Home / بەشی مێژووی كورد / لە زنجیرەی نەهامەتییەكانی كورد(نەهامەتی ئایندە،نەهامەتی زمانەوانییە)

لە زنجیرەی نەهامەتییەكانی كورد(نەهامەتی ئایندە،نەهامەتی زمانەوانییە)

11168472_1076899615673414_7041520587869963861_n-576x330-copy

نەهامەتی ئایندە،نەهامەتی زمانەوانییە
سەلام ناوخۆش
پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زمانەوانی

بەناوی خوای گەورە

دەروازە
زمان شان بە شانی حوكمڕانی بەرەو پێش دەچێت . ئەو قەتیسبوونەی زمانی كوردی لە ئاخاوتنی كوردی هەتا بەرایی سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕێتەوە بۆ غیابی حوكمڕانی كوردی . لەم نووسینەدا ڕوناهی دەخەینە سەر دوو ئەزموونی زمانەوانی حوكمڕانی كوردی لە دوو ماوەی جیاوازی سەدەی بیست ئەویش حوكمرانی شێخ مەحموودی بەرزنجی 1918-1931 و ئەزموونی مستەفا بارزانی 1970-1974 بەراوردی دەكەین بە ئەزموونی حوكمرانی حكومەتی هەرێم 1992-2016 !
هەبوونی فرە دایەلێكتی لە كوردستان بە تایبەتی كێشەی كرمانجی ناوەڕاست و كرمانجی سەروو لە ڕوو ژمارەوە لە گوتاری حیزبی كوردی دا نوقلانەی كێشەیەكی زمانەوانی لێدەكرێت هەروەها هەبوونی دیالێكتی دەڤەریی و مەزهەبی كێشەیەكی دی زمانەوانی –سیاسی یە بەرۆكی كوردی باشوور دەگرێت .
ئەم سێ ئارێشەیە ستراتیژیەتی ئەم نووسینە پێكدەهێنن.
گەڕانەوە بۆ مێژوو
1.1پرسی زمانی كوردی و حوكمرانی شێخ مەحموود 1918-1931
حوكمڕانی یەكەمی شێخ مەحموود 1918-1919
ئەم حوكمڕانیەی شێخ مەحموود لە پێش دروستبوونی عیراق و توركیا و سوریا بوو. ئەحمەد خواجە لە بەرگەكانی ( چیم دی ) و ڕەفیق حیلمی لە بەرگەكانی ( یاداشت ) و ئەحمەد تەقی لە یاداشتەكەی دا ….هەروەها م.ر.هاوار لە كتێبی ( شێخ مەحمودی قارەمان) ئاماژە بەوە دەكەن كە ویلسنی حاكمی (عیراق) مێجەر نوئیلی راسپاردبوو كە حوكمداریەك بۆ شێخ مەحمود دروست بكات ، ئەوە بوو نوئیل لە 1\11\1918 لە بەر دەرگای سەرا لە بەردەم پیاوماقووڵ و ئەشراف و تاجر…وتی : ” شێخ مەحمود لە لایەن حاكمی گشتی بەریتانیاوە لە عیراق كرا بە حوكمداری كوردستان…”
هەرچەندە فۆرمی بنەماڵەیی زاڵ بەسەر ئەو حوكمرانییە ، ئەوەتە شێخ رەئووف و شێخ لەتیف ی كورانی شێخ مەحموود لە یاداشتەكانیان دەنووسن :” باوكم كرا بە حوكمدار ، مامم كرا بە (قازی ) مامێكی ترم كرا بە موتەسەرفی سلێمانی هەروەها مامێكی ترم ( شێخ قادری حەفید) كرا بە سەركردەی (هێزی لیڤی )…” هەر لە ساڵی 1918 دا شێخ مەحمود زمانی كوردی كردە زمانی ڕەسمی حوكمرانیەت و زمانی خوێندن لە قەڵەمڕەوی حوكمرانیەت.
ئەو حوكمرانیە تەمەنی درێژ نەبوو لە حوزیرانی 1919 ڕوخێندرا.
لە 1919 تا 1922 مێجەرسۆن و نەیارەكانی شێخ ( بەشێك لە ئاغا و رۆشنبیران) حوكمی سلێمانیان كرد ، م.ر.هاوار لە بەرگی یەكەمی شێخ مەحمودی قارەمان دەنووسێت : لەگەڵ ئەو هەموو ڕەخنەیەی لە شێخ دەگیرا ، سەركەوتوو تر بوو لە ئیدارەی مێجەر سۆن.”

2.1 پرسی زمانی كوردی و حوكمرانی مستەفا بارزانی 1970-1974
پرسی حوكمداریەكی كورد 1970-1974 بەرهەمی شەڕێكی چەكداری نزیكە نۆ ساڵی بوو . موحسین دزەیی لە ل223-224ی بەشی دووەمی كتێبی( ویستگەكانی ژیانم) دەنووسێت : لە شەوی 9-10ی ئاداری 1970 واژووی ڕێككەوتنامەی ئادار لە نێوان مستەفا بارزانی و سەدام حوسێن لە ناوپردان كرا .” ئەو واژووكردنە لەو بەروارەی سەرەوە بوو ، بەڵام ڕاگەیاندنەكەی لە 11ی ئادار بوو . ئەحمەد حەسەن بەكری سەرۆكی عیراق ڕێككەوتنامەكەی خوێندەوە ، دكتۆر مەحموود عوسمان بروسكەی پشتگیری مستەفا بارزانی خوێندەوە( صلاح الخرسان 2001 ، ل182 )
مەسعود بارزانی لە ل338ی كتێبی (بارزانی…) دەنووسێت : ڕێككەوتنامەكە لە پازدەی ماددەی ئاشكراو و حەوت ماددەی نهێنی پێكهاتبوو . هەر لە ل338 دا بەندی یەكەمی ڕێككەوتنامەكە دەخاتەڕوو :” زمانی كوردی زمانی ڕەسمی دەبێت …..هەروەها لە ل341 لە لقی ب ی بەندی دەیەم زیادكردنی ئەم برگەیەی خوارەوە بۆ ماددەی چوارەمی دەستوور دەخاتە روو :” زمانی كوردی زمانی رەسمی دەبێت لە ناوچە كوردییەكاندا شان بە شانی زمانی عەرەبی.”
لەوە زیاتر پاشمەندیەكی فەرمی نهێنی بەیاننامەكە دەرچووە و لە بەندی دووەمی هاتووە: ئەم دەقە لە دەستوورەكەدا دێت : بە مەرجێك زمانی كوردی شان بە شانی زمانی عارەبیی زمانی فەرمی بێت لە ناوچەی كوردیدا( بارزانی ل342).
لە كوردستانی فرەدایەلێكتی مستەفا بارزانی دژ بە شێوە زاری خۆی ، كرمانجی ناوەڕاستی كردە زمانی فەرمی و زمانی ستاندەری حوكمڕانیەكەی.
فەرەیدون عبدالرەحیم 2008 لە ل80ی كتێبی (بارودۆخی سیاسی كوردستان عیراق) خاڵی یەكەمی ڕێككەوتنامە(بەیاننامەكە ) ئاوا هەڵدەسەنگێنێت :” نایەكسانییەك لە نێوان بەكارهێنانی هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لە قوتابخانەكاندا نیشان دراوە…”
لە 1974 شەڕ دروست بۆوە و لە ئاداری 1975 كۆتایی بەو ئەزمونەش هات!
لە ئۆتۆنۆمی ئاداری 1974 دا ، حكومەتی بەعس لە هەردوو لقی( أ و ب) ی ماددەی دوو هاتووە:
” ا.زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عارەبی ، زمانی رەسمی دەبێت لە ناوچەكەدا ،
ب.زمانی عارەبی و كوردی زمانی فێركردن دەبن لە هەموو قۆناغ و بەشەكاندا …( بارزانی ، ل365)
3.1 پرسی نەوت لە بزاڤی كوردی

پرسی( نەوت) خەونی زۆر ڕۆشنبیر و شاعیری كورد بووە ، بە جۆرێك بنیاتی نەتەوە بووە .لە بیستەكانی سەدەی بیستەم پرسی ( نەوت ) لە پاڵ هۆكاری ( مەزهەبی ) بۆ دروستككردنی ( هاوسەنگی ) لە نێوان ( شیعە و سوننە ) ، باشووری كوردستان ( ویلایەتی موصڵ) بە هەردوو ویلایەتی بەسرای زۆرینە شیعە و بەغدای زۆرینە سوننە لكێندراوە .
مەلای گەورە یەكێ لەو شاعیرە ناودارانەی كورد بووە كە پێش دامەزراندنی حیزبی كوردی دەربارەی گرینگی( نەوت ) وتوویەتی :
ئەی كاكی نەفامی گەوجی مل هوڕ
بنواڕە لە دەوری بابە گوڕگوڕ
ئەو نەوتە چ بوو چلۆن بەدەركەوت
چۆن هەڵدەقوڵی مەنابعی نەوت
لە شیعرێكی تر بەمجۆرە ئاماژە بە گرینگی نەوت دەكات:
ئەو نەوتە چ بوو؟ حەیاتی تۆ بوو
وەی خۆڵ بە سەرت ئەویش ئاوا چوو
بە واتای نەوتی ( كورد) كەوتە دەستی دەسەڵاتی عەرەبی ، بۆیە كورد حەیاتی نەما ، ژیانی تووشی نەهامەتی بوو ، لە كۆتایی هەمان شیعردا دەڵێت:
ئەو نەوتە لە خاك و موڵكی كوردی
كێ خستیە دەست و هات و بردی؟

یەكێك لە هۆكارەكانی لەناوچوونی شۆڕشێكی 14 ساڵی سەدەی بیستەم بە هۆی ( نەوت)ی بابەگوڕ گوڕەوە ( كەركوك) بووە!، پێش ڕاپەڕین ( نەوت ) تەنیا لە بابەگوڕگوڕ لە باشووری كوردستان دۆزرابۆوە و عیراقی بەخێو دەكرد.
4.1 لەتككردنی زمانی كوردی لە سەردەمی حكومەتی هەرێم
ئەوەی لە سیەكان و هەشتاكانی سەدەی بیستەم دەوڵەتی عیراق لە ڕێگای ( یاسای زمانە ناوچەییەكان ) و فیتنەی هەردوو ڕۆژنامەی ( ئاسۆ –بە كرمانجی ناوەند ) و ( بزاڤ-بە كرمانجی سەروو) نەكرا ، حوكمداری كورد لە ئیدارەی كوردی سایكس بیكۆیەكی زمانەوانی لە زمانی كوردی دروست كرد! دكتۆر رۆژ شاوەیس سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە نووسراوی ژمارە ( 4508) لە بەرواری 27\6\1998 پرسی بە كرمانجیككردنی پرۆگرامەكانی خوێندنی لە دهۆك بە نووسراوی رەسمی سەپاند لە بڕگەی یەكی كۆنووسەكە هاتووە:” تا پۆڵی چوارەمی سەرەتایی خوێندن بخرێتە سەر شێوەی دیالێكتی كرمانجی ژووروو..” (نەریمان ، 262-263)
دوای هەژدە ساڵ لە لەتككردنی زمانی ستاندەری بۆ جووت ستاندەری كوردی هەتاكو ئێستا درێژەی هەیە ، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەزموونی شێخ مەحموود و ئەزموونی حوكمی زاتی 1970-1974 ، كە هەردووك جەختیان لە سەر تاك زمانی ستاندەر كرد.
لە لایەكی دیش ئێستا حیزبی كورد لە حوكمڕانی كوردی ، ئەو خەونەی شاعیری كوردی و دەیان شاعیرانی دی دەكاتە ( مێردەزمە) و ( نەهامەتی) بە جۆرێك ( تاكی كوردی برسی) خەون بەوە ببینێت ( نەوت) بدرێتەوە دەست بەغدا ( دەسەڵاتی عەرەبی) بۆ ئەوەی مووچەی وەربگرێت!

1.2 كێشەی تاك ستاندەری و جووت ستاندەری
دەوترێت هزری مردوو بەرهەمی مردوو بەرهەم دەهێنێت . ڕۆشنبیرە ماركسیەكانی دوێنێ گەورەترین كێشەی زمانیان لە باشووری كوردستان بەرپاكرد ، لە چوار كتێبی ( زمانی ستاندەر لە نێوان دەسەڵاتی زمان و زمانی دەسەڵات ، مێژووێكی تر بۆ زمانی كوردی ، بۆ ئەمیری حەسەن پوور لە هەر كوێیەك بێت ، زمانی كوردی و ناسیۆنالیزمی كوردی) باس كردووە.
3.1 كێشەی دایەلێكتی دەڤەریی و مەزهەبی
زمان لە زمانناسی نوێدا بە تایبەتی لە بونیاتگەریدا ئەدگاری ” پاشكەوتوو” یا ” پێشكەوتوو”ی نییە , بەڵكو زمانەكان لە دیدگای قورئانەوە هەموو وەك یەكن , هەموو دەربڕی زمانی دەقی ئیلاهین-سوڕەتی ئیبراهیم . هۆكاری قسەكردن لە سەر ئەم پرسە , هەبوونی دیاردەی تەقەزومی سایكۆلیجیە لای هەندێ نووسەرە كوردەكان .نەتەوەكان هەموو بە زمانی خۆیان گوزارشتیان لە مێژوو و پیاوماقووڵی خۆ یان كردووە تەنها كورد نەبێت . شارەزووری و ئیبن خەلەكان بە زمانی عەرەبی , شەرەفخان بەدلیسیش بە زمانی فارسی شەرەفنامەی نووسیوە.
گرینگی زمانی كوردی لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەوە بووە خەمی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردی , بۆیە هەر لە سەردەمی بزاڤی عەبدلسەلام بارزانی –بریفكانی -1907 زمانی كوردی بووە مەرجێك لە مەرجەكانی داواكاری كوردی.
تەوەرەی یەكەم , ڕەوشی كۆن و نوێی زمانی كوردی
لە پرسی زمانی كوردیدا گرینگە جەخت لە سەر ئێرانیبوون , فارسیبوون بكەین.ئیرانیبوونی زمانەكان بەتایبەتی زمانی كوردی بەشێكە لە ئەرگومێنتی ماڵباتی زمانی هیندۆ-ئەوروپیە .بە قسەی تۆفیق وەهبی 1961,ل4-5 لە كۆچی دووەمی هیندۆ-ئەوروپیەكاندا سێ نەتەوەی پارس و فارس و میدی هەن . ئەو سێ نەتەوەیە لە دەوروبەری چیای زاگرۆس ژیاون . ئەو لە یەكنەزیكیە وەك لە یەنەزیكی گەلانی ئەسكەندنافیا وابوو , بە واتای چۆن تاكی دانیماركی و سویدی و نەرویژی لەیەكدەگەن بە هەمان شێوەش گەلانی پارس و فارس و میدی لە یەكگەیشتوون.
ئەو لەیەكنەزیكیە بۆتە هۆی هەبوونی هەزاران وشەی وەك یەك لە زمانەكان .
كەسانی وەك مینۆرسكی لە كتێبی كوردەكان گریمانی ئەوەیكرد كە زمانی كوردی لە زمانێكی كۆن و بەهێز سەرچاوەی گرتووە , ئەو زمانەش لەوانەیە زمانی میدی بێت , كەواتە میدیەكان باپیرە گەورەی كوردەكانی ئەمڕۆیە . تەها فەیزی زادە لە ل 7 وەرگێڕانی نامیلكەی تۆفیق وەهبی دا ، قسەیەكی مینۆرسكی دەهێنێتەوە بەوەی ” هەر لێكۆڵینەوەیەك لەمەڕ كورددا ، دەبێ لە سەر بناخەی ماد-میدی پێك بێ” لە سەر ئەو گریمانە ئەمجەد شاكەلی 2010 لە ل 8 دەنووسێت :جیاوازی نێوان زمانی كوردی و زمانی فارسی تەنیا هەڵكەوتەی جیوگرافیە : ”
زمانی كوردی زمانێكی باكووری رۆژئاوای ئیرانییە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە سەر زمانی میدی ” زۆر نووسەری دی هەمان شت دووبارە دەكەنەوە , ئەو گریمانەی مینۆرسكی لە لایەن ( سایس ) و ( دارمستر ) و ( ئەدمونز ) و ( تۆفیق وەهبی ) پشتڕاست كرایەوە . ئەو گریمانەی مینۆرسكی بەبێ ڕەخنە تێپەڕنەبوو , بەڵكو كوردناسێكی وەك( مەكەنزی )تەواو دژی ئەو بۆچوونە وەستا و ڕایەكی ئاوەژووی پێشنیاز كرد و زمانی كوردی لە میدیەكان ستاندەوە و لەهجەی وەك گۆران-ی لە دایەلێكتەكانی كوردی دابڕی .

تەوەرەی دووەم , دابەشكردنی جیۆگرافیی دیالێكتەكانی زمانی كوردی و ئایدۆلۆژیا
كوردناسەكانی وەك ژاپا و مینۆرسكی و ڤاسیل نیكتین…لە سەر دابەشكردنی دیالێكتەكانی زمانی كوردی قسەی خۆیان هەبووە .لە نێو كوردانیش شەرەفخانی بەدلیسی و تۆفیق وەهبی و زەبیحی و خاڵ و هەژار موكریانی و جەمال نەبەز و د.عزەددین و سجادی و میهردادی ئێزەدی و د. فواد خورشید و د.حوسێن محەمەد…لە سەر ئەو باتە دواون و ڕای جیاوازیان خستۆتەڕوو .ئەوەی توێژەر دەیەوێ قسەی لە سەر بكات , شرۆڤەكردنی داتاكانی بەردەستن بۆ ساغكردنەوەی جیاوازی نێوان دایەلێكتی گۆران –هەورامی و بن-دایەلێكتی مەزهەبی لووڕیە.
هەندێك لەو دابەشكردنانە ئەو جیاوازیە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەخەنەڕوو.شەڕەفخانی بدلیسی (1981 ,ل 28-29 )دا لە بارەی دابەشكردنی كۆمەڵایەتی – لە ڕێگای هۆز و ڕەفتاری هۆزەوە – , دەنووسێت :” هۆزە سەرەكیەكانی كورد لەو بارەوە كە شێوەی ئاخاوتن و هێندێك ئاكار و داب و دەستوور و هەڵس و كەوتیان لێك جیاوازە…دەكرێن بە چوار بەشەوە:
یەكەم : كرمانج, دوەم :لوڕ, سێهەم : كەڵهوڕ, چوارەم : گۆران.”
ئەو پۆڵینكردنە دوای چەندین سەدە كەم و زۆر دووبارە بووەتەوە . كەمال فوئاد لە وتارێكدا ( 1989,ل 24 )دیالێكتەكانی زمانی كوردی لە سەر بونیاتی كۆمەڵە خێزانیەكان بۆ چوار كۆمەڵە دابەش دەكات , كرمانجی سەروو,كرمانجی خواروو , كوردیی باشووریی , گۆرانیی و زازا ” . مهردادی ئیزەدی (2007 , ل 382) هەم هەردوو (دیالێكتی كرمانجی باكوور و كرمانجی ناوەڕاست) دەكاتە یەك گروپە زمان , هەم (گۆران و زازا )دەگەڕێنێتەوە سەر زمانی پەهلەوی و دیالێكتی لوڕی بە كوردی ناونابات , هەروەك دەنووسێـ :”زاراوە كوردیەكان بە سەر دوو گروپ دادەشكێن: 1.گرووپی كرمانجی:بادینی (كرمانجی ژوورو-باكوور) و سۆرانی(كرمانجی خواروو-باشوور)2.گرووپی پەهلەوانی :دیمیلی (زازا ) و گۆرانی…”لە پۆڵێنەكانی كەمال فوئاد و میهرداددا ( گۆران و زازا ) بە یەك گروپە زمان دانراون. هەردوو شێوە لە ڕووی شوێنەوە زۆر لە یەك دوورن , بەڵام لە ڕووی خزمایەتی زمان لە یەك نزیكن . لە بارەی ئەو لە یەك نزیكبوونە زمانیە , زەبیحی فەرهەنگنووس لە پێشەكی قامووسە كوردی-كوردیەكەی ( 1367 ,ل 55) دەنووسێت : “لە مەڵبەندی لەهجەی باكووریی و ناوەندیی زمانی كوردییدا , دوو دوورگەی زمانی هەن كە سەرەڕایی دووریی لە یەكتر پیاو بە هاسانیی دەتوانێ, بڵێ : لە ئەسڵا یەكن ئەویش زازایی یە لە باكوور و گۆرانی یە لە ناوەندییدا ئەمەی ئاخریان, زیاتر بە هەورامی ناویدەركردووە….لە هەورەمانە” د. فوئاد حەمە خورشید , بێجگە لەوەی بنزارەكان لە ڕێگەی پەیوەندی زمان بە جیۆگرافیەوە دەباتەوە سەر گرووپە زمانیەكان و شوێنە جیۆگرافیەكان دەخاتەڕوو.دكتۆر فوئاد لە لاپەڕە ( 40 )ی زمانی كوردی و دابەشكردنی جیۆگرافیایی دایەلێكتەكانیدا |( 1985 ) دیالێكتەكانی كوردی وەك شەرەفخان بدلیسی بۆ سەر چوار گرووپە زمان دابەشدەكات 😐
1. كرمانجیی باكوور : بایەزیدیی , هەكاریی ,بۆتانیی , شەمدینانیی , بەهدینانیی , دیالێكتی ڕۆژاوا.
2. كرمانجیی ناوەڕاست : موكریی , سۆرانیی , ئەردەڵانیی ,سلێمانیی , گەرمیانیی .
3. كرمانجیی باشوور : لوڕی ڕەسەن , بەختیاریی , مامەسێنیی ,كۆهگڵۆ , لەك , كەلهوڕ .
4. گۆران : گۆرانی ڕەسەن , هەورامانیی , باجەلانیی , زازا .”
لەو هەموو دابەشكردنانە لوڕ ( لوڕی بچووك و لوڕی گەورە ) لە گۆران جیاكراوەتەوە , بەڵام لە لاپەڕە ( 32)ی كتێبی ( كوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد ) ئاماژە بەوەكراوە , كە بابا تاهیری هەمەدانی بە شێوەزاریی گۆران شیعری هۆنیتەوە , ئەوەش دوورە لە ڕاستیەوە .
پۆڵینكردنی دیالێكتەكان لە سەر بونیاتی ئەلفبێ

پۆڵینەكانی دابەشكردنی دیالێكتەكانی پێشوو لە سەر بنەما و شەنگستی جیۆگرافی كراون .ئەم پۆڵێنەی بەر دەستت لە سەر بونیاتی جۆری ئەلفبێ كراوە .توێژەر باوەڕی ئاوایە كە جۆری ئەلفبا كاریگەری لە سەر حاڵەتی دابەشبوونی كوردستان هەیە .سەرەتا یەك ئەلفبای سەرەكی لە كوردستان هەبوو , بە بەڵگەی ئەوەی هەموو ژمارەكانی ڕۆژنامەی كوردستان , یەكەم ڕۆژنامەی دەرەوەی كوردستان , وە هەموو ژمارەكانی پێشكەوتن , یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لە ناو كوردستاندا , بە ئەلفبێ كوردی نووسراون. ئەو دوو بڵاوكرایەوە لە باكوور و باشوور بڵاوكراونەتەوە.
توێژەر دیالێكتەكانی زمانی كوردی ئەوها دابەشدەكات :
1. ئەلفبێی لاتینی : كرمانجیی باكوور + دیالێكتەكانی ڕۆژئاوا + بەشێك لە كوردەكانی باهدینان و تەلەفزیۆنەكانی باشووری كوردستان .
2. ئەلفبێی كوردی : ( وەرگیراو لە سریانیی و عەرەبی و فارسی ) كرمانجیی ناوەڕاست , كرمانجیی باشوور .
3. كرمانجیی سلاڤی : كوردەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو , بە تایبەتی ئێزیدیەكان.
دایەلێكتە سەرەكیەكان
هەردوو دایەلێكتی كرمانجی ناوەڕاست و باكوور-ژوور بە ئایدیۆلۆژیا بارگاوی كراون. لایەنگرانی كرمانجی ناوەڕاست ( ڕەهەندی مێژوو ) دەكەنە پێوەر هەرچی لایەنگرانی باكوورن ( ڕەهەندی ژمارە ) دەكەنە پێوەر . لە زمانناسی و زمانەوانیدا هەردوو ڕەهەندی ( مێژوو ) و ( ژمارە ) لە دەرەوەی زمانناسین . كێشەكە ئەوەیە لە نێو پارتی سیاسی كوردیدا پرسی زمان تێكەڵی سیاسەت كراوە , بۆیە ئەوەی سیاسەتمەدارە , نەك زمانەوان قسە لە سەر ئایندەی زمانی كوردی دەكات .
لە پرۆسەی نەتەوە دروستكردندا –nation building دروستكردنی ( دوو زمانی ستاندەر ) لە جەستەی زمانی نەتەوەدا دەرزی چاندنی سەرەتان-شێرپەنجەیە , بۆیە گرینگە واز لە هەردوو ڕەهەندی مێژوو و ژمارە بێنن و بیر لە چارەسەری زمانەوانی بكەن .
لە لایەكی دی بۆ دوورخستنەوەی ( زمان ) و ( ئازادی دایەلێكتەكان) لە سیاسەت دا , كار بە پەندی ” نان بۆ نانەوا , گۆشت بۆ قەصاب ” بكرێت , نەك درووستكردنی پلەبەندی كۆمەڵایەتی –سیاسی لە پرسی زماندا.
دایەلێكتە لاوەكیەكان
لەم دابەشكردنەدا هەردوو زاری لوڕی و زاری گۆران سەر بە گرووپە زمانی نوختەی دووەمن , بە واتای هەردووك بە ئەلفبێی كوردی دەنووسرێن , بەڵام هەڵگری ئارێشەی ترن , ئەویش ئارێشەی ( دەڤەر ) و ( مەزهەب )-ە .

دایەلێكتی گۆران
هەروەك بینیمان شەرەفخانی بەدلیسی (ل29) لە سەر بنیاتی هۆزەوە , (گۆران) بە دایەلێكتێكی كوردی داناوە .زۆربەی توێژەرە كوردەكان وەك تۆفیق وەهبی , كەمال فوئاد , د.فوئاد حەمە خورشید , د.حسێن عزیز… ئەو ڕایەیان كەم و زۆر دووبارە كردۆتەوە .
بە تێگەیشتنی توێژەر دوو جۆری جیاواز لە (گۆران ) هەیە:
1. گۆرانی ڕەسەن
2. گۆرانی غەوارە
هەورامان زێدی هەبوونی هەردوو جۆری (گۆران)-ە .ئەو دوو (گۆران)-ە لە كەلتور و داب و نەریت و ڕوخسار و زمان و واتا جیاوازن.
یەكەم , گۆران-ی ڕەسەن
هەورامان لانكەی گۆرانەكانە سێ بەشی دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان , بەشەكەی تری دەكەوێتە باشووری كوردستان . محمدی مەلا كەریم ( 2001 , ل 37)لە كتێبی ( ژیان و بەرهەمی مەولەوی ) ئەوها وەسفی هەورەمان دەكات :” ناوچەیەكی سەر سنووری عیراق و ئیرانە بەشی هەرە زۆری ئەكەوێتە كوردستانی ئێرانەوە و بەشێكی زۆر كەمیشی كوردستانی عیراقەوە.خەڵكەكەی بە دیالێكتی هەورامی-گۆرانی ئەدوێن و شاعیری بەرجەستەی زۆری تیاهەڵكەوتووە.” د.جەمال نەبەز لە ڕاڤەكردنی ئەو جۆرە گۆرانە , دەنووسێت :”زانای ناسراوی كورد مامۆستا محەمەد ئەمین هەورامی زۆر باسی بە نرخی لە سەر بنەچەی (گۆرانەكان ) نووسیوە-لەم نووسینانەدا شۆربۆتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی ووشەی گۆران كە لە وشەی ( gewir)ەوە هاتووە-ئەمەش لە سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام بەو كەسانە وتراوە كە ئامادە نەبوون ببن بە موسلمان….ئامادەبوون لە سەر ئایینی خۆیان بمێننەوە و جزیە بدەن -2005,ل 98-99.” گۆران-ی ڕەسەن نیشتەجێی ئەصلی كوردستان لە سەر دوو ئایین بوون , كۆمەڵێك موسلمان بوون و چەندەها شاعیری ناوداریان تیا هەڵكەوتووە وەك مەولەوی و گۆران…لە بارەی ئەو (گۆرانەوە) مارتین ڤان برونەسن(1999) لە بەرگی یەكەمی ئاغا و شێخ و دەوڵەت هەندێ زانیاری دەربارەیان دەنووسێت . لە لاپەڕە ( 152 )ی هەمان سەرچاوە هاتووە :”وشەكانی گۆرانی ڕەسەن و گۆرانی غەوارە گوزارە لە دوو كۆمەڵی جوداواز دەكەن…ل152″هەروەها لە لاپەڕە (149)دا لە زاری ڕیچ دەنووسێت :”بە شێوە و ڕوخسار و جۆری زاریاندا لە “گۆرانی ڕەسەن ” جودادەكرێنەوە .” شێوەی گۆرانی ڕەسەن سەر بە لقی خوارووی ڕۆژئاوای زمانە ئیرانییەكانە .هەروەها مینۆرسكی و كورد هاتووە كە مینۆرسكی (2006 , ل 149 ) خۆی وتویەتی :” تێكستێكی زاخۆیی كە سۆسین چاپی كردووە , دەڵێ :
نە جووم و نە موسلمان
نە مەسیحی و نە گۆران
ئەم وشەی دوایی (گۆران ) بەبێ گومان ئاماژە بە ئاگرپەرستی و وەرگیرانی تایبەتی وشەی گۆران لە گەبران دەكات.”
دووەم , گۆران-ی غەوارە
لە چاخی كۆن و لە چاخەكانی ناوەڕاستدا نەتەوەكان هێندەی ئینتمایان بۆ فاكتەری ئابووری هەبوو لە پێناو تێركردنی سك و هەروەها ئاژەڵەكانیان هێندە ئینتمایان بۆ زێدی باوك و باپیرانیان نەبوو .جگە لە فاكتەری ئابووری , فاكتەری كۆمەڵایەتی –لەگەڵ یەك نەگونجانی دوو برا , باوك و كوڕ , دوو پسمام.., فاكتەری ئایینی –هەبوونی ئەو هەموو كوردە لە مصر و ئوردن و لبنان…, كاریگەری لە سەر كۆچی نەتەوەكان هەبووە. مارتین ڤان لە سەرچاوەی پێشوو ئاماژە بەوە دەكات , كە “لە سەدەی چواردەهەم بەدواوە , ئیدی جیۆگرافیاناسەكان باسی گەلێك بە نێوی –گۆرانەوە-لە باشووری كوردستانی ئەورۆكە دەكەن .-ل153″ لە هەمان كتێب و لاپەڕەدا مارتین ڤان دەنووسێت:” چ زانستی زمان وچ سەرچاوە دێرین نووسراوەكان, وا دەردەخەن گۆرانی زمانی گەلێك بووە كە لە بنچینەدا دانیشتووی دەڤەرێكی خوار دەریای قەزوێن بووە و پەیوەندی دەگەڵ دەیلەمییەكاندا هەبووە یاخود بەشێكی داكشاوتری ئەوان بووە.”مارتین ڤان لە سەر ئەو بابەتە دەڕوا و دەنووسێت:”ئەو گۆرانە سەر بە لقی سەرووی ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەكانە-ل149 .”سوداد ڕەحمان (2012 ,ل8-26) ڕای چەند رۆژهەڵاتناس كوردناسێك دێنێت , كە گۆرانی غەوارە لە بنەڕەتدا گوایە كورد نەبوونە.لەپاش گەشتەكەی ڕیچ , چەند كوردناسێكی ناسراو وەك مێجەر سۆن و ڤلادمیر مینۆرسكی و مەكەنزی و ڤاسیل نیكیتین لە سەر كوردی سەر سنووری عیراق و ئیران نووسینیان هەیە.هەروەك نووسەری كتێبی”عادیلە خانم ….” عادل صدیق (2010)لاپەڕە (59 هەتا 69) تەرخاندەكات بۆ گەشتی سۆن (بە ناوی غولام حوسێن شیرازی) بۆ هەلەبجە و دیداری عادیلە خانمی دایكی تاهیر بەگ و كەشفبوونی بۆ تاهیر بەگ لە دیدارێكدا كە ئینگلیزە , نەك فارسی شیراز ” هەروەها دوای هەرەسهێنانی ڕاپەڕینی یەكەمی شێخ مەحموود , سۆن بۆتە حاكمی ڕەهای سلێمانی و لەو شارە یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لە سلێمانی دەركردووە. سۆن وەك كوردناسێك باوەڕی وابووە , كە گۆران , گۆرانی غەوارە , لە بنەچە كورد نیین .بە لەهجەیەك قسە دەكەن نە كوردیە نە لوڕی –سوداد 2012 هەروەها لە نەزەر سۆن زمانی قسەكردنی ئەو گۆرانانە پێدەچێ پاشماوەی فارسی كۆن بێ .ئەنوەر سولتانی (2006)لە لاپەڕە ( 149 )ی مینۆرسكی و كورد دەگوازێتەوە , كە مینۆرسكی وتویەتی :”ئۆسكارمان دەڵێ , پەیڤی گۆران لای كوردی موكریان چەتەیە” هەروەها مینۆرسكی بەردەوام دەبێ و دەنووسێت :” پەیڤی گۆران لە ڕواڵەت واتای وەرزێر یا كەسێك دەبەخشێ كە بنەڕەتی نا خێلەكی هەیە.” مینۆرسكییش یەكێ لەو كوردناسانە كە گومان لە كوردیبوونی گۆرانی غەوارە دەكات.مەكەنزی بەوە ناسراوە كە دیدی جیاوازی خۆی هەبێت لە سەر دایەلێكت و بن دایەلێكتەكانی كوردی .سوداد (ل23 ) باوەڕی وایە كە ” مەكەنزی دەربارەی ئەصڵی زاری گۆران وای بۆ دەچێ كە ئەو لەهجەیە لە لەهجەكانی یكەی زمانی كوردییەوە دوورە و لە زۆر رووەوە بە لەهجەیەكی كۆنی ناوەڕاستی ئیرانی دەچێت .”
گۆرانی غەوارە لە نێو كۆمەڵگای زمانەوانی كوردیدا توایتەوە و مۆركێكی كوردی ناوەڕاستی وەرگرتووە , چونكە لە هەورامانی بەشی باشووری كوردستان زمانی خوێندن بە كوردی ناوەڕاست بووە.
بە كورتی هەردوو گۆران لەم خالانەی خوارەوە لە یەك جیاوازن:
1. گۆرانی ڕەسەن وەرزێر و سەپانی كەس نەبوونە,چونكە هاوڵاتی نیشتەجێی وڵاتی خۆیان بوونە هەرچی گۆرانی غەوارە بوونە وەرزێری كوردەكان بوونە , چونكە لە خوارووی قەزوێنەوە بۆ هەورامان هاتوون.
2. لە ڕووی ئایینەوە ,گۆرانی ڕەسەن موسلمان و ئەهلی هەقن, هەرچی گۆرانی غەوارەن تەنیا موسلمانن.
3. زمانی ئاخاوتنی گۆرانی ڕەسەن دایەلێكتێكی كوردیە و درێژەپێدەری زمانی ئاڤێستان هەرچی زمانی ئاخاوتنی گۆرانی غەوارەیە لە زمانی كۆنی فارسی نزیكە.
لوڕ دیالێكتی مەزهەبی
لوڕ وشەیەكی كوردی ڕەسەنە بە هۆی دووری جیۆگرافیەوە گۆڕانكاری بە سەر هاتووە , ئەگەرنا لە بنەڕەتدا خۆی ناوچەیەكی (لێڕ) بووە , ئەو وشەیەش وەك د.ئیبراهیم 2012 , ل 15 لە :” دانەری كتێبی گزیدەی فارسی دەیگوازێتەوە كە وشەی لوڕ بە زمانی كوردی ئەو شاخەیە كە دارستان دایپۆشیوە.”
هەروەك لە یەكەم پۆلینی كوردی هاتووە , لوڕ دایەلێكتێكی سەربەخۆی زمانی كوردیە.لە كوردستان دیاردەی هەبوونی دوو دەڤەر بە هەمان ناو , تەنیا زیادكردنی پاشگری گەورە یان بچووك,دیاردەیەكی نامۆ نییە .سەرچاوەی ئەو دیاردەیەش زیاتر كۆمەڵایەتیە . گەورانی (2001) لە لاپەڕە ( 35 و 81 ) چاپی كوردی دەنووسێت , كە دوو لوڕ هەیە لوڕی بچووك و لوڕی گەورە .”دەربارەی پۆلینكردنی لوڕ بۆ لوڕی گەورە و لوڕی بچووك لەو دیاردەیەی سەرەوە ئاماژەمان پێكرد بەدەر نییە.شەرەفخان ( 1981 ) لە لاپەڕە ( 26 )ی چاپی كوردی دەنووسێت :”مەڵبەندی لوڕستان دەكرێ بە دوو بەشەوە:لوڕی گەورە و لورٍی بچووك,گۆیا دوو برا هەبوون و پێكەوە ژیاون و لە دەوری ساڵی(300=912) فەرمانڕەوای خاكی لوڕستان بوون.” هەر گەورانی زێدی لوڕی كوردی لە پەڕاوێزی یەكەم (2001ول31) جیۆگرافیای لوڕستان دیاریدەكات :” لوڕستان كەوتۆتە باشووری ئاستانەی كرماشان لە (كوردستانی بن دەستی ) ئیران,ئەو ناوچەیە بە زێدی ڕەسەنی هۆزەكانی لوڕی كورد , لە قەڵەم دەدرێ .”
ئامادەنەبوونی شیعری لوڕی بێجگە لە دوو بەیتەكانی بابەتاهیر لە ئەدەبیاتی كوردیدا هەر لە دژواری پەیڤەكانی سەرچاوەی نەگرتووە , بەلكو جیاوازی مەزهەبیش كەلێنی لە یەك دوور كەوتنەوەی گەورەتر كردووە.لەوەش زیاتر هەڵگرانی مەزهەبی شیعی-كوردی , زیاتر ئینتمایان بۆ مەزهەب زێترە لە نەتەوە .ئەو فاكتەرە وەیكردووە كۆمەڵی داخراوی لوڕی داخراو تر بێت , بە حوكمی هاومەزهەبی بوون لەگەڵ فارس , هەندێ فارس باباتاهیر بە فارس دەبینن , نەك بە كورد.
بن دایەلێكتی مەزهەبی
لە شێوە لوڕی بچووكدا زاری فەیلیە شیعە مەزهەبەكان هەیە , ئەوە وەیكردووە , لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی مەلیكی عیراق
بن دایەلێكتەكی سیاسی لە دایەلێكتی لوڕی دروست بببێت , ئەویش بن دایەلێكتی فەیلیە . عەرەبەكانی عیراقی دەسەڵاتدار-سوننە مەزهەب 1921-2003 باوەڕیان ئەوهایە كە كوردی فەیلی كوردی شیعەن وەك فارس , بۆیە صدام لە شەڕی عیراق و ئیراندا ڕەگەزنامەی عیراقی بوونی لێ ستاندنەوە . فەیلی لە بەغدا و خانەقین و مەندلی هەن .بە حوكمی ئەوەی لەو ماوەیەدا , فەیلی لە كۆمەڵگای فارسی ژیاون و لەگەڵ فارس هاومەزهەبن- هەردووك شیعەن- بۆیە ئینتیمای عەقیدەیی –یان بەهێز ترە لە ئینتیمای نەتەوەیی . لە ململانێی بەغدا و هەولێر , ئەوان تاكە كورد بوون , كە خۆپیشاندان بۆ دەربڕینی لایەنگیری لە دەسەڵاتی مالیكی( شیعەگەری ) بكەن , پشت لە دەسەڵاتی كوردی (هاونەتەوە ) بكەن . فەرهاد شاكەلی –یش لە وتاری زەردەشتیزم : فەلسەفەی كوردەواری یا وەهمی خۆپاراستن؟! بڵاوكراوە لە ژمارە 113ی رامان باسی خەتەری بە مەزهەبیكردنی دایەلێكت و ڕۆژهەڵاتناسی لە سەر زمانی كوردی دەكات!
چۆن ( نەوت ) خەریكە ئایندەی كورد تاریك بكات
دایەلێكتەكانیش كورد پەرتەوازتر دەكەن
لە پرۆژە دەستووری كوردستان و پرۆژەی زمانە فەرمیەكان ئاماژە بەوە كراوە كە كوردی زمانی ڕەسمی هەرێمی كوردستانە , لەو بارەیەوە بڕوانە ماددەی 14ی پرۆژەكە ” كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمیی هەرێمی كوردستانن …” هەروەها لە ماددەی دووەمی یاسای ژمارە 6ی یاسا زمانە فەرمییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەربارەی دەستووریبوونی زمانی كوردی لە هەرێم و عیراق هاتووە :” كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە سەرانسەری عێراقدا , لە كوردستانی عێراقدا زمانی كوردی زمانی سەرەكییە .”
لە سەرەتای ساڵی 2015ش پەرلەمانی عیراقی هەمان شتی دووبارەكردەوە بەوەی زمانی عەرەبی و زمانی كوردی زمانی ڕەسمی –فەرمیی وڵاتن .
” نەوت ” هەشتا و دوو ساڵ 1921-2003 هۆكاری لكاندن و چەوساندنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی كوردبوونی كورد بوو , ئەمڕۆش وا خەریكە دەرهێنانی نەوتی باشووری كوردستان ئاگر لە یەك ڕێزی قەراری سیاسی كورد بەردەدات . ئازادی دایەلێكتەكانیش بە پاساوی ( مێژوو ) , ( ژمارە ) , ( دەڤەر ) , ( مەزهەب ) خەریكە ماڵی كورد بە دەست ڕۆشنبیری كورد پەرتتر دەكات .

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …