Home / بەشی مێژووی كورد / یەکەم کەس یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستاندا بە چاپ گەیاند و یەکەم چاپخانەی هێنایە سلێمانی مێجەرسۆن بوو

یەکەم کەس یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستاندا بە چاپ گەیاند و یەکەم چاپخانەی هێنایە سلێمانی مێجەرسۆن بوو

یەکەم کەس یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستاندا بە چاپ گەیاند و یەکەم چاپخانەی هێنایە سلێمانی مێجەرسۆن بوو

FB_IMG_1524396359488

عەتا محمد

مێجەرسۆن ( ئێلی بانستەر سۆن ) لەساڵی ۱۸۹۸ زانکۆی کامبریج بە پلەی شەرەف تەواو دەکات و لە ۱۹٠۲ وەک کارمەندی بانک دەچێتە ئێران و فێری زمانی فارسی و کوردی دەبێت ، بۆئەوەی زیاتر جێگەی خۆی بکاتەوە لە ۱۹٠٥ دا بەساختە مووسڵمانبوونی خۆی رادەگەێنێت و وەک بازرگان دێتە ناوچەی هەڵەبجە و سلێمانی و ناوی خۆی دەگۆرێت بۆ میرزا غولام حسێن شیرازی و بۆماوەی ( ٦ ) مانگ لە ماڵی وەسمان پاشای جاف دا دەمێنێتەوە ، زۆر هامووشۆی خەڵکی کردوە و چۆتە هەموو دیوەخان و بازاڕ و مزگەوتێک بەجۆرێک دەڵێن میرزا غوڵام سەری بچوایە نوێژی نەدەچوو بەڵام دوای ئەوەی وەسمان پاشا گومانی لێدەکات و راستییەکان دەردەکەون بەدزیوە کوردستان جێدە دەهێڵێت و لەکاتی شەری جیهنی یەکەم ۱۹۱٤ـ۱۹۱۸ لەگەڵ سوپای ئینگلیز دەگەڕێتەوە عێراق و بە یارمەتی شوکری فەزلی ٦۷ ژمارە لە رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی لە بەغداد دەردەکات .
پاش ئەوەی راپەرینەکەی شێخ مەحمود لە ۱۹۱۹ هەرەس دەهێنێت ، سۆن بوە حاکمی راستەوخۆی سلێمانی لە نیسانی ۱۹۲٠ تا تەموزی ۱۹۲۲ ، ۱۱۸ ژمارەی لە رۆژنامەی پێشکەوتن بەچاپ گەیاند و لەم ماوەیەدا رۆلی بەرچاوی سۆن لە بواری گرنگیدان بە زمانی کوردی دەبینرێت :

– چاپخانەیەکی کۆنی بچوکی لە جۆری (لێتر پرێس ) ی ئەڵمانی لە بەصرە وە هێنا بۆ سلێمانی خانوی ماڵی فارس ئەفەندی بۆ بەکرێ گرت کە بەرامبەر بە ماڵی حەمەی ئەورەحمان ئاغا بوو ، ۳ کەسی خوێندەواری فێری کاری چاپکرد ئەوانیش( شێخ مەجید شێخ عارف و ئەدیب عەزیز و محەمەد زوهدی ) بوون و رۆژنامەکانی( بانگی کوردستان و بانگی هەق و ئومێدی ئیستقلال و ژیانەوە ) بەو چاپخانەیە چاپکران
ـ زمانی کوردی کردە زمانی فەرمی ، هەتا فەرمانی دەرکرد ناوی شار لەجیاتی ( سلیمانیة) بنوسن( سلێمانی )
ـ لە رۆژنامەی پێشکەوتندا پێشبڕکێیەکی راگەیاند بۆ پاککردنەوەی زمانی کوردی لە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی ، خەڵاتی بۆ یەکەم و دووەم و سێیەم دانا
ـ گرنگییەکی زۆری بە مێژوو وئەدەبی کلاسیکی کوردیدا

کارمەندەکانی چاپخانەکە
” دەورانی دووەم حکومەتی کوردستانی جنوبی ( ۱٠ / ۱٠ / ۱۹۲۲ ـ ۳ / ۳ / ۱۹۲۳ ) چاپخانەکەیان بەڕێوەدەبرد بەم شێوەیە : شێخ عبدولمەجیدی شێخ عارف بەڕێوبەری چاپخانە ، محەمەد ئەدیب عەزیز ـ سەر مورەتیب ، محەمەد تۆفیق ـ مورەتیب ، محەمەد تەیب ماکینەچی ”
ئەم چاپخانەیە خزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەبی کوردی کرد هەرچەندە کە ئینگلیز بۆ بەرژەوەندی خۆیان و پروپاگەندە ئەم چاپخانەیەیان هێنابوو چونکە کاتێک کە مێجەرسۆن سلێمانی چۆڵکرد ، هەندێک فەرمانبەرو نوسەری رۆژنامەی پێشکەوتنی لەگەڵ خۆیا برد بۆ کەرکوک و پێلێکی ( میل ) چاپخانەکەی دەرهێنابوو ، بۆ ئەوەی لە دوای خۆیان کەس نەتوانێت ئیشی پێبکات ، جگە لەوەی کە خۆشی مەکینەیەکی بچووکی کۆن و پیتەکانی هەمووی سواو و لە ئیشکردندا سست و بێ هێزو بووبوون . جا بۆیە کاتێک ” وەستا ساڵحی سڵێمان جەژنێ چەخماخساز بە دوو رۆژ دروستی کردەوە ، شێخ مەحمود لە بری ( ٦٠ ) ڕووپێ (۲٠٠ ) دایێ، دەنگدانەوەی ڕۆژنامەکە کە سەرلەنوێ دەرچووە ، شێخ مەحمود بڕیاری دا چاپخانەیەکی تازەو گەورەتر لە ئەڵمانیاوە بهێنرێ بەڵام بەهۆی گۆڕانی بار و دۆخەکەوە بۆی نەچوو سەر”

زانیارییەکانی ئەم بابەتە لەم سەرچاوانەوە وەرگیراوە :
* سێ رۆژنامەی ڕۆژگاری شێخی نەمر۱۹۲۳ـ ۱۹۲٤ بانگ حەق ـ بانگ کردستان ـ امید استقلال، ل . سدیق ساڵح و د. کەمال فواد ، ئامادەکردنی رەفیق ساڵح
* مێژووی چاپخانەکانی شاری سلێمانی ، مارف ناسراو، ۱۹۲٠ ـ ۲٠۱٠، لەبڵاوکراوەکانی بەرێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی ساڵی ۲٠۱۲
* وتارێکی د. سەلام ناوخۆش لە گۆگڵ بە ناونیشانی رۆژنامەی پێشکەوتن یەکەم رۆژنامەی کوردی لە کوردستاندا.
* چیم دی ، ئەحمەد خواجە بەرگی ۱ـ٤ ، چاپی سێیەم ۲٠۱٦ ، ئامادەکردنی سدیق ساڵح

About زريان احمد

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …