لەسەر خاکی خۆماندا دەژین.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی: ئەم تۆڕە خۆی نەدۆزراوەتەوە، ئەوەی کە دۆزراوەتەوە نەخشی تۆڕەکەیە لەسەر پارچە گڵ و بەهۆی ئەوەوە توێژەران توانیویانە بگەنە ئەو دەرئەنجامانە (بڕوانە وێنەکە).

11141305_1028877163814617_1595841677877215725_o

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …