Home / بەشی مێژووی كورد / لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی دەربارەی گوندی لەج

لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی دەربارەی گوندی لەج

28829882_2004243629849783_1823209564_n
 ئوسامه‌ حه‌سیب
لە کتێبی کۆن و پیرۆزی ئاڤێستادا باسی چەندین شارکراوە، کە یەکێک لەوان شاری (ڕگا)یە کە ئاڤێستاناسان ئەو شارەیان بە (ڕێی)ی ئێستا کە لە نزیک تارانە داوەتە قەڵەم. ئەو بۆچوونەش هەر تەنیا بەبۆنەی ئەوەیە کە وشەی (ڕگا) و (رێی) هەتا رادەیەک لەیەک دەچن، دەنا دەساوێزێکی تر بۆ یەکبوونی ناوی ئەم دوو شارە لە دەستدا نیە و لە ئاوێستایش دیارە بۆ جێی هەڵکەوتنی شاری (ڕگا) روون نەکراوەتەوە، بەڵام من لەسەر ئەو باوەرەم کە ئەم بۆچوونە دەبێ هەڵە بێ و ڕەنگە شاری (ڕگا)ی ئاڤێستا کۆنە شار و تازە گوندی ئێستای (لەج)ی شاروێرانی مهاباد بێت. بۆ پتەوکردن و سەلماندنی ئەو باوەرەشم، لەپێشدا کورتە ئاورێک وەسەر ژیان و سەربوردەی زەردەشت دەدەین. بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتناسانی ‌وەک دارمس تێر، نۆڵدکە، نیبرگ، هیرتسفیڵد، برۆنۆهنینگ، راولینسۆن و هتد، لەسەر ئەو باوەرەن ‌کە زەردەشت خەڵکی وڵاتی ماد بووە. پرۆفیسۆر ئیبرام جەکسۆن دەڵێ کە زەردەشت لە باشووری ورمێ لە دایک بووە. دیارە باشووری ورمێش دەبێتە ناوچەی پردی بەرەزەرد و مەمێند و شاوێرانی مهاباد. ئیبرام جەکسۆن درێژە بە بیروڕاکەی دەدا و دەنوسێ: زەردەشت دەبێ لە دەوروبەری گوندێکی وەک خوڕخوڕەدا ژیابێ و بووبێ. ئەم گوندەش کە پرۆفیسۆر جەکسۆن باسی دەکات، لە ناوچەی شاروێرانە و لە باکووری مهاباددایە. ئەم چەشنە بۆچوونە کە دەڵی زەردەشت خەڵکی ناوچەی ماد بووە، لەلایەن رۆژهەڵاتناس و ئاوێستناسێکی زۆر پشت راست کراوەتەوە، خوا لێخۆشبوو ئایەتوڵا مەردۆخ لە مێژووەکەیدا زەردەشت بە زەردەشتی مادی ناو دەبا. لە ناوچەی دەوروبەری گۆڵی ورمێی ئێستاش، هێندێ جێگا هەیە کە ئەم بیروباوەرانە پتر گومان بر دەکا، بۆ وێنە‌ لەسەر رێگای ورمێ بۆ مەرگەوەر لە نزیک گوندی “ئەمبی” کۆنە گۆرێک هەیە کە دەڵێن گۆری دایکی زەردەشتە و لەناوچەی مەنگوڕان کۆنە گوندێک هەیە کە پێی دەڵێن (ئاشۆگا). جا ئەگەر بەراوردی ئەو دەستە لە رۆژهەڵاتناسە بە ڕاست بدەینە قەڵەم کە زەردەشت خەڵکی ماد بووە و بۆچوونەکەی پرۆفیسۆر جەکسۆنیشی بدەینە پاڵ کە پێشی وایە زەردەشت لە باشووری گۆڵی ورمێ واتا ناوچەی شاروێران ژیاوە و کۆنە گۆری گوندی ئەمبی بە گۆری دایکی زەردەشت و ئاشۆگای ‌مەنگوڕان بە جێی ژیان و یادگاری زەردەشت بزانین، باس و دۆزەکە کەمێک لە دەستان خۆشتر دەبێ بۆ شی کردنەوەی بۆچوونەکەمان لەسەر (لەج) و (ڕگا)ی ئاڤێستا. لە زمانە کۆنەکانی ئێران و کوردیدا زۆر جار ئاڵوگۆر بەسەر پیتەکان دێ و جێگۆرکێ دەکرێن. ئەگەر لە ڕووەوە سەرنجێک وەسەر ناوی (ڕگا) بدەین، پێم وایە پر بە پێستی ناوی (لەج) بە دەست دێت. پیتی (ڕ) و (ل) زۆر جار جێگۆر دەکەن و دەبنە جێگری یەکتر. بۆ وێنە ئێستاش لە ناوچەی مەڕگەوەر و هەولێر جێگۆری (ڕ) و (ل) باوە. وەک: (ماڵ) دەبێتە (مار) واتە پیتی (ل) دەبێتە (ر) (دەلیا) دەبێتە (دەریا) زۆر شتی تر….. گۆڕانی پیتی (گ) و (ج)یش لەم گۆڕانە بە دوور نین ئەم ئاڵوگۆرە ‌لەم دوو پیتەشدا هەیە. وەک (گاوان) بۆتە (جاوان،جافان) یا (مەگووس) بۆتە (مەجووس) و زۆر شتی تر. جا ئەگەر پیتی (ڕ) و (گ)ی ناوی (ڕگا) وەبەر ئەم یاسای گۆرانی زمانی کوردی بخەین، یانی پیتی (ڕ) بکەین بە (ل) و پیتی (گ) بکەین بە (ج)، ناوی لەج بە دەست دێ. بەڵام بابزانین لەج ئێستا لە کوێیە و بە کوێ دەڵێن لەج؟ لەج، ئێستا ناوە بۆ کۆنە گوندێک لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد. بەڵام ئەم شاروێرانە یان شاری وێرانە دەبێ کوێ بێ و مەبەستی سەرەکی کام کۆنە شاری ناوچەی شاروێران بێ؟ هەتا ئێستا لەم بارەوە توێژکارییەکی زانستی نەکراوە. هێندێ کەس پێیان وایە، بۆیە بەم ناوچەیە دەڵێن شاروێران چونکە کۆنە شاری دارایاس لەم هەرێمەدایە. بەڵام پێم وایە ئەم ناونانە هەردەبێ بەهۆی کۆنە شاری ڕگا یان لەج بووبێ. پێم وایە کە شاری ڕگا یا لەج لە دارایاس یا دریازیش کۆنترە و رەنگە ڕگا یا لەج لە کاتی پێش یەکگرتن و فەرمانرەوایی مادەکان ئاوەدان بووبێ، تەنانەت ‌پێشدەچێ کە لە سەردەمی مانناکاندا ئەم شارەی ڕگا، گەورە شارێکی ئەو هەرێمە بووبێ و هەتا سەردەمی زەردەشت هەر مابێ و لەم شارەدا دەستی دابێتە مزگێنی و بەشارەی ئایینەکەی خۆی. بەداخەوە هەتا ئێستاکە کەتیبە و نوسراوەیەک لەو هەرێمەدا نەدۆزراوەتەوە، کە ببێتە پاڵپشتی باسەکەمان بۆ توێژەوانی. بەڵام لە ناوچەی گەورکان لە کۆنەمەزرای گوندی (بەیرەم) ئەنگوستیلەیەک دۆزراوەتەوە کە نقێمەکەی وێنەیەکی زەردەشتی لەسەر هەڵکەندراوە و لە دەوروبەری کۆنە گوندی لەج، گۆرستانێک هەیە کە خەڵکی ناوچەکە هەتا ئێستا زۆر شتی سەیریان لێ دۆزیوەتەوە. هەروەها لە دەوروبەری لەج چەندین شوێنگەی مێژوویی هەیە کە لێرەدا کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین: ۱-لە رۆژئاوای لەج گوندی دارەلەک هەیە کە ناوەکە بە کۆن دێتە بەرچاو. ڕەنگە دارالەک یان شتێکی تری ئەوتۆ بێ کە جارێ زانیاریەکی زانستیمان لە بارەوە لە دەستدا نیە. لە مەزرای ئەم گوندەش زۆرجار کوتە سواڵەت وشتی تر دۆزراونەتەوە. ۲-هەر لەم بەشەی لای رۆژئاوایەدا، لە نزیک گوندی وسووکەند، ‌ئەشکەوتێک هەیە پێی دەڵێن (ئەشکەوتی بێشوەی یان خەلوەی)، کە لە بەیتی (مەحمەڵ و برایمی دەشتیان) دا باسی دەکرێ. وێدەچێ رۆژێک لە رۆژان، خەڵکی تێدا ژیابێ. کۆنە شاری دارایاسیش هەر لەم لایەنەی لەج دایە ۳-لە رۆژهەڵاتی لەجدا، گوندی ئیندرقاش هەیە. وشەی (ئیندر یان ئیندرا) ناوی یەکێک لە خودایانی هیند و ئێرانی بووە و بەشی دووەمی ئەو ناوە ئەگەر بە (گاش) دابنێین، ناوە بۆ یەکێک لە خودایانی هۆزی کاسی و ئەگەر بە ‌(گەش)ی بدەینە قەڵەم، بە مانای (بڵێسەی ئاگر)ە. لە نزیک ئەم گوندەدا، فەقرەقا هەڵکەوتووە ‌کە هەتا ئێستا کەم و زۆر شتی لەسەر نووسراوە و هەرکەس بە جۆرێک لێی ڕوانیوە و زۆرتر بە گڵکۆ و ئارامگای (فرەوەرتیس) پادشای مادیان داوەتە قەڵەم، چونکە هیرۆدۆت وتوویەتی کە فرەوەرتیس لە باکوری گۆڵی ورمێ نێژراوە. بەڵام ئەم فەقرەقایە، زۆرتر لە پەرستگای مادەکان دەچێ، با ئەوەش بڵێم کە خەڵکی ناوچەی شاروێران بە (فراتگا)ی بێژ دەکەن و پێیان وایە فەرهادی ناودار سازی کردووە. ئەم وشەی (فەقرەقا یان فراتگا) لە (فرەتاگ یان فرترکا ) دەچێ کە بە مانای فەرمانرەواییە. ئەم وشەیە لە دەورانی سلووکیاندا، واتا سەدەی سێهەمی پێش زاییندا باوبووە. ٤-لە بەشی باشووری لەجدا، کۆنە پەرستگەیەک هەیە کە لەسەر جادەرێی (مهاباد-ورمێ) دایە و پێی دەڵێن (بەردەکونتێ). شێوەی دروست بوونی ئەم پەرستگەیەش، وەک فەقرەقا و شوێنەوارەکانی تری سەردەمی مادەکان وایە. لەم هەرێمانەدا، کە باسمان کردن، هەتا ئێستا کەتیبە و نووسراوە و لەوحەیەک نەبیندراوەتەوە کە لەبەر رووناکی ئەودا، لە بارودۆخی ناوچەکە لە باری مێژووییەوە ورد بینەوە. ئەوەی کە هەتا ئێستا لەسەر شوێنەواری ناوچەکە نووسراوە، زۆربەیان تەنیا بۆچوونن و لە ڕووی ئاسەواری ترەوە بەراورد کراون. بەڵام، لەم وتارەدا باسی بەیتی مەحمەڵ و برایمی دەشتیان کرا. لەم بەیتەدا کە لە ناوچەی شاروێراندا زۆریش باوە، باسی فەرمانڕەوایی ژنێک بەناوی پەریخان دەکرێ کە کچی میر زۆراب شایە. لە دەقی بەیتەکەدا دەردەکەوێ کە پێوەندییەکی تەواوی بە دەورانی بەر لە ئیسلامەوە هەیە و هێمنی شاعیر لە سەرەتای توحفەی موزەفەرییەدا، پێشینەی دەباتەوە دەورانی دایک شایی (دایک سالاری). لەم بەیتەدا دەبێژێ لەناوچەی شاروێراندا شارێک هەبووە بەناوی چەری یان چەلیان. ڕەنگە بە تێپەربوونی کات ئەم وشەی (چەر یان چەل)ە پاشە و پێش بووبێ پاشانیش ئاڵوگۆر بەسەر پیتەکان هاتبێ. پاش و پێش بەسەر وشەکان لە کوردی بێ پێشینە و سەیر نیە. بۆ وێنە وشەی (خیز)ی موکریان لە خوارەوەی کوردستاندا بۆتە (زیخ) و وشەی (چە)ی کوردی سەروو بە هەورامی و لەکی دەبێتە (جە). عەلی حەسەنیانی شاعیر، لە کتێبی شاروێراندا، باسی بەیتێک دەکات بەناوی (چیری) کە هەر لەم ناوچەی شاروێرانەدا ڕووی داوە و زۆر شتی تریشی لەسەر ناوچەکە روون کردۆتەوە. هەتا رادەیەکی زۆر بۆچوونەکانمان پێک دەچن. بەڵام بالێرەدا ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کە لە ناوچەی (سۆما)ی سەر بە ورمێ گوندێک هەیە کە پێی دەڵێن (چەری یان چاری) و لە فارسی بۆتە (چهریق) کە لە کۆنەوە بنەماڵەی سمکۆ لەوێ ژیاون. رەنگە ئەم ناوەی(چەری-چەلی-چاری) وشەیەکی سەکایی بێت. سەکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ میدەکان یەک ماڵ و یەک حکومەت بوون و تەنانەت ڕەنگە هەر یەک رەگەزیش بووبێتن. پێدەچێ کە خێڵی شکاکی هەر پاشماوەی تۆرەمەی سکاکی. ئێستا لە ناوچەی شاروێراندا، هێندێک داستان و بەیت هەن کە باسی رووداوە کۆنەکانی ناوچەکە دەکەن. وەک بەیتی چێری، بەیتی مەحمەڵ و برایمی دەشتیان و چیرۆکی دێت کۆنە چارێ کە رەنگە ئەگەر لە باری زانستی و مێژووییەوە بروانینە بروانینە ئەم چیرۆک و بەیتانە زۆر شتی شاراوەمان بۆ ئاشکرا ببێ…! -ئەمە وێنەی حەمامی لەجە لە گوندی لەج. سەرچاوە: کورد لە دەقە کۆنەکانی مێژوو

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …