Home / بەشی مێژووی كورد / لە سەرۆک خێڵەکانەوە بۆ چالاکوانە مارکسییەکان: كوردستان لە 1946 تا 1975

لە سەرۆک خێڵەکانەوە بۆ چالاکوانە مارکسییەکان: كوردستان لە 1946 تا 1975

بیاتریس گاراپۆن و عەدنان چەلیک*
لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەعادەت دەگوترێ کەوا ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دادەسپێکی سەردەمێکی “کپی و بێدەنگییە” بۆ جووڵانەوەی کورد. ئەو سەرکوت کردنە سامناکەی کورد لە ناوچەی دەرسیمی تورکیا لە ساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٣٨دا،    هەوڵ و کۆششیکی بەدوادا هات بۆ ئاوێتە کردنی نەوە نوێکان لە کۆمەڵگە نیشتمانییەکاندا بە ڕەخساندنی خوێندنی باڵا بۆ گەنجە کوردەکان و دامەزراندنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ناوچە کوردییە دوورەکاندا کاریگەریی خۆیان هەبوو لە بێدەنگ کردنی داواکارییەکانی کورددا. چونکە پشێوییەکی گەورەی وا ڕووی نەدا لە کایەی کوردیدا تا ساڵی ١٩٦١، کاتێ کە یاخیبوونێک لە کوردستانی عێراقدا بەرپابوو. جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد تووشی پەلامار و لێدانێکی سەخت بووەوە تا دواجار لە ساڵی ١٩٧٥دا شکستی هێنا.
بەهەرحاڵ، ئەم بێدەنگییە بەدڵنیاییەوە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ شتێک ڕووینەداوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەم قۆناخە و لەڕاستیشدا پێویستە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن دواتر لە ساڵانی ١٩٨٠کان و ١٩٩٠کاندا ڕێکخرایەوە. ئەمە تەنانەت دەتوانێ یارمەتیشمان بدات لە تێگەیشتنی هەندی لایەنی بزووتنەوەی کورد وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە. دوو پەرەسەندنی سەرەکی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم سەردەمە، کە بریتین لە سەرهەڵدانێکی گەنجانی کورد و ئاڕاستە کردنی پرۆژەسازییان لە نێو داواکارییەکی گشتگیردا بۆ ئازادی (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٧ ئە).  گەنجانی کورد کە لە تورکیادا وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ دەرکەوتن لە جووڵانەوەی کورددا لە کۆتایی ١٩٥٠کان بەملاوە، ڕۆڵێکی ڕەخنەگرانە و یەکلاکەرەوەیان بینی لە وەرچەرخاندا لە هەوڵ و داواکاریی خێڵەکییانەی سەربەخۆیی لە دەوڵەتە ناوەندییەکان بەرەو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی مۆدێرن. بەم مانایە، ساڵی ١٩٥٨ خاڵێکی وەرچەرخانە. ئەو کوودەتا سەربازییە و بەدوایدا “شۆڕشی ئەیلوول” (واتە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١)، کە مستەفا بارزانی بەرپای کرد، زۆرێک لە لاوەکانی کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشا لە هەموو لایەکی کوردستانەوە. ئەمەش وا ناگەیەنێت کەوا ئەکتەرە خێڵەکییەکان لەسەر شانۆی کوردی دیار نەمان لە پاش ئەم سەردەمە و ئەوەش ناگەیەنێ کە ڕاپەڕینەکانی پێشتر خاسییەتی نەتەوەیی تێدا نەبووە، بەڵام ژمارەی ڕوو لە زیادی ئەکتەرە جۆراوجۆرەکان – گەنجی خوێندکار و سەرۆکە خێڵەکییەکان و خەڵکانی شارنشین و جووتیاران –  وێنەکەیان زۆر زیاتر ئاڵۆز کرد.
ئەم باسە لە سەرهەڵدانی لاوانی خوێندکاری کورد دەدوێ و پلان و پرۆژەیان بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و کۆڵۆنی کردن، کەوا پەرەسەندن و تەشەنە کردنی هۆکارە نوێکانی پەیوەندی کردن یارمەتیدەرن بۆ پەیوەندی و پێکەوە گرێدانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان. لە ساڵی ١٩٤٦دا، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان –  زیاتر بە کۆماری مەهاباد دەناسرێت –  کە هەوڵی یەکەمە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی. دانان و ڕابەرایەتیی دانیشتووانی شارنشین و نەوەی نوێی ڕۆشنبیران، لە یەکەم دەستپێشخەرییەکانی کورد بوو کە لە دەرەوەی دینامیکییەتی خێڵەکی بەڕێوەچووە. هەرچەندە دەنگدانەوەی کۆماری مەهاباد بەگشتی لە فەزای کوردیدا سنووردار بوو، بەڵام شکستەکەی ڕاستەوخۆ لەلایەن چالاکوانانەوە وا لێکدەدرێتەوە وەک ئەنجامێک بۆ ڕێکخستنی   خێڵەکی و بەو پێیە وەک حاڵەتێک کە پێویست دەکات هەڵبوەشێتەوە.
جۆردی تێجێڵ بە واقیع جەخت لەسەر قورسیی نووسینی نا ئاسۆتەسکیی مێژووی کورد دەکاتەوە (تێجێڵ، ٢٠١٧). دابەشبوونی فەزای کورد بە سەر دەرکەوتنی نوێی دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم ڕەهەندێکی نوێی بۆ مەسەلەی کورد دروستکرد، کە ئەویش ئاڵوگۆڕەکانی ئەمدیو و ئەودیوی سنوور و کاریگەرییەکانیان بوو لەسەر بزووتنەوەی کورد. دینامیکە سنوور بەزێنەکان بە شێوەیەکی پارادۆکسییانە دەلاقەیەکی نوێ دەکاتەوە بۆ کورد. لەکاتێکدا کە ڕژێمە ملهوڕەکان دەکەونە ستەمکاری و داپڵۆسینی پرۆتێست و ناڕەزاییە گشتییەکان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا ئاڵوگۆڕی دیوەکانی سنوور ئەگەری بەرگریی ژێرخانی سیاسی لەگەڵ خۆی دێنێتە کایەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە خۆمان لە قەرەی ئەمبەر و ئەوبەری سنوور داوە “لەسۆنگەی پەڕینەوەی بیر و ئایدیا یان ئاڵوگۆڕ پێکردنیان و ڕیفۆرم کردن لە تۆڕەکان و وێنەکان و کاڵا و بازاڕەکان و بە هەمان شێوە مرۆڤەکانیش” (هێڵگرێن و ڤاسکۆنسیلۆس، ٢٠١٠: ٢). لێرەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بە ئاڵوگۆڕی تۆکمەی بیروبۆچوونەکان لە ڕێگەی میدیای نوێوە، چەشنی ڕادیۆ یان کۆچ کردنی فیزیکی و لەنێویاندا کۆڕ و کۆمەڵی ڕووناکبیرانی کورد لە تاراوگەکانی وەک دیمەشق و بەیروت و گەلێ لە شارە ئەوروپییەکان. مەڵبەندگەلێکی نوێی وەک ئەوروپا و زانکۆ ئەوروپییەکان، گرنگی و بایەخی بەرچاویان دەستەبەر کرد لەم سەردەمەدا. هەروەها نووسەران و دانەرانیش سەرنجیان لە “گەورەپیاوان و قارەمانەکان” وەرچەرخاند بەرەو بنکەی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی کورد و خەڵکی ئاسایی. ئەوجا ئەمەش هۆکاری دۆخ و سیاقی “جەنگی ساردە”، کە بە گەلێ سەر فاکتەرێکی بڕیاردەرە لە شێوازبەندیی زۆرێک لە ڕووداوەکانی ئەم سەردەمەمان، کە ئێمە بەتایبەتی مامەڵەیان لەگەڵ ناکەین. ئێمە مەسەلەکە لە چوارچێوەیەکی گڵۆباڵدا وەردەگرین و جەختکردنەوەش لە دینامیکەکانی بنکەوە بۆ ترۆپک دەبێت.

مێژوویەکی ترانسناشناڵی کۆماری مەهاباد
لە مێژووی کورددا، بە گەڕانەوە بۆ دواوە، مەهاباد بە خاڵی جیاکەرەوە دادەنرێت. ئەمە یەکەمجارە لە سەدەی بیستدا کەوا کورد داوای دەوڵەتی خۆیان دەکەن و لەڕاستیشدا بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک بوون بە خاوەنی ئەو دەوڵەتە. کاتێ عەبدوڵا ئۆجەلان لە سووریا دەژیا هەڵۆیەکی هەبوو کە ناوی نابوو مەهاباد، لەسەر ناوی یەکەم کۆماری کورد (مارکۆس، ٢٠٠٩: ٢٦٥). ئەمە لەخۆیدا پێمان دەڵێ کەوا کۆمار بووە بە سیمبۆڵی بەرگریی کورد. بەهەرحاڵ، گرنگە ئەوە دووپات بکەینەوە، کە تا ئەو ئاستەی ئێمە بیزانین، کە لە دەرەوەی ئێران و هەندێ بەشی عێراق، لەڕاستیدا بەشێکی کەم کاتی ئەم جاڕدان و ڕاگەیاندنەیان بیستبوو.
(تێبینی: مەبەست لە ترانسناشناڵ transnational بەزاندنی سنوورە نێودەڵەتییەکانی نێوان وڵاتانە. لە کۆماری کوردستاندا لە مەهاباد ئەو هاوکاری و هاوکۆییەی کوردی بەشەکانی عێراق و تورکیا و سووریا بوو لەگەڵ کۆماردا، بەدەر لە سنووری نێودەوڵەتیی ئەو سێ دەوڵەتە لەگەڵ ئێراندا – وەرگێڕ).

یەکەم دەوڵەتی کوردی؟
ئێمە فۆکەس ناخەینە مێژووی کورتخایەنی ئەو کۆمارە، چونکە بە چاکی دۆکومێنت کراوە (بۆزئەرسەلان ، ٢٠٠٩؛ ئیگڵتن، ١٩٦٣؛ گۆرگاس، ٢٠١٤؛ کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣؛ ماکدوواڵ، ٢٠٠٤، وەلی، ٢٠١٤). لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا، دەوڵەتی ئێرانی لاوازکراو کەمە کەمە کۆنترۆڵ کردنی چواردەوری ناوچەکەی لەدەستدا و بەتایبەتی لە ڕۆژئاواوە. ئەم نەبوونی کۆنترۆڵە بواری ڕەخساند بۆ بووژانەوە و گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. لە ساڵی ١٩٤١دا، داگیرکردنی هاوبەشی ناوچەکە لەلایەن سوپای سوور و هێزەکانی بەریتانیاوە دوا گورزی سرەواندە دەوڵەتی فارسی لە کوردستانی ئێراندا. حیزبێکی نەتەوەیی نهێنی، بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوە – ژێ کاف)، دامەزرابوو و هەر زوو خۆی گۆڕی و بوو بە حیزبێکی سیاسی لە ساڵی ١٩٤٥دا، بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا) و بە پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤیێت. لە کانوونی دووەمی ١٩٤٦دا کۆمارێکی کوردی ڕاگەیەنرا و قازیی محەمەد، کە ڕۆشنبیرێک بوو بە پاشخانێکی شارستانییەوە و لە هەمان کاتدا ڕابەرێکی ئاینیش بوو، بە سەرۆکی کۆمار هەڵبژێردرا. ئەوجا دەستوورێک سەپێنرا و دەبوو مستەفا بارزانی ئاسایشی کۆمار بپارێزێت و بڕیاری لەسەر بدات، کە ڕابەر و سەرکردەیەکی بەناوبانگی چەندین ڕاپەڕینی کورد بوو لە عێراقدا.
بەڵام وەرچەرخان لە سیاقی نێودەوڵەتیدا و هاوشان لەگەڵ گرژی و ناکۆکیی تیرە و هۆزەکانی دەوروبەری مەهاباد، خێرا زەنگی مەرگی بۆ کۆمارە کوردییەکە لێدا. یەکێتیی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیێت USSR، کە تا ئەو کاتە چالاکانە پاڵپشتی کۆماری دەکرد، پشتی تێکرد بەرەوڕووی چارەنووسی خۆی ببێتەوە، کاتێ پێکدادان سەلماندی کە پڕمەترسییە. پاشان داپڵۆسین و سەرکوت کردنێکی سەختی بەدوادا هات و لەسێدارەدانی قازیی محەمەد کاری کردە سەر یادەوەرییەکانی کورد. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بەربەست و ڕێگریی نەکرد لە میللی بوونی حەدەکا، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٥٠ی یاساداناندا، ئەم حیزبە زیاد لە ٨٠ لە سەدی دەنگەکانی مەهابادی بردەوە (قاسملوو، ١٩٩١). هەروەها لە عێراقیش، حکوومەت ماوەیەکی دوورودرێژ بوو بە دەست یاخیبوونی بارزانییەکانەوە گیریخواردبوو و ئەمەی کردە دەرفەتێک بۆ تۆڵە سەندنەوەیەکی توند. لە ٢٤ی مایسی ١٩٢٤دا، چوار ئەفسەری سوپای عێراق کە چووبوونە پاڵ بارزانی لە مەهاباد بە ئاشکرا لە بەغدا لەسێدارە دران و ئەم ناوانە بوون: عیززەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، محەممەد مەحموود و خەیروڵڵا عەبدولکەریم (ئیگلتن، ١٩٦٣) و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر ڕای گشتیی کورد. پاشان بارزانی و بەدوایدا سەدان پێشمەرگە بڕیاریان دا عێراق بەجێبێڵن بەرەو تاراوگە و داوای پەنابەری بکەن لە یەکێتیی سۆڤیێت.
سێ خاسییەت بۆ ئێمە گرنگە لەم ماوە کورتەی کۆماری مەهاباددا، چونکە دەبنە مۆرکی سەردەمێکی نوێی جووڵانەوەی کورد. یەکەم، بەپێچەوانەی زۆرێک لە ڕاپەڕینەکانی پێشتر لە مێژووی کورددا، ئەمەیان خەڵکی شار ڕابەریەتییان دەکرد.  دەکرێ وا تەماشای کەرتبوونی کۆتایی هۆز و خێڵەکان بکرێت کە ئەمە هۆکاری بنەڕەتییە بۆ کەوتنی کۆمار و سەرلەبەری ئەزموونەکە خەڵکی ڕۆشنبیر و شارنشین سەرکردایەتییان دەکرد، لەکاتێکدا کە دەبوو کۆمار پشت بە دەرەبەگە فیوداڵەکان ببەستێ بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆی (کووهی – کەمالی، ٢٠٠٣). هەڵبەت فیوداڵەکانیش نەیاندەویست پاڵپشتی چاکسازیی پێشکەوتنخوازانە بکەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیان بوو. دووەم، کۆمار بنەمایەکی نەتەوەیی ڕوونی هەبوو و دامەزرێنەرانی هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی ناوچەییان دەدا بۆ کورد، کە بەتەواوی نائامادەگیی هەبوو لە ئەزموونەکانی پێشتردا، ڕەنگە کۆماری کوردیی ئاراراتی لێ بەدەر بێت. سێهەم، ئاوارەبوونی بارزانی بۆ یەکێتیی سۆڤیێت سەرەتای ماوەیەکی دوورودرێژ پێکدێنێت کەوا یەکێتیی سۆڤیێت هێزێکی چاودێر بوو بەسەر جووڵانەوەی کوردەوە.

دەنگدانەوە لە کوردستاندا بەگشتی
ئێمە زیاتر لە ئەزموونەکە خۆی، دەنگدانەوەی کۆماری مەهابادمان لە لا مەبەستە لە تێکڕا فەزا و کایەی کورددا. ئەگەرچی سەرچاوەکانی ئەم ئەم بابەتە تا ڕادەیەک  نەگونجاوە و ئەوەی لێیانەوە بەدەستیدێنین ئەوە دووپات دەکاتەوە کە دەنگدانەوەی ئەم ئەزموونە سنووردار بووە، ئەگەرچی دامەزرێنەرانی کۆماری مەهاباد هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەوایی و شەرعییەتیان داوە لە تەواوی خاک و ناوچەی کوردستاندا.  لەپێش دامەزراندنی کۆمار، لە ساڵانی ١٩٤٤ و ١٩٤٥دا، گەلێ لە سەرکردەکانی کورد لە عێراق و سووریا و تورکیاوە سەردانی مەهابادیان کردووە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ئاڵوگۆڕی هاوکاری و یارمەتی. “حەمزە عەبدوڵا و وردی (محەمەد تۆفیق وردی – وەرگێڕ” لە عێراقەوە هاتن، قەدری بەگی کوڕەزای جەمیل پاشای دیاربەکر لە    سووریاوە و “قازیی مەلا وەهاب” لە تورکیاوە هاتن. لە ئابی ١٩٤٤دا، کۆبوونەوەیەکی لووتکە لە چیای داڵانپار بەسترا، لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و ئێران و تورکیا. ئامانجەکەش ڕاگەیاندنی یەکێتییەکی سیمبۆڵیی گەورەتر بوو. جارێکیتر “قازیی مەلا وەهاب”  نوێنەرایەتیی تورکیای دەکرد (ئیگڵتن، ١٩٦٣: ٣٦). باشە  ئەمە کێیە؟ چونکە زەحمەتە باس لەمە بکرێت و ئەم ناوە لە هیچ سەرچاوەیەکی تردا نەهاتووە.
هاتنی مەلا مستەفای بارزانی لەگەڵ نزیکەی دە هەزار کەسدا مەسەلەیەکی تەواو زانراوە. بەڵام ئەوەی کەوا زانیاریی کەمی لەسەرە، ژمارەی ئەو کوردانەی کەوا لە تورکیاوە هاتوون و چوونەتە ناو لەشکرەکەی بارزانییەوە. لە باس کردنی کاروباری کەنیسەیدا ویلیەم ئیگلتن دەڵی نزیکەی پەنجا کەس لە ناو پیاوەکانی بارزانیدا بوون و لە تورکیاوە هاتبوون (ئیگڵتن، ١٩٦٣: ٥٦). لە کتێبیکی تردا، حەمید بۆزئەسەلان دەنووسێت کەوا “ژمارەیەکی زۆری” کوردی تورکیا شان بە شانی بارزانی شەڕیان کردووە (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٩: ٤٣).  بەڵام ئاسەوارێکی زۆر کەمی جموجووڵ و هاتنی کورد هەیە لە تورکیا یان سووریاوە بۆ کۆماری مەهاباد. بۆ نموونە، جانیب یڵدرم، کە چالاکوانێکی کورد بووە و لە ساڵی ١٩٤٦دا خوێندکاری کۆڵێج بووە لە ئەنقەرە –  کە لە ساڵی ١٩٢٥ لە لایس لەدایکبووە –  و لە یادەوەریی خۆیدا وای دەگێڕێتەوە: “ئێمە دواتر دەنگوباسی مەهابادمان بیستووە و کاتێ کە چووم بۆ فەرەنسا، لە دوای ساڵانی ١٩٥٠کانەوە.  تەنانەت ئەو کاتەش لەبەر ئەوە بوو کە من مەراقم بوو و لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ ئەو خوێندکارە کوردانەی لە ئێرانەوە هاتبوون و …  ئەوانیش بۆیان باس دەکردین کە چۆن قازیی محەمەد حوکمی سێدارەی بەسەردا دراوە و جێبەجێ کراوە” (میرئۆغڵوو، ٢٠٠٥: ١١٢). جانیب یڵدرم کەسێکی بە ناوی سافی ناسیوە، کە سکرتێری شەخسیی قازی محەمەد بووە، بەڵام ئەوە ڕووندەکاتەوە کە سافی حەزی نەکردووە لەبارەی مهابادەوە قسە بکات، چونکە لە ژێر کاریگەریی شۆک و ترۆمای لەسێدارەدانی قازی محەمەددا بووە.
لە ئەنقەرە، جانیب یڵدرم بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵ خوێندکارانی تر دەکرد کە لە دیاربەکرەوە هاتبوون بەڵام ئاشکرایە کە شتێکی لەبارەی مەهابادەوە نەبیستووە. بەڵام لە ئەستەمبووڵ شتەکان جیاواز بوون. تاریق زیا ئیکینجی و مووسا عەنتەر، کە لەو کاتەدا قوتابی بوون لە ئەستەمبووڵ و پێکەوە لە “بەشی ناوخۆیی یان نیشتەجێبوونی دیجلە” (Yurdu  Talebe (Dicle  دەژیان دەنگوباسی کۆماری مەهابادیان بیستبوو. تاریق زیا ئیکینجی لە کتێبی یاداشتەکەیدا دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێکیان نەجات جەمیل ئۆغڵوو لە کتێبخانەکەی کە تێیدا ئامادەکاریی بۆ تاقیکردنەوەکانی دەکرد لێی نزیکبووەتەوە و پاکەتە چکلێتی پێشکەش کردووە. کاتێ پێکەوە چووبوونە دەرەوە بۆ وەرگرتنی چکلێتەکە، نەجات جەمیل ئۆغڵوو پێی وتووە گوایە هۆکارەکەی ئەوەیە کە تازە کۆماری مەهاباد ڕاگەیەنراوە و تاقە ڕێگە و شێوەیان بۆ ئاهەنگگێڕان چکلێت خواردنەکەیە. کاتێ نەجات جەمیل ئۆغڵوو ئەوەی وتووە، تاریق زیا ئیکینجی بیری هاتووەتەوە کە پەرەگرافێکی لە ڕۆژنامەدا خوێندووەتەوە و باسی لە دامەزراندنی کۆمارێکی کوردیی کردووە لە ئێران بە پاڵپشتی یەکێتیی سۆڤیێت (ئیکینجی، ٢٠١٠: ٢١١). ئەم ڕووداوە ئەوە دەردەخات کە خوێندکارە کوردەکان ئاگایان لە کۆماری مەهاباد بووە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاهەنگگێڕانەکە زۆر سادە بووە و بەتەواوی دوور بووە لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی و ئەویش ئەوەیە کە تەنها دوو خوێندکار بوون لە بەردەمی کتێبخانەکەدا چکلێت دەخۆن.
ڕووداوێکی هاوشێوەش باس دەکرێت لە چاوپێکەوتنێکی شاهین جزرەئۆغلوودا، کە سەر بە بنەماڵەیەکی گرنگ بوو لە دیاربەکر کە لە ساڵانی ١٩٣٠کاندا دوورخراونەتەوە بۆ تاراوگە. کاتێ کە لە ساڵی ١٩٤٦دا لێبووردنی گشتی راگەیەنرا، ئەندامانێکی کەمی خێزان و بنەماڵە گەورەکان کە لە تاراوگە گەڕابوونەوە لە ئەستەمبووڵ یەکیانگرتەوە. ئەوجا لێرە بڕیاریاندا هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر بکەن کاتێ کە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە و گوندەکانیان. ئەمە ئەو کاتە بوو، وەک شاهین جزرەئۆغلوو دەڵێ “ڕووداوی ‘کۆماری کوردیی مەهاباد’  هاتە کایەوە” (دیکەن، ٢٠١٠: ٢١٩). ئەوان لە کاتی کۆبوونەوە و یەکتر بینیندا گوێیان لە پەخشی ڕادیۆی عێراق دەگرت بە کوردی. ئەم لەوە زیاتر شتێکی تری نەوت لەبارەی کۆمارە کوردییەکەی مەهابادەوە و ئەوەی لەڕاستیدا وتیان لەو بارەیەوە بوو کە چۆن ئەوەیان بیستووە یان گوێیان لێ بووە. بەڵام ئەو ڕاستییەکی سادەی بیردێتەوە کەوا مەهاباد یەکێك بووە لەو بابەتانەی مشتومڕ لەسەر کردن، جەند دەیەیەک دواتر و ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمە پێویستە ببێتە بابەتێکی گرنگی قسە لەسەر کردن.
لە مارتی ١٩٤٧دا، کۆبوونەوەیەکی سیاسیی کراوەتر ساز کرا لە بەشی ناوخۆیی دیجلەی نیشتەجێی قوتابییان لە ئەستەمبووڵ، کە تێیدا تاریق زیا ئیکینجی بانگهێشت کرابوو بۆ کۆبوونەوەیەکی بچووک لەلایەن دوو قوتابیی کوردەوە، کە عەزیز گوڵبەدەن و شەوکەت چەلیککەنەت بوون. کۆبوونەوەکە حەوت هەشت کەسی لەخۆگرتبوو بە سەرۆکایەتیی عەلی قەرەخان کە تەمەنی لەوان گەورەتر بوو و لە ساڵانی پەنجاکاندا بووبوو بە چالاکوانێکی کورد. عەلی قەرەخان کورتەیەک لەسەر بارودۆخی ئێران پێشکەش دەکات: کۆمارێک دامەزراوە بەڵام شا بڕیاری لەناوبردنی داوە و سزای لەسیدارەدانیشی بۆ قازی محەمەد دەرکردووە. ئەوجا ئەوەشی وتبوو کە “ئەرکی” (پاراستنی کۆمارە کوردییەکە)، ئێستا دەکەوێتە ئەستۆی “گەلی کورد” و “لاوانی کورد”. ئەو داوای لە هەموو قوتابییانی ژوورەکە کرد کە ئەستەمبوول بەجێبێڵن و بەرەو ئێران بڕۆن بۆ ئەوەی شان بە شانی برا کوردەکانیان بجەنگن (ئیکینجی، ٢٠١٠: ٢١٢). لێرەدا مشتومڕێک دروستبوو لە ناو قوتابییە ئامادەبووەکاندا، ئاخۆ باشترین ڕێگە بۆ یارمەتیدان و هاوکاری کردنی گەلەکەیان چییە؟ ئایا پێویستە خوێندنیان تەواو بکەن و کار و فرمانێک پەیدا بکەن، یان دەبێ ئێرە بەجێبێڵن بۆ ئێران و دژ بە لەشکری ئێران بجەنگن؟ ئەنجام کۆبوونەوە بچووکەکە بوو بە دوو بەشەوە و قسە و گفتوگۆکەیان بێ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کۆتایی هات. بەڵام ئیکینجی ئەنجامگیری دەکات و دەڵێ لەڕاستیدا هیچ کەسێک ئەستەمبووڵی بەجێنەهێشت بۆ ئێران تاوەکوو لەپێناوی کۆماری مەهابادا شەڕ بکات.
ئەوەی کە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە لەم گفتوگۆ و بێنە و بەرەیەدا تۆنی موحازەرەکەی عەلی قەرەخان و سووربوونی بوو لە سەر ڕۆلی “گەلی” کورد و “لاوان”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ تێگەیشتنێکی نوێی تێکڕا فەزای کورد و هەروەها ئیشارەتیشە بۆ پەیدابوون و دەرکەوتنی گەنجانی خوێندکار وەک ئەکتەرێکی نوێی سیاسەتی کوردی. ئەنجامی مشتومڕەکە و ئەو ڕاستییەی کە لە واقیعدا هیچ کەسێک نەچوو بۆ شەڕکردن لە ئێران و بوو بە بەڵگەش لەسەر ئەو هاوکۆیی و هاوکارییە سنووردارەی نێوان بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی کورد لەو کاتەدا. لە حاڵەتەدا کە زۆربەی خوێندکاران تەواوکردنی خوێندن و کار دەستکەوتنیان هەڵبژارد لە تورکیادا، ئەوە بەو هۆیەوە بووە کە ئەوان هەستیان بە پێویستیی تێکەڵبوون کردووە لە ژیانی سیاسیی تورکیادا و دواتر بەشێکی زۆریشیان هەر وایانکرد لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا.
بەکورتی، وا پێدەچێت کە تەنها دەستەبژێرانی کورد، لە ناویشیاندا، ئەندامە زیاتر سیاسەتمەدارەکانیان دامەزراندنی کۆماری مەهابادیان بیستبوو. خوێندکارە کوردەکان لە ئەستەمبووڵ سەر بە بنەمالە گەورەکانی کوردستانی تورکیا بوون. ئەوەی جێی سەرنجە، کەوا کۆماری مەهاباد لە کاتێکدا ڕاگەیەنرا کە زۆرێک لە گەنجە سیاسەتکردووەکان لە تورکیادا دەرکەوتبوون، بە هۆکاری ژمارەیەکی زۆری دینامیک. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٤٨دا، پێنج خوێندکاری بەشی ناوخۆیی دیجلە، کە بریتی بوون لە – مستەفا ڕەمزیی بوجاک، یوسف عەزیز ئۆغلوو، زیا شەرەفخان ئۆغلوو، فایەق بوجاک و مووسا عەنتەر –  بڕیاری دامەزراندنی کۆمەلەیەکیان دا بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی گەلی کورد، بە ناوی “کۆمەڵەی ڕزگار کردنی کورد” Kürtleri Kurtarma Cemiyeti)  (عەنتەر، ٢٠١١: ٥٧). ئامانجی “ڕێکخراوەکە” هەوڵدان و داکۆکی کردن بوو لە مافەکانی هاوڵاتییانی کورد. هەرچەندە ئەم ڕێکخراوە هەرگیز ئەندامەکانی لە پێنج کەس تێپەڕی نەکرد، بەڵام ڕوون و ئاشکرا سروشتی نەتەوەیی بوو، کە دەبوایە ئەندامەکانی سوێند بە ئاڵایەکی کوردی بخۆن و یەکێک لە خۆیان، کە مووسا عەنتەر بوو، بە دەستی خۆی چنیبووی.
گرنگترین شت کە سەرنجی بدەین ئەو ڕێگە و شێوەیە بوو کەوا قوتابییەکانی ئەستەمبووڵ شکستی کۆماری مەهابادیان پێ لێکدەدایەوە. لە یاداشتەکانی تاریق زیا ئیکینجیدا، ڕەخنەیەکی فیوداڵیزم پەرەی پێدراوە ڕاستەوخۆ لە دوای ناوهێنانی سەردەمی کۆماری مەهاباد. بە ڕەچاوکردنی ڕووخانی کۆمار، گەنجە قوتابییەکانی ئەستەمبووڵ گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامگیرییەی خوارەوە: خێڵگەرایی هۆکاری لاوازبوونی جووڵانەوەی کوردە. بەسەر یەکەوە ڕاگەیاندن و کەوتنی کۆماری مەهاباد و ئەو شێوازەی کە پێی لێکدەدرێتەوە لە جوگرافیای گەورەی کورددا، خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورددا. ئەوەش خاڵی سەرەتای دینامیکە نوێکان بوو، کە بریتی بوو لە گۆڕانی خاڵی سەرۆکایەتی و دەمڕاستی لە دێهاتەوە بۆ سەنتەری شارەکان هەوڵدان و داواکاری بۆ دەوڵەتێکی خاوەن خاک و قەڵەمڕەو و سەرهەڵدانی گەنجانی قوتابی کەوا خێڵگەراییان بە مایەی لاوازیی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد دەبینی. ئەم داواکاری و ئەکتەرە نوێیانە دواتر بوون بە پێشەنگی پەرەسەندنە سیاسییەکان لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا.

خاوەن پرۆژەکانی ئیتنۆ –  سیاسیی مەسەلەی کورد لە   تورکیا و سووریای دوادوایی ١٩٥٠کاندا
لە هەردوک تورکیا و سووریادا، سەرکردەی جۆری نوێ سەریان هەڵدا لە دوادوایی ١٩٥٠کاندا.  لە تورکیادا،  ئەم دەیەیە بۆ کورد سەردەمی    تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونی بەرفراوانی کۆمەڵگەی تورکی بوو. گواستنەوە لە ڕژێمی تاک حیزبییەوە بۆ سیستەمێکی فرەحیزبی بواری رەخساند کە هەندێ داواکاریی کورد گوزارشی لێوە بکرێت، بەتایبەتی لە لایەن ئەندامانی کوردی پەرلەمانەوە (چەلیك و گاراپۆن، ٢٠١٧).  لە کۆتایی دەیەدا، سەرکوت کردنی تورکیا دەبێتە مۆرک و خاڵێکی وەرچەرخان. لە سووریا، کوردەکان بە شێوەیەکی سەرەکی چوونە ڕیزی پارتی کۆمۆنیستەوە، بەڵام هەژموونی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو بە هۆکاری ئەوەی کە لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠کاندا ڕیزەکانی ئەو حیزبە بەجێبێڵن.

لە ئاوێتەبوونەوە بۆ چالاکوانی سیاسی: “٤٩کان (٤٩لەر)” لە تورکیادا
پێکهێنانی دەستەبژێرێکی نوێ و خوێندن تەواوکردووی کورد لە تورکیادا، لە کۆتایی ١٩٥٠کاندا، هاوزەمانە لەگەڵ سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی جووڵانەوەی کورددا. یەکەمین داواکارییەکان قورسایی خۆیان خستە سەر چالاکییە کولتوورییەکان و چەمکی کوردبوون یان کوردیزم (Kürtçülük)، لە فۆرمی پێداچوونەوە و نووسین و گرووپ و ڕێکخراوی بچووک بچووک کە لە دەوری بیر و ئایدیای سیاسی کۆدەبوونەوە. بەم جۆرە کوردیزم لە کایەی ئاشکرادا بووژایەوە، ئەگەرچی بە شێوەیەکی پەراوێز و لاوەکیش بووبێت (چەلیک، ٢٠١٨). ئەم “پرۆژە ئیتنیکییە سیاسییانە”، بە دەربڕینی واتس (٢٠١٠)، وایکرد کە پرۆتێست و ناڕەزایی کورد بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی ئیتنیکیی بەردەوام لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا، بەپێچەوانەی یاخیبوونەکانی سەردەمی کۆماری، تەنانەت ئەگەر جالاکییەکانیان تەنها داواکاریی سنوورداری جەماوەری کورد بووبێت تا کوودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ (ئەسڵان، ٢٠١٥: ١١٨).
ڕووداوی “٤٩کان” قەوماوێکی گرنگ بوو کەوا کاریگەریی بەسەر نەوەیەکی تەواوەوە جێهێشت. گەلێ کەس کە ئەزموونیان کردووە وەک ئیڤێنتێکی بناغە باسی دەکەن کە خاڵێکی وەرچەرخانی پێکهێناوە و بووە بە یەکەم لەدایکبوونەوەی مەسەلەی کورد و بە شێوەیەکی دەستەجەمعی و ئاشکرا مامەڵەی لەگەڵ کرا و بۆ یەکەمجار لە سەرکوت کردنی ساڵانی ١٩٣٠کانەوە. دوو ڕووداو لە کۆتایی ١٩٥٠کاندا لە سەرەتادا بوون بە هاوکاری جۆش و خورۆشی ئەم “پرۆژە ئیتنۆسیاسییانە” و مەسەلەکە لە کۆتاییدا سەریکێشایەوە بۆ گرتنی چل و نۆ کەسیان و ناونرا ڕووداوی کیمیل و ڕاگەیاندنی دژەکورد لەلایەن نوێنەرێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)وە لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا و بەدوایدا “ڕووداوەکانی کەرکووک” هات. لە ٣٠ی ئەيلوولی 1959دا، شاعیر و نووسەری کورد مووسا عەنتەر، کە داکۆکیکارێکی چالاکی شوناسی کورد بوو، چامە شیعرێکی بە کوردی بڵاوکردەوە لە ڕۆژنامەکەی خۆیدا، “ئیلەری یورتIleri Yurt ” بە ناونیشانی ” کیمیل Kımıl” واتە (مێرووی گەنم). ئەمەش یەکێک بوو لە یەکەم هەوڵەکان لە ساڵانی ١٩٣٠کانەوە بۆ ڕەخنەگرتنێکی ئاشکرا لە چەوساندنەوەی ناوچە کوردییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکییەوە. مەسەلەکە دەسبەجێ سەرنجێکی بەرچاوی ڕۆژنامەکانی تورکیای بۆ لای خۆی ڕاکێشا و کەوتنە ڕەخنە کردنی. لە ئەیلوولی ١٩٥٩دا و لە دۆخ و سیاقی کاردانەوەی تورکیا بۆ دانپیانانی دەستووری بە مافە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی کورددا لە عێراق دەستەبژێری تورکیای نیگەران کرد و مووسا عەنتەر و جانیب یڵدرم و عەبدوڕەحمان ئەفهەم دۆڵاک گیران، کە نووسەر و خاوەنانی ڕۆژنامەی ئیلەری یورت بوون (بڕوانە عەنتەر، ٢٠١١؛ میرئۆغڵوو، ٢٠٠٥).
لە پاش کوودەتای ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق، ژمارەیەکی زۆری تورکمان تووشی چەوساندنەوە بوون و ئەمەش کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتەوە لە ناوەندە ڕەگەزپەرست و ڕاستڕەوە توندئاژۆکانی تورکیادا. عاسم ئێرەنی، کە نوێنەرێکی پەرلەمانیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بوو و (قوتابییە کوردەکان نازناوی ‘ڕۆمێل’یان لێ نابوو) ( بۆزئەرسەلان، ٢٠١٣)، لە پەرلەماندا سکاڵای ئەوەی کرد کەوا کوردەکان لە عێراق تورکمانیان کوشتووە و هۆکاری ئەم کوشتارەی گێرایەوە بۆ هێزەکانی بارزانی و داکۆکیی لە سیاسەتێکی کینە و ڕق دەکرد دژ بە کورد لە تورکیادا. ئەو دەیگوت کەوا “کوردەکان براکانی ئێمەیان کوشتووە، بۆیە ئێمەش دەبێ چەند تورکمان کوژراوە ئەوەندە کورد بکوژین” (موقابەلەی بیلمیسل – مقابلة بالمثل (Mukâbele-i bil misil. ئەم گوتارە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە لە ناوەندە کوردییەکاندا (عەنتەر، ٢٠١١؛ ئیکینجی، ٢٠١٠: ٣٧٥؛ پێشەنگ، ٢٠١٥)، بەتایبەتی لە ناو قوتابییان و ڕۆشنبیراندا، کە پەنجا کەسیان لێ گیرا و لە ماوەی چاوەڕوانی دادگایی کردندا یەکێکیان لێ مرد و ئەوانی تر ، لەوە بەدوا، بە “چلونۆکە”  (کیرک دۆکوزلەر) دەناسران. ئەوان بە “کوردیزم ‘کوردایەتی’ و کۆمۆنیزم” تۆمەتبار کران، لەبەر ئەوەی برووسکەیەکیان بۆ باڵیۆزانی بیانی لە تورکیا و ڕۆژنامەکانی تورکیا ناردبوو، بۆ پرۆتێست و ناڕەزایی دەربڕین لە سەر ئەو شێوەیەی کە ڕۆژنامەگەریی تورکیا بانگەشەیان بۆ کوشتار و قەسابخانەیەک کردووە دژ بە کورد (چاملیبێڵ، ٢٠١٥؛ پێشەنگ، ٢٠١٥).
مەسەلەی ٤٩ کەسەکە نموونەیەکی باشە بۆ ئەم “خاوەن پرۆژە ئیتنۆسیاسییانە” لە دوادوایی ساڵانی ١٩٥٠کان بەملاوە. یەکەم، نموونەکە گۆرانکاریی نەوەکان پێشان دەدا، کە هەموو ئەم چالاکوانانە لە “نەوەی ترس و تۆقین” نین، کە لە سەردەمی داپڵۆسین و سەرکوت کردنی ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ١٩٣٠کان لەدایکبوون و منداڵییان لە تاراوگە و ئاوارەییدا بەسەربردووە.   هەندێک لەوانە تەمەنیان کەم بوو (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٣). زانکۆ تا دەهات بایەخی زیاتر دەبوو لە دروستکردنی ناسنامەی سیاسیی کورددا. زۆربەی ئەو پیاوانەی لە زینداندا بوون بڕوانامەی زانکۆیەکیان هەبوو – کە نۆزدە لەوانە لە کۆڵێجی یاسا دەرچووبوون، یانزەیان کۆڵێجی پزیشکییان تەواو کردبوو، حەوتیان ئەندازەیان خوێندبوو و سیانیشیان ئابووری. لە لایەکی ترەوە  دەتوانین بگەینە ئەنجامگیریی سێهەم، کەوا زۆربەی ئەم قوتابییانەی زانکۆ لە خێزانی ئاسایی و هەژارەوە هاتبوون، بەپێچەوانەی “بنەماڵە و خێزانە گەورەکانەوە” کە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتییان بەهێز بوو و هەژمووندار بوون بەسەر ژیانی سیاسیی ناوچە کوردییەکاندا (چەلیک و گاراپۆن، ٢٠١٧)، ئەوان لە هەموو ناوچەکانی کوردستانەوە هاتبوون. دواجاریش، ئەوان هەستیار بوون لەئاست گوتاری جیهانیی دژە کۆڵۆنیاڵیزمدا. هەندێکیش لەوان لە دەرەوە خوێندبوویان (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٣)، بۆ نموونە، ناسی کوتلەی چامە شیعرێکی نووسیبوو لەبارەی خەباتی جەمیلە بووحێردەوە، کە چالاکوانێکی بەرەی نیشتمانیی ڕزگاریخوازی جەزائیر بوو و ساڵی ١٩٣٥ لە جەزائیر لەدایکبووە، کاتێ کە لە بەندیخانەدا دەبێت لە کەیسی ٤٩ کەسەکەدا (تێمێڵ، ٢٠١٥).
لەکۆتاییدا، دەرکەوتنی گەنجی کوردی سیاسەتکردوو یەکێکە لە مەسەلە بەرچاوەکانی پەرەسەندنەکانی بزووتنەوەی کورد لە تورکیای ساڵانی ١٩٦٠کاندا. ئەو قوتابییانە زیاتر بە لای بیروباوەڕی مارکسییەتدا دەڕۆیشتن. بە هەمان شێوە مارکسییەت هەندێ لە چالاکوانە کوردەکانی سووریاشی بە لای خۆیدا ڕاکێشابوو، هەرچەندە بە مەودا و قووڵییەکی جیاوازەوە بوو.

کوردەکانی سووریا لەنێوان ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزمی کوردیدا
لەپاش کۆتایی هاتنی ماندێتی فەرەنسی لە سووریا لە ساڵی ١٩٤٦دا، دانیشتووانی کوردی ئەو وڵاتە تێکەڵاوی بەشداریی سیاسی بوون لەسەر ئاستی نیشتمانی. بەهەرحاڵ، لەم بەشدارییەدا کورد دوودڵ نەبوون لەنێوان “ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزمی کوردیدا” (تێجێڵ، ٢٠٠٨: ٤٢). زۆرێک لە کوردەکان کەوا لە یەکەکانی هێزی ماندێتی فەرەنسیدا خزمەتیان دەکرد لە ماوەی ماندێتی فەرەنسیدا بەردەوام بوون بەردەوام بوون لەسەر چالاکیی خۆیان لە قۆناخی دوای ماندێتدا و پاشان لایەنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی سوورییان گرت، کە لەو دەمەدا زۆر نزیک بوو لە چەپەوە. لە ساڵی ١٩٤٩دا دووان لە سێ دیکتاتۆرەکەی سووریا کە بەدوای یەکدا هاتن (حوسنی ئەلزەعیم و ئەدیب ئەلشیشکلی و سامی ئەلحینناوی) بە ڕەگەز کورد بوون (تێجێڵ، ٢٠٠٨: ٤٤).
ئەمە تا ڕادەیەک جێی سەرسوڕمان بوو کاتێ ئەوەمان بیر دەکەێتەوە کە لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کاندا، سووریا بووبووە مەڵبەندی جالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد، پێکەوە لەگەڵ لوبناندا. ئەم چالاکییانە، کە بە شێوەیەکی گەورە و بەرچاو هاوکار بوون لە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ناوچەکەدا، لەلایەن ئەو ڕووناکبیرە کوردانەوە بەڕێوەدەبران کە بە هۆی سەرکردە ناسیۆنالیستەکانی تورکیاوە دەرکرابوون و ئاوارە بووبوون، جەسنی نەوەکانی جەمیل پاشا – کەوا کوڕەزاکەی لە ساڵی ١٩٤٤دا سەردانی مەهابادی کردبوو وەک کوردێكی سەرکردە و قسە ڕۆیشتوو. (گوینەش، ٢٠١٩: ٦٣؛  تێجێڵ، ٢٠٠٨). لەپاش کشانەوەی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٨دا، ڕووناکبیرانی کورد بەردەوام بوون لەسەر کۆششی خۆیان بۆ بووژاندنەوە و پەرەپێدانی هۆشیاری و کولتوور و شوناسی نەتەوەیی کورد لە سووریادا.
بەهەرحاڵ، ناسیۆنالیزمی کوردی بەرەوڕووی ئالینگارییەکی توند و قورس بووەوە بە هۆی مەیل و کەمەندکێشییەوە لەلایەن ئایدیۆلۆجیا و حیزبی کۆمۆنیستەوە. لە ناو هەر چوار پارچەی کوردستاندا، کوردستانی سووریا بەراییترین و بەربڵاوترین شوێن بوو کە پارتی کۆمۆنیست تێیدا تەشەنە و گەشە بکات و جێگەی شیاوی خۆی بکاتەوە. بەگوێرەی هاڕیت ئەڵسۆپ (٢٠١٥)، چەندین فاکتەر هەیە بۆ ئەمە. یەکەم، پارتی کۆمۆنیستی سووریا، کە لە ساڵی ١٩٢٧دا دامەزراوە، لەلایەن خالید بەکداشەوە ڕابەرایەتیی دەکرا، کە خۆیشی کورد بوو، لە ساڵی ١٩٣٦وە تاوەکوو مردنی لە ساڵی ١٩٩٥دا. بەکداش ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە هێشتنەوەی پشتگیریی بنکەیەکی جەماوەریی بەرچاوی کورد بەدرێژایی مێژووی ئەو حیزبە (جگەرخوێن، ٢٠٠٣). دووەم، بەچڕی هێنانی مەکینە و ئامێری کشتوکاڵی بۆ وڵات گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی – ئابووریی گرنگ و بەرچاوی دروستکرد لە ناوچە کوردییەکانی سووریادا و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ ئەوەی گرووپە جۆراوجۆرەکان – بە شێوەیەکی سەرەکی خاوەن مڵکە زەویدارەکان و جووتیارەکانیان –  بکەونە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەستەبەر کردنی توانا و دەسەڵات. بەو پێیە حیزبی شیوعی بوو بە حیزبیکی میللی لە چیا کوردییەکاندا. مامەڵە و سەوداکردنی حیزبی شیوعی لەگەڵ مەسەلەکانی وەک یەکسانی و مافی جووتیاران و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سامان و خۆشگوزەرانی بوو بە مایەی پەسەندی و دڵبەندییەکی خێرا لەلایەن چینی جووتیارانی کوردەوە و لە ناو ڕۆشنبیرانیشدا. هەروەها حیزبی شیوعیی سووری سەرنجی جگەرخوێنی شاعیری کورد و ڕۆشنبیرانی کوردیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا وەک محەممەد فەخری و ڕەشید حەممۆ و شەوکەت نەعسان. پشتیوانیی سۆڤیێت بۆ مەلا مستەفای بارزانی لەپاش ئاوارەبوونی  فاکتەرێکی سێهەمی گرنگە کەوا کوردی سووریای بەرەو حیزبی شیوعیی سووریا ڕاکێشا (ئەڵسۆپ، ٢٠١٥: ٦٨ – ٦٩).
لەبەر ئەم هەموو هۆکارانە و بەزۆریش پێدەچێت بە هۆی ئاڕاستەی چەپڕەوییەوە کە سەدا و دەنگدانەوەی مێشکی جووتیارە هەژار و بێ زەوییەکانی داگیر کردبوو و هەروەها لاوە خوێندەوارەکانیش، کە لە ئایدیۆلۆجیای مارکسی – لینینیدا هۆکارێکیان دەبینییەوە بۆ ڕەخساندنی ڕزگاربوون و یەکسانی و دادپەروەری بۆ گەلی کورد، بۆیە حیزبی شیوعی بوو بە سەنتەری چالاکییە سیاسییەکانی کورد لە دوادوایی ساڵانی ١٩٤٠کانەوە تا ساڵی ١٩٥٧ (ئەڵسۆپ، ٢٠١٥: ٦٩).
لە ساڵانی ١٩٥٠کانەوە شتەکان کەوتنە ئەوەی گۆڕانکارییان بەسەردابێت کاتێ کە سەرهەڵدان و برەوسەندنی دوژمنکارانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی پاڵی بە چالاکوانە کوردەکانەوە نا لە سووریا کەوا حیزبێکی نوێ دابمەزرێنن کە ڕوون و ئاشکرا وا نەخشەی بۆکێشرابوو کە بەرگریی لە مافەکانی کورد بکات و ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا بوو. هەژموونی گوتاری نەتەوەیی عەرەب لە سووریادا لە نێو هۆکارە یەکەمەکانی دامەزراندنی ئەو حیزبە کوردییە بوو. لە ساڵی ١٩٥٨دا، یەکگرتنی سووریا لەگەڵ میسری ناسریدا لە “کۆمارێکی عەرەبی یەکگرتووی” کورتخایەندا نموونەیەکی ئاشکرای دڵبەندیی بەرپرس و کاربەدەستە سوورییەکانە بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبی. بەڵام مەسەلەکە زۆری تریشی بەدەمەوە هات و وەک بەرپرسانی پارتی کۆمۆنیست وادیار بوو سڵیان لەو ژمارە زۆر و بەرچاوەی پاڵپشت و لایەنگرانە کردەوە و ترسان لەوەی حیزبەکەیان ببێتە حیزبێکی کوردی (جگەرخوێن، ٢٠٠٣: ٣٠٧ – ٣٠٩)، بۆیە هەڵوێستی پارتی کۆمۆنیست، لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا،  لە بەرانبەر داواکارییەکانی کورددا لە ئاسانکاری و چاوپۆشییەوە گۆڕا بۆ ڕەتکردنەوە و ویستیشی چاپ و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی بەرتەسک و سنووردار بکات و تەنانەت هەڵوێستیکی فەرمیشی وەرگرت و رەتیکردەوە کە دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا بنێت لە سووریادا. ئا لەم بارودۆخەدا بوو کەوا لە ساڵی ١٩٥٧دا پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا دامەزرا و ئامانجی  گشتیی دانپیانان بوو بە مافە فەرهەنگی و کولتوورییەکانی کورد و بە گۆرانکارییە دیموکراتییەکان لە سووریادا. ئەم ڕێکخراوە زۆر دەوامی نەکرد و لە ساڵی ١٩٦٠دا سەرکردەکانی گیران و هەر زوو چالاکییەکانی خۆی کردە نهێنی.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەریی خۆی هەر بە گەورەیی مایەوە لە ناو ئەو خوێندکارە کوردانەدا کە بە مەبەستی خوێندن نێردران بۆ ئەوروپا. ئەم خوێندکارانە و ژمارەیەکی کەمی ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە ڕێکخستنی پشتیوانی لە دەرەوە بۆ شۆڕشی بارزانی لە عێراق (وەک عیسمەت شەریف وانلی و نورەدین زازا؛ بڕوانە وانلی، ٢٠١٤؛ زازا، ١٩٩٣). لە ڕاستیدا، ساڵی ١٩٥٨ لە سووریادا دەسپێکی سەردەمێکی فرەیی سنووردارە بە هۆی یەکگرتنەوە لەگەڵ میسری تاکڕەوی ژێر دەسەڵاتی ناسردا و ئەوە لە عێراقدایە کە سەرلەنوێ بزووتنەوەی کوردی تێدا لەدایکدەبێتەوە.

دینامیکە نوێکانی سنوور بەزاندن: ڕێگەوبانەکان و  ڕادیۆ و ئەوروپا وەک سەنتەرێکی نوێ
شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ و گەڕانەوەی بارزانی بۆ عێراق و “شۆڕشی ئەیلوول” لە ساڵی ١٩٦١وە و دەنگدانەوەیان لە فەزای کورددا هەرێمی کوردی عێراقیان خستە ناوجەرگەی کوردستانێکی نوێی وێناکراوەوە. بەڵام ئەمەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆرانکارییە قووڵانەی پەیوەندی کردن و تێپەڕاندنی سنوورەکان و ئەو دینامیکە ترانسناشناڵانەی کار لەسەر گۆڕانکاریی ناوچەی کوردی دەکەن بەگشتی.

“تێپەڕاندنی سنوورەکان” لە فەزای کوردیدا: دینامیکە کۆن و نوێکانی ترانسناشناڵ
سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران، ئێران و تورکیا، تورکیا و سووریا هەمیشە هەمیشە ڕاگوزەر و شوێنی پەڕینەوە و ئەمبەر و ئەوبەر بوون.  بە شێوەیەکی نەریتی هاتوچۆ کردن لە سنوورەوە و کۆچە وەرزییەکان  فاکتەری گرنگ بوون بۆ بەلێشاو ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاری و قسە و باس.
خێڵە نیمچە کۆچەرەکان، کە هەموو هاوینێک لە سنوور دەپەڕینەوە، تا   توندوتۆڵ کردنی سنوورە نێودەوڵەتییە نوێکان، هێزیکی سنووربەزێن بوون. حکوومەتە نیشتمانییەکان زۆریان هەوڵدەدا کە کۆنترۆڵیان بکەن بەڵام سەرکەوتنێکی کەمیان بەدەستدەهێنا. لە ساڵی ١٩٤٣دا، لەسێدارەدانی بێ دادگایی کردنی سی و سێ جووتیاری کورد لە تورکیا کە بەردەوام و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک  لە سنووری ئێران دەپەڕینەوە دەکرێ بەو هەوڵدانەوە گرێبدرێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو خێڵانە (بڕوانە بێشکچی، ١٩٩١؛ ئوێزگەن، ٢٠٠٣). لە ساڵی ١٩٦١دا، ڕاپۆرتێکی دیبلۆماسی لەلایەن پێیەر لیسکۆی ڕاوێژکاری باڵوێزی فەرەنسا، ئیشارەت بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی ئێران باجی سەر ئاژەڵیان زۆر بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی خێڵەکان واز لە پەڕینەوەی سنوور بێنن١.  گواستنەوەی هەموو جۆرە کاڵایەک، تووتن، ئەلکوهول و چەک، لە هەندێ ناوچەی دیاریکراو هۆکاری بژێویی بوون بۆ زۆربەی دانیشتووان.
قاچاخچێتی هەر لەسەر ئەو کاڵایانە ڕانەوەستاوە کە دەوڵەت قەدەغەی کردوون، بەڵکو دەبێ وا پێناسەش بکرێت کە “تەحەدایەکە” و ڕێی خۆی گرتووە بەدوای ڕەهەندە مادییەکانەوەیە. لە ڕاستیدا، قاچاخچێتی دوورە لە سنووردار کردنیەوە بۆ ئازوگوێزی کاڵای قەدەغەکراو، بەڵکو شکاندنی سنووریشە. چونکە قاچاخچی کاری قاچاخی بە هەموو شتیکەوە دەکات کە دەوڵەت ڕێی لێ بگرێت یان قەدەغەی بکات یان مامەڵەی پێوە بکرێت. قاچاخچی یارمەتیی کەسی حوکمدراو یان هەڵاتووی دەدا کەوا کۆماری تورکیا بەدوایەوە بوو بیگرێت، یان ئەو خەڵکەی هەوڵیان دەدا بگەنە بەیرووت بۆ کارکردن لە ماوەی گرانی و برسێتییەکەی ساڵانی ١٩٤٠کاندا و هەروەها تا ساڵانی ١٩٥٠کانیش، ئەو قوتابییانەی مەدرەسەش (فەقێ) کە دەیانویست بچن بۆ خوێندن لە مەدرەسەکانی بنخەت (لە کوردستانی بەشی سووریا) (تێبینی: مەدرەسە لە کوردستانی لای ئێمە پێیدەوترێت حوجرە و بە زۆری لە مزگەوتەکاندا بووە. بنخەت: مەبەستی ئەو هێڵی شەمەندەفەرەیە کە لە بەغدا و مووسڵ و حەڵەبدا تێدەپەڕی بۆ ئەستەمبووڵ بە ناو خاکی دەوڵەتی عوسمانیدا و دواتر بوو بە خەتی سنووری نێوان سووریا و تورکیا، کە بەری سووریا پێی دەوترا بنخەت واتە خواری خەتی ئاسنەکە و سەرەوەشی کە بەشی تورکیا بوو پێی دەوترا سەرخەت – وەرگێڕ).  هەروەها قاچاخچییەکان دەشیانتوانی ئەو کەسانە لەخۆ بگرن و بیانپارێزن کە دوژمنایەتیی خێڵەکییان هەبوو وەک تۆڵەکردنەوە یان ژن فڕاندن. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دیبلۆماسیی فەرەنسی، چەک لە یەکێتیی سۆڤیێتەوە دەگوێزرایەوە بۆ شوێنی جۆراوجۆری کوردستان و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرا و یاخیبووان یان شۆڕشگێرانی گەلێ ڕاپەڕینی پێ چەکدار دەکرا٢. ئەم بازرگان و خێڵانە بەشدار بوون لە خولقاندنی فەزایەکی کوردیی هەماهەنگ و تۆکمەدا. بەڵام دینامیکە نوێکانیش لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا پاڵێکی نوێی دا بەم جووڵانەوەیە.
قاچاخچییەکان، بە شێوەیەکی ڕوو لەزیاد لە ساڵانی ١٩٦٠کان بەملاوە، نەواری کاسێت و کتێب و گۆڤاری قەدەغەکراویان بە سنوورەکاندا دەپەڕاندەوە و هەروەها ئەو خەڵکە گەنجانەش کە دەیانخواست بچنە ڕیزی ئەو بزووتنەوەیەوە کە بارزانی سەرکردایەتیی دەکرد لە عێراق لە ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کاندا، بە هەمان شێوە ئەو کەسانەش کە لە کوودەتا سەربازییەکانی ١٩٧١ و دواتر ١٩٨٠ لە تورکیا هەڵدەهاتن و بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکان دەپەڕینەوە (چەلیک، ٢٠١٩: ١٧٥). ڕاپۆرتەکەی لیسکۆ کە لە ١٩٦١دا نووسراوە باس لە دروستکردنی ڕێگەیەکی نوێ دەکات کە    باکوور و باشووری کوردستان بەیەکەوە دەبەستێ لە ئێران٣. ئەم ڕێگەیە، وەک دیبلۆماسییەکە دەڵێ، ڕەنگە یارمەتیی گەشەکردنی پەیوەندیی بازرگانی بدات لە نێوان ئەم دوو دەڤەرەدا، لەکاتێکدا کە تا ئەو کاتە تۆڕی بازرگانی کوردستانی باکووری بە ئازەربایجانەوە دەبەست. ئەو دەڵێ کە ئەم ڕێگە تازەیە ڕەنگە ڕۆڵێک ببینێ لە پێکهێنانی شوناسێکی کوردیی گونجاوتر و پتەوتر. ئەمە دیسان بۆ بەشەکانی تری کوردستانیش راستە، بەتایبەتی کوردستانی تورکیا. گەشەکردن و پەرەسەندنی ڕێگە نوێکان مەوداکان کورت دەکاتەوە و هەستێکی گەورەتر دەدا بە کوردەکان بۆ چوونەوە سەر هەمان کولتوور.
لەپاش کوودەکەی ساڵی ١٩٥٨، گەلێ لە کوردەکانی عێراقیش پەنایان بردە بەر تورکیا و ئێران.  لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٥٩دا، هێنری سپیتزمویلەری باڵیۆزی فەرەنسا لە تورکیا، باس لەوە دەکات کە نزیکەی دوو هەزار پەنابەری عێراقی لە تورکیادان لەو کاتەدا٤. هەندێک لەوانە وادەزانرێت کە بەرهەڵستکاری مستەفا بارزانی بوون و بۆ ئێرانیش هەڵاتبوون٥. ئەوان بەدڵنیاییەوە هەواڵەکەیان لە ڕێگەی ڕۆژنامەیەکەوە بڵاوکردووەتەوە، بە ناوی ” کوردستان” کە بەنهێنی دابەش دەکرێت. لیسکۆ باس لە واتەواێک دەکات لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە و بەردەوام دووپات دەکرێتەوە و هەمووان بەباشی ئاگایان لە گرتنەکانی ئەم دواییەیە لە عێراق و تورکیا٦.
بەڵام گرنگترین داهێنان لەو کاتەدا بەدڵنیاییەوە ڕادیۆ بووە، کەوا کوردەکانی پێکەوە گرێداوە بەسەر جوگرافیای کورددا. لە ساڵی ١٩٣٩دا پەخش کردن بە کوردی دەستی پێکردووە و یەکێک بووە لە بەرهەمی ڕووناکبیرانی کورد لە تاراوگە. ئەوجا لەبەر ئەوەی کە قسە کردن و بڵاوکردنەوە بە کوردی قەدەغە بووە و بە تاوان دانراوە لە تورکیادا لە ساڵی ١٩٢٥ بەملاوە، بۆیە ئێزگەکانی پەخش کردنی ڕادیۆ بە زمانی کوردی لە دەرەوەی تورکیا جەماوەری زۆر گەرەی هەبوو لە ناوچە کوردییەکاندا (ئینانچ، ٢٠١٧؛ ئونگۆر، ٢٠١١). یەکەم سێ ئێزگەی ڕادیۆ کە بە کوردی پەخشیان دەکرد، ڕادیۆی بەغدا (١٩٣٩ – ١٩٤٠)، شەرق ئەلئەدنا (١٩٤٣ – ١٩٤٥) و ڕادیۆی وڵاتی شام – بیلادولشام  (١٩٤١ – ١٩٤٦) (حەسەنپوور، ٢٠٠٥: ٤٣٨). ڕادیۆ یەریڤان کە دواینی ئەم ڕادیۆیانە بوو، لە نێو ناسراوترین و زۆرترین گوێگری هەبوو لە ناو کوردەکانی تورکیادا (ئاغجەکولو، ٢٠١٢). ئەم ڕادیۆیە لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٥دا دەستیکرد بە پەخش کردنی بەرنامەکانی. ئەو کارمەندانەی ئێزگەی ڕادیۆکەیان بەڕێوەدەبرد بە شێوەیەکی سەرەکی کوردی یەزیدی و ئەرمەن   بوون و لەلایەن حکوومەتی سۆڤیێتییەوە مۆڵەتی پێدرابوو بە خەرج و تێچوونی داراییشەوە و بێگومان چاودێریی ناوەرۆکی بابەتەکانی دەکرا بێجگە لە ڕێنمایی هەڵبژادنی بەرنامەکانیشی (جەمیلە جەلیل، ٢٠١٧).
ڕادیۆ یەریڤان یەکەم و گرنگترین هۆکاری میدیای کولتووری بوو لە ناو کوردەکانی تورکیادا وەک ئامرازێکی نوێ. دەنگی کوردی لەو پەخشە ڕادیۆییەوە نوێ بوو بۆ کوردەکان. لە تورکیادا، پراکتیزە کردنی تواندنەوە ئامانجی سووککردنی زمان و کولتووری کوردی بوو. بەڵام ڕادیۆ یەریڤان گۆرانیی کوردیی نەریتیی پەخش دەکرد و بە هەمان شێوە گۆرانییەکانی دەنگبێژانیش و ئەو مێژووەی گۆرانییەکە باسی دەکرد و پاشان گۆرانییەکانیش راڤە دەکران لەلایەن ئەو مێژوونووسە کوردانەوە کە بانگهێشت دەکران بۆ ئێزگەی ڕادیۆکە. زانا و توێژەران کارەکانی خۆیان لەبارەی کوردەوە دەنارد بۆ ئەوەی لە ڕادیۆوە پەخش و بڵاو بکرێتەوە (جەلیلێ جەلیل، ٢٠١٧: ٣٧). بەو پێیە رادیۆ وەک “مانگێکی سەتەلایتی دەسکردی بەرگری کردن” کاری دەکرد (چەلیک، ٢٠١٨: ٣٦٠).
لە هەل و مەرجی پەخش کردندا، ڕژێمی کەمالی کوردستانی تورکیای بە ناوچەیەک دانابوو کە دەبێت “تورکبوونی” تێدا بڵاوببێتەوە. مەبەست لە دابەشکردنی دەستبڵاوانەی ئێزگەکانی ڕادیۆ لەم ناوچانەدا بەئاشکرا بڵاو کردنەوەی مێژووی تورک و کولتوور و فەرهەنگی ڕەسمی بوو. بەڵام نەدیم گوێرسلی ڕۆژنامەنووسی تورک، لە سەردانیدا بۆ ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٦٢دا، بۆی دەرکەوتووە کەوا خەڵک لەجیاتیی ئەوەی گوێ لە ڕادیۆی                           (TRT (Türkiye Radyo Televizyon Kurumu بگرن کە کەناڵی گشتیی تورکیا بوو گوێیان لە ڕادیۆی تاران دەگرت، یان لەوەش خراپتر گوێیان لە ڕادیۆی یەریڤان دەگرت. دەسەڵاتداران لە کاردانەوەی ئەوەدا بڕیاریان دا سیگناڵی ڕادیۆی یەریڤان پەکبخەن و ئیزگەی ڕادیۆی زیاتر بنێرن بۆ ناوچەکانی سنوور (ئونگۆر، ٢٠١١: ٢٠١).
لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا، ڕادیۆ کەوتە ئەوەی ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە   داڕشتنەوە و سەروبەرگرتنی کوردستان وەک ڕووبەرێکی یەکگرتووی کولتووری. لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا پەخشی ڕادیۆ زۆر تەشەنەی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ نموونە لە تورکیادا نزیکەی هەموو قاوەخانەیەک (یان چایخانەیەک) ئامێرێکی ڕادیۆی تێدابوو لە کۆتایی ١٩٥٠کاندا (بیلەی، ١٩٧٠). لە ساڵی ١٩٤٦دا، کوردەکانی ئەستەمبووڵ گوێیان لە پەخشی کوردیی ڕادیۆی عێراق دەگرت. لە کوردستانی ئێرانیش، وەک لێسکۆ ڕاپۆرتی لەسەر دەدا “پەخشی ڕادیۆی کوردی لە یەکێتیی سۆڤیێت و عێراق و تەنانەت لە قاهیرەشەوە بە بایەخێکی گەورەوە گوێیان لێ دەگیرا”. لە مەهاباد، هەموو دووکانێکی بازاڕ بەئاشکرا ڕادیۆیان دەکردەوە و خەڵکی گوێی بۆ ڕادەدێرا و بە پێی لێسکۆ، “هەرکەسێک ئامێری ڕادیۆی هەبوایە بە وردی و ڕێکوپێکی درێژیی شەپۆل و کاتەکانی پەخشی بەرنامەکانی دەزانی”٧.
وەک هۆکارێکی نوێی پەیوەندی کردن دینامیکییەتی نوێی ترانسناشناڵی (نێوان وڵاتانی) بەهێزکرد و شوێنەکانی دەرەوەی کوردستان بایەخێکی تەواوی وەرگرت بۆ جموجووڵ و یەکێتیی سۆڤیێت، لە ڕێگەی پەخشی ڕادیۆییەوە یەکێک بوو لەو شوێنانە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوروپا بەتەواوی گرنگیی خۆی هەبوو، کەوا خوێندکارانی گەنج لە بەشە جیاجیاکانی کوردستانەوە لە نێوان خۆیاندا پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان دەبەست و بەرکەوتەیان هەبوو لەگەڵ گوتاری مارکسی و دژە کۆڵۆنیاڵیدا و بۆ نموونە، ئەمە زۆر ڕوونە لە یاداشتەکانی ئیکینجیدا (ئیکینجی، ٢٠١٠).

ئەوروپا وەک مەڵبەندێکی نوێی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد
هەموو چالاکییە کولتووری و دیبلۆماسییەکانی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوە کۆمۆنیستی و دژە کۆڵۆنیاڵییەکان، بەتایبەتیش یەکێتیی سۆڤیێت، لەنزیکەوە بەسترابوو بە سەرهەڵدانی گوتاری چەپەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەدیاریکراویش لە ناو کورددا. پەرەسەندنی چالاکیی چەپ تەنها لە ڕێگەی تاکەکەسەوە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵکو کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی خوێندکارانیش ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە.
لە ماوەی جەنگی سارددا، زۆرێک لە خوێندکاران و ڕۆشنبیرانی کورد لە چەندین پایتەخت و شاری گەورە نێشتەجێ بوون، وەک دیمەشق و بەیرووت، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەوروپادا وەک لۆزان و پراگ و پاریس و ستراسبۆرگ  و مۆسکۆدا بوون. تا ساڵی ١٩٧٥، زۆربەی خوێندکارە کوردەکانی ئەوروپا لە عێراق و سووریاوە ڕۆیشتبوون. بە هۆی گەشەکردنی گەورەی ئەم دوو وڵاتەوە، بەتایبەتی لە سیستەمی ئابووری و خوێندندا، پەیوەندیی  نێوانیان و وڵاتە ئەوروپییەکان ڕووی لە زیادبوون کردبوو، وەک بەریتانیا لە حاڵەتی عێراقدا و فەرەنسا لە حاڵەتی سووریادا، وەک هێزگەلێکی ئیمپریالیی پێشتر. هەڵبەت زیادبوونی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی سوودیان لە زەمالە و یارمەتیی حکوومییەکان وەرگرتبوو لە وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ڕەنگە یارمەتیدەربن لەم مەسەلەیەدا (شێخمووس، ١٩٨٩: ٤ – ٥).
یەکەم ڕێکخراوێک بۆ خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا ساڵی ١٩٤٩ لە سویسرا دامەزرا. ئەم ڕێکخراوە گۆڤارێکی دەرکرد بە زمانی کوردی و فەرنسی بە ناوی “دەنگی کوردستان –   La Voix du Kurdistan” (زازا، ١٩٩٣).  بەڵام لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە تا ساڵی ١٩٧٥، تا ڕادەیەک هەموو چالاکییە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد لە دەرەوە و بەتایبەتی لە ئەوروپادا، لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورددا لە ئەوروپا کۆبووەوە (KSSE)، کە ساڵی ١٩٥٦ لە شاری ڤیسبادنی ئەلمانیای ڕۆژاوا دامەزرا، لەلایەن ١٧ خوێندکاری کوردەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان  کە لە وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپا دەیانخوێند.دوتر کۆمەڵەی خوێندکاران گەشەی کرد بۆ نزیکەی سێ هەزار ئەندام لە ساڵی ١٩٧٥دا و لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان لقی کردەوە. کۆمەڵەکە چەندین گۆڤاری دەردەکرد بە کوردی و زمانە ئەوروپییەکان و بەشداریی دەکرد لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی لاوان و قوتابییاندا و ئێوارە کۆڕی کولتووری و فەرهەنگیی ڕێکدەخست و وەک نوێنەرانی دیپلۆماسیی جووڵانەوە کوردییەکان کاری دەکرد لە ناو کوردستاندا و یارمەتیی قوتابییە کوردە تازە گەیشتووەکانی دەکرد بە ڕەخساندنی ڕێنمایی و خزمەتگوزاری بۆیان (شێخمووس، ١٩٨٩: ٣).
کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە تۆڕە نێودەوڵەتییەکان و نیشتمانییەکانی خوێندکاراندا بەشدار دەبوو و پاڵپشتیی بزووتنەوەکانی ڕزگاریی نیشتمانیی “جیهانی سێهەم” و تۆڕە شۆڕشگێرە ترانسناشناڵەکانی دەکرد (تێجێڵ، ٢٠١٨). لەبەر ئەوەی کۆمەڵەکە بە “کۆمۆنیست” لەقەڵەم دەدرا، بۆیە دەسەڵاتدارانی گەلێ وڵات بایەخێکی گەورەیان دەدایە (ئەممان، ٢٠٠١). چالاکییەکانی کۆمەڵە و کۆمیتە لاوەکییەکانیشی حکوومەتی عێراقیان بە ڕادەیەک بێزار کردبوو کەوا ڕادیۆی بەغدا بە چەند مانگێکی کەم لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی عەبدلکەریم قاسم  ئەندامەکانی دەسنیشان دەکرد. هەر لەسەر هەمان ڕێچکە، حکوومەتی عێراق داوایەکی سەرکەوتووانەی لە حکوومەتی نەمسا کرد بۆ ئەوەی نەهێڵێت  ئەم کۆمەڵەیە کۆنگرەی دوانزەهەمی خۆی لەو وڵاتە ببەستێت (تێجێڵ، ٢٠١٨). هەروەها ڕێکخراوەکانی تریش چالاک بوون، وەک هەڤرێ – کۆمالا شۆڕشڤانێن کوردێن تورکیا لە ئەوروپا (پێکەوە – کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردی تورکیا لە ئەوروپا). ئەم ڕێکخراوە لە نێوان ساڵی ١٩٧١ – ١٩٧٤دا گۆڤارێکی بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی دەردەکرد بە ناوی “ڕۆناهی Ronahî”٨.
پەیوەست بە کۆمەڵەی خوێندکارانەوە، لە نووسینێکدا کە لە ڕۆناهیدا بڵاو بووەوە بە ناونیشانی “ژ بۆچی”، هەڤرێ خۆی بەوە دانابوو کەوا ڕێکخراوێکە نەک تەنها بۆ قوتابییە کوردەکان بەڵکو بۆ کرێکارانی کوردیشە (ڕۆناهی، ١٩٧١: ١). هەروەها هەندێ نامیلکەشی بۆ عیسمەت شەریف وانلی و کەمال بورقای چاپ کردووە (گوینەش، ٢٠١٢: ٧١).

 

ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کان لە عێراق و تورکیادا: چۆن گەنجە کوردەکان پشتگیریی مارکسیزمیان دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
کوردایەتی (کوردیزم) و مارکسیزم هێشتا هەر بنەمای کولتوور و فەرهەنگێکی هاوبەش پێکدێنن و هاوبەشیشن لە گەلێ ئەکتەری ئەمڕۆی ناوچەی کوردیدا – ئەگەرچی بێ گرژی و دژوارییش نەبوون. ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کار و چالاکیی یەکێتیی سۆڤیێت، بە پشتبەستن بە شوێن و کات و پاشان جووڵاندن و جۆشدانی تۆڕەکانی کەمینە لە ئێران و سووریا و لوبنان و فەلەستین و میسر لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کاندا (تێرمیناسیان، ١٩٩٧).  لەڕاستیدا باسی ڕۆڵی ڕژێمی سۆڤیێتمان کرد لە مەسەلەی کۆماری مەهاباددا. ئاوارەبوونی بارزانیش لە یەکێتیی سۆڤیێتدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لەپێش ساڵی ١٩٥٨دا. بەڵام دیسانیش، وەک حەمید بۆزئەسەلان بۆی دەچێت، ئارەزووی پەیوەندی کردن لەگەڵ “جیهانی مارکسییەتدا”، کە بوو بە هۆی ئەوەی لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا و بەلای کەمەوە لە ناو فەزای ئەمبەر و ئەوبەری سنووردا، کورد ببێتە “فرۆشیاری گەڕۆکی کۆمینتێرن” (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٧ب) . لە ساڵانی ١٩٦٠کان بەملاوە و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردەکان حیزب و ڕێکخراوە نیشتمانییەکان بەجێدێڵن و هی خۆیان دادەمەزرێنن و بایەخی خۆیان لەسەر شوناسی کوردی چڕدەکەنەوە. هەروەها داواکارییەکانی کورد زیاتر ڕادیکاڵ بوون و لە مافە کولتووری و فەرهەنگییەکانەوە گۆڕان بۆ “مافی چارەی خۆنووسین”.

“شۆڕشی ئەیلوول” لە عێراق: توندڕەوی و توندوتیژیی بەکۆمەڵ
لە ساڵی 1958دا، کوودەتایەک ئەنجام درا لەلایەن ئەفسەرانی سوپای عێراقەوە دەسەڵاتی گرتەدەست و حوکمی پاشایەتیی ڕووخاند. سەرکردەی ئەو شۆڕشە، کە عەبدلکەریم قاسم بوو، بنەچەیەکی تێکەڵی هەبوو: باوکی موسڵمانێکی سوننە و بە ڕەگەز کورد بوو، دایکیشی موسڵمانێکی شیعەی خەڵکی بەغدا بوو (بەپێچەوانەوە وەک باس دەکرێت باوکی عەرەبی سوننە بووە و دایکی کوردێکی فەیلیی شیعە بووە – وەرگێڕ). ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی خولیا و هیوایەکی گەورەی لە کوردستانی عێراقدا پەیداکرد. چەند هەفتەیەک لە دوای کوودەتاکە، مستەفا بارزانی لە تاراوگەکەی لە یەکێتیی سۆڤیێتەوە گەڕایەوە کە دەیەیەکی خایاندبوو، کە لەپاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا داوای پەنابەریی کردبوو. لێرەوە ئیتر حیزبەکەی، پ د ک (پارتی دیموکراتی کوردستان) دۆخێکی یاسایی وەرگرت و بەخێرایی کاریگەرییەکی گەورەی بەدەستهێنا لە کوردستانی عێراقدا.
بارزانی هەوڵیدا دۆخێکی ئۆتۆنۆمی دەستەبەر بکات بۆ کوردستانی عێراق بەڵام شکستی هێنا لە قەناعەت کردن بە عەبدلکەریم قاسم. لەپاش وەستانی دانوستان شۆڕشێک لە ئەیلوولی ١٩٦١دا هەڵگیرسا. مێژووی نوێ باس لەوە دەکات کە شۆڕشەکە لەلایە ن مەلا مستەفا خۆیەوە دەستی پێنەکردووە بەڵکوو لەلایەن باڵە چەپەکەیەوە بووە کە لە دەوری ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی کۆبووبوونەوە (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٩:  ٥٠).
بەو پێیە، جووڵانەوەی کورد، کە توانی یەکێتییەکی ناوخۆیی دەستەبەر بکات لە کۆتایی ساڵانی ١٩٤٠کانەوە، دابەش بووبووە سەر دوو تاقمدا کە شەڕی یەکتریان دەکرد. مەلا مستەفای بارزانی کە گۆڕابوو بۆ کەسێکی موحافزەکار لەپاش ئەو مانەوە دوورودرێژەی لە یەکێتیی سۆڤیێتدا، کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراو بوو لە ناو کەسە دەمڕاست ناودارەکانی هۆزەکان و شارستانیدا. بەڵام هێزەکانی، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە باڵی چەپی پارتی بوون و سەرۆک و دەمڕاستەکانیان وەک چینی دوژمن تەماشا دەکرد. لە ساڵی ١٩٦٤دا، ناکۆکییەکە تەواو قووڵبووەوە و بگرە وای لە کەساتەتییەکانی باڵی چەپ کرد، کە ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانی بوون، شان بە شانی هێزەکانی عێراق دژ بە بارزانی شەڕ بکەن لە ساڵی ١٩٦٦دا (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٩: ٤٩ – ٥٠).
بە شێوەیەکی گشتی، ناجێگیری و پشێوی لە عێراقدا بەردەوام بوو بۆ ماوەی نزیکەی چواردە ساڵ و بوو بە هۆی زیان لێکەوتنێکی قورس لە سوپای عێراق. هەڵبەت ڕێکخستنێکی کارای گەریلا بەدڵنیاییەوە یەکێکە لە هۆکاری گورجی و چابوکی، بەڵام دۆخ و سیاقی جەنگی ساردیش ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری بینی. پاڵپشتی کردنی شای ئێران، کە بڕیاری دابوو پێشمەرگەی کورد چەکدار بکات بۆ لاواز کردنی دەوڵەتی عێراق، بە هەمان ئەندازە گرنگ بوو. بەهەرحاڵ، لە بەهاری ١٩٧٥دا و لەگەڵ توانەوەی بەفری چیاکانی ناوچەکەدا ئەم پاڵپشتییە هاتە کۆتایی. لە کۆبوونەوەی ئۆپێکدا کە لە مارتی ١٩٧٥دا لە جەزائیر بەسترا، شای ئێران و سەددام حوسێن ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتییان مۆر کرد و ئەنجامەکەی کێشانەوەی پاڵپشتیی ئێران بوو لە کورد و شۆڕشەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تێکشکا و کۆتایی هات (زازا، ١٩٧٥: ٤٩).
خەباتی نەتەوەیی کورد بەرەوڕووی شکستێکی گەورە بووەوە. ئەمجارەیان کوردەکانی تورکیا بە بایەخ و سەرسامییەکی گەورەوە تەماشای تێکۆشانی نەتەوەیی کورد دەکەن بە سەرکردایەتیی بارزانی کە خەباتی نەتەوەیی لەئەستۆ گرتووە، ئەگەرچی بە هۆکاری جۆراوجۆریش بێت.

تورکیا: لە ئاوێتەبوون و توانەوە لە ناو نەتەوەی تورکدا بۆ ئەکتیڤیزمی چەپڕەوانە و کاری توندوتیژ
لە تورکیا، بووژانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لەپاش کوودەتاکەی سوپا لە ساڵی ١٩٦٠دا هاتە کایەوە. دەستووری ساڵی ١٩٩١، هەرچەندە بە زۆری لەدژی کوردیزم و کۆمۆنیزم ئاڕاستە کراوە، بەدڵنیاییەوە هاوکاری کردن بۆ ئەم نوێبوونەوەیە و تاڕادەیەک بەرفراوان کردنی ئازادییە مەدەنییەکانە. فاکتەرە گرنگەکانی تر گەڕانەوەی بارزانی بوو بۆ عێراق لە ساڵی ١٩٥٨دا و کاریگەریی “شۆڕشی ئەیلوول” بوو. هەندێ کورد لە تورکیاوە ڕۆیشتبوون بۆ چوونەپاڵ هێزەکانی بارزانی، لەکاتێکدا هەواڵی شۆڕشەکە لە ڕاگەیاندنەکانی تورکیاوە بڵاو دەکرایەوە و کاردانەوەیەکی هێجگار گەورەی لێدەکەوتەوە، بەتایبەتی لە ناو خەڵکی گەنجدا کە “وەک باوکی نەتەوەییان” تەماشای بارزانییان دەکرد. هەروەها لەلایەن ڕادیۆی شۆڕشگێڕانی کوردەوە بەرنامەکان بڵاو دەکرایەوە. فاکتەرێکی تر کە دینامیکەکانی ئەم نوێبوونەوەیەی بەهێز دەکرد لە دوادوایی ساڵانی ١٩٦٠کاندا، پەرەسەندنی بزووتنەوەی چەپ بوو لە تورکیادا کەوا گەلێ کوردی گەنجی بۆ لای خۆی کێش کردبووو. دواجاریش، توێژی گەورە گەورەی دانیشتووانی کوردی لێ کەوتەوە کە کۆچیان دەکرد بۆ شارە گەورەکان.
بەهەرحاڵ، بزووتنەوەی کورد لە کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠کان بەملاوە لە ڕێکخراوە تورکییە چەپڕەوەکان جیابووەوە. لە پایزی ١٩٦٧دا و بەدوای یەکدا لە ناوچە جۆراوجۆرەکان، هەزاران کەس دەستیان کرد بە کۆبوونەوە لە    ناوچە و ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا. ئەم کۆبوونەوە ناڕەزاییانە لە فۆرمی ڕێڕۆیشتن و خۆپێشاندانی پرۆتێستدا، فۆرم و شێوەی کاری بەکۆمەڵی ناتوندوتیژ بوون کە بە “ڕێڕۆیشتن” یان “کۆبوونەوەکانی” ڕۆژهەڵات دەناسران و یەکەم جووڵانەوەی جەماوەریی گەورە بوون دژ بە دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچە کوردییەکان لە دەمی شۆڕشی دەرسیمەوە لە ساڵی ١٩٣٨دا (گویندۆغان، ٢٠٠٥).
هەنگاوی یەکەم لە دروستبوونی بزووتنەوەیەکی چەپڕەوی کوردی لە تورکیا کە لە ڕیکخراوە چەپرەوە تورکییەکان جیابووەوە دەرکەوتنی ڕێکخراوی دەدەکۆ بوو (DDKO (Devrimci Do˘gu Kültür Ocakları -، واتە (ئاگردانی ڕۆژهەڵاتی شۆڕشگێڕیی کولتووری). ئەوانە ساڵی ١٩٦٩ لە ئەنقەرە و ئەستەمبووڵ دروستبوون و پێنچ لقی تر کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٠ و سەرەتای ساڵی ١٩٧١ دروستکران (ئاڵیش، ٢٠٠٩: ١٣٨). زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵەکان قوتابیی کورد بوون. ئەم گریمانەیە سەردەکێشێتەوە بۆ زیادکردنێکی جیابوونەوەی تەواو کە چیتر چاک نەبێتەوە لە ساڵی ١٩٧٤ بەملاوە (یەڵەسەر، ٢٠١١). هەرچەندە ئەم کۆمەڵە و ڕێکخراوانە بۆ مافە کولتوورییەکان دامەزرابوون بەڵام “کووپەیەکی ‌هەڵشێلان melting pot” بوون بۆ چالاکوانە کوردەکان لە قۆناخی پێکهاتن و دروستبووندا.
لەپاش کوودەتاکەی ساڵی ١٩٧١، کە بە شێوەیەکی تایبەت داپڵۆسینەر بوو دژ بە تەنانەت خۆپێشاندەرە بێ زیانەکانی “کوردیزم”، بزووتنەوەی کورد لە نیوەی دووەمی ١٩٧٠کاندا وەرچەرخا بۆ توندوتیژی. لێبووردنی گشتیی ساڵی ١٩٧٤ بۆ ئەو بەندییانەی کە ساڵی ١٩٧١ گیرابوون، نەوەیەکی لە زیندان بەردا کە بە هۆی داپڵۆسین و بەندکردنەوە گۆڕا بۆ توندڕەوی و ڕادیکاڵی و چیتر هیچ باوەڕ و متمانەیەکی نەما بە چوارچێوەی دەستووری و یاسایی و کاری نهێنیی بە تاقە ڕێگەی دەربازبوون دانا و گەلێ لەمانە ناوکی ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانیان لە بەندیخانەدا دروستکرد.
لەپاش لێبووردنی گشتیی ساڵی ١٩٧٤، ئەم بزووتنەوانە بۆ یەک جار و هەتاهەتایە، ڕووبەڕووی شکستی لەناکاوی شۆڕشی بارزانی بووەوە لە ساڵی ١٩٧٥دا، کەوا کوردەکانی تورکیای ناچار کرد بەدوای مۆدێلە ئەڵتەرناتیڤەکانی ڕێکخستن و ئیلهامبەخشیدا بگەڕێن. ئەم وێنەیە، لە کوردستانی تورکیادا، سەریکێشایەوە بۆ دروستکردنی گرووپی بچووک بچووکی خۆتەرخانکردوو بۆ کاری سیاسی پشتبەستوو بە گوتاری رادیکاڵی. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٤ و ١٩٧٧دا، دە دوانزە ڕێکخراوی کوردی دروستبوون (ئەککایا، ٢٠١٣؛ ئێرجان، ٢٠١٠؛ گوینەش، ٢٠١٢؛ ئۆرهان، ٢٠١٥). هەموو ئەم دەستە و تاقمانە هاوبەش بوون لە باوەڕهێنان بە ئایدیۆلۆجیی شۆڕشگێڕانەی مارکسی بە جیاوازیی ورد و بچووکەوە وەک (مارکسی – لینینی، ماوی، پرۆسۆڤیێت). بەگشتی، لە نیوەی دووەمی ١٩٧٠کان بەملاوە کۆڵۆنیالیزم و خەبات کردن بۆ کۆتاییهێنان بە کۆڵۆنیاڵی چوارچێوەی سەرەکی بوو بۆ تێگەیشتن لە پرسی کورد (بۆزئەرسەلان، ٢٠٠٧).

ئەنجام
بەکورتی، گەلێ لە پەرەسەندنەکان لەم دەیەیەدا ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی ساڵانی ١٩٤٦ – ١٩٧٥. لەپێش ساڵی ١٩٤٦دا جووڵانەوەی کورد پشتی بە تۆڕە خێڵەکییەکان دەبەست، کە بەشێکی دانەبڕاو بوو لە کۆمەڵگە دێهاتییەکان. لە ساڵی ١٩٧٥وە داواکارییەکانی کورد لە عێراق و تورکیا لە سرووش و ئیلهامبەخشیی مارکسییەوە سەرچاوەی دەگرت، ئەگەرچی کەسایەتییە خێڵەکییەکان بە زەقی مابوونەوە. بەو پێیە، ماوەی نێوان ١٩٤٦ و ١٩٧٥، ماوەیەکی ڕاگوزەرە کەوا ئەکتەرانی نوێ – کە شارنشین و قوتابییانی گەنج بوون و چەندین گوتاری نوێ – لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتەوە تا هەوڵدان بۆ ڕزگاربوونی گشتگیر لە ڕێگەی مافە کولتوورییەکانەوە بۆ کورد، دەرکەوتن. دامەزراندنی کۆمارە کوردییەکەی مەهاباد، سەرباری ئەوەی دەنگدانەوەیەکی سنوورداری هەبوو،  ڕووداوێکی گرنگە. کۆمار یەکەم هەوڵ بوو بۆ ئەوەی دەڵەتێکی خاوەن ناوچە و ڕووبەر بۆ کورد مەیسەر بکات و یەکێتیی نێوان پارچەکانی کوردستان بنیات بنێت. لە تورکیا، شکستی ڕەها و سەرەکی بە نەبوونی هاوکاری و یەکگرتنی کورد لێکدەدرێتەوە. تەنانەت ئەگەر، لە ساڵانی ١٩٥٠کانیشدا، گەلێ هۆکار و دینامیک پاڵیان بە کوردەوە دەنا لە سووریا و تورکیادا بەرەوە یەکگرتنێکی نیشتمانی/ نەتەوەیی و ساڵانی ١٩٥٧ – ١٩٥٨ مۆرکی خاڵی وەرچەرخانیان پێوەیە. لە سووریا، حیزبێک بەتایبەت خۆی تەرخان کردبوو بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا دامەزرا. لە عێراق بەرپابوونی کوودەتایەک لەلایەن عەبدلکەریم قاسم و گەڕانەوەی بارزانی لە تاراوگە خاڵی دەسپێک بوون بۆ داواکاریی زیاتری کورد. لە تورکیا، سەرکوت کردن و داپڵۆسینی سیاسی چالاکییەکی نوێی هەڵایساند لەلایەن پێشەنگانی “پرۆژە ئیتنۆسیاسییەکانەوە”. لە هەمان کاتیشدا هۆکارە نوێیەکانی پەیوەندی و “کووپەی تواندنەوە و هەڵشێلانی” زانکۆ ئەوروپییەکان بۆ گەلێ لە کوردە لاوەکان کوردستانێکی نوێی خەیاڵیان دروستکردبوو. لە ساڵانی ١٩٦٠کان بەملاوە، خەبات و تێکۆشان بە شێوەیەکی ڕوولەزیاد لە ناو نەخشە و پرۆژەی داگیرکردن و کۆتاییهێنان بەو داگیرکارییە لێکدەدرایەوە. لە تورکیا، جووڵانەوەی کورد و چەپی تورکیا لە کۆتایی ١٩٦٠کاندا هەر لایە ڕێگەیەکیان گرت و جیابوونەوە، هەرچەندە داواکارییە سەرەکییەکانی کورد لە ناو گوتاری مارکسیدا گوزارشی لێوە دەکرا. لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا، داپڵۆسینی زیاتر لەلایەن دەوڵەتەوە و کۆتایی هاتنی شەڕی گەریلایی کورد لە عێراقدا و ئەو شاڵاوە پڕ توندوتیژییەی بە دوای کوودەتاکەی ساڵی ١٩٧١ی تورکیادا هات، لە بەرانبەردا توندوتیژیی چالاکوانە کوردەکانی بەهێز کرد. بەکورتی تێکڕا توندوتیژی و پارچەپارچەبوون، کە بوو بە مەسەلەی سەرەکیی دەیەکانی دواتر، پێشینەی دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کان.

پەراوێز

١ Diplomatic archives of Nantes, 36 PO/2/52.
ئەرشیفی دیبلۆماسیی نانتس
٢، ٣، ٤، ٥، ٦، ٧ هەمان سەرچاوەی پێشوو
٨  Ismet Chérif Vanly’s Collection, IS 5546/01/01/04
ئەرشیفی کۆکراوەی عیسمەت شەریف وانلی

سەرچاوە: مێژووی کامبریجی کورد (کۆمەڵێك توێژەر)
ئامادەکردنی: حەمید بۆز ئەرسەلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی
لەندەن – چاپی زانکۆی کامبریج – ٢٠٢١ ، لاپەڕە ٢٢٩ – ٢٤٩
ناوی باس: لە سەرۆک خێڵەکانەوە بۆ چالاکوانە مارکسییەکان –  كوردستان لە 1946 تا 1975
توێژەران:
– بیاتریس گاراپۆن (پسپۆڕی سیاسی و بڕوانامەی پۆست دکتۆرا و لە سەنتەری توێژینەوەی تورکی، عوسمانی، بەڵکان و ئاسیای ناوەڕاست کار دەکات کە بنکەکەی لە پاریسە).
– عەدنان چەلیک (کوردێکی باکوورە و بڕوانەمەی پۆست دکتۆرای لە ئەنسرۆپۆڵۆجیی هەیە و ماجستێری لە سۆسیۆلۆجی هەیە، خاوەنی چەندین    باس و لێکۆڵینەوەیە لە بواری جینۆسایدی ئەرمەن و کورد و ڕەهەندەکانی بزووتنەوەی کوردە لە تورکیا. ئەمیش توێژەرە لە هەمان سەنتەری سەرەوە لە پاریس – فەرەنسا)

The Cambridge Histoty of THE KURDS
Editted by
Hamit Bozarslan, Cengiz Gunes and Veli Yadrgi

From Tribal Chiefs to Marxist Activists
Kurdistan from 1946 to 1975
Beatrice Garapon (political scientist, post-doctoral fellow at CETOBaC (Center for Turkish, Ottoman, Balkan and Central Asian Studies).
And
Adnan celik:  post – doctoral and scientist in Anthropology. He has several researchs and academic works on Kurdish and Armenian history and genocide. He is also fellow at CETOBaC in Frace – Paris.)
Cambridge University Press – London, 2021
Pages: 229 – 249

بیبلۆگرافی  Biblography
سەرچاوە ئەرشیفییەکان

کتێبخانەی کانتۆن و زانکۆی لۆزان، کۆکراوەی ئەرشیفیی عیسمەت شەریف وانلی  (ICV)، 5546.
ئەرشیفی دیبلۆماسیی نانتس، 36 PO/2/52

سەرچاوە سەرەکی و لاوەکییەکان
A˘gcakulu, A. (2012). Ortado˘gu’da Kürtçe radyo yayınları: Erivan Radyosu örne˘gi (1955–1990). Unpublished MA thesis, Marmara University.
پەخشی ڕادیۆی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ڕادیۆی یەریڤان وەک نموونە (١٩٥٥ – ١٩٩٠). تێزێکی بڵاونەکراوەی ماستەر، زانکۆی مەڕمەڕە.
Akkaya, A. H. (2013). Kürt Hareketi’nin Örgütlenme Sureci Olarak 1970’ler. Toplum ve Bilim, 127, 88–120.
ساڵانی ١٩٧٠کان وەک پرۆسەیەکی ڕێکخستنی جووڵانەوەی کورد. گۆڤاری کۆمەڵگە و زانست …
Alı¸s, A. (2009). The process of the politicization of the Kurdish identity in Turkey: The Kurds and the Turkish Labor Party (1961–1971). Unpublished MA thesis. Bo˘gaziçi University.
پرۆسەی بەسیاسی کردنی شوناسی کورد لە تورکیا: کورد و پارتی کرێکارانی تورکیا…
Allsopp, H. (2015). The Kurds of Syria: Political Parties and Identity in the Middle East. Reprint. London and New York: I.B. Tauris.
کوردەکانی سووریا: حیزبە سیاسییەکان و شوناس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا …
Ammann, B. (2001). Kurden in Europa. Münster: Lit.کورد لە ئەوروپا …
Anter, M. (2011). Hatıralarım. Istanbul: Aram. یاداشتەکانم…
Aslan, S. (2015). Nation-building in Turkey and Morocco: Governing Kurdish and Berber Dissent. New York: Cambridge University Press.
بنیاتنانی نەتەوە لە تورکیا و مەراکیش: حوکم کردنی بەرهەڵستکاریی کورد و بەربەر …
Beeley, B. W. (1970). The Turkish village coffeehouse as a social institution. Geographical Review, 60 (4), 475 – 93.
قاوەخانەی گوندی تورکیا وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی. گۆڤاری جوگرافی …
Be¸sikci, I. (1991). Orgeneral Mustafa Muglalı Olayı ‘33 Kursun’. Istanbul: Belge Yayınları. ڕووداوی جەنەراڵ مستەفا موگلالی….
Bozarslan, H. (2007). Türkiye’de Kürt Sol Hareketi. In T. Bora and M. Gültekin (eds), Modern Türkiye’de Siyasi Dü¸sünce: Sol (pp. 1169 – 80). Istanbul:I · leti¸sim Yayınları.
بزووتنەوەی چەپی کوردی لە تورکیا. لەکتێبی: بیری سیاسی لە تورکیای نوێدا …
Bozarslan, H. (2009). Conflit kurde: Le brasier oublié du Moyen-Orient. Paris: Editions Autrement.
شەڕ و ململانێی کورد: ئاگری لەبیرکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ….
Bozarslan, H. (2013). ‘49’lar’ anıları üzerine tarihsel-sosyolojik okuma notları ve bazı hipotezler. Tarih ve Toplum – Yeni Yakla¸sımlar, 16, 127– 43.
سەرنج و تێبینی و خوێندنەوەیەکی مێژوویی – کۆمەڵایەتی و هەندێ گریمانەلەبارەی یادەوەریی ٤٩ کەسەکە. گۆڤاری کۆمەڵگە و مێژوو – ڕێبازی نوێ ….

Bozarslan, H. (2017a). ‘Being in Time’: The Kurdish Movement and Quests of Universal. In G. Stansfield and G. Shareef (eds), The Kurdish Question Revisited (pp. 62–75). London: Hurst Publishers.
“بوون لە کاتی خۆیدا”: بزووتنەوەی کورد و داواکارییە گشتییەکان. لە کتێبی ج. ستانسفيلد و ج. شەريف، چاوپێداخشاندنەوە بە مەسەلەی کورددا.

Bozarslan, H. (2017b). ‘Le particulier et l’universel dans la sphère kurde’. Collège de France, Paris, 29 November. www.franceculture.fr/emissions/les-cours-du-college-defrance/ culture-politique-arabe-35-les-kurdes.
تایبەت و گشتی لە کایەی کورددا.  خوێندنگەی ئامادەیی فەرەنسا…
Çamlıbel, Y. (2015). 49’lar Davası: Bir Garip Ülkenin I·damlık Kürtleri. Vol. 2 (Première edition en 2007). Istanbul: Siyam Kitap
کێشەی ٤٩ کەسەکە: لەسێدارەدانی کورد لە وڵاتێکی نامۆدا …
Cegerxwîn (2003). Hayat Hikayem, trans. G. Fincan. Istanbul: Evrensel Basım Yayın. چیرۆکی ژیانم …
Çelik, A. (2018). Temps et espaces de la violence interne: revisiter les conflits kurdes en Turquie à l’échelle locale (du XIXe siècle à la guerre des années 1990). Unpublished PhD thesis, EHESS.
کات و ڕووبەرەکانی توندوتیژیی ناوخۆیی: پێداچوونەوەی ململانێی کورد لە تورکیادا لە سەر ئاستی ناوخۆیی (لە سەدەی نۆزدەوە تا جەنگی ساڵانی ١٩٩٠کان)…

Çelik, A. (2019). Challenging state borders: Smuggling as Kurdish infra-politics during ‘the years of silence’. In L. Drechselová and A. Çelik (eds), Kurds in Turkey: Ethnographies of Heterogeneous Experiences (pp. 159–84). London: Lexington Books.
تەحەداکردنی دەوڵەتی سنوورەکان: قاچاخچێتی وەک ژێرخانی سیاسیی کورد لە ماوەی “ساڵانی بێدەنگیدا”، لە کتێبی … کوردەکان لە تورکیادا: ئیتنۆگرافیای ئەزموونی  ناهەموار …
Çelik, A. and Garapon, B. (2017). De l’exil à la représentation parlementaire: une nouvelle génération d’élites kurdes en politique (1946 – 1955). Anatoli, (8), 205 – 32.
لە تاراوگەوە بۆ نوێنەرایەتیی پەرلەمان؛  نەوەیەکی نوێی دەستەبژێرە کوردەکان لە سیاسەتدا…
Celîl, Cemîla (2017). 35 Sala Ber Xizmeta Dengxana ‘Fonda Zêrîn’. In Z. Înanç (ed.), Di Radyoya Êrîvanê de Dengê Kurdî (pp. 73–88). Istanbul: We¸sanên Weqfa Îsmail Be¸sikcî.
Celîl, Celîlê (2017). Radyo ya Kurdî li Yêrêvanê û Bingehdanîna wê. In Z. Înanç (ed.), Di Radyoya Êrîvanê De Dengê Kurdî (pp. 17 – 60). Istanbul: We¸sanên Weqfa Îsmail Be¸sikcî. ڕادیۆی یەریڤان دەنگی کوردی…
Diken, ¸S. (2010). I·syan Sürgünleri. Istanbul:I · leti¸sim Yayınları. یاخیبوونی دوورخراوەکان…
Eagleton, W. (1963). The Kurdish Republic of 1946. Oxford: Oxford University Press. کۆمارە کوردەکەی ساڵی ١٩٤٦…
Ekinci, T. Z. (2010). Lice’den Paris’e Anılarım. Istanbul:I · letisim Yayıncılık. یادەوەرییەکانم لە ئەسپێوە بۆ پاریس …
Ercan, H. (2010). Dynamics of mobilization and radicalization of the Kurdish movement in the 1970s in Turkey. Unpublished MA thesis, Koç Üniversitesi.
دینامیکەکانی جۆشدان و بەڕادیکاڵ بوونی جووڵانەوەی کوردی ساڵانی ١٩٧٠کان لە تورکیادا. تێزێکی بڵاو نەکراوەی ماستەر، زانکۆی کۆچ.
Ghassemlou, A. R. (1991). PDK-I. Paris.حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
Gorgas, J. T. (2014). La question kurde: passé et présent. Paris: Editions L’Harmattan.مەسەلەی کورد: ڕابوردوو و ئێستا…
Gündogan, A. Z. (2005). The Kurdish political mobilization in the 1960s: The case of ‘the Eastern Meetings’. Unpublished MA thesis, Orta Dogu Teknik Üniversitesi.
جۆشدانی سیاسیی کورد لە ١٩٦٠کاندا: کێشەی “کۆبوونەوەکانی ڕۆژهەڵات”. تێزیکی بڵاونەکراوەی ماستەر…
Gunes, C. (2012). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance. London: Routledge.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردلە تورکیادا: لە ناڕەزایی دەربڕینەوە بۆ بەرگری کردن…
Gunes, C. (2019). The Kurds in a New Middle East: The Changing Geopolitics of a Regional Conflict. New York: Palgrave Macmillan.
کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا: گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی ململانییەکی ناوچەیی…
Hassanpour, A. (2005). Kürdistan’da Milliyetçilik ve Dil. Istanbul: Avesta Yayınları.نەتەوە و زمان لە کوردستاندا…
Helgren, J. and Vasconcellos, C. (eds) (2010). Girlhood: A Global History. New Brunswick, NJ: Rutgers University Press.کچێنی: مێژوویەکی جیهانی…
Înanç, Z. (ed.) (2017). Di Radyoya Êrîvanê De Dengê Kurdî. Istanbul: Wesanên Weqfa Îsmail Besikcî.ڕادیۆ یەریڤان دەنگی کوردی….
Koohi-Kamali, F. (2003). The Political Development of the Kurds in Iran: Pastoral Nationalism. Basingstoke: Palgrave Macmillan.
پەرەسەندنی دیبلۆماسیی کورد لە ئێراندا: ناسیۆنالیزمی شوانکارەیی ….
Marcus, A. (2009). Blood and Belief: The PKK and the Kurdish Fight for Independence. New York: New York University Press.
خوێن و باوەڕ: پەکەکە و شەڕی کورد بۆ سەربەخۆیی …
McDowall, D. (1994). A Modern History of the Kurds. London and New York: I.B. Tauris. مێژووی نوێی کورد…
Miroglu, O. (2005). Canip Yıldırım’la Söylesi Hevsel Bahçesinde Bir Dut Agacı. Istanbul Iletisim Yayınları.
گفتوگۆ لەگەڵ جانیب یڵدرم: دارتوویەک لە باخچەی هەڤسەڵدا…
Orhan, M. (2015). Political Violence and Kurds in Turkey: Fragmentations, Mobilizations, Participations and Repertoires. New York: Routledge.
توندوتیژیی سیاسی و کورد لە تورکیادا: کەرتوپەرت بوون، مۆبیلیزە کردن، بەشدار بوون و سەرچاوە ….
Özgen, H. N. (2003). Van – Özalp ve 33 Kursun Olayı: Toplumsal hafızanın hatırlama ve unutma biçimleri. Istanbul: Türkiye Sosyal Tarih Arastırma Vakfı Yayınları.
ڤان ئوێزلەپ و ڕووداوی ٣٣ گوللەکە: ڕێگەکانی بیرهێنانەوە و لەبیرچوونەوە لە یادەوەریی دەستەجەمعیدا: لە بڵاوکراوەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی مێژووی کۆمەڵایەتی لە تورکیا
Peseng, S. (2015). Yasar Kaya’nın Hatıraları. Istanbul: Avesta Yayınları.
یاداشتەکانی یەشار کایا …
Ronahî (1971). Ji Bo Çi?, Ronahî, no. 1 (August): 1. ژبۆچی؟ گۆڤاری ڕۆناهی
Sheikhmous, O. (1989). Kurdish cultural and political activities abroad. Kurdistan Week arranged by the Haus Der Kulturen Der Welt, Berlin, 17 December.
چالاکییە کولتووری و سیاسییەکانی کورد لە دەرەوە. هەفتەی کوردستان لە لایەن خانەی کولتوورەکانی جیهانەوە لە بەرلین ڕێکخراوە…
Tejel, J. (2008). Syria’s Kurds: History, Politics and Society. London: Routledge.
کوردەکانی سووریا: مێژوو، سیاسەت و کۆمەڵگە …
Tejel, J. (2017). New perspectives on writing the history of the Kurds in Iraq, Syria and Turkey: A history and state of the art assessment. In G. Stansfield and M. Shareef (eds), The Kurdish Question Revisited (pp. 3 – 16). London: Hurst Publishers.
دید و بۆچوونی نوێ لەبارەی نووسینی مێژووی کوردەوە لە عێراق و سووریا و تورکیا: هونەر و مێژووی هەڵسەنگاندن. لە کتێبی ج. ستانفیڵد و م. شەریف، “چاوخشاندنەوەیەک بە مەسەلەی کورددا” …
Tejel, J. (2018). Étudiants ‘émigrés’ et activisme en Europe: le cas de la KSSE (1958 – 1975). In H. Bozarslan and C. Scalbert-Yücel (eds), Joyce Blau l’éternelle chez les Kurdes (pp. 43–61). Istanbul: Institut français d’études anatoliennes (Bibliothèque (électronique) de l’IFEA).
http://books.openedition.org/ifeagd/2211.
قوتابییە “کۆچبەرەکان” و جالاکی لە ئەوروپادا: مەسەلەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا (١٩٥٨ – ١٩٧٥)، لە کتێبەکەی ح. بۆزئەرسەلان و …”جۆیس بلۆی هەتاهەتایی لەنێو کورددا…
Temel, C. (2015). Kürtlerin Silahsiz Mücadelesi. Istanbul:I · smail Besikci Vakfı Yayınları.خەباتی ناچەکدارانەی کورد
Ter Minassian, T. (1997). Colporteurs du Komintern: l’Union soviétique et les minorités au Moyen – Orient. Paris: Les Presses de Sciences Po.
فرۆشیارە گەڕۆکەکانی کۆمینتێرن: یەکێتی سۆڤیێت و کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا….
Üngör, U. Ü. (2011). The Making of Modern Turkey: Nation and State in Eastern Anatolia, 1913 – 1950. New York: Oxford University Press.
دروستکردنی تورکیای نوێ: نەتەوە و دەوڵەت لە ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵاتدا …
Vali, A. (2014). Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity. London and New York: I.B. Tauris.
کورد و دەوڵەتی ئێران: پێکهێنانی ناسنامەی کورد …
Wanlî, Î. ¸S. (2014). Serpêhatiyên Jiyana Min. Istanbul: Rupel. بەسەرهاتی ژیانم …
Watts, N. F. (2010). Activists in Office: Kurdish Politics and Protest in Turkey. Seattle, WA: University of Washington Press.
چالاکوانان لە ئۆفیسدا: سیاسەتی کورد و پرۆتێست و ناڕەزایی لە تورکیادا…
Yeleser, S. (2011). A turning point in the formation of the Kurdish left in Turkey: The revolutionary eastern cultural hearts (1969 – 1971). Unpublished MA thesis, Bo˘gaziçi University.
خاڵی وەرچەرخان لە پێکهاتن و دروستبوونی چەپی کورد لە تورکیادا: ناوجەرگەی کولتووری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات (١٩٦٩ – ١٩٧١). تێزێکی بڵاو نەکراوەی ماستەر.
Zaza, N. (1975). Les Kurdes et l’accord d’Alger. Travaux et jours, 56 – 57, 43 – 54.کورد و ڕێککەوتننامەی جەزائیر
Zaza, N. (1993). Ma vie de Kurde. 2nd ed. Paris: Labor et Fides.
ژیانی کوردانەم …

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …