Home / بەشی مێژووی كورد / نزیکی پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر دۆزینەوەی ڕێگای دەریایی ئەفریقا چۆن بووە سەرەتای مایەپووچی کوردستان و بوژانەوەی ئەوروپا؟

نزیکی پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر دۆزینەوەی ڕێگای دەریایی ئەفریقا چۆن بووە سەرەتای مایەپووچی کوردستان و بوژانەوەی ئەوروپا؟

نزیکی پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر دۆزینەوەی ڕێگای دەریایی ئەفریقا چۆن بووە سەرەتای مایەپووچی کوردستان و بوژانەوەی ئەوروپا؟

FB_IMG_1496002030345
نووسینی سۆران حەمەڕەش

کوردستان بە گۆڕانکاری ئابووری گەورەدا ڕۆیشتووە و هەمیشە بەو جۆرەی ئەم چەند سەدەیەی ڕابردوو نەبووە. سەردەمانێک ئەو وڵاتە لە ڕووی ئابووریەوە زۆر بووژاوە بووە. یەکێک لەو سەرچاوە داراییانەی کە بۆ هەزاران ساڵ بووە خەڵکی کورد متمانەی کردبووە سەر، ڕێگای بازرگانی جیهانی ئاوریشم بووە. ئەم ڕێگایە وڵاتەکانی ئاسیا، بە تایبەت هیندستان و چین کە ناوەندی ئابووری و فەرهەنگیی گرنگ بوون، دەبەستەوە بە ئەوروپا. ئەم ڕێگا سەرەکیە جیهانیە بە کوردستاندا ڕۆیشتووە (بڕوانە نەخشەکەی دەستی چەپ). بەهۆی ئەوەی کوردستان لەسەر ئەو ڕێگا بازرگانیە بووە، چەنین شاری گرنگ بە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دروست بوو بوو. لە هەمان کاتدا گرنگی ئەو ڕێگایە تەنها ئاڵوگۆڕی بازرگانی نەبووە بەڵکو ڕێگاکە هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی نێوان ئەو وڵاتانەی لەسەر ئەو ڕێگا بازرگانیە بوون.

بەو جۆرە خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژوو لە ئاین و فیکری چین و هیند و ئەوروپا بێ ئاگا نەبووە. زۆر لە بەڵگە مێژووییەکان ئەو ڕاستیە دووپات دەکەنەوە. پیرشالیار لە هەوراماندا نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ڕووی فیکر و ڕوانگەی ئاینییەوە کاریگەری فەلسەفی و ئاینی چینیەکانی لەسەر بووە. یان فەیلەسوفێکی سەدەی دووەمی زاینی وەک بەردەیسان، لە کوردستانی باکور و سەدەی دووەمدا، هەر بەهۆی ئەو هۆکارەوە بووە کە کتێبی لەسەر هیندستان نووسیوە. مانی پێغەمبەر کە بنەچە هەمەدانی بووە، ویستوویەتی ئاینێک دروست بکات کە ناوەندگیری نێوان ئاینە گرنگەکانی وەک بودی، کریستیان و زەردەشتی بێت کە ئەو کات بەهۆی بەستراوەیی کوردستان بە ئەوروپا و ئاسیاوە، کاریگەری فیکری هەموویان لەسەر ئەو پێغەمبەرە هەبووە. بە هەمان شێوە سەرنج دەدرێت کە لە سەدەی نۆیەمدا تۆماس مەرگەیی لە کەرکوکدا ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک لە کەنیسەکانی کوردستانەوە ڕوویان کردۆتە چین بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینی کریستیانی. بەو جۆرە ئەو ڕێگا بازرگانیە جیهانیە بۆ هەزاران ساڵ مایەی بوژانەوەی ئابووری و بەستنەوەی کوردستان بووە، لە ڕووی فەرهەنگیەوە، بە جیهانەوە.

بەڵگەکان پێمان دەڵێن کە کوردستان لە چەند سەردەمێکدا تووشی گۆڕانکاری نەرێنی گەورەی ئابووری بووە. حەمدوڵای مستەوفی کە باسی کوردستان دەکات، دەڵێت “داهاتی لە سەردەمی سلێمان شادا [سەلجوقی]، دوو ملیۆن دیناری دراوی ئەمڕۆ بووە [مەبەستی دیناری سەردەی خۆیەتی] بەڵام ئێستا بڕەکەی بە تۆمارکراوی دوو سەد و یەک هەزار و پێنج سەد دینارە”. واتە داهاتی کوردستان لە ماوەی کەمتر لە دوو سەد ساڵدا دە هێندە دابەزیوە. مستەوفی لە بەشێکی هەمەدان و نەهاوەند و کرماشانەوە هەتاوەکو شارەزوور بە کوردستان دادەنێ و بەشەکەی تری لە هەولێر و موسڵەوە هەتاوەکو ڕەقە و ماردین و ئورفە، بە هەرێمی دیاربەکر دادەنێت کە ئەویش داهاتەکەی لە ماوەی کەمتر لە سەد ساڵدا لە نزیکی دە ملیۆن دینارەوە دابەزیوە بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن دینار. بەڵام بە گشتی ئەو بەشەی دیاربەکری کوردستان کە مستەوفی ئاماژەی پێدەکات، دەوڵەمەند تر بووە و کەمتر تووشی نەهامەتی هاتووە وەک لە بەشەکەی تری کوردستان.

هۆکاری سەرەکی ئەو گۆڕانکاریە ئابووریە کە ئیبن مستەوفی ئاماژەی پێدەکات، هاتنی مەغۆلەکان بووە کە تێیدا کوردستان تووشی کاولکاریەکی گەورە هاتووە. ئەم زانیاریە هەندێک بەڵگەی تریش پشتگیری دەکەن. بۆ نموونە شارەزوور کە ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگ و ناوەندێکی فەرهەنگیی گرنگی کوردی بووە، بەشی زۆری خەڵکەکەی بەجێیان هێشتووە. ئیبن خەلدون ئاماژە بەوە دەکات کە دوای هاتنی مەغۆل، دوو هۆزی گەورەی لوین و باپیر، شارەزووریان بەجێهشیتووە و ڕوویانکردۆتە وڵاتی مەغریب.

ئەمە گۆڕانکاریەکی مەزن وبەرچاوە لە ئابوری کوردستاندا. واتە ئابووری لەماوەی دوو سەد ساڵدا دە هێندە دابەزیوە. بە دڵنیایی ئەو گۆڕانکاریە گەورەیە کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر هەموو لایەنێکی ژیان. لە دوای حوکمی مەغۆلەوە ئابووری کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و دواتریش لەسەردەمی حوکمی تورکە عوسمانیەکانیشدا ڕووی لە بوژانەوە نەکردووە. بەو جۆرە کوردستان لە سەدەی سیانزەیەمەوە ئابووریەکەی بەهۆی کۆمەڵێک ڕووداوی هەمەجۆرەوە تووشی نەهامەتی هاتووە.

بەڵام لە سەدەکانی دواتردا ئەوە تەنها هۆکار نەبووە. داهاتێکی گرنگی تری کوردستان، ڕێگەی ئاوریشم بووە کە پشێتر ئاماژەی پێکرا. هەتاوەکو نزیکی سەدەی پانزەی زاینی ئەوروپیەکان نەیاندەتوانی بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەستیان بە ئاسیا بگات، بۆیە دەبوو لە ڕێگای زەویەوە، بە ڕێگای بازرگانی ئاوریشمدا، کە بەشێکی بەشێوەی کاروان بە کوردستاندا تێپەڕیوە، کەلوپەلی بازرگانیان بە دەست بگات. بەڵام لە سەدەکانی چواردەی زاینیەوە سەردەمی بوژانەوەی ئابووری و فەرهەنگی ئەوروپی دەستپێکردبوو. وەک بەشێک لەم بوژانەوەیە، ئەوروپیەکان خەریکی دۆزینەوەی ڕێگای بازرگانی نوێ بوون بۆ فراواناکردنی ئابووریان. بۆیە لە سەدەی پانزەیەمی زاینیدا ڕێگەی ڕاستەوخۆی دەریاییان لەگەڵ ئاسیا لە ڕێگای ئەفریقاوە دۆزیەوە (بڕوانە نەخشەکەی دەستی ڕاست). ئەو ڕێگا دەریاییە هێندە مایەی هیوا بوو بۆ ئەوروپیەکان، بۆیە ناویان نا “The cape of Good Hope” واتە “سەری هیوای باش”. خاڵەکە سەری ئەفریقا بوو و لەهەمان کاتدا مایەی هیوایەکی گەورە بوو بۆ ئەوروپیەکان. بۆیە ناوەکە پڕ بە پڕی خۆی مانای هەبووە بۆ ئەوروپیەکان. لە ڕاستیدا سەرەتای کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی هاوکاتە لەگەڵ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایەدا. بەهۆی ئەو ڕێگایەوە ئەوروپیەکان ڕاستەوخۆ دەستیان بە ئاسیا گەیشت و کەلوپەلیان زۆر بە هەزرانتر لە ئاسیاوە هێنایە ئەوروپا و بە پێچەوانەوەشەوە. دواتریش بەهۆی ئەو ڕێگایەوە بەشێک لەو وڵاتانەی ئاسیایان خستە ژێردەستی خۆیان.

بەو جۆرە ئەو ڕێگا دەریاییە بووە هۆی بوژانەوەی ئابووری ئەوروپا و لە هەمان کاتدا کزبوونی ڕێگای بازرگانی ئاوریشمی جیهانیی کە بۆ هەزاران ساڵ بوو بە کوردستاندا تێدپەڕی و بوو بووە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری بوژانەوەی چەندین ناوەندی فەرهەنگی خوێندنگەی زانستی. ووردە ووردە ڕێگاکە بایەخی خۆی لەدەستدا و لە سەدەی هەژدەیەمەوە ئەو ڕێگا جیهانیە تەنها بووە ڕێگایەکی ناوچەیی و بە تەواوی بایەخە بازرگانیەکەی لە دەستدا.

ڕاستە هاتنی مەغۆلەکان بووە سەرتای پوکانەوەی ئابووری کوردستان بەڵام دۆزینەوەی ڕێگای دەریایی ئەفریقا لەلایەن ئەوروپیەکانەوە، بووە هۆی پەراوێزخستنی تەواویی کوردستان و پوکانەوەی ئابووری ناوچەکە. من پێم وایە، هەر چۆن سەدەی چوارەدەیەم بە نزیکی سەرەتای دەستپیکردنی بوژانەوەی ئەوروپایە، سەدەی پانزەیەم سەرەتای سەردەمی تاریکیی کوردستانە و سەرەتای نەهامەتیە بۆ کورد. لەو سەدەیەوە ئابووری کوردستان تووشی نەهامەتی هاتووە و لە هەموو ڕوویەکەوە لە جیهان دابڕاوە و بە سەردەمێکی تاریکیدا تێپەڕیوە. لە ڕاستیدا ئێمە لە سەدەی بسیت و یەکدا میراتگری ئەو هەلومەرجە ئابووری و وکۆمەڵایەتییەن کە لە ئەنجامی دۆزینەوەی ئەو ڕێگا دەریاییەیە هاتۆتە کایەوە و هەتاوەکو ئەمڕۆ بە دەستیەوە دەناڵێنین.

هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە لە ڕابردوودا کوردستان لە سەردەمیکی تەواو جیاواز لەمڕۆدا ژیاوە. هۆکارەکەشی بۆ هەلومەرجی ئابوری و پەیوەستبوونی بووە بە جیهانەوە و بەڵگە مێژوویەکانیش پشتگیری لەوە دەکەن. بوونی زانای گەورەی بواری جیا لە ڕابروودی کوردستاندا، بۆ ئەو هەلومەرجەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە بۆ هەزاران ساڵ بوو بەردەوام بوو. بۆیە زانایەکی کوردی وەک ئەبوحەنیفەی دینەوەری، لە سەدەی نۆیەمی زاییندا جگە لە مێژووی کورد، کتێبی لە بوارە جیاوازەکانی وەک ماتماتیک، ئەستێرەناسی، کەشناسی، زمان، مێژووی جیهان… هەبووە. یان زانایەکی کوردی وەک ئەبو فیدای ئەیوبی، باشترین کتێبی لەسەر جوگرافیا هەبووە کە ئەوروپیەکان وەک سەرچاوە سوودیان لێ وەرگرتووە. هەروەها مۆسیقاناسی وەک زریاب کاریگەری لەسەر ئەوروپا بەجێهشیتووە.

ئەم بابەتە بابەتێکی گرنگە و دەبوو دەیان دکتۆرا و ماستەرنامەی لە کوردستاندا لەسەر بکرایە لەبەر ئەوەی بەهۆیەوە بە گۆڕانکاریە گرنگەکان ئاشنادەبین کە بەهۆیەوە لە کۆمەڵگەی کوردەوارییدا لە بوارەکانی ژیاندا ڕووی داوە. تێگەیشتن لەو گۆڕانکاریە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەمڕۆی کورد و کوردستان. بەتایبەت لەبەر ئەوەی کە ئەو هەلومەرجەی ئەم چەند سەد ساڵەی دوایی وایکردووە کە کورد بۆچوونێکی زۆر نەرێنی لەسەر مێژووی خۆی لەلا دروست ببێت کە بەڵگەی مێژوویی نیە. کوردستان زۆر دەوڵەمەند بووە لە ڕابردوودا و بەڵگە مێژوویەکان پشتگیری لەوە دەکەن، دۆزینەوەی ڕێگای “سەری هیوای باش” ی دەریاییە لە ئەفریقا کە بووەتە هۆکاری سەرەکیی سەرەتای مایەپووچی کوردستان و بوژانەوە و هیوای گەورە بۆ ئەوروپیەکان.

تێبینی:
نەخشەکەی دەستی ڕاست ڕێگای دەریایی بەستنەوەی ئەوروپایە بە ئاسیا. نەخشەکەی دەستی چەپ تێیدا هێڵە سورەکان ڕێگای ئاوریشمە کە بە کوردستان و ناوچەکەدا تێپەڕیوە.

سەرچاوەکان
– ابن خلدون (٢٠٠٠)، تاریخ ابن خلدون، دار الفکر، بیروت.
– الدینوري، ابو حنیفة احمد بن داود (١٨٨٨) الاخبار الطوال، مطبعة بریل، مدینة لیدن.

-Al Mistawfi, H. A (1919) The Geographical Part of the Nuzhat Al Qulub, Brill, Leyden.

-Chin, T (1877), The Invention of the Silk Road,Critical Inquiert, Vl. 40, No. 1 (Autumn 2013), The University of Chicago Press.

Christian, D (2000) Silk Roads or Steppe Roads? The Silk Roads in World History, Journal of World History, Vol. 11, No. 1, University of Hawai’i Press.

Liu, X (2011) A Silk Road Legacy: The Spread of Buddhism and Islam, Journal of World History, Vol. 22, No. 1, University of Hawai’i Press.

Sze, A (1990) The Silk Road, Manoa, Vol. 2, No. 2, University of Hawai’i Press.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …