Home / بەشی مێژووی كورد / هێلێنای ‌هەزەبانی، ئەو شاژنە کوردەی کە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر شاژنی کوردستان بوو و ئێستاکە تابوتە بەردینەکەی لە مۆزەخانەی لۆڤەرە و بینای گۆڕەکەی ئاسەوارێکی مێژوویی و شوێنێکی دیارە لە ئیسرائیل، کێ بوو؟

هێلێنای ‌هەزەبانی، ئەو شاژنە کوردەی کە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر شاژنی کوردستان بوو و ئێستاکە تابوتە بەردینەکەی لە مۆزەخانەی لۆڤەرە و بینای گۆڕەکەی ئاسەوارێکی مێژوویی و شوێنێکی دیارە لە ئیسرائیل، کێ بوو؟

1899895_452712981523424_1210985982_n

هێلێنای ‌هەزەبانی، ئەو شاژنە کوردەی کە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر شاژنی کوردستان بوو و ئێستاکە تابوتە بەردینەکەی لە مۆزەخانەی لۆڤەرە و بینای گۆڕەکەی ئاسەوارێکی مێژوویی و شوێنێکی دیارە لە ئیسرائیل، کێ بوو؟
سۆران حەمەڕەش
من پێم وایە کە ئێمە هێشتا بە مێژووی خۆمان ئاشنا نین و ئەوەی کە لە ڕابردوودا بە مێژووی کورد دانراوە، ڕوخسارێکی درۆینەی بۆ کورد دروست کردووە کە ڕوخساری کورد نیە. لە ئەنجامی ئەو بزربوونەدا، ئێمە زۆر جار بۆ لێکدانەوەی ڕابردووی کورد هەمیشە تەرکیزمان لەسەر میدەکان بووە، بەڵام لە ڕاستیدا دەوڵەتە کوردیەکانی وەک مانی و هەزەبانی و چەندینی تر، بە نزیکی هێندەی میدەکان بۆ مێژووی کورد گرنگن. بە تایبەت هەزەبانیەکان کە هەتاوەکو نزیکی سەدەی سیانزەی زاینی لە ناوچەی هەولێر هەتاوەکو ئازەربایجان دەسەڵاتیان هەبووە و سەلاحەدینی ئەیوبیش هەر لەو هۆزە بووە. بۆیە ئەم دەوڵەتە بۆ مێژووی کورد گرنگی زۆری هەیە.
هەمیشە ڕابردووی دێرینی کورد پڕە لە ڕۆڵی مەزنی ئافرەت. یەکێک لەو ئافرەتە مەزنانەی کورد، کە سەرچاوە مێژووییەکان باسی لێوە دەکەن، هێلێنای هەزەبانیە. ناکرێت باس لە ژیانی هێلێنای هەزەبانی بکەین گەر سەرەتایەک سەبارەت ئەو دەوڵەت کوردیە نەخەینە ڕوو.
ئەم دەوڵەتە دێرینە، هەرگیز مێژووی بە تەواوی نەنووسراوەتەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، مێژووی تەواوی ئەو دەوڵەتە لە سەردەمی هوریەکانەوە هەتاوەکو سەدەی سیانزەی زاینی لە کتێبی “کورد کێیە؟” دا نووسراوەتەوە. لە ڕاستیدا بنەچەی ئەو دەوڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هوریەکان و سەرەتا هەزەبان دەوڵەتە شارێک بووە لە نزیک کۆیە بۆ هەولێر.
لەو تێکستانەدا کە لە کاتی هەڵکەندنی شوێنەوارەکانی پێش دروستکردنی بەنداوی دوکان دۆزراونەتەوە، ووردەکاری زۆری ئەو دەوڵەتە باسکراوە و جەنگەکانیان لەگەڵ سوپای ئاشوری ئاماژەی پێکراوە. ئەم دەوڵەتە لە دوای هاتنی ئاشوریەکانەوە ووردە ووردە لاوازکراوە و کەوتۆتە ژێر دەستی دەوڵەتی ئاشوریەوە. بەڵام ئەم بنەماڵە حوکمڕانانە لە ناونەچوون، بۆیە چەند سەدەیەک دوابەدوای لەناوچوونی دەوڵەتی ئاشوری، هەزەبانیەکان ووردە ووردە چەند سەدەیەک پێش زایین لە تێکستە مێژووییە یۆنانی و ڕۆمیەکاندا ئاماژەیان پێکراوە و بە تایبەت هەندێک لە مێژوونوسە جوەکانی سەدەی یەکەمی زاینی باسی ووردەکاری حوکمڕانی ئەو دەوڵەتەیان کردووە.
هەزەبانیەکان پایتەختەکەیان لە نزیک شاری هەولێر و کۆیە بووە و لەوێوە حوکمڕانیان کردووە. هەندێک جار کاریگەری دەسەڵاتیان لە ئازەربایجانەوە هەتاوەکو ئیسرائیل دەرکی پێکراوە.
لە نزیکی سەدەی یەکەمی زاینیدا، واتە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، پاشای مەزنی هەزەبانیەکان ناوی مەنوبازی هەزەبانی بووە و ژنەکەی ناوی هێلێنای هەزەبانی بووە. پاش مردنی مەنوباز، ئێزدی هەزەبانی کوڕە بچووکی، هاتە سەر دەسەڵات و ئەو بووە پاشای هەزەبانیەکان. بەڵام ئێزد حوکمڕانی بە تەنها نەدەکرد و متمانەی تەواوی دەکردە سەردایکی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، کە هێلێنای هەزەبانی بووە و شاژنێکی دەسەڵاتدار و کەسایەتیەکی بەهێزی ئەو دەوڵەتە بووە.
هەزەبانیەکان لە نێوان دوو دەسەڵاتی سەرەکی ئەو سەردەمەدا حوکمڕانیان دەکرد، ئەشکانیەکان کە لە ڕۆژهەڵات بوون و ڕۆمەکان لە باکور و ڕۆژئاوادا و زۆر جار کە دەرفەت هەبووبێت هەزەبانیەکان قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان گەورە دەکرد.
ئێزدی هەزەبانی لەو سەردەمەدا کەوتە ژێر کاریگەریی ئاینی جوەکانەوە. بۆیە ئێزد خۆی و هێلێنای شاژن و ژنەکەی ئێزد و چەندین کەسایەتی لەو دەوڵەتەدا هاتنە سەر ئاینی جوو. گۆڕینی ئاینەکە لەلایەن ئێزدەوە هەر لە خۆیەوە نەبوو. وا دەردەکەوێت کە جۆرێک لە هەوڵی هەزەبانیەکان بووبێت بۆ خۆ جوداکردنەوە لە کاریگەریی ئاینی ئەشکانیەکان لەسەریان و هەروەها بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوان جوەکان و کوردە هەزەبانیەکان بووبێت لە دژی ڕۆم، کە ئەو سەردەمە دوژمنێکی هاوبەشی هەزەبانیەکان و جوەکان بوون.
ئەو هاوپەیمانێتیە هێندە بەهێز بوو، کاتێک کە جەنگ لە نێوان جوەکان و ڕۆمەکاندا بەرپا بوو، هەندێک لە سوپای هەزەبانیەکان بەشداری تەواوی ئەو جەنگەیان کردووە. لە دوای شکانی جوەکان، ڕۆمەکان هەموو دیلە جوەکانیان کوشت، بەڵام شازادە هەزەبانیەکانیان بە ئەسیری بردەوە بۆ ڕۆمای پایتەختی دەوڵەتی ڕۆم و ئەوانیان نەکوشت بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا وەک کارتی فشار لەسەر دەوڵەتی هەزەبانی بەکاربهێنرێن کە هاوسنووری دەوڵەتی ڕۆم بوو.
لە سەدەی یەکەمی زاینیدا، هێلێنای هەزەبانی کە دایکی ئێزد بوو، بە سەردان چوو بۆ شاری ئورشەلیم (قودس). کە گەیشتە ناو شارەکە، هێلێنا بینی که‌ جوەکان لە برسێتیدا دەژیان. بۆیە هەندێک لە خزمەتکارەکانی نارد بۆ ئەلێکسەندەریە بۆ کڕینی گەنمە شامی و هەندێکی تری نارد بۆ قوبرس بۆ کڕینی هەنجیری وشک و هەمووی بەسەر خەڵکدا دابەشکرد. هه‌روه‌ها شاژن لەوێ بینایەکی تایبەتی دروست کرد بۆ ئەوەی کە دوای مردنی، خۆی و کوڕە بە ئاین جوەکانی لەوێ لە هەولێرەوە بهێنرێن و لە ئیسرائیل بنێژرێن. دوای دوو هەزار ساڵ، هەتاوەکو ئەمڕۆ ئەو بینایەی پاشا کوردە هەزەبانیەکان لە وڵاتی ئیسرائیل هەر ماوە.
لە ساڵی ١٨٦٣ دا گۆڕێک لە شاری ئورشەلیم لەلایەن شوێنەوارناسێکی فەرەنسیەوە دۆزرایەوە بە ناوی دی سۆلسی و سەرەتا وای زانی ئەوە گۆڕی پاشای جو بووە بەڵام دوایی دەرکەوت کە ئەو گۆرە هەر هەمان بینا و گۆڕی تایبەت بوو کە شاژن هێلێنا پێش مردنی بۆ هەموو خێزانە پاتشاییەکەی دروستی کردبوو. شايانی باسه‌ که‌ ئێستا ئه‌و تابوتە بەردینەی که‌ هێلێنای تێدا نێژرابوو لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە فەرەنسا هەڵگیراوە (بڕوانە وێنەی ١). لە هەمان کاتدا ئەو بینا مەزنەی کە هێلێنا لە ئیسرائیل دروستی کرد، هێشتا وەک بینایەکی نایاب و دێرینی ئەو وڵاتە هەتاوەکو ئەمڕۆ بە پێوە ماوە (بڕوانە وێنەی ٢ و ٣).
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، مێژووی تەواوی ئەم دەوڵەتە کوردیە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە کتێبی “کورد کێیە؟” دا لە سەردەمی هوریەکانەوە هاتوەکو سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی نووسراوتەوە و زانیاری زیاتر و ووردەکاری حوکمڕانی هەزەبانیەکان و سەرچاوەی زانیاریەکان لەو کتێبەدا خراوەتە ڕوو.
– وێنەی ١، وێنەی گۆڕە بەردینەکەی هێلێنای هەزەبانیە کە ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس دانراوە.
– وێنەی ٢، دیمەنی ئەو بینا تایبەتەیە کە هێلێنای هەزەبانی پێش مردنی لە شاری ئورشەلیم دروستی کرد بۆ ئەوەی کە خۆی و کوڕەکانی لەو شارەدا بنێژرێن.
– وێنەی ٣، وێنەی کێشراوی خەیاڵی بیناکەیە کە شوێنەوارناسان پێیان وایە پێش کۆنبوونی بیناکە لە بنەچەدا بەو جۆرە بووە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …