Home / بەشی مێژووی كورد / مەسەلەی کورد لە عێراق

مەسەلەی کورد لە عێراق

مەسەلەی کورد لە عێراق

FB_IMG_1469965240171

ئاشكرایە كە خەباتی كوردستان وەكو چۆن لە سەرەتای پەیدا بوون و سەرهەڵدانییەوە رووداوێكی گرنگ بووە ئێستاش هەمان پایەی گرنگ و بگرە زیاتریشی هەیەو دەتوانێت دەوری یەكجار سەرەكی و گرینگی لە شۆڕشی سەر لەبەری ناوچەكەدا هەبێ ‌و ببێ بە فاكتەری بە ئاكام گەیاندنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی ئەم ناوچەیە…… بۆیە بایەخ و گرینگی كوردستان و خەباتی نەتەوەیی كورد تەنیا لەوەدا نییە كە هەر لە سەرەتاوە مەیدانی خەباتی جەماوەری بووە دژ بە دەسەڵاتی ئیمپریالیزم و كۆنەپەرستان و نۆكەران… بەڵكو لەوەدایە كە ئەم مەیدانە گرینگە بپارێزرێ و گەشەی پێ بدرێ و بكرێت بە مەڵبەندی هەڵگیرساندنی شۆڕش و شۆڕشگێڕاندنی هەموو زەحمەتكێشانی ناوچەكە و تەنیا وەكو پەناگەیەك نەهێڵرێتەوە و بكرێ بە بنكەی شۆڕشگێریی خەباتی خەڵكانی ناوچەكە، دیارە ئەم كارەش تەنیا ئەركی شۆڕشگێڕانی كورد نییە. بەڵكو ئەركی سەر شانی هەموو شۆڕشگێڕێكی ناوچەكەیە… چونكە بە خۆیان دەزانن كە هەڵوێستی سستی وان دەرهەق بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان چ ئاكام و ئاقیبەتێكی خەتەری دەبێت و.. چەند زیان لە بزووتنەوەی رزگاری نیشتمانی ناوچەكە دەداو چۆن زەمینە بۆ زاڵ بوونی رەوتی ئیمپریالیستی و كۆنەپەرستی خۆش دەكات. بۆیە شۆڕشگێڕانی ناوچەكەو دڵسۆزانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەو پێشكەوتووخوازانەی نەتەوەی كورد نابێ دوورە پەرێز بووەستن و وا بڕواننە كوردستان كە تەنیا مەڵبەندی خەباتی كوردە دژ بە زوڵم و زۆری نەتەوەیی و پەیوەندییەكی ئەوتۆی بەسەر لەبەری بزاڤی شۆڕشگێڕانەی ناوچەكەوە نییە. بەڵكو دەبێ بەو مەڵبەندو بنكە شۆڕشگێرییەی بزانن كە هاوسەنگی سیاسی ناوچەكەی پێوە پەیوەستەو كلیلی رزگاری نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتە.

بۆیە پێویستە خەڵك و هیزو گروپ و ڕێكخراوە سیاسییە شۆڕشگێڕەكان كەڵك لە تەجرەبە و ئەزموونی هێزو گروپ و ڕێكخراوە بەناو ماركسیستەكانی پێشوو وەربگرن و كەم و زۆر كەمتەرخەمی بەرانبەر بە دۆزی رەواو پێشكەوتنخوازی نەتەوەی كورد نەنوێنن و دەنا هەمان لۆمەی مێژوویی و بگرە زیاتریشیان دێتەسەر، چونكە بەشێكی ئاكامەكانی بزاڤی نەتەوەكەمان –بەچاك یان خراپ- دەكەوێتە ئەستۆی وان و لە بەردەم مێژووی خەباتی ڕەوادا بەرپرسیارن.

ئەگەر چاوێك بەوەزع‌و حاڵ و بارو زروفی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتدا بگێڕین و كەمێك لە كێشمانەكێش و ململانێی ئیمپریالیستی و پیلانی ئیمپریالیزمی جیهانی وردبینەوە، بە ئاشكرا بۆمان دەردەكەوێ كە بایەخی كوردستان لە روانگەی شۆڕش و شۆڕشگێڕییەوە رۆژ بە رۆژ گرینگتر دەبێت و… دەشێت ببێ بە ئاسۆی هیواكانی گەلی كوردو گەلانی زۆرلێكراوو زەحمەتكێشی ناوچەكە، كوردستان خەریكە لەوە دەربچێت كە تەنیا پەناگە یان هەر بنكەی بەڕەڤانی و مقاوەمەت بێ و بەس، بەڵكو بەرەو ئەوە دەچێت ببێ بە ئاڵاهەڵگڕی شۆڕش و خاڵی سەركەوتن لە عێراق و هەموو ناوچەكەدا.

ئا ئەمەیە شوێن و جێگەی كوردستانی شۆڕش، بۆیە دڵنیاین كە فاكتەری سەرەكی هاوكێشەی گۆڕانكارییە شۆڕشگێڕییەكانی ناوچەكە پێك دێنێ و غافڵ بوون لەم –دەورە گرینگەی كوردستان لەلایەن هەر شۆڕشگێڕێكەوە- غافڵ بوونە لە شۆڕشی سەر لەبەری ناوچەكە، هەڵبەتە ئەم شوێن و جێگە ستراتیژییە تا زیاتر ببێ بە قوتابخانەی گوزارشتكردن لە قازانج و بەرژەوەندی جەماوەری خەڵكانی چەوساوەو جووتیارانی هەژار، پتر دەچەسپێ و دەبێ بە قەڵای مكومی شۆڕش.

ئاشكرایە تەسكبینی كوردان‌و نەبوونی جیهانبینی روون و ستراتیژییەتی مەعلوم و دڵخۆشكردنیان بە دەستكەوتی كاتی و ناچیزەو لە سایەی رژێمانی نۆكەردا، خۆی لە خۆیدا بایەخی ئەم بنكە شۆڕشگێڕییە كەمدەكاتەوەو وریا نەبین لە دەستمان دەچێت و دەكەوینە گێژاوی كۆمەڵێك سازشكاری ریفۆرمیستیەوەو مێژووی بزووتنەوەكانی ناوچەكە و مێژووی بزووتنەوەی بەردەوامی كورد لەم بارەیەوە پڕە لە تەجرەبەی دەوڵەمەند و دەشێت سوودی لێوەربگیرێ…..

دیارە هەر بزاڤێكی شۆڕشگێڕانە رژد نەبێت لەسەر وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی، یان سازشی لەسەر بكات ناكرێ بە بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕانە لە قەڵەم بدرێ… چ ئاكامێكی ستراتیژی شۆڕشگێڕانە بەدەست نایەنێت و ئەو پەڕەكەی ئەوەیە لە بازنەی خەباتی ریفۆرمیستیدا هەنگەڵە شەلێی خۆی دەكات. بۆیە وەختی ئەوە هاتووە هەموو شۆڕشگێڕانی ناوچەكە و دڵسۆزانی گەلی كورد هاودەنگ لەگەڵ شۆڕشگێڕانی كوردا بە دەنگی بەرزو بە راشكاوییەوە ئەوە رابگەیەنن كە گەلی كورد وەك هەر گەلێكی دی ئازادە لە دیاریكردنی مافی چارەنوووسی خۆی و دەبێ خەباتی لەبەر رۆشنایی وەزع و حاڵ و بار‌و زروفەكاندا یان لە پێناوی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا بێ یان لە پێناوی فیدراڵیەتی ئارەزوومەندانەدا بێ كە تێكۆشەر عەزیز شەریف ئەم دوو خاڵە و پەیوەندی پتەویانی بە جوانی لەم كتێبە بەنرخەیدا (مەسەلەی كورد لە عێراقا) روونكردۆتەوە و پێویست ناكات ئێمە لەم كورتە پێشەكییەدا چیدی لەسەری بڕۆین.

بەر لە كۆتایی دەبێ ئەوە بگوترێ كەوەختی ئەوە هاتووە كە خەڵكی شۆڕشگێڕو جەماوەری چەوساوەی كورد دەستبەرداری گۆشەگیری نەتەوەیی و هەموو خەباتێكی ریفۆرمیستی ببن و لەوە حاڵی ببن كە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی كورد چ رۆلێكی گرینگی لەسەر چارەنووسی خۆیان و سەرانسەری ناوچەكە هەیە، كارێكی وا بكەن هەموو شۆڕشگێڕانی ناوچەكە وەكو پێویست بە پیرییەوە بێن و هاوكاری لە تەكدا بكەن و ئەم مەیدانە بكەن بە مەشخەڵی داگیرساوی شۆڕشی ناوچەكە.

لە كۆتاییدا داوای لێبوردن لە مامۆستای تێكۆشەر عەزیز شەریف دەكەین كە بەبێ پرس ئەم كتێبەیمان وەرگێڕاوە هەر چەندە دڵنیاین پێی خۆشە بیرو بۆچوونە زانستییەكانی بە زمانی كوردی لە نێو شۆڕشگێڕانی كوردا بڵاوببێتەوە. هیوادارین راوبۆچوونە شۆڕشگێڕییەكانی جێی شایستەی خۆیان لە بیرو بیركردنەوەی خوێنەری كوردا بكەنەوە…..

وەرگێڕ

یاخسەمەر: 1/1988

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …