Home / بەشی مێژووی كورد / ئەستێرەی کاویانی

ئەستێرەی کاویانی

1

نووسین وکۆکردنەوەی : ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان.

ئەختەری کاویانی یان ئەستێرەی ئازادیی نیشتمانی گەلانی زاگرۆس، مێژوویەکی دێرینی هەیە و کوردیش خاوەنداری سەرەکیی ئەم ئاڵا گرنگ و مێژووییەیە کە چەندین ئیمبراتۆریەتی ناوچەکە، کردوویانە بە ئاڵای سەرەکیی خۆیان. لەوانە( کەیانییەکان، میدەکان، هەخامەنشییەکان، ساسانییەکان) و ئێستاش ناوەندی زەردەشتیانی کوردستان، لەسلێمانی، پاش زیاتر لە پانزە سەدە خەفەکردن و شاردنەوە و قەدەغەکردنی ئەم ئاڵایە، لەبارەگاکەی خۆیاندا، لەپاڵ ئاڵای کوردستاندا، هەڵیان کردووە.

ئەختەری کاویانی ( ئەستێرەی ئازادی)، یان ئاڵای کاویانی یان ئاڵای کاوە، لەپێستی شێر دروست کرابوو و ١٢ ( دوانزە) بست بەرزی و ٨ ( هەشت) بست پان بوو و بەسەری ڕمێکەوە هەڵواسرابوو و سەرە تیژەکەی ڕمەکە لەپشتی سەرەوەی پارچەکەوە دەرکەوتبوو و لەبەشی خوارەوەیدا بە سێ پارچەی درێژی ئاوریشمی لەڕەنگی ( سوور و مۆر و زەرد) رازابۆوە.

مێژووی یەکەم پەیدابوون و سەرهەڵدانی کاویانی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرەیدوونی پێشدادی و نزیکەی ٣٠٠ ( سێسەد) ساڵ پێش لەدایكبوونی زەردەشتی مەزن واتا نزیکەی ٤٠٠٠ ( چووار هەزار) ساڵ لەمەوبەر، لە ڕووداوگەلێکی جۆراروجۆردا، کە لەنێوان ( دەهاك) پاشای پێشدادییەکان و ( فەرەیدوون کوڕی ئاپتنی پێشدادی) بەپشتیوانیی ( کاوەی ئاسنگەر) ڕوویداوە و تێیدا( دەهاك) یان ( زوحاك) دەکوژرێت و لەکۆتاییدا فەرەیدوون و کاوەی ئاسنگەر سەردەکەون و فەرەیدوونیش بەروانکەی ئاسنگەرییەکەی کاوە کەلە پێستی شێر دروست کرابوو کردی بەئاڵای خۆی. لێرەوە کاتێك کە پێشدادییەکان، لەسەردەمی گوشتاسبی کەیانیدا دەسەڵات لەدەست دەدەن و جەنگێکی خوێناوی لەنێوان هەردوو لەشکری پێشدادی بەسەرۆکایەتیی ئەفراسیاوی پێشدادی( تۆرانی) کە بە سێ پشت دەگەیشتەوە سەر فەرەیدوون و گوشتاسەب، کەشاهەنشای ووڵات بوو و کەیانی بوو و زەردەشتی مەزن لەو جەنگەدا لە بەڵخ کوژرا، گوشتاسەب، ئاڵای کاویانیی لەلابوو و لەوێوە زۆربەی شانشینەکانی ناوچەکە، ئەم ئاڵایەیان وەك نیشانەی شکۆ و ئازادی و خاوەندارێتیکردن، کردووە بە ئاڵای خۆیان.

ئەسکارفی دەبێژێت: ئاڵای کاویانی بریتی بوو لە پارچە چەرمێکی چوارگۆشەیی دڕاو، کەبەسەر ڕمێکەوە هەڵواسرابوو و سەرە تیژەکەی ڕمەکە لەپشتی سەرەوەی پارچەکەوە دەرکەوتبوو.

مەسعودی دەبێژێت: ئاڵای کاویانی ١٢ ( دوانزە) بست بەرزی و ٨ ( هەشت) بست پان بوو و لە چەرمی شێر دروست کرابوو.

کریستنسن، دەبێژێت: ئاڵای کاویانی جیاوازە لەتەك ئەو ئاڵایەی کەلەسەر دراوەکانی سەردەمی سلوکی و ئەشکانییەکان هەڵکەندرابوو و دەبینرێت.

تەبەری دەبێژێت: ئاڵای کاویانی( ئازادی) لەکاتی تێکشکانی ساسانییەکاندا بەدەستی عەرەبەکان، لەلایەن ( زرار بن خطاب) ەوە دۆزرایەوە و بە ( عومەر بن خطاب) بە ٣٠،٠٠٠ ( سی هەزار) درهەم فرۆشتی و عومەریش سوتاندی.

نوسەرە عەرەبەکان دەڵێن ئاڵای کاویانی لە ناوی کاوەی ئاسنگەر وەرگیراوە و بەبۆچوونی بڕێك لەتوێژەران دەبێژن، لە ووشەی کەوی ( kavi) واتا ( شا) یاخود کۆیان ( Kavyan ) وەرگیراوە کە وەك ئاوەڵناو بەکار هاتووە کە واتا ( شاهانە، شاهی، شاهەنشایی) و مەبەست لە ئاڵای کاویانی ( ئاڵای شاهی) ە.

دوو شێوە لەئاڵای کاویانی کەلەسەردەمی شکۆی هەخامەنشی و ساسانییەکاندا هەمیشە لەپشت سوپاکانیانەوە هەڵ دەکرا و ئێستا لەشوێنەوارە مێژووییەکانیان بەجێ ماوە بەشێوەیەك کە لەئێستادا شێوەی تەواوی ئاشکرایە.

سەرەتا، شێوەیەکە کەلەسەر تاشەبەردێك بەشێوازی( خانەسازی) دەبینرێت و ئەمەش لەساڵی ١٨٣١ ی زاینیدا لەتەك هەڵکۆڵینەکانی شاری پمپی( ئیتاڵیا) دۆزراوەتەوە. ئەم خانەسازییە شەڕی ( ئیسوس) هەولێر، پیشان دەدات کە لەساڵی ٣٢٣ پێش زاین ڕووی داوە و تێیدا ئەسکەندەر بەسەر دارای سێیەمدا سەرکەوتووە. لەلای چەپەوە وێنەی ئەسکەندەر هەڵکۆڵدراوە و لەلای ڕاستەوە وێنەی دارا بەسەر گالیسکەیەکی جەنگییەوە، لەنێوان سەربازەکانیدا، ڕاوەستاوە و لەپشتی سەری داراشەوە سەربازێكی سوارە ئاڵایەکی بەدەستەوەیە. مەخابن بەشێك لەم شوێنە خانە سازییە شکاوە و لەبەر ئەو هۆیەش بەتەواوی بەردی سەر ئاڵاکە نادیارە. بەڵام، سەربارەی شکان و لەناوچوونی بەشی سەرەوەی ئاڵاکە، ئەو سەرە ڕمەی کە ئاڵاکەی پێوە بەستراوە و هەروەها بڕێك لەو ڕیشوانە کە بۆ جوانکاریی ئاڵاکە پێوەی هەڵواسراوە، زۆر بە ڕوونی دیارە.

بەهۆی ئەوەی شاری پمپی لە ئیتاڵیا لەساڵی ٧٩ ی زاینی بەهۆی هەرەسی کێوی ( ڤیزۆ) وە بووە بەژێرەوە، دەشێت ئەم ئاڵایە ( تاشە بەردە خانە سازییە هەڵکۆڵدراوە) بەر لەو مێژووە دروست کرابێت. کەواتە مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو سەردەمە.

شێوەکەی دیکەیشی کە نزیکەی هەمان سەردەم ماوەتەوە، و هاوتەریبە لەتەڵ شێوەی ئەو ئاڵایەی باسمان کرد. ئەم شێوەیە بریتییە لە سکەگەلێك کەلە سەردەمی شاکانی ( دیادوخەکان) واتا جێنشینەکانی ئەسکەندەر، کەلە ووڵاتی هەخامەنشییەکان هێزو توانایان هەبووە و تا سەردەمی ئەشکانییەکان فەرمانڕەوایەتییان کردووە و ناوی ئەم زنجیرەیە بە ( فرتەکارە) ناسراون.

ڕوویەکی سکەکان، تەنیا کەلـلەسەری شاکان نیشان دەدات و ڕووەکەی تریشی وێنەی ئاتەشگایەك نیشان دەدات کە ( شاکان) لەبەرامبەر ئاگردانەکەدا ڕاوەستاون و ستایشی ئاهورامەزدا دەکەن. لە پشت ئاگردانەکەشەوە وێنەیەك دەبیندرێت کە زۆر شێوەی لە ئاڵای کاویانی دەکات کە هەکەنین و خانەسازیی بۆ کرابوو و فیردەوسیش لە شانامەدا بەهەمان شێوە باسی دەکات. هەروەها هەمان ئەو ئەستێرەیەیە کە فەرەیدوون بە گەوهەر ڕازاندبویەوە و بە چەرمە دڕاوەکەی کاوە دروست کردبو.

ئەم سەرچاوانە، خانەسازییەکانی پەمپی، سکەکان کەباسمان کرد، شانامە، مەسعودی، تەبەری) وا دەردەکەوێت کە ئاڵای ناوبراو، بریتی بووە لە پارچە چەرمێکی کەمێك چووارگۆشەیی دڕاو کەبە ڕمێکەوە هەڵواسرابوو و سەری ڕمەکە کەسەرەوەی چەرمەکەوە دیار بوو و بەئاوریشم و گەوهەر ڕازابووەوە و لە شێوەی ئەستێرەیەکدا بووە کە چووار لای هەبوو و لەناوە ڕاستیاندا بازنەیەکی بچووك هەبوو کە چووار لاکەش نیشانەکانی ( ئاو، ئاگر، هەوا، خاك) یان بەخشیوە و لە خوارووی چەرمەکە چووار ڕیشەی ئاوریشم بەڕەنگی جیاواز( سوور، زەرد، مۆر) ی پێوە هەڵواسرابوو و سەری ڕیشەکانیش بە گەوهەری گرانبەها، ڕازابۆوە.

( تەبەری) لە پەرتوکەکەیدا (Ṭabarī, I, p. 2337; Ebn al-Aṯīr, II, p. 482) نوسیویەتی: ئاڵای کاویانی( ئازادی) لەکاتی تێکشکانی ساسانییەکاندا بەدەستی عەرەبەکان، لەلایەن ( زرار بن خطاب) ەوە دۆزرایەوە و بە ( عومەر بن خطاب) بە ٣٠،٠٠٠ ( سی هەزار) درهەم فرۆشتی و عومەریش پاش ئەوەی تەواوی ئەڵماس و گەوهەرە گرانبەهاکانی لێ کردەوە، سوتاندی.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …