Home / بەشی مێژووی كورد / پێگەی بیری سیاسی لە تەریقەتی نەقشبەندی دا

پێگەی بیری سیاسی لە تەریقەتی نەقشبەندی دا

پێگەی بیری سیاسی لە تەریقەتی نەقشبەندی دا

142632018_K

نوسینی : عەدنان سەید ئەمین

جۆڕناڵ

پێشەکى:

 سۆفیگەرى بەشێوەکى گشتى بایەخدانە بە پەروەردەکردنى دەروون و دورکەوتنەوە لەو چێژە جەستەییانەى کە مرۆڤــ دوردەخەنەوە لە بایەخدان بە ماددە، هەمیشە بەو ڕێباوەڕە ناسراوە کە کەمتر خۆ هەڵدەقورتێنێتە ناو گۆڕەپانى سیاسى (کارى دنیایی)، بەڵام زۆرکات ناڕاستەخۆ کاریگەریان لەسەر بڕیارە هەستیارەکانى کۆمەڵگە دەبێت و توێژێکى گەورەى کۆمەڵگە ئاراستە دەکەن کە ئەوانیش باوەڕدارى ئاسایی یان موریدى تەریقەتە سۆفیگەریەکانن.
یەکێک لەو خاڵە گرنگانەى کە زۆر کەم ئاماژەى پێ دەکرێت لەلایەن لێکۆڵەرە سیاسیەکانەوە، ڕۆڵى تەریقەتە سۆفیگەریەکانە لە گۆڕانگاریەکانى ناوچەکە و بڕیارى سیاسى دەوڵەتانى ناوچەکە. لە وڵاتێکى وەک (میسر) زیاتر لە (70) گروپ و تەریقەت هەیە کە ژمارەی موریدەکانیان دەگاتە زیاتر لە 15 ملیۆن و کاریگەری ناڕاستەوخۆیان لەسەر بڕیارى سیاسى هەیە. لە سەردەمى (جەمال عەبدولناسر)ەوە هاوکارێکى سەرەکى بوون بۆ لاوازکردنى (ئیخوان موسلیمین). هەروەها لە سەردەمى (ئەنوەر سادات)یش هاوپەیمانێکى سەرەکى بوون و ئەویش هاوکارى دەکردن لە بانگەواز و بەرەوپێشچونیان، هەروەها لە سەردەمى (حوسنى موبارەک) بوونە پاڵپشتێکى دەسەڵات و بڕیارەکانى دەوڵەت(1). وڵاتى (تورکیا) کە ژمارەیەک تەریقەتى سۆفیگەرى تیایدا بوونى هەیە و کاریگەرى گەورەیان لەسەر ناوەندى بڕیار هەیە و زۆرینەى ئەندامانى پارتى (داد و گەشەپێدان) سەر بە تەریقەتە سۆفیگەریەکانن(2). هەروەها لە (سودان) تەریقەتەکان بونەتە ڕابەرێکى گەورەى ڕۆحى، چ لەسەردەمى جوڵانەوەى چەکداریان دژ بە داگیرکەرى (بەریتانیا) و دواتریش لە ژیانى سیاسى ئەو وڵاتەدا(3). هەروەها لە زۆرێک لە وڵاتانى باکورى ڕۆژئاواى ئەفریقاش تەریقەتە سۆفیگەریەکان ڕۆڵى بەرچاویان هەیە.
جگە لەوەى کە تەریقەتە سۆفیگەریەکان زۆرکات وەک بزووتنەوەیەکى سیاسی و شۆڕشگێڕى دەرکەوتوون. وەک جوڵانەوە و بزووتنەوەکانى کوردستان کە بەشێکیان سەر بە تەریقەتە سۆفیگەریەکان بوون. ئەم تەریقەتانە کەم تا زۆر هاندەرى هزرێکى سیاسین و گوتارى ناڕاستەوخۆى سیاسیان هەیە.
لە ماوەى ڕابردوودا سەرچاوەى هزرى گەلێک لە جوڵانەوە چەکدارى و سیاسیەکان بووە و ڕۆڵى بەرچاوى هەبووە. بەتایبەتریش نەقشبەندى خالیدى، واتە لە ئاماژە و تێڕوانینەکانى (مەولانا خالیدى شارەزوری)ەوە. لەم توێژینەوەدا دەخوازین وەڵامى ئەوە بدەینەوە کە سۆفیگەرى ڕیشە و مێژووى بۆ کەى دەگەڕێتەوە لە کوردستان؟ پەیوەندى ئەم ڕێباوەڕە بە سیاسەت و هزرى سیاسیەوە چییە؟ تەریقەتى نەقشبەندى تا چەند خاوەن گوتارى سیاسیە و بەتایبەت مەولانا خالید؟
بەشى یەکەم:
باسى یەکەم: سەرهەڵدانى سۆفیگەرى لە کوردستان

 
سۆفیگەرى یەکێکە لەو ڕێباوەڕانەى کە لەناو کورداندا پێگەیەکى گەورەى هەبووە و لە پێشەنگى ئەو نەتەوانەوە بوون کە دەستیان بەو ڕێباوەڕەوە گرتووە. هەر لەکۆنەوە زۆرێک لە تەریقەتەکانى لە خاکى کورداندا بڵاوبۆتەوە، سەرەتاى بڵاوبونەوەى سۆفیگەرى تەریقەتى (نوربەخشی)یە، لە سەدەى چوارەمى کۆچى کە دەگەڕێتەوە بۆ کەسێک بەناوى (محەمەد نوربەخش). هەروەها تەریقەتى(قادرى) بەڕابەرایەتى شێخ(عەبدولقادى گەیلانى) و تەریقەتى(ریفاعى) کە دەگەڕێتەوە سەر شێخ (ئەحمەدى ریفاعى). تەریقەتەکانى (سوهرەوەردى)  و (کوبرەوى)و (چەشتى). تا دەركەوتنی (مەولانا خالیدى شارەزورى) لە (1808ز) و بڵاوکردنەوەى تەریقەتى (نەقشبەندى– خالیدى) لە ناوچەى (سلێمانى). هەمیشە تەریقەتەکان لە کوردستاندا توانیویانە خاوەن پێگەیەکى ڕۆحى گەورەبن لە دڵى خەڵکدا و خاوەن گوتارێکى نەرمى ئایینى و کۆمەڵایەتى بن(4). هەڵکەوتنى ناوچەکانى کوردستان لەپاش بڵاوبونەوەى ئیسلام، کەوتۆتە نێوان ململانێ سیاسى و مەزهەبیەکانى شیعە و سوننە و ئەمەش وایکردووە کە تاڕادەیەک لەژێر کاریگەرى ئەو شەپۆلە دەقگەراییەى سوننە و ڕۆحانیەتى شیعەدا بێت و زۆرێک لە ڕێباوەڕە ڕۆحى و باتینیەکان لەناوچەى کورداندا سەریان هەڵداوە. ڕێباوەڕە سۆفیگەریەکان بەهۆى ئەوەى کە خاوەن گوتارێکى میانڕەوانەى ئایینى بوون، توانیویانە بۆ سەردەمێکى زۆر پێگەى خۆیان بپارێزن.
تەریقەتە سۆفیگەریەکان لە کوردستاندا لە بەهێزى پێگەدا بوون، شێخى تەریقەتەکە زۆرترین وێناى ئاییندارى کوردى کردووە و لەلایەکى دیکەشەوە شارەزایەکى باشى پرسە ئایینیەکانى هەبووە و وەک مەرجەعێک بووە، زۆرینەى زانایانى ئایینى کوردیش لە سۆفیەکان بوون و توانیویانە کاریگەرى گەورەى سیاسى دروست بکەن، ڕۆڵى تەریقەتەکانیش بە گوێرەى سەردەمەکان گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە، بەڵام دەبینین تەریقەتى نەقشبەندى و قادرى زۆرترین ئامادەییان هەبووە و کاریگەرى گەورەیان لەسەر دۆخى سیاسى و کۆمەڵگەى کوردى هەبووە، کاریگەرییان لەسەر ئەو خێل و هۆزانە هەبووە کە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کۆمەڵگەى کوردى بوون و بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆش دیاریکەرى بڕیارى سیاسى بوون، لەناو تەریقەت و پەیڕەوە سۆفیگەریەکاندا جۆرێک لە سروت پەیڕەو دەکرێت کە هەموو پەیوەندیان بە کاروبارى دەرونى و ڕۆحیەوە هەیە، کەسێک لەناو تەریقەتدا دیارى دەکرێت بۆ هەستان بەو کارە و سەرپەرشتیکردنى، ئەو کەسە ناودەبرێت بە (مورشید) یان (شێخ). ئەم پۆستەش وەک دەسکەوتێک نییە بە کەسێک ببەخشرێت، بەڵکو لە ئەنجامى ماندووبوون و مانەوەیە لە ژێر چاودێرى مامۆستایەک یان ڕاهێنەرێک و دواتر بەم ئاستە دەگات، لە کوردستاندا موریدەکان هۆگریەکى زۆریان بە (مورشید – شێخ)ەوە هەیە، لە نزیک شوێنى مانەوەى شێخ یان لە هەمان شوێن نیشتەجێ دەبن. پێیان باشە بەشداربن لە هەموو کاروبار و وتارە و زیکرە ڕۆژانەکانى (شێخ) و بە دڵ گوێ بۆ ئاماژە و دەربڕینەکانى ڕادێرن و پەێڕەوى لێبکەن، ئەگەر بە نرخى گیانیشیان تەواو بوبێت، موریدەکان هەمیشە خۆیان بە خزمەتکارى شێخ دەزانن و هاوکارى ماددى و بۆ کۆ دەکەنەوە و گرنگى بە بەرپابوون و مانەوەى ڕێباز و مانەوەى (شێخ) دەدەن، وەک کەسەیاتیەکى (کاریزما) لە (شێخ) دەڕوانن و پێیان وایە کە مایەى ڕاکێشان و بردنیانە بەرەو ئەو بناغە و بنەمایانەى کە ئایین داواى دەکات، جگە لەوەى پێیان وایە (شێخ) هاوکار و هاوەڵیان دەبێت لەپاش زیندوو بونەوە و بەرەو بەختەوەرى هەمیشەیی دەیانبات.
سۆفیگەرى لە کوردستان لەگەڵ بوونى قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەى دەرونى و ڕۆحى، قوتابخانەى زانستە ئایینیەکانیشیان بنیات ناوە و ساڵانە ژمارەیەکى زۆر فێرخوازى زانستە شەرعیەکان- فەقێ- بونەتە – مەلا-. مەلاکان توانیویانە سۆفیگەرى لەگەڵ ئاماژە و دەقە ئایینیەکاندا جێ بکەنەوە و خزمەت بە تەریقەت و سۆفیگەرى بکەن لەو لایەنەوە و زۆرکاتیش بونەتە جێگەى پرس و ڕاوێژى شەرعى شێخەکان.
لە کوردستاندا هەمیشە ویستێک هەبووە بۆ ئەوەى کە تەریقەتەکان و ڕابەرایەتیکردنیان بەشێوەى پشتاوپشت بێت، لە کوردستاندا تەریقەتى قادرى پێکهاتووە لە هەردوو بنەماڵەى (بەرزنجى و تاڵەبانى) کە تا ڕادەیەکى زۆر تا ئێستاش بە پشتاوپشت ماوەتەوە، بەڵام تەریقەتى نەقشبەندى لە کوردستاندا لەلایەن مەولانا خالیدەوە دامەزرا و ئەم کەسایەتیە بەشێوەى پشتاوپشت ئەم پۆستەى وەرنەگرتووە و دواتریش هەوڵیداوە کە پشتاو پشت نەبێت لەناو خێزانەکەیدا، بەڵکو ژمارەیەک خەلیفەى لە ناوچە جیاوازەکانەوە ڕاسپاردووە تا بە گوێرەى شایستەیی و شیاوى ئەو پۆستە وەربگرن، هەرچەندە دواتر ویستێک هەبوو بۆ وەرگرتنى تەریقەت بەشێوەى پشتاوپشت(5).

باسى دووەم: سۆفیگەرى و سیاسەت

 سۆفیگەرى بریتییە لە ڕێباوەڕێکى ڕۆحى و عیرفانى کە پەیوەندى بە پەروەردەکردنى دەرونى مرۆڤەوە هەیە، گرنگى دەدات بە پرسە رۆحییەكان. لەناو ئیسلامیشدا زیاتر وەک زانستێک مامەڵەى لەگەڵ کراوە لەپاڵ زۆرینەى زانستەکانى دیکەى وەک (نەحو و فیقهـ و و فەرمودە و … تاد). لە سەردەمى ئێستادا سۆفیگەرى بەشێوەیەک دابڕێنراوە لە سیاسەت کە  یاساغ بێت و کارێکى دور لە ئایین بێت. خۆ ئەگەر سیاسەت بەمانا فراوانەکەى چۆنیەتى و هونەرى بەڕێوەبردن بێت و ڕێکخستنى کۆمەڵگە بێت ئەوە سۆفیگەریش بەشێوەیەک لە شێوەکان هەمان ئامانجى هەیە وەک ئەوەى کە خۆى بە پابەندى سوننەت و کردارەکانى پێغەمبەرى ئیسلام بزانێت. لەکاتێکدا ئەوە پێغەمبەرە (د.خ) کە بۆخۆى سیاسى بووە و سەرپەرشتى کاروبارى موسوڵمانانى کردووە و نامەى ناردووە، پەیمانى واژۆ کردووە. لەپاش خۆشى جێنشینەکانى دەسەڵاتدار بوون و بەرپرسی کاروبارى دارایی بوون و سەرپەرشتى جەنگەکانیان کردووە. سیاسەت و ئاییندارى هەڵێنجراوى هەڵسوکەوت و کردارەکانى پێغەمبەر و جێنشینەکانیەتى(6).

 

یەکەم ڕێباز و پەیڕەوێکى سۆفیگەرى کە تەواو تێکەڵ بە کارى سیاسى بوون (سەفەویەکان) بوون، کە دواتر دەوڵەتێکى گەورەیان بنیاتنا و سەرپەرشتى کاروبارى سیاسى و کۆمەڵایەتیان کرد. لەلایەن شێخ سەفیەدینى ئەردەبیلى (1252ز-1334ز). سۆفیگەرى و تەریقەتەکان هەڵقوڵاوى کۆمەڵگەکەن و شێخەکانى تەریقەت هەوڵیالنداوە سەرپەرشتى کاروبارى کۆمەڵایەتى و سیاسى مورید و کۆمەڵگە بکەن. لەکاتێکدا شێخ لە پایەى کەسایەتیەکى کاریزمایی و ڕۆحیدا بووە توانیویەتى ملکەچیەکى بەهێز لەناو پەیڕەوەکانیدا دروست بکات و ئاراستەیان بکات بۆ ئەو مەبەستانەى کە دەیەوێت. لە نەبوونى دەسەڵاتێکى بەهێزى سیاسى و کەسانى سیاسیدا، شێخانى تەریقەت توانیویانە ئەو ڕۆڵە بگێڕن. ئەمەش لەپاش ڕوخاندنى دەسەڵاتى (عوسمانى) دەردەکەوێت کە تەریقەتەکان بوونە جێگرەوەى ئەو دەسەڵاتە سیاسیە بەهێزە، وەک لە کوردستانى باکور و باشور و ناوەڕاستى ئەنادۆڵ و باکورى ئەفریقا دەبینرێت. هەروەها تەریقەتەکان بوونە ڕێکخراو و بزووتنەوەى سیاسى بەهێز بۆ بەگژداچونەوەى داگیرکەران بۆ سەر خاکەکانیان و لەخۆکۆکردنەوەى ژمارەیەکى زۆر مورید و چەکدار و دروستکردنى شێوەیەک لە ئیدارەدانى سیاسى. ئەمانەش هەموو وایکرد کە پاش وەدەرنانى دەسەڵاتى ئیمپریالیستى، تەریقەتەکان هەمان هەژموونى پێشویان لەناو دەسەڵات و دامەزراوەى نوێدا هەبێت. هاتنە سەر دەسەڵاتێکى سیاسیش هیچ لە پێگە و هەژمونیان کەم نەکاتەوە، بەڵکو زۆرکات بەشدار بن لە پرۆسەى سیاسى وەک لە (تورکیا) دەبینرێت، یان بە ناڕاستەوخۆ بەشداربن وەک ئەوەى لە (میسر) و (جەزائیر) دەبینرێت. تەنانەت تەریقەتەکان بوونەتە بەشێک لە لێک نزیککردنەوەى سیاسى وڵاتان لەسەر بنەماى دۆستایەتى و هاوکارى، وەک ئەوەى (ئیسلام کەریمۆڤــ)ى سەرۆکى (ئۆزبەکستان) ئەو تەریقەتەى بەکارهێنا بۆ هۆیەک بە لێکنزیککردنەوەى سیاسى، کاتێک (تورگوت ئۆزاڵ)ى سەرۆکى تورکیا لە (1993ز) سەردانى ئەو وڵاتەى کرد موفتى ئەو وڵاتە (موختارخان) پێى ڕاگەیاند کە ئێمە هەموو سەر بە تەریقەتى نەقشبەندین و سەردانى مەزارى ڕابەرى ئەو تەریقەتە (شێخ ئەهائەدین نەقشبەندی)یان کرد. مەسەلەى سۆفیزم و تەریقەتى نەقشبەندی بەتایبەتى بەکارهێنرا بۆ لێکنزیککردنەوەى پەیوەندیە سیاسى و دیبلۆماسى و ئابورییەکانى نێوان هەردولا(7).
بەشێک لە تەریقەتەکان و ئەندامەکانیشیان بەشداریان لە پرۆسەى سیاسیدا کردووە و پێگەى هەستیارى سیاسیان وەرگرتووە، دیارە ئەمەش بۆ ئاماژە و ویستى شێخەکانیش دەگەڕێتەوە و لەسەر ڕەزامەندى ئەو بووە. کەواتە ئەگەر سۆفیگەرى هاوکارێکى سەرەکى سیاسەت نەبێت، ئەوە دژایەتیشى ناکات، لە هەموو دەربڕین و نامەى شێخانى تەریقەتدا بۆ دەسەڵاتداران ئەوە بە ڕوونى دەردەکەوێت.

بەشى دووەم:
باسى یەکەم: تەریقەتى نەقشبەندى و بیرى سیاسى

 
سەرهەڵدانى تەریقەتى نەقشبەندى دەگەڕێتەوە بۆ (شێخ بەهائەدینى نەقشبەند) (718ک-1318ز/792ک-1389ز) کە لەناوچەى (بوخارا) لە (ئۆزبەکستان)ى ئێستا، باوکى شارەزاى زانستى ئایینى بووە و باپیریشى یەکێک بووە لە سۆفیە ناودارەکانى سەردەمى خۆى، (شێخ بەهائەدین) توانیویەتى سۆفیگەرى و زانستى ئایینى لە باپیر و باوکى بە میرات وەرگرێت و خۆى لەسەر پەروەردە بکات(8). بەردەوام بووە لەسەر پەروەردەکردنى شوێنکەوتوانى بە ئاماژە سۆفیگەریەکان و دورکەوتنەوە لە چێژە دنیاییەکان. بەشێوەیەکى گشتى دورکەوتنەوە لە دەسەڵاتى سیاسى و (دنیایی) ویستێکى سەرەکى ئەو تەریقەتە بووە، هێندەى لە کاروبارى فەلسەفى و عیرفانیدا ڕۆچوون ئەوەندە لە کاروبارى سیاسیدا ڕۆنەچوون(9). بەڵام ئەم بۆچوونە بۆ هەموو ڕابەرانى ئەو تەریقەتە دروست نییە، چونکە ئەم تەریقەتە زیندوو بووە و مامەڵەى لەگەڵ باوردۆخدا کردووە، ئەو بۆچونەى لەلاى (شێخ بەهائەدین) دەبینرێت، لاى (شێخ ئەحمەدى فارقى سەرهەندى –ئیمامى ڕەببانى) نابینرێت، کە بە نوێگەرى هەزارەى دووەم دەناسرێت. شێخ ئەحمەدى سەرهەندى هەوڵى گۆڕانکارى سیاسى لەسەردەمەکەیدا داوە، ویستویەتى ئەو دۆخە لەڕێگەى کۆمەڵگەوە بگۆڕێت و نوێگەرى ئەنجام بدات.

 

ئەم تەریقەتە پشتاو پشت نەبووە بۆیە دەربڕینەکان لەسەر بنەماى کۆمەڵێک پرەنسیپى چەسپاو بووە بەڵام گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە. شێخەکانى تەریقەت پشتیوان و پاڵپشتى بزووتنەوە چەکدارى جەماوەریەکان بوون لە دژى ستەم و نادادپەروەرى. کاتێک فەرمانڕەواى مەغۆلەکان لەژێر چەترى بەریتانیەکان لە (1803ز) هاتە سەر دەسەڵات، (شا عوبەیدوڵاى دەهلەوى) کە لەو دەمە تەواو ببووە دوژمنى بەریتانیەکان. ڕەتیکردەوە موسوڵمانەکان لەناو دامودەزگاى بەریتانیەکاندا کار بکەن و خزمەتیان بکەن، ڕەتیشیکردەوە کە مەولەوى عەبدولحەمیدى کوڕەزاى وەک موفتیەک کار بۆ بەریتانیەکان بکات. بۆچونى غوڵام عەلى-شا عوبەیدوڵا بەشێوەیەک بوو کە پێویستە ژیانێکى هەژارانە بژێت لەبەر خودا. لەماوەى نێوان ساڵانى (1811ز- 1819ز) (شا عوبەیدوڵا) بانگهێشت دەکرێت بۆ ئاهەنگێک کە ڕێکخرابوو بۆ سەرۆکى پۆلیسى (دەلهى)، کاتێک (چارلس میتاکاڵفى) نوێنەرى بەریتانیا گەیشت هەموو خەڵکەکە هەستانەپێ بۆ سڵاو لێکردنى. بە تەنها (شا عوبەیدوڵا) هەڵنەستاوە، دەوترێت دواتر بە هاوەڵەکانى وتووە ئەو کەسایەتییە تاقە باوەڕدارێکە کە لە هەموو هندستاندا دیبێتم(10). تەنانەت کاتێک (شا عوبەیدوڵا) زۆر حەزى لە ئاوى سارد بووە، بەڵام کاتێک کەسێک لەگەڵ بەریتانیەکان کارى کردووە ویستویەتى ئاوى ساردى بۆ بهێنێت، ڕەتیکردۆتەوە(11). ئەمە و چەندین هەڵوێستى دیکە لەو کەسایەتیە سەبارەت بە دژایەتى هێزێکى گەورەى داگیرکەر لە وڵاتەکەیدا.
ئەم جۆرە لە هەڵسوکەوت دواتر ڕەنگ دەداتەوە لەناو موریدەکانیدا و یەکێک لە بەناوبانگترین ئەو کەسانەى تەریقەت لە (شا عوبەیدوڵا-غوڵام عەلى) وەردەگرێت (مەولانا خالیدى شارەزووریە) دیارە ئەم بۆچونە شۆڕشگێڕییە ناڕاستەوخۆ لە بۆچونەکانى مەولانا و تەریقەتى نەقشبەندیدا ڕەنگ دەداتەوە.
بەپێى وتەى (مارتن ڤان بۆنەنسن) تەریقەتى نەقشبەندى یەکێکە لەو تەریقەتانەى کە زۆرترین پەروەردەى سیاسى تیادا ئامادەیی هەیە. ئەم تەریقەتە داینەمۆى شۆڕشى دانیشتوانى ئەندۆنیسیا (ڕۆژئاواى جاوە)یە دژ بە داگیرکارى هۆڵەندى و وەدەرنانیان لە (1888ز)، هەروەها لە کوردستانیش دژ بە داگیرکارى عوسمانى و ئێرانى لەلایەن (شێخ عوبەدوڵاى نەهرى) لە (1880ز) و دروستکردنى کۆمسیۆنێکى گەورەى نەتەوەیی بۆ دژایەتى داگیرکەران(12)، هەروەها جوڵانەوەى (شێخ شامل داغستانى) لەماوەى نێوان (1834ز- 1845ز) کە شێخێکى تەریقەتى نەقشبەندى بووە، لەژێر ناوى (جیهاد) دژ بە دەسەڵاتى خۆ سەپێنەرى ڕوسیاى قەیسەرى. دیارە ئەم جوڵانەوەش لە ئەنجامى ئەو ئاماژانەوە دێت کە لە تەریقەتەکەوە سەرچاوە دەگرێت، هەروەها گوێڕایەڵى موریدەکان بۆ (مورشید- شێخ)(13). تەریقەتى نەقشبەندى بەشێوەیەکى گشتى هەڵگرى دروشمى دادپەروەرى و پاڵپشتى مەزڵومیەتى گەلان بووە. بۆیە زۆرکاتیش ئەم تەریقەتە لەناو چینى هەژار و گوندنشین و بەشخوراودا گەشەى کردووە و موریدەکانیان لەو چینە بوون. ڕابەرانى ئەو تەریقەتە هەمیشە ئەگەر جۆرە لە تێکۆشان و جیهادێک دژ بە داگیرکەران بوبێت ئەوە لە پێشەوە بوون و هەڵوێستیان وەرگرتووە، یان ئەگەر کەسێکى دیکە ڕابەرایەتى کردبێت ئەوە ئەمان سەربازى نهێنى بوون(14).
ئەو جۆرە لە پەروەردە و هزرى سیاسیە لە هەموو تەریقەتەکاندا بوونى نییە، بەڵام لە تەریقەتى نەقشبەندیدا بەشێوەیەکى زۆر ڕوون دەردەکەوێت و بەتایبەت لە سەردەمى نوێدا و بەشدارى مورید و شوێنکەوتوانیان لە پرۆسەى سیاسیدا. بەتایبەت لە سوریا، میسر، تورکیا و سودان. ئەمەش دیارە بۆ ئاماژە و پەروەردەى سیاسى ئەو تەریقەتە دەگەڕێتەوە لە بنەڕەتدا.

باسى دووەم: مەولانا خالید و گوتارى سیاسى

 بێگومان  دۆخ و سەردەم کاریگەرى لەسەر تێڕوانین و پێگەیشتنى هزرى هەر کەسێک هەیە، بۆ تێگەیشتن لە تێڕوانین و شێوازى بڕیاردانى کەسایەتییەک پێویستە لە سەردەمەکەى تێبگەین چونکە ئەو بیروباوەڕانە بەشێکى زۆرى دەرهاویشتەى سەردەمەکەى بووە.
–       دۆخى سیاسى لەسەردەمى مەولانا خالید: سەردەمى مەولانا پڕ بووە لە گۆڕانکارى و ڕووداوى سیاسى گەورە، هەروەها بنەماڵەى (بابان)یش وەک دەسەڵاتێکى بەهێز لە ناوچەکەدا بونەتە جێى سەرنجى مەولانا و گرنگى پێدانى.
ئەو بنەماڵەیە لە ناوخۆدا ناكۆك بوون و خەریکى پیلاننگێڕى بوون لە یەکترى، ئەمەش بوەتە شتێکى باو، برا پیلانى لە برا و ئامۆزا پیلانى لە ئامۆزا گێڕاوە. برا خیانەتى لە برا کردووە، ئەمە لەناو چینى دەسەڵاتتدارانى ئێرانى و عوسمانیشدا هەبووە، تەنانەت لەناو چینى پادشا و کاربەدەستانى ئینگلیز و ئەوروپاشدا هەبووە. بەڵام ئەوان خاوەنى کۆمەڵێک دامودەزاگاى کاگێڕى و ئابورى و یاسایی چەسپاو بوون، لەگەڵ لاچونى پادشایەک ئەوە کەمینەیەک لە دەسەڵات و دەزگاکە گۆڕاوە و سیستەمەکە وەک خۆى ماوەتەوە و کەسێکى دیکە بۆتە دەسەڵاتتدار، بەڵام لەناو بنەماڵەى باباندا ئەگەر کەسێک گۆڕابێت ئەوە تەواوى سیستەمى ئابورى و کارگێڕى و باجى گۆڕیوە، دەست و پێوەندى دەسەڵاتتدارى نوێ هاتوون بیانویان بەوانەى پێش خۆیان گرتووە و سەرەکانیان خستونەتە زیندانەوە و سامان و داراییان زەوت کردوون. مەولاناش پیاوێکى دنیا دیدە بووە، بەغداد  و تاران و دیمەشق و وڵاتانى تورکیا و شام و حیجاز و خۆراسان و هندستانى دیبوو، ئەزمونی لە میرەکانى بابان زۆرتر بوو، تێڕوانینى جیاوازى هەبوو لەمەڕ حوکمڕانى بابان لەکاتێکدا ئەزمونی حوکمڕانى وڵاتانى دیکەى هەبوو(15).  ئەوکاتەى مەولانا ویستویەتى ڕۆڵى چاکسازى ناو بنەماڵەى بابان ببینێت، لە كاتێكدا میرەكانی بابان ئێسکى یەکتریان شکاندووە. قەڵەمڕەوى بابان بەهۆى شەڕى ناوخۆ و دەستێوەردانى ڕۆم و عەجەمەوە لە نائارامیەکى درێژخایەنى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابووریدا بووە.

 

میرەکان لەناوخۆدا ناکۆک بوون و پیلانایان لەیەک گێراوە، سوپا و چەکداریان لەیەک کۆکردۆتەوە و جەنگاون. ئەم جەنگانە بەردەوام هۆکارى خوێنڕشتن بووە و خەڵکێکى بێ تاوان تیاچوون(16). ئەمانە بەشێویەکى گشتى هۆکارى ئەوەبوون کە مەولانا بکەوێتە نێوانەوە و ڕۆڵى چاکساز ببینێت وەک کەسێکى خاوەن پێگەیەکى ئایینى و لە هەمان کاتیشدا وەک دنیادیدەیەک کە ئەزمونی وڵاتان و سیستەمى حوکمڕانى هەبووە. مەولانا توانیویەتى بە نامە پەیوەندى لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەهێزى ناوچەکەدا هەبێت، وەک لە نامەى بۆ (عەباس میرزاى کوڕى فەتح عەلى شاى قاجارى) و (ئەمانوڵا خان)ى والى کوردستان دەردەکەوێت، نامەى بۆ میرەکانى بابان و ئاغا و دەرەبەگەکانى ناوچەکەش ناردووە، هەوڵیداوە هەمیشە ئاشتى و دادگەرى پەیامى سەرەکى بێت. لە نامەیەکى بۆ یەکێک لە میرانى باباندا دەڵێت “کلکم راع و کلکم مسۆل عن رعیتە، زمانم پاراو دەکەم ئەگەرچى ناڕەوایە لوقمان فێرى حیکمەت بکەیت. بەڵام پێویستە قەلبى شەریف لە ژەنگى ستەمویستین و دەستدرێژى پاک بکرێتەوە بە سەیقەلى داد و جوامێرى ڕۆشن و پاڵفتە ببێتەوە”(17). مەولانا هەمیشە بارودۆخى سیاسى و گۆڕانکاریەکانى ناوچەکە و کوردستان بەلایەوە گرنگ بووە، وەک لە یەکێک لە نامەکانى بۆ فەقێیەکى کە پێدەچێت لە حەج بوبێت، داواى لێدەکات کە هەواڵ و بارودۆخى ناوچەکەى بۆ بنێرێت، دەڵێت “ئەگەر ئەمساڵ نەهاتینەوە، لەگەڵ حاجیانى داهاتوو درێژەى باسى ویلایەت (ناوچەى خۆمان) بەتایبەتى دەعوا و هەراى عەجەم – ئێران- و فەرەنگ-هێزەکانى ئەوروپا- بنوسن و ڕەوانەى بکەن”(18).
مەولانا خالید خاوەنى جۆرێک لە مامەڵەى زیرەکانە بووە لەگەڵ دەسەڵاتداران و توانیویەتى بە شێوەیەى دیارى گۆڕینەوە و وەبیرهێنانەوەى پیرۆزیەکانى تەریقەت خۆى لێیان نزیک بکاتەوە و بەهێزییەک بە ئاماژە و وتەکانى ببەخشێت، وەک ئەوەى کە دیارى گۆڕیوەتەوە لەگەڵ (عەبدولڕەحمان پاشاى بابان) و ئاماژەى تەریقەتى ڕوون کردۆتەوە وەک لە نامەیەکى بۆ میرێکى بابان داواى یارمەتى لە پیرانى تەریقەتى بۆ دەکات و پێى دەڵێت “ماوە بڵیم! ئەوەى من دەمەوێت بەوشێوەبێ و ئەگەر مەیلى دنیاش دەکەیت، ئەویشت دەست دەکەوێت  و ئاگادارى خاوەنى بە والسلام”(19). ئەم نامەیە بەخشینى جۆرێکە لە هاوکارى مەعنەوى و خۆنزیککردنەوەى ئایینى و بەکارهێنانى تەریقەت بۆ ڕاکێشانى سۆزى ئایینى میرەکانى بابان. لە جێگەیەکى دیکەشدا بنەماڵەى بابانى داخڵ بە تەریقەتى نەقشبەندى کردووە و لەو زنجیرەیە هەژمارى کردوون. ئەمەشى بۆیە کردووە تا زیاتر هانیان بدات کە پابەندى شەریعەت و بن و دادوەر بن و ستەم لە چینى هەژاران نەکەن و ناکۆکیەکان وەلابنێن(20). مەولانا خالید لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هیچ خوازیارى دەسەڵاتى سیاسى نەبووە و نەیویستوو هیچ کات دەسەڵات یان پۆستێکى بدرێتێ بە هۆی نزیکى لە میرانى بابانەوە، وەک دەڵێت “ساڵحانى پێشین لەبەر ئەم دەوڵەتە-تەریقەت- وازیان لە سەڵتەنەت هێناوە”(21). هەروەها لە نامەیەکى بۆ مەحمود پاشاى باباندا دەڵێت “زیندانى کرماشان و ئەمیرى کۆیە و پاشاى بابان لەبەرچاوى ئەم مسکینە بەرامبەر یەکسان بووە”(22). بەڵام دواجار ویستویەتى کە ڕۆڵى چاکساز ببنێت و بە سەید عەبدولقادرى زاواى دەڵێت کە “ڕەچاوکردنى لایەنى دنیا و خۆگونجاندن لەگەڵ دەسەڵاتدار پێویستە”(23).

 

پەیوەندى مەولانا لەگەڵ میرەکان و دەسەڵاتداران تەنها نیەتى ئامۆژگاریکردنیان و ئاگادارکردنەوەیان بووە، بە یەکێک لە میرانى بابان دەڵێت “خۆشکاندن و وازهێنان لەم دڵ بەستنە لە شوێنى حکومەتدا کێشەى هەیە، بەڵام خوا یاربێ سەرئەنجامى باش ئەبێت. سەرمایەى دەوڵەتى هەردوو جیهان بریتییە لە دڵسۆزى بۆ هەژاران”(24). ئەم جۆرە لە ئاماژە و دەربڕینانە وەک سەرمایەیەک بۆ مامەڵەى سیاسى لەناو موریدەکانیشیدا ماوەتەوە، مەولانا شێوازى سیاسى لە وتار و نامەکانیدا بەکارهێناوە، وەک لە نامەیەکى بۆ میرێک داواى ئەوەى لێدەکات کە دوو جوت پێڵاوى داگیرکراوە لەلایەن دەست و پێوەندیەوە و ڕزگارى بکات، لەکاتێکدا ژمارەکەى زۆرە و ئەمەى بۆیە بەکارهێناوە کە کەمبایەخى بکات لەلاى میر تا ئازاى بکات!(25). مەولانا هەمیشە هەوڵیداوە دادپەروەرى لە خۆیدا ڕەنگ بداتەوە و کەسە نزیەکەکانى کەمترین ماف و بەشیان هەبێت. ململانێى لەگەڵ (حەمە خانى) براى بەڵگەیە کاتێک پێگەى مەولاناى بۆ دەسکەوتى كەسیی بەکاردەهێنا و مەولاناش بەگژیدا دەچویەوە.
–       دابەشکارى و ڕێکخستنى تەریقەت لەلایەن مەولاناوە:

 تەریقەتى نەقشبەندى بە پێچەوانەى تەریقەتەکانى دیکەوە خاوەنى جۆرێک لە سیستەم و ئۆرگانى تایبەت بە خۆیەتى کە بەشێوەیەک ڕێکخراوە ڕێگربێت لە سیستەمى پشتاوپشت کە لە تەریقەتەکانى دیکەدا دەبینرێت، ئەو تەریقەتە وا ڕێکخراوە کەسانێک بەهۆى لێوەشاوەیی بچنە پلەى خەلیفە یان مورشید – شێخ-، هەروەها جۆرێک لە دابەشکارى و پەیوەندى ڕۆحى کە ببێتە هزر و باوەڕێکى گشتگیر و لە چوارچێوەى ناوچەیەکدا نەمێنێتەوە و مەوداکەى بەرتەسک نەبێت و ببێتە جیهانى.
ڕایەڵەى پەیوەندى تەریقەت، مورشیدى کامیل و لەگەڵ خەلیفەکانى و پەیوەندى خەلیفە لەگەڵ موریدەکانى و پەیوەندى پیرى تەریقەت بە گشتى لەگەڵ مەنسوبەکانى، سنورى بنەماڵە، ئیل و هۆز و زمان و ڕەگەز گوند و شارەکانى تێپەڕاندووە، مرۆڤــ وەک تاک بۆتە گرێیەکى ڕایەڵەکە و پەیوەندى ڕۆحى بەستویەتى بە پیرەکەیەوە نەک پەیوەندى هاودینى و هاومەزهەبى، هاوڕەگەزى و هاوخوێنى، لەناو خەلیفە و موریدەکانى مەولانادا جگە لە کورد، عەرەبى عێراقى، شامى، فەلەستین، حیجازى، تورکى، ئەفغانى و خۆراسانى و … تاد تێدا بووە. لایەنگرەکانى مەولانا پلەى تەریقەتیان هەمووى وەک یەک نەبووە، خەلیفە و مورید و مەنسوب هەریەکەیان جۆرێ لە ئەرک و ڕێگەى پەیوەندیان جیاواز بووە.
خەلیفە: ئەوانە بوون کە لە بەردەست پیرى تەریقەتدا پەروەردە کراون تا گەیشتونەتە قۆناغى “فەنا” و “بەقا” کە دوا قۆناغى پێگەیشتنى تەریقەت بووە، هەموو کەس نەیتوانیوە بەم پلەیە بگات. مەولانا هەوڵیداوە خەلیفەکانى لەناو وانایانى ئایینى دا و بەتایبەت لەناو مەلاکاندا بێت. مەولانا ئیجازەى ئیرشادى پێداون، بونەتە کەسێکى پیشەیی و خەلیفە بەناوى مەولاناوە ئەڵقەى زیکر و ڕابیتە و خەتمى خواجەگانیان بە موریدەکان ئەنجام داوە(26).
مورید: ئەو کەسە بووە کە دڵسۆزى خۆى بۆ تەریقەت و پیرى تەریقەت دەربڕیوە. لە ئەڵقەى زیکر و ڕابیتە و خەتمى و خواجەگان دا بە ڕابەرى یەکێک لە خەلیفەکان بەشدار بووە. ژیانى ئاسایی و کارى خۆى ئەنجام داوە، بە زۆرى لە چینى ناوەنجى و هەژارى کۆمەڵگا، دوکاندار، پیشەکار و جوتیار بوون، ئەمانە نازناوى سۆفى یان هەڵگرتووە(27).
مەنسوب: هەموو ئەوانە بوون بە جۆرێ لە جۆرەکان دۆستایەتى و پشتیوانى و لایەنگرى و هاوسۆزیان لەگەڵ تەریقەتەکە هەبووە، بەڵام پێویستى نەکردووە لە ژیانى ڕۆژانەدا پابەندى ڕێنماییەکانى تەریقەت بن(28)، ئەمانە هەموو ڕێکخستنێکى بەهێز بوون بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندام و لایەنگران، وەک نووسەرێکى فەرەنسى پێى وایە کە پارتى (داد و گەشەپێدان) بۆ ڕێکخستنى پارتەکەى سودى لە ڕێکخستن و سیستەمى تەریقەتى نەقشبەندى وەرگرتووە(29).
مەولانا پەیوەندى لەگەڵ کەسایەتییە کاریگەرەکان بەستووە و بە خەلیفەى خۆى هەڵیبژاردوون. هەوڵیداوە لە ڕێگەیانەوە زۆرترین کاریگەرى لەناو کۆمەڵگە و چینى سیاسیدا دروست بکات، جگە لەوەى کە کەڵکى لەو کەسانە وەرگرتووە کە نفوزى ناوچەییان هەیە و خەڵک شوێن وتە و ئاماژەکانیان دەکەون.
مەولانا خالید ژمارەیەکى زۆر خەلیفەى هەبووە کە بە (315) خەلیفە هەژمار ئەکرێت لە زۆرێک لە نەتەوە جیاوازەکان(30)، ئەمانە هەموو لەسەر ڕینماییەکانى مەولانا بوون کە خۆیان بەدور بگرن لە ستەم و دەسەڵاتداران بەشێوەیەک کە بۆیان بکرێت، هاندانیان بە زیکر و ئادابەکانى تەریقەت و فەرمانکردن بە چاکە و دورکەوتنەوە لە خراپە، فەرمان بە دادپەروەرى و سۆز بەرامبەر هەژاران و بە گژداچونەوەى ستەمکارى.

دەرئەنجام:
•       سۆفیگەرى ڕێباوەڕێکى مەعنەوییە و زیاتر مامەڵە لەگەڵ دەرون و رۆحدا دەکات و کەمتر لەگەڵ ڕوکەش و کاروبارى دنیاییدا دێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆى چەسپاوى ئاماژەکانى و زۆرى لایەنگرانى بەدور نییە لە کاریگەرى لە کۆمەڵگە و سیاسەتى وڵاتان.
•       تەریقەتەکان بونەتە جێگرەوەى ئەو سیستەمە سیاسیە ئیسلامیەى کە لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا بەرەو ڕوخان ڕۆشت. ئەمەش زیاتر بۆ ئەو بنەما و سیستەمە دەگەڕێتەوە کە بوونى هەبووە. لە کوردستاندا هەرزوو تەریقەتەکان دەرکەوتوون و لە سەردەمێکدا توانیویانە دەسەڵاتى سیاسى بگرنەدەست و ببنە جێگرەوەى دەسەڵاتى میرنشینەکان، بەتایبەتیش تەریقەتى نەقشبەندى.
•       سەرەتاى ئاوێتەکردنى سیاسەت و سۆفیگەرى دەگەڕێتەوە بۆ (سەفەویەکان) کە وەک تەریقەتێکى سۆفیگەرى بوون و دواتر توانیان ئیمپراتۆریەتێک دروست بکەن، بیروباوەڕى تەریقەتى نەقشبەندى یەکێکە لەو بیروباوەڕانەى کە لە ئاماژەکانیدا داواى مافى مرۆڤـــ و دادپەروەرى و حوکمڕانیەکى تەندروستى کردووە.
•       کەمتر رویداوە کە نەقشبەندیەکان تێکەڵ بە کارى سیاسى ببن. بەڵام دەکرێت لە سەردەمەکاندا جیاوازى لەنێوان ئاماژەى ڕابەرانى ئەو تەریقەتەدا ببینرێت، بەڵام هەمیشە خاوەن هەستێکى شۆڕشگێڕانە و دژە ستەم بوون، وەک لە هەڵوێست و ئاماژەکانى (ئەحمەدى فاروقى سەرهەندى) و (شا عوبەیدوڵاى دەهلەوى) و (مەولانا خالید)دا دەردەکەوێت.
•       مەولانا خالید بەو پێیەى ئەزمونی گەڕان و دیتنى وڵاتانى هەبووە و سیستەمى حوکمڕانى جۆراوجۆرى دیوە، بۆیە هەردەم داواى چاکسازى و دادگەرى لە میرانى بابان کردووە کە لەوپەڕى خراپى دۆخى بەڕێوەبردندا بوون و نوقمى جەنگ و ململانێى ناوخۆیی بوون.
•       سیستەمى بەڕێوەبردن لە تەریقەتى نەقشبەندیدا بەشێوەیەک ڕێکخراوە کە زۆرترین نەتەوە و ڕەگەزى جیاواز لەخۆ بگرێت، پەیامەکەى ببێتە جیهانى، لەو تەریقەتەدا پلەى مورشیدى ئەعزەم بەشێوەى پشتاوپشت نەبێت و بەشێوەى شیاوى بێت، مەولانا هەوڵیداوە کەسەکانى خۆى دوربخاتەوە لە دەستخستنى تەریقەت.
•       ئاماژە و دەربڕینەکانى مەولانا بەشێوەیەکە کە هەردەم دژایەتى ستەم و نادادپەروەرى لێ دەخوێنرێتەوە، لەهەر کوێیەک بوبێت خەلیفە و مورید و مەنسوبەکان بۆ دژایەتى دادگیرکەر و ستەمکار هانداوە، هانیداون پشت لە ستەم بکەن و مافى هەژاران دەستەبەر بکەن.

 

بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە
پەراوێز و سەرچاوەکان:
1-     عمر رشدی: الێوفیە و السیاسە فی مێر، مرکز الاهرام للدراسات السیاسیە و الاستراتیجیە، (3/8/2017):
http://acpss.ahram.org.eg/News/16361.aspx

2-     عەدنان سەید ئەمین: ڕۆڵى تەریقەتى نەقشبەندى لە کایەى سیاسى تورکیادا (بەشى یەکەم)، ناوەندى کوردستان، (18/11/2017): http://kurdistanc.com/Islamic/details.aspx?jimare=5249

3-     عبدالرحمن ابوالغیط: السودان… الصوفیە و العمل السیاسی، الجزیرە نت ، (1/8/2015):http://www.aljazeera.net/news/reportsandinterviews/2015/8/12/%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%88%D8%AF%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%88%D9%81%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D9%8A

4- نوبار محمد: علاقە الکرد بالتصوف من خلال الطریقە النقشبندیە، (1/5/2015)،(مدارات الکرد):

علاقة الكرد بالتصوف من خلال الطريقة النقشبندية


5- مارتن فان برونسین:الکرد و الاسلام، الطرق الصوفیە و ادوارها الاجتماعیە و السیاسیە، ترجمە:راج ال محمد(1/6/2013م)(مدارات الکرد): http://www.medaratkurd.com/%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%B1%D8%AF-%D9%88-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%B1%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%88%D9%81%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A3%D8%AF%D9%88%D8%A7%D8%B1%D9%87/

6- جعفر الوردی: التصوف و السیاسە… و ازمە الواقع المعاێر.(2/2/2012)(تللسقف):
http://www.tellskuf.com/index.php/authors/445-ja-sp-828/18095-aa-sp-549117802.html
7- تێرى زارکۆن: کاریگەرى تەریقەتى نەقشبەندى- خالیدى لە ئاسیاى ناوەڕاست لە سەدەى بیستەمدا، و: محمد حمە ێالح، چ2، چا: کارۆ، (سلێمانى)،(2007ز)،ل190-191.
8- د.بدیعە محمەد العال: النقشبندیە نشڕتها و تطورها لدى الترک،گ1،دار الثقافە للنشر، مصر(2010م-1431هـ)،ص36.
9- م.ن،ێ48.
10- ئەرسەر بوهلەر: مەولانا خالید و شاه غوڵام عەلى،و:محەمەد حەمە ێاڵح تۆفیق،چ2، کارۆ، سلێمانى،(2014ز)ل164.
11- هـ،س:ل165.
12- مارتن فان برونسن: الطریقە النقشبندیە اداة للاحتجاج السیاسی بین الکرد،(22/4/2017م)،(مدارات الکرد): http://www.medaratkurd.com/%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%B1%D9%8A%D9%82%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%86%D9%82%D8%B4%D8%A8%D9%86%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D8%A2%D8%AF%D8%A7%D8%A9%D9%8B-%D9%84%D9%84%D8%A7%D8%AD%D8%AA%D8%AC%D8%A7%D8%AC-%D8%A7%D9%84/
13- الاسلام و المسلمون فی روسیا عبر العصور:موسوعە  قناە RT، (25/12/2015م)،(قناە ار تی الروسیە): https://arabic.rt.com/info/805272-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B3%D9%84%D9%85%D9%88%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7/
14- شێخ موحسین ى موفتى:ڕێبەران و پیرانى نەقشبەندى و بەرگریان لە مافى گەلانى چەوساوە، گۆڤارى پەیڕەو،ژمارە 31-32، ل4.
15- نەوشیروان مستەفا ئەمین: بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین،کتێبى یەکەم- بەرگى دووەم، چ1، دار العربیە للعلوم ناشرون، بیروت – لبنان،(2015ز)،ل222.
16- هـ،س:ل223-224.
17- مەولانا خالیدى نەقشبەندى: مەکتوبات، و، پەراوێز:د.سەباح بەرزنجى، چ1،چاپخانەى ئاراس، هەولێر،(2009ز)،ل32. (نامەى چواردەهەم).
18- هـ،س:ل47(نامەى بیست و شەشەم).
19- هـ،س:ل57(نامەى سى و چوارەم).
20- بڕوانە هـ،س:ل93(لە نامەیەکى بۆ عوسمان بەگى براى مەحمود پاشا ئەوەى بیر دەخاتەوە کە دەبێ لەگەڵ پابەندبونیان بەم تەریقەتەوە نیەتى خۆیان باش بکەن و پەیڕەوى زیاتر لە شەریعەت بکەن…..).
21- هـ،س:ل58(نامەى سی و پێنجەم).
22- نەوشیروان مستەفا:س،پ،ل234.
23- مەولانا خالید:س،پ،ل70(نامەى چل و چوارەم).
24- هـ،س:ل176(نامەى سەد و سى و حەوتەم).
25-  هـ،س:153(نامەى سەد و دەیەم).
26- نەوشیروان مستەفا:س،پ،ل218.
27- هـ،س:ل218-219.
28- هـ،س:ل219.
29- عەدنان سەید ئەمین:س،پ،(بەشى دووەم)(26/11/2017): http://kurdistanc.com/Islamic/details.aspx?jimare=5252
30- مەلا عەبدولکەریمى مودەریس: یادى مەردان، لە چاپکراوەکانى کۆڕى زانیارى کورد، (1979ز)، (بەغداد)،ب1/ل140.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …