Home / بەشی مێژووی كورد / ئایە سۆمەریەکان کوردبوون؟!

ئایە سۆمەریەکان کوردبوون؟!

119084395_3197495560357704_3101829586701744064_o
ئایە سۆمەریەکان کوردبوون؟!
سۆمەریەکان کە خاوەنی کۆنترین شارستانیەتی مێژوون، تا ئێستا قسەوباسێکی زۆر و جیاواز لەسەر ڕەگەز و زمانیان دەخرێتە ڕوو، هەر نەتەوەیە و بە جۆرێک هەوڵدەدا بنچینەی خۆی بە سۆمەریەوە گڕێ بدات، هەڵبەت ئەمەش هەموو لە پێناو ئەوەدایە کە ڕەسەنایەتی خۆیان لە ناوچەکەدا بسەلمێنن و هاوکات ئەو شانازی و شکۆمەندیەی شارستانیەتی سۆمەریشیان بەبەردا ببڕێت، بەڵام ئایە کێ لەم گروپانە بەڵگەی بەهێز و ئاشکرای هەیە بۆ ئەم پرسە، بێگومان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقە مێژووی و زمانەوانیەکان، دواتر لێکدانەوەیان بە شێوەیەکی زانستی و ئاشکراکردنی ئەنجامەکانیان بۆ ڕای گشتی، تا هەمووان بە پێی بەڵگەو دەقەکان و تێگەیشتنی خۆیان، ئازادانە ڕاو بۆچوونی خۆیانی لەسەر دەرببڕن.
بە بڕوای من هیچ یەک لە گەلانی ناوچەکە هێندەی کورد بەڵگەی مێژووی و زمانەوانیان لە بەردەست نیە بۆ ئەم بابەتە، ئێمە هەوڵەدەین لەم باسەدا بە کورتی تیشکێک بخەینە سەر بەڵگە هەرە بەرچاوو گرنگەکان.
ئێمە دەزانین سۆمەریەکان لە باشوری عێراقی ئیمڕۆدا حوکمدار و دەسەڵاتدار بوون، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەم گەلە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نەبوون، بەڵکوو پێشتر لە شوێنێکی ترەوە هاتوون و دواتر لەو ناوچانەدا نیشتەجێ بوون.
بۆ ئەم کۆچەی سۆمەریەکان چەند راو بۆچونێک هەیە، بەڵام ئەوەی زۆر باسی لێوە دەکرێ دوو بۆچوونە، بە پێی یەکێک لە بۆچونەکان سۆمەریەکان لە ناوچەی سند لە هیندستانەوە هاتوون، ڕایەکی تریش پێی وایە نەخێر بەڵکوو لە باکوری میزۆپۆتامیاوە کە کوردستانی ئیمڕۆ دەکات، دابەزیون بۆ دەشتایەکانی خواروی میزۆپۆتامیا.
هاوکات لە ڕووی زمانیشەوە ئەوە یەکلابۆتەوە زمانی سۆمەری زمانێکی جاوازە و پەیوەندی بە زمانی سامیەکانەوە نیە.
بەڵام شوێنەوارناسان نەیانتوانیووە بە دروستی ئەوە ڕوونبکەنەوە کە زمانەکە سەر بەچی ڕەگەزێکە، بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زانایانی بواری شوێنەوار بە تەواوی شارەزای زمانی خەڵکی ناوچەکە نین، بە تایبەت کورد، کە لە لێکۆڵینەوەکاندا کەمترین بایەخ بە خۆی و زمانەکەی دراوە.
هەر بۆیە ئەم ئەرکە کەوتووەتە سەر خۆمان کە ئەم پرسە گرنگە بخەینە بەر باس، بەشێکی شوێنەوارناسان و مێژوونوسان تا ئەم دەمەش نازانن ئەو زمانەی کە سۆمەریەکان قسەیان پێ کردووە کوردی بووە و بەشێکی زۆری وشە سۆمەریەکان تا ئێستاش وەک خۆیان یان بە کەمێک گۆڕانەوە، لە زمانی کوردیدا ماون و بەهەمان مانای سەردەمی سۆمەری بەکار دەهێندرێنەوە!!
ئەمەش بەشێکی کەم لەو وشانە
…..
فەرهەنگی وشەی (سۆمەری – کوردی)
…………..
(1)
وشەکە بە سۆمەری/ (mir)
وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/
[snake مار]
وشەی کوردی بەرامبەری/ (mār مار)
——————–
(2)
وشەکە بە سۆمەری/ (men)
وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/
[I من]
وشەی کوردی بەرامبەری (min من)
——————–
(3)
وشەکە بە سۆمەری/(silan)
وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/
[to knead (شێلان)شێلانی هەویر یان قوڕ]
وشەی کوردی بەرامبەری/ (šelān شێلان)
——————–
(4)
وشەی سۆمەری/(gal)
وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/
[گەورە (گەورەبوون، مەزن، ئاژەڵی نێری پێگەیوو)
(to be) big, great, (to be) mature (of male animals)
وشەی کوردی بەرامبەری/(kal کەڵ)
——————–
(5)
وشەکە بە سۆمەری/(are)
وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/
[to grind ئەهاڕێ]
وشەی کوردی بەرامبەری/(ahāre ئەهاڕێ)
——————–
(6)
وشەکە بە سۆمەری/(bir)
وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/
[to shred بڕین]
وشەی کوردی بەرامبەری/(bir بڕ/بڕین)
——————–
(7)
وشەکە بە سۆمەری/(aka)
وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/
[to do ئەکا]
وشەی کوردی بەرامبەری/(akā ئەکا، ئەکات)
——————–
(8)
وشەکە بە سۆمەری/(nu-zu)
وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/
[نەزان ignorant]
وشەی کوردی بەرامبەری/(na-zān نەزا/نەزان)
——————–
من لەبەر زیاتر درێژ نەبوونەوەی بابەتەکە تەنها ئەم چەند وشەیەم داناوە، بۆ وشەی زیاتر بڕوانە (فەرهەنگی زمانی سۆمەری) لە کتێبی (کورد کێیە) لە نوسینی سۆران حەمەڕەش.
وەک بینیمان هەندێک وشە بە گۆڕانێکی کەم و هەندێکی دیکەش وەکوو خۆی تا ئیمڕۆ لە زمانی کوردیدا بەهەمان مانا بەکاردێن.
بێگومان ئەمە لە ڕووی بەڵگه زمانەوانیەکانەوە زۆر گرنگن و دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە زمانی سۆمەری بەشێکە لە زمانی (هیندۆئەورپی – کوردی)، هەر بۆیە لە هەریەک لە زمانە سامیەکان و زمانە ئۆڕاڵیەکان و سلاڤیەکانیش جودایە.
بەم شێوەیە ئێمە دیوی ڕاستیەکی تریشمان بۆ ئاوەڵا دەبێ، ئەویش ئەوەیە گەر سۆمەریەکان لە هەر شوێنێکەوە هاتبن لە کۆتایدا هیندۆئەورپاین، کە ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە یان لە باکورەوە دابەزیون بۆ دەشتەکان یان لە هیندستانەوە هاتوون.
جا لێرە ئێمە پێویستمان بە بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەم گەلە لە چیاکانی زاگرۆسەوە دابەزیون و بەرەو باشور ڕۆیشتوون، بۆ سەلماندنی ئەم ڕایە کۆمەڵێک بەڵگەی شوێنەواری گرنگمان لەبەر دەستە.
وەک ڕوونە سەرەتا مرۆڤ لە ئەشکەوت و چیاکاندا ژیاوە و دواتر بەرەو کەناری ڕووبارەکان و ناو دۆڵەکان و دامێنی چیاکان کشاون و دەستیان بە کشتوکاڵ کردووە، کوخی بچوکیان لە نزیکی کێڵگەکانیان دروست کردووە، دواتر بە تێپەڕینی کات ئەو کوخانە گۆڕاون بۆ گوندی کشتوکاڵی بچوک.
ئێمە لە کوردستان بە گشتی و بە تایبەت تر لە کوردستانی باشوور، نموونەی تەواوی ئەم پەرەسەندنەمان لەبەردەستە.
لە نموونەی ژیانی سەرەتایی ناو ئەشکەوت، چەند شوێنەواری گرنگی وەک (ئەشکەوتی شانەدەر، ئەشکەوتی هەزار مێرد، ئەشکەوتی زەرزی..) و زۆری تریشمان هەیە، کە شوێنەواری مرۆڤی سەرەتایی تێدا دۆزراوەتەوە.
وە لە قۆناغی دواتریش کە دەستپێکی کشتوکاڵ و بنیادنانی کوخە بچوکەکان بووە، چەند شوێنەوارێکی ترمان هەیە کە به پێی لێکۆڵینەوە کڕۆنۆلۆجیەکان دەکەونە دوای قۆناغی ژیانی ئەشکەوت و سەرەتای دەرکەوتنی کشتوکاڵ، لە نموونەی ئەم شوێنەوارانە (شوێنەواری زاوی چەمیە لە شانەدەر)
دوای ئەم قۆناغەش سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات کە گوندە کشتوکاڵیەکانی تێدا دەردەکەوێ و کوخەکان دەگۆڕێن بۆ خانووی بچوک، وە هەر لەم قۆناغەشدا بیروباوەڕی ئاینی کە لە قۆناغی دووەمەوە سەری هەڵدابوو، پەرە دەستێنێ و لە قوڕ و بەرد خواوەندەکان دروست دەکرێن.
بەم جۆرە لە پەرستنی دیاردە سروشتیەکانی وەک خۆر و باران و ڕەشەبا و هەورەبروسکەوە، مرۆڤەکان پەیکەر بۆ خواوەندەکانیان دروست دەکەن، جا هەر شتێک کاریگەری لەسەریان هەبوبێ خواوەندیان بۆ دروست کردووە، بۆ نموونە لە گوندی چەرمۆ خواوەندی دایک پەرستراوە، ڕەنگە ئەمەش بە هۆی کاریگەری کشتوکاڵەوە بوبێت کە وەکوو دایک لە زەویان ڕوانیووە.
لە نموونەی شوێنەوارەکانی ئەم قۆناغەش (گوندی بێستان سور لە شارەزور ، گوندی چەرمۆ لە چەمچەماڵ)
که ئەم دوو گوندە لەسەرەتای ترین گوندە کشتوکاڵیەکانن لە تەواوی جیهاندا.
کاتێک لەم بەڵگانە ورد دەبینەوە ئەوسا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زۆر ئاسایی بووە ئەو مرۆڤانە دوای زۆربوون و پەرەسەندنیان ڕوو لە دەشتە فراوانەکان و کەناری ڕووبارە گەورەکانی وەک دیجلەو فوڕات بکەن، کە بۆ ژیان و بۆ کشتوکاڵیش ئاسانتر و لەبارتر بووە.
هەر بۆیە ئەگەر به شێوەیەکی لۆژیکی و بێلایەن لەم بابەتە بڕوانین بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە کۆچی سۆمەریەکان بۆ زەویەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لەچیاکانی زاگرۆسەوە دەستیپێکردووە.
هەڵبەت کاتێک دەڕوانیت لەم ناوچە نزیکانەی دراوسێی سۆمەریەکاندا، ئەم بەڵگە ڕوون و ئاشکرایانە بوونی هەیە، ئەستەمە باوەڕ بەوەبکەیت کە ئەم خەڵکانە لە وڵاتێکی دووری وەکوو هیندستانەوە بەسەر کۆمەڵێکی زۆر زەوی بەپیت و ڕووباری گەورەدا تێبپەڕن و هەزاران کیلۆمەتر ببڕن تا لە میزۆپۆتامیادا نیشتەجێ ببن..
(شایەنی باسە شوێنکەوتەی هەندێک ئاین، لەوانە ئاینی ئیسلام، باوەڕیان وایە دوای ئەوەی تۆفانی نوح دەست پێدەکات تەواوی ئەو مرۆڤانەی ڕزگاریان بووە لە کەشتیەکدا لە خاکێکی پیرۆز لەنگەر دەگرن و ژیان دەست پێ دەکەنەوە، ئەوەی لێرەدا گرنگە زۆربەی مێژوونوسانی ئیسلامی چیاکانی کوردستان بە شوێنی لەنگەرگرتنی ئەو کەشتیە دەزانن، ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم بەسەرهاتە ئاینیەوه بڕیار بدەین ئەوە نەک هەر گەلی سۆمەری، بەڵکوو دەتوانین بڵێین تەواوی دانیشتوانی جیهان لە چیاکانی زاگرۆسەوە پەیدابوون، هەڵبەت ئەمە زیاتر بابەتێکی ئاینیەو زانست نەی سەلماندووە)
خاڵێکی تری گرنگ کە کوردی بوونی سۆمەریەکان یەکلا دەکاتەوە، بوونی کۆمەڵێک دەق و بەڵگەی مێژوویە کە لەو سەردەمەدا تۆمار کراون.
سەرەتا لە باسێکی کورتی (مادەکان) میدیەکانەوە دەست پێدەکەین چونکە ئەوەی لای هەموومان ڕوونە ئەوەیە کە میدیەکان باپیرانی کوردن، بەڵام بێگومان ئەمەش هەر لەخۆوە نیەو بەڵگەی ئاشکرامان بۆی هەیە، کە هەوڵەدەم زۆر بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەم.
یەکەمین دەقەکان کە مید و کورد پێکەوە دەبەستێتەوە
دەقە ئاشووریەکانن، لە دەقەکانی ئاشووردا ناوی مید لەگەڵ (گوت) هاتووە، واتە گوتیەکان و میدیەکانیان بە یەک ڕەگەز داناوە، هەمان شت لە دواتردا لە دەقە بابلیەکاندا دووبارە کراوەتەوە و مید و گوت بەیەک ڕەگەز سەیرکراون.
کە زۆر ڕێی تێدەچێت دواتر هەر ئەو ناوی گوتە گۆڕابێ بۆ (کورد).
ئەوەی گومانی ڕاستی بوونی ئەم بیرۆکەیە زیاتر دەکات، دەقی کارنامەی ئەردەشێری کوڕی بابەکە، کە ئەم کارنامەیە باسی چالاکیەکانی ئەردەشێری یەکەم پادشای ساسانی دەکات لە سەروبەندی دامەزراندنی دەوڵەتی ساسانیدا، لە دەقەکەدا دەڵێ ئەردەشێر دژی پاشای میدی کوردان جەنگاوە، لێرە بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی ڕوون، کورد و مید بە یەک ڕەگەز دانراون.
هەڵبەت دواتریش ئەرمەنیەکان لە دوای سەدەکانی ناوەڕاستەوە لە زۆر سەرچاوەی خۆیاندا ئامەژەیان بە کوردە میدیەکان داوە و چەند تێکستێکی کوردیش لە کڵێساکانیاندا لە ژێر ناوی تێکستی میدیەکاندا هەڵگیراون.
بێگومان دوای ئەم بەڵگانە هیچ گومانێک لە کوردی بوونی میدەکاندا نامێنێت، ئەمەشمان بۆیە باسکرد چونکە لەم بەشەی کۆتایدا ناوی میدیەکانیش لە بابەتی کوردی بوونی سۆمەریەکاندا دێتەوە بەرچاومان.
ئێمە تۆماری مێژوونوسێکی بابلیمان هەیە بە ناوی(بیرۆسۆس) کە لە سەدەی سێیەمی پێش زایندا لە بابلدا ژیاوە، بیرۆسۆس دەڵێت لەسەرەتای دەسەڵاتداریەتی بابلدا میدەکان حوکمڕان بوون، لە کۆی (٨٦) پادشای سۆمەری (٨٤)یان میدی بوون و تەنها دوو پادشایان سامی بووە، کە بیرۆسۆس دەڵێ دوای حوکمداری ئەو دوو پادشایە دووباره میدەکان وڵاتی سۆمەریان گرتەوە و هەشت پادشایان دەسەڵاتیان وەرگرت و بۆ ماوەی (٢٢٤) ساڵ فەرمانڕەوایەتیان کرد.
ئەم قسانەی بیرۆسۆس لە دەقی مێژوونوسە یۆنانیەکاندا هاتووە کە ئەوانیش لە خودی بیرۆسۆسیان وەرگرتووە، بێگومان بیرۆسۆس کە خۆی پیاوی ئاینی بووە لە بابل، ئاسان توانیوەتی دەستی بە دەقە مێخیەکانی پێشوو بگات، هەر بۆیە ڕێی تێناچێت لە خۆوە ئەم شتانەی نوسی بێت، بەڵام ئێمە بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر بە پێی دەقە مێخیە بەردەستەکان دەگەڕێینەوە بۆ ئەو قۆناغەی بیرۆسۆس باسی دەکات
تا بزانین لەو دەمەدا چی ڕوویداوە.
ئەو مێژووەی بیرۆسۆس ئاماژەی پێداوە لە کۆتای هەزارەی چوارەمی پێش زاینەوە دەست پێدەکات
بە پێی دەقە مێخیەکان سۆمەریەکان لەو دەمەدا لە دەسەڵاتدا بوون، تا ئەو کاتەی ئەکەدیەکان بۆ ماوەیەک لە ٢٣٦٠ – ٢١٨٠ پ.ز دەسەڵاتیان لێ دەستێنن و دەست بەسەر وڵاتی سۆمەردا دەگرن، سەردەمی ئەکەدی زۆر ناخایەنێ و گوتیەکان دەسەڵاتەکەیان دەڕوخێنن و دەست بەسەر وڵاتی سۆمەردا دەگرن و لە ٢١٨٠ – ١٩٦٠ پ.ز کە (٢٢٠) ساڵ دەکات، حوکمداری وڵاتی سۆمەر دەکەن، کە ئەم ساڵانەی حوکمڕانی گوتی تەنها چوار ساڵی لەگەڵ قۆناغی دووەمی دەسەڵاتداری میدیەکاندا جیاوازە، کە بیرۆسۆس باسی دەکات.
لێرەدا ئەبینین ئەوەی بیرۆسۆس باسی دەکات هەر ئەم قۆناغەیە، بیرۆسۆس سەردەمی سۆمەریەکان و گوتیەکانی هەر بەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی مید داناوە
بەڵام بە دوو قۆناغ جیای کردووەتەوە.
واش دەردەکەوێت کە بیرۆسۆس ئەکەدی و کلدانیەکان کە هەردووکیان دوو نەتەوەی سامی بوون، بە یەک نەتەوەی لەقەڵەم داون و تەنها حوکمڕانی دوو پادشاکانی وەک سەنحاریب و نارام سینی ئەکەدی بە حوکمڕانی تەواوی ناوچەکە داناوە.
بە پێی ئەم بەڵگەیەش گوتی و میدی هەر یەک بوون و سۆمەریەکانیش ئەسڵیان هەر میدی بووە، میدیش وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا زیاتر لە بەڵگەیەک لەسەر کورد بوونیان لەبەردەستە و گومانی تێدا نەماوە کە باپیرانی کوردن.
ڕەنگە ئەم جیاوازیە لە ناوەکانیان تەنها وەک جیاوازی ناوی بنەماڵەکان بوبێت، بۆ نموونە چۆن لە سەدەکانی مێژووی نوێدا، بنەماڵەکانی بابان و ئەردەڵان و ئازیزان و زۆری تریش بە ناوی جیاواز بونیان هەبووە و هەمووشیان لە کۆتایدا هەر کورد بوون، پێدەچێت ناوی مید و لوڤی و مانایی و هیتی و هوری و سۆمەری و کاسیش، هەر ناوی بنەماڵەی حوکمڕان یان ناوی ناوچە بوبێتن و دواتر وەکوو ناوێک بۆ ناسینەوەی ئەو خەڵکانە بەکارهاتووە.
هیوادارم بەم کورتە باسە شتێکم بۆ هەگبەی زانیاری و ئاگایتان زیادکردبێ.
ڕێزو خۆشەویستیم قبوڵ بفەرموون..
ئامادەکردنی: #agrin_kurdi
سەرچاوەکان:
١- کورد کێیە؟ (سۆران حەمەڕەش)
٢- مێژووی کۆنی کورد (د.جمال ڕشید – د.فەوزی ڕشید)
..

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …