Home / بەشی مێژووی كورد / سابیر بەگ یەکێک لە سمبولەکانی شۆڕشی شێخ مەحموود ‏۱۸۹۳ — ۱۹۲۷

سابیر بەگ یەکێک لە سمبولەکانی شۆڕشی شێخ مەحموود ‏۱۸۹۳ — ۱۹۲۷

119095056_3275492369233076_6105125648834508866_n
نوسینی: مامۆستا عەبدولقادر شکاک
۲۱ ئازار / ۲۰۱۹
لەناو هەموو شۆڕشەکانی گەلانی ڕزگاریخوازدا زۆر ڕوویداوە کە ڕۆڵ و پێگەی هەندێک لە سەرکردە و فەرماندەکان لە دوای سەرکەوتن یان بە پێچەوانەوە وەک خۆی هەقی پێنەدراوە ، ڕەنگە لە شۆڕشی فەرەنسی ( ۱۷۸۹ – ۱۷۹۹ ) دا کۆمەڵێک وەک سەربازی وون و هەندێکیش وەک پاڵەوان دەناسرێنن میرابۆی وتەبێژ و ئەفسانەی شۆڕش ، نموونەی زیندووە ، کە پاش چەندین دەیە کاتێک بە ڕاپۆرتە نهێنیەکاندا چوونەوە ، دەرکەوت کە شایەنی ئەو هەموو پیا هەڵدانە نەبووە و ئەو سمبولەش نەبوو کە گەلی فەرەنسا شانازی پێوە دەکرد ، یاخود لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بیری سۆسیالیستی دا کە لە سەدەی پێشوودا بە گڕوتینێکی زۆرەوە هاتە مەیدان و ڕاگەیاندنە هاندەرە هاوپەیمانەکان ناوی سەیر سەیر و بریقەداریان بە باڵادا دەبڕین ، کە شۆڕشی کوبا بە پێشەنگی ئەوشۆڕشانە دادەنرێت ( ۱۹٥۳ – ۱۹٥۹ ) دژی ڕژێمی باتێسا و لەپاشان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا ئایا بە تەنیا ( فیدل کاسترۆ و ئەرنستۆ جیفارا وی لاسیرنا و ڕائول کاسترۆ ) خاوەنی ڕاستەقینەی شۆڕش بوون ؟ یاخود کۆمەڵێکی تر کارەکتەری بەتوانا بوون بەڵام مێژووش وەبیریان ناهێنێ ، یان شۆڕشی جەزائیر ( ۱۹٥٤– ۱۹٦۲ ) ئایا هەر ڕەمەزان بن المالیک ، مستەفا بن بولعید ، حسێن ئایەت ئەحمەد و ئەحمەد بن بلە سەرکردەبوون ئەی ئەو ۱۲۰۰ خۆبەخشە گیانفیدایەی بە ٤۰۰ پارچە چەکی کۆنەوە جاڕی شۆڕشیان دا ؟ بە هەمان شێوە شۆڕشی ڕەوای شێخ مەحموودیش ۱۹۱۹ دەستی پێکرد ، کێن ئەو گیانبازە خۆنەویستانەی بە خوێنی خۆیان سەلماندیان کە کوردستان تەنیا موڵکی کوردەکانە و هیچ داگیرکاریەک قەبوڵ ناکات ؟ ئەوە مێژووە پێمان دەڵێت کە سابیر بەگی هەمەوەند شانبەشانی کەریم بەگی باوکی لەبەرامبەر دوژمندا بێباک خۆی دەهاویشتە هەموو گێژاوێکەوە ، سابیر بەگ کوڕی کەریم بەگی فەتاح بەگی کوێخا ڕەسوڵی جەوامێرە و لە وڵاتانی ئاوارە و دەربەدەریدا لە بیابانە تاقەت پڕوکێنەکانی لیبیا دا ساڵی ۱۸۹۳ دا لەدایک بوە و لەگەڵ ئەو ۱٥۰ سوارەی هەمەوەندا کە کەریم بەگی باوکی سەرکردایەتی دەکرد و بیابانی باکوری ئەفریقایان لەژێر پێی ئەسپەکانیان دەناو ڕووەو وڵاتی کوردەواری و بە ئومێدی دەرکەوتنی خۆری سەرکەلی کوردستان تاویان دەدا ، کاتێک لە بەهەشتی سەرزەمینی زەردەشت پەیامبەردا هێدی هێدی تەمەنی گەشەی دەکرد ئەویش زیاتر و زیاتر نیشتیمانی لا پیرۆز تر دەبوو هەر بۆیە بەو خولیا کوردانەوە بووە هاوەڵی باوکی تا بەو تەمەنە کەمەوە توانی ببێتە جێگای متمانەی کەریم بەگی فەرماندەی بوێر و بەتوانا ، کام شەڕ و ڕووبەڕوو بونەوە هەبوو کە یەکەم گوللەی تفەنگی کەریم بەگ بەڕووی داگیرکەراندا تەقیبێتوو دووەم فیشەک سابیر بەگ نەبووبێ ؟ کام شەڕی دەستەویەخە هەبووە سوارەی هەمەوەند سابیریان لەپێش خۆیانەوە نەدیتبێ ؟ هێشتا بارووت لە لولەی تفەنگەکەی کەریم بەگ دەرنەچوو بوو بۆ کوشتنی( بۆند)ی داخ لەدڵی کورد ، سابیری کوڕ زرمەی لە ( ماکانت ) هەستان و لەجێدا کوشتی ، ئەوە سابیر بەگ بوو لەشەڕی چیمەن دا مەترەلۆزەکەی ئینگلیزی لە کۆڵ لەشکری کوردی کردەوە ، کە بواری نەدەدا مام قادر بێری هەمەوەند بگاتە ئەحمەدی کوڕی کە بەسەختی لێدرابوو تا بانگی کرد ئەحمەدم بەنە دەست کاتێک ئەحمەدیان بەرز کردەوە بۆ سەر پشتی ئەسپەکە بە پشتوێنەکەی پشتی خۆیەوە بەستیەوەو توند شەتەکی دا و ئینجا تاوی لە ئەسپەکەی دا و لەمسەری مەیدانەوە بۆ ئەوسەری شەڕگەکە وەک هەڵۆ دەڕۆیشت و تەقەی لەدوژمن دەکرد ، ئەحمەدیش هەر بە برینداری بە کۆڵیەوە بوو تا سابیربەگ و سەید محەمەد دایان بەسەر مەترەلۆزەکەدا پاشان سابیر مەترەلۆزەکەی بەدوای خۆیدا کێش کرد ، سابیر بەگ لە زۆربەی شەڕەکاندا بەشدار بووە و ئینگلیزەکان زۆر مەبەستیان بووە بەهەر نرخێک بێت کەریم بەگ و سابیر و شێخ محەمەدە بچکۆل و شێخ عەلی قەڵبەزە بکوژن ، وە پارەیەکی زۆریان بۆ کوشتیان تەرخان کرد ، تا لە ۲۹/ ٦/ ۱۹۲٦ دا لە گوندی قەرەتاموور بەسەختی برینداربوو پاشان لە گوندی نورە شەهید بوو کەریم بەگ لە ئێرانەوە گەڕابۆوە بۆ لێدانی دوژمن بە شێوەی پارتیزانی لەو کاتەدا شێخ مەحموود لە وێڵەژێری نزیک مەریوان دانیشتبوو پاشان سابیر دوای شەهید کردنی باوکی بە چەندین سوارەوە هاتەوە ناوچەی بازیان و ئینگلیزەکان تەواو ئاگاداری هاتنەکەی بوون لەڕێی سیخوڕەکانیانەوە بۆیە هەموو ئامادەکاریەکیان کردبوو ، بۆسەیان لەهەر چوارلاوە بۆ دانابوو ، ئەوەبوو لەشەڕی شیوە قوڕاودا کە شەڕ ڕوویدا و هێزەکەی سابیر بەگ بەو ژمارە کەمەوە توانیان گەورەترین داستان تۆمار بکەن تا سابیر بەگ بە سێ گوللە بریندار دەبێ و ئەسپەکەشی دەکوژرێ ، خۆیشی بە فەلاکەت ڕزگاری دەبێت و پاشان دەچێتەوە بۆ مەڕانەی لای مەریوان کەماڵەکەی لەوێ دەبێت ، ئینگلیزەکان کۆڵی لێنادەن و لەڕێگەی پیاوەکانیانەوە دوو برا دەنێرن بۆ کوشتنی شێخ مەحموود و لەسەرەتادا خۆیان لە شێخ مەحموود نزیک دەکەنەوە و سابیربەگ هەواڵیان دەزانێ کەنیازیان چیە بۆیە کە دەنێرێت بە دوایاندا ئەوانیش خۆیان دەشارنەوە و یەکێکیان دەگرێ و دەیکوژێت وئەوی تریان خۆی ون دەکات دوای چەند ڕۆژێک فرسەت لە سابیر بەگ دەهێنێ و شەوێک دەچێتە سەربانەکەیان و تەقەیان لێدەکات سابیر بەگ شەهید دەکات و خێزانیشی بریندار دەبێت کابرا ڕائەکات ، بەڵام شێخ مەحموود لە ڕێگادا دەیگرێ و فەرمان بە کوشتنی دەدات و لە تۆڵەیدا دەکوژرێتەوە ، سابیر بەگ کەم ژیا بەڵام ژیانێکی مەردانەو پڕ دەردیسەری ۳٤ ساڵ تەمەنی پڕ خەبات و قوربانیدانی گەواهی ئەو ڕاستیەیە ، کە ئەمڕۆ مێژوویەکی شەرەفمەندانەی بۆنەتەوە و نەوەکانی دوای خۆی دیاریکردووە و ئەوە جێگا پەنجەی ئەوە بە مێژووی پڕ شانازی کوردەوە و لەگەڵ هەر باسێکدا دێتەوە یاد ،بەرزو پیرۆز بێت یادی ۹۲ ساڵەی شەهیدبونی سابیر بەگی کوردان ، دروود بۆ گیانی پاکی تێکڕای شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی کوردستان.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …