Home / بەشی مێژووی كورد / ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا ‌

ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا ‌

 ڕۆڵی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا ‌

1468914727023


مەجید ساڵح 

به‌شی سێیەم
سلێمانی و گێچەڵی جل خوارەکان
لەم قۆناغەدا ململانێیەکی توند لە نێوان سێ رەوتی دژ بە یەک لە سلێمانی سەری هەڵدا:
یەکەم: (خزمانی شێخ مەحمود)، ئەمانە لە خزم و کەس و کارەکانی خودی شێخ بوون کە لە یەکەم حکومەتدا کاربەدەست و کۆڵەکەی فەرمانڕەوایەتییەکەی بوون و لە دوای روخانی حکومەتەکەشی گوشاری زۆریان دەکرد بۆ گەڕانەوەی، جگە لە شێخ قادری برای شێخ مەحمود، زۆربەی ئەم رەوتە دژی ئینگلیز بوون. زۆرجار بیروڕاکانی خۆیان بە زۆر بەسەر خەڵدا دەسەپاند و پاڵیان بە شێخ مەحمودەوە دەنا لە ئینگلیزەکان دورکەوێتەوە و خۆی لە تورکەکان نزیک بکاتەوە.
دووەم: (تورکخوازەکان- جل خوارەکان)، ئەمانەش داوایان دەکرد کوردستان بگەڕێتەوە بۆ ژێر رکێفی تورکەکان، بە زۆری ئەو فەرمانبەرانە بوون کە پێشتر لە حکومەتی عوسمانیدا فەرمانبەر بوون و بە هاتنی ئینگلیز لە کارەکانیان دوور خرابوونەوە، ناودارترینیان تاهیر ئەمین ئەفەندی بوو کە زۆر خۆی لە شێخ مەحمود نزیک کردبوەوە و کاریگەری هەبوو لەسەری.
سێیەم: (ئەفسەرەکانی پێشوی سوپای عوسمانی) ئەمانە پێکهاتبوون لە زۆربەی ئەو ئەفسەر و روناکبیرانەی کە لە سوپای عوسمانیدا پلەدار بوون. شارەزای سیاسەت و رووداوە سیاسیەکان بوون و ئەزموونیان هەبوو لەگەڵ تورکەکاندا و دەیانزانی چۆن لە پەیمان شکاندندا کەس شان لە شانیان نادات. داوایان لە شێخ دەکرد سیاسەتێکی هاوسەنگ و واقعیانە بگرێتەبەر و لەگەڵ سەردەمدا خۆی بگونجێنێ و لەگەڵ ئینگلیزەکاندا تێکی نەدا، چونکە ئەمانە لە چاو تورکەکاندا هێزێکی نوێ و پێشکەوتووخوازن.
خۆی بە لای تورکەکاندا شکاندەوە
لە کۆتاییدا شێخ مەحمود لە ژێر کاریگەری دوو رەوتە تورکخوازەکە و ئەو ئەزمونەی کە لەگەڵ ئینگلیزەکاندا هەیبوو، خۆی بە لای تورکەکاندا شکاندەوە، پشتی لە بریتانیەکان کرد. ئۆزدەمیر کە لە حوزەیرانی ١٩٢٢ لە رەواندوز جێگر ببوو، ئەم هەلەی لە دەست نەداو دەستی کرد بە پەیوەندی کردن بە شێخ مەحمود و چەندین سەرۆک خێڵی دیکەوە. لەو نامە گۆڕینەوانەی کە لە نێوان هەردووکیاندا ئەنجام درا، ئۆزدەمیر توانی قەناعەت بە شێخ بهێنێ کە سیاسەتی مستەفا کەمال ئەتاتۆرک جیاوازە لە گەڵ عوسمانیەکاندا و باوەڕی بە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هەیە.
«تورکەکان سادەیی بیرکردنەوە و دڵسافی و شەهامەت و پیاوەتی کوردەکانیان ئیستغلال کرد و وەک گولەی تۆپەکانیان لە هەموو بەرەکانی جەنگە دۆڕاوەکەیاندا بەکاریان هێنان». ( ارشاک سافرستان، ص ١٠٧)
٢١ی کانونی یەکەمی ١٩٢٢ ئینگلیزەکان لەگەڵ حکومەتی عیراقدا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و رایانگەیاند کە «هەردولایان دان بە حکومەتێکی کوردیدا دەنێن لە چوارچێوەی سنورەکانی عیراق»دا(عبدالرحمن البیاتی، ، ص ٢٧١)، بەڵام ئەمانە هیچ کاریان نەکردە سەر شێخ مەحمود و تا دەهات پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەمالیەکاندا توندوتۆڵ تر دەکرد و ئەوەش وای کرد بەرێوەبەری هەواڵگری بریتانیا لەو راپۆرتەی کە بۆ حکومەتی بەرز کردوەتەوە بڵێت: «ئێستا کوردەکان لە گیرفانی ناسیۆنالیستەکانی تورکدان، پشت بەستن بە کوردەکان بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر تورکەکان خەونێکە و نایەتەدی»( روبرت اولسون، ص ١٧٧.)
هیچ هەلێک بۆ پشتیوانی کردنی شۆڕشی کوردەکان نەماوە
دوای ئەم راپۆرتە «رید پوللار» کە راوێژکاری کاروباری عەرەبی بوو لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوە داوای کرد کە «دەبێ ونستۆن چرچل ئاگاداری سێر پرسی کۆکس بکاتەوە لەبەر ئەوەی لە داهاتویەکی نزیکدا هیچ هەلێک بۆ پشتیوانی کردنی شۆڕشی کوردەکان نەماوە، کەواتە هیچ پێویستیمان بە مانەوەی نوئیل و خەلیل بەگی بەدرخان نەماوە».( روبرت اولسون، ص١٧٧.)
بریتانییەکان بەم کەین و بەینەی نێوان شێخ مەحمود و ئۆزدەمیریان دەزانی، بۆیە کەوتنە خۆیان و بۆ رێگرتن لە کەمالیەکان. لە کۆنگری قاهیرە بڕیاری ئەوە درابوو فەرماندەیی هێزەکانی بریتانیا لە عیراق لە سوپاوە بگوازرێتەوە بۆ هێزی ئاسمانی. ئەو فڕۆکانەی لە عیراق بوون وەک هێزی ئاسمانی عیراق وابوون، لە مانگی ئازاری ١٩٢٣ بریتانیا بڕیاری دابوو کۆتایی بە رۆڵی ئۆزدەمیر لە کوردستان، بهێنێت. بۆیە لە رێگەی فرۆکەکانیەوە کەوتنە وێزەی و «لە دوای ٢٢ نیسانی ١٩٢٣ کەس ناوی ئەوی لە کوردستان نەبیست»( ودیع جویدە، ص٤٧٦.). بەمجۆرە شێخ مەحمود یەکێک لە پشتیوانە گرنگەکانی لەدەستدا.
شێخ مەحمود گوێی بە هەڕەشەکانی بریتانیا نەدا
دوابەدوای ئەوە ئینگلیزەکان کەوتنە کێچەڵ کردن بە شێخ مەحمود، ٢١ی شوباتی ١٩٢٣ ئەدمۆندز بە بروسکەیەک شێخ مەحمودی ئاگادار کردەوە کە بچێت بۆ بەغدا، گەر ئەوە نەکات لەکارەکەی بەرکەناری دەکەن، بەڵام شێخ مەحمود ئامادە نەبوو بچێ. ئەحمەد خواجە دەڵێ: «فڕۆکەکانی بریتانیا بەیاننامەیەکیان بەسەر سلێمانیدا بەردایەوە، ٢٥ شوباتیان وەک دوا مۆڵەت بۆ تەسلیم بوونی شێخ دیاری کرد»( ئەحمەد خواجە، ل٥٨.) شێخ مەحمود گوێی بە هەڕەشەکانی بریتانیا نەدا، لە ٢ی ئازاری ١٩٢٣ بۆمباران کردنی سلێمانی دەستی پێکرد و دوای دوو رۆژ شێخ مەحمود پاشەکشەی کرد بۆ دەرەوەی سلێمانی. بەمجۆرە کۆتایی بە حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود هات و شێخ جەنگی پارتیزانی دەست پێکرد.
دوای پاشەکشە کردنی شێخ مەحمود بۆ دەرەوەی سلێمانی، دواجار ئەشکەوتی جاسەنەی کردە بارەگای سەرەکی خۆیی و دەستی کرد بە دەرکردنی رۆژنامەی «بانگی حەق». پەیوەندی خۆی لەگەڵ تورکەکاندا بەهێزتر کرد و خودی ئۆزدەمیریشی بانگ کرد بۆ لای خۆی، ئەدمۆندز کە حاکمی موتڵەقی ناوچەکە بوو، بەم کارانەی شێخ مەحمود زۆر بێزارو توڕە بوو، زۆر بە چڕی و توندی دەستی دایە بۆمباران کردنی بارەگای شێخ و ئەو گوند و ناوچانەی کە تێیدا هاتوچۆی تێدا دەکردن.
ئەو بۆمبارانە کاریگەریی زۆری لە سەر جوڵانەوە پارتیزانەکەی شێخ مەحمود هەبوو، جگە لە کوژران و برینداربونی بەشێکی زۆر لە چەکدارەکانی، کۆمەڵێک لەو ئەفسەر و فەرماندانەشی کە لە گەڵیدا مابونەوە، بێهودە بوون و گەڕانەوە بۆ سلێمانی و تەسلیم بوون.
لەولاشەوە حکومەتی عیراق و بریتانیا لە هەوڵی ئەوەدا بوون کوردەکان لە ئەنجومەنی تەئسیسی عیراق بەشداری پێ بکەن و شێخ قادری برای شێخ مەحمودیشیان بۆ ئەو مەبەستە بردە ناو ئەنجومەنەکەوە.
حکومەتی سێیەم:
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو گوشارە سەربازی و سیاسییانە، شێخ مەحمود کۆڵی نەدا و دوای ئەوەی هێزەکانی بریتانیا لە سلێمانی پاشەکشەیان کرد، بۆ جاری سێیەم، ١١ی تەموزی ١٩٢٣ گەڕایەوە و دەستی بەسەر سلێمانیدا گرتەوە.
شێخ مەحمود دەزگایەکی نوێی بەڕێوەبەرایەتی حکومەتی کوردستانی پێکهێنا، کە بریتی بوون لە:
رەئیسی داخلیە شێخ محەمەد غەریب، رەئیسی مالیە و گومرک سەید ئەحمەد ئەفەندی، رەئیسی مەحکەمە مەعروف ئەفەندی، رەئیسی تیجارەت و مەعارف و نافیعە حاجی مەلا سەید ئەفەندی، قۆماندانی عەسکەر رەزا بەگ.
سەید ئەحمەد ئەفەندی کرا بە یاوەر و سەرکاتبی ملوکانە وئەحمەد سەبری ئەفەندی کرا بە کاتیب و ماجید مستەفا زابتی ئامر و محەمەد ئەفەندیش کرا بە قماندانی بلۆکی مەعیەت.
دوای ئەو گەڕانەوەیە، رۆژنامەی «ئومێدی ئیستقلال»ی دەرکرد، سەرەتا ئەحمەد خواجەو دواتر رەفیق حیلمی و پاشان حسێن نازم بوون بە سەرنوسەر و خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەکە. ئەم هەنگاوانەی شێخ مەحمود بە هیچ شێوەیەک بە دڵی حکومەتە تازە دامەزراوەکەی عیراق و بریتانیا نەبوو، بۆیە هێزێکی زۆریان کۆکردەوە بۆ داگیرکردنی سلێمانی و دوای بۆمبارانکردن و پەلاماری سەربازی توانییان لە ١٩ی تەموزی ١٩٢٤دا داگیری بکەنەوە.
«مس بێڵ» و ئەو ئینگلیزانەی کە  هاوڕای ئەو بوون، لەگەڵ ئەوەدا بوون کورد هیچ مافێکی پێ نەدرێ، ئاواتەکەیان هاتەدی. ئەوەتا بێڵ لەو نامەیەی لە ٣٠ی تەموزی ١٩٢٤دا نوسیویەتی، بەم شێوەیە وێنەی ئەو کاتانە باس دەکات کە سلێمانی داگیر دەکەنەوە:
«كێشەی سلێمانی ئێستا لە دۆخێكی زۆر باشدایە و پێم وایە شێخ مەحمود شكستی هێنا و دواجار چوو بۆ دەرەوەی وڵات. سوارەی عیراقی بێ هیچ بەرگرییەك چونە سلێمانییەوەو شێخ مەحمود نزیكەی دووسەد سواری لەگەڵدایە و هەڵاتووە بۆ چیاكان، بەڵام چەند تفەنگ چیەك لە پیاوەكانی هەموو شەوێك شارەكە بەر گولە دەدەن و تەنگیان بەهێزی سوارە هەڵچنیوە و نایەڵن بە شەودا بخەون و بە رۆژیش پاسەوانی دەكەن، بەڵام كاری باش ئەنجامدەدەن و ئەمانە هەواڵی باشن دەیبیستین. وا چاوەڕوان دەكەم شێخ مەحمود ڕێگەی توركیای گرتبێتە بەر و رەنگە بەم زوانە بگاتە ئەوێ. ئەڵبەتە لەو چیا سەختانەدا زەحمەتە كەسێك دەسگیر بكرێت و ئەمەش لە دید و بۆچونی ئێمەوە بە شێوەیەكی گشتی باشترین كارە كە ئەو بیكات، یان ئەوەیە كە خۆی بمرێت، چونكە تۆ بە هیچ شێوەیەك نازانی چی بكەیت لە پیاوێكی لەم چەشنە كاتێ كە دەسگیری دەكەیت و پاشان بە داواكاری و عەرز و حاڵ تەنگت پێهەڵدەچنن بۆ بەردانی و تەنانەت ئەوانەش كە ڕقیان لێیەتی لە ترسا لەگەڵ ئەوانی تر داواكاری و عەرز و حاڵەكان ئیمزا دەكەن بۆ ئەوەی ئازاریان نەدات ئەگەر رۆژێك هات و بەربدرێت بەهۆی بەشدار نەبوونیان لە پێشكەش كردنی داواكاریی بەردانیدا».( مـحـەمـەد حـەمـە سـاڵـح تـۆفـیـق).

 

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …