Home / بەشی مێژووی كورد / سەرھەڵدانی پکک و مێژوویەکی جیاواز

سەرھەڵدانی پکک و مێژوویەکی جیاواز

12401832_1513375525622942_4535035258584419058_o-2

ھەر وەکو لە بابەتەکانی پێشودا باسم کرد، چالاکیی چەپەکانی ساڵانی ١٩٧٠کان لە باکووری کوردستان و شارەکانی دیکەی تورکیا کە خوێندکارانی کورد تێیدا نیشتەجێ ببون زۆر پەرەی سەندبو. لە ساڵانی ١٩٧٠ کاندا بارزانی و حکومەتی ئەوکاتەی عێراق ڕێککەوتننامەی ئۆتۆنۆمییان مۆرکردبو. ئەوەش گەشەی بە ھەستی ناسیۆنالیزمی کوردی دەدا لە سەرجەم بەشەکانی کوردستاندا. ڕۆژانە دەیان کۆبونەوە و کۆڕ و سمینار و خۆپێشاندان لە شارەکانی کوردستان و تورکیا سازدەکران.‌ زۆربەی زۆری ئەو لایەن و کەسانەی کە لە بوارەکانی سیاسییدا چالاک بون، چەپەکانی کورد بون.
ساڵی ١٩٧٤ کۆمەڵێک خوێندکاری کورد لە زانکۆی ئەنکەرە بە ناوی                        Ankara Democratic Patriotic Association of Higher Education کۆببونەوە لەناویاندا عەبدوڵا ئۆجالانیش جێی دەگرت. ئەو خوێندکارانە سەرەتا گروپێکیان ھەبو، پاشان بەناو ناوچەکانی باکووری کوردستاندا بڵاوبوەوە. ئەوان زیاتر باسیان لە کێشەکانی ئەو سای تورکیا دەکرد. ھەر ھەموویان چەپ بون، سەبارەت بە کێشەی کورد بەشی زۆریان باوەڕیان بە کێشەی کوردە ھەبو، بەڵام لەبەرئەوەی مەسەلەی سۆسیالیزم گرینگتر بو، ئەوان چارەسەری کێشەی کوردیان لەناو سۆسیالیزمدا دەبینیەوە، لەھەمان کاتدا نەیاندەتوانی نکۆڵی لە تیۆریەکانی لینین بکەن بۆ کێشەی نەتەوە بندەستەکان کە خۆی لە “شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی”دەبینیەوە بۆ سەردەمی بەر لە سۆسیالیزم. بەم شێوەیە گروپەکە ناچار بو گرینگی زیاتر بە ناوچەکانی باکووری کوردستان بدات، چونکە ماددە خاو و دەستلێنەدراوەکە زیاتر لەوێ بو. ع ئۆجالان ھاوڕێی حەقی قەرار و کەمال پیر بو لە زانکۆ، ئەو دوو کەسە بە ڕەگەز کورد نەبون بەڵکو لە نەتەوەکانی دیکەی تورکیا بون. پاشان کەسانی وەک ” جەمیل بایک-جومعە، شاھین دۆنمەز، محەمەد قەرەسونگور، مەزڵوم دۆغان، محەمەد خەیری دورموش و کەسیرە یلدرم “ھاوسەری ئۆجالان” ھاتنە ناو گروپەکە، وە ئەو کەسانەش بون لە سەرەتادا دەستەڵاتیان بەسەر گروپەدا دەشکایەوە. دوای ئەوەی ڕاپەرینەکەی بارزانی و دانوستاندن و شەڕ لەگەڵ حکومەتی عێراق شکستی ھێنا و سەرکردایەتی کوردی ئەوکات، شکستەکەی وەک قەدەر بینی، نیشانەی پرسیار لای گروپەکە سازبو. ڕەنگبێ ئەوە یەکەمین ئاماژەبێ کە گروپەکە بەر لە دایکبوونی جیاوازتر لە پارتیە کوردیەکانی بەر خۆی ھەڵسوکەوت بکات.
ساڵی ١٩٧٧ حەقی قەرار کە یەکێک بو لە گرینگترین گروپەکەی خوێندکاران و نزیکی عەبدوڵا ئۆجالان و کەمال پیر، تێرۆر کرا. سەبارەت بە کوشتنی ناوبراو بۆچونی جیاواز لە ئارادان، بەپێی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێکخراوێک بەناوی Sterka sor “ئەستێرەی سور” کە نزیکی میتی تورکیا بوون پلانی کوشتنەکەی داناوە. ئەستێرەی سور ئەوکاتە ڕەخنە لە گروپە دەگرێت و ئەڵێ: “ئێوە پێتانوایە کوردستان بەتەنیا ٤ بەشە، بەڵام لە ڕاستیدا ٥ بەشە!!”. کوشتنی حەقی قەرار دەبێتە ھۆی لەدایکبوونی PKK . واتە لە گروپێکی ئایدیۆلۆجی بۆ حیزبێکی ڕێکخراو. کاتێک حەقی قەرار دەکوژرێ سەرانی گروپەکە بیر لە دامەزراندنی پارتێکی سیاسی دەکەنەوەو ئەوە بو لە ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەربە قەزای لیجەی شاری دیاربەکر کۆنگرەیەک سازکراو پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاگەیەندرا. لە بڵاوکراوەی ڕاگەیاندنی پکک دا، جگە لە ھۆکارەکانی دامەزراندنی پارتەکە باس لە فراوانکردنی بزوتنەوە و گرینگیدان بە چالاکیەکانی شار دەکرێت. لە کۆنگرەی یەکەمدا مارکسیزم-لینینیزم دەبێتە ئایدیۆلۆژیای رەسمی پکک. لەو کۆنگرەیەدا ع ئۆجالان وەک سەرۆکی حیزب، جەمیل بایک وەک جێگر و کەسانی دیکەش بەسەر ئەرکە جیاوازەکاندا دابەش دەبن.
شەڕی شار
ھەر لە سەرەتای دروستبونیەوە PKK و ڕێکخراوەکانی دیکەی تورکیا چ ئەوانەی لەناو دەستەڵات دان، وە چ ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆن بوون بە پارتە کۆمۆنیستەکانیشەوە نمونە “پارتی کرێکارانی توکیا” Işçi Partisi دەبێتە شەڕیان و چەندین جار گفتوگۆ و چالاکیەکانیان وەردەچەرخێنە شەڕی ناو شار. ھەروەھا PKK لە ٣٠/٧/١٩٧٩دا شەڕێکی دور و درێژ دژ بە ھۆزی بوجاغ لە ئۆرفا بەرپا دەکات و ئەو شەڕە ماوەی چەند ھەفتەیەک دەخایەنێت. ئەو ڕەوشە بەردەوام بو تا کودەتا‌کەی ساڵی ١٩٨٠ی تورکیا، ئەو کاتە سەرجەم پارتە ناڕەسمیەکانی تورکیا بە PKKەشەوە زۆربەی زۆری ئەندامەکانیان دەستگیر دەکرێن و توانای چالاکیان کەم دەبێتەوە.
PKK جیاوازتر لە بزوتنەوەکانی پێشو، لەناو چینی ناوەڕاست و فیوداڵی کورد سەری ھەڵنەدا، بەڵکو سەرجەم کەسە سەرەکیەکان، کەسانی دابڕاوبون لە بنەماڵەو کەسانی سادەبون.
جیاوازیەکی دیکەی ئەو بزووتنەوەیە ئەوەبو، ڕێکخراو پشتئەستوور نەبو بە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەپەرستی، بەڵکو ئەو ڕێکخراوە کوردستانیە لەباوەشی سۆسیالیزمدا لەدایک ئەبێ.
جیاوازی سێیەمی پکک لەگەڵ بزووتنەوەکانی پێشوتری، نەک بەتەنیا پاشخانی دەرەبەگ و چینی ناوەڕاستیان نەبو، بەڵکو یەکەمین شەڕیان لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ چینی دەرەبەگ و فیوداڵە کوردەکان بو، وەک شێخەکانی بوجاغ. “مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان -جەمیل بایک ‘ھەڤاڵ جومعە’ “.
ئەگەر مرۆڤ سەیری ئەدەبیاتی سیاسی و ئادیۆلۆژی PKK بکات، بەڕوونی بۆی دەردەکەوێ، کە ئەو ڕێکخراوە سەرکردایەتی فیوداڵی کورد و دەرەبەگ بە کۆسپی سەرەکی و کێشەی سەرەکی لەناو بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد ئەبینێ.
کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٨٠
دوای ئەوەی ئۆجالان ھەست بە کودەتای سەربازی دەکات و پێشتریش ئەزمونی چەپەکانی تورکیای ھەبو، تەدبیر وەردەگرێت و لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی لە سنووری کۆبانێ بە نایاسایی ئەپەڕێتەوە و تورکیا بەجێ دێڵێت  دەچێتە سوریا، لەوێشەوە بۆ لوبنان. ئۆجالان لە لوبنان پەیوەندی خۆی لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراو و لایەنەکانی دیکەی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بە گشتی و ڕێکخراوە فەلستینیەکان بەتایبەتی، خۆش دەکات و لە ڕێگای ئەوانەوە دەتوانی کامپ و بنکەو بارەگا لە دەشتی بیقاع سازبکات و سود لە یارمەتی فەلەستینیەکان وەردەگرێ.
ئەو قۆناغە بۆ ئۆجالان و پکک زۆر گرینگە، ئەوان لەوێ دەتوانن درێژە بە پەروەردەی خۆیان بدەن و پارتی کرێکاران کە لە کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠ زەبری بەرکەوتبو بگەشێننەوە، لەلایەک پەیوەندیەکی باش لەگەڵ سوریا ساز دەکات و لەلایەکی دیکەوە ھەوڵی دروستکردنی کاریگەری لەسەر کوردانی سوریا دەدات. ساڵی ١٩٨٢ زۆربەی زۆری کادیرە سەرەکیەکانی PKK لە زیندانی دیاربەکر ڕوبەڕوی ئەشکەنجە دەبنەوە. دەوڵەتی تورکیا ھەوڵی ئەدا لە ڕێگای ئەشکەنجەوە سەرجەم شۆڕشگێرە کورد و چەپەکان چاوترسێن و پەشیمان بکاتەوە، ڕاستی ئەو کاتە کۆمەڵێک کەس پەشیمان دەبنەوە، مەزڵوم دۆغان لەناو زیندانیەکاندا دەبێت و ھەست بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات، بەڵام جگە لە جەستەی خۆی ھیچ چەکێک نادۆزێتەوە پەنای بۆ ببات. لە ٢١/٣/١٩٨٢ واتە ڕۆژی نەورۆز، خۆی و ھاوڕێکانی بەناوەکانی “فەرھاد کورتایی، ئەشرەف ئانیک، نەجمی ئۆنەم و محەمەد زەنگین” بەمەبەستی پرۆتێستۆکردنی کردارەکانی تورکیا لە زینداندا دژ بە گیراوان، گڕ لە لەشی خۆیان بەردەدەن و گیان لەدەست ئەدەن. ئەو چالاکیە کاریگەریەکی زۆر لەناو زیندانیاندا بڵاودەکاتەوە و سەرجەم گیراوان دوای ئەوە بە سەرۆکایەتی کەمال پیر و محەمەد خەیری دورموش دوو سەرکردەی دیاری ئەو ڕێکخراوە دەست بە چالاکی مانگرتنی تا مردن دەکەن. ئەو بەرخۆدانەی ئەندامانی PKK لە زیندان جگە لە ھاوڕێکانیان کاریگەری لەسەر ڕێکخراو و گروپەکانی دیکەی زیندانیش دەکات. لە دەرەوەشدا کاتێک ئەو ھەواڵە دەگاتە PKK ھەستێکی تایبەت دروست دەکات و لە بارەگاکانی ئەو پارتەدا لە دۆڵی بیقاع دەست دەکرێ  بە زنجیرە گفتوگۆیەکی جدی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕەوشە. لە ناوخۆی PKKەشدا ئەو کاتە جیاوازی بیروڕاو گروپی جیاواز لەگەشەسەندن دابون. ئەو کاتە بە ئۆجالانیان دەگوت “ھەڤاڵ ئاپۆ”، چەندین کەسی سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوە باوەڕیان بەشەڕی چەکداری نەبو، بەڵام ئۆجالان سوربو لەسەر شەڕی چەکداری.
یەکەمین ھەڵمەتی شەڕی چەکداری ١٥ی ئاب
لە کۆنگرەی دووەمی PKK دا ساڵی ١٩٨٢ گفتوگۆیەکی زۆر کرا لەسەر داھاتوی ئەو ڕێکخراوە. سەرباری ناکۆکی جیاواز، ئۆجالان سوربو لەسەر ستراتیژی شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی، ئەو پێیوابو بەتەنیا لە ڕێگای شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی PKK دەتوانێ کاریگەری خۆی لەسەر تورکیا بکات، بۆ ئەوەش دەبوایە ئەو شەڕە لە کوردستان کرابوایە. ناوچەی بۆتان وەک ناوەندی شەڕەکە دەستنیشان کرا. بەپێی ئۆجالان ستراتیژی شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی لەسێ قۆناغی وەک (١-قۆناغی شەڕی گەلێری ماوە درێژ، ٢-پاراستنی ستراتیژی و ٣-ھێرشی ستراتیژی) کۆکرابوەوە. بۆ ئەوەی ئەو سێ قۆناغە بەڕێک و پێکی بەڕێوە بچن پێویست بو قۆناغی پڕوپاگەندەی چەکداری دەستی پێکرابا، بۆ ئەوە “ھێزی ڕزگاری کوردستان” HRK ڕاگەیەندرا. بەپێی ئەوە بڕیار درا تاکو لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ بە سەرۆکایەتی سەرفەرماندار “مەعسوم قۆرقماز-عەگید” ھێرشبکرێتە سەر ناوچەی چەتاغ – پەرواری سەربە شڕناخ و ھەروەھا بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا ئیکینجی ھێرش بکرێتە سەر شەمزینان.
لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٨٤ دا، ئۆجالان گروپێک کادر بەسەرپەرشتی دوڕان کاڵکان “ھەڤاڵ عەباس” و عەلی حەیدەر قەیتان “ھەڤاڵ فواد” ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکات. ئەو گروپە، بەھەر ھۆیەک بێ، لە سەرەتادا ئەچنە ناوچەی لۆلان “لەسەر سنووری باشوور، باکوور و ڕۆژھەڵات” کە لەژێر دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان دابو و پاسدارانی ئێران ئەوکاتە پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ پارتی ھەبو. ئەوان پارتیان دژ بە حیزبەکانی ڕۆژھەڵات و سوپای عێراق بەکار دەھێنا و یارمەتیان ئەدان. ھەر ئەوکاتە شەڕێکی سەخت لەنێوان بەرەی جووت بەسەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لە ئارادابو. ئەو ناوچەیە بۆ پارتی زۆر ستراتیژی بو، چونکە لەوێ ماددە نایاسایی و قاچاغەکان ڕۆژانە لەو سنوورەوە بۆ ئەو سنوور ئاودیو دەکران و ئەوان ئەگەر دەستیشیان تێدا نەبوایە بەلایەنی کەم باج و سەرانەیەکی زۆریان بەدەست دەکەوت. پارتی لەلایەک لەگەڵ ئێران پەیوەندی ئیستیخباراتی و سەربازی ھەبو دژ بە نەیارەکانی تاران، لەلایەکی دیکە لە ڕێگای عەشیرەتانی سەر سنوور وەک عەشیرەتی گەردی کە خزمی بارزانیەکانن، پەیوەندی لەگەڵ میتی تورک ھەبو.
ئەوکاتە پارتی لە لۆلان چەند ژورێک لە بارەگاکانی دەداتە کادرانی PKK و لەوێ چاودێریان دەکات و ڕێگانادات شەڕی چەکداری دەستپێبکەن دژ بە تورکیا.
دوای ماوەیەک ئۆجالان ھەست بەو یەکە ئەکات و سەرجەم کادرە سەرەکیەکان بانگئەکات بۆ لوبنان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەکات.
بەشی تورکی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە لە بەرنامەیەکی دۆکومێنتاریدا بەو شێوە باس لەو کێشەیە دەکات:
١٥-٢٥ Temmuz ١٩٨١’de Suriye’de yapılan PKK ١. Konferansı’na ٦٠ civarında örgüt mensubu katıldı. Konferans PKK’ya tahsis edilen Helve Kampı’nda yapılmış, dönemin Suriye Devlet Başkanı Hafız Esad tarafından Kürdistan Demokrat Partisi’nden (KDP) alınan izinle de, örgüt Kuzey Irak’a yerleşmiştir. KDP lideriMesut Barzani önce Türkiye’den çekinerek bu teklifi reddetmek istese de, Esad’ın baskıları sonucu kabul etmek zorunda kaldı. Böylece ١٩٨١’de Kuzey Irak’a ilk adım atıldı.
((لەنێوان ١٥-٢٥ی مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٨١ دا PKK لە سوریا کۆنفرانسی یەکەمی خۆی بە ئامادەبونی ٦٠ کادری سیاسی بەست. ئەوکاتە سەرۆکی سوریا حافز ئەسەد، داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، لە باکووری عێراق “باشووری کوردستان -نوسەر” ڕێگا بە چالاکیەکانی پارتی کرێکاران بدات. سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی لە ترسی تورکیا وەڵامی ئەرێنی سوریا ئەداتەوە. دوای ئەوە سوریا گوشارەکانی چڕتر ئەکاتەوە، ناچار ئەبن ڕێگایان پێ بدەن)).
تەلەفزیۆنی جزیرە ھیچ بەڵگەیەکی نەخستۆتە ڕو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە حافز ئەسەد ئەو کارەی بۆ PKK کردوە. وادیارە نکۆڵی لەوە ناکرێ، سوریا وەک سەرجەم وڵاتانی دیکە، ھێزی دیکەی لە دژی نەیار و دراوسێکانی بەکارھێناوە، بەڵام بیرۆکەی گەڕانەوە لە لوبنانەوە بۆ بۆتان، ھەر لە سەرەتای چوونی گروپەکە بۆ ئەوێ لە ئارادابوە.
http://www.aljazeera.com.tr/dosya/pkk-nasil-kuruldu-ve-guclendi
مەعوسوم قۆرقماز کە ڕاسپێردراوی ئەو ڕێکخراوەبو بۆ ئەوەی شەڕی چەکداری دەستپێبکات، سود لە ئەزموونی ھەڤاڵانی پێش خۆی لەپەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەردەگرێت و ئەزانێ کە سنوورەکان پڕن لە تەڵەو پیلانی ئیقلیمی. بۆیە ھەوڵ ئەدات بەبێ پرس و پەیوەندی بە حیزبەکانی باشوور، بچێتە باکوور و دەست بە شەڕ بکات. بەڵام ئەویش بەبێ گرفت ناتوانێ ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات. کاتێک لە سنووری بادینان بەرەو ناوچەی بۆتان ئەکەوێتە ڕێ، ڕوبەڕوی مەفرەزەیەکی حیزبی شیوعی عێراق دەبێتەوە کە ئەوکاتە لەگەڵ پارتی ھاوپەیمانی بەرەی جووتیان ھەبو، ئەبێتە شەڕیان و لە ھەردوولا ژمارەیەک پێشمەرگە و گەریلا ئەکوژرێن.
شەڕی چەکداری قۆناغێکی نوێ بو بۆ کوردی باکوور و تورکیا، چونکە جاری یەکەم بو دوای ڕاپەرینە کلاسیکیەکانی سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ەم لایەنێک بە شێوەیەکی ستراتیژی و بە پلان شەڕی چەکداری ماوە درێژ ڕابگەیەنێت و داکۆکی لێ بکات. خۆی گرینگی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەڕەکانیدا نیە و ئەوان تا ئەو ساڵانەی دوایی زۆربەی جار زیانی شەڕیان لە دەستکەوتەکان زیاتر بو. بەڵکو گرینگیەکە لەوەدایە، بەپێچەوانەی بزووتنەوەی چەکداری بەشەکانی دیکەی کوردستان، پلانی دانا، بۆ ئەوەی لە ھەر ھەڵومەرجێک کوڕ و کچانی لە شاخەکان بھێڵێتەوە. ئەو کاتە تورکەکان بەڵێنیاندا لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەو ئاگرە بکوژێننەوە و سەرانی ئەو پارتە چ بە زیندو یان بە مردو دەستگیر بکەن. چالاکیەکە وەک قەبارە بچوک بو، بەڵام وەک ھەنگاوێکی سیاسی گرینگ بۆھەردو لا سەیر دەکرا. لە لایەکی دیکە دوای ئەو ھەڵمەتە ع.ئۆجالانی سەرۆکی PKK توانی دەستەڵاتی خۆی بەسەر حیزبدا زیاتر بکات و سەرجەم ئەو کەسانەی باوەڕیان بە شەڕی چەکداری نەبو و یان جیاوازیان بیردەکردەوە بێکاریگەر بکات. ئەو قۆناغە لەناو PKKدا پێی دەگوترێ قۆنا‌غی ڕوبەڕوبونەوەی تەسفیەچیەکان یان پاکتاوکەران کە دوایی باسی لێوە دەکەین.
لە ساڵی ١٩٨٦ دا PKK توانی کۆنگرەی سێیەمی خۆی لە لوبنان سازبکات، ئەوکاتە کۆمەڵێک بڕیاری گرینگ دەربارەی داھاتوی ئەو ڕێکخراوە، کارو چالاکیەکانی و فراوانکردنی شەڕی ڕزگاری نەتەوەیی وەرگیران. “ھێزی ڕزگاری کوردستان” HRK ھەڵوەشێندرایەوە و لە جیاتی “سوپای ڕزگاری گەلی کوردستان ARGK سازکرا و ژمارەیەکی زۆر کادری پەروەردەکراو ڕەوانەی چیاکانی باکووری کوردستان کران. بڕیار وەرگیرا چەند کادرێک ڕەوانەی ئەوروپا بکرێن و خەباتی جەماوەری، دیبلۆماسی و ڕێکخستنی ئەنجام بدەن. لە دوای ئەو کۆنگرەیەدا بە بڕیاری ئۆجالان زۆربەی زۆری کادیرەکان جێگۆڕیان پێ کراو ئەرکی نوێیان بەسەردا دابەش کرا. جگە لەوە PKK کادیرەکانی خۆی ڕەوانەی سعودیەو لوبنان کرد بۆ ئەوەی ھاوکاری لە کرێکارە کوردەکانی ئەوێ کۆبکەنەوە. ھەروەکو گوتمان ئۆجالان کە پشتی بە سەرکەوتنی چالاکیەکەی ١٥ی ئاب بەستبو توانی خۆی و ڕێکخراوکەی کۆبکاتەوە و لە ئاستی ناوخۆییشدا بەسەر ڕکەبەرەکانیدا کە لە مێژووی PKK دا وەک پاکتەوکەر سەیریان دەکرێ، زاڵ ببێ و ئەو کەسانە بۆ ناوچەی جیاواز بگوازێتەوە. ئەو کەسانەش دوای ماوەیەک وازیان لە ڕێکخستن ھێنا و لە وڵاتانی ئەوروپا دانیشتن. بەشێک لەوانە لە لایەن PKK کوژران و بەشێکیشیان خۆیان شاردەوە.
بەداخەوە ھەڵسەنگاندنێکی کەم لەبواری کۆمەڵناسی لەسەر مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام دراوە. زۆربەی جار ئەوانەی ھەڵسەنگاندنیان کردوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بون: بەرەی دژبەرانی ئەو ڕێکخراوە و بەرەی لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە. کەسانی بیانیش لە دوورەوە ھەڵسەنگاندنی گشتیان ئەنجام داوە. زانستی مێژو شتێکی زۆر جیاوازترە لەو نوسین و ھەڵسەنگاندنە نا ئۆبژێکتیڤانەی کە تایبەت بە قۆناغە جۆربەجۆرەکانی کورد لە باکوور ئەنجام دراون. مێژووەکان چەندین لایەنیان ھەیەو مرۆڤ ناتوانێ بەتەنیا دیوێکیان ببینێ. مرۆڤ ئەبێت لە چوارچێوەی بارودۆخی کات و سەرچاوە ھزریەکان لێکدانەوە بۆ ڕوداوەکان بکات. لەو چوارچێوەیەدا، پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕەسەنێکی کۆمۆنیستیەوە لەدایک بوە کە ئەو سەردەمە بە سەردەمی ململانێی چینایەتی و دکتاتۆریەتی پرۆلێتاریا، تاقە سەرکردەی مەزن، حیزبی تاکڕەو و ناوەند ئەناسرێ. زانستی کۆمەڵناسی تایبەت بە گروپە چەکداریەکان سەلماندویانە کە زۆربەی زۆری ڕێکخراوەکان بەر لەوەی لولەی چەک لە دووژمنەکانیان بکەن، ئاراستەی بەشێک لە ھاوڕێیانیان ئەکەن. لەناو ئەو گروپ و رێکخراوانەدا بە شۆڕشگێڕەکانیشەوە، دوو ناکۆکی لەگەڵ یەکتری ئەژین و ئەمرن. ئەویش خۆشەویستی، ھاوڕێیەتی و فیداکاری لە لایەک و دڵڕەقی، لەناوبردن و گەلەکۆمە لەلایەکەی دیکە.
‌ PKK لە مێژووی خۆیدا سیفاتی پاکتەوکەر و خائین و جاسوسی کردن بۆ دەوڵەتی تورکیا و وڵاتانی دیکەی داوەتە پاڵ ئەو کەسانەی کە لێی جیابوینەتەوە یان لەلایەن ڕێکخراوەکە پاکتاو کراون. بەڵام ھیچ بەڵگەیەک نیە تا ئێستا ئەو سیفەتانە لەسەر یەکە یەکەی ئەو کەسانەدا بسەپێنێ. زۆربەی زۆری چاودێران و سەرچاوە سەربەخۆکان ئەو مەسەلەیە بۆ جیاوازی بیروڕا و چینایەتی دەگەڕیننەوە نەک شتی دیکە. جگە لەوەش زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە مێژووی PKK دا بەو شێوەیە باسیان دەکرێ، تا ئێستاش لە ئەوروپا گۆشەگیرن و ناتوانن بچنەوە تورکیا.
شەڕ و شۆڕش، ھەستی جیاواز لەگەڵ خۆی دێنێتە کایەوە. لەناو شەڕ و شۆرشدا مرۆڤ ناتوانێ باس لە دیموکراسی، تۆلێرالیزم و مافی مرۆڤ بکات. ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا تەماشای سایکۆلۆجیای کەسایەتی ڕۆژھەڵات بکەین، ئەبینین بۆشاییەکانی خۆی بە سەرکردەی مەزن، گروپی مەزن و حیکایەتی ئایدیۆلۆژی مەزن پڕ ئەکاتەوە. ھەر ئەو کاتەش بو سیفاتی “سەرۆک”Başkan بە ئاپۆ بەخشراو ڕەسمەکانی لە بارەگاکان و ماڵی دۆستانی ھەڵواسران. ئەو یەکە سەرەتا لەناو کوردەکانی لوبنان و سوریادا سەری ھەڵدا و پەیتا پەیتا گەیشتە لادێ و شارەکانی باکوور. ڕەنگبێ قسەکانی جەمیل بایک باشترین نمونە بن بۆ ئەو یەکە کە جارێک بۆی گێڕاینەوە: ((کاتێک لە ساڵی ١٩٨٦ لە دۆڵی بیقاعەوە چومە باکووری کوردستان، جێگری سەرۆک “مەبەستی ع-ئۆجالانە” بووم. ئەو کاتە سەرۆک لەناو PKKبە ھەڤاڵ عەلی  بانگ ئەکرا. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨ جارێکی دیکە گەڕامەوە دۆڵی بیقاع بارەگەی سەرەکی. ئەو کاتە سەرۆک سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی دەکرد و بۆچونی خۆی لەسەر مەسەلەی خەبات باس کرد. پاشان ڕوو لە من کرد و گوتی: (ھەڤاڵ جومعە بۆچونی تۆ چیە لەو بارەیەوە؟) منیش ڕووم لە ھەڤاڵان کرد و گوتم: (لەگەڵ بۆچونەکەی ھەڤاڵ عەلی دام). ئێوارە لە کۆبونەوەیەکی دیکەی ئاساییدا، سەرجەم ھەڤاڵان کاردانەوەی توندیان دژ بەمن نیشاندا لەبەر ئەوەی لە جیاتی ووشەی سەرۆک گوتبووم: “منیش لەگەڵ بۆچونی ھەڤاڵ عەلی دام”.))
پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەگەرچی لە گەوھەردا زۆر جیاوازترە لە ڕێکخراوەکانی دیکەی بزوتنەوەی سیاسی کوردی، بەڵام وەک سەرجەم ڕێکخراوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، حیزب بە گشتی و سەرکردەکەی بەتایبەت وەک پێغەمبەر ئەبینێ.
دوو گریمانە:
یەکەم: پارتی کرێکاران ڕێکخراوێکی مارکسی – لینینی بو. بیرۆکەی ئەو ڕێکخراوە لە سەردەمێک سەرھەڵدەدات کە شۆڕشی ڤێتنام سەرکەوتبو، شەڕی سارد لەنێوان بلۆکی سۆسیالیست و سەرمایەداری لە لوتکەدابو. جگە لەوە کوبا لەناو دڵی ئەمریکا گێچەڵی بە سیستێمی سەرمایەداری ئەکرد. ئەو شەڕە گەورانە لەلایەن سەرکردایەتی بەھێز و گەورەی وەک ھۆشمین و کاسترۆ ئاراستە ئەکران. ئۆجالان و PKK  ڕاستەوخۆ لە ھەڵومەرجێکی وا سەرھەڵئەدەن. جگە لەوە ئۆجالان ھەر لە منداڵیەوە پاشخانێکی ئایینی ھەیەو تا بەر لە دەستگیرکردنی پێیوابو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە سەرکردەی لە شێوە پێغەمبەر ھەیە. ھەرچەندە مەبەستی ئۆجالان ئەوە نەبوە خۆی بخاتە جێگای پێغەمبەرەکان، بەڵام ھەست ئەکرێ، بەشێک لە ھاوادارانی ئەو ڕێکخراوە وا ھەڵسوکەوتیان کردبێ و ئێستاش بەردەوام بن.

دووەم: ئەو خەڵکەی کە جاری یەکەم پارتی کرێکارانی کوردستان ڕوی تێکردن و کاریگەری لەسەر بەجێھێشتن، بە پلەی یەکەم کوردانی لوبنان و ڕۆژئاوا، بە پلەی دووەم کوردانی ناوچەی ماردین، سێرت و بۆتان بون. سەرجەم ئەو ناوچانە کێشەی ناسنامەیان لەگەڵ دەوڵەت ھەبو. کوردی ناوچەی ماردین و بۆتان بەھۆی سەرختی ناوچەکە. دەوڵەت نەیتوانیبو بیانتوێنێتەوە. کوردانی ڕۆژئاوا ھیچ کاتێک وەک ھاوڵاتی سوریا نەبیندراون و دەوڵەت وەک پەنابەر سەیری کردون. لەوکاتەدا ئۆجالان توانی ئەو بۆشاییە پسیکۆلۆژی و ڕوحیە پڕبکاتەوە. دروشمەکانی وەک: “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “بەگیان بە خوێن لەگەڵ تۆین ئەی سەرۆک”، ئەو دروشمانەن کە ئەوکاتە و ئێستاش لە قوتابخانەو دەزگا سەربازی و ئەمنیەکانی سوریا بەکاردەھێنرێن. لێرەدا بەڕوونی دەبینین، بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ھەندێک بواردا ئەو ڕێکخراوە لەکاتی ساوابوونیدا کەوتۆتە ژێر کاریگەری کولتوری سیاسی ناوچەکە. بەڵام توانای فکری و دەستپێشخەریەکانی ئۆجالان ھەر لە سەرەتای دروسبوونی گروپەکە بە شێوەیەکی کرداری ڕۆڵی سەرکردەی پێداوە.
بەردەوامە

http://www.columbia.edu/~lnp٣/mydocs/Blaut/national_question.htm
https://www.marxists.org/archive/lenin/works/١٩١٦/jan/x٠١.htm
http://blog.milliyet.com.tr/yakin-tarihimizin-utanc-veren-olaylari–١٢-eylul-darbesi–١٩٨٠/Blog/?BlogNo=٢١١٥١١
http://www.aljazeera.com.tr/dosya/pkk-nasil-kuruldu-ve-guclendi
https://www.youtube.com/watch?v=-Sxx٦٥qmqH٤
هیوا خۆشناو

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …