Home / بەشی مێژووی كورد / تڕاژیدیای کوردەکان

تڕاژیدیای کوردەکان

تڕاژیدیای کوردەکان

1461154019269

 

نوسینی: هێنری کیسنجەر…

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شەفیقی حاجی خدر…

{کورتە بەراییەکی وەرگێڕ: ئاشبەتاڵ، کارەسات، شکست، نوشست، نسکۆ، هەرەس، روخان، تێکشکان… کۆمەڵە وشەیەکن ئەگەر بەتەواویش هاوواتا نەبن ئەوا واتاکانیان لەیەک نزیکن، هەموشیان بەپێی ماخۆی نوسەر، قسەکەر بۆ وێناکردنی کۆتاییه شومەکەی شۆڕشی ئەیلول لە ١٩٧٥دا بەکاردێ. بێگومان بۆئەمەش هۆکاری نێوەخۆ و دەرەکی هەبوون. سەبارەت بەهۆکاری دەرەکی یەکسەر پەنجە بۆ ئامریکا و ئێران رادەکێشرێ. تایبەتمەندییانەتریش زیاتر ناوی شای ئێران و هێنری کیسنجەری راوێژکاری ئەوکاتی ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا دێ، تەنانەت ناوی کیسنجەر لە نیوەی دووهەمی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان ئەوەندە کەوتبووە سەرزمانان، زۆرینەی تاکی کوردی نەوەک هەرلەباشور بەڵکو لەهەر چوارپارچەدا پێ ئاشنابوو.

ئەوەی لێرەدا کردوومەتە کوردی، دەقی نوسێنێکی درێژی کیسنجەرە کە لەکتێبە قەبەکەی خۆی، “ساڵەکانی نۆژەنبوونەوە” بەدرێژی باسی ئەو مەرگەساتەی کردووە. کیسنجر بەپلەی یەکەم هەوڵیداوە خەتاباریەکە لەسەر کەسی خۆی لابدا و بیخاتە ملی سی ئای ئەی و بەڕێوبەرەکەی، بەپلەی دوهەمیش لەکۆڵ ئامریکای بکاتەوە ، هەر شای ئێران بە خەتابار بزانێ.

مایەی تێبینییە، لەنێو ئەو سەرکردە و سیاسەتمەدارە ناودارانەی جیهان کەم وایە لەیاداشتەکانیاندا باسی کوردییان کردبێ، خۆئەگەر باسیشیانکردبێ ئەوا راگوزەرییانە، یان زۆر بەکورتی ئاماژەیان پێداوە ئەویش ئاماژەیان بە ناوی دەستڕۆیشتوەکانیان داوە. کەچی هینری کیسنجەر لەو رێسایە دەردەچێ، بەندی بەشێکی کتێبە قەبەکەی (کە ١١٥١لاپەڕەیە) بە قەبارەی ٢٠ لاپەر بۆ ئەوپرسە تەرخان دەکا.

شێوازی نوسەر، شێوازە نوسێنێکی سیاسی-دیپلۆماسییانەی چڕوپڕە، وەرگێڕانی ئاسان نیە، هیوادارم تیایدا سەرکەوتو بووبم و بەدروستی ناوەڕۆکەکەم گەیاندبێ. -وەرگێڕ.}

بنەڕەتییەکانی بەرنامەکە:

خواکان لە بەهاری ١٩٧٥دا بەڕوی دۆستەکانی ئامریکادا پێنەکەنین. لەوکاتەی کە کۆنگرێس بۆ ژێر نیری کۆمۆنیستی دەستبەرداری خەڵکی هیندۆچینیی بوو، شای ئێرانیش کوردەکانی عێراقی بێ بەرگری بۆ رژێمی رادیکالی بەغدا بەجێهێشت، تەنانەت کە هێشتا سەددام حوسێن بەفەرمیش سەرۆک نەبوو، بەڵام جڵەوەکەی لەبەردەستدا بوو.

وڵاتە یەکگرتووەکان لە ١٩٧٢ەوە پشتیگیری کوردەکانیان کردووە، هەرچەندە پەیوەستی ئێمە بەئەوانەوە لەچاو هەوڵەکانمان بۆ هیندۆچینیەکان هی بەراورد نیە. بەڵام کاتێک  هیندۆچینییەکان لە روخان پارێزران- بەلای کەمی لەماوەی ١٩٧٥دا- بەوەی کە بەرفروانکردنی کۆمەکمان بۆ هاوپەیمانەکەمان هەمو هۆکارێکی رەچاودەکرد، کەچی رزگارکردنی کوردەکان  ئەوەی دەخواست کە بەرەیەکی نوێ لە شاخە  سەختەکانی  نزیک سنوری یەکێتی سۆڤیەت بکرێتەوە. کردنەوەی دەرگای پابەندبوونێکی وا قەبە و دەرەنجامێکی پێشبینینەکراو دەبووایە شانی بدرێتەبەر لەکاتێکدا هیندۆچینی لەباریەکهەڵدەوەشا، پەیوەندییەکانی رۆژهەڵات – رۆژئاوا لاوازدەبوو، دانوستاندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوینیش(مەبەست دانوستانی ئیسڕائیل و دەوڵەتە عەڕەبییەکان بوو –وەگێڕ) چەقی بەستبوو. هەمو ئەمانە و  پشتگیری ” ئۆپەراسیۆنی داپۆشراو Covert opration” لەکاتێکدا  کۆنگرێس پەلاماری ئەو جۆرە چالاکیانەی دەدا، ئەوپەڕی دەستکەوت بوو.

لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا، هەرچەندە  چارەنوسی کوردەکان لەچاو ئەو  قۆناخە خۆئازاردانە نەرجیسیانە لە ١٩٧٠دا کە وەک خۆپاکردنەوەی ئەو گەشبینییە زۆرەی سەرەتای شەستەکان هەبوو، بەشتێکی دیکە گۆڕا. کۆمیتەکانی کۆنگرێس هێڕشیان کردەسەر بەڕێوبەرایەتی نیکسن بەوەی کە رۆڵی لە هەوڵدان بۆ یارمەتی کوردەکان لەپێناو  ئۆتۆنۆمیدا هەبووە، هێڕشیشی کردە سەر بەڕێوبەرایەتیی فۆرد بەوەی رێگری لەشا نەکرد تا دەستبەرداری ئەو هەوڵە هاوبەشەیان بێ. ئەوەش بۆ ئەو جۆرە کەسانەی  بەرپرسیاربوون لە دەستبەرداربوون لە هیندۆچینی تاکە رێگا بوو کە ویژدانی خۆیان ساڕێژبکەنەوە.

تراژێدیای کوردەکان بەشێوەیەکی زۆر بەهۆی مێژو و جوگرافیاوە قەوماوە، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی ناشیۆنالییانەی نێوەخۆشمان پرسەکە قەبەتربوو. هەنوکە ژمارەی گەلی کورد ٢٥ملیۆنی تێپەڕاندووە، ئەوان بوونەتە قوربانی روداوگەلێک کەبۆ سەدەکانی پێشتر دەگەڕێتەوە. لەوکاتەی دەوڵەتی نەتەوە لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدابووە، ئەوان  خۆیان بە دابەشکراوی لە نێوان ئێران، عێراق سوریا، تورکیا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دۆزیوەتەوە. بەڵێنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە کوردەکان درابوو، بەڵام کە دەسەڵاتدارە ئاوڕوپاییەکان دوای جەنگی جیهانیی یەکەم نەخشەی سنورەکانی رۆژهەڵاتی ناوینیان داڕشت، خواستی کوردەکانیان بۆ چارەی خۆنوسینی نەتەوەییانە پشتگوێخست. لەوکاتەوە، خواستی بەرزی نەتەوەییانەی کوردی  روبەروی یەکێتی خاکی دەوڵەتە خانەخوێکان بووەوە کە هەموو مەودای ئەگەری پەیوەندییان بە وڵاتە یەکگرتوەکان بەوشێوە بوو: هەندێکیان –وەک تورکیا-  هاوپەیمان بوون؛ ئەوانی دیکە –وەک عێڕاق-بەلای نەیاریدا دەیشکاندەوە؛ ئێرانیش لەکاتی جیاوازدا هەردوکیان بوو؛ لەکاتێکدا سوریا خۆی بەبێ لایەن وێنادەکرد. نەتەوەکانی دیکەش – وەک ئیسڕائیل و ئوردن- لەبەر هۆکاری جیۆسیاسی و وەک شێوازێکی لاوازکردنی نەیارەکەیان- بەگشتی عێراق (سەیری نەخشەکە بکە) لەکاتێک بۆ کاتێکی دیکە لەو نێوەندەدا بوون.

بۆ پەیوەستبونی ئامریکا بەو پرسە، رەگی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژیانە هەبوو. نەریتی ویلسنیانە (مەبەست سەرەک ویدرۆ ویلسن و چواردە خاڵە ناودارەکەیەتی لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا-وەرگێڕ)هانیداین کۆمەک بە ئاراستەی چارەی خۆنوسینی نەتەوەییانە بکەین، بەڵام ئەوەش دەبووە مایەی دوڕیانی سیاسەتی هەمیشەیی ئامریکا: سنوری پابەندبوونی مۆرالی ئامریکایی لە ناوچەیەکی وا دورەدەست و رێتێنەچوو، وەک چیا کوردیەکانی دەورەدراو بەدەوڵەتانێک کە کاریگەری بەسەر بەرژەوەندی ناسیۆنالی ئامریکاوە هەیە. ئایا چۆن وێستگەیەکی لەبار لەنێوان کۆمەکێک بۆ خواستە بەرزەکانی کوردیی و دەستبەرداربوونیان لە هەرێمێک کە نوێنەرایەتی جومگەی ستراتیژی  هەیڤی رۆژهەڵاتی ناوینی دەوڵەمەند بە نەوت و کەنداوی فارسدا دەکا، دەدۆزیەوە؟

هۆکارێکی ئاڵۆز بۆ کۆمەکەکانی ئامریکایی و گەیشتنی بە دەڤەری کوردان، تەنها لەڕێی خاکی هەندێک لەوڵاتە هاوپەیمانەکانی وڵاتە یەکگرتوەکانەوە بوو- ئێران لەسەردەمی  فۆرد، تورکیاش لەسەردەمی کلینتندا. بەڵام ئەو دەوڵەتانەش تەنها لە خاڵێکی دیارکراودا هاوبابەت بوون لەگەڵ ئامریکادا، ئەویش کە رێگربن لەبەردەم کۆمۆنیستەکان یان رژێمە توندوتیژەکان کە کۆنتڕۆڵی ناوچە کوردییە دەورەدراوەکە بکەن. هیچکامیان، نە ئێڕان لە حەفتاکان و نە تورکیاش لە نەوەدەکان سوکە (بۆرە) بەرژەوەندییەکیشیان لە هەڵچونی  مەشخەڵی نەتەوەخوازییانەی کوردەکان نەدەدەۆزیەوە کە لەنێو خودی خۆشیاندا  دانیشتوانی کورد هەبوون، هیچکامێکیان ئامادەنەبوون دەستبەرداری کەمینەکانی خۆیان بۆ تاکە دەوڵەتێکی کوردی ببن. لەهەمانکاتدا، هەردوو دەوڵەتەکە چەقی بازنەی ستراتیژی هەمەگیری ئامریکا بوون.

شتێکی حەتمییانەبوو کە دوودڵی هەبێ و لەدوایشدا تەقەللای ئامریکاییەکان باڵی بەسەر هەرێمی کوردەکانی عێڕاقدا کێشا. دەوڵەتە دراوسێکان وەک تورک و ئێران دەیانەویست  پشتگیری کوردەکان بکەن بۆئەوەی گوشاری عێڕاق لەسەر هەرێمەکانی خۆیان لابدەن. بەڵام ئەوان بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون، هێنانەکایەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی لەباوەش بگرن. لەسۆنگەی هەمان ئاماژە، نە نیکسن، نە فۆرد،نە بوش، یان نە بەڕێوبەرایەتی کلینتن پشتگیری سەربەخۆیی کوردەکانی عێراقیان نەکرد چ جای دەوڵەتەکانی دراوسێکان. هەموویان بەدوای ئەو تێکهەڵکێشیەی ئۆتۆنۆمی کوردان بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی عێڕاق دەگەڕان، لەوە دەترسان کە لەباریەکهەڵوەشانی عێراق پەنجەدانان بێ بەسەر پەلاپیتکەی دەیان ساڵی پشێوی کە دراوسێکان شەڕیان لەسەر دەستکەوتەکان دەکرد. بەتایبەتیش کە ئێران لەژێر فەرمانڕەوایی خومەینیدا چووە ناولیستی دەوڵەتە فەندەمەنتالە نەیارەکان، یەکێتی خاکی عێڕاق وەک دژەهاوسەنگیەک بەڕوی جێتەماعی ئێرانییەکان سەیردەکرا.

کارلەیەکردنی ئەو ئامانجە نەگونجاوانە ناکۆکبوون و تەنانەت مەرگەساتی کوردەکانیشی بەدواوەبوو. ئەوەش ئەوەبوو کەلە ئازاری ١٩٧٥دا قەوما، کاتێ ئێران و عێڕاق گەیشتنە  رێکەوتنێک و ئۆتۆنۆمی کوردان باڵی بەسەر بەرژەوەندی نیشتمانییانەی هەردوو دراوسێکاندا کێشابوو. ئەوەش لە ١٩٩٦دا دوبارەبووەوە، کاتی ئۆتۆنۆمی کوردان لەژێر قەڵغانی ئامریکایەکان لەدوای جەنگی کەنداوی ١٩٩١دا دامەزرابوو، بەڵام بەشێوەیەکی  جەوهەری سەددام حوسێن ئۆتۆنۆمییەکەی کزکردەوە کە پشتی لایەنێکی کوردی گرت بۆ ئەوەی پشتی نەیارە کوردەکەی دیکە بشکێنێ کە پشتگیری ئامریکای هەبوو. لەروانگەی منەوە، بەڕێوبەرایەتی فۆرد زەمینەی لەبارتری لە کلینتن هەبوو تا پابەندبوونەکانی خۆی بەرفراوانتر نەکا- بەڵام لەهەردوو باردا مەوداوی سنوردار و سەرسوڕمانی بەرژەوەندییەکانمان لەو وڵاتە دورەدەستەی کوردانی رەنگڕێژکردبوو.

بەڕێوبەرایەتی نیکسن و فۆرد  کۆمەکی دەرەکییان بۆ خواستە بەرزەکانی کوردەکان بۆ ئۆتۆنۆمی وەک داوادەکرا، دانەهێنا، بەڵکو ئەوان یەکەمجار راستەوخۆ سەرچاوە دەرامەتە ئامریکاییەکانیان خستە پشتەوە. چونکە ئێمە پشتگیری گروپێکی ئەتنیمان دەکرد کە دژی حکومەتێکی قانونی وەستاوەتەوە، لەبەرئەوەش کە وڵاتەکانی دیکە، نەخاسمە ئێران و ئیسڕائیل پێیەوە پەیوەستبوون، ئەوا ئۆپەراسیۆنەکە دەبووایە “شاراوە” بووایە لەو ناوچە بۆرەی نێوان  هێزو سەربازی و دیپلۆماتیدا.

بنەمای پەیوەستبوونی راستەوخۆمان بە کوردەکانەوە بۆ سەردانەکەی  نیکسن  بۆ شا لە تاران لە ١٩٧٢دا دەگەڕێتەوە، ئەو کۆبوونەوەیەی بەدوای کۆبوونەوە لوتکەییەکەی لەگەڵ برێجینێڤ لە مۆسکۆدا هات. ئەو هەفتە ئاهەنگە مێواندارییە هێوربوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کرەملیندا، پێشنۆرەیە ستراتیژییەکانی نیکسنی نەگۆڕی. ئەو هەرگیز بۆ بەرقەرارکردنی هێورەییەکە، دەستبەرداری خواستەکەی بۆ ئەوپەڕی مناوەرە لە کێبەرکێی سیسیانەی جیهانیی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا نەکەوت.

یەکێک لە کێبەرکێیەکان لە عێڕاق، لەدەروازەی شادا خۆیگرتەوە. بۆ پرسی ئایندەی سیاسی ئەو دەوڵەتەی لەدوای عەڕەبستانی سعودیدا بەدووەم دەهات لەیەدەگی نەوتدا، لەئێستاوە بەو سەرچاوە دەرامەتانەی هەڕەشە لەهاوسەنگی رۆژهەڵاتی ناویندا دەکا بەتایبەتیش لە کەنداودا. لە ١٩٦٨دا حزبی بەعس بەرنامەیەکی خۆجێی رادیکالییانەی کردە کارنامە و نەیاری سەربازییانەشی دژی رۆژئاوا راگەیاند و دەسەڵاتیشی لە بەغدا گرتەدەست. ئیدی مایەی سەرسوڕمان نەبوو، کە عێڕاقی بندەستی سەددام حوسێن زیاتر لەیەکێتی سۆڤیەت نزیکببێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدابوو کە هەبوونی پانزە هەزار سەربازی سۆڤێتی لە میسردا ئەو مەترسیەی دوپاتدەکردەوە کە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوین رەنگبێ بکەوێتە بن ڕکێفی دەستڕۆیشتنی ستراتیژی سۆڤێتی. ئەوسا باری هێورکردنەوە هەرچییەک بووبا، کەمکردنەوەی قەڵەمڕەوێتی سۆڤیەت چەقی بازنەی مەبەستی ستراتیژیمان بوو. لەراستیشدا ئێمە هێورکردنەوەمان وەک داردەستی بەربەستێکی سەرچڵیە ستراتیژیەکان دەبینی.

ئەو دەوڵەتانەی کەخۆیان لەبن بارێکی دژواردا لەبەرامبەر عێڕاقی نوێدا دەبینیەوە، ئوردن و ئێران بوون. هەردووکیان سنورێکی پانوپۆڕیان لەگەڵ عێراق، ئیسرائلدا هەبوو. هەمیشەش لەوە نیگەران بوون کە رژێمێکی رادیکالی عەڕەبی بەچەکی سۆڤێتی تەیاربکرێ. هەرسێ دەوڵەتەکەش دۆستی ئامریکا بوون. هەرسێکیشیان بە نهێنییەوە کۆمەکی کوردەکانیان دەکرد. ئەوان وەک گەمەی کارتێک سەودایان لەگەڵ داخوازی ئەم دواییەی ئۆتۆنۆمی لە شاخە سەخت و ئەستەمەکانی باکوری عێڕاق دەکرد، بۆ ئەوەی روی نەیاریی وزە و دەرامەتەکانی عێراقی لەسەر سنورەکانی خۆیان دوربخەنەوە. هەرچەندە ئێمە بەڕاستی بەشداری ئەو کۆمەکە شاراوەیەمان نەکرد، بەڵام ئاژانسە هەواڵگریەکانمان لەڕێی هاوکارەکانی هەر یەک لەوڵاتە تێوەگلاوەکان، پێیەوەئاشنابوون. بێگومانیش هەمو ئەو دەوڵەتانە کۆمەکی ئابوری و سەربازییان لە وڵاتە یەکگرتووەکانەوە پێدەگەیشت.

بۆ ساتێکی راگوزەر، پێدەچوو عێراقییەکان و کوردەکان کێشەکانیان چارەسەرکردبێ. لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا رێکەوتنێک لە نێوان بەغدا و سەرکردەی کورد مستەفا بارزانی کرا. حکومەتی بەعس قایلبوو کە عێراق بکاتە دەوڵەتێکی فرەئەتنیک کەلە دوو نەتەوەی سەرەکیی عەڕەب و کورد پێک دێ. جێگری سەرۆک درایە کوردان؛ زمانی کوردی کرایە زمانێکی فەرمی و بەرێژەی خۆشیان، کورد لە پەرلەمانی دامەزراوی نوێیدا بەشدارببن.

لەمانگەکانی دواتردا، رێکەوتنەکە لەسەر پێناسەکردنی ئۆتۆنۆمی کێشەی تێکەوت، ئەوەش شتێکی سروشتیانە بوو، کاتێ هەوڵدرا کە هێز لەنێوان  گروپە ئەتنیە ناحەزەکان دابندرێ. ئۆتۆنۆمی بۆ بارزانی واتای ئەوەی دەگەیاند قەڵەمبازێکە هەمیشە لە دیفاکتۆی سەربەخۆییەوە نزیکە، لەکاتێکدا سەددام حوسێن وای هەڵسوکەوت لەگەڵ رێکەوتنەکە دەکرد، وەک هەنگاوێکی تاکتیکییانە بۆ رێگەخۆشکردن کە بیرۆکەی بەعس بەسەر سەرتاپای دەوڵەتدا پەیڕەوببێ.

بەهاتنی پایزی ١٩٧١دا، جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان کوردەکان و بەغدا گەیشتە سەر خاڵی لەیەکترازان. کوردەکان سەدام حوسێنیان بەتاوانبار دەزانی کە هەوڵی کوشتنی بارزانی داوە، تادەهاتیش گومان لەدەوروبەری سەددام قەبەتردەبوو بەو جموجۆڵەی  بەئاراستەی حکومەتێکی ناشیونالی یەکگرتوو کە پارتی کۆمۆنیستی عێڕاقی لەخۆگرتبوو. ئەمەش کوردەکانی دابڕاند، بۆیە  چالاکی پارتیزانانەیان دەستپێکردەوە کەلەلایەن ئێران و ئیسرائیلەوە کۆمەک دەکران. لە نۆڤێمبەری ١٩٧١دا  و دووبارەش لە ئازاری ١٩٧٢دا شا داوای لە نیکسن کرد کە هاوکار بێ لە پشتیوانیکردنی بارزانیدا. لە ٢٨ی ئازاردا شای ئوردنیش وەک ناوبژیوانێک راستەوخۆ بۆ بارزانی داوای کۆمەکی لە نیکسن کرد. هەرچەندە ئیسڕائیل هەرگیز راستەوخۆ داوای فەندێکی واینەکرد، بەڵام ئێمەی لە نیگەرانیەکانی خۆیان سەبارەت بە ئاراستەی سیاسەتی عێڕاق و بەرژەوەندیشیان لە  هەبوونی ئۆتۆنۆمی لەناوچەی کورداندا، ئاگادارکردەوە.

ئێمە رومان لەو داوا کۆمەکە راستەوخۆیانە وەرگێڕا، چونکە نەماندەویست زیاتر هاتنی چەکی سۆڤێتی و دەسترۆیشتنیان لەو ناوچەیەدا بوروژێنین. جوزێف فارلاند Joseph Farland، باڵوێزی ئامریکا لە ئیراندا، ئەو ئاگادارییەی هەڵسەنگاند بەوەی ئەگەر هەڵمەتی ئۆپەراسیۆنی شاراوەی کوردەکان دەستپێبکرێ، ئەوا کراوەدەبێ، ئەگەر وەستێنراش ئەوا بارێکی ناسک دەبێ لەبەرامبەر ڕاڤەکردنێکی نەخوازراودا.

سەردانی ئەلێکسی کۆسیجن Alexei Kosygin سەروەزیری یەکێتی سۆڤیەت بۆ بەغدا لە ئەپریلی ١٩٧٢دا کارێکی وایکرد کە ئێمەش بە سیاسەتی دەستبەستنمان لەناوچەکەدا بچینەوە. لە ٩ی ئەپریلدا ئەو پەیمانێکی دۆستایەتی لەگەڵ عێڕاقدا واژۆکرد، تەنانەت ئەوکات دەستوەردانی ئامریکاییەکان لە کاروباری کوردانیشدا نەبوو. پەیماننامەکەی نێوانیان پێدانی چەکی گەورە و قوڕسی سۆڤێتی بۆ عێراق لەخۆگرتبوو. ئیدی عێڕاق بەخۆی بووە داڕسانێکی جیۆپۆلیتیکییانە و چووە سەر ئەوڕێیەی کە لەبنەمادا ببێتە هاوپەیمانێکی سۆڤێتی لە ناوچەکەدا. بەپاڵپشتی ئەو چەکە تازەهاتووە، هێزەکانی  عێڕاق کەوتنە هێڕشکردن و گەیشتنە پشتەوەی ئەو هێڵە هاوسەنگییانەی کە بە هۆی پشتگیری شاراوەی ئێرانی و ئیسڕائیلییەکان دروستببوو. ئیدی بەیەکدادانی سەربازەکانی عێڕاقی و ئیڕانییەکانی لەسەر سنورەکان بەدواداهات.

ئەوەش ئەو ئامادەکاریە بوو کە نیکسن لە ٣٠-٣١ی مایسی ١٩٧٢دا سەردانی شای ئێرانی لەتاراندا کرد. هەموومان لەبن هەست و سۆز و ئەرکی جەستەیی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی مۆسکۆدا داهێزرابووین. نیکسن سەڕەرای بۆمباردمان و گەمارۆی باکوری ڤێتنامی هاوپەیمانی سۆڤیەتی- سەردانی مۆسکۆی کرد؛ ئەمەش هەردوو هەفتە پێش نەخشەی سەردانەکەی و شەش مانگیش بەرلە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بوو.

ئەو مێواندارییە بەجۆشەی ئێرانیەکان شەکەتیی گەشتیاران و تیمی رۆژنامەوانانی قەبەترکرد. یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەو شەکەتبوونە بادەنۆشی نیکسن بوو لەسەر بەخێرهێنانی سەرخوانە بێئەندازە رازاوەکەی  شا بوو. چراکانی کامێرای تەلەفزیۆن بۆ سەرۆک زۆر زەقوزۆپ بوون کە دەستنوسە ئامادەکراوەکەی بخوێنێتەوە، بەتایبەتیش نەیدەویست لەبەردەم تەلەفزیۆندا چاویلکە بکاتە چاوی. بۆیە بڕیاریدا سەرپێیانە قسەبکا، دیاربوو بایی ئەوە توانای بەسەردادەشکا، بەدەرلەوەی پێدەچوو پوختەوتارێکی لەبار دەربازیکردبا. ئەو چەند جاران لەسەر بابەتەکە سوڕا، لەدواییدا  لەبنی هەمبانەی دا. نیکسن راستەوخۆ سەیرێکی شای کرد، روانینی سەرەک ئایزنهاوەری بەبیر شای شاهان هێنایەوە کەوا هەمو ئەو سیناتۆرانەی ناسیبوونی ژنیان لەسەروی چینی خۆیانەوە هێنابوو. لەو کەشە خڕۆشاوەدا نیکسن سەرکەوتوانە گەیشتە ئاکام و پێشنیازی نۆشکردنی بۆ خاوەنشکۆ و شابانۆی خۆشەویستی لەتەنیشتیەوە کرد. چەپڵەی ئێرانیەکانیش لەباشترین باردا بەجۆش نەبوو.

لەوکاتەی کە نیکسن و شا بارودۆخی نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد، هەمو خۆشمەجلیسییەک وەستا. نیکسن کەتازە لە بادەگۆڕینەوە بێئەندازەکەی مۆسکۆ گەڕابووەوە، نمایشێکی وایکرد کەئەو وەک سەرۆکی ئەمریکا کەمتر وایە بە پەیوەندییەکی تایبەتمەندانە لەگەڵ سەرکردەی کۆمۆنیستی زلهێز، لەخشتەببردرێ. لە تێبینی کردنەوەی دانیشتنەکەدا ئەو سوربوونەی دوپاتکردەوە کە لەگەڵ دۆستەکانی ئامریکادایە و رێگریش دەبێ لەبەردەم سەرەڕۆییەکانی سۆڤیەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا. لەگەڵ ئەوشدا پارێزگاری لەوەدەکەین کە کێشە هەرێمییەکان نەتەنرێنەوە و نەگاتە روبەروبوونەوەیەکی نێودەوڵەتییانە، هەروەها رێگانادەین کە هاوسەنگی هێزی جیهانی یان هی رۆژهەڵاتی ناوین لاسەنگ ببێ. بەراستیش لە رۆژهەڵاتی ناویندا بۆ ئەوە تێدەکۆشین تاکو تای هاوسەنگی بەبەرژەوەندی خۆماندا بشکێنینەوە، بەو نمایشەی کە نە عەڕەبە رادیکالییەکان و نە چەکی سۆڤیەتیش ئامانجەکانی عەڕەب بەدیبێنی. من هەڵمدایێ بەوەی کە نابێ “هێوربوونەوەیەکی دەستەبژێر” بپەژرێنین، پێناسەکردنەکەم وابوو کە ” بەرقەرارکردنی هەندێ پرس لەگەڵ هەندێ نەیاریی لەپێناوی لاپەڕگەکردنی ئەوانی دیکەدا… ئێمە دەبووایە ئەوە لە سۆڤیەتیەکان بگەیەنین.” من ساڵێک دواتر لە ١٩٧٣دا لە بۆنەیەکی سەردانکردنەوەی شا بۆ واشنتن، کرۆکی نەخشەکەمان بەو شێوەیە پوختەکردبووەوە:

“ئێمە هەوڵدەدەین  کشمات لەدەستڕۆیشتنی سۆڤیەت بکەین کە لە هەرشوێنێک دەربکەوێ و لەهەر سەرچڵیەکیش  کەبەدوایدا دەچن شەکەتیان بکەین. ئێمە دەمانەوێ شتێکی وا لەمێشکی بیرۆی سیاسیدا بچەسپێنین (مەبەست مەکتەب سیاسی حزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیەت بوو کەدەسەڵاتداری رەهای وڵاتەکە بوو-وەرگێڕ)کە چالاکیە ماندوو گرانبەهاکانیان لە رۆژهەڵاتی ناویندا هیچ ئاکامێکیان لێناکەوێتەوە.”

لەبەرئەوە شا بۆیدەرکەوت کە نیکسن گوێگرێکی وەرگرە، ئیدی نیگەرانی خۆی سەبارەت بەوەی کە “سۆڤیەتییەکان دەیانەوێ هاوپەیمانییەک لە کوردەکان، بەعسییەکان و کۆمۆنیستەکان پێکبهێنن، بەمە لەجیاتی ئەوەی کێشەی کورد ببێتە دڕکێکی بەرپێیان، ئەوا دەبێتە شتێکی بەنرخ بۆ کۆمۆنیستەکان.”

نیکسن لەئەنجامی گفتوگۆکەی لەگەڵ شادا دوو بڕیاری دەرکردن. وەک دژەکردەیەکی سەوداگەری کۆسیجن-سەددام بۆ چەک، رەزامەندبوو بەوەی کە فڕۆکەی نمایش بەرز بفرۆشێتە شا کە خۆی پێشتر داوایکردبوو، بەڵام لەبەر دەمەقاڵەی بیرۆکراسی نێو پنتاگۆن ئاخۆ  فڕۆکەی  F-15ی پێبدرێ یاخود Navy F-14 سەودایەکە گیریخواردبوو.  نیکسن ئەم کێشەی چارەسەرکرد بەوەی هەردوو چەشنەکەی پەسندکرد و لێبژاردنی نێوانیشی بەتەواوی بۆ شا جێهێشت. (ئەوەش بنگەی ئەو دەنگۆو واتەواتە بوو گوایە نیکسن فەرمانی بەسەر پینتاگۆندا کردوە کە هەرشتێک شا ویستی، بیدەنێ. فەرمانەکە تەنها بۆ هەڵبژاردنێک بوو لەنێوان  F-15 و F-14ەدا.)

لەهەمان کاتدا، نیکسن بەو ئاکامە گەیشت کە بەبێ پشتگیری ئامریکا راپەرینە لەئارادابووەکەی کوردان، دژی حکومەتی بەغدا سەرناکەوێ. پشکداریەکی ئامریکایی لەهەر شێوەیەکدا بووایە پێویست بوو بۆ پاراستنی ئەو مۆرالەی کە کلیلی ناوچەکە بوو بۆ هاوپەیمانەکانی وەک ئێران و ئوردن، کە پاڵنەرەکانیان جیاواز بوون و پشکدارییەکیش بوو بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز لە هەرێمەکەدا.

مەبەستمان ئەوە بوو کە عێراقییەکان خەرجی زۆر بۆ رژێمەکەیان بکێشن، بۆ ئەوەی دەستکەوتی کوردەکان زیاتر بێ و بەهۆیەوە بەغدا هانبدرێ لەرەفتاری سیاسییانەیدا زیاتر رێزی ئاسایشی دراوسێکانی بگرێ و ئۆتۆنۆمیش بداتە کەمینەی کوردەکان. واباوەڕدەکرا کە پشکداریەکەی ئامریکا کلیل بێ: بەو پشکدارییە داراییە یەکانگیرییەک لە ئامانجەکانی کیشەکە دێنێتە دی، بۆ هەریەکەشیان بایەخێکی زۆری دەبێ بۆ پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکاندا هەروەها بۆئەوەش کە لێیان قەدەخەبکرێ دەستبەرداری کوردەکان ببن- ئەو بڕیاردانە وەک کەدەیبینین سەلمێنرا کەزۆر گەشبینانە بوو.

مشتومڕی نێوەخۆ

لەوەتەی بابەتەکانی لێکۆڵینەوە هەواڵگریەکانی کۆمیتەکانی چەرچ Church و پایک Pike تەلەفزیۆن، فیلم و کاخەزی چاپکراو بڵاوکرایەوە، دەزگای هەواڵگری(سوسەکردن-جاسوسی) وەک توندڕەوی جەنگاوەرێکی شەڕی سارد وێناکرا کە هی ئەوە نەبوو سیاسییانە جڵەوبکرێ و پەرۆشیش بوو بۆئەوەی سەرچڵی بە دەرامەتەکانی ئامریکاوە بکا بۆ بەدواداچوونی خشتە شێتانەییەکەی. ئەگەر هەرگیز جۆرە سیا CIAیەکی وا هەبووبێ، ئەو بەشاراوەیی لە سەردەمی نیکسن و فۆردا هەبووە. هەموو ئۆپەراسیۆنە گەورەکەی شاراوە لەو ناوچەیەدا- چیلی، کوردەکان و ئانگۆلا- لەلایەن کۆشکی سپیەوە فەرمانی بۆدەرکراوە و بەشێوەیەکی سەرەکیش ئۆپەراسیۆنی پەردەپۆش بوونە، چونکە دیپلۆماتیێکی لەبارو ئاشکرا بۆئەوان لەئارادا نەبووە. راپەڕینی کوردەکان لە شوێنێک بەرپابوو کە خاکی دەوڵەتێکی سەروەری ددانپێدانراوی هاوپەیمانی یەکێتی سۆڤیەت بوو، بە روپۆشیش لەلایەن کۆمەڵە دەوڵەتێکی هاوپەیمانی وڵاتە یەکگرتوەکان پشتگیری دەکرا، کە لەڕوی داراییەوە ئێمە کۆمەکمان دەکردن. لەوێدا سەرچڵی تەشەنەسەندن هەبوو، بەڵام هەروەها ئەوەش بەدیدەکرا کە سەددام حسێن  قەڵەمڕەوێتیەکەی بەهێزتر بکا و هەرێمی کوردەکانی عێڕاقیش بکاتە پێگەیەک بۆ تێکدانی ناوچە کوردییەکانی هەموو وڵاتە دراوسێکان. لەوکاتەی کە ئەو جۆرە تێکدانە گرێدراوبوو بە گەشەی خێرای هێزە چەکدارەکانی عێڕاقی، کەدەکرا ببێتە چەکێکی بەهێز دژی وڵاتەکانی کەنداو، ئێران و تەنانەت تورکیاش.

کەسەیری ئەوێ دەمێ دەکەی، هەڵسەنگاندنی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی بڕیاری پشتگیری راپەڕینی کوردەکان پێدەچوو زیاترهاوسەنگ بێ لەوەی ئەوکات کردیان. ئێمە دەبووایە  زیاتر وریا باین لە بارەی پاڵنەرە جیاوازەکانی هاوپەیمانێتی دژە عێراق بەیەکەوە لەگەڵ دەرەنجامەکانی یەکێ لە هاوکارەکان کەلە بەلەمەکەدا وەرگەڕا. لەروی هەموشییانەوە ئێمە دەبووایە لەوە زیاتر تێگەیشتباین کە کوردەکان نیشانەی هاوکارێکی لەرزۆک بوون، ئاستەنگبوون بەوەی لەگەڵ ستراتیژی هەمەلایەنە یەکانگیربن. هەرچەندە سەرکردەکەشیان جێیبڕوا بوو، ئامانجی بنگەییان گەیشتن بەسەربەخۆیی بوو یان بەلای کەمی ئۆتۆنۆمیێکی تەواوعەیار و هەمیشەش دەیانویست ئەوە رەتبکەنەوە کە پێشنۆرەییەکانیان بکەنە قوربانی پلەبەندی پەیوەندی روانگەی هێزە دەرەکییەکان بۆ هاوسەنگی جیۆسیاسییانە. ئێمە فێربووین کە ئەوە خۆشە لەبارەی پاڵەوانەکان بخوێنینەوە نەوەک هاموشۆیان لەگەڵدا بکەین؛ ئەو چۆنایەتیە نایابەی دنەی ئازایەتیان دەدا، هەروەها تێکەڵەیەکی سەرڕەقیانەشیان بوو.

تەنانەت هێشتاش کەڵکوەرگرتن لەئەزمونەکانی پێشومان ئێمەی هەر بۆ لێبژاردنی هۆبسن (Hobson’s choice وەرگرتنی ئەو شتەی کەپێشکەشتدەکرێ یان دەستهەڵگرتن لەهەموشتێک، ئەمەش ئیدیۆمێکە بەناوی تۆماس هۆبسنەوە هاتوە کە ئەسپی بەکرێ دەدان، وای لە مەعمیلەکان دەکرد  ئەو ئەسپەی نزیک دەرگا هەڵبژێرن دەنا  نەدەبووا هیچ هەڵبژێرن-بڕوانە  فەرهەنگی ئۆکسفۆرد-وەرگێڕ) هێشتەوە، کە شتێکی وای لەو چارەگە سەدەیەی رابردوو نەگۆڕێ، لەوەتەی: شکستی لەو کردەیە هێنا کە هاوپەیمانێتی دژە عێراق لەیەکنەترازێ، کوردەکانی بۆ بەزەیی سەددام حوسێن جێهێشت و سەریشی لە کەنداو شێواند؛ لەوکاتەی پابەندبوونەکانمان ئێمەی هەراسانکرد و بەهەمان دوڕیانی ئازاربەخشی رێگایدا بڕۆین، بەوەی ئەگەر سۆڤیەتییەکان چەکو تفاقی جەوهەرییان لەسەروی ئەو ئاستەی هەبوو بناردبا. هەڵبژاندن لەنێوان مەترسیەکی دڵنیا و مەزندەکراودا، سەرچڵی دورەدەست زیاتر سەرنجڕاکێشەرانەیە. لەڕاستیدا ئەوەش کاریگەر بوو بۆ بڕیارەکەمان لە ١٩٧٢دا. لە یەکی ئابی ١٩٧٢دا نیکسن فەرمانی رێنماییەکانی بەرنامەی داپۆشراوی واژۆکرد. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڕی 250.000 دۆلاری مانگانەی وەک کۆمەکێکی راستەوخۆی ساڵی دارایی ١٩٧٣دا تەرخان کرد، سەرباری  دوو ملیۆن  دۆلاری دیکەش بۆ تەقەمەنی، یان پێنج ملیۆن دۆلار ساڵانە. پشکدارییەکەی شا لەو بڕە زۆر زیاتر بوو. سەرجەم بەیەکەوە لەگەڵ ئیسڕائیل، بەریتانیا و ئێرانییەکان کۆمەک بۆکوردان گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار  مانگانە. بەگوێرەی پێوەرەکانی شەڕی سارددا، ئەوەش هەوڵێکی زۆر نەبوو.

کاتێ ئێمە لە حیکمەتی پشکداری ئامریکاییەکان ورد دەبووینەوە، سەرباز و راوێژکارە سۆڤیەتییەکان لە تەموزی ١٩٧٢دا لە میسر دەردەکران. ئەمەش بایەخی عێراقی بۆ ستراتیژی سۆڤیەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا زیادکرد و تەکانێکی نوێی دایە مۆسکۆ بۆ بەهێزکردنی رایەڵەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ رژێمی بەغدادا. لە کۆتایی ئابدا، میکائیل سوسلۆڤ Mikhail Suslov ئەندامی مەکتەب سیاسی، دنەی بارزانیدا کە بچێتە نێو  حکومەتە نوێیەکەی سەددام حوسێن. بەگوێرەی بارزانیش، سوسلۆڤ ئاگاداریکردبووەوە کەدوای دەرکردنیان لە میسر، یەکێتی سۆڤیەت پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێڕاق بە گرنگ دەزانێ و دەیەوێ پاڵپشتی زیاتری حکومەتی بەغدا بکا. گرەوەکان بەرچاوانە بەرزبوونەوە.

سەبارەت بە لایەنەکەی ئێمە، شا و شا حوسێن  لە کۆشکی شا لەسەر دەریای قەزوین لە ٣١ی تەموز تا ٢ی ئابی ١٩٧٢دا کۆبوونەوە. ئەوان پێشوازیان لە کۆمەکی ئامریکا کرد و هەوڵیاندا رێسایەک بۆ هەوڵی هاوبەش دابنێن. بارزانیشیان ئاگادارکردەوە کە خۆی لەهەر جموجۆڵێکی دراماتیکیانە بەدوربگرێ نەبادا ببێتە رێخۆشکردنی هێڕشێکی سەرتاسەری عێراق، وەک ئەوەی جاڕی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی کوردی بدا. ئەو رژدبوونەیان بۆ بەهێزکردنی توانستی بەرگریکارانەی کوردی بوو بۆ پاراستنی پێوانەیەکی زۆری ئۆتۆنۆمی.

لەمیانەی ساڵی ١٩٧٣دا شەڕەکان تەشەنەیان کرد،هەروەها داخوازی دارایی کوردەکانیش. لە ٢٩ی ئازاری ١٩٧٣دا، من پشتگیری داوایەکی سی ئای ئەیم کرد  کەلەلایەن جیم سیسینجەر Jim Schesingerەوە کە بەڕیوبەری سیا بوو داوای زیادکردنی دەرامەتەکانی کرد، لەپاشاندا نیکسنیش پەسەندیکرد. یاداشتەکەم ئەوەی تاوتوێکردبوو کە عێراق بنەماییانە بۆتە مەعمیلێکی سۆڤیەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا، حکومەتی بەعس لەژێر رکێفی سەددام حوسێنیشدا بەردەوامە لەسەر پارەدان بە رێکخراوە تیرۆرستەکانی ناوچە دورەکانی وەک پاکستان؛ ئەوەش هێزێکە بۆ “بەرەی رەتکردنەوە” بۆئەوەی دەستپێشخەریەکانی ئاشتی عەڕەب-ئیسڕائیل پەکبخەن. لەبەر ئەو هەموو هۆیانە، راسپاردەم وابوو کە بڕی کۆمەکمان بۆ پتر لە پێنج ملیۆن دۆلار ساڵانە زیادبکرێ. شاش پابەندبوونە دارایەکەی بە بڕێکی زیاتر خستەسەر کە نزیک بوو لە 30 ملیۆن دۆلار، سەرباری ئەوەش یارمەتی لۆجستیکی و  تۆپخانەی کە لە تۆپی مەودادرێژ پێکهاتبوو کە لە ئێرانەوە پشتگیری کوردەکانی پێدەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا نیکسنم لەوە ئاگادارکردەوە نەبادا  کوردەکان سەرچڵیەکی  لەودیوی رەوشی بەرگری خۆیانەوە بکەن:

ئێمە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین کە دوربکەوینەوە لە پێدانی پابەندبوونێکی درێژخایەن، بەوەی بە بارزانی بڵێین کە ئیمە ئەو کۆمەکە زێدەییانەمان بۆ ئەم ساڵەیە و لەسەر بنەمای مانگانەشە، بەڵام هەرچۆنێک بێ دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئێمە  هاوبۆچوونی شاین سەبارەت بە  مانەوەی ئەو رەوشە بەرگرییەی ئێستای کوردەکان.”

لە ساڵی یەکەمدا پێدەچوو هەوڵوتەقەللای ئۆپەراسیۆنی داپۆشراو ئامانجەکانی بێنێتەدی. لە ٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٢دا راپۆرتێکی بەڕێوبەری سیا ریچارد هێلمسRichard Helmsم کە دوایی بووە باڵوێزمان لە ئێران، گەیاندە نیکسن؛ تیایدا پێماندەڵێ کە  کوردەکان رێگایان لە  دوو سێیەکی سوپای بەعس بڕیوە:

” شتەکان لەگەڵ رژێمی بەعس باش ناڕوا… مانەوەی بارزانیش لە پاراستنی  سەنگەرەکانی بەردەوامە و بۆئەوەی بازنەی ئابڵوقەی لەسەر دووسێیەکی سوپای عێڕاق قایمتربکا و بەعسیش لەبنکەکانی بێبەش بکا کە لێیەوە تەکانی تێکدان و تیپی لەناوبردنی دژی ئێرانیەکان بەکاردەهێنا.”

کاتێکیش لە ١٩٧٣دا جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناویندا بەرپابوو، کۆمەڵێک سەرئێشەی نوێی بۆ پەیداکردین. ئەوەش مشوری ئەوەی پێخواردین ئاخۆ پێویستە ئێمە ئەو بۆنەیە بقۆزینەوە و هانی کوردەکان بدەین بۆ پەلاماردان لەنێو عێراقدا بۆ ئەوەی سەددام حوسێن بڕوخێنن. ئێمە سەبارەت بەهەوڵێکی وا پشتمان لە پێشنیازی ئەفسەرە پەیوەندیکارەکانی ئیسڕائیل کرد-ئەوەش بڕیارێک بوو کە لەساڵەکانی دواییدا ناکۆکیهەڵگربوو.

هەڵسەنگاندنەکە نمونەیەکی کلاسیکییانەی گەڕانەوە بۆ پاڵەوانێتی بوو. کاتێک جەنگی عەڕەب-ئیسڕائیل هەڵگیرسا، بەرنامەی شاراوە کەمێک لەساڵی پێشخۆی زیاتر بوو. کوردەکان چەند کەمە چەکە قوڕسێکیان هەبوو؛ ئەو تۆپخانەیەی کە تاقمی ئێرانی لەسەری بوون هەرگیز سەرچڵیەکی وایان نەنواند کە لەسنورەکانی خۆیان دوربکەونەوە. کوردەکان توانایان هەبوو نیشتمانە شاخاوییەکەیان بپارێزن کە تانک و فڕۆکە عێڕاقیەکان بە زەحمەت دەیانتوانی جموجۆڵی تیادابکەن. بەڵام چەکە سوکەکانیان بەرگەی ئەوەی نەدەگرت لە دەشتاییەکانی پشت نیشتمانەکەیان روبەڕووی سوپای عێڕاقی پڕ چەک و کەرەسەی سەربازی ببنەوە کە چەکی قوڕس و بەسەدان تانکی سۆڤێتییان هەبوو. جێگەی گومان نەبوو کە هێڕشی کوردەکان دوور لە سەنگەرەکانیان دەبێتە مایەی تێکشکاندنێکی سەرتاپایان.

ئەمەش رەوشەکە بوو بەتایبەتی، چونکە  بەپێچەوانەی گەڕانەوە بۆ بیروباوەڕی میللی، عێراقییەکان هێزێکی سەرەکیان بۆ پاڵپشتی عەڕەب نەناردە جەنگەکەی رۆژهەڵاتی ناوین. هەروەک هێلمس لەو ساڵەدا پێیڕاگەیاندین، کوردەکان بەردەوامبوون لە بازنەی گەمارۆتەنگکردن لەسەر دووسێیەکی سوپای عێڕاق. مایەی سەرسوڕمان نەبوو، لەوبارە گرژەی نێوان دەوڵەتی عێڕاق لەگەڵ سوریادا –تاکە بەرەی عێڕاقی لەبەر باری جوگرافیایی دەکرا کاریگەر بێ- تەنها یەک لیوای عێراقی نێردرایە شەڕی ئیسڕائیل. جەنگین وشەیەکی  ناسکە، بۆ لیوا سەربازییەکی عێڕاقی پێویست نەبوو ریکۆردی خێرایی بشکێنێ تا بگاتە بەرەی جەنگ. دە رۆژی پێچوو تا لیواکە بەشێوەیەکی گشتی بگاتە شوێنێکی نزیکی بازنەی شەڕەکە و تەنانەت لەوکاتەش کەدەگەیشت دەبووایە هێڵەکانی بەرەی پێشەوە بگەڕابایەوە دواوە. تاکە روداویش کەلێیان قەومابێ و زیانی لێکەوتبێتەوە ئەو بەهەڵە تەقەلەیەککردن بوو لەگەڵ لیوایەکی عەڕەبستانی سعودی کە ئەوانیش دە رۆژ بوو بەبێ هیچ تەقە و مەترسی و دژواریەک لەرێگادا بوون. جەنگاوەرە نابەدڵەکان لەدوا رۆژەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوین یەخەی یەکدییان گرت. بێئاگایی لە هەبوونی ئەوی دیکە، هەردوو یەکە سەربازیە عەڕەبیەکە وایاندەزانی لەپڕدا گەیشتونەتە سەر هێزەکانی ئیسڕائیلی و  تەقەیان دامەزراند.

بیرۆکەی هەڵمەتی هێڕشێکی پارتیزانی بەدرەنگێکی کاتی جەنگەکە هات کە شەڕی نێوان  میسرییەکان و ئیسڕائیل لەبەرەکانی پیشەوەدا گەرم ببوو. لە ١٥ی ئۆکتۆبەردا و لە رۆژی نۆهەمی جەنگەکەدا، لەو رۆژەی کە ئیسڕائیل لێبڕاوانە تەکانێکی میسرییەکانی بۆ سینا بەرپەچدایەوە، ئێمە پەیامێکی بەپەلەی بارزانیمان پێگەیشت داوای راوبۆچوونمان لێدەکا ئاخۆ بەگوێی ئەفسەرە پەیوەندکارەکانی ئیسڕائیلی بکەن، بۆئەوەی هێڕشبکەنە سەر مەیدانە دەشتاییەکانی عێڕاق. ئەوەش جۆرە پێشنیازێکی بەپەرۆشی ئەفسەرە پەیوەندکارە ئیسڕائیلیەکان بوو تا بڕوایەک بۆنیشتمانەکەیان بگەڕێننەوە. ئێمە هەرگیز ئەو جۆرە داوایەمان لە تەلئەبیبەوە پێنەگەیشت.

پەیامەکە ئاساییانە بە کەنالەکانی سیادا هات، ویلیەم کۆلبی William Colby بەڕێوبەرە نوێکەی سیا هیچ کاتێکی لەدەستنەدا بەوەی دژی بەرفراوانکردنی شەڕەکە بێ. کاتێکیش راوێژمان بە شا کرد، کە ئەو  زۆرینەی کەرەستەکان و راوێژکارەکانی بۆ کوردەکان دابیندەکرد، ئەویش پشتگیری بۆچوونی کۆلبی کرد. ئەو گوتی کوردەکان  چەکی ئۆپەراسیۆنێکی پەلاماردانەیان نیە، بەتایبەتیش لە پێدەشتەکاندا. پێشنیازەکەی ئیسڕائیلییەکان بەتەواوی “کارتی کوردی”  دەخاتە بەردەم مەترسی دۆڕاندن.

منیش قایلبووم. سەرباری ئەوەش وام مەزندەکرد کە مایەی ژیری نیە کەوا کوردەکان لەسەر تاکتیکێکی ئیسڕائیلی نمایشبکەن و ئیدی ناوچە کوردییە گەمارۆدراوەکەیان  بخەنە بەر  رقوتوڕەیی دەوڵەتە عەڕەبییەکان. بە پەسەندنامەی نیکسنەوە، پەیامێکم لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەو شێوەیەی خوارەوە بۆ بارزانی نارد:

” ئێمە دوبارەی ناکەینەوە، واینابینین کە کردەی پەلاماردانێکی سەربازییانە وەک ئیسڕائیلییەکان پێشنیازیان بۆکردوی، بۆ تۆ باش بێ.’

هەر بڕیارێکی دیکە، تێکشکانی کوردەکان بەبێ هیچ یارمەتییێکی ئیسڕائیل دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. بارزانی لە هەمان ئەو رۆژەی کە  ژەنەڕال ئاریێل شارۆن Ariel Sharon بە هێزە زرێپۆشەکەی لە کەنالی سوێس پەڕیەوە، پەیامەکەی ناردبوو. شەش رۆژ دواتر ئاگربەستی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوین هاتەئارا.

کۆتاییەکەی ئۆتۆنۆمی کوردان

ئەنوەر سادات لەدوای جەنگی رۆژهەڵاتی ناویندا بەهێواشی و زۆر راشکاوانەتر بەرەو وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا هات، بەهەمان پێوانەش بایەخپێدانی یەکێتی سۆڤیەت بەعێراق تادەهات زێدەتردەبوو. بۆیەکەم جاربوو کە مۆسکۆ تۆپخانەی قوڕس بداتە سەددام حوسێن، بەمە ستراتیژی عێڕاقیەکانی لەدژی کوردان بەبارێکی رادیکالیانە وەرچەرخاند. تا ساڵی ١٩٧٣ پەلاماردانەکانی سوپای عێراق بەهاوینان بۆ چیاکان دەستپێدەکرد و بەزستانانیش بۆ پێدەشتەکان دەکشانەوە. لە زستانی ١٩٧٣-٧٤دا بۆ یەکەمینجار بوو کە سوپای عێڕاق لەو شوێنەی خۆی مایەوە کە بەهاوین پەلاماریدا بوو، قایمی کردبوو. ئەوەش ئەوەی دەگەیاند کە هاوینی دوای ئەوە ئۆپەراسیۆنەکە بەرەو قوڵایی زیاتری ناوچە کوردییەکان دەڕوا؛ ئەوە رونبوو کە عێڕاق بەدوای ئەوەدا دەگەڕا  سەنگەری کوردەکان بە سیاسەتی داهێزراندن بەسەریەکدا بڕوخێنێ. ئەو ستراتیژیەش زیاتر دەبووە مایەی نیگەرانی، چونکە تۆپە قوڕسە سۆڤیەتییەکان توانای ئەوەیان دایەبەر سوپای عێڕاق کە گەمارۆی خاڵە بەهێز و قایمەکانی کوردان بدا.

لە ١١ی ئازاری ١٩٧٤دا، رێک چوارساڵ دوای جاڕنامە بنەڕەتیەکەی ئۆتۆنۆمی، عراقییەکان نەخشەیەکی نوێیان بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردەکان راگەیاند. لەوکاتەی  کە بەسەرزارەکی بەردەوام باسی ئۆتۆنۆمی دەکرا، لەڕاستیدا پێشنیازی توندکردنی  کۆنتڕۆڵی سیاسییانەی عێراقی دەدرا. لەوەتەی رەتکردنەوەکەی بارزانی بڕابووەوە، پێشنیازەکەی بەغدا ماوەیەکی ئاگادارینامەی بۆداندرابوو. هەرکە چالاکی سەربازییانە دەستیپێکردبایەوە، هەموو مشتومڕەکانی پێشوش سەبارەت بە سیاسەتی کوردان لە واشنتن سەریانهەڵدایەوە.

  • شا ئاگاداری ئەوەیدا ئەگەر کوردەکان بشکێن ئەوا یەکێ لەتایە هاوسەنگەکانی ناوخۆی عێڕاق لەبەین دەچێ و رادیکالیزم و دەستڕۆیشتنی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا  زیاددەبێ، ئەوەش هەڕەشەی سەر کەنداو و ئێران قەبەتردەکا.
  • ئیسرائیلیش هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ زیاتر کۆمەکردنی کوردەکان هەبوو؛ گۆلدا مایر بەتایبەتی ئەو پرسەی لەگەڵ مندا هێنایەپێش، ئەوەش لەچەند بۆنەیەکی ماوەی ئەو هاتنوچوونە زۆرانەم لەکاتی رێکەوتنی لەیەکجیاکردنەوەی هێزەکان لەبەرزاییەکانی جۆلان لە مایسی ١٩٧٤دا.
  • بارزانیش تەنها پۆشینی دەستکێشی شەر ئامادەبوو. ئەوە وایلێکدەدایەوە کە پچڕانی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدادا دەرفەتێکە بۆ شلکردنەوەی کۆتوپێوەندەکانی هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەک بچەسپێنی کەهەر بە ئۆتۆنۆمی وێنا بکرێ بەڵام لەجەوهەردا جیاوازییەکی وای لەگەڵ دەوڵەتێکی سەربەخۆدا نەبێ. بارزانی لە ١٦ی مایسی ١٩٧٤دا، دوو ئەگەری بۆ پێشنیازە ستراتیژیەکەی خۆی خستەبەردەممان: 180ملیۆن دۆلار بۆ ئۆتۆنۆمییەکی تەواوعەیار؛ 360 ملیۆن دۆلاریش بۆ دامەزراندنی ئەوەی ئەو ناوی لێنابوو پاشخانێکی “گونجاو” بۆ سەربەخۆیی.

بارزانی بیرکردنەوەیەکی تاکڕەهەندیانە دنەیدەدا، بەبێ ئەوەی هیچ کەمە خەباتێکی سەربەخۆخوازانەش گیرابێتەبەر. لەبەراییدا و هەمیشە رەفتاری دژی هێزی دەسەڵاتدار گرتۆتەبەر، ململانێیەکەش بەهۆی باوەڕێکی نائاساییانە و جۆرێک لەفەرامۆشکردنی لێکدانەوە ئاساییەکەی هاوسەنگی هێزەکان هاندراوە. هەرچەندە زۆر جاران خواستی بەرز  توانیویەتی جێگەی دەرامەتە ماددیەکان بگرێتەوە، بەڵام شتێکی سنوردار هەیە کە هیچ دڵسۆزیەکیش جێگەی ناگرێتەوە. شێوە بۆچوونی بارزانی بۆ ئۆتۆنۆمی کوردان هەرگیز لەلایەن شاوە(یان تورکیا بۆ ئەو مەبەستە) پشتگیری لێنەدەکرا. وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکاش لەدۆخێکی وادا نەبوو کە خۆی فەندی ئەو داخوازیە بکا. تەنانەت بڕە هەرە کەمی داخوازینامەی بارزانیش لەسەرجەم ئەو بودجەیەی ئۆپەراسیۆنی شاراوە تێیدەپەڕاند کە وڵاتە یەکگرتوەکان لەئەستۆی خۆی گرتبوو. بەڵام  کۆنگرێس لە ١٩٧٤دا سیستماتیکیانە لە ئەوپەڕی تۆپکەی گۆبەندەکەی واتەرگێتدا دادەدادی بوو لەدەست ئامادەکارییەکانی هیندۆچینیدا، بۆیە بەدڵنییایەوە داخوازی فەندکردنی جەنگێکی پارتیزانیانەی بەربڵاو لە چیاکانی عێڕاقی نزیک یەکێتی سۆڤیەت، رەتدەکردەوە. سەرکێشیش بوو شا کە سنورێکی  زۆری لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا هەبوو بۆ کارێکی وا دەستوەردان لە کاروباری سەرخاکی هاوپەیمانێکی نزیکی سۆڤیەت هانبدرێ.

داخوازینامەی بارزانی لێشاوی پەیوەندیەکانی کۆلبی Colby وروژاند کەدژی هەر زیادکردنێکی کۆمەکی ئامریکاییەکان بوو. نابەدڵی کۆلبی هەروەک پەرۆشی بارزانی ناواقیعیانە بوو. هەمو چاودێرەکان ئەوەیان پەسەند بوو کە لەچاوی ستراتیژی عێڕاقێکی نوێدا، ئەو بەرنامەی هەبوو (مەبەسەت بەرنامە کۆمەکی شاراوە یە- وەرگێڕ)  تەنانەت  لەگەڵ بەرگری هاوسەنگ نیە. ئەوەی کە لە دەسەڵاتی مندا هەبوو وەک راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، گوشاری من بەو ئاراستەیە بوو کە کۆمەکی کوردەکان زیادبکری و داوام لە دیک هێلمس Dick Hels و برێنت سکاوکرۆفت Brent Scowroft کرد کە پێشنیازێکی وا پێشکەشبکەن.

لە ئەپریلی ١٩٧٤دا هێلمس و سکاوکرۆفت دەرەنجامەکانی خۆیان پێشکەشکرد. بڕی دەرامەتەکان نزیکەی دووقاتی ئەوەی هەبوو زیادکرا؛ پشکداری ئامریکایی شاراوە لە 5 پێنج ملیۆنەوە بۆ 8 هەشت ملیۆن زیادکرا. بە ئاشکراش یەک ملیۆن دۆلار  بۆ سوککردنی باری پەنابەران تەرخانکرا. شاش قایل بوو کە پشکی خۆی لەبەرنامەکەدا  لە 30  ملیۆن دۆلارەوە بۆ 75 ملیۆن دۆلار ساڵانە بەرزبکاتەوە؛ کۆمەکی بەریتانیا و ئیسڕائیلیش لەسەر ئاستی باوی خۆی مایەوە.

بۆ یارمەتیدانی داڕشتنی ستراتیژیێکی هاوبەش، خۆئەگەر ئامانجی هاوبەشیش نەبێ، من رێنماییم دایە هێلمس کە بەهەردووکیان شا و بارزانی رابگەیەنێ کەوا:

“وەک ئێمە دەبینین کە بەرژەوەندی وڵاتە یەکگرتووەکان لەوەدایە (ئا) کوردەکان توانای ئەوەیان پێبدرێ پارێزگاری لەبنکە مەعقولەکانی دانوستاندن بۆ دداننان بە مافەکانیان لەلایەن حکومەتی بەغداوە بکەن؛ (ب) لەپەلوپۆخستنی حکومەتە هەنوکەییەکەی عێڕاق، بەڵام (ج) نەوەک دابەشکردنێکی هەمیشەیی عێڕاق چونکە لەروی ئابورییەوە ناوچەیەکی سەربەخۆی کوردان ناژیێ و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئێرانیش هیچ بەرژەوەندییەکیان لەداخستنی دەرگاکان بەڕوی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ عێراقێک کەلەبن سەرکردایەتییەکی نەرمڕەودابێ، نیە.”

رێنمایی هاوشێوەش بۆ کۆلبی چوون.

وادانراکە هەموان بە ئاکامەکان قایلبن، هێشتا لە میانەی ١٩٧٤دا لێکدانەوەکانی گەمەکارە هەمەجۆرەکان لەیەک جیابوو. سیا راسپێردرا کە لایەنی ئامریکایی جێبەجێبکا و بەرنامەیەکی نوێش پەیڕەوبکا؛ شا مەبەستی بەرگریەکی گیرخواردووبوو؛ بازرانیش هەوڵی سەرکەوتنی دەدا بەو دەرامەتانەی کەبەئاستەم دەرەقەتی بەرگریکردنی لە سەنگەرەکانی پێدەهات.

کێشە لەگەڵ ستراتیژیەکەی کۆلبی ئەوەبوو کە زیاتر بەرەو خۆدورخستنەوە لە هەراسانییەکان بەهۆی کۆمسیۆنەکانی کۆنگرێسەوە دەڕۆیشت لەوەی کە رەوشەکە لەسەر زەمیندا هەبوو؛  کێشەش لەگەڵ ستراتیژیەکەی بارزانی ئەوەبوو کە دەستکەوتەکە تەنها بە جەنگێکی نیزامی نەوەک بە پارتیزانی بەدەستدەهات، کێشەش لەگەڵ ستراتیژی کۆشکی سپی و ئێرانییەکان ئەوەبوو کە ئۆتۆنۆمی کوردەکان داخوازی قەیرانێکی هەمیشەیی دەکا و قەیرانەکەش دژی نەیارێکی لێبڕاو سەخت بوو، بەو شێوازە ددانپێدانەنراوەی ئۆپەراسیۆنەکانی شاراوە پشتگیری بکرێ.

بەگوێرەی رەفتاری کوردەکان زەحمەت بوو پێداویستیە کردەییەکانیان دابینبکرێ. هەندێک جار بێ هیوا بوون، جارەکانی دیکەش شادمان. بۆنمونە لە ٢٧ی تەموزی ١٩٧٤دا شا  داوانامەیەکی بەپەلەی بارزانی گەیاند کە هاوپێچبوو بە ئاگادارییەکی خۆی سەبارەت بە ئاکامە پڕمەترسییەکانی –بۆ سەر ئێڕان و تەواوی کەنداو- بەوەی دەبێ بەرەنگاری کوردەکان  هەرەس بێنێ.

جارێ هەر چەند هەفتەیەکی کەم دوای ئەوە، لە سەرەتای  ئەیلولدا بارزانی پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێکی هێڕشبەرانەی بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک کرد. ئێمە لە ١٨ی ئەیلولدا ئەو پێشنیازەمان رەتکردەوە، چونکە نەماندەویست قەیرانە مەترسیدارەکەی نەوت قوڵتربکەینەوە بە دنەدانی زنجیرەیەک توندوتیژی دژی دامودەزگا نەوتیەکانی رۆژهەڵاتی ناوین. بەڵام تەکانە ناوبەناوەکانی بارزانی بۆ هێڕشکردن بەڵگەوبەندی (ئەرگومێنتی) دژبەرەکانی بۆ داواکردنی کۆمەکی زیاتر بەهێزترکرد، بەوەی بۆیان هەبوو بڵێن کەوا کوردەکان دەبێ سەرچاوەی دەرامەتی پێشچاویان لەبەردەستدا بێ، دەنا نەیاندەتوانی بەرگری پێ لە سەنگەرەکانیان بکەن؛ ئەگەر ئەوان داوای چەکی زیاتر بکەن بەڵکو بتوانن هێڕشێکی سەرەکی ئەنجام بدەن.

بەشێوەیەکی پوخت و روت، هاوینی ١٩٧٤ کاتێکی نمونەیی بوو بۆ پێداچوونەوەی رەوشەکە. هەرچەندە لەوێدا دوو ئاستەنگیش هەبوون. تەنها بێگانەکان لە دۆخێکی وادابوون بەبێ کۆتوبەندی کات کاردانەوەیان لەبەرامبەر روداوەکاندا هەبێ. هاوینی  ١٩٧٤ زگپڕبوو بە تەنگژەکان، زۆریان سەرنجی ئێمەیان بەلای خۆیاندا برد: لە مایسدا گەشتە مەکوکییەکان بۆ سوریا (مەبەست هەوڵی ناوبژی کردنی ئاگربەست و لەیەکجیاکردنەوەی هێزەکان بەهۆی شەڕی عەڕەب-ئیسڕائیل-وەرگێڕ)؛ لە حوزەیران گەشتی سەرۆکایەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوین و یەکێتی سۆڤیەت؛ لە تەموزدا قەیرانی قوبرس؛ لە ئابیشدا هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی نیکسن؛ پاشانیش قۆناخی گواستنەوە، قبرس، هێوربوونەوە، روخانی پڕۆژە قانونی بازرگانی، بەرەوپێشچوونی چەقبەستنی دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناویندا و لەدواییشدا بە تۆپکە گەیشتنی تراژیدیای هیندۆچینی. لەوێدا کاتێکی زۆر لەبەردەستدا نەبوو بۆ پێداچوونەوەیەکی سیستماتیکییانە بە مژاری ناوچە دورەدەستە کوردییەکان.

خۆ گەر تەنانەت سیاسەتدارێژەران روبەروی هیچ داڕسانێکیش نەبووبانەوە، ئەوا گومانم هەبوو لەوەی گەر هاتبا و شتێکی دیکەی باشتریان لەبەردەوامبوون لەسەر بەرنامەکە، بدۆزیبایەوە. ئەگەر هاتبا و ئێمە لە ١٩٧٢دا هەرگیز دەستمان بە بەرنامە شاراوەکە نەکردبا، ئەوا هەر بەزوویی کوردەکان تێکدەشکان. خۆتێهەڵقورتاندنی دوو دەیەمان ئەو دەرفەتەی دابوینێ کە ئاشنابین بە شێوازی سەددام حوسێن، کە هیچ گومان لەوەدا نەبوو کەوا کوردەکان چارەنوسێکی ئاسانیان نەدەبوو ئەگەر خۆیان بەدەستەوە دابا. لە هاوینی ١٩٧٤دا ئەو هەڵبژاردنەی ئێمە هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆوە نەبینی. تۆبڵێی راوێژەکەی سی ئای ئەیمان پەژراندبا و هیچ دەرامەتێکی زیادەمان پێنەدابان، خۆئەوکات بە دڵنیاییەوە کوردەکان دەروخان. ئێمە ئەو بژاردەیەمان لەبەردەستدا نەبوو بەئاشکرا  پشتگیری لە جەنگێک بکەین کە لەروی لۆگستییەوە سەخت، دورەدەست و مایەی لێتێگەیشتنیش نەبوو بۆ جەماوەری ئامریکا. بەڵام کردنەوەی دەرگای بەرەیەکی دیکەی لەگەڵ ڤێتنامێكی شڵۆق، رۆژهەڵاتی ناوینێکی ناجێگیر و هێوربوونەوەیەکی بەردەم هەڕەشە، ئەوا بێباکانە قومارکردنبوو بە چارەنوسی هاوپەیمانێکی دیکە و بەدڵنیاییشەوە لەلایەن کۆنگرێسەوە رەتدەکرایەوە.

کاتێکیش لە ٢٦ی ئابی ١٩٧٤دا پوختەیەکم بۆ سەرۆکی نوێ سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی کوردەکان باسکرد، پێمڕاگەیاند کە شا وایدانەوە هێزی نیزامی بنێرێ (ئەو هەمیشە یارمەتیدەری لەوێ هەبوون، جلی کوردانیان لەبەرکردبوو). بەڵام من ئاگادارمکردەوە کە هەرچەندە ئەو هەوڵە کردنەوەی دەرگای کردەوەیەکە زۆر مەترسیدار. مەگەر من  بەپێچەوانەوە لەلایەن فۆرد رێنمایی نەکرابام، مەیلی من ئەوبوو کە بابەتەکە بەلاوەبنرێ. سەرۆکیش بەدوایدا نەچوو.

لە کەوتنە نێوان ئەو تەوژمە یەکتربڕانەدا، من گەیشتمە دوو جێگرەوەی کاتی گونجاو. ئێمە بە ئاشکرا و بەردەوام فەندێکیمان بۆ سوککردنی باری پەنابەرە کوردەکان تەرخانکرد. لە ٢٦ی ئابیشدا، سەرەک فۆردیش ئەو خشتەیەی کە سیمچا دینتز Simcha Dinitzی باڵوێزی ئیسرائیل لەواشنتن و من لەماوەی چەندان هەفتە پەرەپێدابوو، پەسەندکرد. نەخشەکەش گواستنەوەی ئەو چەک و تفاقە جەنگیەی سۆڤێتی بوو کە ئیسڕائیل لە جەنگی ١٩٧٣دا کەوتبووە بندەستی، بۆ کوردەکان بنێردرێ. ئێمەش لەجیاتی چەکە سۆڤیتیەکە ئیسڕائیلمان بەچەکی ئامریکایی قەرەبودەکردەوە. (ئەوەش بووە مڵۆزمە بیرۆکراسییەکی زۆر لەنێوان ئاژانسەکاندا و چەندان مانگی پێدەچوو.) لە کۆتاییدا، بڕی 28 ملیۆن دۆلار کەرەسەی جەنگی گوازرایەوە تا چەکی سۆڤێتی لە ئیسڕائیل تەواو بوو کە بۆ جەنگی ناوچە کوردییەکان دەستیدەدا.

لە پایزی ١٩٧٤دا  هێڕشی عێڕاقیەکان بۆسەر کوردەکان گەیشتە لوتکە، ئێمە تادەهات زیاتر داوای بەپەلەی کوردەکانمان بۆ کۆمەکی زیاتر پێدەگەیشت، زۆرجارانیش لەلایەن شاوە پشتڕاستدەکرایەوە. هەمو ئەو داوایانەش لە لەلایەن سیاوە بەرپەچ دەدرانەوە. بۆنمونە لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٤دا، کۆلبی راپۆتێکی دا کەوا رێگا کاریگەرەکەی کۆمەکناردن بۆ بارزانی و بارەگای سەرەکی خۆی کەوتۆتە بەرهەڕەشە. لەگەڵ ئەوەشدا راسپاردەکەی “دژی زیادکردنی ئاستی کۆمەکەکان بوو” چونکە نهێنی کردەوەکەی دەخستە مەترسیەوە، وەک ئەوەی نهێنیبوونەکە زۆر لە دۆخە دژوارەکەی کوردان گرنگتربێ. “پشتگیرییەکەی ئێمە بۆ بارزانی لە ساڵە داراییەکانی ١٩٧٣، ١٩٧٤ و ١٩٧٥دا سەرجەمەکەی نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار و 1,250 تۆن کەرەسەی جەنگیشی لەخۆگرتبوو… ئێرانییەکانیش لەتوانایاندا هەبوو هەمو کۆمەکێکی پێویست بگەیەننە کوردەکان، راسپاردەی ئاژانسەکە (مەبەست ئاژانسی سیایە-وەرگێڕ)ئەوەیە کۆمەکی زیاتری کوردەکان بۆ ئیڕانییەکان بەجێبهێڵدرێ.” بەڵام ئەگەر شا  لەودیو 75ملیۆن دۆلار کۆمەکی کوردەکان بکا، خۆئەو پێشتریش کردویەتی، ئەوا گیرۆدەی هەمان کێشەی ئیسڕائیل دەبێ. مەگەر ئێمە چەکی جێگرەوەیان بدەینێ، ئەوەش هێزە چەکدارەکانی خۆی لاواز دەکا. بەڵام ئەگەر ئێمە وابکەین، ئەوا ئێمە خۆمان لە شەڕێکی بێهودەی کۆنگرێسدا دەبینینەوە.

هەرەسهێنانی بەرەنگاری کوردەکان

ئەوەبوو لەوخاڵەدا، کە رەوشەکە لەگەڵ عێڕاق بەرەوپێشەوە دەچوو بەڵام بەهێواشی،  بەوەی کە شا بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەستی لە پرسەکە شوشت. ئەو گەواهی بەسەر ئەوەبوو کە دوو ساڵ بەسەریەکەوە دەسەڵاتی جێبەجێکار لە وڵاتە یەکگرتووەکان خۆیان لە پرسەکە دەکێشایەوە. ئەو هەرگیز لاری لە بڕیارە هەمەجۆرەکانی ئێمە سەبارەت بە کۆمەکی کوردەکان نەبوو، لەوانەیە لەبەرئەوەبووبێ کە لەوە ترسابێ ئەگەر هەر گومانێکی دەربارەی خۆگریی ئێمە دەرببڕیبایە ئەوا پەیوەندییەکانی کەلەسەر بنەمای پاراستنی ئارامی وڵاتەکەی بوو، تێکدابا. بەڵام بەدەقاودەقی لەوساتەوەختەدا و فەندبڕین  لە هیندۆچیندا  بەئەستەم  شای هاندەدا کە سەرەڕۆییەک بەوڵاتەکەی بکا، بۆ کردنەوەی بەرەی جەنگ لەگەڵ عێڕاقدا، ئەوەش تاکە ئەگەری بوو مابووەوە یان سنورە بەردرێژەکەی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا بەبێ مسۆگەریەکی پتەو لەلایەن وڵاتە یەکگرتوەکان لەبەرچاونەگرێ کە ئێمە  لەو دۆخەدا نەبووین ئەوەی پێببەخشین.

لەبەرئەوە شا بڕیاریدا جلی خۆکێشانەوە لەبن پاڵتۆی دەوڵەتمەداریدا لەبەربکا. لەو کۆبوونەوەی لەگەڵ مندا کەلە ١٨ی فێبرایری ١٩٧٥ لە زیوریخ کردی، ئەوەش لەکۆتایی “گەڕانە پشکنینەکان’ بۆ رۆژهەڵاتی ناویندا بوو، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشکات پێیڕاگەیاندم کەوا بەدوای دانوستاندن لەگەڵ سەدام حوسێندا گەڕاوە. منیش راپۆرتێکم بۆ فۆرد نارد:

“لەوەڵامی پێشنیازێکی گفتوگۆی عێڕاقیەکاندا، ئەو بەتەمایە لەگەڵ بەهێزترین پیاو، سەددام حوسێندا  کۆببێتەوە. شا گوتی کەوا ئۆتۆنۆمییەکی دەوڵەتی کوردی قبوڵ ناکا کەوا بکەوێتە بن ڕکێفی حکومەتێکی ناوەندی کۆمۆنیستی عێڕاقی. ئەو گومانی هەیە کەوا عێراقییەکان چەند روداوێکی لەسەر سنوری عێڕاق-ئێران هانبدەن  کە رەنگبێ سەربکێشی بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی کوردان  و بگەیەندرێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کە ئەو وایدەدانێ ئەمە دەبێتە مایەی هیچپێنەکران. بەکورتی، پێدەچێ مرخی لەوە خۆشکردبێ کە لەگەڵ عێراقییەکان لەیەکتێگەیشتنێک سەبارەت بەکوردەکان هەبێ، بەڵام مایەی لێتێگەیشتنە بەدگومانی ئەگەرێکی زۆری لەپێشە. لەونێوەشدا بەتەمایە لە کۆمەککردنی کوردەکان بەردەوام بێ.”

من ئاگادارییە دووبارەبووەکەی خۆیم بەبیر شا هێنایەوە بەوەی هەرەسهێنانی کوردەکان  تەواوی ناوچەکە دەشێوێنێ. من ئاگاهیم پێدا کەوا هەر دڵنیاکردنەوەیەکی سەددام سەبارەت بەبەڕێوەبردنی ناوچە کوردیەکان مایەپوچە. لەوەتەی کە سۆڤیەتیەکانیش دەیانەوێ ئەو خۆکێشانەوەی ئێرانییەکان بە نیشانەیەکی لاوازتربوونی رۆژئاوا بزانن، ئەوا سەرچڵییەکانیان لەوبەرەیە دەشێ زیادبکا.

رەخنەکانم سەلمێنەری ئاکادیمیانە بوون. لەوەتەی کە  نەتوانرا چیدیکە لەڕێی بەرنامەی شاراوە پشتگیری کوردەکان بکرێ، بەردەوامبوونی ململانێیەکە ئەوەی دەخواست ئێرانیەکان بە پشتیوانی ئامریکا راشکاوانە پشتگیری کوردەکان بکەن. مەزندەی پڕۆژەیەکی واش دوو هێز(فیرقە) سەربازی ئێرانی و بودجەی 300 ملیۆن دۆلاریش بودجەی ساڵانەی دەویست. ئێرانیەکانیش هەرئەوەندەیان پێویست بوو چاوێک بە  میدیاکان لەسەر هیندۆچین بخشێنن تا بۆیاندەربکەوێ کەوا بەهیچ شێوەیەک پشتگیرییەکی خۆجێی بۆ ئەو سیاسەتە لەگۆڕێدا نیە.

 لە ٢٢ی فیبرایردا، کەمێک دوای دیدارەکەم لەگەڵ شادا، بە دینتزم راگەیاند:

ئەو دەترسێ کە کوردەکان بەدەستیان بکەوێ. ئەو لەوانەیە ئەگەر لە کۆبوونەوەی ئۆپیک OPECدا بەیەک بگەن دانوستان لەگەڵ عێڕاقییەکاندا بکا بەوەی ڤیتۆیەکەی لەسەر هەڵبگرن لەبەرامبەردا دەست لە بارزانی هەڵبگرێ. منیش بە توندیەوە لەوبارەیەوە ئاگادارمکردۆتەوە.”

من لە ٩ی ئازاردا دوای راگەیاندنی رێکەوتننامەی نێوان شا و سەددام حسێندا، وردەکاریم بۆ رابین Rabin (مەبەست ئیسحاق رابینی سەروەزیری ئەوسای ئیسڕائیل بوو-وەرگێڕ) نارد:

لە زیوریخ ئەو بەشێوەیەکی گریماناوی لەو بارەیەوە پێیگوتم. ئەو گوتی، ” ئەگەر من لە جەزائیر {لە کۆبوونەوەی ئۆپیکدا} سەددام ببینم…..” ئەو بیرۆکەیەکی  هەبوو کە بە بەڵگەوبەند(ئەرگومێنت) دەریخست. من بەتوندی  پێمگوت کەوا بیرۆکەیەکی بەدە- بەتایبەتیش ئەو بیرۆکەیەی کە بڕوای بە  دڵنیاکرنەوەکانی {عێڕاقیەکان} کردبوو کەوا  هیچ کۆمۆنستێک لە {ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەی کورداندا} داناندرێ.”

شا ئەوەی باسنەکرد کەوا بەشتێک خەریکە یان کەوا ئەو قایلە کە ناوچە کوردیەکان بکەوێتە بن رکێفی رەهای عێڕاقییەکانەوە. وەک دەرەنجامێکیش، من هێشتا  هەر هانی بارزانیم دەدا. لە ٢٠ی فیبرایەردا وەڵامی نامەیەکی ئەوم دایەوە کە پێشنیازی دیدارێکی خۆی لەگەڵ مندا کردبوو:

“من زۆرخۆشحاڵ بوم بە پەیامەکەی ٢٢ی ینایریت. من دەمەوێ تۆ ئەوە بزانی کەوا ئێمە سەرسامین بەخۆت و گەلەکەت  و کۆششی مەردانەت. ئەو ئاستەنگانەی توشتهاتن زۆر قەبەبوون. پێزانینێکی زۆرم  بۆ خوێندنەوەی خەمڵاندنە سەربازییانەکەت و بارودۆخە سیاسییانەکەت هەیە.لەوە دڵنیابە کەوا پەیامەکەت  بەوپەڕی ئاستبەرزی سەرنجدانەوەلە لایەن حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکان تەماشادەکرێ، چونکە ئێمە بەبایەخەوە پێیەوە پەیوەستین.

ئەگەر تۆ بتەوێ  نوێنەرێکی متمانەدارتان بۆ  واشنتن بنێرن، بۆئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی رەوشەکە بدەنە حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێمە شەڕەفمەند دەبین و پێخۆشحاڵدەبین کە پێشوازی لێبکەین.”

تەنها دوو هەفتە دوای ئەوە، لە ٦ی ئازاردا، خەریکی گەشتە مەکوکیەکەی خۆم بووم بۆ رۆژهەڵاتی ناوین کە بەبنبەست گەیشتبوو، شا ئێمەی بە راگەیاندنێک سەرسامکرد بەوەی کە لەگەڵ سەددام حوسێندا گەیشتۆتە رێککەوتننامەیەک بەوەش کاریگەری لەسەر دەستبەرداربوونی کوردەکانەوە هەبوو. شا سنورەکانی خۆی داخستن و هەموو پشتگیریەکیشی بۆ کوردەکان وەستاند، لەبەرامبەریشدا عێڕاقییەکان سازشیان لەسەر  روباری شەتولعەڕەب، ئەو رێگە ئاوییەی کە سنوری ئێران- ئێراق لەیەک جیادەکاتەوە، کرد.

لەسەر ئاستی مرۆڤایەتیدا ئەو رەفتارەی شا دڵڕەقانە و مایەی بەرگریلێکردن نەبوو. بەڵام بەگوێرەی مەزندەی خوێنساردیەوە بۆ ئاسایشی ئێران، بڕیارەکەی شا لەگەڵ ئەوەی ئازاربەخشبوو، بەڵام مایەی لێتێگەیشتن بوو. تەنها خۆتێهەڵقورتاندنێکی ئاشکرای ئێرانییەکان دەیتوانی هەنوکە کوردەکان رزگاربکا، بەدڵنیاییشەوە نرخەکەشی وەک بارزانی لە ١٩٧٤دا داوایکردبوو لە بڕی 360 ملیۆن دۆلار تێیدەپەڕاند. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کە دەستبەرداربوونی هیندۆچینی قوتدەدا، نەیدەتوانی بەرەیەکی دیکەی لەسەر خۆی بکاتەوە و هەڵوێستی کۆنگرێس و تەنانەت پشتگیری سیاسیانەشی بۆی جێی گومان بوو.

من گوێم نەدایە  کردەکەی شا و تەنانەت کەمتریش  باکم بە شێوازە  گومڕاییەکەی بوو. لە ١٠ی ئازاردا بروسکەیەکی ساردوسڕم نارد، کەمترلەسەر پەسەندکردنی کردەوەکەی وەستام و بەناڕاستەوخۆ(لەبنەوە، بەشاراوەیی) گومانەکانی خۆم سەبارەت بەو بەرژەوەندییەی کە شا  پێدەچوو بۆخۆی لەسەر ئەوکارەی هەڵێنابێ، راگەیاند:

لەگەڵ رێزمدا بۆ پرسی کورد، شتێکی کەم هەیە بۆئەوەی بیکەمە سەربار چونکە  پێشتر بەخۆم لەمیانەی چاوپێکەوتنەکانماندا پێمگوتوی. ئەوەش شتێکی ئاشکرایە بۆ خاوەن شکۆ کە بڕیار لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەی خۆی بدا. وەک هەمیشە سیاسەتەکەمان لە پشتگیریکردنی ئێران وەک دۆستێکی نزیک و پشتپێبەستووی وڵاتە یەکگرتوەکان دەمێنێتەوە. هەڵبەتە بە پەرۆشیەکی زۆرەوە بەدوای بەرەوپێشوەچوونی پەیوەندییەکانی عێڕاقی-ئێرانییەکان و بەگشتی سیاسەتی عێڕاقییەکان لە ناوچەکەی تۆدا و بەتایبەتیش یەکێتێ سۆڤیەتیدا دەچم.”

کاتێکیش هەموو شتێک تەواو بوو، پاڵەوانەکانی روبەروبوونەوەی رابردوو بەتوندی پەلاماری بەرێوبەرایەتی فۆرد -منیش بەتایبەتیان- دا لەبەرئەوەی کەوا “دەستبەرداری” کوردەکان بووین. بەڵام شا بڕیارەکەی دا، ئێمەش نە بەڵگەوبەندێکی شایستە و نە ستراتیژیێکیشمان هەبوو تا لە بڕیارەکەی پاشگەز بکەینەوە. چارەسەریەکی لەلایەن هەندێ لە رەخنەگرەکانمان وای پێشنیازکردبوو- کەدەبووایە هەڕەشەی یارمەتیبڕینمان لە شا بکردابایە- ئەوەش واتای نەدەگەیاند. ئایا چۆندەکرا داوا لە هاوپەیمانی سەرەکیمان بکردبایە  کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیانەی خۆی دەستپێکردبایە-ئەوەش تاکە  جێگرەوە(ئەلتەرناتیف)بوو- لەکاتێکدا کۆنگرێس حاشای لە هاوپەیمانانێک دەکرد کە چەقۆیان لەسەر مل بوو؟  

هەر لەوەتەی شا روخاوە، پێشهاتەکان راستودروستی بڕیاری ئێمەیان سەلماندەووە بەوەی ئێرانێکی دۆست شتێکی نیمچە دەستلێهەڵنەگیراو بوو بۆ هاوسەنگی جیهان و ناوچەکە. شتێکی پوچ و نامەعقولانە دەبوو کە هاوپەیمانێکی سەرەکی دیکە بە دەستدرێژییەکی سیاسییانە و بۆ سەر شا یان بڕینی یارمەتیەکان لەسەر ئێران لەخۆبکەی. پابەندبوونمان بەبەرگری لە ئێران  هی ئەوە نەبوون لێیبکشێینەوە کە ئێمە لێیپەستبووین، بەڵکو دەربڕینی خودی بەرژەوەندی جیۆسیاسییمان. ئیدی دەبوایە من بەرگەی شاهیدبونی بەکۆیلەکردنی گەلێکی دۆست بگرم، لەوەش ئاگاداربووم کەهەرچەندە  رەفتارەکەی شا وەک بیانو بەکاردەهات، بەڵام  قەیرانە ئیفلیجیەکی نێوخۆمان پشکی لەو کێشەیەدا هەبوو.

کە بەرگری کوردەکان تێکشکا، شێوازی مناوەرەی واشنتن دەستیپێکرد کە چۆن  خەتابارییەکە دابەشبکرێ. کۆلبی یەکەمین کەسبوو کە گوێی لەو خەتابارییە بێ. لە ١٣ی ئازاردا ئەو دەرفەتی داخوازینامەی بەپەلەپروزێی بارزانی بۆ کۆمەکی راستەوخۆی ئامریکا قۆستەوە بۆ پێشنیازی خۆجیاکردنەوەی سیا لەتەواوی پڕۆژەکە. کۆلبی نوسی، لەبەرئەوەی سیاسەتی ئامریکا لەکەنالی ئێرانەوە یارمەتییەکانی دەگەیاند، بۆیە کۆمەکی راستەوخۆی ئامریکا بۆ کوردەکان کە ئێستا بەرگریکردنەکە لەباریەکترازاوە تەنانەت کەمتر لەجارانیش مایەی بەرگریلێکردنە. ئەو گومانی هەبوو کە شا-کە یارمەتیەکانی خۆی لەسەر بارزانی بڕیوە-  بیەوێ وەک کەناڵێکی باربوو گەیاندنی ئامریکا بۆ کوردەکان بەردەوام بێ. بۆئەوەی کات بەدەستبێنێ، کۆلبی لەسەر ئەوە سوربوو کە داخوازینامەی کوردەکان پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، ئەوەش دوای گەڕانەوەی من لەگەشتە مەکوکیەکانی رۆژهەڵاتی ناویندا، تا ئەوکاتیش ئەو لەسەرچاوە هەواڵگریەکانی خۆی باش دەزانی  کە ئەوکات کاتی نامێنێ و کارلەکاردەترازێ. لەمیانەی ئەوکاتەدا کۆلبی راسپاردەی وابوو کە لەوەتەی کوردەکان وا هەستبزوێن و هەڵەشەن، ئەوا باربووەکەی سیای مانگی ئازاریان پێبدرێ-ئەو فریاگوزارییە سەرەتاییەش لەچاو تراژیدیای کوردەکان مایەی بەزەیی بوو.

وەک کە رویدا، نوێنەرانی کۆلبی لەو مەیدانەدا نەیانتوانی هەڵوێستی بێ باکانە بنوێنن. ئا  ئەم خاڵەش، ئەوان  بەبێ هیچ هەڵاوێردنێک، دژی هەر کۆمەکێکی زیادەبوون بۆ کوردەکان- هەرهیچ نەبێ بەلای کەمی ئەوە رەفتاری  کۆلبی بوو لە کۆشکی سپیدا.

بەڵام سەددام حوسێن هێڕشێکی سەراتاپایی کرد، نوێنەرە خۆجێیەکانی سیا لەپڕێکەوە قەبارەی تراژیدیای دەوربەریان بۆدەرکەوت. لەوکاتەی من لە گەشتە مەکوکیەکانی رۆژهەڵاتی ناویندا بووم، ئەوان  تکانامەی نائومێدییانەی  سەرکردە کوردەکانیان گەیاند و بەدوایدا چەندان تێبینی سەرزەنشتیانەیان هەبوو کاتێک داواکانیان بێوەڵام مانەوە.  هەروەک هیندۆچین، لەخۆدورخستنەوەی بەرپرسیارێتییەکە، ناوی ئەو یارییەبوو کەکرا، نوسینگەکەی منیش ئەو شوێنە بوو کە قۆچەکەی لێ گیرببێ. بۆ  ساڵێک، ئەو کۆمەکە زیادەیەی کەبۆ کوردەکان رۆیشت، لەئەنجامی زاڵبوونی گوشارەکانی من بوو بەسەر نەیاربوونی سیا. هۆی ئەوەش کەمن هەنوکە داوای وەڵامی یارمەتیدەرانەم بۆ ئەو داوا بێهودەیانەی کوردەکان نەکرد ئەوەبوو کە هیچ شتێک نەمابۆوە کەمن بیڵێم، نوسەرەکانیش ئەوە باش دەزانن، بەداخستنی سنورەکانی ئێران بەسەرماندا، هیچ  کۆمەکێکی بەپەلە نەدەکرا بگات.

قەیرانی کوردەکان خەمگینییانە کۆتایهات، هەروەک دوای بیست ساڵ (نوسەر کتێبەکەی لە ١٩٩٩دا چاپکردووە-وەرگێڕ) لەبەر هۆی کەمتر ناڕەوا دووبارەبووەوە: جوگرافیایەکی قەدەخە، دوودڵی مرازە هاندەرەکانی وڵاتە دراوسێکان و خواستی لەگەڵ یەک نەگونجاو لەنێو خودی کۆمەڵگای کوردیدا. ئەوانە لەدواییدا رێکوڕەوان دەربارەی “ڕەشبینیی” و ” ناپاکیی” قسەیاندەکرد، بەبێدەنگی مانەوە یاخود لەوەش خراپتر سەبارەت  بە تراژیدیای بەرفراوانتریش کەلە هیندۆچینندا رویدا، هەرگیز جێگرەوەیەکیان نەهێنایە پێشەوە کەلەڕاستیدا لەسەری بڕۆین.

وەک پرسێکی لێکۆڵینەوە، تراژیدیای کوردەکان کەرەسەیەکە بۆ دەرەنجامی هەمەجۆر: پێویستی ئامانج رونی هەر لەسەرەتاوە؛ پێوستی ناوبەناو پێداچوونەوە بە ئۆپەراسیۆنەکان و گرنگیشە کە یەکانگیریی لەنێوان هاوپەیمانەکاندا هەبێ. لەڕاستیدا هەموو ئەو شتە زۆر گرنگانە لەکاتێکەوە بۆکاتێکی دی بەدیدەکران، بەڵام بە  بەپێی پێویست وەک داخواز نەبوون. بەڵام پەیڕەوکردنییان لەسەر رەوشەکە دەستگیرنەبوو.

لەبەر هۆکاری جۆربەجۆر، ئێمە نەمانتوانی دەرامەتەکانی بردنەوە دابینکەین و تائێستاشی لەگەڵدابێ نامانەوێ روبەڕوی دەرەنجامەکانی دەستبەرداربوونەکە ببینەوە. لەبەرئەوە ئێمە بۆ تێگیرانێکی سەربازییانە و داهێزرانێکی بەرەبەرەی نەیارەکەمان تێدەکۆشاین. ئەوەی ئێمە نەمانزانی، ئەوەبوو کاتێ بەرنامەی کوردان جاڕدرا، ئەو پلەیە پشێویەی نێوەخۆمان مانەوەی هێزمانی لەبەینبرد. تەنانەت لەگۆشەنیگای ئەو دوو دەیەش، حەزمدەکرد ئەلتەرناتیڤەکانی ئەو ئاراستەیەی گرتبومانەبەر تەنانەت کەمتریش بووبان. کە هاتباو لە ١٩٧٢دا  ئۆپەراسیۆنی کوردەکانمان لەخۆنەگرتباو لێگەڕابایان عێڕاقیەکان ئازادانە هەوڵەکانیان لە کەنداودا چڕکردبایەوە، ئەوا دەرەنجامی ئاراستەی دیپلۆماتی لە رۆژهەڵاتی ناویدا  جیاوازدەبوو، بەتایبەتیش لەمیانە و لەدوای جەنگی  ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ی رۆژهەڵاتی ناوین.  بۆ گەلی کورد، قوربانییە هەمیشەییەکەی مێژو، بێگومان ئەمە دڵنەواییکردن نەبوو.

سەرچاوە:

‌Henry Kissinger,

Years of Renewal, the concluding volume of his memoirs,

First Published in 1999 by Simon and Schuster, USA

First published in Great Britain in 1999 by Weidenfeld and Nicolson

بابەتەکە لە کۆتایی بەشی پێنجەمدایە و لەژێر ژمارەبەندی ١٩م لە لاپەڕە  ٥٧٦ تا ٥٩٦

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …