Home / بەشی مێژووی كورد / شۆرشی شێخ سه‌عیدی پیران1925

شۆرشی شێخ سه‌عیدی پیران1925


‎جالان مەعروف حەمەد
‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو
‎زانكۆی سۆران

‎لە ساڵی ١٩٢٥ لەماوەی خەریکبوونی بەریتانیا و فەڕەنسا و کۆمەڵەی گەلان بە کێشەی موسڵ و دیاریکردنی سنووری کۆماری تورکیای نوێ لەگەڵ ڕژێمی پاشایەتی عێراق دا، شۆرشێکی گەورەی نەتەوەی لە باکووری کوردستان لە هەرێمی دیاربەکر (ئامەد) و دەوروپشتی دا بە بەڕێوبەرایەتی شێخ سەعیدی پیران بۆ بەدی هێنانی مافەکانی گەلی کورد لەسەربەخۆیی و ئازادی، هەڵگیرسا
‎هۆكارەكانی شۆڕش
‎گرنگترین هۆکارەکانی شۆرش ئەمانە بوون:
‎١ .شۆڕشەکە مۆرکی نەتەواییانەی هەبوو، وەک پەچەکردارێک لەبەرامبەر سیاسەتی پڕ لە ستەم و زۆرداری کەمالییەکان دەرهەق بە گەلی کورد، بەتایبەتی دوای پەیمانی لۆزان لە ساڵی (١٩٢٣ز)، کە نکۆڵیان لە هەموو ئەو بەڵێنانە کرد کە بە کوردییان دابوو، لەوانەش دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد بوو لە تورکیا.
‎٢ .یاسای نوێی دەوڵەیی تورکیای کەمالی، تەنها دانی بە بوونی نەتەوەی تورک دادەنا لە تورکیا و سەرجەم نەتەوەکانی تریشی بە تورک دانابوو تەنانەت ناویان لە کورد نابوو تورکی چیایی. بەمجۆرە زمانی تورکی کرا بە زمانی فەرمی دەوڵەت و زمانی کوردی قەدەغە کرا، هەموو ئەو یانە و ڕێکخراو و کۆمەڵە و گۆڤارە کوردیانەش کە هەبوون قەدەغەکران.
‎٣ .سیاسەتی ڕاگواستن و دەربەدەرکردنی کورد لە سەر زەوی باب و باپیرانی بۆ خۆرئاوای ئەنادۆڵ و نیشتەجێکردنی تورک لە شوێنیاندا، هەروەها گرتن و دوورخستنەوە و کوشتنی سەرکردە و تێکۆشەرانی کورد.
‎٤ .ئەو گوشارە ئابووریەی کەمالییەکان لە کوردستان دا پیادەیان دەکرد، دەستیان بە پیتترین زەویە کشتوکاڵییەکانی کورد داگرت و دەیاندابە تورک، بەمجۆرە تا دەهات جوتیارانی کورد بێ زەوی و بێکار دەمانەوە، بۆیە گرانییەکی گەورە لە کوردستان پەیدابوو، بەتایبەتیش دوای ڕەوانەکردنی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە تورکەکان بۆ کورستان بۆ ئەوەی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری ئەم پارچەیەی کوردستان
‎لەگەڵ بەشەکانی تردا بچپرێنن، وێرای ئەوانەش باج و سەرانەیەکی زۆریان بەسەر خەڵکی کوردستان دا سەپاندبوو .
‎سەرەتای شۆڕش
‎سەکردە نیشتیمانیەکانی کورد لە ساڵی ١٩٢٤ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریاندا لە ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا (٢١ی ئازاری ١٩٢٥) شۆرش دەستپێبکەن، بەڵام کاتێک هێزێکی کەمالییەکان لە مانگی شوبات دا بەمەبەستی دەست بەسەرداگرتنی کوردستان گەیشتە پیران (بارەگای شێخ سەعید و شۆرشگێڕان)، لە ئەنجامدا شەڕ لەنێوان هەردوولا دەستی پێکرد و کوردەکان توانیان هێزەکەی تورک تێکبشکێنن. نەمجۆرە شۆرش پێش وادەی دیاریکراوی خۆی ڕاگەیەندرا و لە ماوەی دوو هەفتەدا چەندین شاری گەورەی باکووری کوردستان وەک (خەرپووت، دەرسیم، موش، مەلاتییە، بینگۆل، مەلاز گرد، پالو) ئازادکران، دواتر شۆرشگێڕآن ڕوویانکردە ڕزگارکردنی شاری دیاربەکر و دوای شەڕێکی خوێناوی و کوژرانی ژمارەیەک لە هەردوولا، شارەکە ئازاد کرا. ئازادکردنی دیاربەکر وای لە ئەنجوومەنی گەورەی نیشتیمانی تورکیا کرد، کۆبوونەوەیەک سازبدەن بۆ چۆنێتی لە ناوبردنی شۆرش، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم
‎بڕیاراننە درا ١ .حوکمی عورفی لە زۆربەی ویلایەتەکانی خۆرهەڵاتی تورکیا (واتە باکووری کوردستان) ڕاگەیاندرا.
‎٢ .ڕەوانەکانی (٢٥) هەزار سەرباز لە ڕێگای هێڵی شەپەندەفەری سوریا لە باکووری حەلەب، ئەویش دوای ئەوەی فەڕەنسییەکان رێگەیان پێدان و هاوکاریان کرد و سنووری سوریایان لەبەردەم واڵاکردن.
‎٣ .ناردنی (٩) تیپی پیادە و (٩) لیوای تۆپخانە و (٣) تیپی سوارە، پێشتریش لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٤ (٦) تیپی پیادە ڕەوانەی (قارس و سەعرەت و ماردین و میدیات) کرابوو.
‎٤ .بانگێشتکردنی هەموو ئەولاوە تورکانەی کە تەمەنیان لە نێوان (٢٠-٢٨) ساڵیدا بوو بۆ خزمەتی سەبازی. ٥ .دامەزراندنی دادگاکانی سەربەخۆیی لە دیاربەکر و ئەنقەرە و شوێنی تریشیان کە هەموو دەسەڵاتێکیان پێدرابوو لە دەرکردن و
‎جێبەجێکردنی هەر بڕیار و حوکمێک سەبارەت بە خنکاندن و لەسێدارەدانی شۆرشگێڕان.
‎٦ .عیسمەت پاشا ناسراو بە (عیسمەت ئینۆتۆ) کە دۆستێکی نزیک مستەفا کەمال بوو، لە جێگای فەتحی بەک کرا بە سەرۆک وەزیران، ئەویش هێزێکی تری مەشق پێکراوی چەکی تازەی خۆرئاوایی ناردە کوردستان، ئەم هێزە لە (٨) تیپ پێکهاتبوو، ژمارەی سەربازەکانی
‎لە (٢٥) هەزار سەرباز زیاتر بوو، لەگەڵ هەشت فرۆکەی جەنگی. دوای چەندین شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەی شۆرشگێڕانی کورد بەرامبەر لەشکری گەورەی تورک، سەرەنجام بنکەی شۆرشگێران لە (دارەخان) دەستی بەسەردا گیرا و شێخ سەعید و دکتۆر فوئاد و هاوڕێکانیان بە دیل گیران و هەرهەمان ساڵ (١٩٢٥) دوای دادگاییەکی ڕووکەش لە شاری دیاربەکر لە سێدارەدران.
‎هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆرشەکە
‎وێرای ئەو هەموو ئامادەباشی و هەنگاوانەی ئەنجوومەنی تورکیا گرتییە بەر بۆ سەرکووتکردنی شۆرشەکە و هەروەها هاوکاری و پشتگیری دەوڵەتانی فەڕەنسا و بەریتانیا و سۆڤیەت بۆ کەمالییەکان، کەچی چەند هۆکارێکی تریش کە پەیوەندی بە کورد خۆیەوە هەبوون ڕۆڵی گرنگییان لەسەر نەکەوتنی شۆرشەکەدا بینی لەوانەش :
‎١ .شۆرش بەر لەوادەی دیاریکراوی خۆی بەرپابوو بەمەش بەرنامە و پلانی شۆرشەکە تێکچوو. ٢ .زۆربەی سەرکردە سەربازییە کوردەکان، بەر لە هەڵگیرسانی شۆرش لەلایەن کەمالییەکانەوە دەستگیرکران، بەمەش شۆرش لە
‎زۆربەی کادیر و شارەزایانی بێبەشکرا. ٣ .زۆربەی ئەوانەی سەرکردایەتی شۆرشەکەیان دەکرد، شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە هونەری شەڕ و نهێنییەکانی شۆرش و نەخشەدانانی
‎ڕزگارکردنی شارە گەورەکان و چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەو شارانەدا نەبوو.
‎٤ .خیانەتی چەند سەرۆک عەشیرەتێک و پەیوەندی کردنیان بە کەمالییەکانەوە، دانیشتوانی چەند شاریێکیش نەهاتنە پاڵ شۆرش و دوورە پەرێز وەستان، ئەمەش بەهۆی پڕوپاگەندەی کەمالییەکان کە بۆ شۆرش و سەرکردەکانیان دەکرد، ناووناتۆرەی خراپییان دەدانە پاڵ و بە کۆنەپەرست و بەکرێگیراویان لە قەڵەم دەدان، هەروەها وایان بڵاوکردبۆوە کە شۆرشەکە بە فیتی دوژمنانی دەرەوە هەڵگیرساوە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەمانە جگە لە پڕوپاگەندە تورکە کەمالییەکان هیچی ترنەبوون، چونکە لە کاتی دادگاییکردنی سەرکردەکانی شۆرش هەموو ئەم پڕوپاگە ندانەی کەمالییەکان بۆ شۆرش و سەرکردەکانی شۆرشیان هەڵبەستبوو،بەدرۆ خرانەوە.

‎سەرچاوەكان

https://qadirzada.com/Shex-saidipiran.html
https://www.khaktv.net/profile-detail.aspx?jimare=2074
https://www.awene.com/detail?article=74345

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …