Home / بەشی مێژووی كورد / تێڕوانینێكی سەردەم بۆ كۆمارەكەی مهاباد ‌

تێڕوانینێكی سەردەم بۆ كۆمارەكەی مهاباد ‌

تێڕوانینێكی سەردەم بۆ كۆمارەكەی مهاباد ‌

FB_IMG_1491145699792

ئەم دوو توێیە
«باسێكی چڕی مێژونوسی دیاری كۆماری كوردستان مامۆستا مەحموددی مەلا عزەتە كە پێشتر وەكو بابەتی لە كوردستانی نوێ‌و دواتریش وەكو نامیلكەیەكی سەربەخۆ لەساڵی 1998 بڵاوبۆتەوە. مامۆستا مەحموود (خاوەنی یەكەمین كۆششی كوردستانییە بۆ نووسینی كتێب لەسەر كۆماری كوردستان،بەشێكی زۆری كۆششی رووناكبیری‌و مێژوویی خۆی بۆ ڤەكۆلین لە بەڵگەنامە‌و بەسەرهاتەكانی كۆمار تەرخان كردووە‌و لەم بارەیەوە خاوەنی قسەی خۆیەتی. لەم هەفتەیەدا كە یادی (70) ساڵەی لە سێدارەدانی پێشەوا‌و سەركۆماری كوردستان دەكرێتەوە زیاتر لە لاواندنەوەی سەركۆماری شەهید كە شەهادەتی وی لە مێژوودا لەدایكبوونێكی نوێی كوردایەتی‌و كوردستانێتییە، پێویستمان بە بەسەركردنەوەی ماجەرای كۆمارەكەیەتی. ناو‌و ناوبانگ‌و ژیانی قازی پەیوەستی كۆمارە درەوشاوەكەیەتی. بۆیە كوردستانی نوێ كە ساڵانە لە یادەكانی كۆماردا رووماڵ‌و بیرئانینیشی هەیە پێی باش بوو بۆ ئەمساڵ ئەم بابەتەی مامۆستا  مەحمودی مەلا عززەت سەرلەنوێ بڵاو بكاتەوە کە لە (ژمارەکانی 592، 593 لە رۆژانی 20،21/1/1994)ی کوردستانی نوێ-دا بڵاو كراوەتەوە. بەتایبەتی كە چاپی نامیلكەكە لەو گەمارۆیەی ئەو سەردەمی كوردستاندا بە تیراژێكی كەم بوو. پێمان وایە زۆر كەس مافی خاوەندارێتی یادی قازی‌و شكۆی كۆمارەكەی هەیە. بۆ ئێمە لە كوردستانی نوێ یاكردنەوەی كۆمار ئەرك‌و فرمانە پێش ئەوەی مافی شانازی بێت. ئاخر مامۆستا مەحمودی مەلا عززەت سەرباری خزمەتی لە نووسینەوەی مێژووی كۆماردا، سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیەش بوو. لەبەر هەندێ لە خوای گەورە دەپارێینەوە لەم وێستگە حەفتا ساڵییەدا رۆحی سەرکۆماری شەهید‌و یار‌و یاوەرانی فەرماندە‌و پێشمەرگە قارەمانەكانی‌و هەروەها یادی مێژوونووسەكانی لەناویشیاندا مامۆستا مەحمود شادبكات.
خەباتەكەشیان بەردەوام بێت تا كورد بەیەكجاری لە خەم دەڕەخسێ‌و ناوی لە ناوان دەگەشێتەوە‌و ئاڵای لەبڵندی ئاسمان دەشەكێتەوە.
لە جیاتی كوردستانی نوێ ستران عەبدوڵڵا
لێکۆڵینەوەی: مەحمود مەلا عززەت
دامەزراندنی كۆماری مهاباد لەبەشێكی كوردستانی ئێراندا یەك هەل‌و ئەزموونی مێژوویی ئەوتۆیە كە تا لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێ، زیاتر بایەخی دەردەكەوێ‌و پتر سوودبەخش دەبێ، بەتایبەتی‌و تائێستا زۆر لایەن‌و رووداوی شاردراوەن. سەرچاوەی سەردەمەكە نەخراوەتە خزمەت ئەو نووسین‌و باس‌و لێكۆڵینەوانەی تائێستا كراون، یان لەسنوورێكی تەسكدا سوودیان لێ وەرگیراوە.
سەنگی مێژوویی ئەم رووداوە چەند لایەنەیە، ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی بۆ بكەم:
یەكەم: ئەزموونێكی سەردەمی ئازادیی‌و نیمچە سەربەخۆیی بەشێكی نەتەوەیی كوردە، هەرچەندە تەمەن كورت بوو، بەڵام پڕ لەدەرس‌و پەندە.
دووەم: بەماوەیەكی كورت دوای ئەزموونێكی مەزنتر خوڵقا، مەبەستم حوكمداریی‌و مەلیكایەتیی شێخ مەحمودی حەفیدە، پێش ئەوەی كوردستانی باشوور بلكێنرێ بە میسۆپۆتامیاوە‌و بەدەستی بەریتانیا‌و دژ بەخواستی میللەت، ئەم دەوڵەتی عیراقەی لێ دروست بكرێ.
سێیەم: بوونی گەلێ دیاردەی یەكانگیر‌و لەیەكچووی گەلێ لایەنی ئەو هەلە مێژووییەیە لەگەڵ ئەم ئەزموونەی ئێستای كوردستانی عیراقدا، بۆیە ئەو تاقیكردنەوەیە گرنگییەكی تری سەردەمی هەیە‌و دەبێ زیاتر رووناكیی بخرێتەسەر.
ئاوڕێك لە رۆژگاری پێش دامەزراندن
لەناو بارودۆخێكی نائاسایی‌و پڕ لە ئاژاوەو گرفتی زل‌و قەبەی ئابووریی‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتی دوای دووەم جەنگی جیهان، لەناو هەلومەرجی دروستبوونی زەمینەی جەنگی سارد‌و بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم‌و ململانێی ئاشكراو نهێنیدا بوو كە هەلە مێژووییەكە بۆ كورد خوڵقا‌و كۆماری خودموختاری كوردستان لەبەشێكی كوردستانی ئێراندا دامەزرێنرا، چونكە ئەو ئاژاوەو نائارامییە رۆژهەڵاتیشی گرتبۆوە، لەناویاندا دەوڵەتی فرەنەتەوەیی بەزۆر دامەزراوی ئێران زیاتر ئاڵۆز ببوو. سەبارەت بە هاوكارییەكەی رژێمی تاران لەگەڵ ئەڵمانەكاندا بەبێ ئەوەی ئامۆژگاریی‌و هەڕەشەی ئینگلیز‌و روسەكان كاربكاتە سەری، بۆیە لە 25ی ئابی 1941دا هێزەكانیان، یەكەم: لەخۆرئاواو خوارووی خۆرئاواوە‌و دووەم: لەسەرەوە زۆر لەناوچەكانی ئێرانیان داگیركرد كە پانتاییەكی زۆری كوردستانی رۆژهەڵاتیشی گرتبۆوە، بەهەمان دیاردەی داگیركەرییەوە. بەشی لای خوارووی لەژێر دەستی بەریتانیا، بەشی سەرووی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیی سۆڤێتدا بوو، كە ناوچەكانی مهاباد، بۆكان، شنۆ، نەغەدە، سێبەری بوون.
دیواندەرە، سەقز، بانەو مەریوان ناوچەی بۆشایی نێوان هەردوو هێزەكە بوون. جۆرێ لە (Gentelmen Ageement)ی بێلایەنی لەسەر سەقز‌و دیواندەرە بڕیاری لەسەردرابوو.
لەدواییشدا هێزەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جێگەی خۆیان لەخوارووی ئێراندا گرت.
هەرچەندە مەبەستی ناوكۆی زلهێزەكان دوورخستنەوەی نفوزی ئەڵمانیا، مسۆگەركردنی گەیاندنی چەك‌و پێویستییەكانی جەنگ بۆ هێزەكانی سۆڤێت‌و پاراستنی كێڵگە‌و بیرە نەوت‌و بەرژەوەندییە چاوەڕوانكراوەكانیان بوو، هەر دەوڵەتەش خواست‌و نەخشەی تایبەتی خۆی هەبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا كە ئەو داگیركردنە كەم‌و زۆر بۆ بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەكە نەبوو، كەچی راستەوخۆ بووە هۆی وریاكردنەوە‌و جووڵانەوەی نەتەوە جیاجیاكان. كاتێكیش دامودەزگای  دەوڵەتی‌و ئەرتەش لەهەندێ ناوچەو شاردا رووخان، ئاوو هەوایەكی نیمچە ئازاد‌و دیموكراسی خوڵقا.. گەلێ رووداوی گرنگ ئەو بەشەی كوردستانی ئێرانی گرتەوە، وەك سەرەنجامێكی ئەو بارودۆخە نوێیە، لەوانە:
*لەساڵەكانی 1942-1946 بەڕێوەبەرایەتییەكی خۆماڵی لەناوچەی موكریان‌و دەوروبەری دامەزرا(1)، بەسازكردنی دەستەی چەكدار، دامودەزگای بەڕێوەبردن، رادیۆی كوردستان، چاپخانەو دامەزراندنی حزبی دیموكراتی كوردستان… هتد.
*لەساڵانی 1941-1944 حەمە رەشید خان ناوچەكانی بانەو سەردەشت‌و سەقزی گرتە ژێر دەسەڵاتی خۆی‌و سەرەنجام ئەرتەشی تاران بە هاندانی ئینگلیزەكان‌و یارمەتیی هەندێ عەشایەری كورد هێزەكەی ناوبراویان لەكەلی خان شكاند‌و بەناچاری پەنای بۆ عیراق برد(2).
*لەبەهاری (1322- 1943) تیرەو ئێلەكانی ناوچەی ورمێ بەسەركردایەتیی عومەرخانی شەریفی، زیڕۆبەگی بەهادوری، رەشیدبەگی جیهانگیرییی‌و تەها بەگی هەركی بەهەندێ داخوازیی عەشایەریی‌و نەتەوایەتییەوە دێهاتی ناوچەكەیان گرتە ژێر دەست‌و ئابڵۆقەی شاری ورمێ-یان دا، تا روسەكان كەوتنە ناوبژی‌و لەگەڵ تاراندا رێكیانخستنەوە.
*لە 16ی ئەیلولی 1942دا كۆمەڵەی (ژێ كاف) دامەزرێنرا، بەدروشمە نەتەوەییە مێژووییەكەیەوە (رزگاركردنی كوردستانی گەورە) هاتە سەر شانۆی سیاسیی كوردستان. لەدواییدا هەر لەشوێنەواری ئەم رێكخراوە حزبی دیموكراتی كوردستان دامەزرێنرا، لەوەدا هەندێك هەر پێیانوایە تەنها ناوو بەرنامە گۆڕین بووە، حزبەكە خۆشی دوای ساڵێك لە ئاڵوگۆڕەكە یادی پێنجەمین ساڵەی دامەزراندنی كردەوە، نەك یەكەمین، مانای خۆی بە درێژەپێدەری ژێ كاف دادەنا.
دوای لێدانی نفوزی ئەڵمانیا‌و دڵنیابوون لە ساغبوونەوەی ئێران بۆ زلهێزە هاوپەیمانەكان، بەریتانیا‌و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهۆشیاریی‌و گومانەوە چاودێریی جموجۆڵی لەشكری سوورو رووداوەكانی ئازەربێجان‌و كوردستانیان دەكرد، مەبەستیان بوو لەناو نەخشەیەكی هاوبەشدا ئێران بەسنوورە جوگرافی‌و سیاسییەكەیەوە بپارێزرێ. بەیارمەتیدانی رژێمەكەو حەمە رەزا شا كە لەجێگای باوكی دانرا، بەجێگیركردنی هێزەكانی خۆیان‌و نفوزی سیاسییان‌و بە لەتكردنی جێگەی لەشكری سوور‌و كۆتاییهێنان بەو ئاڵۆزییەی تیندینسی یاخیبوون‌و دیاردەی پارچەپارچەكردنی ئێران هێنابووە ئاراوە. بۆیە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا كە ناوەندەكەی كرماشان بوو، بەكش‌و ماتی‌و بەئارام مانەوە.
سەبارەت بەوانە لەگەڵ جەنگ وەستان‌و خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا، ئەو دوو دەوڵەتە كەوتنە سەر رێبازی گوشار خستنەسەر روسەكان بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەو پەیمان‌و پۆرتۆكۆڵ‌و رێكەوتننانەی لەسەر ئێران مۆر كرابوون. داواكانیش سادەو ئاسایی بوون، هەر لەو سنوورەدا بوون كە روسەكان بەڵێنەكانی خۆیان لەكاتی خۆیدا جێبەجێ بكەن. بۆ ئاسانكردنی كاركەو نەهێشتنی هیچ بڕوبیانوویەك هێزەكانی ئەمریكا لە 31ی كانوونی دووەمی ساڵی 1945دا، هێزەكانی بەریتانیا لە 2ی ئازاری 1946دا لەئێران كشانەوە.
بۆیە یەكێتیی سۆڤێت بیانوویەكی ئەوتۆی بەدەستەوە نەمابوو بۆ مانەوەو نەكشانەوە. لێكدانەوەیەكی زۆریشیان لەسەر بەرەنگارنەبوونێكی نوێ دەكرد، ئێرانیش لەڕووی نەوت‌و ستراتیژی سەربازییەوە بایەخێكی بێوێنەی بۆی هەبوو، هەروەك چۆن بایەخی ستراتیژی‌و نەوتی بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەبوو.
ئالەو بارودۆخە نێودەوڵەتییەدا، لێپرسراوانی سۆڤێت كەوتنە سەر دەستپێكردنی یارییەكی سیاسیی گوشار سروشت، ناوەڕۆك‌و خواست‌و بەدیهێنەری بەرژەوەندییەكان.. بەدیمەنیش دەستگرتن‌و یارمەتیدانی دوو گەلی ئازەر‌و كورد بوو.
ئەوەبوو ئاگاداری لێپرسراوانی ئازەرو كورد كرا كە كاتی ئەوە هاتووە سەردانی باكۆ بكەن بەداخوازییەكانیانەوە تا وتووێژ لەسەر جێبەجێكردنی بكرێ (3).
پێشەكی زۆر هەوڵ درا كە كورد بە ئازەربێجانەوە ببەستێتەوە بێ ئەوەی بتوانن رابەرانی كورد رازیی بكەن.
بۆیە پڕۆسەی دامەزراندنی كۆماری ئازەربێجان دەستپێكراو لە 11ی كانوونی یەكەمی 1945 بانگەوازێك بڵاوكرایەوە.
دوابەدوای ئەوە لە 2ی رێبەندانی 1324 (22ی كانوونی دووەمی 1946) دامەزراندنی كۆماری خودموختاری بەڕەسمی بڵاوكرایەوە(4).
كێشەكان لەناو سێ بازنەدا
ئەوەی زۆر گرنگ‌و جێگەی سەرنجە، ئەو دامەزراندن‌و بڵاوكردنەوەیە یەكلایەنی بوو، هیچ مامەڵەیەكی سیاسی‌و دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی لەگەڵدا نەبوو – جگە لەئازەربێجان- تەنانەت یەكێتیی سۆڤێتیش هیچ جۆرە هەنگاوێكی لەو بابەتەی نەنا. هەرچەندە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، ئەنجومەنی وەزیران (هەیئەتی رەئیسەی میللی كوردستان) بەسەرۆكایەتیی حاجی بابەشێخ هاتە سەر شانۆی كار، دامودەزگاكانی حكومەت دامەزرێنران، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەم قەوارەیە هەرچەندە لەناو شەرعییەتی یاسایی‌و مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆدا هاتە ئاراوەو لەژێر سێبەری زلهێزێكدا بوو، بەدەربوو لە بازنەی شەرعییەتی سنووری سیاسی‌و جوگرافیی ئێران، وەك داگیركەرێك هەر بیریشی لەوە نەدەكردەوە كە ددانی پێدا بنێ، سەركردەو رابەرانی كۆمار بەنووسین‌و بەگوتەو بەجووڵە كۆمارەكەیان بە بەشێكی جیانەبۆوە لەئێران دادەنا، خۆیان بەیاسای ناوەندەوە بەستبۆوە. زەمینەكەیان بەبەشێكی زەویی ئێران دادەنا، لەگەڵ ئەوانەشدا هیچ جۆرە نەرمییەك، ئامادەبوونێك بۆ سەلماندنی جۆرێ لە مافی نەتەوایەتی پیشان نەدەدرا، بگرە بەئاشكرا لەسەر نەخشەی لەناوبردن كاریان دەكرد.
دیسان بۆ بازنەی نێودەوڵەتی‌و مامەڵەی دیپلۆماسی بەدابڕاوی مایەوە، هەرچەندە سەرۆك كۆمار لەدەرگای سیاسی‌و دیپلۆماسیی هەرسێ دەوڵەتانی خۆرئاوایی دا، بەڵام بێ وەرام بوو، روسەكانیش لەناو كێشە زل‌و قەبەكانی خۆیاندا دەژیان‌و كاریان بۆ نەخشەكەی خۆیان دەكرد.
سەبارەت بەوانە، كۆمارەكەی كورد هەر لە بەوەلەد بوونییەوە لەناو سێ بازنە لەكێشەدا دەژیا، كێشەی نەبوونی شەرعییەتی نێدەوڵەتان، كێشەی نەبوونی شەرعییەتی هەرێمی‌و رێكخستنی پەیوەندیی لەگەڵ پایتەخت‌و كێشەی ئابووری‌و سەربازی‌و كۆمەڵایەتی‌و سایكۆلۆژیی ناوخۆ‌و نادیاریی ئاییندە‌و چارەنووسی كۆمار.
زیاتر لەوانەش، دوژمن‌و زلهێزە هاوكارەكانی، بارەكەیان زۆر بەپڕ مەترسیتر لەواقیع وەردەگرت، لەسەر حسابی لەتوپەت كردنی ئێران، تەشەنەكردنی كێشەی كوردیان دەكرد، گریمانی پاشەڕۆژێكی نادیاریان كردبوو بە مەترسییەكی كاتی. بڕوانە ئەم هەواڵەی میدیای ئەو رۆژگارە بڵاوی كردبۆوە لە رۆژنامەی «كوردستان»ی زمانحاڵی كۆمارو حزبیشدا بڵاوكرایەوە:
دەنگوباسی دەرەوە
«رادیۆی بەیروت- لەخەبەریكی كە پێمان گەییووەو لەرقاهیرەوە وەرگیراوە، دەوڵەتی جمهوری كوردستان لە ئازەربایجان دامەزراوە، سەرۆك جمهوری كوردستان جەنابی قازی محمد‌و پایتەختی كوردستانی ئازاد شاری مهابان، ئەو جمهوری كوردستانە داخوازی وەسەرگیرانی كوردستانی عیراق‌و توركیا دەكات، مەرام‌و ئارەزووی وان سەربەستی‌و سەربەخۆیی كوردستانی گەورەیە، مەلا مستەفا بارزانی قائیدی شەڕی بارزان كە ئێستا لە دەوڵەتی جمهوری كوردستان دادەنیشی لەو جمهوریەتە زۆر بەقەدرو حورمەتە، رادیۆی بەیروت: بەخەبەرێك كە لە مەكتەبی سیاسی واشنتۆن وەرگیراوە دەڵێت مەسەلەی ئێران كەوتۆتە مەوقیعێكی زەحمەتەوە هەتا كوردەكان ئێستا داوای ئیستیقلالی خۆیان دەكەن‌و زۆر ممكنە كە ئەم حركاتانە ببنە سەبەبی یەكێتی هەموو كورد بۆ داواكردنی استقلالی كوردستانی گەورە»(5).
ئەوە لەكاتێكدا ئەو جۆرە بیرو ئیندێنسە لەناو نەخشەو بڕیاری داڕێژەرانی سیاسیی كوردا نەبووە، خۆ روسەكانیش هەر تەواو دژی كاری وا بوون، بگرە نكوڵیشیان لەبوونی پەیوەندی‌و یارمەتیدانی كۆماری مهاباد دەكرد.
لەناو ئەو ئاوو هەوایەدا‌و بۆ بەرەنگاربوونی ئەو دیاردانە ئەحمەد قوام سەڵتەنە لەناو دیپلۆماسییەتی پڕ لەفڕوفێڵی فارسەكان‌و مانۆفەری سیاسی سەركەوتووانە كەوتە بەركارخستنی ئەڵقەكانی نەخشەی یارییەكی سیاسی‌و دیپلۆماسیی سیما دڵسۆز بە گەل‌و داخوازییەكانی دۆستانە بە یەكێتیی سۆڤێت‌و باش دراوسێیەتی، لەناوەڕۆك‌و مەبەستیشدا بۆ پووچ كردنەوەی یارییەكی روسەكان، بۆ كشانەوەی لەشكری سوور‌و دەستبەرداربوون لە ئازەرو كورد بوو.
بۆیە كەوتە هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی ریفۆرمی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و كاركردن بۆ پڕۆسەی دیموكراسی لەلایەك‌و گەرمكردنی هاتوچۆو پەیوەندی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لێپرسراوانی مۆسكۆ لەلایەكی تر، تا پەیمانی دامەزراندنی كۆمپانیای هاوبەشی نەوت مۆركرا(6)، بەوەش روسەكان ئاواتەكەیان بەدیهات.
لەسەرەنجامدا دوا بەشی لەشكری سوور لە 27ی نیسانی 1946دا ئێرانی بەجێهێشت‌و هەموو ئەو چەك‌و تەقەمەنییە قورس‌و لەوانە ئەو تۆپانەی كە دابوویان بە ئەرتەشی ئازەربێجان ئەستاندیانەوەو دەگەڵ خۆیان بردیان (7).
بەوەش سەرۆك وەزیرانی ئێران خواستە سەرەكییەكەی بەدیهات. لەسەر بەشی دوایی نەخشەكەش بەردەوام بوو بەتایبەتی مەترسیی یەكێتیی سۆڤێت‌و یارمەتیی هەردوو كۆمارەكە لەئارادا نەما.
چەكی قورس هەربە ئازەربێجان دارابوو، ئەوەشیان لێ سەندرا، دوو فڕۆكەی بێ بۆمبا‌و چوار تۆپی كۆن هەبوو كە دوو دانەیان بۆ مهاباد نێردرا وەك كۆمەكی سەربازی(8).
بەوجۆرە دەردەكەوێ كە هۆو یارمەتیدەری بنچینەیی دامەزراندنی كۆماری خودموختاری كوردستان:
بارودۆخی نێودەوڵەتان‌و ململانێكان، داڕووخانی دامودەزگا‌و ئەرتەشی تاران، دروستبوونی بۆشایی بەڕێوەبردن، یاریی‌و مانۆڤری سیاسیی هەمەلایەنە بوون، -گەلێ هۆی تریش دەستەبەری بەپیرەوەچوونی رووداوەكەو دامەزراندنی كۆمار بوو، بەتایبەتی هیواو خواستی رزگاری لای جەماوەر، بوونی حزبی دیموكراتی كوردستان‌و پێشەوا قازی محەمەد‌و.. هتد.
بەڵام ئەوانە هەموو شتێك نەبوون، زەمینەی رەخسیوی دامەزراندنی قەوارەیەكی خاوەن هەلومەرجی ژیان‌و داكۆكی لەخۆ نەبوو، تەنها بۆ كاری سەرەتایی‌و سوودوەرگرتن لەو هەلە مێژووییە رەخساوە لەباربوون، دەنا دەبوو لەبەر تیشكی رەوتی رووداوەكان زۆر كاری تر بكرایە، زۆر هەنگاوی تر بنرایە، زۆر بەوردی‌و هۆشمەندی‌و قوڵی لەخۆو لەباودۆخەكەو لەسەرجەم رووداوەكان‌و هەڵوێستی زلهێزەكان‌و ناكۆكی‌و ململانێ‌و پەیمانەكان بگەیشتینایە. لەبەر رۆشناییان نەخشەی كارو خۆ قایمكردن دابنرایە، سەرنجی پاشەڕۆژ‌و دیاردەو یاریی‌و چارەنووسی كۆمار بدرایە.
بۆشاییە ئاشكراكان
هەر لەسەرەتاوە بۆشاییەكان، كەموكورتی‌و دیاردەی ناقۆڵا‌و كۆسپەكان، هەڵوێستی سەرچاوەی بڕیار.. یارمەتی‌و كۆمەك، جووڵەو راسپاردەكان..هتد‌و دیارو ئاشكرابوون، بۆ نموونە:
*ساڵ دەهات‌و ساڵ دەڕۆیی، داواو داخوازییەكانی كورد بێ وەرام بوون، لەنێوان ساڵەكانی 1941-1946دا بەڕێوەبەرایەتییەك دامەزرێنرا، بەهێز نەدەكرا، بزووتنەوە چەكدارییەكەی ناوچەی ورمێ لەبەرژەوەندیی تاران دوایی پێهێنرا، كاتێ یەكێتیی سۆڤێت هاتە وەرام، ئیتر یاریی‌و مەبەستەكە زۆر شاراوە نەبوون.
*هەر لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمارەوە دەزانرا لاسەنگیی هێزو چەك‌و ئازووقە‌و داهات لە چ ئاستێكدایە، كەچی هیچ هەنگاوێكی كاریگەر نەدەنرا، بەتایبەتی گوشاری سەربازیی لەسەر مهاباد ئاشكرابوو، زۆر لە بەڵگەنامەكانی ئەو سەردەمە.. باری خراپی سەربازیی، لەڕووی چەك‌و ئازووقەو كەرەستەی جەنگ‌و ئابووریی سەربازی دەردەخەن، جار بووە چەكدار لەبەر بێ فیشەكی بەرەی شەڕی بەجێهێشتووە، چەكی قورس نەبووە، بۆ جل‌و پێخەف‌و پێڵاوو گۆرەوی، یارمەتی لە جووتیاران وەرگیراوە. ئەوانە گرفتی رۆژانەی پێشمەرگەو هێزەكانی بەرەی جەنگ‌و لێپرسراوانی كۆماربوون بەسەرۆك كۆماریشەوە(9).
*هەر لەسەرەتاوە دەوڵەتانی خۆرئاوا نەك هەر ئاوڕیان لە كۆمارەكە نەدەدایەوە، بەڵكو بۆ رووخاندنیشی نەخشەیان بۆ تاران سازدەكرد‌و یارمەتییان دەدا، بەوجۆرە لەڕووی سیاسی‌و دیپلۆماسییەوە بەدابڕاوی‌و بەسوودوەرگرتن لەباری جیۆپۆلەتیكی ناوچەی كۆمار بە ئابڵۆقەدراوی هێشتیانەوەو یەكێتیی سۆڤێتیش هیچ هەنگاوێكی بەڕەسمی نەنا، هیچ جۆرە رێكەوتنێ، پرۆتۆكۆڵێ، بەڵێنێكی نووسراو لەگەڵ كۆماردا نەكرا، ئەو نەبوونی شەرعییەتی یاساییەی نێودەوڵەتان‌و ناوچەكە مەترسییەكی ئاشكرای نیشان دەدا.
*هەر لەسەرەتای پڕۆسەی داگیركردنی ئەو ناوچانەی ئێران، گەلێ پەیمان‌و رێكەوتن لەنێوان دەوڵەتانی هاوپەیمان‌و لەگەڵ تارانیشدا مۆركرا، مەبەستی سەرەكیی هەموولایەك پاراستنی سنووری سیاسی‌و جوگرافیی ئێران یەكێتیی خاك‌و میللەتانی بووە. بۆ بەڵێندان‌و دووپاتكردنەوەی چۆڵكردنی ئێران بووە لەدوای جەنگ.
لە 29ی كانوونی دووەمی 1942 پەیمانێكی سێ قۆڵی ناسراو بە پەیمانی (الاتحاد) لەنێوان عەلی سهیلی وەزیری كاروباری ئێران، سێر زیدر بۆلارد سەفیری بەریتانیا لە تاران، سەمیر نۆڤ سەفیری یەكێتی سۆڤێت لە تاران ئیمزا كرا، لە مادەی یەكەمدا هەموویان بەڵێنیان دابوو رێزگرتن لە یەكێتی ئەرز‌و سەرداری‌و سەربەخۆیی ئێران، لە مادەی پێنجەمدا بڕیاردرا كە دوای ئاگربڕ‌و رێكەوتن لەگەڵ ئەڵمانیا‌و هاوبەشەكانی لە ماوەیەكدا كە لە شەش مانگ تێنەپەڕی دەبێ هێزەكانی خۆیان لە ئێران ببەنە دەرەوە، كورد‌و رۆشنبیرانی هیوایەكی گەورەیان بە(ئیعلانی ئەتڵەنتیك) بەستبوو سەبارەت بەم بڕگانەی ناوی(هەموو گەلێ دەبێ مافی ئەوەی هەبێت كە خۆی فۆرمی بەرێوەبردنی خۆی هەڵبژێرێ) بەندەكەی وێڵسۆن وەبیر هێنرایەوە‌و، (هیچ گۆڕانێكی ناوچەیی دژ بە خواستی گەلان نەكرێ) لە راستیشدا ئەم بڕگەیەی دوایی لە دەستكەوتی تاران‌و دژ بە بەرژەوەندی كورد بووە، چونكە مەبەست لە خواستی گەلان خواستی دەوڵەتان بووە، بۆیە هەر ناوەرۆكی ئەمەشیان بەئەنجام گەیاند، هەروەك چۆن لەدواییشدا دامەزراندنی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان مەبەست لێشی رێكخراوی دەوڵەتان بوو.
لە 27-29 دیسەمبەری 1943 كۆنگرەی تاران لەنێوان ڕۆزفڵت، چەرچڵ وە ستالیندا بەسترا، یەكێ لە خاڵە گرنگەكانی: پاراستنی سنوور‌و یەكێتی ئێران‌و كشانەوەی هێزەكانی هەرسێ دەوڵەتەكەیان بوو، لە دوای بڕانەوەی جەنگ. پێكهاتنی تاران‌و مۆسكۆ لەسەر دامەزراندنی كۆمپانیای هاوبەشی نەوت‌و بڵاوكردنەوەی دەقی پەیمانەكە، زیاتر لەوە، قوام السلطنة پەیوەندی نێوان هەردوو پایتەختی وا باش كردبوو كە تەنانەت بكەونە بڵاوكردنەوەی بەند‌و باوی خواستی كچی ستالین بۆ حەمە ڕەزا شا كە لەدواییدا رۆژنامەی كوردستان، بە خۆشییەوە هەواڵی درۆبوونی باسەكە بڵاوبكاتەوە.
كاتێ سەرانی دەوڵەتانی هاوپەیمان لە بۆتسدام كۆبوونەوە(11) بۆ دیاری كردنی چارەنووسی ئەڵمانیا‌و دابەش كردنی دەستكەوتەكان سەبارەت بە چۆڵ كردنی ئێران دوای بڕانەوەی جەنگ ئەو بەڵێنەی دابوویان دووبارە كرایەوە. لە 29ی ئازاری 1946دا توركیا‌و عیراق پەیمانی باش دراوسێتیان ئیمزا كرد. ئەو رێكەوتنە مەبەست زۆر ڕوون‌و ئاشكرایانە مۆر دەكران بەرامبەر بە نەبوونی هیچ جۆرە بەڵێنێك یا بەڵگەنامەیەكی باوەڕپێكراو لەلایەن سۆڤێتەوە بۆ كورد. لەگەڵ نەبوونی هیچ جۆرە یارمەتییەكی جیدی ئەوتۆ كە كۆمارەكە بكرێتە هێزێكی خۆڕاگر بەڵكو قسەش لەوە دەكرێ گوایا ئامۆژگاری كوردەكان كراوە تا ڕێ لە ئارتەشی تاران بۆ مەهاباد نەگیرێ چونكە هێزێكی بچووك هەر بۆ چاودێری هەڵبژاردن دێتە ناوچەكە‌و لە دوایی دا دەكشێتەوە!
دیاردەی تری نائاسایی
زیاتر لەوانە ئەگەر سەرنجێكی باری ناوخۆی سنووری كۆمارەكەی كورد بكەین، لەناو تێڕوانینێكی ئەقلیمی سیاسی‌و دیبلۆماسی سەركردایەتی حیزب‌و كۆماردا گەلێ دیاردەی تری سەیری سەردەمەكەمان دەكەوێتە بەرچاو.
-كۆمەڵگای كوردەواری زۆر دواكەوتوو بوو، ئەگەر بزانین ئامار‌و راژەی نەخوێندەواری دوای بیست ساڵ 1966 لە دامەزراندن‌و رووخاندنی كۆمار لە دێهاتەكانی: مەهاباد 94% لە سەقز 10،93% لە سنە 9،92% كرماشان 2،88% بووە وا دەتوانین مەزەنەی سەردەمەكەی كۆمار بكەین، ئەم بارە نالەبار‌و دەردە كۆمەڵایەتیە كوشندەیە دەیان گیروگرفتی گەورە‌و ناكۆكی ناو كۆمەڵی رۆژگارەكەی قوت كردببووە..
لێپرسراوانی حزب‌و كۆماریش هەڵقوڵا‌و خوڵقاوی ناو ئەو دۆخە ئاڵۆزە بوون، بۆیە تێگەیشتنی تیپەكان‌و چارەكردنیان تێگەیشتنی بارە نێودەوڵەتیەكە‌و دیبلۆماسیەتە ئاڵۆزەكە بوو بۆ ئەوان زۆر زەحمەت بووە.لە رۆژی كارەساتیشدا هەر ئەوە چاوەڕوان دەكرا كە رووی دا، بەتایبەتی ناكۆكی عەشایەری‌و یارمەتیدانی دوژمن. ململانێ‌و یارمەتیدانی دوژمن، پەڕینەوە بۆ بەرەی بەرامبەر چاوەڕوانی هەل‌و تۆڵەسەندن. ئەوانە نائارامی‌و بێ باوەڕیی رەخساندبوو، ئەنجامی ئەوەش لە رۆژگاری سەختدا دەركەوت چەندە ترسناك بووە.
-سەكردایەتی كۆمار، زیاد لە پێویست خۆی بە ووتوێژی بێ ئەنجامەوە بەستبۆوە. بێ بناغە لێی بە ئومێد بوو، هەرچەندە جۆرێ لە جیاوازی بەئومێد‌و بێ ئومێدی لە نامەكانی كۆمیتەی مەركەزی حیزب لەلایەك وە سەرۆك كۆمار لەلایەكی تر دەردەكەوێ. جگە لەوە زۆر لە لێپرسراوانی تر نە بڕوایان بە تاران بووە، وە نە ئومێد‌و بڕواشیان بە گفتوگۆ بووە. لەكاتێكدا رژێمی تاران تەنها بۆ كات بردنە سەر‌و دەستی گفتوگۆی كردووە، خۆ لێپرسراوانی ئەرتەش هەر بە ئاشكرا لە نامەكانیاندا گاڵتە بە گفتوگۆ دەكەن، بگرە جاری وا بووە ژاندارم تەقەی لەو خەڵكە دەكرد كە پێشوازیان لە نوێنەرانی ئازەر‌و كورد دەكرد لە تاران وەك لە گفتوگۆی بانەمەڕی 1325 دا، 2 كوژراو ‌و 3 بریندار ئەنجامی بوو.
-وەك پێویست بە لێكۆڵراوەیی‌و دانانی نەخشە، مامەڵەی رووداوەكان نەدەكرا، لە دوژمن لە نەخشە‌و پلان‌و، لە گەمە سیاسیەكان لە دیبلۆماسیەتی هاوپەیوەند بە كێشە‌و مەسەلەكەی كوردەوە نەدەگەیشتن ئەگەر جۆرێ لە تێگەیشتنیش هەبایە وا دژە كردار‌و كاری بەرامبەر نەبوو.
-خۆبەستنەوە بە دروشمی خودموختاری یەوە، دەرگای بیركردنەوەی لە ئەلتەرناتیڤیكی تر لەسەر داخستن، بڕیارە مێژووییەكەی دووی رێبەندانی 1314 خرایە لاوە، كە ئیختیار درابووە دەست كۆمیتەی مەركەزی‌و ئەنجومەن بۆ بە ئیستیقلالی تەواو گەیاندنی كورد لەو جێگایانەی لێی دەژین. (رۆژنامەی كوردستان ژمارە-8- رۆژی 28/1/1946)
ئەوە لەكاتێكدا زۆربەی زۆری جەماوەر، زۆربەی كاربەدەستان بڕوایان بەو دروشمە‌و كاری رزگاریە هەبوو.
-خۆبەستنەوە بە ستراتیجی سەربازی بەرگری..بە خۆمەڵاسدان لە سەنگەرا بۆ چاوەڕوانی هێرشی دوژمن كە ئەمە رۆڵی خۆی لە هیلاكی‌و نائومێدی لە پەلامار‌و دەستپێشخەری‌و هەڵبژاردنی زەمان‌و زەمینی جەنگدا بینی، لەكاتێكدا ئەرتەشی ئێران سەربەستی جوڵە‌و مانۆڤەر‌و هێرش‌و پەلامار‌و كشانەوەی هەبوو.
هەرچەندە جیاوازییەكی گەورە لە نێوان هێزی چەكدار‌و چەك‌و تەقەمەنی‌و تفاقی جەنگ‌و كەرەسەی گواستنەوە هەبوو. بەڵام لەڕووی توانای شەڕ‌و ورە‌و باوەڕ‌و گیانی خۆبەختكردن بۆ نیشتمان بە پێچەوانەوە تەواو لە بەرژەوەندی كورد بوو، بۆیە ئەگەر ئەو ستراتیجەی پەیڕەوكردنی ئامۆژگاری لێپرسراوانی سۆڤیەت بۆ شەڕنەكردن نەبایە وا ڕەوتی رووداوەكان بە جۆرێكی تر دەبوو یان هیچ نەبێ جۆرێ لە گەمەی سیاسی‌و مانۆڤەری سەربازی‌و نەبزگرتن‌و شەڕی دەروونی دەست پێدەكرا.
*هەوڵ نەدان بۆ سنوور فراوان كردن بۆ سوودوەرگرتن لە توانای مرۆیی‌و زەمین‌و ئابووری ناوچەكانی تر، بۆ بێ بەش كردنی دوژمن لێیان، بەتایبەتی ئابووری كرمار، زۆر لاواز بوو، خەڵكی زۆر هەژار بوون، كە دەنگی هەنگاونان بەرەو ئەم رێبازە بەرز دەبۆوە، گوێیان لێ نەدەگیرا، كە بەهۆی دەست درێژی دوژمنیشەوە رووداوی بخوڵقێنرایە، نەخشەی سوود لێ وەرگرتن دانەدەنرا هەر زوو هەلەكە لەدەست دەدرا، وەك شەڕ‌و هێرشی(سەراو سەرچاوە‌و مل تەرەنی) دیسان شەڕی مامەشا، نموونەیەكی ترە كە رۆژنامەی كوردستان بەم جۆرە هەواڵی پێكدادانەكەی بڵاو كردەوە:
لە جەبهە
وەكو لە جەبهە وەڵام گەیشتووە ئەم شەڕی دوایی كە لە گردی دڵی مامەشا رووی داوە‌و دوژمن بە 3 هەزار كەسەوە پەلاماری هێناوە‌و تانك‌و تۆپ‌و تەیارە لە ئەرز ‌و ئاسمان پشتیوانیان لە دوژمن كردووە تەنیا بەهۆی 30 كەس لە برایانی بارزانی دەستە مەلتەرەنی بە سەرەكی برای قارەمان مستەفا خۆشناو جواب دراوەتەوە‌و لەلایەن حەرزەتی پێشەوا ئەمر سادر بوو كە 11 كەی لە شەڕكەرەكان كە یەكێ لەوان برای خۆشەویست محمد قادری یە میدالیای قارەمانی بدرێت.(16)
*زیاد لە سنووری پێویست كۆمار ئەوقی ئازەربایجان‌و سیاسەتی حكومەتەكەی كرا، هەرچەندە لە زۆر رووەوە بێ سوود نەبوو، بەڵام لە هەندێ رووی ترەوە بێ زیانیش نەبوو، بەتایبەتی ئازەرەكان رێبازی تایبەتی خۆیان هەبوو، ڕابەر‌و لێپرسراوە ناسیۆنالیستەكانی ئازەربایجانی سۆڤیەتیش لە هەموو روویەكەوە یارمەتی دەریان بوون. بە نەخشە كوردیان دەستنگەی ئەو كۆمارە كردبوو، كاتێ ئەو ڕایە خرایە بەردەم پێشەوا كە گوایا تەواوی كوردستانی دەوڵەتیش ئۆستاندار دادەنێ، بێ شك یەكەم ئۆستانداریش قازی دەبێ.(17) هیچ جۆرە ئامادەییەكی نیشان نەدابوو بۆ قەبوڵ كردن، بێ گومان ئەو یاری یەش بێ مەترسی‌و مەرام نەبوو، كەچی ئازەرەكان لە گفتوگۆی مانگی جۆزەردان 1325 یاندا لەگەڵ رژێم لە تەورێز، نە نوێنەری كوردیان بە سەركردەوە وە نە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد‌و كۆمارەكەشی باس كرا. هەروەك بە ئەنقەست بیانەوێ مەسەلەكە خەفە بكەن.
*نەبوونی ئازادی جوڵە‌و دەستپێشخەری چونكە روسەكان لە چەند لایەنێكەوە سنووریان بۆ جموجوڵی كۆمار دانابوو لەوانە:
نەجوڵان لەبەردەمی شەڕدا بۆ بەرگری نەبێ، خۆبەستنەوە بە خودموختارییەوە، بەردەوامی لەسەر گفتوگۆ.بەستنەوە بە ئازەربایجانەوە..بۆیە بیر لە جوڵەی سەربازی‌و مانۆڤەری سیاسیی، ئەمری واقیع دروست كردن، كاری جەماوەری‌و جوڵاندنی خەڵكی كورد لە ناوچەكانی دەری سنوور نەكرایەوە، نەبوونی ئەم ئازادی یە، ئەو چاوەڕوانی یە، بێ دەرامەتی یە، بێ ئومێدی لە تاران، جۆرێ لە بێ ئومێدی لای خەڵكی خوێندەوار‌و هۆشمەند دروست كردبوو، بێ ئەوەی سەرنجی لێ بدرێ، بیر لە هۆ ‌و چارەسەر بكرێتەوە.
لە سووچێكی تری تێڕوانین‌و شی كردنەوە، ئەگەر سەرنجێكی وردی دیاردەی خۆبەدەستەوەدانی سەرۆك كۆمار بدرێ، بابەتیانە لێ بكۆڵرێتەوە، وا دەردەكەوێ كە كە هاندەری ئەو دیاردەیە نائاساییە، هەر تەنها بەڵێن‌و سوێندەكەی لەسەر مانەوە لەگەڵ خەڵكی كورد وەك هەوڵێكی خاوكردنەوەی قینی رژێمی تاران بەرامبەر بە خەڵك بۆ تۆڵە. هەر سەبارەت بە بەڵێنی گیانی(سەرتیپ همایوونی) بۆ پێشەوا..نەبوون. بەڵكو گەلێ دیاردە‌و هۆی تر لە ئارادا بوون‌و لە دروست بوونی ئەو پرۆسەیە رۆڵیان بینی لەوانە:
كشانەوەی لەشكری سوور، بێ نەخشەی هاوپەیوەندی بە چارەنووسی كۆمار.
ئامۆژگاری روسەكان كە شەڕی ئەرتەش نەكەن.
روخاندنی كتوپڕی ئازەربایجانۆ‌و ڕاكردنی ڕابەرانی‌و شەڕی خوێناوی.
نەبوونی پشت‌و پەنا، مانەوەی بەتەنها، بێ چەكی قورس‌و هەلومەرجی بەهێزبوون‌و داكۆكی بەرامبەر بەهێزی دوژمن كە لەو رۆژگارەدا گەلێ هەنگاوی وەرچەرخێنەری هەل‌و مەرجەكەی نابوو، زلهێزەكانیش یارمەتی دەری بوون.
بڕوا نەبوونی قازی محەمەد بە جەنگ‌و خوێن ڕشتن، بە شەڕی بێ هۆدە، حۆ هەر لە سەرەتاوە كۆمەڵەی ژێ-كاف رێبازی خۆی لە شەڕی چەكدار‌و شۆرش دیار كردبوو، دیسان نامە پارێزراوەكانی پێشەوا تیشك دەخەنە سەر ئەم بۆچوونە.
گرفت‌و هەڵە‌و بۆشایی‌و لاوازی‌و ململانێی ناوخۆ كەم نەبوون بەتایبەتی:
-ناكۆكی ‌و ململانێ‌و ڕقەبەرایەتی نێوان ئیل‌و تیرە‌و بەرەباب‌و بەگزادەكان.
-نەبوونی دیسپلینی پێویست لەناو سوپا‌و چەكدارەكاندا.
-لاوازی زۆر لە سەركردەكانی حیزب‌و كۆمار‌و زوو ورە بەردان، لەگەڵ هەندێ سەرۆك عەشیرەتدا كەوتنە بڵاوكردنەوەی گیانی خۆبەدەستەوەدان.
*تەنیا هێزی جێگەی ئومێد، هێزەكەی بارزانی بوو، پێ دەچێ پێشەوا لای ئاسان نەبووبێ بەتایبەتی هەر لە سەرەتاوە ئەو جێگە‌و هەلە بۆ بارزانی نەخوڵقێنرا كە رۆڵی خۆی ببینێ، هەروەك نامەكانی خۆشی دەری دەخەن، هەر بەو(فەرماندەی كل هێزی بارزانیان) ماوەتەوە بە پلەی (ژەنراڵ) یەوە، دانانی بەشێكی گۆرنگ لە هێزەكەی لكەكانی 1‌و2‌و3‌و4 بە فەرماندەیی.
مستەفا خۆشناو، میر حاج، بكر عبدالكریم، نوری احمد تەها لەژێر فەرماندەیی ژەنراڵێكی ترا كە حەمە رەشید خان بوو، جێگەی سەرنجە(19). لە ژمارەكانی رۆژنامەی كوردستانیشدا شتێكی وا نابینرێ كە پێچەوانەی ئەو قسەیە بێت، هەرچەند هەندێ جار لەگەڵ وەزیری هێزدا(سەیف قازی) سەردانی بەرەكانی شەڕ‌و هێزەكانی كردووە، رۆڵی گرنگی لە لابەلاكردنی ناكۆكی عەشایەرییدا بینی، جگە لە رۆڵی هەموو هێزەكە كە لە كارەسەتەكەشدا بە یەكگرتوویی لە مەیدانەكە دەرچوو، دیسان لە سەرچاوەی بڕیار ئەو رۆڵەی نەدرایە.
لەگەڵ رووخاندنی ئازەربایجان هەندێ سەرەك عەشیرەت‌و لێپرسراوان خۆیان وەدەست ئەرتەشەوە دا، لە ڕاستیدا هەر لەدوای كشانەوەی لەشكری سوور، گەلێ لەو سەرەك هۆزانە ورەیان بەردا بوو، نائومێدی سەری دەرهێنا، لە دواییدا لێپرسراوانیشی گرتەوە.
كورت‌و پوخت زەمینەی خۆیی‌و بارودۆخەكەی كۆماری تێدا دامەزرێنرا، رەسیوو كامڵ نەبوو، بارودۆخە نێودەوڵەتییەكەش لەسەر تەماح‌و مانۆڤەر‌و بەرژەوەندی دەجوڵا‌و ئاراستە دەكرا، دوژمن ئامادە نەبوو هیچ جۆرە پێكهاتن‌و رێكەوتنێ بكات كە لایەنی كەمی نەتەوایەتی‌و نیشتمانی كوردی تیا بێت.
سەركردایەتی كوردیش لەو ئاستەدا نەبوو كە بزانێ‌و بتوانێ ئەڵقە لاوازەكانی موعادەلەكان بدۆزرێتەوەۆ هەوڵی گۆڕانی بدات هەرلەسەر بەڵێن‌و چاوەڕوانی‌و وەرگرتنی راسپاردە بڕیارەكان دادەرێژران‌و سەرنجی رووداوەكان‌و پاشەرۆژ‌و چارەنووس دەدرا، جەماوەریش لە ئازادی‌و باری دیموكراسی كە زۆر گرنگ بوون بە ئومێد بوو، بەڵام لە پاشەرۆژ‌و مامەڵەی رۆژانە‌و گوزەرانی ژیان لەناو گرفت‌و نائومێدی، چاوەڕوانی‌و نائومێدی دا دەژیا.
بەتایبەتی ئەو هەموو رووناكییە سوورانە، دەردەكەوتن بێ ئەوە رابەرانی كورد بجوڵێن‌و بگەنە ئاستی رووداوەكان، پێكهاتنی تاران‌و مۆسكۆ، پەیمانی نەوت، كشانەوەی لەشكری سوور بێ رەخساندنی هیچ جۆرە زەمان‌و دڵنیاییەك، ئەوانە ژەنگی مەترسی‌و نیشاندانی سەردەمی وەرچەرخاندن بوون. سۆڤیەت بە مەرامی خۆی گەیشتبوو یاری یەكەی بەئەنجام گەیاندبوو دەستبەرداری كورد بووبوو، كەچی كورد لەسەر هیوا‌و چاوەڕوانی‌و بەڵێن‌و باوەڕی خۆی دەژیا، سەیری رەوتی رووداوەكانی دەكرد، بەو بڕوایەوە كە بەتەنها ناتوانێ كارێ بكات، كاتێ ساتێ بڕیاری چارەنووسساز هات رابەرانی كۆمار گەیشتبوونە بڕیاری خۆیان، بڕٍیاری پێچەوانەی رەوتی مێژوو بوو، پێشەواش سەبارەت بەو هۆ‌و هەل‌و مەرجانەی تیشكیان خرایە سەر خۆی كردە قوربانی، كاروانێك لە شەهیدانیش رابەری كرد، دوور نەبوو، ئەگەر رێگەی پێچەوانەی هەڵبژاردرایە مێژووی ئەمڕۆ بە جۆرێكی تر نەنووسرایە، بێ گومانیشە كە ڕەوتی رووداوەكان بە جۆرێكی تر دەبوو، چونكە ئەو بڕیارە دوا هەل بوو، بەڵام وەك لێكدانەوەیەكی لۆجیكی، ئەگەر لەساتی هێمنی‌ولەسەرخۆیدا زۆر هەل لە كیس درابێ، وا دوا هەل لە بارودۆخێكی وا سەخت‌و قورسدا هەر دەبێ بەو جۆرە بێ، دوژمنی داگیركەریش بڕیار لەسەر چارەنووسەكە بدات نەك خاوەن كێشەكە.
پەراوێزەكان
1-پێش دامەزراندنی كۆمار، پێشەوا قازی محمد لە دیدەنیەكی رۆژنامەنوسیدا بوونی ئەو خودموختارییەی باس كرد.
بروانە رۆژنامەی كوردستان، ژمارە (201) رۆژی 11-12/1/1946
2-دوای دامەزراندنی كۆماری مەهاباد بە 200 سوارێكەوە خۆی گەیاندە مەهاباد.
3-لە نیوەی دووەمی 1945 دا ژەنراڵ سەلیم ئەتاكشیوف ئاگاداری قازی محەمەدی كرد بۆ رێكخستنی وەفد‌و سەفەركردن.
4-تا 26ی سەرماوەزی 1325 (17ی كانوونی دووەمی 1946* ژیاو لەو رۆژەدا كۆتایی بە بەڕێوەبەرایەتییەكەی هێنرا‌و ئەرتەشی تاران مەهابادی داگیركردووە.
5-رۆژنامەی كوردستان ژمارە 27 ،5ی خاكەلێوە 1325 (25ی مارسی 1946)
6-4ی نیسانی 1946 بۆ سەرنجدان لە دەقی پەیەمانەكە بڕوانە (كۆماری میللی مەهاباد) مەحمود مەلا عززەت، 1984 ل 159 ،162.
7-بڕوانە پاشەكشەی بارزانی یەكان لە كوردستانی ئێران ئەبولحەسەنی تەفرەشیان، بە كوردی كردنی، حەسەنی سەیف 1987، ل14، ئەمەش بەشێكە لە كتێبەكەی نووسەر بەنیوەی(قیام افسران خراسان) 1977، 195، ناوبراو ئەفسەرێكی كۆماری ئازەربایجان بوو نێردرا بۆ كۆمەكی مەهاباد، لە رووخاندنەكەش دا مایەوە‌و خۆی بەدەستەوە نەدا.
8-بڕوانە ئەبولحەسەنی تەفرەشیان-سەرچاوەی ناوبراو، ئەو دەنووسێ.
*ئەو دوو فرۆكەیە(ئاغایانی مورتەزای زەربەخت ‌و عەلی جودی) لە مەئمووریەتی هەڵفرین بەرەو ئازادی دڵ لە تارانەوە دەگەڵ خۆیان هێنابوویان.
*بۆ چوار تۆپەكەش جێماوی ئەرتەشی تاران بوون ل 14‌و15.
9-بڕوانە مەحمود مەلا عززەت دەوڵەتی جمهوری كوردستان بەرگی یەكەم، سوید 1992، ل 43،47، 57،58،75،115-123،گەلێكی تریش.
10-ئەم ئیعلانە لە ناوەراستی ئابی 1941 لەنێوان(چەرچل‌و رۆزڤلت)ئیمزا كرا بروانە      (ئیسكلۆپیدای سویدی) چاپی 1948، بەرگی 2،لاپەرە 682-683.
11-17ی تەمووز-2 ئابی 1945
12-زۆر لە بەڵگەنامەكانی سەردەمەكە ئەو راستیە باش روون دەكەنەوە بۆ زانیاریی ئەم لایەنە بڕوانە(دەوڵەتی جمهوری كوردستان)
بروانە بەڵگەنامەی ژمارە 97ی كۆمیتەی مەركەزی 132ی پێشەوا قازی محەمەد لە دەوڵەتی جمهوری كوردستان.
بروانە هەمان سەرچاوە ل309-328
بروانە دەوڵەتی جمهوری كوردستان-بەڵگەنامەی ژمارە 24-30،32..هتد.
رۆژنامەی كوردستان ژمارە 60 رۆژی 20/6/1946.
بروانە جعفر مهدی نیا، زندگی سیاسی قوام.
بروانە سەروتاری یەكەم گۆڤاری نیشتمان ژمارە1 ساڵی یەكەم بوپسەری 1322 جوڵای 1943.
دەوڵەتی جمهوری كوردستان نامەكانی پێشەووا ژمارە 20 132
بروانە دەوڵەتی جمهوری كوردستان بەڵگەنامەی ژمارە 50 دیارە سەرچاوەی راستەقینەی بریارە گرنگەكان بۆ هەموو لك‌و دەستەكانی هیچزی بارزانیانۆ ئەفسەرانی هەر بارزانی خۆی بوو.
تێبینی: ئەم لێكۆڵینەوەیە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە 592، 593 لە رۆژانی 20،21/1/1994 دا بڵاو كراوەتەوە لەبەر سەنگی نووسینەكە بۆ یادی 52 ساڵەی كۆماری مەهاباد كە لە 22/1/1956 (2ی رێبەندانی 1334) دامەزرێنرا‌و لە 17ی كانوونی دووەمی 1946 دا رووخێنرا پێشكەشە.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …