Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / مێژووی بزووتنەوەی حەقە لە هەرێمی كوردستان [بەشی دووەم]

مێژووی بزووتنەوەی حەقە لە هەرێمی كوردستان [بەشی دووەم]

مێژووی بزووتنەوەی حەقە لە هەرێمی كوردستان [بەشی دووەم]

1487182745081

د.بەهادین ئەحمەد/

بەشی دووەم: بزووتنەوەی حەقە لە هەرێمی كوردستان


باسی یەكەم: چەمك و پێناسەی حەقە

وشەی (الحق) یەكێكە لەناو و سیفەتەكانی خوای پەروەردگار، لەزمانی كوردیشدا هەق (حەق) هەروەكو لەفەرهەنگە كوردییەكاندا بەواتای (ڕەوا، كرێ‌، بەش، ڕاست و درووست، كۆڵین و دانەوە) هاتووە(24).
لەقورئانی پیرۆزدا (194) جار ئەم وشەیە هاتووە، كە بەواتای جیا جیا هاتوون، لەوانە خوای گەورە، موسوڵمانان، ڕێبازی ئیسلام، قورئان، ڕاستی و ماف و …هتد (25).

      بەڵگەی ئایەتە پیرۆزەكانی قورئان هەروەكو خوای گەورە دەفەرموێت:

1- (ذلك بأن الله هو الحق)(26) .(الحق) لێرەدامەبەست (الله) جلجلالە.
2- (ألم يأن للذين آمنوا أن تخشع قلوبهم لذكر الله وما نزل من الحق)(27) .(الحق) مەبەست(القرآن)ة.
3- (ذلك بأن الذين كفروا اتبعوا الباطل وإن الذين آمنوا اتبعوا الحق من ربهم)(28) .(الحق) ليَرةدامةبةستليَىرَيَبازىئيسلاموموسولَمانانة.
4- (فلما أنجاهم إذا هم يبغون في الأرض بغير الحق)(29) . (الحق) لێرەدا بەواتای (ماف و ڕاستی و درووستییە).
5- (له دعوة الحق)(30). لێرەدا (الحق) بەواتایبانگەوازبۆڕێبازیئیسلامدێت.

      سەبارەت بە پەیوەندی ڕێبازی حەقە بەئیسلامەوە لەوەوە هاتووە، كە شوێنكەوتووانی ئەم ڕێبازە بۆ هەر شتێك وشەی (حەق)یان بەكارهێناوە (واتە: كارەكە ڕاست و ڕەوانە)، پێیان وابووە كە ڕێبازەكەیان لەئایینی ئیسلام وەرگیراوە، كە ڕێبازێكی حەق و ڕاستە(31)، بەڵام (د.حوسێن خەلیقی) پێی وایە: (حەقە لەسەرەتادا زۆرتر ئەم زاراوەیە لای ئەوانەوە دەركەوتووە و بەكارهاتووە، كە لەحاڵەتی زیكری نهێنی و خۆتەرخانكردن بۆ بەندایەتی خوا، لەخەیاڵێكی قووڵ دا بوون. ئەمانە، كەوتوونەتە حاڵەتێكی بێهۆشی و بێئاگایی لەخۆیان و لەدەوروبەریان)(32).

      لەبەرامبەردا (محەمەدی مەلا كەریم) دەنووسێت: (من وای بۆ دەچم ناونانی كۆمەڵەكە بە (هەقە)، لەشێخ عەبدولكەریمی شەدەڵەوە بووبێت، ناونانەكەشی پەیوەندییەكی بە پاشماوەی (ئەهلی هەق)ەوە هەبێت، كەئێستا لەگەلێ‌ لای كوردستانی ئێراق و ئێراندا هەن. لەهەموو ئەمەش زۆرتر، وشەی (هەقە) تێكڕا بەسەر زمانی پێشەوایانی تەسەوفەوە بووە)(33).

      هەروەها مستەفا عەسكەریش پێی وایە، كە وشەی (هەقە) لەزۆری بەكارهێنانی وشەكەوە لەلایەن (هەقەكان)ەوە هاتووە، كە دەڵێت: “هەر قسەیەكی ڕاستیان بیستبێ‌ و هەر كردەوەیەكی بەجێیان دیبێ‌، وتوویانە (هەقە)، ئیتر وردە وردە ناوی (هەقە)یان بەبەردا بڕاوە “(34).

      دیارە ڕێبازی حەقە بەشێكە لەڕێبازی نەقشبەندی، كە ئەوانیش پەیڕەوی (تەسەوف) دەكەن، چەمكی (هەق) لەبیروباوەڕی تەسەوفدا پانتایەكی بەرفراوانی هەیە،ئەگەر لای خەڵكی ئاسایی هەق چەند مانایەكی هەبێت، ئەوا لای سۆفی، هەموو هەقیقەتەكان لەئەنجامدا دەچنەوە سەریەك هەقیقەت، كە ئەویش بەمانای خوای پەروەردگار دێت(35).

پێناسەی بزووتنەوەی حەقە:

     سەبارەت بە پێناسەیەكی دیاریكراو بۆ بزووتنەوەی حەقە تەنیا پێناسەیەكمان نییە، بەڵكو راو بۆچوونی جیاواز و پێناسەی هەمەجۆر بۆ ئەم كۆمەڵەیە كراوە لەلایەن نووسەر و مێژوونووس و توێژەرانەوە، كە لێرەدا هەندێكیان بەم شێوەی لای خوارەوە دەخەینەڕوو:
مستەفا عەسكەری پێناسەی بزووتنەوەی حەقە دەكات و دەڵێت: “وەچەیەكی ڕێبازی سۆفییە، كە ئەگەڕێتەوە سەر تەریقەتی نەقشبەندی، كە بەهۆی مەولانا خالیدی نەقشبەندییەوە لەكوردستاندا بڵاوبۆوە” (36) .

       هاوڕێ‌ مەحمودیش بەم جۆرە پێناسەی دەكات و دەڵێت:”بزووتنەوەی حەقە یەكێكە لەوەچەكانی تەریقەتی نەقشبەندی و بزووتنەوە ئایینی و نیشتمانییەكانی سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم لەكوردستان و خاوەنی تێڕوانینی تایبەت بەخۆیانن و تائێستاش لەفۆرمێكی جیاواز لەڕابردوویاندا شوێنەوار و تەكیە و خانەقایان لەكوردستاندا ماوە “(37)، بەڵام مامۆستا شاكر فەتاح ڕایەكی تری هەیە و دەڵێت: “حەقەكان ڕێڕەوی نەقشبەندیان گۆڕی و خستیانە شێوەی ڕێڕەوی حەقە، كە تڵپەی ڕێ‌ ڕەوی نەقشبەندی یە. ئەگەر هیچی نەڵێین ئەوە دەڵێین، كە بووەتە هۆی بێ‌ كار و فرمانی و گێژ و وێژی و نەزانی. لەبەرئەوە پێویستە بەهەموو هێزێكمانەوە كۆشش و خەبات بكەین ئەمانەی بوون بە حەقە بیانخەینەوە سەر ئایینە پاكەكەی ئیسلام..”(38).

باسی دووەم: ڕێبازی حەقە، بنچینە و پەیدابوونی، زنجیرەی تەریقەت و سنووری نیشتەجێبوونی جوگرافیان

دوای دەركەوتنی ناووبانگی (شێخ مەولانا خالیدی نەقشبەندی) و هەژموونی تەریقەتی نەقشبەندی لەكوردستاندا، بنچینەی سۆفیگەرییانەی هەقە بەوەرگرتنی تەریقەتەكە لەلایەن (شێخ ئەحمەدی سەردار)ی سەرگەڵووییەوە لە (مەولانا خالد) دەستیپێكرد، هەرچەندە جێی باسە لەسەرەتادا (شێخ ئەحمەدی سەردار) خەلیفەی تەریقەتی قادری بووە و موریدی (شێخ مارفی نۆدێ‌) بووە لەشاری سلێمانی، كە ڕێبەری تەریقەتی قادری لەكوردستاندا كردووە(39).
دوای ئەوەی (مەولانا خالید) تەریقەتی دا بە (شێخ ئەحمەدی سەردار)، لێرەوە بنچینە و ئەسڵی تەریقەتی نەقشبەندی لەناوچەی سورداشی نزیك بەشاری سلێمانی دەستپێدەكات لەدەوروبەری ساڵانی (1811-1815ز).

    پاش ئەویش شێخ قادری كوڕی ناسراو بە (شێخ قادرە سوور) تەریقەتی خەڵكی داداوە، ئەمیش شێخ موحەممەدی ئیلەڵڵای كردووە بەجێگری خۆی. لەدوای ئەویش حاجی شێخ مستەفای كوڕی حاجی شێخ ڕەزا تا كۆچی دوایی كردنی لەساڵی (1915ز)دا تەریقەتی داداوە، لەسەر وەسێتی خۆی شێخ مەلا ئەحمەدی گەڵنێری تەریقەتی خەڵكی داداوە و بووەتە جێگری ناوبراو تا لەساڵی (1919ز)دا كۆچی دوایی كردووە.لەسەر وەسیەتی ئەم زاتەش تەریقەتەكە دراوە بەشێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە لەساڵی (1920ز)دا لەناوچەی سەرگەڵووی سورداش بووەتە شێخی ئیرشاد و تەریقەتی خەڵكی ناوچەكەی داوە.
لەسەردەمی (شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە)دا، بزووتنەوەیەكی ئایینی- كۆمەڵایەتی بەناوی (هەقە) سەرهەڵدەدات، كە خودی شێخی ناوبراو (واتە: شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە) ڕێبەری دەكات و بەردەوام لەفراوانبووندا بووە، لەماوەیەكی كەمدا خەڵكانێكی زۆر لەناوچە سوورداش و مەرگە و ڕانیە و كۆیە و ئاغجەلەر و شوان و كەركوك تەریقەتیان لەسەردەستی ئەودا وەرگرتووە(40).

زنجیرەی تەریقەتپێدان و ئیرشادكردن

تەریقەتی نەقشبەندیش وەكو سەرجەم تەریقەت و ڕێبازە ئایینییەكانی تر، لەدوای ئەوەی، كە (شێخ پەیوەندی ڕوحانی دەگرێت و دەچێتە ناخی كەسایەتییەوە و تێدەكۆشێت، كە وەك ئەو بێت، ئیتر ئەم خاڵە دەبێتە پەیوەندی ناسراویان، زنجیرەی تەریقەت و ئیرشادكردن دێتە ئاراوە)(41) .
زنجیرەی تەریقەتی هەقەكان لە (شێخ مەولانا خالیدی نەقشەبەندی)یەوە دەستپێدەكات، تا (7) خەلیفە بەردەوام بێت و لە (شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە)دا كۆتایی دێت، كە شەجەرە و زنجیرەی ڕیزبەندی یەكەی بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە(42):

1-شێخ ئەحمەدی سەردار.
2-شێخ قادری كوڕی ناسراو بە (شێخ قادری سوور).
3-شێخ ڕەزای عەسكەر.
4-شێخ محەممەد ئیلەڵڵا.
5- حاجی شێخ مستەفای كوڕی حاجی شێخ ڕەزای عەسكەر.
6-شێخ مەلا ئەحمەدی گەڵنێری.
7-شێخ عەبدولكەریمی شەدەڵە.

سنووری جوگرافی بزووتنەوەی حەقە

سەبارەت بە دەستنیشانكردنی سنوورێكی جوگرافی جێگیر بۆ شوێنكەوتووانی بزووتنەوەی حەقە، بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و گۆڕانكاری دانیشتوان (دیمۆگرافی) و سیاسەتی ڕاگواستن و كارەساتی نالەباری ئەنفالی ساڵی (1988ز)ی ڕژێمی بەعس دژ بەسەرجەم خەڵكی كوردستان، لەنێویاندا حەقەكان. پاشان درووستكردنی بەنداوی دوكان، بەم هۆیەوە گواستنەوەی دانیشتوانەكەی و ژێرئاوكەوتنی ژمارەیەك گوندی حەقەنشینی ناوچەكە و ڕاگواستنیان بۆ ناوچەكانی تری كوردستان وەكو بەكرەجۆ، چوار -قوڕنە، ژاراوە، سەنگەسەر، بازیان.

   ناتوانرێت كارێكی وا قورس بەئاسانی ئەنجامبدرێت، بەڵام بەگشتی دەكرێت ناوچەكانی سنووری بازنەی حەقەنشین بەم شێوەیە دیاری بكرێت: هەروەك لەئیسایكلۆپیدیای گشتیدا هاتووە:”تەنها لەناوچەی سوورداشی نزیك شاری سلێمانی و چەند گوندێكی كەركوكدا بڵاوبوونەتەوە”(43)، بەڵام لەڕاستیدا سنوورەكە زۆر لەوە فراوانترە لەوانە: جگە لەچەقی هەردوو پارێزگای كەركوك و هەولێر، لەشارۆچكەی تۆپزاوا، بنە سڵاوە، قەزای كۆیە و دێهاتەكانی و ناحیەی تەق تەقیش هەن(44) .

   هەروەها لەناوچەكانی تۆربە، گەڵنێری، سارتكە، كەلكەسماق، شوان، شێخ بزێنی، قەڵاسێوكە، ئاغجەلەر، سورداش، خەلەكان، خەرابە، قازی بەگیان، كڵێسە، ساتوقەڵا، بازیان، خوڕخوڕە، یاخیان، كوێرەكانی، شارستێن، بنگرد، قەڵادزە، سەنگەسەر، ڕانیە، بەستەسێن، بەكرەجۆ، ژاراوە، مەلاهۆمەر، خۆشناو، چوارقوڕنە و…هتد هەن(45).
هەروەها هەقەكان لەناوچەكانی (دۆڵی جافایەتی، ناوچەی ئاغجەلەر، عەسكەر، مەرگە، دەشتی كۆیە، گەرمیان و كەركوك هەن)(46) .

    هەروەها مامۆستا شاكر فەتاح لەیاداشتەكانیدا بەناوونیشانی (ئاوێنەی ژینم)، كاتێك لەساڵی (1942ز)دا قائیمقامی قەزای ڕانیە و لەساڵی (1946ز)دا قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بووە، لەبارەی حەقەكانی ناوچەكەوە دەنووسێت: (حەقەكان بەهەموو لایەكی كوردستانی ئێراقدا بەتایبەتی بەناو بەشی (سۆران)دا بڵاوبوونەتەوە و لەناوچەی ڕانیەدا دوو سێ‌ گوندێكیان هەبووە، كە ئاغاكانی پشدەر چاویان بڕیبووە داگیركردنی ئەو گوندانە)(47).
هەروەها لەكۆمەڵە رۆژنامەی چەمچەماڵیشدا كەلەساڵی (1946ز) كەقائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بووە دەریكردووە لە ژمارە (7)دا دەنووسێت: (حەقەكانی چەمچەماڵ لەنزیكەی (35) گونددا دانیشتوون(48).

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

24-هەژار موكریانی، فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە، پاپی سێیەم، انتشارات سروش، تاران، 1381ی كۆچی هەتاوی،ل982.
25-محمد حسن الحمصی، مفردات القرا‌ن الكریم ، دار الرشید، دمشق، ص65-66.
26-سورە لقمان، اڵایە 30.
27-سورە الحدید، اڵایە 16.
28-سورە محمد، اڵایە 3.
29-سورە یونس، اڵایە 23.
30-سورە الرعد، اڵایە 14.
31-عەلائەدین سەجادی، ڕشتەی مرواری، چاپی دووەم، سنە ئێران، 2008، ل563.
32-حوسێنی خەلیقی، كۆمەڵناسی كوردەواری، بەرگی دووەم، چاپخانەی حەوادیس، بەغداد، 1992، ل221.
33-مستەفا عەسكەری، ئاوڕدانەوەیەك لەبزووتنەوەی هەقە، چاپخانەی عەلا، بەغداد، 1983، ل39.
34-هەمان سەرچاوە، ل18.
35-عبدالقهارداود العانی، مصدر سابق، ص17.
36-مستەفا عەسكەری، سەرچاوەی پێشوو، ل14.
37-هاوڕێ‌ مەحمود، بزووتنەوەی هەقە و ڕەنگدانەوەی لەڕاگەیاندنی كوردیدا، چاپخانەی سیما، سلێمانی، 2012، ل210.
38-شاكر فەتاح، كۆمەڵە رۆژنامەی چەمچەماڵ، حەقەكان، چاپخانەی حەوادیس، بەغداد، 1983،ل101-102.
39-هاوڕێ‌ مەحمود، سەرچاوەی پێشوو، ل67.
40-مستەفا عەسكەری، سەرچاوەی پێشوو، ل10-12.
41-حوسێن خەلیقی، سەرچاوەی پێشوو، ل267.
42-ڕێبوار حەمەتۆفیق، كۆمەڵی هەقە (لەشێخ عەبدولكەریمی شەدەڵەوە تا حەمەسووری كڵاو قووت 1920-1986)، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، 2010،ل43. هەروەها بڕوانە: مەلاعەبدولكەریمی مودەڕیس، یادی مەردان-مەولانا خالیدە نەقشبەندی،ل88.
43-یاسین سابیر ساڵەح، ئینسكلۆپیدیای گشتی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 2005،ل1120.
44-حاكم ساڵەح، بزووتنەوەی هەقە لەدەمكەلی كەلكەسماقەوە، گۆڤاری هاموون، ژمارە (54)، 2706كوردی، ل5.
45-رێبوار حەمەتۆفیق، سەرچاوەی پێشوو، ل62.
46-عەبدوڵڵا  عەبدولكەریم مەحمود، تێڕوانینێك بۆ ڕابردووی هەشتا ساڵەی گروپی هەقە، گۆڤاری تایم، ژمارە (11)، 1999،ل22.
47-شاكر فەتاح، ئاوێنەی ژینم، بەرگی یەكەم، چاپخانەی دەزگای ئاراس، هەولێر، 2003،ل434.
48-شاكر فەتاح، كۆمەڵە رۆژنامەی چەمچەماڵ، چاپخانەی حەوادیس، بەغداد، 1983،ل103.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …