Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا کۆنسۆڵی ئێرانی ڕاست دەکات کە دەڵێت ” کوردی زمان نیە و زاراوەیەکی ئێرانیە و تێکەڵەیەکە لە فارسی و عەرەبی”؟

ئایا کۆنسۆڵی ئێرانی ڕاست دەکات کە دەڵێت ” کوردی زمان نیە و زاراوەیەکی ئێرانیە و تێکەڵەیەکە لە فارسی و عەرەبی”؟

1468810_483230908471631_3933240665093792677_n

ئایا کۆنسۆڵی ئێرانی ڕاست دەکات کە دەڵێت ” کوردی زمان نیە و زاراوەیەکی ئێرانیە و تێکەڵەیەکە لە فارسی و عەرەبی”؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
لەم ڕۆژانەدا کۆنسۆڵی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان ئەم وتەیەی سەرەوەی ڕاگیاندووە. پێش ئەوەی کە وەڵامی بدرێتەوە دەبێت ئەوە بزانرێت کە کونسوڵ کەسێکی شارەزا نیە لە زمان و لە مێژوودا و زیاتر وتەکەی دەچێتە خانەی گەمەی سیاسیەوە وەک لە وتەیەکی زانستی و ئەکادیمی. سەرەڕای ئەوە لێرەدا هەوڵ دەدرێت کە بە شێوەیەکی زانستیانە شرۆڤەی ئەو وتەیە بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە تا چەند قسەکانی ڕاستە.
پێناسەی زمان بە بەپێی فەرهەنگی ئۆکسفۆردی ئینگلیزی دەبێتە “ڕێگای گفتوگۆکردنی مرۆڤە بە شێوەی قسەکردن یان نووسین کە پێکهاتووە لە بەکارهێنانی وشەکان بەشێوەیەکی داڕێژراو و نەرێتی. هەروەها هەر ڕێگایەکی تری دەربڕین یان پەیوەندیکردنە بۆ نموونە زمانی جوڵەی لەش (body language)”
واتە ئەو ڕێگایەی کە تاکی کورد بەکاری دەهێنێت بۆ پەیوەندیکردن، بەپێی پێناسەی زمان، زمانە و هیچ لاریەک لەوەدا نیە کە زمانی کوردی زمانە.
ئەگەر سەرنج لە چەن نموونەیەکی وشەیی سادەی فارسی و کوردیش بدەین:
وشەی (گا) ی کوردی لە زمانی میدی و سۆمەریدا بریتی بووە لە (گو)، کەچی فارس ئەمڕۆ کردوویەتیە (گاونر). ڕەگی وشەی (ژیان) لە کوردیدا بریتیە لە (ژی) کە لە (زی) سۆمەریە هاتووە لە زمانی فارسیدا دەبێتە (زندگی). وشەی (زێی) کوردی لە (زوبی) سۆمەری هاتووە لە فاریسدا دەبێتە (رودخانە). وشەی (گەڵ) ی کورد لە (گەڵ) ی سۆمەریە هاتووە و لە فارسیدا دەبێتە (کشاله ران). وشەکان زۆرن و ئەمانە تەنها چەند نموونەیەک بوون بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کونسوڵەی کە نە لە زمان و نە لە مێژوو دەگات.
ئەگەر کونسوڵ باس لەوە دەکات کە زمانی کوردی زمان نیە و زاراوەیە و باس لە لەیەکچوونی نێوان کوردی فارسی بکات ؛ با سەیری نموونەیەکی جیهانی بکەین. ئەمڕۆ دوو زمان هەیە کە یەکێکیان پێی دەلێن “سربی” ئەی تریان “کرواتی”؛ لە ڕاستیدا ئەم دوو زمانە بە هەموو پێوەرێک نەک دوو زاراوە نین، بەڵکو هەمان زمانن. ماگنەر دەڵێت “جیاوازییەکی گەورەتر لە نێوان ئینگلیزی بەریتانی و ئینگلیزی ئەمریکادا هەیە وەک لە نێوان کرواتی و سربیدا”. کەواتە سەرەڕای ئەوەی کە زمانەکانی کرواتی و سربی هێندە جیاواز نین، بەڵام کرواتەکان بڕیاریان داوە کە زمانەکەیان جیاوازە و ئەوان بە جیاوازی دادەنێن و جیهانیش بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات بێ ئەوەی کە جیاوازیەکی ئەوتۆش هەبێت. لە ڕاستیدا بنەچەی زمانی کوردی زۆر لە فارسی جیاواز بووە و فارسی بەلای کوردیدا هاتووە و ئەم بابەتە بە متمانەکردنە سەر بەڵگە زمانەوانیە مێژووییەکان و لە کتێبی “کورد کێیە؟” دا بە ووردی ڕوونکراوەتەوە.
ئەمجا با بزانین مێژوونوسان چۆن پێناسەی زمانی کوردی دەکەن. مەسعودی لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا، واتە نزیکی هەزار و دووسەد ساڵ لەمەوبەر سەبارەت کورد دەڵێت “هەر کام لە جۆری کوردەکان زمانێکی کوردی خۆیان هەیە”. واتە زاراوە کوردیەکان ڕابردوویەکی مێژوویی دێرینیان هەیە و هەموو ئەو زاراوانە بە کوردی لە قەڵەم دراون و مێژوونوسان لە ژێر خانەی زمانی کوردیدا بینیویانە.
ئەمجا بزانین زمانی کوردی لە ڕوانگەی مێژوونوسانەوە لە کام ئاستدا بینراوە. ئیبن وەحشیە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر باس لە زمان و ئەلف و بێی کوردی دەکات. جا پێش ئەوەی کە بۆچوونی ئەو بخەینەڕوو، دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئیبن وەحشیە خۆی کلدانیە و کلدانیەکان بابلیە سامیەکان بوون کە سەرچاوە مێژووییەکان بە خەڵکانی خاوەن زانست و شارستانیەت لەقەڵەمی داون.
ئیبن وەحشیە خۆی ئاماژە بە کێبڕکێی زانستی دەکات لە نێوان کورد و کلدانیدا نەک فارس و کلدانی. ئیبن وەحشیە دەڵێت “کلدانیەکان زاناترین خەڵکی سەردەمی خۆیان بوون و شارەزای هەموو زانست و هونەرێک بوون. یەکەم کەس کوردەکان بوون کە دەیانویست بگەنە هاوشانیان و کێبڕکێکەریان بن، بەڵام بە دڵنیایی جیاوازی نێوان ئەم دوو میللەتە زۆر ڕوونە. کارامەیی کوردەکان لە زانستی کشتوکاڵ و تایبەتمەندی ڕووەکدا دەردەکەوێت.” لە شوێنێکی تردا قسەکەی خۆی بە شێوەیەکی تر دووپات دەکاتەوە و سەبارەت ئەلفوبێی کوردی دەڵێت “من لە بەغدا سی [٣٠] کتێبم بینی کە بەو ئەلفوبێیە نووسرابوون، لە شام دوو کتێبم لەوانە لەلا بوو، کتێبێکیان سەبارەت به‌ ڕواندنی مێو و دار خورما و کتێبێکەی تریان سەبارەت بە کێشەکانی ئاو و چۆنێتی دەرهێنانی بوو لە ناوچە نەناسراوەکاندا. من ئەو کتێبانەم لە زمانی کوردیەوە وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی بۆ ئەوەی کە مرۆڤایەتی سوودی لێ ببینێت “.
ئیبن وەحشیە لە کتێبەکەیدا بە ڕوونی دەڵێت کە دوژمنایەتی نێوان کورد و کلدانی لەسەر ئەوە بووە کە کورد خۆی بە خاوەنی سەرەتای زانست و نووسین داناوە و ئیبن وەحشیە دەڵێت ” بەڵام وانیە، بەڵکو ئەوان ئەو زانیاری و هونەرانەیان تەنها لە کلدانیەکانەوە بە دەست گەیشتووە و کلدانیەکان لەوانەدا لەوان کۆنترن، لەبەر ئەوە هەمیشە دوژمنایەتی لە نێوانایاندا بەردەوامە.” دیارە ئیبن وەحشیە وەک کلدانیەک پشتگیری لە نەتەوەکەی خۆی دەکات؛ سەرەڕای ئەوە دان بەوەدا دەنێت کە کورد لە زانستی کشتوکاڵ و تایبەتمەندی ڕووەکدا لە کلدانیەکان زاناتر بووە.
واتە وەک روونکرایەوە بەپێی پێناسەی زمان و بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، زمانی کوردی زمانێکی دێرینی ڕەسەنە و دێرینترە لە زمانی فارسی و زمانی زانست و هونەر بووە و هیچ کەموکوڕیەکی نیە لەوەی کە بە زمانێکی سەربەخۆ و ڕەسەن دابنرێت. هەرچەندە بەپێی پێاسە زانستیەکان دەتوانرێت بگووترێت زمانی فارسیش زمانە بەڵام ئەگەر بەپێی پێوەر و پێناسەی تایبەتی ئاغای کونسوڵی ئێرانی تەماشای زمان بکەین با بزانین فارسی خۆی زمانە؟
ئەگەر ڕستەیەکی فارسی بە نموونە بهێنینەوە بۆ نموونە:
“تنظیم تظاهرات بە منافع ملت است”
ئەگەر سەرنج بدەین ئەو ڕستەیە جگە لە “است” و “بە” هیچ بەشێکی ئەو ڕستەیە فارسی نیە و هەمووی عەرەبیە، تەنانەت فارس هاتوون ئامرازی بەکۆکردنی (ات) ی عەرەبیشیان وەک خۆی وەرگرتووە و نەک هەر لە ڕووی وشەکاریەوە، بەڵکو لە ڕووی ڕێزمانیشەوە فارسی هەندێک لایەنی بە تەواوی لە عەرەب وەرگرتووە.
لە ڕاستیدا فارسی نوێ زمانێکی تازەی دروستکراوە لە تێکەڵێک لە زمانی پەهلەوی و کوری و عەرەبی؛ گەر عەرەبی و پەهلەوی و کوردی لە فارسی دەربهێنین، ئەوا فارسی هەقایەتی منداڵانی سادەشی بە زەحمەت پێ دەگێردرێتەوە.
واتە بەپێی پێناسەی ئاغای کونسوڵی ئێرانی، فارسی زمان نیە و تێکەڵێکە لە هەموو شتێک.
گەر باس لە ئێرانی بوونی کورد بکرێت، لە ڕاستیدا ئەم بابەتەم لە کتێبەکەم و لە دوو وتاردا بە تەواوی ڕوونکردۆتەوە و دەردەکەوێت وشەکانی ئێران و ئێرانی و ئاری، تەڵە و فێڵیکی نازانستیی فارسە بۆ داگیرکردنی فەرهەنگی کوردی و سڕینەوەی هەموو مێژووی خەڵکانی ناوچەکە لە ژێر چەند دەستەواژەیەکی بێمانای نازانستیدا کە هیچ مانا نادەن.
دەمێنێتەوە سەر فەرهەنگی فارسی. من باس لە بۆچوونی خۆم ناکەم و پەنا بۆ بەڵگەنامە مێژووییەکان دەبەم. سترابۆ نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر بە ڕوونی ئەم بابەتە باس دەکات و دەڵێت ” ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگووتڕیت تیربازی و ئەسپ سواری، فارسەکان لە میدەکانیان(کوردەکان) دزیوە و مامەڵەکردن لەگەڵ پاتشا و دابونەرێتی پاتشایی و قوربانی و خواپەرستی، فارسەکان لە میدەکانیان وەرگرتووە. ئەم ڕاستیە بە تەواوی لە جلوبەرگیاندا دەردەکەوێت. کڵاو و ستارە و کلێتە [چەند جۆرێک لە کڵاون] و شەرواڵ، بۆ ناوچەی ساردی باکور گونجاون، وەک وڵاتی میدیا و بە هیچ شێوەیەک بۆ خەڵکی باشور نەگونجاوە.”
ئەم بۆچوونە نزیکی دوو هەزار و چوار سەد ساڵی لەمەوبەر بەشێوەیەکی تر لای هیرۆدۆت دەردەکەوێت کاتێک کە سەبارەت بە فارسەکان و وەرگرتنی خوای ئەللات- ی عەرەبەکان دەڵێت ” دوایی تر دەستیان کرد بە پەرستنی Urania کە لە عەرەب و ئاشوریەکانەوە وەریان گرتووە. ئاشوریەکان ئەو خوا مێیە بە Mylitta ناو دەبەن و عەرەبەکان بە ئەللات”. هیرۆدۆت نزیکی هەزار ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ئاماژەی بە کاریگەری فەرهەنگی عەرەبی کردووە لەسەر فارسەکان و ئەگەر سەیری وێنە تەمەن سەد ساڵەکانیش بکەین، دەبینین ئەو بۆچوونە ڕاستە لەبەر ئەوەی کە ئافرەتی فارس لە ژێر کاریگەری فەرهەنگی عەرەبیدا لە عەرەب زیاتر خۆی پێچاوەتەوە و حیجابی کردووە (بڕوانە وێنەکان). هیرۆدۆت جارێکی تر دەڵێت “هیچ نەتەوەیەک هێندەی فارسەکان بە خێرایی دابونەریتی بێگانە وەرناگرێت. بەو جۆرە جلوبەرگی میدیەکانیان وەرگرتووە و بە جلوبەرگێکی لەوەی خۆیان بەرزتر سەیری دەکەن و لە کاتی جەنگدا زرێپۆشی لەشی میسیری بەکاردەهێنن. هەر شتێکی خۆشگوزەرانی ببیستن دەستبەجێ دەیکەنە هی خۆیان و بەو جۆرە لەو شتانەی تر، لە یۆنانیەکانەوە ئارەزوو و زەوق فێربوون. هەر یەکەیان چەند ژنیکیان هەیە و ژمارەیەکی زیاتر کەنیزەکیشیان هەیە”.
واتە ئەمە نیشانی دەدات کە ئەم فەرهەنگە چۆن لە هەموو سەردەمێکدا کەوتۆتە ژێر کاریگەریی فەرهەنگەکانی تر و ئەمەش ئەم فەرهەنگە ڕەسەنەیە کە فارسەکان و ئاغای کونسوڵ شانازی پێوە دەکات. واتە بەپێی پێناسەی کونسوڵی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان، فارسی زمان نیە و وەک فەرهەنگیش، فەرهەنگی فارسی ئەمڕۆ پێکهاتووە لە دزینی فەرهەنگی نەتەوە و خەڵکە ڕەسەنەکان و تۆمارکردنی لە ژێر ناوی فارس و ئێرانیدا. من گەر فارس بوومایە هەرگیز شتی لەو جۆرەم نەدەگووت لەبەر ئەوەی کە کەم زمان هێندەی زمانی فارسی کەوتۆتە ژێر کاریگەری زمانەکانی ترەوە و وشەی زمانی تری وەرگرتووە. واتە گەر بەپێی بۆچوونە نازانستی و نەزانەکانی ئەو ئاغایە بێت، ئەوا نە فارسی زمانە و نە فارس نەتەوە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– وێنەکان لە ڕاستەوە، وێنەی یەکەم خوای ئەللاتی عەرەبە کە فارسەکان دوو هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر پەرستوویانە و دوو وێنەکەی تر وێنەی دەستکردیی دوو ئافرەتی فارسن لە سەردەمی قاجاردا کە لە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی عەرەبیدا هەموو گیانیان داپۆشیوە.
– سەرچاوەی زانیارەکانی ئەم وتارە لە کتێبەکەمدا “کورد کێیە؟” هەمووی بە ووردی ڕوونکراوەتەوە، بۆیە بۆ زانیاری زیاتر پەنا بۆ ئەو کتێبە بەرە.
– ئەمانەی ژێرەوە لینیکی دوو بابەتی منن سەبارەت بەوەی کە “ئایا کورد ئاری و ئێرانیە؟”.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=687437851291885&set=a.172935546075454.31040.100000770292893&type=1&theater
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=678381895530814&set=a.172935546075454.31040.100000770292893&type=1&theater

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …