Home / ناوداران / پوختەیەک لە ژیاننامەی (محەمەدی میهری) هەورامانی، ناسراو بە (برهان ئیسلام) (۱۸۸۹-۱۹٥۷ز).

پوختەیەک لە ژیاننامەی (محەمەدی میهری) هەورامانی، ناسراو بە (برهان ئیسلام) (۱۸۸۹-۱۹٥۷ز).

پوختەیەک لە ژیاننامەی (محەمەدی میهری) هەورامانی، ناسراو بە (برهان ئیسلام) (۱۸۸۹-۱۹٥۷ز).

received_2023432671264212
مەحمد میهری هەورامانی دشەیی، ناسراو بە
(برهان ئیسلام)، زانا و یاساناس و رۆژنامەنووس و بیرمەند و خەباتگێرێکی گەورەیە، کە لە زێدی خۆیەوە – لە رۆژهەڵاتی هەورامانەوە – هاتۆتە شاری سلێمانی و لەوێوە گەیشتۆتە شاری ئەستەمبۆڵ.
بە داخەوە تا ئێستا هیچ بابەتێکی شایەنی لەسەر نەنوسراوە،(۱) بەڵام لە دەیان وتار و لێکۆڵینەوەی تورکیدا، باسی کارێزمایی و گەورەیی ئەم پیاوە و بنەماڵەکەی کراوە، تەنانەت وتارێکی تورکیم دۆزیەوە، کە وێنەی میهری و بنەماڵەکەی داناوە داناوە و لە ژێریدا نووسەر ئەو ناونیشانەی بۆ وتارەکەی داناوە: (هەرکەس ئەم بنەماڵەیە نەناسێت، ئەم وڵاتە ناناسێت).
بنەماڵەی میهری و زێد و هاتنە دونیای:
محمد میهری، کە لە ناوەندە روناکبیرەکانی تورکیادا بە (محمد میهران)یش ناسراوە، لە بنەماڵەی مەلایانی گوندی (دشە)ی هەورامانی خۆرهەڵاتە، کوری عەلامە ملا عەبدوڵای موفتی (دشەیی)، موفتی شاری سنە، کوری ملا محمودی موفتی، کوری ملا محمد، کوری ملا ئەحمەدی گەورەیە، لە بنەماڵەی ناسراوەکەی موفتیزادەکانە.
ساڵی ۱۳۰٦ک/۱۸۸۹ز لە گوندی دشەی سەر بە قەزای (پاوە)ی خۆرهەڵاتی هەورامان، لە دایک بووە.
دایکی میهری کچی (سەید شەهابەدینی تاڵشی)یە.
میهری چوار برای تری هەبوون، بە ناوەکانی: محمد
سدیقی موفتی زادە، ملا خالدی موفتی، ملا محمودی موفتی، ملا محمد رەشیدی ناسراو بە (خالدی)، کە لە لوبنان ژیاوە کەسایەتیەکی ناسراوی وڵاتی شامە، هەروەها کەسایەتی ناسراو عەللامە کاک ئەحمەدی موفتیزادە، دەبێتە ئامۆزای میهری.
هەموو ئەوانەی ناوبران کەسایەتی زانستی و کۆمەڵایەتی خۆیان هەبووە و کەسانی هەڵکەوتوو بوون و خزمەتی نمونەییان پێشکەش بە ئایین و زانست و خاک و خەڵکی کوردستان کردووە.
میهری سەرەتا لە گوندی زێدی خۆی، لە (دشە)ی نزیک شاری (پاوە)ی هەورامان، لای ملا عەبدوڵای باوکی، خوێندوویەتی، پاشان باوکی چۆتە شاری سنە و محمدیش لەوێ خوێندنی تەواوکردووە و ئیجازەی زانستی مەلایەتی وەرگرتووە و لە قوتابخانەیەکی شاری سنە بۆ ماوەیەکی کەم بۆتە مامۆستا و وانەی بە فەقێیان گوتووە.
لە پەراوێزی کتێبی (إشارات الإعجاز)ی مامۆستا سەعید نورسیدا، (حەمزە موکسی و محمد شەفیق ئەرواسی و محمد میهری) بە واژۆی هەرسێکیان نوسیویانە: مامۆستا نورسی لە کاتی وانە گووتنەوەدا چەندین جار ئاگاداری کردین کە ڕووداوێک وەک بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوودەدات، مەبەستی جەنگی جیهانی بوو، کە بەو جۆرە ئەو باسی ئەکرد، روویدا. بە پێی ئەم قسەیە دەبێت پێش هاوینی ۱۹۱٤ سەعید نورسی ئەو قسەی کردبێت، کەوابێ میهری پێش هاوینی ۱۹۱٤ لە تورکیا بووە.
هەروەها سەرچاوە تورکیەکان ئەوە دووپات ئەکەنەوە کە محمد میهری یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی (جەمعیەتی هێڤی تەڵەبەی کورد) کە لە تەمموزی ۱۹۱۲ لە ئەستەمبۆڵ دامەزراوە. جا ئەگەر وابێت، کەواتە میهری لە تەمەنی ۱٥ ساڵیدا لەوێ بووە. جا ئەگەر ئەوەشمان بەلاوە دوور بێت و ۱٥ ساڵ بە تەمەنێکی کەم بزانین بۆ ئەو سەفەرە و ئەو چالاکیانە، ئەوە دەبێت گومان بخەینە سەر ساڵی لە دایک بوونی کە تێکرای سەرچاوەکان بە ۱۸۸۹ دایانناوە!.
هۆی بەجێهێشتنی شاری سنە:
سەبارەت بە جێهشتنی شاری سنە و ‌چوونی ملا محمدی میهری بەرەو باشووری کوردستان و دواتر تورکیا، قسەی زۆر کراوە. لە هەندێک گێرانەوەدا وتراوە گوایە لەو سەردەمەدا کە ئەو لە سنە بووە، چەند بنەماڵەیەکی دەوروبەری سنە شەڕ و ناکۆکی کەوتۆتە نێوانیان، ملا محمد لە گۆترە تێوەگڵاوە و برینداریش بووە، بۆیە دواتر شاری سنەی بە جێهێشتووە و بە پێی بیرەوەریەکانی مامۆستا ملا عبدالکەریمی موەدەریس بۆ ماوەیەک لە دەوروبەری ساڵی ۱۹۰۷دا چۆتە گوندی (بالک)ی نزیک شاری مەریوان و لای مامۆستا محمدی کوری حاجی شێخ قادری ڕەشەدێ- کە لەو کاتەدا مودەریسی حوجرەی بالک بووە- هەندێک لە زانستەکانی خوێندووە.
بەڵام بابا شێخ مردۆخ ڕۆحانی، پێی وایە کە حەز و خۆزگەکانی محمد میهری بە شاری سنە تێر نەبوون، بۆیە حەزی کردووە بەرە و عێراق بچێ و شار و خوێندنگە گەورەکان ببینێت، بەڵام پاش چەندین جار باسکردنی بابەتەکە، (ملا عبداللە)ی باوکی رازی نەبووە، بۆیە بێ پرسی باوکی سنەی بەجێ هێشت و بەرەو باشووری کوردستان رۆیشتووە.
سەرچاوە تورکیەکان باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ باپیری دەمەقاڵیەکیان بووە و سەرەنجام تۆراوە و سنەی بە جێهێشتووە ماوەیەک لە دەوروبەری سلێمانی بووە و دواتر لەرێی ناوچەی (ئەرزەرۆم) و (قارس)ەوە چۆتە ئەستەمبۆڵ.
من پێم وایە ئەو دەمەقاڵیەی میهری و بنەماڵەکەی هەر لەسەر هەوڵی دوورکەوتنەوەی بووە، دیارە بنەماڵەکەی ڕازی نەبوون و ئەویش پێداگری کردووە و بە ناڕەزایی ئەو دوا سەفەرەی کردووە، کە سەفەری نەگەرانەوە و جێگیربوونی یەکجاری بووە لە شاری ئەستەمبۆڵ.
دەربارەی مانەوەی محمد لە گوندی (بالک)، مامۆستا ملا عبدالکەریم دەڵێت: محمد بورهانەدین (میهری)، کوڕی مەرحوم ملا عەبدوڵا

دشەی موفتی شاری سنە، واردی بالک بوو، پاش ماوەیێ لەوێ دەرچوو و رۆیشت بەرەو سلێمانی و لەوێوە رۆیشت بۆ ئەستەمبۆڵ لەوێ دەوامی کردبوو تا نیهایەت.
پاش گوندی (بالک)ی مەریوان دەچێتە مەدرەسە گەورەکەی شارۆچکەی (بیارە)ی خۆرئاوای هەورامان لە باشووری کوردستان.(۲) پاش ماوەیەک لە (بیارە)وە گەڕاوەتەوە شاری سەردەشت، دواتر لە شاری هەولێر گیرساوەتەوە لای مامۆستا ملا ئەبوبەکر، ناسراو بە (ملای گچکە)، خوێندنی تەواو کردووە و بروانامەی زانستی وەرگرتووە و وەک ملا بۆ ماوەیەکی کەم گەڕاوەتەوە بۆ گوندی (دشە)ی زێدی خۆی لە هەورامان.

کۆچی ساڵەی میهری بەرەو ئەستەمبۆڵ:
وادیارە دەفری سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی ناوچە سنوردارەکەی هەورامان، جێی ملا محمدی میهری زیرەک و هەڵکەوتووی تێدا نەبۆتەوە بۆیە ملی وڵاتانی عێراق و تورکیای گرتۆتە بەرو بەپێی قسەی (محمد موفتی زادە)ی برای، سەرەتا “چۆتە (رەواندز) و پێش جەنگی جیهانی یەکەم، شێخ عبدوالقادر گەیلانیزادە، لە رەواندزەوە لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ ئەستەمبۆڵ.
سەرەتا چۆتە باکوری کوردستان، لە شاری (قارس)، دواتر (ئەرزرۆم) پاشان لە ئەستەمبۆڵ ماوەتەوە و ژیانی بەسەر بردووه”(۳) زیاتر لە چل ساڵی تەمەنی لە ئەستەمبۆڵ تەواو کردووە.
میهری لە ئەستەمبۆڵ بۆتە هاورێی کەسایەتیە ناسراو و چالاکە کوردەکانی نیشتەجێی ئەو کاتەی ئەستەمبۆڵ، لەوانە زانای گەورە (سەعید نورسی)، (خەلیل خەیاڵی)، (حەمزە موکسی)، (ئەحمەد رامیز)، (ئیسماعیل حەقی بابان زادە) کە وەزیری مەعاریف بووە، بۆیە بەهۆی ئەوەوە (میهری)، لە کۆلێژی حقوق وەرگیراوە بە کالۆریۆسی لە حقوق تەواو کردووە‌ و دواتر لە ئەستەمبۆڵ بۆتە پارێزەر.
بە پێی هەندێک سەرچاوە لە ئەستەمبۆڵ لە مەدرەسەی پسپۆری تەفسیر و حەدیسدا، بەناوی (مدرسە المتخصصین) پاش تاقیکردنەوە وەرگیراوە و بەپلەی یەکەم دەرچووە و بڕوانامەی پسپۆریی ئەوێی وەرگرتووە هەر لەو مەدرەسەیە وەکو مامۆستا وەرگیراوە و تا هەڵوەشانی عوسمانی تێیدا دەرسی گوتووەتەوە. بە شوێن ئەوەدا و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیادا، بووە بە بریکاری وەزارەتی دادی حکومەتی تورکیا.(٤)
هەروەها ماوەیەک ئەندامی دەستەی مامۆستایانی کۆلێژی شەریعە (ئیلاهیات) بووە.(٥)

هاوسەرگرتن و خێزانی محەمەدی میهری:
محمد میهری لە ساڵی ۱۹۲۰ ژنێکی داغستانی هێناوە، بەناوی (شازیە خانم)، که نەوەی خەباتگێری گەورە و ناسراوی داغستان موجاهید (شێخ شامل)ی داغستانی بووە. سێ کچ و دوو کوری لێ بووە، کورەکانی: صلاح الدین هێلاڤ، ساڵی ۱۹۲۸ لە دایک بووە و ساڵی ۲۰۰٥ لە ئەستەمبۆڵ کۆچی دوایی کردووە، ناوبراو زانکۆی (سۆربۆن)ی تەواو کردووە نووسەر و وەرگێرێکی ناسراوی وڵاتی تورکیایە و چەندین کتێب و بڵاوکراوەی لەسەر فیکر و فەلسەفە چاپکراون. کوری دووەمی ناوی (نجم الدین هێلاڤە)،
ئەویش نووسەر و لێکۆڵەر و بووە و ساڵی ۲۰۰۰ کۆچی دوایی کردووە، هەروەها سێ کچیشی لەو هاوسەرەی هەبووە، بە ناوەکانی: لەیلا، سمیلا و سهیلا، کە هەموویان لە ئەستەمبۆڵ ژیاون.

خەبات و کارە گرنگی و بەرچاوەکانی میهری:
بە پێی بەرهەم چالاکیەکانی، دەردەکەوێت کە مەلا محمدی میهری، کەسایەتیەکی زۆر هەڵکەوتوو بووە،
بۆیە لە یەک کاتدا پەروەرشیار، شاعیر، مەحامی، زانا، رۆژنامە نووس، نووسەر و زمانزان بووە.
ئەو سەرچاوانەی باس لە چالاکی کوردان لە سەردەمی مەشروتە و دوای مەشروتەی تورکیا دەکەن، محەمەدی میهری لە پێشەنگی ئەو ژمارە بیرمەند و روناکبیرانە دادەنێن کە لە ڕێکخراو و ڕۆژنامە و ناوەندە جۆراوجۆرەکاندا چالاکیی هەبووە. مالمیسانژ دەڵێت ” ملا محمدی میهری لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە لە جوڵانەوەی نەتەوەیی کورددا بەشدار بووە. بۆیە لە یەکەم وەجبەدا بۆتە یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری چالاکی (جڤاتا هێڤێ فەقێی کوردان)، کۆمەڵەی هیوای فەقێی کوردان و (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان)‌. لەسەرێکی ترەوە، لەبەر لێوەشایی، لە کۆشکەکانی سەڵتەنەتی عوسمانیدا، ماوەیەک وانەی بە سوڵتانەکان گوتووە. هەروەها لە تۆمارەکەیدا نوسراوە: شاگردی ئەحمەد رامیز، مامۆستای مزگەوتی فاتح بووە. کە ئەمە ئاماژەیە بە سەرەتای دامەزراندی میهری لە شاری ئەستەمبۆڵدا، لە ساڵانی ۱۹۱٥ بۆ ۱۹۱۸.

(ئیسماعیل گوێڵداش) دەربارەی رۆڵ و چالاکیی محمدی میهری دەڵێت: “محمد میهری بیرمەندێکی گەورەی کورد و بە ئەسڵ خەڵکی کوردستانی ئێرانە، لە ئەندامە چالاکەکانی جەمعیەتی هێڤیە، کە لە ساڵی ۱۹۱۲ لە ئەستەمبۆڵ دامەزراوە. دواتر لە کۆشکەکاندا وانەی گشتی بە سوڵتانەکان وتووە.(٦)
هەروەها دەربارەی دەورەی میهری و هاوەڵانی لە کۆمەڵەی (تەعالی کوردستان) دەڵێت: پارێزەر محمد ئاختی، فەوزی ئەفەندی زادە، محمد ئەفەندی میهری، کاتبی زادە جەمیل بەگ و لیجەلی عەلی ئەفەندی، پێکەوە وەک دەستەی پروپاگەندە، کاریان دەکرد و ئەرکەکانی خۆیان بە شێوەیەکی گونجاو جێ بەجێ دەکرد. گەنجە وڵاتپارێزەکانی لایەنگری (جەمعیەتی تەعالی کوردستان) بەهەرجۆر دەیانویست زمانەکەیان پێش بخەن و خەڵک رابهێنن

تا بەکوردی بخوێننەوە و بنوسن و ئەمەشیان کردبووە ئامانجی خۆیان.

نجم الدین ملاش دەڵێت: “محمدی میهری، هەمیشە بیر و هۆشی لای نیشتمان و نەتەوەکەی بووە، ئاواتی سەربەرزی و ئازادی کوردستان بووە زۆر بە ئاواتەوە بووە هەلی بۆ هەڵبکەوێ و بەئازادی بگەرێتەوە بۆ کوردستان و لە نێو نەتەوەکیدا بژی(۷).
محمد میهری لەبەر توانای زانستی و زمانەوانی، کراوە بە خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (کوردستان) زمانحاڵی (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان)، کە لە ئەستەمبۆڵ چاپکراوە. ئەم گۆڤارە: گۆڤارێکی هەفتانەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و زانستی بووە، (۳۷) ژمارەی ێ دەرچووە، یەکەم ژمارەی لە ۲٥/ربیع الاول/۱۳۳۷ک-۱۹۱۷ز، دەرچووە، پاش دەرچوونی ژمارەی ۳۷، لەلایەن کەمالیستەکانەوە لە ۷/رجب/۱۳۳۸ک-۱۹۱۸ز داخراوە، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی و فەرەنسی، بابەتی بڵاوکردۆتەوە. محمد صدیق مفتی زادە، برای محمد میهری دەڵێت: لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی دووەمی جیهانیدا، کە سیاسەتی فەرمانرەوای تورکیا گۆراو نامەنوسینی کوردەکانی ئەوێ بۆ وڵاتانی دەرەوە ئازاد کرا، کاکە محمد میهری بەگ، بۆ یەکەم جار بە کوردی نامەی بۆ نوسیم و لە نامەکەیا زۆر هەڵی نابووم کە لە خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی، لەهەر هەل و مەرجێکدا، کۆتایی نەکەم.(۸)
محمدی میهری، لە نوسین و بڵاوکراوەکانیدا، لەبەر دۆخی سیاسی و ئەمنی جۆراوجۆر کە تێی کەوتووە، بە چەندین نازناو و ناوی خوازراو، بابەتی نووسیوە، لەوانە: میهری، کاکە حەمە، عیرفان، هێلاڤ، م.م، داوەر ئەردەڵانی، زەهاوی زادە و م. میهری.
ساڵی ۱۹٥٤ لە ئەستەمبۆڵەوە نامەیەکی دەست خۆشی بۆ مامۆستا (عەلائەدین سەجادی) ناردووە، لەسەر کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)، میهری بەم جۆرە واژۆی نامەکەی خۆی کردووە” له مەحامی و مودەریسانی ئەستەمبۆڵ، محمدی میهری، کوری مرحوم ملا عبداللەی دشەیی، لە ۱۹٥٤/۹/۱.(۹)
میهری وەک کوردێکی پەیامدار و خاوەن هەڵوێست، یەکێکە لەو کوردانەی دانیشتووی ئەستەمبۆڵ کە بە ئامادەیی و چالاکیە بەرچاوەکانی لە رێکخراوە کوردیەکان و گۆڤار و رۆژنامەکاندا، نەترسانە بەگژ پیلانەکانی ئیتیحادیە توندرەوەکاندا وەستاوەتەوە، بۆیە وەک (رۆهات ئەلاکۆم) ئاماژە دەکات کاتێک کەمالیستەکان سەید عبدالقادری شەمزینی لە ساڵی ۱۹٥۲ دا شەهید دەکەن، ئەو کارە وەک هەرەشەیەکی چاوشکێن بووە، کە ئاراستەی کوردەکانی ئەستەمبۆڵ کراوە، بەڵام محمد میهری و هاوەڵە کوردەکانی تێدەگەن کە ئەمە بۆ دەرپەڕاندنی ئەوان و لە چالاکی خستنی ئەوانە، بۆیە خۆراگرانە بەرەنگاری پیلانەکە دەبنەوە و بە جۆرەها چالاکی درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.
سەبارەت بە کۆچی دوایی میهری:
لەسەر مێژووی کۆچی دوایی محمدی میهری، چەند قسەیەکی دژبەیەک کراون، کەوا دیارە لە خەمڵاندنەوە نزیکترن، چونکە بە بەڵگەی نزیک لە مێژووی سەردەمی میهری پشت راست نەکراونەتەوە. مامۆستا ملا عبدالکەریمی مودەریس ئاماژە بە ساڵی ۱۳۷۷ کۆچی دەکات(۱۰) کە دەکاتە (۱۹٥۸ز)، بەڵام بابا شێخ مەردۆخی رۆحانی، ئاماژە بە ساڵی ۱۳۷٦ کۆچی مانگی، بەهاری (۱۹٥۷ز) دەکا.(۱۱)
هەروەها رۆهات ئەلاکۆم هەمان ساڵی ۱۹٥۷ی نووسیوە(۱۲).جوتیار تەوفیقیش باسی هاوینی ساڵی ۱۹٥۹ز دەکات(۱۳)،هەندێ سەرچاوە و پێگەی ئەلکترۆنی تورکیش باس لە هاوینی ساڵی (۱۹٥۷)ی زایینی دەکەن، گوایە بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە، بەبەڵگەی ئەوەی کە لە ژمارە (۹٥)- دوا ژمارەی ساڵی سێیەمی گۆڤاری (هەتاو)دا، کە لە ۳۰ نیسانی ۱۹٥۷ دا دەرچووە.
-دەقی ئەم هەواڵە نووسراوە: “تەلگرافێکی جەرگبری کوردیمان لە ئەستەمبۆڵەوە بە پیتی لاتینی کوردیەوە، لەم رۆژانەدا بەم چەشنەی خوارەوە بۆ هاتووە: هەولێر-عراق- گۆڤاری هەتاو: داخەکەم خۆ مامۆستا محمد میهری کۆچی دوایی کرد! شوان(۱٤).
جامن پێم وایە دروستترین زانیاری ئەوە بێت، کە میهری لە بەهاری ۱۹٥۷دا کۆچی دوایی کردووە، چونکە گۆڤارەکە لە (۳۰) نیسانی ۱۹٥۷دا دەرچووە، (گیو موکریانی)ش وەک بەرێوبەری نووسینی گۆڤارەکە نووسیویەتی (تەلگرافێک.. لەم رۆژانەدا.. هاتووە)، کەواتە دەبێت وەفاتی میهری لە رۆژانی مانگی نیسانی ۱۹٥۷دا بووبێت، ئەوەندەش مەعلوم بووە کە بەنەخۆشی مردووە، چونکە تەمەنی زۆری نەکردووە و لەبەهاری ٥۸ ساڵەی تەمەنیدا پاش خزمەتێکی زۆر و چالاکیەکی هەمەرەنگ، ماڵئاوایی لە دونیا کردووە.
بەرهەمە زانستیەکانی میهری:
بە پێی ئەو وتارانەی میهری کە لە گۆڤارەکانی بەردەستماندان- (کوردستان)ی ئەستەمبۆڵ و (هیوا)- وا دەردەکەوێت کە محمدی میهری توانایەکی زۆری نوسین و توێژینەوەی هەبووە، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە بەرهەمەکانی فەوتاون و ئەوانەشی کە لەبەر دەستدان هیچ کارێکی شرۆڤە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە. ئەوەی تائێستا لە نوسینەکانی بەدیارکەوتوون، ئەم بەرهەمانەی خوارەوەن:

۱-کتێبێک بەناوی (مقدمە العرفان)، ساڵی ۱۹۱۹ لە ئەستەمبۆڵ چاپکراوە.(۱٥)
۲-کتێبی فەرهەنگی (کوردی، تورکی، عەرەبی، فارسی و فەرەنسی)، ساڵی ۱۹۱۹ لە ئەستەمبۆڵ چاپکراوە.(۱٦)

۳-کتێبێک دەربارەی رێزمانی کوردی، ساڵی ۱۹۱۹ لە ئەستەمبۆڵ چاپکراوە.(۱۷) کە وادیارە هەمانە (مقدمە العرفان)ە.
٤-سیاسەتمەداری ناسراو موسا عەنتەر دەڵێت: “لە ساڵی ۱۹٤۸ کە گۆڤاری (دیجلە کایناکی=چاوگی دیجلە)مان دەردەکرد، محمد میهری حەوت وتاری تورکی بۆ ناردین و بڵاومان کردەوە”.(۱۸)
٥-محمد میهری لە گۆڤاری (هەتاو)ی هەولێریشدا، لە ژمارەی (٤۷) تا (۷٤) لە ساڵانی ۱۹٥٥-۱۹٥٦ دەیان وتاری هەیە لەسەر زمان، کە لە ئەستەمبۆڵەوە ناردوونی بۆ گۆڤارەکە. لە ژمارە (٥٤) تا (۷۰)ش چەند وتارێکی نووسیون بە ناونیشانی: (زمانی ئێمە یەک جۆرە، شێوەکانی زۆرن).
لە ژمارە (٦۰) تا (٦۸) ناونیشانی: (یەکێتی زمانی کوردی) زیاد کردووە.
لەو وتارانەیدا بە دێژی باسی شێوەزار و دیالێکتەکانی زمانی کوردی دەکات.
(میهری) بە حوکمی ئەوەی هەورامی بووە و دیالێکتی هەورامی و کرمانجی خواروو(سۆرانی) زانیوە، کە چۆتە تورکیا فێری (کرمانجی ژوروو) و (زازایی)ش بووە، ئیتر ئەم شارەزاییەی بەهەموو شێوەزارە کوردیەکان، قۆستۆتەوە بۆ کاری بەراوردکاریی و مشت و ماڵی زمانەوانی و ئەو زنجیرە وتارە بەنرخەی لێ کەوتۆتەوە کە باسمان کرد.
٦-(میهری) زنجیرە وتارێکی تری زمانەوانی بەنرخی هەن، کە لە گۆڤاری (کوردستان)ی ئەستەمبۆڵ لە ساڵانی ۱۹۱۹ بۆ ۱۹۲۰ لە ژێر ناونیشانی (ئەساس)، بە ناوی خوازراوی (م.م) نووسیویەتی.(۱۹)
۷-لە سەرێکی ترەوە، (خەلیل خەیاڵی) فەرهەنگێکی کوردی-عەرەبی ئامادە کردووە و داواشی لە محمد میهری کردووە کە وشە فارسیەکانی بەرامبەر ئەو وشانە بنوسێت، بەڵام کتێبەکە بەر لەوەی بڵاوبکرێتەوە لەلایەن (ضيا طیوك ئالپ)ەوە سوتێنرا، دیارە ئەو ڕووداوە لە کاتێکدا بووە کە طیوك ئاپ- کە پێشتر کاری لەسەر زمانی کوردی کردووە- ڕووی کردبووە تورکایەتی و وازی لە کاری کوردایەتی هێنابوو.(۲۰)
۸-هەروەها لە ساڵی ۱۹۱۹ گرنگترین شاکاری ئەدەبی کلاسیکی کوردی کە داستانی (مەم و زین)ە بڵاوکردۆتەوە.
۹-محەمەدی میهری خاوەنی ئیمتیاز و بەرپرسی گۆڤاری (کوردستان)ی ئەستەمبۆڵ بووە، بابەتیشی بۆ نووسیوە، لە ژمارە (۱٤) ئەو گۆڤارەدا، لە ۱۹۱۹/۹/۲۳ بەناوی (کردلرو انتخابات) بابەتێکی بە زمانی تورکی نوسیووە، تیایدا باسی گرتنی (حەمزە موکسی) لەلایەن تورانیەکانەوە و بارودۆخی ئەو کاتەی کوردستان و تورکیا دەکات.
جگە لەم بەرهەمە زانستیانە میهری دەستێکی باڵای لە ئەدەب و شعردا هەبووە، بەداخەوە شعرەکانیشی وەک زۆربەی بەرهەمەکانی تر لەبەر دەستمان نین، بەڵام ئەو چەند شعرە کەمەی کە لەبەردەستماندان ئەوە دووپات دەکەنەوە کەمیهری بە توانا و سەلیقە جوان و زمان پاراو بووە بە جۆرێک کە جگەلە شێوەزارە کوردیەکان، توانیویەتی بە زمانەکانی تورکی و فارسی و عەرەبی شعر بهۆنێتەوە.(۲۱)

پەراوێزەکان:

۱-جگەلە وتارێکی بەرێز (جوتیار تەوفیق) بە ناونیشانی: کورتەیەک دەربارەی ژیان و بەرهەمەکانی محمدی میهری، کە بە سوپاسەوە لە پێگەی ئەلکترۆنی:http://gagesh.com/index.php?id=58 بڵاوکراوەتەوە.
۲-هەمان سەرچاوەی پێشوو.
۳-گۆڤاری سروە، مەهاباد، ژمارە ۷، لا:۲۷.
٤-مێژووی ناودارانی کورد، بابا شێخ مەردۆخی رۆحانی ۷۸۸/۲.
٥-کوردەکانی ئەستەمبۆڵی کۆن، رۆهات ئەلاکۆم، و: ئەحمەد تاقانە، ۲۰۰٥، لا:۲۸.
٦-جەمعیەتی تەعالی کوردستان، ئیسماعیل گوێڵداش، و: زریان رۆژهەڵاتی، بنکەی ژین، ۲۰۱۱، سلێمانی، لا:۸۸.
۷-رۆژنامەی ژین، ژمارە ۱۳٤۳، لە ۰۱۹٥۷/٥/۹
۸-گۆڤاری سروە، ژمارە ۷، لا:۲۷.
۹-مێژووی ئەدەبی کوردی، علاء الدین سەجادی، چ: دووەم، بەغدا، ۱۹۷۱، لا:٥.
۱۰-رۆژگاری ژیان، مەلا عەبدوالکەریمی مودەریس، ئا: ڕەئوف محمودی، سنە، لا:٦٤.
۱۱-مێژووی ناودارانی کورد، بابا شێخ مەردۆخی رۆحانی، ۷۸۸/۲.
۱۲-کوردەکانی ئەستەمبۆڵی کۆن، رۆهات ئەلاکۆم، و: ئەحمەد تاقانە، ۲۰۰٥، لا:۱۲۸.
۱۳-وتاری: کورتەیەک دەربارەی ژیان و بەرهەمەکانی محمدی میهری.
۱٤-گۆڤاری (هەتاو)، ژمارە (۹٥)، ۳۰/نیسان/۱۹٥۷.
۱٥-لە گۆڤاری کوردستان، ئەستەمبۆڵ، ۱۹۱۹/۲/۹، باسی کراوە.
۱٦-هەمان سەرچاوەی پێشوو.
۱۷-وتاری: (کەسایەتی چالاکی کوردستان محەمەدی میهری)، کە بە زمانی تورکی نووسراوە، لە پێگەی ئەلکترۆنی: http://hurbakis.net/content/bir-kurt-entelektueli-mihemed-mihri-hilav.
۱۸-بیرەوەریەکانی موسا عەنتەر، ئەستەمبۆڵ، ۱۹۸۸، لا:۷۳، جەمعیەتی تەعالی کوردستان، ئیسماعیل گوێڵداش، لا:۸۸.
۱۹-گۆڤاری کوردستان، ۱۹۱۹/۲/۹.
۲۰جڤاتا هێڤی تەلەبەیێ کوردان، مالمیسانژ، و:زریان، بنکەی ژین، ۲۰۰۸، لا:۱٥۲.
۲۱-خەباتی کورد و ڕەهەندی ئیسلامی (کاریگەری ئیسلام لەسەر شۆرشەکانی کورد لە ۱۸٥۰-۱۹٥۰ز،
د. عومەر عبدالعزیز، ۲۰۱٦

 

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …