Home / بەشی مێژووی كورد / (شۆڕشی ئارارات)وەک ئیحسان نوری پاشا دەیگێڕێتەوە

(شۆڕشی ئارارات)وەک ئیحسان نوری پاشا دەیگێڕێتەوە

ehsan73

(شۆڕشی ئارارات)وەک ئیحسان نوری پاشا دەیگێڕێتەوە
ئا: ساڵح بێچار
شۆڕشی ئاگری داغ یاخود شۆڕشی ئارارات، یەکێکە لە شۆڕشە مەزن و بایەخدارەکانی نەتەوەی کورد کە ماوەی (١٩٢٧-1930) چوار ساڵ بەردەوام بوو، هەر لە کاتی بەرپاکردنی شۆڕشەکەوە سوپای کورد، واتە هێزی چەکهەڵگر و ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی کاروباری دانیشتووانیش لە شێوەی دەوڵەتێکی سەرەتایی دا، ڕێکخرا و ئاڵای کوردستانیش بەسەر لوتکەی چیا بڵند و گەردن کەشەکانی کوردستانەوە بەدەم شنەبای ئازادییەوە دەشەکایەوە. ئەندامانی هێزی چەکهەڵگریش بەپێی پلەکانیان نیشانەی تایبەتیان هەبوو، کە پلەی ئەفسەرەکان و سەربازەکانی لە یەک جیا دەکردەوە. واتە تا ڕادەیەک ڕێکخستنێکی سوپایی خاوەن دیسپلینیان پێکهێنابوو. ئەم شۆڕشە هەرچەندە خاوەنی ڕێکخستنێکی ڕێکوپێک بوو هاوکات بنچینەی دەوڵەتێکی بۆ کورد داڕشتبوو، هەرگیز چاوەڕوانی کەوتنی لێنەدەکرا، بەڵام لە بەدبەختیی کورد داگیرکەرانی کوردستان هەرچەندە لە دەروونەوە دوژمنێکی سەرسەختی یەکترن، بەڵام کاتی پەرەسەندنی هێزی کورد و گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، دەبنە برای گیانی بەگیانیی یەکتر و لەسەر یەکدی دەکەنەوە و بە نوێترین چەکی سەردەمەکەیانەوە لە هەموو لایەکەوە پەلاماری بزووتنەوەکەی دەدەن و لەناویدەبەن.
دەوڵەتە زلهێزەکانیش لە فێڵ و تەڵەکە دژی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی و یارمەتیدانی دوژمنەکانی کورد بە چەک و دراو و پسپۆڕی سەربازیی هەرگیز درێغییان نەکردووە و تا کار گەیشتە ئەوەی بە چەکی کیمیایی دروستکراوی وڵاتانی زلهێز شار و دێهاتی کورد وێران کرا. ئەگەر بە وردی بڕوانینە مێژووی شۆڕشەکانی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە ؛ دەبینین کە کورد بەتەنها لەگەڵ تورک، فارس و عەرەب دا نەجەنگیوە، بۆ نموونە بەشداریکردنی فڕۆکەکانی بریتانیا لە وێرانکردنی شاری سلێمانی و دێهاتەکانی بارزان دا ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە. لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێشدا لە باشووری کوردستان بە چەکی بەرەی ئیشتراکی و ناپاڵمی هیندی و فڕۆکەکانی بەرەی ئاشتیخواز شار و گوندی کوردستان وێران دەکران و ژن و منداڵی بێتاوانیان دەکرد بە قەرەبرووت. پسپۆڕانی سەربازیی وڵاتانی عەرەبییش دەستەچیلەی خۆیان دەخستە سەر ئەو ئاگرە دژ بە مرۆڤایەتییەی کە خاک و خەڵکی کوردستانی پێدەسووتێنرا.*
سەرەتای یەکەم مانگی بەهار بوو. هێشتا زستانی ئارارات کۆتایی نەهاتبوو. شەوێک هێزەکانی حکومەتی تورکیە لەگەڵ ژمارەیەک لە خێڵی کەکسۆیی دەوروبەری دێکەی شێخ عەبدولقادریان گەمارۆدا، دێی شێخ لە کۆتایی بەشەکانی خۆرئاوای ئارارات دا، لە ناوچەیەکی تەختایی دا هەڵکەوتبوو، بەشی باکوور و خۆرئاوایشی بە چیایە بەردینەکان کە وەکو دیوارێک سەریان لە ئاسمان دەسوو. سەرکەوتن بەسەریاندا گەلێک ناهەموار بوو، هاوسنوور بوو. دوژمن ئەم شوێنە سەختانەی داگیر کردبوو. بەیانی زۆر زوو لە کاتێکدا کە شێخ لە ماڵەوە دەردەچوو درایە بەر دەستڕێژ. دانیشتووان بە سەرسامییەوە لە خەو ڕاپەڕین گوللـەی تفەنگ و شەستیر وەکو تاوە تەرزە بەسەر دێدا دادەباری، ئیتر ماوەی وتووێژ و پرس و ڕا نەبوو. چاوەڕوانی کردنی یارمەتیش دەبووە هۆی زیانێکی زۆر….. قەمەر شەمکی و چەرخە و ئوسی و فەتوو شێخ تاهیر و ڕەسووڵی کوڕی شێخ و کوڕە ئامۆزاکانیشی. عەلوی ئەزدی و چەند نەفەرێکی دیکەش لە شێخەکان بە جلوبەرگی شەوانەیانەوە بەبێ ئەوەی کە ماوەی خۆگۆڕینیان هەبێت. بە دەستێکیان چەکەکانیان و بە دەستەکەی دیکەشیان فیشەکدانەکانیان هەڵگرتبوو لە ماڵەکانی خۆیان هاتنە دەرەوە. ئارارات لە ماوەی ئەم شەش مانگەی دواییدا دووهەم جار بوو کە بێباکی و ئازایەتیی کوڕەکانی خۆی بە ڕوخساری دوژمنانی کورد دا بداتەوە و تۆڵەی سەرلێشێواندنی سەردەمە ڕابردووەکانی بستێنێتەوە.
قارەمانەکان وەکو بزنە کێوی لە بەردێکەوە بازیان دا بۆ بەردێکی دیکە. لە ماوەیەکی کەمدا خۆیان گەیاندە یەکەم هێڵی دوژمنی سەرەڕۆ. دوژمن چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد، خۆیان ونکرد. ئەو ئەفسەر و سەربازانەی کە لە لای دژە هێرشەکەوە بوون گیانیان بە یەزدان سپارد. تێکشکان و تەواوی هێڵەکانی جەنگی گرتەوە. تاکو یارمەتی کوردەکان لە پشتەوە گەیشت بەشێک لە تورکەکان بەرەو مۆڵگاکانیان ڕاونرابوون و بەشێکی دیکەشیان پەرتەوازە بوو بوون. چەند کەسێکیشیان لە ترسی گیان، خۆیان هاویشتبووە ناو ئەو هۆڕ و زۆنگاوە کە لە نێوان هێڵی هەردوو لا دا بوو، لە ئەنجامدا هیچ شوێنەوارێکیان لێ نەدۆزرایەوە. چونکە شێخ تاهیر لەگەڵ ژمارەیەک لە شۆڕشگێڕەکان دا بە شێوەیەک پەلاماریان دابوون کە ڕێگەی پاشەکشێی سەربازەکانیان گرتبوو. لە کاتی هەڵاتن دا ژمارەیەکیان فیشەکدانەکانیان فڕێدابووە ناو هۆڕ و زۆنگاوەکان تەنها چەند فیشەکدانێکیان بۆ کوردەکان دۆزرایەوە.
کوردەکان (٢٠) سەربازیان بە دیل گرتبوو، ژمارەیەکیش چەک و فیشەکیان دەست کەوت. لە ناو ئەم چەکانە دا چەند شەستیرێکی سووکیان تێدا بوو. کاتژمێرێک دوای ئەوە فەرماندەی لەشکری شۆڕشگێڕەکان و برو حسکی لەگەڵ شێخ عەبدولقادر لەبەر دەرگای ماڵی شێخ دا دانیشتبوون. گوێیان لە بەسەرهاتی جەنگەکە دەگرت جەنازەی ئەفسەرێکی تورکیان لەگەڵ جەنازەی کوردێکدا هێنان، ئەم کوردە کوژراوە هەمان تەمەر کەسکۆیی بوو کە ماوەیەک لەوەو پێش وتبووی (تورکی کوڕی تورکم).
لە بەردەم جەنازەکان دا برو حسکی بە دەربڕینی ئاخ و کەسەرەوە وتی خواش تاقەتی جارانی نەماوە، خائینەکان زووتر بە سزای خۆیان دەگەیەنێت. بڕیار درا ئەم دوو برا تورک و کوردە پێکەوە لە گۆڕێکدا بشارنەوە، تاکو هیچ کاتێک لە یەک جیا نەبنەوە، تەمر کەسکۆیی، لەباتی ئەوەی بە پاداشتی گیان بەختکردنی شانازی بۆ منداڵەکانی خۆی بەدەست بهێنێت کەچی ناوی شەرمەزاریی بە یادگار بۆ جێهێشتن.
ئاراراتییەکان دەیانویست مافی داگیرکراوی کورد بەدەست بێننەوە، تەمر کەسکۆیی کورد بوو. مەسەلەی پێشێلکردنی مافی خۆی و خێڵەکەی و منداڵەکانیشی لەئارادا بوو. دیاربوو کە ورە بەرز و بێباک بوو کە هاتبوو بۆ جەنگ، بەڵام نەزانی و بەد سروشتی چاوی زیرەکی و وریاییان وا بەستبوو کە یارمەتی دوژمنانی بەرگریکەرانی مافی خۆی ئەدا.
دیلە تورکەکان نێردران بۆ ناوەندی سەرکردایەتی. لە دوای شەوێک پشوودان لەگەڵ چەند کەسێکدا نێردران بۆ سەر سنووری ئێران. لە نزیک پۆستێکی سەر سنوور لە خاکی ئێران بەرەڵا کران.
لە کاتی بەڕێکردنیان لە کوردئاوا. یەکێک لە سەربازە دیلەکان گۆرەوییەکانی گەلێک کۆن و داڕزاو بوو، هوریک کە ناوی پیرەژنێکی کورد بوو، گۆرەوییەکانی پێی خۆی داکەندن و دای بە سەبازە تورکەکە، تاکو لە ڕێگە سەرمای نەبێت. ئەمە نموونەیەک بوو لە نەفس بەرزیی و ڕۆح گەورەیی و سروشتی پاکیی کورد. سەمبولێکی بەرجەستەی رەفتاری کورد بوو بەرامبەر بە دیلەکان.
ساڵی (١٩٣٠) گەیشت ئەم ساڵ پێنجەمین ساڵی ئارارات بوو. درێژەدان بەم بارودۆخە لە ئاراراتدا بۆ تورکەکان هەرس نەدەکرا. نەتەوەی کورد هۆشیار بووبووەوە، میراتی باب و باپیرانی خۆی دەویست. گوێی بە لێبووردنی دواخستن و بەخشینی خەڵات و پەیمانەکانی دیکە نەدەدا. ئاراراتییەکان دەیانوت: (لێبووردن بۆ تاوانباران شایستەیە، بەڵام ئێمە تاوانبار نین، ئێمە مافی داگیرکراوی مرۆیی خۆمان دەوێت نەک لێبووردن، بەڵکو ئێمە دەستەڵاتی بەخشینمان هەیە).
حکومەتی تورکیە تەنها بە هێزی سەربازیی خۆی، بەو شێوەیە کە چەندین جار تاقیکردبووە، توانای باشکردنی کێشەکەی نەبوو، پێویستی بە کۆمەکی دەرەکی بوو. شوێنی جوگرافیایی ئارارات بە شێوەیەک بوو، کە لە نێوان سنوورەکانی ئێران و ڕووسیە و تورکیەدا هەڵکەوتبوو. هەنگاوە ڕامیارییەکانی حکومەتی تورک توندتر بوو بە ڕاگەیاندنی هاشو هوشی دوور لە ڕاستیی خۆی، دەوڵەتی شوورەویی بۆ لای خۆی ڕاکێشا بوو. لە ئەنقەرەش لە نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیە و باڵوێزخانەی دەوڵەتی شاهەنشاهی ئێراندا بۆ بەستنی پەیماننامەیەکی دۆستانە کە بە زیانی ئاراراتییەکان تەواو دەبوو، دەرگای گفتوگۆکردن کرابووەوە. لەم ڕووەوە لە تارانیش دا لە لایەنی تورکەکانەوە هەنگاو لە دژی ئاراراتییەکان نرا بوو، ئاراراتییەکان بە وردبینی و گرنگییەکی تایبەتی بە دوای گفتوگۆکانی نێوان ئێران و تورکیەدا دەگەڕان. هەرچەندە دەوڵەتی ئێران دەیزانی و نیازی ئەوەی نەبوو، کە لە دژی ئاراراتییەکان هەنگاو بنێت. کە وەکو بە تەشوێیەک ڕەگ و ڕیشەی خۆی ببڕێتەوە وابوو، بەڵام لە چالاکییەکانی دەستە نەناسراوەکان کە بە سوودی تورک کاریان دەکرد بێ ئاگا نەبوون.
ڕۆژنامەی (ئاگری) کە بڵاوکەرەوەی ڕاوبۆچوونی ڕێکخراوە ئاراراتییەکان بوو لە سەروتارێکی خۆیدا، لەژێر ناونیشانی (بەیەک کەڤر دوو تەیر واتا (بە بەردێک دوو چۆلەکە) ڕوونی کردبووەوە کە دەوڵەتی تورکیە دەیەوێت لە نێوانی کورد و ئێران دا، لە یەک نەگەیشتنێک بێنێتە کایەوە و دەوڵەتی ئێران لە دژی شۆڕشگێڕەکانی کورد هانبدات و ئاژاوەی کوردەکانیش بخاتە ناو ئێرانەوە، هەم خۆی لە جەنگی کورد تا ڕادەیەک ئاسوودە دەکات هەم کورد و فارس واتا ئەم دوو برا هاونەژادە بەدەستی یەکتر بە کوشت بدات، هەردوو لا بێهێز و لاواز بکات تاکو داگیرکردنی ئازربایجانی بۆ ئاسانتر بێت. خۆشبەختانە کاربەدەستانی ئارارات هۆشیار بوون. هیچ بیانوویەکیان نەدا بە دەست پیاوەکانی تورکەوە تاکو نیازە گڵاوەکەیانی پێبهێننەدی.
فڕۆکەکانی تورکیە هەموو ڕۆژێک بەیانی زوو دیارییەکیان پێشکەش بە ئاوایی کوردئاوا دەکرد. هێشتا خێڵەکان بەرەو کوێستان نەڕۆشتبوون، فەرماندەی کورد لەگەڵ شێخ عەبدولقادر و سەد سوارێک بۆ سەردانی بەرەکانی باکووری ئارارات ڕۆیشتن، گەیشتنە ناو دەشتی ئیغدیر ئەمە یەکەم جار بوو کە ئاڵای کوردستانی ئازاد بە دەستی سوارە بێباکەکانی کوردەوە لەم دەشتەدا دەشەکایەوە و لە سەر ڕێگەی ڕۆشتنیان ژمارەیەک دێهاتی تورک زمان، کە لەو ناوچەیەدا نیشتەجێ بووبوون سەریان پێدانەوێنرا، ئاراراتییەکان دەوارەکانیان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی چیاکەدا هەڵدابوون. هێشتا سێ ڕۆژ تێنەپەڕیبوو هەمووشیان نەیان گوێزابووەوە کە دەنگی گوللـە لە بەشی خۆرئاوای ئارارات دا لە سەر ڕێگەیەک دا. کە بەشی باشوور و باکووری ئاراراتی بەیەکەوە دەبەستەوە، دەبیترا. بە دوای ئەوەشدا چەند فڕۆکەیەکی تورک دەواری ئاراراتییەکانی بە توندی بۆردمان کرد. لە دوایی دا زانرا کە تورکەکان بە فەوجێکی پیادە و بە دوو تۆپی چیاییەوە لە قباق تەپەکە (چیایەکە لە بەشی دامێنی خۆرئاوای ئارارات دا) چادریان هەڵدابوو. ئەم چیایە وەکو قەڵایەک بوو، تەنها ڕێگایەکی باریکی هەبوو. بە دەستڕێژی پیادەکان هیچ زیانێک نەکەوتەوە، بەڵام بە بۆردمانی دەوارەکان خێزانی فەرماندەی کورد بریندار و بەرخ لەوەڕێنێکیش بە ناوی محەمەد کوژرا. ئەمە سەرەتای هێرشی گەورەی تورکەکان بوو بۆ چیای ئارارات.
ئەفسەری تورک زوهدی گویڤەن ئاوای نووسیوە: (هەموو هێزەکانمان لە دژی ئەم چیا بڵندانە ڕێکخست و لە کاتێکدا گەیشتینە ئەوێ ڕوانیمان تەنها کوردێکی لێنەماوە).
فڕۆکەکانی تورک بە پێچەوانەی ساڵەکانی ڕابردوو هەموو ڕۆژێک لە ئاسمانی ئارارات د، دەردەکەوتن. بۆمبا و گوللـەکانیان بەسەر ژن و منداڵی بێتاوان دا دەباراند، بەڵام چونکە لە ترسی گوللـەی شۆڕشگێڕەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزەوە دەفڕین. لەلایەکی دیکەشەوە ئامۆژگاریی پێویست، بە دانیشتووان ڕاگەیەنرابوو، زیانی گیانی هیچ ڕووی نەدەدا. زیانی ئاراراتییەکان تەنها بریتی بوو لە زیانی ئاژەڵ، حکومەتی تورکە چالاکیی ڕامیاریی و سەربازیی پێکەوە لە دژی ئاراراتییەکان دەست پێکردن. فەرماندەکانی خۆی گەیاندنە نزیکی ئارارات. درێژەی بە کۆکردنەوەی هێزەکانی خۆی دا، لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی شوورەویش ژمارەیەکی زۆر سەربازی لە بەرامبەر سنووری ئێران و ئارارات دا کۆکردبووەوە. حکومەتی ئێران ناوچەی ماکۆ (پشت ئارارات) ی پڕ کردبوو لە سەرباز. ئاراراتییەکان هەرچەندە لە ئێرانەوە چاوەڕوانی جموجووڵی دوژمنانە نەبوون، بەڵام لە ئەنجامی وتووێژی ڕامیاریی و سەربازیی نێوان ئێران و تورکیە نیگەران بوون، ئەمساڵە لە بەردەم دەستێوەردانەکانی حکومەتەکانی ئێران و شوورەوی و تورکیە. بۆ ئاراراتییەکان گەلێک ترسناک بوو.
لەبەر ئەمە فەرماندەی کورد بڕیاریدا. ناوەندێکی بەرگریی وەک ئارارات لە گەلی زیلان و چیای سیپان (سێبەر پان کە تورکەکان بە هەڵە پێیان دەوت سبحان) دروست بکات لە هەمان کاتیش دا جموجووڵەکان فراوانتر نیشانبدات و نەخشەی سوپای تورک تێکوپێک بدات. خێڵی دلێری حەیدەران بۆ قەرەبووی تاوانەکانی ڕابردوویان خۆیان داوای ئەم هێرشەیان کرد، ماوەیەک لەوەو پێش هۆبەی ناوچەیی خۆیبوونەوە لە فەرماندەی کورد مۆڵەتی دەست بەکارکردنیان داواکردبوو. گەلی زیلان دووهەمین ناوچە بوو. کە لە جەگی جیهانیی ساڵی (١٩١٤) وەکو ئارارات ڕێگای هێزەکانی ڕووسیەی قەیسەریی نەدا و تاکو کۆتایی جەنگ خاکەکەی لە هەموو زیادەڕەوییەک پاراست، لەبەر ئەمە خۆیان تاقیکردبووەوە و لێهاتوویی و شایستەیی خۆیان سەلماند.
لەگەڵ بوونی ئەم پێشینەیەشدا فەرماندەی کورد مافی ئەوەی هەبوو دەستپێشخەریی بۆ ئەم کارە درێژ بکات بە تایبەتی ئەوەی کە دانیشتووانی ناوچەکە داوای ئەم هێرشبردنانەیان کردبوو. فەرمانێک کە سەبارەت بە بە ڕێکخستنی ئەم هێرشە دەرچوو سەرەڕای پاککردنەوەی گەلی زیلان لە هێزەکانی تورک ئازادکردنی شارەکانی بارگیری ئەرجیش – ئەرنیس و تەنانەت عادل جەوادیس بە پێویست دەزانرا. ئەم ئەرکانە بە یارمەتیی ژمارەیەک جەلالی لە ئەستۆی خێڵی حەیدەراندا بوو.
لەم کاتەدا هێزەکانی ئارارات هەم ئەوەشیان پێ سپێردرا بوو. کە پۆستە بە هێزکراوەکانی تورکیە کە دەوروپشتیان گرتبوو لەناوبەرن و شارۆچکەی باشکەندیان لە باکوور و چیای تندروک لە باشوور بگرن و شارەکانی ئیغدیر و بایەزید بخەنە ژێر مەترسییەوە.
قەمەر شەمکی پێی سپێردرابوو کە لەگەڵ ژمارەیەک لە خێڵی شەمکان شاری قەلب بگرێت و فاغزمانیش بخاتە ژێر مەترسییەوە و ڕێگای سار و قامیش بەرەو ئارارات بگرێت. لە فەرمانی هێرشەکەدا کاتی هێرش بردنەکەی هەموو ناوچەکان دیاری کرابوو. ئەم فەرمانە چەند وێنەیەکی زۆری لەبەر گیرابووەوە و ئامادە کرابوو و بە سەرۆکە پەیوەندیدارەکان ڕاگەیانرا بوو.
ئەفسەری تورک زوهدی گویڤەن وێنەیەکی لەم بەیانەی دەست کەوتبوو، لەبارەیەوە ئاوای نووسیوە:
(حکومەتی تورکیە فەرمانی هێرشی بۆ ئاگری دەرکرد و چەند یەکەیەکی سەربازیی بەرەو یایەزید دەچوونە پێش. ژەنەڕاڵ ساڵح لە ئامۆرتاک تەواوی ئەفسەرەکانی بۆ ڕاگەیاندنی فەرمانی لەناوبردنی شۆڕشگێڕەکانی ئاگری کۆکردەوە. لەشکرکێشیی گەورەی تورکەکان دەستی پێکرد. هێزەکانی تورکیە قەباق تەپە کە لە خۆرئاوای ئاگریدا بوو داگیرکرد. فەرماندەی شۆڕشگێڕەکانی کورد ئیحسان نوری بە نۆرەی خۆی بەو خێڵانەی کە لە دەرەوەی ناوچەی ئاگریدا بوون پرۆگرامی ڕاپەڕاندنی چەند ئەرکێکی دوور و درێژی بۆ ڕەوانە کردبوون و ئەو خێڵانەشی وەکو بەشێکی هێزەکانی خۆی لێکردبوو. لە هێرشە گەورەکەدا وێنەیەک لەم پرۆگرامە واتە بەیاننامەیەیان دەست کەوتبوو. کە لە گیرفانی کوردێکی کوژراو دا دۆزیبوویانەوە. ئیحسان نوری وێنەیەکی بەیانەکەی بۆ کۆلۆنێل نەسرەت ئیبراهیمی سەرۆکی خێڵی ئادامان ڕەوانە کردبوو. لە لای ڕاستی نامەکە ناوی خۆیبوون لە ژێریا دەستەواژەی (جەمعیەتی نەتەوەیی کورد) نووسرا بوو، لەلای چەپی بەیانەکەشەوە ناوچەی چالاکیی سەرانسەری ئاگری باسکرابوو و لە ژێر ئەوەشەوە مێژووی (١٨ ی حوزەیرانی ١٩٣٠) نووسرابوو.
ئەم پرۆگرامە یا بڵێین بەرنامەیە لە حەوت خاڵ کە بە زمانی کوردی نووسرابوون پێکهاتبوون. بریتی بوون لە:
١- لە (١١) ی حوزەیران تورکەکان پەلاماری ئاگرییان دا. قەباقتەپەیان داگیرکرد و هێزەکانی تورکیە لەوێدا جێگیربوون. شەش فرۆکەی دوژمن لەم هێرشەدا بەشدارییان کرد و لە (١١ تا ١٨) ی حوزەیران هێزی ئاسمانیی تورکیە ئاسمانی ئاگرییان دەبەزاند و بۆمبابارانیان کرد. هێزەکانی ئێمە سێ فڕۆکەی دوژمنیان خستە خوارەوە.یەکێکیان لە فڕگەی بایەزید کەوتە خوارەوە، فرۆکەوانەکەشی پێکرا و کوژرا.
٢- هێزە پیادەکانی ئاگری لە دژی هێزەکانی دوژمن بەرەو ئیغدیر و بایەزید هێرشیان دەستپێکرد. فەرمان بە لەشکری ناوەندی دراوە کە بڕۆنە چیای تندروک لەوێشەوە پەلاماری هێڵی هاتنی یارمەتیی تورکەکان بدەن، هەروەها پایەگاکانی کەرەسە جەنگییەکانیان داگیربکەن. بەچالاکیی پارتیزانیی هێزەکانی لای سووریەوەمان هاتبوونەوە ناوچەکانی خەرپوت و دەرسیم و هاتنە پێشەوەی هێزەکانی تورکیان ڕاوەستاند.
٣- بەشی یەکەمی هێزەکانی خۆیبوون، بە یارمەتی یەزدان پەلاماری تورکەکانیان دا.
ا- تەمەر ئاغا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ئاگری بە هێزەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە دەستی بە چالاکی کرد؛ لە (٣) ی حوزەیران پەلاماری بنکەی حکومەتی لە شاری قلب دا، لە دوای داگیرکردنی شارەکە، خێڵەکانی شمکان پەیوەندییان بە هێزە شۆڕشگێڕەکانەوە کرد و پێکەوە گەیشتنە نزیکی پیرناوۆت.
ب- شەوی (٤) حوزەیران وەلی بەگ، یارمەتیدەریسەرهەنگی تۆپخانە بە هاتنی خێڵەکانی (گازاگان – Gazagan) و زیلان بەهێزبوون و چەند کۆمەڵێکی دیکەش پەیوەندییان پێوەکردن. ناوبراو لە پەلامارێکی گەورە و گرنگ دا، شاری بایەزیدی ڕزگارکرد و لە هەمان ڕۆژدا هێزەکانی ئاگری پەلاماری ئەو هێزەی دوژمنان دا کە لە ئاگریدا جێگیر بووبوون.
٤- فەرماندەکانی ئەم دەستانە کە لە ئاوایی درێک کۆبووبوونەوە. لە (٤) ی حوزەیران بە هێزەکانیان یەکەیەکی سوپای تورکیان چەککرد و فەرمانگەی حکومەتیان داگیرکرد. چالاکییەکانی دوایی بەم شێوەیەی خوارەوە ئەنجام دران:
ا- بەشی ئەرجیش بە پشتیوانی گەلی زیلان و لەدوای داگیرکردنی بنکەی حکومەتی تورک بەرەو عادل جەواز ڕۆیشتن ڕزگاریان کرد. لەلای ئەخلاتەوە. تاکو توان و چیای نەمرود سوارەکانی کورد لە هاتوچۆ و گەشتا بوون.
ب- لە دوای ناردنی چەند یەکەیەکی پێویست بۆ بەشی ئەرجیش، ڕابەرەکانی گەلی زیلان تیپێکی ژاندارم و کارمەندانی تورکیان لە ناوچەکەدا گرت. لە خۆرئاواشەوە بەرزاییەکانی ئاڵاداغ و مەلەزگریان داگیرکرد.
یەکەکانی سوارەی کورد توانییان ڕێگاکانی پەیوەندی و هاتوچۆی قەراکۆسە بۆ مەلەزگر و قەراکۆسە بۆ ئەرجیش و مەلەزگر بۆ پاتنوس بخەنە ژێر دەستەڵاتی خۆیانەوە.
پ- خێڵەکانی حەیدەران، دانیشتووانی پاتنوس خێڵەکانی دیکەی کە پەیوەندییان بە ئێمەوە کردبوو شاری پاتنوسیان ڕزگار کرد و سوارە کوردەکان هاتوچۆی پەیوەندیی دوژمنیان لە باکوور و خۆرهەڵاتی چیای سیپان کە کەوتبووە ئارنیسیش کەوتە ژێر دەستەڵاتی کوردەکانەوە. ئەو ڕێگایانەی کە (وان)یان بە ئەرجیس و ئارانیسیان بە سەرایەوە دەبەستەوە داخست.
ت- هێزەکانی ناوەندی لەلایەن عەشایەری میلان و جەلالی و هەروەها ئەو خیڵانەی کە لە ئاغاباوە هاتبوون، بەهێز بوو بوون. شاری بچووکی بایەزید-یان ڕزگارکرد. دەستەیەکی (٤٠٠) کەسیی بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئامادەکردن بۆ چیای تندروک ڕەوانەکران تاکو لە گوێزانەوەی کەلوپەلە بەجێماوەکاندا یارمەتییان بدەن. شارەکانی وان، سەرای، ئاگرین و هەروەها ئەو ڕێگایانەی کە لە وان‌ـەوە بۆ تەریب و لە هەکارییەوە بۆ سەرای دەڕۆیشت خستنە ژێر هەڕەشەی خۆیانەوە.
ج- هێزەکانی ئەرجیش و ئارنیسیش لە چالاکییەکانی هێزەکانی ناوەندیدا بەشداربوون.
چ- لە ڕۆژی هەینی (١٤) ی حوزەیران یارمەتیدەری سەرهەنگ نەسرەت ئیبراهیم ئاغا سەرۆکە خێڵی ئادامان، دانیشتنێکی کتوپڕی بە ئامادەبوونی عەلی بەگ میرزا و ڕەسوڵ زەلی و هەموو سەرۆکەکانی دیکەی خێڵەکانی قوتان و حسە سووری پێکهێنا هێرشیان بۆ شاری دیادین برد، بەتەواوی دەستیان بەسەر ڕێگای نێوان قەراکۆسە و بایەزید دا گرت و ئیبراهیم ئاغا و حەمید بەگ تێکۆشان کە ڕێگای هاتوچۆی دوژمن لە گەلی تاهر بگرن.
ح- لەدوای گرتنی ئەم شوێنانە کە لە سەرەوە باسمکردن، هێزەکانی ئەرجیش و پاتنوس و گەلی زیلان، بەشی زۆری هێزەکانی خۆیان لە ژوورووی ئەو شوێنەی کە دووتاق و مەلەزگر بەیەکەوە دەبەستەوە، جێگیر کرد. دەستەی هێنان و بردنی کەرەسەی پێویست لە نێوان ئارنیس و نورشات جێگیربوون.
٥- (بنکەی سەرەکیی فەرماندەیی کوردەکان لە ئاگریدا بوو بەڵام بەهۆی گەلێک هۆوە نەدەبووا دوژمن بەوردی شوێنەکەی پێبزانێت).
زوهدی ویڤەن لە دوای ئاماژە بە بەرنامەی کاری خۆیبوون ئاوای نووسیوە:
(ئیحسان نوری هەڵاتووی سوپا و خایەن، فەرماندەیی گشتیی چالاکییە سەربازییەکانی لە ئەستۆدایە و هەروەها ڕێکخراوێکی لە شێوەی حکومەت دامەزراندووە. لە کۆتایی ئاخرین لاپەڕەی بەرنامەی کارەکاندا لە ژێر ناونیشانی (فەرماندەی گشتیی خۆیبوون) واژۆی ئەوی پێوە بوو. لە بارەی هەڵوێست و ئەرکەکانی ئیحسان نوری وا دەردەکەوت کە ناوبراو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد خەباتی دەکرد. سەرەڕای بەرنامەی ئەم کارانە. (بەرنامەی کاری گشتی) یشی بڵاوکردبووەوە کە بۆ لێپرسراوانی پەیڕەوی خۆی دەدوا. لەم بەرنامەی کارانەدا هێڵە گشتییەکانی ڕاپەڕین بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری کرابوون.
١- هەر کۆمەڵێک دەبێت سەرۆکێک و لێپرسراوێکی هەبێت.
٢- لە هەر ناوچەیەکدا دەبێت ناوەندێکی بەڕێوەبردن بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە مەدەنییەکان و هەروەها بۆ دابینکردنی کەرەستەی پێویستی جەنگاوەران دابمەزرێت.
٣- تەواوی ئەو چەکە قورس و سووکانە، هەروەها تەقەمەنی و کەلوپەل و هۆکانی گوێزاننەوە و ئەو خواربارەی لە شارەکان و ناوەندەکانی حکومەتەوە دەستدەکەوێت بگوێزرێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندیی کورد، فەرمانێک دەرچوو کە لە گرتنی دراو و کەلوپەلی تایبەتی خەڵکی غەیرە سەرباز خۆتان بیپارێزن.
٤- ئەفسەرانی سوپای تورک و هەروەها ئەو لێپرسراوانەی حکومەت کە مەیلی هاوکارییان بە شۆڕشەوە هەیە دەتوانین قبووڵ بکەین بەڵام دەبێت لە ژێر چاودێریدابن. بنکە و هێڵی تەلەفۆن و تەلەگراف دەبێت لە ژێر نۆژەنکردنەوەدابن بۆ ئەمەش دەبێت سوود لەو پسپۆڕانە وەربگیرێت کە شایستەی پشت پێبەستنن. دەست حەقیشیان پێبدرێت. هێڵەکانی پەیوەندیی و ڕێگاکانی نێوان ئاگری و دوژمن دەبێت لەناوببرێن. فڕۆکە و فڕگەکان دەبێت هەمیشە لەژێر کۆنترۆڵدابن لێ نزیکبوونەوەیان قەدەغەیە).
زوهدی گویڤەن بەشێکی دەقە ئەسڵییەکەی لاداوە، بەڵام لەوانەیە لە زەحمەتییەکانی وەرگێڕانی دەقە کوردییەکە بۆ دەقێکی تورکی سەرچاوەی گرتبێت. لە بەرامبەر ئەمە ڕەفتاری دۆستانەی کوردەکانی بەرامبەر بە زیندانییە تورکەکان، نەنووسیوە.
سەرچاوە: بیرەوەرییەکانی ئیحسان نوری پاشا و: وریا قانع ٢٠٠١ چاپی یەکەم (دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریان ل ٨٠-٩٣)
*نووسینی وریا قانع بۆ پێشەکی کتێبی (بیرەوەرییەکانی ئیحسان نوری پاشا).

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …