Home / بەشی مێژووی كورد / کاتێك چەرچڵ داوای کرد شیعرێکی مەلای جزیری بۆ وەربگێڕن

کاتێك چەرچڵ داوای کرد شیعرێکی مەلای جزیری بۆ وەربگێڕن

بەکر شوانی

 چەرچڵ و ئینوینو

کتێبی “بیرەوەرییەکانم”ی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراوی کورد موسا عەنتەر (١٩٢٠-١٩٩٢) لێوانلێوە لە ڕووداوی مێژوویی و سەربووردەی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کوردەکانی سەدەی بیستەم و هەندێك کەسایەتیی تورك و بیانی کە پەیوەندیان بە کورد و دۆزەکەیەوە هەبووە. یەکێك لەو ڕووداوانە بەسەرهاتی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ونستن چەرچڵ و سەرۆك کۆماری تورکیا عیسمەت ئینوینووە*.
موسا عەنتەر ساڵی ١٩٥٦ لە بەیئۆغڵوی ئیستانبوڵ ڕێستۆرانت/کانتینێکی گەورە و بەناوبانگی دەبێت و هەر خۆیشی بەڕێوەی دەبات. ڕۆژێك تەماشا دەکات وا دوو پیاوی بەتەمەن بەرەو رێستۆرانتەکەی ئەم دێن. ئەمیش لە دوورەوە هەردووکیان دەناسێتەوە؛ یەکێکیان پرۆفیسۆر تاهیر تانەرە کە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ مامۆستای موسا عەنتەر بووە و ئەویتریشیان وەزیری پێشووتری دەرەوە نوعمان مەنەمەنجیئۆغڵووە.**
ئەم جووتە هەفتەی چەند جارێك دێن بۆ لای موسا عەنتەر و ئەمیش خزمەتێکی جوانیان دەکات. دوای ئەوەی ڕایەڵەی متمانە لە نێوانیاندا پەیدا دەبێت، ڕۆژێك مەنەمەنجیئۆغڵو ئەم بەسەرهاتە بۆ موسا عەنتەر دەگێڕێتەوە:
هاوینی ساڵی ١٩٤٣ و لە گەرمی شەڕی دووەمی جیهاندا سەرۆکی ئەمریکا ڕۆزڤێلت و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چەرچڵ، ئینوینوو و منیان بانگهێشت کرد بۆ قاهیرە بۆ ئەوەی قایلمان بکەن ئێمەش بچینە شەڕەوە. ئینوینوو دڵی پێوە نەبوو تورکیا لە شەڕدا بەشدار بێت. ئەو داوای دەکرد هاوپەمانان سوپای تورك پڕ چەك بکەن و ئەوسا داوای شەڕی لێ بکەن. بەڵام نە چەرچڵ و نە ڕۆزڤێلت باوەڕیان بە تورك نەبوو، چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو دوای پڕ چەککردنمان بچینە پاڵ ئەڵمانیا. کاتێك زانیان ئینوینوو مل نادات، هەردووکیان ویستیان بە پرسی کورد چاوترسێنمان بکەن. چەرچڵ ڕووی لە ئینوینوو کرد و لەپڕ لێی پرسی: “پاشا، تۆ کوردی دەزانیت؟” ئینوینوو سەری لێ شێوا و نەیزانی چی بڵێت. تاوێك چاوەڕێم کرد و ئەو هەر هیچی نەگوت. ئەمجار من هاتمە نێوانەوە و گوتم: “ئەکسیلێنس، ئێمە کوردی نازانین. لای ئێمە کوردی ئاخێو نییە و زمانیكی لەو جۆرەش بوونی نییە.” توومەز چەرچڵ گرووپێك ڕۆژهەڵاتناس و پسپۆری زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەگەڵ خۆی هێنابوو. لە یەکێك لەوانەی پرسی: “مستەر، وایە؟ زمانێك نییە بەناوی زمانی کوردی؟” کابرا دیار بوو پێشتر خۆی ئامادە کردبوو، یەکسەر هەستایە سەرپێ و گوتی: “چۆن شتی وا دەبێت گەورەم! زمانێکی کوردیی خاوەن ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەند هەیە. ئەگەر مەیلتان لێ بێت، دەتوانم شیعرێك لە دیوانی مەلایێ جزیری بخوێنمەوە.” ئێمە تا ئەو کاتە ناوی ئەو شاعیرەمان نەبیستبوو. چەرچڵ گوتی: “بیخوێنەوە!” کابرا شیعرێکی خوێندەوە کە ئێمە لێی تێ نەگەیشتین، بەڵام زمانێك بوو نزیك لە فارسی و ئاهەنگ و میلۆدییەکی فرە نایابی هەبوو. کابرا گوتی ئەو شیعرە کوردییە. چەرچڵ گوتی: “ئەو شیعرەمان بۆ بنووسەوە!” کابرا شیعرەکەی لەسەر کاغەزێك نووسی. چەرچڵ گوتی: “وەری بگێڕە سەر ئینگلیزی!” ئەمجار داوای کرد وەربگێڕدرێتە سەر زمانی فەرەنسی و ئەو فەرمانەیشی بەجێ هێندرا. دواجار دەستووری دا شیعرەکە وەرگێڕدرایە سەر زمانی تورکیش. پاشان بە منی گوت: “مسیۆ، تۆش وەرە بڕوانە! با بزانین ئەم تێکستە لەم سێ زمانەدا ناچار بوو بۆ گوزارە لەخۆکردن چەند وشەی بیانی بەکار بهێنێت؟” دەقە فەرەنسییەکەی شیعرەکەی جزیری، جگە لە وشەی فەرەنسی، هیچ وشەیەکی تری بیانی تێدا نەبوو. لە دەقە ئینگلیزییەکەدا سێ و چوار وشەی بەڕەچەڵەك لاتینی هەبوو. لە شیعرە کوردییەکەشدا چوار-پێنج وشەی عەرەبی هەبوو. بەڵام کاتێك هاتینە سەر دەقە تورکییەکە، جگە لە (در) و (ئیلە)، یەك وشەی تورکی تێدا نەمابوو. هەندێك لە وشەکانی دەقە تورکییەکە فارسی و بڕێکیان عەرەبی و ئەوانی تریشیان لە زمانە ئەوروپایییەکانەوە وەرگیرابوون. چەرچڵ هەر چوار لاپەڕەکەی خستە پێش ئێمەیش و بە ئاماژەیەك کە واتای “شەرم لە خۆتان ناکەن!”ی دەگەیاند، گوتی: “فەرموون بەڕێزینە، دەوڵەمەندیی ئەو زمانی کوردییە ببینن کە زمانی زگماکی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی وڵاتەکەتانە و ئێوە نکۆڵی لە هەبوونی دەکەن!” من بە درێژایی سەردەمی مانەوەم لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەدا ڕۆژێکی ترم بیر ناکەوێتەوە هێندەی ئەو ڕۆژە تیایدا تەنگاو بووبم.

*عیسمەت ئینوینوو (١٨٨٤-١٩٧٣): لە ١٩٢٣ تا ١٩٣٧ سەرۆك وەزیران و لە ١٩٣٨ تا ١٩٥٠ سەرۆك کۆماری تورکیا بوو.
**نوعمان مەنەمەنجیئۆغڵو (١٨٩١-١٩٥٨): دیپلۆماتێکی ناسراوی تورك بوو، لە ١٩٤٢ تا ١٩٤٤ وەزیری دەرەوە بوو.
وێنەکە: چەرچڵ و ئینوینوو.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …