Home / بەشی مێژووی كورد / كۆمەڵكوژی بارزانییەكان… بەشێك لە نەخشەی جینۆسایدی كورد

كۆمەڵكوژی بارزانییەكان… بەشێك لە نەخشەی جینۆسایدی كورد

15721064455_9da64927f3_b
ته‌ها سلێمان
پێشەكی
كاركردن و نوسین و پشكنین لە دۆسییەی پەلامارو شاڵاوەكانی جینۆسایدی گەلی كوردو كوردستان، ئێجگار زەحمەت و پڕماندوو بوونە. چونكە لە یەكەم هەنگاوەوە، روو بەڕووی ئاستەنگێكی گەورە دەبیتەوە، ئەویش نەبوونی سەرچاوەو ئەرشیفێكی پێویستە، كە بتوانرێ‌ بە پشت بەستن پێیان، ئەوەی ئامانجی نوسین و لێكۆڵینەوەیە پێی بگەیت.
بۆ ئەمساڵ، وەك بەشێك لە ستراتیژو ئامانجی نوسین و لێكۆڵینەوە تایبەت بە قۆناغ و دۆسییەی پەلامارو شاڵاوەكانی جینۆسایدی گەلی كوردو كوردستان، بە پێی ئەو پلانەی بۆ خۆمان دارشتبوو، كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی چڕو بابەتیمان ئەنجامدا، وەك “جینۆسایدی ئێزدییەكان، جینۆسایدی كوردی فەیلی لە عێراقدا، جینۆسایدو كیمیابارانی هەڵەبجە، جینۆسایدی ئەنفال، جینۆسایدی قەڵادزێ‌” و كۆمەڵێك بابەتی تری تایبەت بە چەمك و واتای تاوانی جینۆساید، كە ئەمەی بەردەست ” كۆمەڵكوژی بارزانییەكان… بەشێك لە نەخشەی جینۆسایدی كورد”، یەكێكە لە لێكۆڵینەوەو توێژینەوانە.
ناكرێ‌ لەم چەند دێرەی پێش خوێندنەوەی بابەتەكە، خوێنەر لەوە بەئاگا نەبێت، كە تێكڕای ئەم لێكۆڵینەوانەو بابەتانە، لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ و بە شێوازی دۆسییەی تایبەت و بە بایەخ و كوالیتی بەرز بڵاو بوونەتەوە، كە لە بەرنامەی داهاتووماندایە، بیكەنە كتێب و ببێتە یەكێك لەسەرچاوەكانی بەردەست بۆ لێكۆڵەرو توێژەران، بەتایبەت ئەو خوێندكارانەی بابەتی بكالورێس و ماستەرو دكتۆراكانیان، بۆ ئەم بوارە تەرخان دەكەن.
شوێنی نیشتەجێبوونی بارزانیەكان
ناوچەی بارزان لە باشووری كوردستان دەكەوێتە ناوچەیەكی شاخاوییەوە، لەنێوان “عێراق – ئێران- توركیا”، ئەم ناوچەیە لە حەوت هۆزێكهاتوە “: شێروانی، دۆڵەمەڕی، گەردی، نزاری، بەرۆژی، مزووری، هەركی بنەجێ‌”، لەڕووی ئیدارییەوە بارزان سەربە قەزای مێرگەسوورە-بەپارێزگای هەولێرەو پێنج شارچكەی هەیە لەوانە “: بارزان، كۆڕەتوو، مەزنی، پیران، شێروان مەزن”. ژمارەی گووندەكانی ناوچەی بارزان “260” گووندەو دوای راگواستن و شاڵاوەكانی جینۆسایكردنیان تائێستا نزیكەی “82” گووندییان ئاوەدانكراوەتەوە. كۆی ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی بارزان لە ئێستادا بە “500” هەزار كەس مەزەندە دەكرێن.

مێژووی قۆناغەكانی راگواستن و جینۆسایدی بارزانیەكان
بەپێی ئەو سەرچاوە مێژووییانەی لەبەردەستان، ئەگەرچی زۆرنین و كەمن، ناوچەی بارزان بەدرێژایی مێژووی دوورو نزیك، لەلایەن دەسڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، بەردەوام و بە شێوەیەكی سیستمیماتیك كراونەتە ئامانجی لەناوبردن و گواستن و جۆرەها تاوانیان لەدژ ئەنجام دراوە، كە ئەكرێ‌ بەم شێوەیە دەست نیشانیان بكەین یان ئاماژە بە كات و بەروارەكانیان بكەین.
یەكەم: راگواستن و نەفی كردنی بارزانیەكان لە عێراق و توركیا، لە نێوان ساڵی “1907 بۆ 1945” كە لەسەردەستی سوپای عوسمانی دەست پێدەكات و پاشان دەسڵاتی بەریتانیەكان لە عێراق لە 1920 و تا دەگاتە فەرمانڕوایەتی پاشایەتی.
دووەم: دووەم: لە ساڵی 1945 بۆ 1960، بە پاساوی سەركوتكردنی راپەڕینەكانی ناوچەی بەرزان دژی فەرمانڕەوایی لە عێراق، جارێكی تر ناوچەكە دەكەوێتە بەردەم پەلامارو شاڵاوی دڕندانەی فەرمانڕەوایانی عێراق، ئەمەش وای كرد كە زۆرێك لە دانیشتوانی ناوچەكە روو بەڕووی زوڵم و زۆرو چەوساندنەوە بن و هاوكات ببێتە هۆكارێك بۆ دەربەدەربوونی دانیشتوانی ناوچەكە بۆ سنووری دەوڵەتی ئێران.
سێیەم: رووخان و راگواستن و كوشتاری 1960 بۆ 1974، كە ئەم قۆناغە بەشێوەیەكی سیستیماتیكترو بە پلان و بەرنامەی تۆكمە ئەنجامدرا. تا بۆردوومانكردنی ناوچەكەو دەربەدەركردن و كوشتنی خەڵكی سیڤیل و راگواستن، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە عێراق ئەندامی نەتەوەیەكگرتوەكان بوو، كەچی ئەم تاوانەشی ئەنجام دەداو كەس لێی نەدەپرسییەوە.
چوارەم: لەم قۆناغەدا 1975 بۆ 1991، دەتوانین بە سەخترین قۆناغی “راگواستن، كۆچپێكردنی زۆرە ملێ‌، جینۆساید” ئەژماری بكەین، كە پاش رێكەوتنامەی جەزائیر لە ساڵی 1975، رژێمی بەعس بەشێوەیەكی پڵان بۆداڕێژراوو سیستیماتیكیانە، كەوتە شاڵاوی كۆمەڵكوژی بارزانییەكان و هەنگاوە بەراییەكانی ئەم كۆمەڵكوژییەش بەم شێوەیە دەستی پێكرد. سەرەتا بارزانییەكان رووبەڕووی ئاوارەبون بوونەوەوكەوتنە دیوی ئێران، و بەشارە فارسە ئێرانییەكاندا بڵاوبوونەوە یان دابەشكران، بەم شێوەیە دەستكرا بەجینۆسایدی بارزانییەكان. لەساڵی 1975 دانیشتوانی “نزارو بەرۆژ” بۆخوارووی عێراق دوورخرانەوەو فڕێدرانە سنووری پارێزگای دیوانیە، لەساڵی 1978 بەهەمان شێوە دانیشتوانی ناوچەكانی “مزووری، شێروانی، گەردی” بۆ ئۆردگاكانی “بەحركە، دیانا، هەریر، كۆرەتوو” لەسنووری پارێزگای هەولێر گوێزرانەوە. لەشاڵاوێكی ترو لەشێوەی پێشوو، لەساڵی 1982 دانیشتوانی “شێروان مەزن”یان بۆ ئۆردگای زۆرەملێی “سێبیران” گواستەوە.
دواترو دوای ئەو هەنگاوە بەراییانە، كردەوەی كۆمەڵكوژی بارزانییەكان بەشێوەیەكی فراوانترو كرداری لەلایەن |دەوڵەتی عێراق و حزبی بەعس”وە دەستی پێكرد. لەساڵی 1983 شاڵاوی جینۆساید بوو بەكردەیی و بەچەند قۆناغێك و سەرەنجام “8000” هەزار كوردی بارزانی – دەستگیرگران و لە بیابانی “البوصیە الجنوبیە” گوولەباران كران و “جینۆساید” كۆمەڵكوژكران.
دەستپێكی ئەم كردەوەو شاڵاوەی جینۆساید بەچەند قۆناغێك و بەم شێوەیە بوو:
قۆناغی یەكەم: لە 29 تا 30- 7- 1983 دەستگیركردنی هەندێ‌ كەسایەتی دیاری بارزانییەكان.
قۆناغی دووەم: لە 31-7-1983 بەكۆمەڵگرتنی هەموو نێرینە “رەگەزی نێر”ی بارزانییەكان لە ئۆردووگاكانی ” قودس و قادسیە”.
قۆناغی سێیەم: لە 10-8-1983 بەكۆمەڵگرتنی هەموو نێرینە “رەگەزی نێر”ی بارزانییەكان لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی ” هەریر، بەحركە، دیانا”.
قۆناغی چوارەم: راوەدوونان و بەكۆمەڵگرتنی ئەو بارزانیانە بوو، بەهەرشێوەیەك بوبێت لە شاڵاوەكانی گرتن رزگارییان ببوو.
بەم شێوەیە وەك لەپێشووتر ئاماژەمان بۆكرد، “8000” هەزار لەڕەگەزی نێرینەی بارزانانیەكان لە گەنج و پیرو مێرد مناڵ، لەلایەن دەوڵەتی عێراق بەسەرۆكایەتی “بەعس- سەدام حوسێن” لەناوبران و جینۆساید كران و وەك “سەدام” دانی پێداناو وتی “رەوانەی جەهەنمیانمان كرد”.

هۆكارەكانی جینۆسایدو راگواستنی بارزانیەكان
كۆمەڵێك هۆكار هەن، كە بەردەوام ناوچەی بارزان و دانیشتوانەكەی روو بەڕووی تاوانی “راگواستن، ئاوارەكردن و كۆچی زۆرە ملێ‌، رووخاندنی گووندەكان و شوێنی نیشتەجێبوون، سووتماككردنی خاكەكەی، جیۆسایدكردن” بوونەتەوە، كە رەنگە سەرەكی ترینیان ئەوەبێت، یەكەم: ناوچەكەو دانیشتوانەكەی هەمیشە لەبەرگری سەخت بوون لە شكۆو كەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان. دووەم: ناوچەكە ناوچەیەكی ستراتیژی بوەو سێكوچكەی سنووری نێوان “عێراق- ئێران-توركیا” بوە. سێیەم: ناوچەی بارزان وەك هەم دانیشتوانەكەی و هەمیش خاكەكەی وەك بەشێك لە كوردو كوردستان، ئامانجی لەناوبردن و وێرانكردن و سوتماكردن بوون لە ستراتیژو بەرنامەی فەرمانڕەوایانی ئیمپریاتۆریای عوسمانی و دەسڵاتدارانی یەك لەدوای یەكی عێراق تا دەگاتە “بەعس”.

رەوانەكردنی دۆسییەكە بۆ دادگا
پاش ئەوەی هەموو پێداویستیەكانی دۆسیەیی كۆمەڵكوژی و ئەنفالكردنی بارزانییەكان، لە بەڵگەنامەو ووتەی شاهیدحاڵەكان، لەلایەن نوسینگەی هەرێمی كوردستانی دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق ” دادوەری لێكۆڵینەوە”، ئامادەكران و لە مانگی 5/ 2008 بڕیاری ئاراستە كردنی بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دراو لە رۆژی 2/8/2008 دۆسیەكە گەیشتە دادگا، كۆی دانیشتنەكانی داگا لە سەر دۆسیەكە زیاتر “40” دانیشتن بوو، كە تەواوی سكاڵاكارو شاهیدحاڵەكان ئامادەبوون و كۆی ئەو بەڵگانەشی لە بەردەست بوون خرانە روو.
لە راپۆرتی دەستەی پارێزەرانی بەرگریكار لە دۆسیەی بارزانیەكان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، بەم شێوەیە جەخت لە جینۆسایدكردنی بارزانیەكان كراوەتەوەو خراوەتە ڕوو” ووتەی سكاڵاكارو شاهێدحاڵەكان لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەدا، بەڵگەنامەی فەرمی دام و دەزگاكانی ئەمنی و سەربازی و ئیدارییەكانی بەعس، ئەو دۆسیانەی بۆ قوربانیەكانی جینۆسایدی بارزانیەكان لەلایەن دادگای بەناو شۆڕش ئامادەكرابوون، دۆسیەی سەرژمێرییەكانی دەزگای هەواڵگری عێراق كە كراوەتە بنەما بۆ گرتن و لەسێدارەدانی بارزانیەكان، كۆنوسەكانی دادگا كە یەكێكی تر بوە لە بەڵگەنامەكام، راپۆرتی تایبەتی تەندروستی تایبەت بە 513 رووفاتی قوربانیەكان، بەڵگەنامە فەرمیەكانی پەروەردەی پارێزگای هەولێر كە بۆ داخستنی قوتابخانەكانی ناوچەی بەرزان دەركرابوون” و چەندین بەڵگەنامەی تر.
هەروەها راپۆرتەكەی دەستەی پارێزەرانی بەرگریكار، بە پشت بە ستن بە ئەكحامی “12” لە یاسای دامەزراندنی دادگا، ئەمانەی پشڕاست كردوەتەوە:
یەكەم: تاوانی راگواستنی بە زۆرە ملێی بارزانیەكان.
دووەم: هێرش و پەلامار بۆ سەر خەڵكی مەدەنی لەناوچەی بارزان.
سێیەم: ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان.
ئەمانەو چەندین ئامارو زانیاری تر، رۆڵی گەورەیان لە بەرەو پێشبردنی دۆسیەی جینۆسایدی بارزانیەكاندا هەبوو لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق و كۆتا بڕیاری دادگا.

دۆسییەی بارزانیەكان
لە دادگای باڵای تاوانەكان
لە دوای ساڵی 2003و رووخانی رژێمی بەعس، یەكێكە لە كارە هەرە گرنگ و باشەكان، پێكهێنانی دادگای باڵای تاوانەكان بوو لە عێراق، دوای درووستبوونی دادگاكەش، چەندین دۆسیەیی كۆمەڵكوژی خرانە پێش دەستی دادگاكە، لە نێویاندا دۆسیەكانی كۆمەڵكوژی گەلی كورد، كە دیارترینیان ئەم دۆسیانە بوون ” دۆسیەیی كۆمەڵكوژی ئەنفال 1988، دۆسیەیی كۆمەڵكوژی بارزانییەكان سەرەتای ساڵی هەشتاكان، دۆسیەیی كۆمەڵكوژی كوردی فەیلی، دۆسیەیی كۆمەڵكوژی هەڵەبجە، دۆسیەیی كۆمەڵكوژی قەزای پشدەرو سەیدساق، دۆسیەیی پاكتاوی رەگەزی، دۆسیەیی كۆمەڵكوژی راپەڕَینی ساڵی 1991، دۆسیەیی كۆمەڵكوژی زیوێ‌، دۆسیەیی پاكتاوی رەگەزی لە كەركوك” و چەندین دۆسیەیی تر، كە لەنێویاندا هەریەك لە دۆسیەیی ” بارزانیەكان، ئەنفال، فەیلی، هەڵەبجە، پشدەرو سەید سادق” بە جینۆساید ناسێنراون و بڕیاری كۆتاییان لە بارەوە درا، وەك كۆمەڵكوژی گەلی كورد.

سكاڵاكارو شاهید حاڵەكان
وتەی سكاڵاكارو شاهێدحاڵ، لە دۆسیەی هەرتاوانێكدا رۆڵی گرنگ و یەكلاكەرەوە دەبینی، بۆ دۆسیەی جینۆسایدی بارزانیەكانیش ئەم پێوەرە راست و درووستە، چونكە كەم نین ئەو سكاڵاكارو شاهێدحاڵانەی سكاڵاو ئیفادەكانیان لە دوو توێی پەڕاوەكانی دۆسیەكەدایە لە دادگاو دواتریش بوون بە یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی بڕیاری كۆتایی دادگا.
سكاڵاكارو شاهێدحاڵەكان سەرووی “3000” كەس بوون، بەڵام دادگای باڵای تاوانەكان وتەی “15” كەسیانی وەك بەڵگەی یەقینی ئەنجامدانی تاوانەكە وەرگرت و كردی بە یەكێك لە بنەما بەهێزەكانی بڕیاری بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكە.

شوێنی گۆڕی بە كۆمەڵی بارزانیەكان
نووسەرو توێژەر “عەدالەت عومەر ساڵەح” لە گۆڤاری ئەنفالستان ژمارە “4” ئاماژە بەوە دەكات، كە پاش گرتن و كۆكردنەوەی بارزانیەكان، راستەوخۆ بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوەو جێبەجێكراوە. هەروەك سەرچاوەی تریش ئەوە پشت راست دەكاتەوە، كە بارزانیەكان لە ناوچەی بیابانی “بوسەیە” كە بەشێكی بەرچاو لەخاكی عێراق پێك دێنێ‌ بە نزیكی زیاتر لە 5%، كۆمەڵكوژكراون.
ئەم ناوچەیە، ناوچەیەكی ترسناكەو لە ناسریەوە دەست پێدەكات و دەكەوێتە سێگۆشەی نێوان “عێراق-سعودیە-كوێت”. كە جگە لە گۆڕی بەكۆمەڵی بارزانیەكان، بەشێكی گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالی 1988ی لەخۆگرتوە.
نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆسایدو ئەنفال، عومەر مەحمەد لە كتێبی “كۆمەڵكوژی بارزانیەكان قۆناغێك بەرلە ئەنفال” ئاماژە بە شوێن و جێگای گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانیەكان بەم شێوەیە ریزبەندو پۆلێن دەكات:
یەكەم: كۆڕستانی كۆماری كوردستان، كە نزیكەی “1000” هەزار رووفات لە مەهابادو ورمێ‌ و سەقز نێژراون.
دووەم: 1955 گۆڕستانی كۆماری ئۆزبەگستان، “سۆڤێتی پێشوو” شاوشكا نزیكەی “25” رووفاتی بارزانیەكان لێیە.
سێیەم: گۆڕستانی گووندی دەكان، كە “72” قوربانی لێیەو بەشێكیان بارزانی بوون .
چوارەم: 1975، گۆڕستانی بارزان ئاباد لە شنۆ، زیاتر لە “1500” رووفاتی بارزانیەكانی لێیە.
پێنجەم: 1976 باشووری عێراق، لە پارێزگای دیوانیە، “400” كەس بەهۆی خراپی ژینگەو ئاوو هەواو خواردنەوە، گیانیان لە دەست داوەو هێشتا رووفاتەكانیان لەوێیە.
شەشەم: 1980 گۆڕستانی قوشتە گرد مەلا، “20”كەسی لێیەو لەوێ‌ نێژراون.
حەوتەم: گۆڕستانی زێوە، شەهیدانی مێرگە كاروان، “16” كەس گیانیان لە دەستداوەو لەوێ‌ نێژراون.
هەشتەم: گۆڕستانی زێوە لە مەلاباسكە، “200” كەس گیانیان لە دەست داوەو لەوێ‌ نێژراون.
نۆیەم: 2012، گۆڕستانی گەرووی بێداران، “16” كەس گیانیان لە دەستداوەو رووفاتەكانیان لەوێیە.
دەیەم: لە بیابانەكانی باشووری عێراق “بوسەیە” پارێزگای موسەنا، كە زۆرترین رووفاتی قوربانیەكانی بارزانیەكان 1983 و زۆرترین رووفاتی قوربانیەكانی جینۆسایدی ئەنفال 1988 ی لێیە.

هێنانەوەی رووفاتی قوربانییەكان
لەدوای پرۆسەی رووخانی بەعس و دوورخستنەوەی لەفەرمانڕەوایی عێراق لەساڵی 2003، لەپرۆسەی گەڕان و پشكنینەكان تا ئێستا توانراوە تەنها “606” لە رووفاتی شەهیدو قوربانییەكانی كردەی جینۆسایدی بارزانییەكان بۆ باوشی نێشتمان و زێدی خۆیان بگەڕێنرێتەوە بەم شێوەیەیی خوارەوە، یەكەم: لە 16-10-2005 “513” رووفات لە “بوسەیە” خوارووی عیراق. دووەم: لە 6-3-2014 “93” رووفات دیسان خوارووی عیراق، واتە لە كۆی “8000” هەزار كوردی بارزانی كۆمەڵكوژكراو “7394” حەوت هەزارو سێسەدو نەودو چوار رووفاتی قوربانییەكان هێشتا لە نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكانن و بەنادیاری ماونەتەوەو نەتوانراوە بە دروستی بدۆزرێنەوەو بهێنرێنەوە بۆ كوردستان.

بەڵگەنامەی بەشێك لە قوربانیەكان
بەڵگەنامەیەكی زۆر لەبەردەستە، كە پشت راستی دەكەنەوە چۆن و بەچ میكانیزم و شێوازێك رەگەزی نێرینەی بارزانیەكان لە پرۆسەیەكی سیستیماتیكیدا كۆكراونەتەوەو دواتر بێسەرو شوێن و كۆمەڵكوژكراون. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ‌ كە بارزانیەكان لەسەر “ناو”ی خودی بارزانی بوون نەكراون بە ئامانج، بەڵكو لە بەركورد بوونیان بە ئامانج گیراون و كۆمەڵكوژكراون. بۆ ئەم مەبەستە خوێنەر دەتوانێ‌ بگەڕێتەوە بۆ كتێبەكانی “لەدادگای باڵای تاوانەكانەوە – دۆسیەی بارزانیەكان، تەها سلێمان، 2015” و “جینۆسایدی بارزانیەكان قۆناغێك پێش ئەنفال، عومەر مەحمەد، 2015، جینۆسایدی بارزانیەكان، رێكار مزووری، 2013”.

تۆمەتبارو تاوانبارەكانی جینۆسایدی بارزانیەكان
لیستی ناوی تۆمەتبارەكان لە دۆسیەیی كۆمەڵكوژی بارزانییەكان ئەمانەی خوارەوە بوون ” عەلی حەسەن مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، تاریق عەزیز ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، سەعدون شاكر وەزیری ناوخۆی حكومەتی عێراق، وەتبان ئیبراهیم حەسەن سكرتێری لیژنەی كاروباری باشوور، سفیان ماهر حەسەن ئەفسەری لیوای گاردی كۆماری، حامد یوسف حەمادی سكرتێری سەرۆك كۆماری عێراق، حكمەت مزبان ئیبراهیم وەزیری دارایی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق”.

بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكان
لە رۆژی 3/5/2011 دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق، لیژنەیەكی لە كۆمەڵێك دادوەری شارەزاو پسپۆر بە سەرۆكایەتی دادوەر ” ئاسۆ مەحمەد سۆفی” و ئەندامێتی هەریەك لە دادوەران ” عەبد كازم حسێن شێخ، جبار دشر عتێوی، ئەفراسیاب ئیبراهیم، جەلیل عەباس عەلی” بۆ بەرێوەبردنی رەوتی دادگایی كردنەكان لە سەر دۆسیەیی كۆمەڵكوژی بارزانییەكان دروست كردو پاش چەندین چەندین دانیشتن و پشكنینی دۆسیەكەو تەواوی بەڵگەنامەكان، بڕیاری راگواستن و تاوانەكانی دژ بە بارزانیەكانی وەك تاوانی جینۆساید ناساندو بریاری لە بارەوە دەركرد. ئەمەش بە یەكێك لە دەستكەوت و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان دادەنرێ‌، چونكە ناساندنی تاوانەكە وەك جینۆساید لە گەڵ تاوانەكانی تر، ئەگەرچی هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ئازاربەخش و بەسوێیە، بەڵام بەڵگەی كۆنكریتی نەتەوەیەكی زوڵملێكراوو تاوانلێكراوە، لەلایەن دەسڵاتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە.

دەقی بڕیارەكەی دادگا
دەقی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق تایبەت بە دۆسیەی جینۆسایدكردنی بەرزانییەكان، یەكێكە لە بەڵگەنامە گرنگ و پڕبایەخەكان، كە یەكێك لە روكنە سەرەكییەكانی جینۆسایدكردنی گەلی كورد لە باشووری كوردستان پێك دێنێ‌، لە دوو توێی پەڕاوەكانی ئەم دۆسییەدا بەشی هەرە زۆری “نوسراو، بەڵگە نامەكان” پۆلێنكراون و پشڕاستكراونەتەوە، بۆیە بە بۆچوونی ئێمە هەر دەستكایكردن و پاش و پێشكردنێك، یاخود لێكەمكردنوەیەك دەبێتە كەلێنێكی گەورەو ریزبەندی سەرەداوی تاوانەكەو كۆتایی و سەلماندنی پەرت دەكات و دەشێوێنێ‌، بۆیە لە دێری یەكەمەوە تا دێری كۆتایی وەك چۆن لە دادگا بەڵگەنامەكان پۆلێن كراون و دواتریش بڕیاری كۆتایی دادگا لە بارەی دۆسیەكە، لەكتێبی “لەدادگای باڵای تاوانەوە- دۆسیەی بارزانیەكان، تەها سلێمان” دانراوەو، ئەمەش یارمەتیدەرو هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ ئەو كەس و لایەنانەی كە بیانەوێ‌ لە جۆرو شێوازو میكانیزمی جێبەجێكردنی تاوانەكە ” جینۆساید”كردنی بارزانیەكان شارەزابن.

ئەنجامگیری
لەم پشكنینە كورتەی بەردەست، وەك پێویستی سەلماندنی كۆی بۆچون و زانیارییەكانی سەرەوە كە خستمانە روو، لە كوردستان و لەلایەن دەسڵات و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، ئەنجامدانی” تاوانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆیی، تاوانی جەنگ” یەكێك بوە لە سێكتەرە سەرەكییەكانی نەخشەو پلانەكانیان، بۆ جێبەجێكردنیشی میكانیزم و شێوازی جۆراو جۆریان بەكارهێناوە.
نموونەی سەلمێنراویش لە پێش دەستمان بە پشت بەستن بە بەڵگەنامەكان “بیستراوو زارەكی، نوسراو، بڕیارەكانی داگای باڵای تاوانەكان” و بەراورد كردنی بە یاساو رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان، بەتایبەت رێككەوتنامەی 1948ی نەتەوە یەكگرتوەكان و 1998ی رۆما، ئەم بابەتەمان بۆ یەكلایی دەكاتەوەو پێمان دەڵێ‌: ” تاوانی دژ بە فەیلیەكان، تاوانی دژ بە بارزانیەكان، تاوانی دژ بە قەڵادزێ‌، تاوانی دژ بە هەڵەبجە، تاوانی ئەنفال، تاوانی دژ بە سەید سادق، تاوانی دژ بە زیوێ‌، تاوانی دژ بە گوندی سۆریا، تاوانی ئەشكەوتی دەكان، تاوانی راگواستن” و تاد.. تێكڕا تاوانی جینۆسایدی گەلی كوردو كوردستانن.
هەروەك بەتایبەتر، سەبارەت بە تاوانی دژ بەبارزانیەكان، لە “راگواستنی زۆرەملێ‌، بێسەرو شوێنكردن و كوشتنیان، خاپوركردن و وێرانكردنی شوێن و جێگای نیشتەجێبوونیان، ناچاركردنیان بە مانەوە لە ئۆردگای زۆرەملێ‌”، بەهەموو پێوەرێك دەچێتە چوارچێوەی تاوانی “جینۆسایدو دژی مرۆیی”، كە دەتوانین بێژین دەچێتە چوارچێوەی زنجیرەی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كوردو كوردستانەوەو بە شێوەیەكی سیستماتیك ئەنجام دراوە.
تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان، چەندین دەرهاویشتەی نەرێنی و كاریگەری لە رووی “زیانی مرۆیی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، دەروونی” بەدوای خۆیدا هێناوەو جێهێشتوە، وەك “گیان لەدەست دانی 8000 هەزار مرۆڤی بێتاوان، داڕووخاندن و تێكدانی ژێرخانی ئابووری تەواوی دانیشتوانی ناوچەكە، روو بە ڕوو كردنەوەی ئافرەتان و مناڵەكانیان لە دۆخێكی سەختی ژیانكردن، تێكدانی ژینگە، درووستبوونی سەدان كێشەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و دەروونی”، بە ئێستاشەوە كاریگەرییەكانیان ماوەو بۆ داهاتوویەكی دوورو دوای تێپەڕبوونی “33” ساڵ بەسەرتاوانەكە نەوە لەدوای نەوە ماون و دەمێنن.

پێشنیارو راسپاردەكان:
هەموو كۆمەڵگایەك دوای ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید تیایدا، روو بەڕووی كۆمەڵێك كێشەوگرفتی بنەڕەتی دەبێتەوە، ئەو كێشەو گرفتانە بۆ ماوەیەكی دوورمەودا، لەنێو كایە جیاجیاكاندا دەمێنن و شۆڕدەبنەوە، كە ئەمەش وادەكات دۆخێكی تایبەت و هەستیار بە كەس و كاری قوربانیەكانی جینۆساید جێبهێڵێت و بەهەموو پێوانەو مانایەك روو بەڕووی ناسەقامگیرییان بكاتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە بۆ دەربازبوون لە كاریگەرییەكانی تاوانەكان “جینۆسایدی بارزانیەكان وەك نموونە” ئەم هەنگاوانە بنرێت:
یەكەم: زۆر گرنگ و پێویستە، وەك ئامانجێكی ستراتیژی كار بۆ درووستكردنەوەی كۆمەڵگای پێش جینۆساید، واتا تاوانەكە بكەین. چونكە تا ئەمە نەكرێ‌، مەحاڵە بتوانرێ‌ دادپەروەری لەنێوان كەس و كاری قوربانیەكان و كۆمەڵگادا بەدەست بێنین، واتا بەم هەنگاوە كەس و قوربانی دەگەڕێینینەوە بۆ قۆناغی پێش ئەنجامدانی تاوان، كە ئەمەش زامنی عەداڵەتی ئینتقالیە.
دووەم: زۆر گرنگ و دەبێت جێگای بایەخ و لە ستراتیژی كاركردنماندا بێت، كە تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كوردستان بە گشتی و جینۆسایدی بارزانیەكان بەتایبەت كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق وەك تاوانی كۆمەڵكوژی و دژی مرۆیی ناساندونی، لە رێگای لۆبی كوردستانی و دیپلۆماسییەتی كوردو نوێنەرایەتیەكانی هەرێم لە دەرەوە، بكەینە بابەتی گووتاری ئاراستەكراومان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و بیانوروژێنین.
سێیەم: دەبێت بەجددی كارلەسەر ئەوەبكەین، تێكڕای ئەوانەی دەستیان لە ئەنجامدانی تاوانەدا هەبوە، دادگایی بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن و ئەوانەی كە پێشووتر سزا دراون و جێبەجێكردنیان دواخراوە جێبەجێبكرێن.
چوارەم: پێویستە فشار لەسەر حكومەتی عێراقی درووست بكەین بۆ ئەوەی وەك میراتگرەوەی حكومەتەكانی پێش خۆی و بە پشت بەستن بە بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان، قەرەبووی كەس و كاری قوربانیەكان بكاتەوەو بەفەرمی داوای لێبوردن لە گەلانی عێراق و كوردستان لەبەرامبەر تاوانەكانی جینۆساید بكات، هەروەها پێویستە فشار لەسەر حكومەتی عێراق بكرێ‌ وەك گەرەنتیەك بۆ دووبارە نەبوونەوەی تاوانی جینۆساید رێككەوتنامەی رۆمای 1998 ی رۆما واژۆبكات.
پێنجەم: دامەزراندنی دەزگایەكی ئەرشیفی “نەتەوەیی -نیشتمانی” بە ئامانجی پاراستنی ئەو دۆكیومێنت و بەڵگەنامانەی “بیستراو، بینراو، نووسراو، زارەكی” و تەواوی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لەسەر دۆسییەی تاوانەكانی دژ بە “كوردی فەیلی، بارزانیەكان، قەڵادزێ‌، هەڵەبجە، سەید سادق، جینۆسایدی ئەنفال” و ئەوانەی تریش كە هێشتا بڕیارەیان لەیارەوە نەدراوە وەك “تاوانی “ئەشكەوتی دەكان، تاوانی دژ بەگوندی سۆریا، تاوانی راگواستنی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، تاوانی قەتڵ و عامی راپەڕینی 1991، تاوانی لەسێدارەدان” و تاد
شەشەم: هەروەك لەچوارچێوەی باسەكەماندا ئاماژەمان بۆ كردو سەرچاوەكانی تریش جەختی لەسەردەكەنەوە، جگە لە بیابانی “بوسەیە”، لە چەندین شوێن و جێگای تریش گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی بارزانیەكان بوونی هەیە، بۆیە پێویستە هاوشانی بەرنامەی ستراتیژی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی قوربانیانی تاوانەكانی جینۆسایدی ئەنفال و تاوانەكانی تر، ئەم پرسەش بە هەند وەربگیرێ‌ و كاری پێویستی لەسەربكرێ‌، بۆ ئەوەی رووفاتەكانیان بگەڕێنرێنەوە نیشتمان.
____________________
سەرچاوەكان:
– عومەر مەحەمەد، كۆمەڵكوژی بارزانیەكان قۆناغێك بەرلەئەنفال، سلێمانی 2015، دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان، چاپخانەی پیرەمێرد
– تەها سلێمان، لەدادگای باڵای تاوانەكانەوە “دۆسییەی بارزانیەكان”، هەولێر 2015، دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال، چاپخانەی ئازادی
– دەرسیم دیبەگەیی، ئینسكلۆپیدیای تاوانبارانی ئەنفال و كوردۆسایدكردنی گەلی باشووری كوردستان، هەولێر 2011، چاپخانەی ئازادی.
– رێكار مزووری، مێژووی جینۆسایدی گەلی كورد، كەركوك، 2013، بڵاوكراوەكانی كۆمەڵەی رووناكبیری و كۆمەڵایەتی پارێزگاری كەركوك، چاپخانەی كارۆ.
– رێبوار رەمەزان عەبدوڵا، جینۆسایدی بارزانیەكان لە سەدەی بیستەمدا، هەولێر 2011، بڵاوكراوەكانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، چاپخانەی منارە.
– عەدالەت عومەر ساڵەح، بارزانیەكان لە راگواستنەوە تاكو جینۆساید، لێكۆڵینەوە “دەست نووس”
– عەدالەت عومەر ساڵەح، گۆڤاری ئەنفالستان ژمارە “4”

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …