Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووى سەدەکانى ناوەڕاستى کورد / باڵوڵی ماهی (دێوانە), کەسایەتی ئاینی و فەیلەسوفی کوردیی نزیکی هەزار و سێ سەد ساڵ لەمەوبەر، کێ بوو؟

باڵوڵی ماهی (دێوانە), کەسایەتی ئاینی و فەیلەسوفی کوردیی نزیکی هەزار و سێ سەد ساڵ لەمەوبەر، کێ بوو؟

12112105_947493608619640_8336787101820684923_n

ئەم زانا کوردە لە بنەچەدا خەڵکی شاری دینەوەر بووە کە شارۆچکەیەکە دەکەوێت باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشانەوە. باڵوڵ نازناوی (ماهی کوفی) پێ دراوە لەبەر ئەوەی لە بنەچەدا ناوچەی دینەوەر بەشێکی گرنگی ناوچەی میدەکان بووە و هەتاوەکو سەردەمی ئیسلام ئەو ناوچانە ناوی (ماه) یان بەمانای (میدیا) مابوو. کە موسوڵمانەکان گەیشتنە کوردستان زۆربەی وڵاتی کوردیان دابەش کرد بە مەبەستی باج. باجی هەر یەک لەو ناوچانە دەچوو بۆ ئەو عەرەبانەی کە تازە گەیشتبوونە عێراقی ئەمڕۆ. باجی دینەوەر و دەوروبەری دەچوو بۆ کوفە، بۆیە بەو شارە دەگووترا (ماهی کوفە/میدیای کوفە) و هه‌روه‌ها بە نەهاوەند و دەوروبەری دەگووترا (ماه البصرة) کە باجەکەی بۆ موسوڵمانە تازە نیشتەجێکانی بەسرە دەچوو. بەو جۆرە هەموو داهاتێکی ئەو شارەی کە سەر بە وڵاتی میدی کۆن بوو، دەنێردرا بۆ عەرەبە هاوردەکانی شاری کوفە و بەسرە. لەبەر ئەو هۆکارە ئەمڕۆ سەرچاوە عەرەبیەکان بەهەڵە و بەمەبەستی بە عەرەبکردنی ئەو زاتە، باڵوڵ بە کەسێکی خەڵکی شاری کوفە دادەنێن و ئەوان پێی دەلێن (بهلول).
باڵوڵ لە سەدەی هەشتەمی زاینی و لە سەردەمی هارونە رەشید دا لە ژیاندا بووە و لەبەر ئەوەی بۆچوونە ئاینیەکانی خۆی بە ئاشکرا خستۆتە ڕوو، هارونە ڕەشید فەرمانی کوشتنی داوە. ئەویش ڕاوێژکاری بە ئیمام جەعفەری سادق دەکات، ئیمام جەعفەر ئامۆژگاری دەکات کە خۆی بکاتە شێت. باڵوڵ خۆی دەکاتە شێت بۆ ئەوەی نەکوژرێت. ئەم بابەتە بەشێوەی جیاواز دەگێردرێتەوە بەڵام زۆربەی گێڕانەوەکان لە خۆ بەشێتکردنی باڵوڵدا تا ڕادەیەک وەک یەکن. باڵوڵ لە شیعرێکی کوردیدا ئاماژەی بەو ڕاستیە کردووە و دەڵێت:
دێوانەی زایر، دێوانەی زایر دانای یارانم دێوانەی زایر
زایر و عەبەس کەفتەن نەبابر ڕەجەبم نەسیم، لۆرەمەن تایر
واتە (بە ڕواڵەت شێتم و زانام بۆ یارانم و هەر لە ڕواڵەتدا کەوتومەتە دەشت و کێوان، بەڵام لە راستیدا زانای یارانم و ڕێنماییان ئەکەم، ڕەجەبم بای شەماڵە بۆ دۆستان و لۆرەیشم ئاگر).
هەروەها دەروێش نەورۆزی سۆرانی کە نزیکی سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر ژیاوە، ئاماژە بەو مەسەلەیەی باڵول دەکات و دەڵێت:
باڵوڵ زاتێوەن زات یەکدانە عامیان ماچان باڵوڵ دێوانە
کێ دی دێوانە وەیتەر دانا بۆ مەرکە و نەمەیدان گەردوون ڕانا بۆ
واتە “باڵوڵ بریتیە لە تیشکی خوا، کەچی هەندێ بێئاگا و نەخوێندەوار ئەو بە شێتۆکە دادەنێن. کێ دیویەتی کە شێت ئەمەندە ورد و زانا و ژیر بێ و ئەسپی زانستی خۆی لە مەیدانی چەرخی گەردوونا غاربدا.”
بەپێی پەڕاوی سەرئەنجامی پیرۆز، باڵوڵ یەکەم کەس بووە کە ئاینی یارسانی بردۆتە هەورامان و ماوەیەک لەگەڵ هەندێک لە هاوەڵانیدا ڕوو دەکاتە شاری بەغدا و دوایی دەگەڕێتەوە کرماشان. بۆیە ئەمڕۆش بارەگاکەی باڵوڵ لە چیای سەراندیلە لە ناوچەی کرماشان.
قسە و چیرۆکەکانی باڵوڵ وەک داستان هەتاوەوکو ئەمڕۆ لە ناو کورد و نەتەوەکانی وەک عەرەب و فارسدا دەگێردرێتەوە. من خۆم لە منداڵیدا دایکم یەکێک لە بەسەرهاتەکانی باڵوڵی بۆ گێڕاومەتەوە و چیرۆکەکە دەڵێت “ڕۆژێکیان باڵوڵە شێت دەیەوێت بچێتە دیوەخانی خانەدانێکەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی جلەکانی شڕە، هەر لەبەر دەرگاکەوە دەڵێن بڕۆ و ڕێی پێ نادەن کە بچێتە ژوورەوە. دوایی باڵوڵ دەچێت کەوایەکی نوێ دەکاتە بەری و دەچێتەوە هەمان دیوەخان، دەستبەجێ دەکرێتە ژوورەوە و دەخرێتە لای سەرووی خوانەکەوە. کە دەست دەکرێت بە نانخواردن، باڵوڵ دەڵێت “کەوا نان بخۆ، کەوا نان بخۆ”، خەڵکەکەش دەڵێن کاکە گیان تۆ بۆ بە کەواکەت دەڵێیت نان بخۆ، ئەویش دەڵێت “ئەم نان خواردنە لە سایەی کەواکەمەوەیە و بەو دراوە”.
گومان لەوەدا نیە کە باڵوڵ کەسایەتیەکی مێژوویی و گرنگی یارسانەکان بووە، لە هەمان کاتدا زۆر لایەنی ژیانی وەک ئەفسانەی لێهاتووە و چەندین بابەتی بە ناوەوە دروستکراوە. بەشێک لە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم کەسایەتیە کاریگەری گەورەی لە سەردەمی خۆیدا دروستکردووە. باڵوڵ چەندین شیعری کوردی بە زاراوەی گۆرانی لێ بەجێماوە و ئەو شیعرانە لە ناو یارسانەکاندا پارێزراون.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش

About دیدار عثمان

Check Also

جەنگێڪ ڪە موسڵمانانی ناچارڪرد گۆشتی مردووەڪانیان بخۆن!تا دواجار سوارچاڪێڪی ڪورد بوو بە فریادڕەسیان

یوسف نوری. لە ڕێکەوتی 19ی تەمووزی ساڵی 998ز، جەنگی ‘ئافامیا’ ڕوویدا لەنێوان ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی و …