Home / بەشی مێژووی كورد / زریاب، گەورەترین مۆسیقاژەنی کورد لە جیهان و لە سەدەی نۆدا کێ بوو؟

زریاب، گەورەترین مۆسیقاژەنی کورد لە جیهان و لە سەدەی نۆدا کێ بوو؟

8306_606364322732572_1538139710_n

 

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
ناوی تەواوی بریتیە لە ئەبول حەسەن عەلی کوڕی نافیع و نازناوی (زریاب) ی هەبووە. بۆچوونی جیاواز سەبارەت مانای ناوەکەی هەیە؛ هەوڵ دراوە کە بە مانای (باڵندەی ڕەش) ی عەرەبی لێک بدرێتەوە، بەڵام پێ دەچێت کە (زۆراب) ی کوردی یان (زەڕیاو/زڕیاو) (ئاوی زێڕ) بووبێت و ئەو سەردەمە کە زمانی پەهلەوی بۆ نووسین بەکارهاتووە، پیتی (و) ی کوردی وشەی (ئاو) کرابێتە (ئاب) ی پەهلەوی و ناوەکە لە (زەڕیاو/زڕیاو) وەوە کرابێتە (زریاب).
مانای ناوەکەی هەرچۆنێک بووبێت، لە نزیکی ساڵی ٧٨٩ ز دا لە دایک بووە و ٦٨ ساڵ ژیاوە. زریاب قوتابی ئیسحاق موسڵی بووە و ئەو فێری هونەری مۆسیقای کردووە. بەڵام هێندە توانای لە بوارەکەدا پەیدا کردووە سەرنجی هارونە ڕەشیدی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئیسحاقی مامۆستای ئێرەیی پێ بەرێت. زریاب بەغدا بەجێدەهێڵێت و ڕوو دەکاتە ئەندەلوس لە ئیسپانیا. لەوێوە سەرەتایەکی نوێ لە ژیانی لە شاری قورتوبە دەست پێ دەکات و دەبێتە مۆسیقاژەنی سەرەکیی دیوەخان. زریاب هەرچەندە زیاتر وەک مۆسیقاناس و مۆسیقاژەن ناسراوە، بەڵام شارەزایی لە فەلسەفە، ئەستێرەناسی و زانستی پزیشکیدا هەبووە و بیروبۆچوونی فەلسەفیشی لە شاری قورتوبەدا کاریگەریی هەبووە. هەروەها شارەزاییەکی باشی لە جوگرافیادا هەبووە و شاعیر و گوتەبێژێکی باش بووە. زۆر جار بۆ کاروباری سیاسی ئەو سەردەمەی قورتوبە، پرس و ڕای پێ کراوە. هەر پاش ماوەیەک لە گەیشتنی بە قورتوبە، ئەم مۆسیقا ژەنە سەرنجی چینی نوخبەی ئەو سەردەمەی قورتوبەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و داهێنانەکانی لەوێوە بە هەموو ئەوروپادا بڵاوبووەتەوە. زریاب هێندە مایەی سەرنج ڕاکێشانی خەلكی ئیسپانیا بووە، تەنانەت شێوەی قژداهێنانی لەلایەن ئەرستۆکراسیەکانی ئەو سەردەمەی قورتوبەوە چاوی لێکراوە و جۆرێک لە کەوای لەبەر کردووە کە ئەو سەردەمە بووەتە مۆدێڵ بۆ ژنان و پیاوانی ئیسپانی، بە جۆرێک زریاب بووەتە مۆدێلێک بۆ چاولێکەریی خەڵکانی قورتوبە. هەر ئەویش بووە کە یاری پۆلۆی بە ئەوروپیەکان ناساندووە کە نزیکی پێنج سەد ساڵ پێشتر لە هەندێک سەرچاوەدا لە سەدەی چوارەمی زاینیدا لە هەولێر ئاماژەی پێکراوە و چینی حوکمڕان ئەو یارییەیان کردووە و دواییش ئەو یاریە یەکێک بووە لەو یاریانەی کە سەلاحەدینی ئەیوبی زۆر حەزی پێکردووە.
سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن کە زریاب نزیکی یەک هەزار گۆرانی لەبەر بووە و توانای لەسەر ئامێری عود بە شێوەیەک بووە کە ژێیەکی بۆ ئەو ئامێرە زیاد کردووە و لە چوارەوە کردوویەتە پێنج. هەمان ئەو ئامێرەی کە دوایی ووردە ووردە گیتاری ئیسپانی لێ پەیدا بووە. ئەمڕۆ زریاب ناسراوترین مۆسیقاژەنی مێژوویی ڕۆژهەلاتە کە لە ئەوروپادا زۆر ناسراوبێت و بە باوکی مۆسیقای ئەندەلوسی لەقەڵەم دەدرێت.
پاکۆ دێ لوسیا (Paco De Lucia)، گیتارژەنی جیهانی فلامینکۆ، یەکێک لە ئەلبومەکانی بە ناوی زریابەوە ناو ناوە. منیش وەک کەسێکی مۆسیقاژەنی ئامێری گیتار و هەوادارێکی مۆسیقای فلامینکۆ، ساڵی ١٩٩٦ لە شاری لەندەن لەگەڵ مۆسیقاژەنی فلامینکۆ (Juan Martin)ی ئیسپانی گفتوگۆم دەکرد سەبارەت بە کۆنسیرتەکانی، ئەویش پرسیاری لێکردم کە خەڵکی کوێم. کە گووتم کوردم، یەکسەر بابەتەکەی گۆڕی و هەموو شتێک بوو بە باسی زریاب. مارتن پێی وابوو کە زریاب گەورەترین کاریگەریی لەسەر مۆسیقای ئیسپانی هەبووە و ئەو بە کاریگەرترین کەسی دانا لەسەر مۆسیقای فلامینکۆ. لە ڕاستیدا ئەو کاتە هەستم بە شەرمەزاری کرد کە سەرەڕای ئاشناییم بە ئامێری گیتار کەچی ئەو کەڵە مۆسیقا ژەنە کوردەم زۆر لە خوان مارتنی ئیسپانی سەرپێی تر ناسیبوو و هەرگیز ئەو کاتە ئەو کاریگەریە مەزنەی زریابم نەبیستبوو.
بە بۆچوونی من دەبێت ئەمڕۆ سەنتەرە مۆسیقاییەکانی کوردستان بە ناوی خەڵکانی وەک زریابەوە ناوبنرێن و بۆ بەرزڕاگرتنی یادەوەری ئەم مۆسیقاژەنە، بە دڵنیایی دروستکردنی پەیکەرێکی نایاب شایستەیەتی.

تێبینی: ئەو وێنەیە لە سەدەی سیانزەدا دروستکراوە کە وا پێ دەچێت دوای چەند سەدەیەک بە شێوەیەکی خەیاڵی دروست کرابێت.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …