Home / بەشی مێژووی كورد / ڕۆڵی عەشیرەتی جاف لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا

ڕۆڵی عەشیرەتی جاف لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا

ڕۆڵی عەشیرەتی جاف لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا

1488105510406

داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە پاش بەرپابوونی جەنگی جیهانی یەکەم (1914- 1918) سەرەتایەک بوو بۆ سەردەمێکی نوێ لە داگیرکاریی ئیستعماری بەدفەڕ لە عێراقدا پاش چەندین دەیەی دوور ودرێژ لە حوکمی تاڵی عوسمانی لەم وڵاتەدا . لە ڕاستیدا وڵاتەکەمان لەژێر سێبەری ئینگلیزدا بارودۆخێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووریی گەلێک ناهەمواری بە خۆوە بینی کە کاریگەرییەکی یەکجار خەراپیان لەسەر ژیانی گەلەکەمان جێهێشت . بۆیە رۆڵەکانی گەلەکەمان بە کورد و عەرەب و کەمایەتییە براکانیانەوە پێکەوە بۆ بەرەنگاریکردنی داگیرکەرانی نوێ ڕاپەڕین و ، لەو پێناوەدا قوربانییەکی مەزنیان پێشکەش کرد . و میللەتی کوردیش لەلایەن خۆیەوە بەشێکی بەرچاوی لەو قوربانیدانە بەرکەوت و، کوردستان بووبە گۆڕەپانێکی سەرەکیی تێکۆشان لە دژی داگیرکەران کە بە ئاگر و ئاسن و هەندێ جاریش بە پیلان و تەڵەکەبازی، ڕفتاریان لەگەڵ گەلەکەماندا دەکرد . جا مەسەلەیەکی سرووشتی بوو لەو قۆناغەدا کە جاف بە گوێرەی ژمارە و رۆڵ و کاریگەرییان لە کوردستاندا،پشکێکی زۆریان لە ئاکامە تاڵەکانی ئەو بارودۆخە بەرکەوێت. لەو سەروبەندە دژوارەدا، کەریم بەگی فەتاح بەگی جاف لە کۆتایی دەیەی دووهەمی سەدەی ڕابردوودا، بووبە سەرۆکی جاف و سەلماندی کە زۆر شایەنی ئەو ئەرکەیە، چونکە زۆر لێهاتووانە توانیی یەکڕیزی و یەکپارچەیی عێلە گەورەکەی بپارێزێت .

کەریم بەگ وەک دابی ڕەسەنی سەرۆکەکانی لەوەو پێشی جاف تا ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی بیست لەگەڵ عێلەکەیدا کۆچی نێوان گەرمیان و کوێستانی دەکرد، تا ئەو کاتەی بڕیاری دا بە گوێرەی بارودۆخی زەمان، لە گوندی کەلاردا نیشتەجێ بێت و ئەو شوێنە بکاتە مەڵبەندی سەرەکیی عێلەکەی، پاش ئەوەی هەڵەبجە جاران ئەو رۆڵەی دەبینی . ئیدی بەو هۆیەوە کەلار پەیتا پەیتا گەشەی کرد و گەلێک پێشکەوتنی شارەستانی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی…هتد بەخۆوەبینی .هەروەها روڵەکانی جافی کۆچەریش لەلایەن خۆیانەوە و، بەهوی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابووریی نوێوە لە وڵاتدا، کۆمەڵ کۆمەڵ بە دووی یەکدا دەستیان بە نیشتەجێبوون کرد ولە گەرمیان و شارەزوور و شوێنەکانی دیکەی سلێمانی و کەرکووکدا سەقامگیر بوون و حەوانەوە و، زۆربەی هەرە زۆریان وازیان لە ژیانی کۆچەری هێنا. بەهەر حاڵ عێلی گەورەی جاف چ لە سەردەمی ژیانی کۆچەریدا چ لە پاش نیشتەجێبوونیاندا، هەمیشە خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی ڕەسەن و نەگۆڕی خۆیان بوون و، دڵسۆزی و ئەمەکداری و پابەندبوونی خۆیانیان بۆ ئەم خاکە ئازیزە لە گشت تەنگانە و بارودۆخێکدا سەلماندووە. لێرەدا ئێمە ئاماژە بە هەندێک لەو هەڵوێست و ڕووداوانە دەکەین کە بە ئاشکرا، ڕێبازی خەباتگێڕانەی ڕاستەقینەی ئەم عێلە لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا، پاش داگیرکردنی وڵاتەکەمان لەلایەن ئینگلیزەوە، ڕوون دەکەنەوە. جا جگە لە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی دیاری جاف و بەشداربوونی سەدان سواری جەنگاوەریان بە فەرماندەتیی حەمە عەلی بەگی برای مەحموود پاشا و کەریم بەگی برازای لە جەنگی شوعێبەدا شان بەشانی شێخی حەفید و عەشایەرە شۆڕشگێڕەکانی تری کورد ساڵی 1915، رۆڵەکانی ئەم عێلە تێکۆشەرە بەشدارییەکی دیار و بەرچاویان لە شۆڕشی بیستی نیشتمانیدا کرد کاتێک رۆڵەکانی هەردوو تیری رۆغزایی و تەرخانی چوونە پاڵی شۆڕشگێڕ ئیبراهیم خانی دەلۆ لە کفریدا و بوونە پێشەنگی ئەو شۆڕشگێڕانەی کە شارۆچکەکەیان لە دەستی داگیرکەر ڕزگارکرد و، حکوومەتێکی کاتییان بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم خان دامەزراند کە دوو لە ئەندامەکانی، حاجی محەمەدی تەرخانی و حەمە جانی رۆغزایی بوون. پاشانیش جافەکان وەک تێکڕا شۆڕشگێڕانی کفری سەر لە نوێ کەوتنەوە ژێر باری قورسی داگیرکەر و تاڵاو و ئازار و نەهامتییەکی زۆریان لەو بارودۆخەدا چەشت . هەروەها رۆڵەکانی جاف ئەوپەڕی داکۆکییان لە شێخ مەحموودی حەفید و راپەڕینەکانی لە دژی ئینگلیز کرد، نەخاسمە پاش ئەوەی شێخ مەحموود لە ژیانی، تاراوگەیی (لە هیندستان) ساڵی 1922 بۆ وڵات گەڕایەوە و حکوومەتە سەربەخۆکەی لە سلێمانیدا ڕاگەیاند و بووبە مەلیکی کوردستان و ئەوجا چەند جارێک لەگەڵ ئینگلیزدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە . ئا لەو سەروبەندەدا چەند شۆڕشگێڕێکی جاف وەک: خەلیفە یونس رۆغزایی، محەمەد عەلی وەسمان رۆغزایی، مەحموود خاتری ئیسماعیل عوزێری… ناویان دەرکرد و لە ڕیزی فەرماندەکانی بەرە سەرەکییەکانی شۆڕشدا ناسران . لە بەهاری ساڵی 1931دا شۆڕشگێڕانی جاف لەسەروویانەوە کەریم بەگی سەرۆکیان و داوود بەگی برای و حەمە ئەمین بەگی کوڕی (مینە جافی شاعیر) لەگەڵ هەندێک لە رۆڵەکانی تری گەرمیان شانبەشانی شێخ مەحموودی حەفیددا داستانێکی شکۆداریان لە گوندی (ئاوباریکی) گەرمیاندا تۆمار کرد، کاتێک توانییان گەمارۆی هێزێکی گەورەی میری بشکێنن کە فرۆکەکانی بەریتانی لە ئاسمانەوە کۆمەکی دەکردن و، زەرەر و زیانێکی زۆریان پێبگەیەنن و خۆیان دەربازکەن

لە ڕاستیشدا ئەم داستانە کە لە گوندی ئاوباریکی بناری گلدا رۆژی 5ی نیسانی 1931دا ڕوویدا، بە گرنگترین ڕووداو لە دوا قۆناغی خەبات و ڕاپەڕینەکانی شێخی حەفیددا لە دژی ئینگلیز دەژمێردرێت . جا بۆ ئەوەی لە هەقیقەتی ئەو بارودۆخە باش حاڵی ببین، دەڵێین، شێخی حەفید بەهۆی پێشهاتەکانی ئەو سەردەمە و لەسەر پێوەندی و داوای بەگزادەکانی جاف و عەشیرەتە دۆست و هاوپەیمانەکانی دیکەی لەو دەڤەرەدا، بڕیاری دا خەباتی چەکداریی خۆی لە سنووری سلێمانییەوە بگوێزێتەوە بۆ دەوروبەری کەرکووک . پاش ئەوەی شێخ مەحموود گەیشتە بناری گل، ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانی گەرمیاندا کەوتنە دانانی نەخشەی پەلاماردانی کەرکووک لە گل و لەیلانەوە بە مەبەستی ڕزگار کردنی ئەو شارە لە چنگی داگیرکەران . لەو کاتەی شێخی حەفید و کەریم بەگ و داوود بەگ و حەمە ئەمین بەگی جاف و ژمارەیەک لە ناودارانی گەرمیان لە ماڵی شێخ مەجیدی تاڵەبانیدا (خاوەنی گوندی ئاوباریک) میوان دەبن، دوژمن ئەو هەواڵەی پێدەگات و بۆ سبەی (5 ی نیسان)، فرۆکەکانی هێزی ئاسمانیی بەریتانی کوتوپڕ هەڵدەکوتنە سەر شۆڕشگێڕان لەو شوێنەدا و، دەست دەکەن بە بۆردمانکردنیان ، بۆ ئەوەی ڕێگەی پاشەکشێیان لێ قەدەغە بکەن . لە هەمانکاتدا هێزێکی زەبەللاحی میری لە سەرباز و پۆلیس و بەکرێگیراوان، بە چەک و تفاق و تەقەمەنیی زۆر و هەمە جۆرەوە بەرەو گوندەکە پێشڕەوی دەکەن و پاش نیوەرۆ دەگەنە ئەوێ و لە دوو قۆڵەوە خێرا پەلاماری دەدەن بۆ ئەوەی زوو بچنە نێو گوندەکەوە و شۆڕشگێڕان بەدیل بگرن یان لە ناویان ببەن ، بەڵام شۆڕشگێڕە گیان لەسەر دەستەکان کە لە شێخ مەحموودی حەفید و هاوەڵەکانی و کەریم بەگی جاف و براکانی و چەکدارەکانی و هەندێک لە شێخانی تاڵەبانی و ئاغاکانی زەنگەنە و یاوەرەکانیان پێکهاتبوون ، مەردانە لە دوژمن هاتنە دەست و بەرگرییەیەکی شێرانەیان لەو سەنگەرانە کرد کە تێیدا بوون . ئیدی شەڕێکی دەستە و یەخەی خوێناوی لە شوێنەکەدا بەرپا دەبێت و چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت. ئەو هێزانەی سەر بە شێخ بوون و لە گوند و شوێنەکانی دەرەوەی ئاوباریکدا دابەش بوو بوون بۆیان نەڕەخسا بە هانای شێخ و هاوەڵەکانییەوە بچن و لە شەڕەکەدا بەشداری بکەن، ئەویش لەبەر کوتوپڕیی شاڵاوی دوژمن و خەستی بۆردومانی ئاسمانیی فرۆکەکانی بەریتانی . بەهەر حاڵ لەو جەنگە نابەرامبەرەدا، شۆڕشگێڕان لە شەڕێکی دەستە و یەخەی دژواردا بە چەکە سووکەکانییانەوە توانییان لە بەرامبەر دوژمندا بە گشت تۆپو مەترلۆز و فرۆکە و چەکەکانی دیکەیانەوە بوەستن و مەردانە بجەنگن و داکۆکی لە خۆیان بکەن و نەهێڵن دوژمن بە سەریاندا زاڵ بن و دەستگیریان بکەن وەک هەوڵیان بۆ دەدا . هاوکات بە تفەنگەکانیان تەقەیان لە فرۆکەکانیش دەکرد کە بە نۆرە دەهاتنە سەر شەڕگەکە و بۆردومانی شوێنەکانیان دەکردن، بگرە توانیشیان یەکێک لەو فرۆکانە بپێکن کە بە ناچاری لە باشووری رۆژهەڵاتی خوورماتوودا نیشتەوە. ئەوجا لەگەڵ داهاتنی تاریکە شەوی ئەو رۆژە مێژووییەدا، شۆڕشگێڕان توانییان ئابڵۆقەی دوژمن بشکێنن و لە گوندەکە دەربازبن و، هێزی دوژمن بە پەرتوبڵاوی و هەناسە ساردی و زەرەر و زیانێکی گیانی و ماددیی زۆرەوە لە شەڕگەکەدا بە جێبهێڵن، ئەم داستانە بە خوێنی گەشی پۆلێک شەهید و برینداری بە ئەمەکی گەلەکەمان تۆمارکرا کە لەلایەن هاوەڵە قارەمانەکانیانەوە بۆ دەرەوەی گوند کوازرانەوە و دەرباز کران . لێرەشدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە ئازایەتی و دلێری جەنگاوەرانی جاف لە داستانەکەدا بکەین، لەسەرووشیانەوە کەریم بەگ و داوود بەگ و حەمە ئەمین بەگی جاف، تەنانەت شێخی نەمر دەربارەی ئازایی و جوامێری داوود بەگ لەو داستانەدا فەرموو بووی:

داوود شێرە.. شێر.. بۆ باس ناکەی! هەر لەو داستانەدا شێخ عەلیی قەڵبەزەش رۆڵێکی دلێرانە و مەردانەی نواند و بە خۆی هەژدەکەس لە چەکدارە گیان لەسەر دەستەکانییەوە، بوونە قوربانی خاک و وڵاتیان و شەهیدبوون. جگە لەم شەهیدە سەربەرزانە، چەند کەسێکیش لە چەکدارانی شێخ مەحموود و کەریم بەگی ج افیش شەهید و بریندار بوون.. بارو دۆخ و پێشهاتە دژوار و سەختەکانی پاش جەنگی ئاوباریک کارێکی وایانکرد شێخی حەفید و یاوەرانی ناچاربن سنووری گەرمیان و کەرکووک بەجێبهێڵن بەرەو سنووری عێراق – ئێران بگەڕێنەوە . وەلێ، زۆری نەخایاند، بە هۆی پەرەسەندنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و ئێران و بە سەرپەرشتیی کاربەدەستانی ئینگلیز لە دژی شێخ مەحموود، هەروەها بەهۆی هەندێک هۆکاری ناوخۆیی سەختی تر، شێخی حەفید بڕیاری دا دانووستان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی و لایەنی بەریتانیدا بکات و خۆی بە دەستەوە بدات (24ی مایسی 1931)، ئیدی بەو شێوە بۆ باشووری عێراق دوورخرایەوە و کۆتایی بە ڕاپەڕینەکانی هات . هەروەها ڕەوتی خەباتی ژمارەیەک لە بەگزادە و پیاوماقووڵ و کەسایەتییەکانی جاف لە ڕیزی پارتی هیوادا لە سەرەتای چلەکانەدا، بە هەڵوێستێکی خەباتگێڕانەی شەرفمەندانە لە مێژووی تێکۆشان و بەر خودانیاندا دەژمێردرێت، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لە سەر هەستکردنی هۆشیاریانەی نەتەوەیی و سیاسییان وەک تێکڕا روڵکانی دیکەی کەرکووک و گەرمیان کە چووبوونە ڕیزی ئەو پارتەوە . ئەوەبوو رۆڵێکی هەرە کاریگەریان بینی لەسەرخستنی ئەو کۆبوونەوەی پێکهێنان و ئاشتبوونەوەیەدا کە لە هاوینی ساڵی 1944دا لە ماڵی داوود بەگ لە کەلاردا بەسترا و گەیشت بەو ئاکامەی کە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هیوا لەو سەردەمەدا چارەسەر بکات و نەهێڵێت . بە هەمانشێوە گوندی (گێژەکان)ی نزیک کەلار لە ساڵی 1945دا کۆنگرەیەکی تری ئەو پارتەی لە ئامێزگرت کە بە کۆنگرەی قەندیلە- قەنیلە ناسرا (کۆنگرەکە شەو لە رۆشنایی چرایەک- قەنیلەیەکدا بەڕێوە چووە) . مەبەست لە بەستنی ئەم کۆنگرەیەش بۆ پاڵپشتیکردنی شۆڕشی بارزان بوو . لە ئاکامیدا سوارەکانی جاف بە فەرماندەیی مستەفا بەگی جاف و، سوارەکانی جموور و باجەڵان و تاڵەبانی هەندێک چالاکی و کاری سەربازییان لە دژی پێگە و دامەزراوەکانی میری لە هەردوو دیوی سیرواندا ئەنجام دا، بێ ئەوەی ئامانج و خواستی کۆنگرەکە بپێکن!

هەمیسان نابێت هەڵوێست و دەستپێشخەری و چالاکییە دیار و بەپێزەکانی نائیبەکان (پەرلەمانتارەکان)ی جافمان لە سەردەمی حوکمی پاشایی (مەلیکی) عێراقیدا لە پێناو ماف و خواستەکانی گەلەکەیاندا، لە بیر بچێت، نموونەی، حەمە بەگ و داوود بەگی جاف (لە نائیبەکانی کەرکووک)، عیزەت بەگی عوسمان پاشای جاف و ئەحمەد بەگی حەمە ێالح بەگ و حەسەن بەگی عەلی بەگ و حامید بەگی جاف (لە نائیبەکانی سلێمانی). سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکانی دواتریش کە رۆڵەکانی جاف تیایاندا بەشدارییان کرد، ئەمانە رووداوگەلێکی زۆر و جۆراوجۆرن و لە دەرفەتێکی ئاوەهادا ناتوانین باسی هەموویان بکەین ، وەلێ ئێمە لێرەدا بە خێرایی ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین (( وەک نموونە )) لەوانە: بەشداربوونی کاریگەرییان لە رووداوەکانی دەربەندیخان 1961 (سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول) و ، شەڕی ژاڵە لە گەرمیان ساڵی 1963 کە تێیدا ئەدیب خوسرەو جاف و مێژوونووس د. حەسەن جاف ئازایانە بەشدارییان تێدا کرد . هەروەها مستەفا بەگی جاف ساڵی 1964 وەک نوێنەری عێلە گەورەکەی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشدا دانرا کە لە کەسایەتییەناسراو و لێهاتووەکانی کورد لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا دامەزرا. دیسان جێی ئاماژەیەکە یەکەمین شەهیدی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کاکە حەمەی تەلان بوو لە عێلی جاف . هەروەها زۆر بە خێرایی ئاماژە بە رۆڵ و بەشداربوونی دیاری عێلی جاف لە گشت بزووتنەوە و چالاکییە خەباتگێڕانەکانی تردا دەکەین کە رۆڵەکانی ئەم عێلە بەردەوام پێی هەستاون و قوربانیی مەزنیان بە دەیان هەزار کەس لە میانەیاندا داوە، نەخاسمە لە کارەساتە شووم و دڵتەزێنەکەی بەناو ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهید کە لە میانەیاندا رۆڵەکانی گەلی کوردمان لەلایەن بەعسی گۆڕ بەگۆڕەوە تووشی جینۆساید هاتن . لە کۆتاییشدا ئاماژە بە رۆڵی دیار و هەرە کاریگەری رۆڵەکانی جاف دەکەین لە راپەڕینە شکۆدارەکەی گەلەکەمان لە بەهاری 1991دا و ئەو ئاکام و پێشهات و دەسکەوتە مەزنانەی دوای ئەو مێژووە هاتنە دی، لە سەروویشیانەوە دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

الأمير كريم بگ

الطائرات البريطانية المغيرة على ئاوباريك

الأمير داود بگ

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …