Home / بەشی مێژووی كورد / عەڤدالێ زەینکێ… هۆمیرۆسی کوردان

عەڤدالێ زەینکێ… هۆمیرۆسی کوردان

Evdale-Zeynike_600x600 (2)

بەکر شوانی

عەڤدالێ زەینکێ گرنگترین ناوی بواری دەنگبێژییە لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا و لە ناو کوردی باکوردا، بەتایبەتیش لە دەڤەری ئاگری و دەوروبەری بووە بە ئەفسانە و بە “هۆمیرۆسی کورد” ناودەبرێت.

نووسەر و توێژەری کورد ئەحمەد ئاراس ماوەی ٢٠ ساڵ بەو ناوچانەدا گەڕاوە کە عەڤدالێ زەینکێ تیایاندا ژیاوە و لە ئاکامدا کتێبێکی بە ناوونیشانی “دەنگبێژی ئەفسانەیی کورد عەڤدالێ زەینکێ” بە زمانی تورکی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. ئاراس دەڵێت گوند و ناوچەکانی ئاگری گەڕاوە بۆ بینین و گوێگرتن لەو کەسانەی عەڤدالێ زەینکێ-یان بینیوە و لەو بارەیەوە دەنووسێت: “ماوەی ٢٠ ساڵ بەو گوند و ناوچانەدا گەڕام کە عەڤدال لێیان ژیاوە، یان سەردانی کردوون. لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (باکوری کوردستان) شوێن نەماوە سەردانی نەکردبێت. هەموو ناوچە و گوندەکانی ئاگری گەڕاوە. منیش بست بە بستی ئەو شوێنانەم بەسەرکردەوە و هەرکەسێك ئەوی دیبێت و ناسیبێت، پرسیارم لێیان کردووە و زانیاریم لەسەری کۆ کردووەتەوە. لەو ناوە کەس نییە عەڤدالێ زەینکێ نەناسێت، چونکە پایەیەکی گرنگی لە ژیانی گەلی کورددا هەیە. عەڤدالێ زەینکێ دیاترین ناوی هونەری دەنگبێژییە کە یەکێکە لە کۆنترین لقەکانی فۆلکلۆری کوردی. ئەو لە ناو کورداندا بووە بە ئەفسانە و پێشەنگ و ڕچەشکێنە بۆ هەموو دەنگبێژانی دوای خۆی…”

ئاراس سەبارەت بە ژیانی عەڤدالێ زەینکێ دەنووسێت: “عەڤدال دەوروبەری ساڵی ١٨٠٠ لە گوندی جەمالڤەردی سەر بە ناوچەی توتاکی ئاگری لە دایك و باوکێك بەناوی مستەفا و زەینێ لە دایک بووە و نزیکەی ١١٠ ساڵ ژیاوە. بنەماڵەی عەڤدال سەر بە هۆزی مامان بوون و ئەوانیش وەك زۆرێك لە هۆزە کوردەکانی ئەو سەردەمە کۆچبەر بوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە. عەڤدال هێشتا تەمەنی ٢ ساڵ دەبێت کە باوکی دەمرێت. بەپێی یاساکانی هۆز دەبوایە زەینێ شووی بکردایەتەوە، بەڵام بەڵێن دەدات تا لە ژیاندا بێت نەچێتە باخەڵی پیاوێکی ترەوە و هەموو ژیانی خۆی بۆ پەروەردەکردنی عەڤدال تەرخان دەکات. هەر لەبەرئەوەیشە عەڤدال بەناوی دایکییەوە ناسراوە، نەك ناوی باوکی. کاتێکیش گەورە بووە و پێگەیشتووە، هەموو ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵگەی کردووە بە گۆرانی و لە گشت بوارێکی وەک ئەڤین، مردن، تاسە، ئاشتی و سیاسەتدا کەلامی بەرهەمهێناوە. بۆیە خەڵك بە کەسێك لە خۆیانیان داناوە و هونەرەکەیان زۆر پێ خۆش بووە. لەم سەردەمەیشدا لە شایی و پرسە و بۆنە کۆمەڵایتییەکانی تردا کەلام و گۆرانییەکانی ئەو دەگووترێنەوە…”

ئاراس دەربارەی توانای هونەریی عەڤدالێ زەینکێ و کاریگەریی ئەو بەسەر خەڵکەوە دەنووسێت: “عەڤدال هەر ڕووداوێکی دیبێت، بەچەند خوولەکێک کروویەتە بە گۆرانی. هەر لە شەڕی عەشیرەتەوە بیگرە بۆ کچ هەڵگرتن و دوژمنایەتی، کەلام و گۆرانی بەسەر هەموویدا گوتووە. خاوەن شێوازێکی تایبەت بووە و بە هۆمیرۆسی نووسەری ئەلیازە و ئۆدیسا چوێندراوە و بە هۆمیرۆسی کوردان ناوی دەرکردووە. هۆکاری ئەم لێكچوواندنەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هۆمیرۆس بە کەنارەکانی دەریای سپیدا گەڕاوە و هونەری خۆی نمایش کردووە. هۆمیرۆس شاعیرێکی نابینا بووە. عەڤدالیش سەرحەد، مووش، قارس، ئەرزەرووم، وان، دیاربەکر، دەرسیم، موسڵ، ئێران و ڕووسیا گەڕاوە و هونەری خۆی پێشکەش کردووە. لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا بینایی چاوانی لە دەستداوە و چەند ساڵێکیش بەو حاڵەوە گەڕاوە…’

ئاراس دەربارەی پێگەی عەڤدالێ زەینکێ لە ناو دەنگبێژانی هاوچەرخدا دەڵێت: “عەڤدال پیری دەنگبێژانی ئەم سەردەمەیە. ئەوانەی ئەمڕۆ هەموویان لەسەر شێوازی ئەو کەلام و بەیت دەڵێن. بەتایبەتی هەردوو دەنگبێژی ناودار ڕەشۆ و شەرۆیێ برۆ شێوازیان لە عەڤدالەوە زۆر نزیکە. وشەی عەڤدال-عەبداڵ ناوێکی باوە لە ناو کوردەواریدا کە هەمان کات بە واتای دیل و پەرێشان و هەژاریش دێت. بۆیە عەڤدال لە زۆربەی بەیتەکانیدا دەڵێت: (ئەز عەڤدالم، عەڤدال)…”

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …