Home / بەشی مێژووی كورد / بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عێراق لە ماوەی ماندێتی بەریتانیادا: سلێمانی، ١٩١٨ – ١٩٣٠

بزاڤی شارستانی لە کوردستانی عێراق لە ماوەی ماندێتی بەریتانیادا: سلێمانی، ١٩١٨ – ١٩٣٠

(بەشی دووەەم و کۆتایی)

لێکۆڵینەوەی: جۆردی تێجێڵ گۆرگاس

پرۆفیسۆری مێژووی نێودەوڵەتییە لە ئینستیتوتی گراجوەیت بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی – سویسرا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

هەر لەم ڕووەوە گێڕانەوەیەکی تری جیاواز لەلایەن پی. ئێس. مەمفۆردی ئەفسەری دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت باس دەکرێت و ئەو وایدادەنێت کە هۆکاری ڕاستەوخۆی ئاژاوە و پشێوییەکەی سلێمانی هەوڵدان بوو لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ دەستەبەر کردنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ١٦ی تەمووز وەک لەوەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکرێت٥٢. هەڵبەت حکوومەت لەو مەترسییانە تێگەیشتبوو کە ڕوودەدەن چونکە ڕاستییەک لەئارادا بوو کە شەوی پێش ڕووداوەکە هۆشداری درابووە پۆلیس و پاسەوانیی دابین کرد بۆ هاوڕێتی کردنی ئەو نێردە و وەفدانەی دەچوونە کۆبوونەکەوە پێش ڕوودانی هەر ئیشارەت و بەڵگەیەکی کێشە و گرفت. پاشان هێزی ئیزافیی پۆلیس لە بازاڕ و سەرادا جێگیر کرا و فەرمانیان پێکرابوو ڕێگە لە داخستنی دوکانەکان بگرن و نەهێڵن کۆڕ و کۆبوونەوەی خەڵک لە نزیک سەراوە ئەنجام بدرێت.

بە پێی گێڕانەوەکەی مەمفۆرد بێت کەوا کاتێک واتەواتی ئەو بڕیارەی لەلایەن ئەڵبانەوە درابوو لە سلێمانیدا بڵاوبووەوە، خەڵکەکە وردە وردە کۆدەبوونەوە و هاواریان دەکرد کە نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت. پاشان هەوڵدانێک بۆ دەسگیر کردنی گەنجێکی قڕەقڕکەر خەڵکەکەی تووڕە کرد و بە دار و بە بەرد پەلاماری پۆلیسیان دا. دواتر لە پاش نیوسەعات سریەیەکی هێزەکانی سوپای عێراق گەیشتن و کەوتنە دەسڕێژ کردن لە خەڵکەکە و هەرچەندە بە پێی سەرچاوەکانی مەمفۆرد پێنەدەچوو هیچ تەقە و دەسڕێژێک لەلایەن ئاپۆرای خەڵکەکەوە کرابێت. خۆپیشاندەران شانزە کەسیان لێکوژرا، کە دە کەسیان کوڕی گەنج و مێرمنداڵ بوون و نزیکەی پەنجا کەسیشیان لێ بریندار بوو، لەکاتێکدا کە تەنها چوار سەرباز بە سووکی بریندار بوون و یەکێکیشیان بەهەڵە لە لایەن سەربازێکی ترەوە کوژرا. هەر ئەو دواینیوەڕۆیە سەرکردەکانی دەستە و تاقمی نەتەوەپەروەر هەموو گیران لەگەڵ ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ لە مەسەلەی بەشداریی هەرا و ئاژاوەکەوە گلابوون٥٣ و تا کۆتایی مانگی ئەیلوول سەد کەس دەسگیرکران.

ڕۆژانی دوای ڕووداوەکە مەمفۆرد، کە بڕێکی لە ئەژمار نەهاتوو سکاڵای لە لایەن دانیشتووانی شارەوە پێگەیشت، بڕیاریدا لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت لە سەر ڕووداوەکانی ٦ی ئەیلوول و لێکۆڵینەوەکەی “ئەوەی ڕوونکردەوە” کەوا بەپێچەوانەی ڕاپۆرتەکەی ئەڵبان، زۆربەی زۆری نوێنەران (کە دووکاندار بوون) بۆ ئەو کۆبوونەوەی هەڵبژاردنەی هەوڵی بۆ درابوو لەو ڕۆژەدا ببەسترێت “بەزۆر نێردراون و خۆیان حەزیان نەکردووە بەشداریی تێدا بکەن”٥٤.

لەگەڵ پەرەسەندنی تەواوی دەسڕێژی تەقەکردندا، بەپێی دوو ڕاپۆرتی بەریتانی بەڕوونی پێدەچێت کە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە تێوەگلاون لە توندوتیژیدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی هەموو ئەو هۆکارانەی بۆیان رەخساوە لەپێناو وەستاندنی هەلبژاردنە کێشەلە سەرەکەدا. بێگومان بەم مانایە بێت ئەو توندوتیژییەی کە لە ڕۆژی ٦ی ئەیلوولدا تەقییەوە ئەنجامی ستراتیجییەکی ئەقڵانیی دنەدان و جموجووڵی سیاسی بوو. سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکە و تۆقاندنی نەیارە سیاسییەکان لە میانەی هاوینی ١٩٣٠دا زات و بوێریی خستەبەر دەستە و تاقمی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆییخواز کە بەم شێوەیە کار بکەن. هەڵبەت وەک کاپتن ئەڵبان زۆر بەباشی لێیتێگەیشتووە کەوا رێکخەران و بەشداربووان “لە هێز و توانای خەڵکی هەرچی و پەرچی و سەرسەرێتیتێ گەیشتبوون”٥٥. لەکاتێکدا ئەگەر هەیە کەوا بەشداربووان و رێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە بە هەڵە ڕەچاوی ئەنجام و لێکەوتە وردەکانی کارەکەیان لێکدابێتەوە یان مەسەلەیەکی خۆڕسکی تێدا هاتبێتە ئاراوە و ڕووداوەکانی پێشتر و کار و کردەوە بەکۆمەڵەکان هاوزەمان لەگەڵ بەکارهێنانی “چەک” ، کوتەک، دار و بەرد ئەوەمان پێدەڵێت کەوا “پسپۆڕانی توندوتیژی” یان “هەرچی و پەرچییە پسپۆڕەکان” لە سلێمانیدا پەیدابوون. بەڵام بۆچی توندوتیژی باڵادەستیی بۆ رەخسا وەک “زەخیرەی سەرەکیی کار و کردەوەی دەستەجەمعی” – ئەگەر چارڵس تێللی بە نموونە بێنینەوە – لە بەرەی لایەنی ناسیۆنالیستدا؟

لە تەمووزی ١٩٣٠وە دەستە و تاقمەکەی شێخ قادر پەنایان بردە بەر توندوتیژی بۆ ئەنجامدانی دوو مەبەستی یەکتر تەواوکردوو. لە سەرێکەوە مەبەستیان بوو ناوبانگی نەیاران بزڕێنن و پێگەیان لەق بکەن وەک بەشداری ئەمان لە هەڵبژاردنەکاندا و قبووڵ کردنی پەیماننامەی بەریتانی – عێراقیی ساڵی ١٩٣٠ لەلایەن دەستە و تاقمی “سەر بە بەغدا”. لە سەرێکی ترەوە دەوڵەت ڕۆڵێکی مەترسیدار و یەکلاکەرەوەی بینی لە لایەنگیریی بلۆکی “سەر بە بەغدا” لە مەسەلەی کێبڕکێی سیاسیی ناوخۆییدا. لە ئاوها کارێکدا، دەوڵەت دەرفەت و هۆکاری رەخساند بۆ بەرەی شێخ قادر کە توندوتیژی بەکاربێنێت بۆ ئەوەی جارێکیتر پێگەی خۆی رێکبخاتەوە. دەستێوەردانی دەوڵەت یان حکوومەت دیسانەوە بە مەبەستی ئەوەش بوو کە “سنووری ئیتنیکیی”٥٦ قووڵ بکاتەوە لە نێوان کوردەکاندا، بە نوێنەرایەتیی تاقمی شێخ قادر و عەرەبەکاندا کە سەربازە عێراقییەکان نوێنەرایەتییان دەکرد و ئاژاوەگێڕانیان سەرکوت کرد. لایەنی ناسیۆنالیستی کوردی هێز و توانای رەشەخەڵک و توندوتیژیی بەکاردەهێنا وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ جموجووڵی سیاسی بۆ دڕووستکردنی هێڵی جیاکەرەوەی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی نوێ. لە ڕێگەی توندوتیژی و بە قوربانی کردنەوە لایەنگرانی شێخ قادر بەنیازی بنیاتنان و گەڵاڵە کردنی “گڕووپی ئێمە” بوون، واتە کورد وەک نەیار و بەرهەڵستکاری “ئەوان”، واتە عەرەب، یان “دوژمن” کە لەگەڵیاندا نەتوانرێت ناکۆکیی نێوانیان بگاتە چارەسەر٥٧. لەکۆتاییدا و بە ڕەوشی ناکۆکی و ململانێی نێوان کورد و عەرەب، بلۆکی “میانڕەوی”٥٨ سەرۆک و سەردارانی سلێمانی دەبوو یان بچنە پاڵ “ڕادیکاڵەکان”٥٩ یان بە سادە و ساکاری پشتگیرییان بکەن.

بە شێوەیەکی دژوار، براوەی ڕاستەوخۆی بزاڤە مەدەنییەکەی نێوان ساڵانی ١٩٢٩ و ١٩٣٠ شێخ قادر و شوێنکەوتووانی نەبوون بەڵکوو شێخ مەحموود بوو. دەسگیرکردنی دەسبەجێی شێخ قادر بە دوای ئاژاوە و پشێوییەکەدا دەرفەتێکی بۆ شێخ مەحموود رەخساند کە بگەڕێتەوە بۆ مەیدانی سیاسەتی کوردی و خۆی وەک پاڵەوانی مافەکانی کورد لە عێراقدا پیشان بدات. بە گوێرەی قسەی شێخ مەحموود کوردەکان “قوربانیی” دەستی زوڵم و ستەمن و پەو پێیە مەحاڵە بۆیان لەگەڵ عەرەبدا پێکەوە بژین، وەک لە دەقی ئەم قسانەدا دەردەکەوێت:

“بە هۆی ڕووداوەکەوە کە تێیدا عەرەب مافی ئەوەی نەبوو بە تفەنگی رەشاش دەسڕێژ لە خەڵکی سلێمانی بکات، هەموو کورد لە حاڵەتی هەڵچوون و وڕووژاندان. بەم پێیە بە رەهایی مەحاڵە ئەم دوو بەرەیە بتوانن دۆستانە لەگەڵ یەکتر هەڵبکەن … هەر لە زاخۆوە هەتا پشتی خانەقین هەمووان پێکەوە بە یەک زمان و بە یەک دڵ دەیانەوێت حکوومەتێکی کوردی پێکبێنن لە ژێر سایەی ماندێتی بەریتانیادا”٦٠.

شێخ مەحموود هەوڵی زۆری دا کە خەڵکی سلێمانی بەلای خۆیدا رابکێشیت بە سوودوەرگرتن لە “شەهیدەکانی ئەیلوولی رەش” و لە نێوان ئۆکتۆبەری ١٩٣٠ و مارتی ١٩٣١دا، چەندین بەیان و جاڕنامەی بڵاوکردەوە بۆ “خەڵکی سلێمانی کە دڵیان لە سەر ئاگرە” بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی یادەوەریی ئەو ڕووداوانە و هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی باوەڕ بە حکوومەت نەکەن و بەتایبەتی مەلیک فەیسەڵ، “کە بکوژی ڕاستەقینەی شەهیدەکانمانە و پێشێلکەری مافەکانی کوردە”٦١. هەروەها جێی سەرسوڕمان نیە کە شێخ مەحموود، وەک سەرۆکی رێبازێکی سۆفیگەری، هێما و گوتاری ئاینی بەکاربێنێت بۆ ئەوەی رەوایی بداتە خەبات و تێکۆشانەکەی لەپێناوی “مافەکانی کورددا” و بانگەواز بۆ “پیاوانی شار”ی سلێمانی بکات شوێنی بکەون: ” ئەمڕۆ، خەڵکانی چیاکان مافی ئەوەیان هەیە … بڵێن ئەوان ئەو کەسانەن کە دەتوانن مافەکانی خەڵکی شار و هەموو کورد بەدەستبێنن .. بۆیە دەبێ شارنشینانیش پەیڕەوی نموونەی براکانی شاخیان بکەن و پێویستە شوێن رێچکە و رێبازیان بکەون تەنانەت بۆ مردنیش”٦٢.

هەروەها شێخ مەحموود نیازی وابوو ئاشوورییەکانیش قەناعەت پێبکات، بەتایبەتی ئەوانەی لە هێزەکانی لێڤی٦٣ و پۆلیسدا ناونووس کرابوون کە واز لەو ئەرکانەیان بێنن و بچنە پاڵ ئەم٦٤. بەهەرحاڵ، سەرکەوتنی لەم بوارەدا سنووردار بوو و تا مانگی کانوونی دووەمی ١٩٣١، تەنها حەوت سەربازی کورد لە سوپای عێراقدا، نۆ پۆلیس (کە شەشیان کورد و سیانیان ئاشووری بوون) و چوار قوتابی چوونە پاڵی٦٥. شێخ مەحموود شکستی هێنا و نەیتوانی یاخیبوونێکی جەماوەری رێکبخات و لە بەهاری ١٩٣١دا خۆی رادەستی بەریتانییەکان کرد، چونکە زۆربەی دانیشتووانی شارەکان و هۆزەکانی ناوچەی سلێمانی نەچوونە پاڵ بزووتنەوەکەی٦٦، بێجگە لە شوێنکەوتووە هەرە دڵسۆزەکانی لە نێو سەرۆکە خێڵەکی و ئاینییەکاندا چەشنی (پشدەر، شیلانە، غەوارە و هەمەوەند). هەرچۆنێک بێت شێخ مەحموود توانی ببێتە قارەمانێکی گەورەی میللی لە سلێمانیدا لە ناوەندی ئەفەندییە ناسیۆنالیستەکان و چینە میللییەکاندا٦٧. یادەوەریی دەستەجەمعی لە هەردوک سلێمانی و تەواوی کوردستانی عێراقدا هەر زوو ئەو پەیوەندییە تەمومژاوی و پەنهانەی ئەوی پشتگوێ خست کە هەیبوو لەگەڵ ڕژێمی کەمالی و بەریتانییەکان و سەرۆکەکانی شیعەدا لە ساڵی ١٩١٨وە و شێخ مەحموودی کردە نەک “دز و جەردە”٦٨، وەک بە زۆری ئاماژەی پێدەدرا لەلایەن حکوومەتی عێراق و کاربەدەستە بەریتانییەکانەوە، بەڵکوو کردی بە قارەمانێکی نیشتمانی٦٩. دواجار شێخ مەحموود لەوەشدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە گۆڕینی ئاژاوە و پشێوییەکانی ٦ی ئەیلوول بۆ هێما و سیمبۆڵێکی بەرگریی نیشتمانی لەبەرامبەر عەرەبەکاندا تا ساڵانی ١٩٤٠کان٧٠.

پرسیارەکە هەر بە “بۆچی” ماوتەوە، سەرباری پرۆسە تایبەتەکانی بەڕادیکاڵ بوونی مەیدانی سیاسی لە سلێمانیدا، بەڵام هیچ “بەرۆتینبوونێکی” ئاژاوەگێڕی نەهاتە ئاراوە لە شاردا٧١. تۆ لێرەدا دەتوانیت دوو گریمانەی یەکتر تەواوکردوو بخەیتەڕوو، کە لەلایەکەوە گەڕانەوەی شێخ مەحموود بۆ شانۆی سیاسی سەری کێشایەوە بۆ گواستنەوەی سەنتەری قورسایی چالاکییەکانی کورد لە شارەوە بۆ گوندەکان تا مایسی ١٩٣١ و لەلایەکی تڕیشەوە شکستهێنانی بزووتنەوەکەی شێخ مەحموود لە ساڵی ١٩٣١دا یاخیبوونە پەرت و بڵاوەکانی دژ بە حکوومەتی عێراق بێ پشتگیریی بەریتانیای مەزن ئەوەی دەرخست کە داهاتووی سیاسیی نەبوو. لەکۆتاییدا دەستەبژێری سیاسیی سلێمانی لەوە گەیشتن کەوا هێزەکانی ماندێت و لە ناویاندا ئەفسەرە بەریتانییەکانی دڵبەندی کوردی وەک سی. جەی. ئەدمۆنز دەیانویست کوردستان بچێتە سەر دەوڵەتی عێراق. بەم جۆرە تا ساڵی ١٩٣١ لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانی ناوخۆوە مەیلێک هەبوو بۆ چاوەڕێ کردنی بڕیاری کۆمەڵەی گەلان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماندێت٧٢.

دڕووستکردنی “باشووری کوردستان” ساڵی ١٩١٨ لە لایەن بەریتانیاوە بواری بە پێکهێنانەوەی رابەر یان پیاوماقووڵی مەدەنی دا لە سلێمانیدا و پەرەسەندنی لە سەرخۆی گوتاری ناسیۆنالیستی لە ناو دانیشتوواندا لە پاش ئەو پشێوی و تێکچوونی بارودۆخەی بە هۆی جەنگ و ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە هاتە ئاراوە٧٣. ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکان ڕۆڵیان گێڕا لە پرۆسەی دڕووستکردنی ناسنامەی لۆکاڵیدا بە دیاریکردنی ئەو مەیدانەی کە دەستە و تاقمە سیاسییە جیاوازەکانی (سەر بە ئۆتۆنۆمی و سەر بە بەغدای) تێدا کەوتبوونە کێبەرکێوە و ئەو دەستەبەندییانەی کەوا گڕووپەکانیان ریزبەندی دەکرد وەک (کورد و عەرەب) و هەروەها بە دیاریکردنی سەرکردە دانپێدانراوەکان لە ناو دانیشتووانی سلێمانیدا.

دەستێوەردانی کاربەدەستانی بەریتانی و حکوومەتی عێراق بوو بە هۆی ناکۆکی و ململانێی نێوان سەرکردەکانی هەردوو بلۆکەکەی سەر بە کورد و سەر بە عەرەب، کە شەڕیان بوو لە سەر سەرچاوە سیاسییە سیمبۆڵییەکان لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیدا. بەم مانایە، بە ڕادیکاڵ کردنی جموجووڵە سیاسییەکان کەوا سەریکێشایەوە بۆ ئاژاوە و پشێوییەکانی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ دەبێ مایەی تێگەیشتن بێت لە ڕووی هەردوک کاردانەوەی گڕووپی ناسیۆنالیستیی کوردەوە بۆ مافە دانپێدانەنراوەکانی کورد لە پەیماننامەکەی ساڵی ١٩٣٠ ئەنگلۆ – عێراقیدا و بۆ ئەو بەرەنگارییەی لەلایەن هەواخوا ناوخۆکانی حکوومەتی عێراقەوە کە لە سلێمانیدا هاتبووە ئاراوە.

ئەو ڕۆڵەی شێخ مەحموود لەئەستۆی گرتبوو لە قۆناخی هەڵچوونی ناوچە دێهاتییەکانی کوردستانی دوای هەرا و ئاژاوەکەدا و بەتایبەتی لە ماوەی نێوان ١٩٣٠ و ١٩٣١دا بوو بە هۆی پەراوێز کەوتنی توخمە ناسیۆنالیستییە چالاکەکانی سەر بە شارەکان لە تێکۆشانی سیاسیدا و ئەمەش بوو بە مۆرکی سەرەولێژبوونەوە و لاوازبوونی بزاڤ و جموجووڵی شارستانی لە سلێمانیدا تا جەنگی جیهانیی دووەم.

تێبینی:

جۆردی تێجێڵ گۆرگاس بە سوپاسەوە پێزانینی خۆی ڕادەگەیەنێت بەو هاوکاری و کۆمەکەی لەلایەن دامەزراوەی زانستی نیشتمانیی سویسرییەوەSwiss National Science Foundation دەستەبەر کرا بۆ پاڵپشتی لێکۆڵینەوەکەی لە ئۆفیسی تۆماری گشتی Public Record Office و خوێندنگەی لێکۆڵینەوە ڕۆژهەڵاتناسی و ئەفریقییەکان (لە لەندەن). سوپاسی تایبەت بۆ خاتوو دکتۆر نێلیدا فوککارۆ لە SOAS بۆ سەرپەرشتی کردنی کارەکە و دکتۆر کامەران ئەحمەد مەنتیک لە زانکۆی هەولێر بۆ پێدانی لە هۆنراوەی کوردیی پەیوەندیدار بە ڕووداوەکانی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠وە.

پەراوێز:

١ – لەبارەی شێخەکانی قادری لە کوردستانی عێراقدا بڕوانە:

مارتن ڤان برونەسن، ” مەلا و سۆفی و بێدینەکان: ڕۆڵی ئاین لە کۆمەڵگەی کوردیدا”،

Mullas, Sufis and Heretics: The Role of Religion in Kurdish Society

(ئەستەمبووڵ: چاپی ئایزیس ، ٢٠٠٠)، ل ٢١٣

٢ – بۆ شیکردنەوەی ڕەوشی ماندێت لە عێراقدا بڕوانە ئەم سەرچاوانەی خوارەوە:

پ. سڵاگلێت، “هەندێک کاردانەوە لەبارەی ڕەوشی ئامادەگیی بەریتانیا لە عێراقدا و ئامادەگیی فەرەنسا لەسووریادا

P. Sluglett, “The Mandates: Some Reflections on the Nature of the British Presence in Iraq, 1914 – 1932, and the French Presence in Syria, 1918 – 1946)”,

لە کتێبەکەی پ. سڵاگلێت و ن. مۆچی، “هەردوو ماندێتی بەریتانیا و فەرەنسا لە ڕوانگەی بەراوردکارییەوە

The British and French Mandates in Comparative Perspectives “، (لەیدن و بۆستن: بریڵ، ٢٠٠٣)، ل ١٠٣ – ١٢٧ و ٣٦١ – ٣٨٤؛ پ. سڵاگلێت ، “بەریتانیا لە عێراقدا: مەلیک و وڵاتێکی ساختە Contriving King and Country “، (لەندەن: ئای. بی. تۆریس، ٢٠٠٧).

٣ – لە ساڵی ١٩٢٥دا دانیشتووانی سلێمانی نزیکەی ١٠ هەزار کەس بووە، کە ٩ هەزاریان کوردی موسڵمان، ٧٥٠ جوولەکە و ١٢٩ ئاشووری بوون. بڕوانە: ئەدمۆنز، “کورد و تورک و عەرەب …

C. J. Edmonds, Kurds, Turks and Arabs” (London: Oxford University Press, 1957), p. 80.

٤ – ئەو تووتنەی کە لە ناوچەی رەواندز دەچێنرا گەورەترین بەروبوومی هەناردە بوو لە سلێمانییەوە، بەڵام دیسان شارەکە خاڵێکی دابەشکردن بۆ کاڵا هاوردەکانی ئەوروپا کە لە بەغدا و مووسڵەوە دەهات و پاشان دەگەیشتە ئەودوای ناوچە کوردییەکان، هەروەها شوێنێکی کۆکردنەوە بوو بۆ هەناردە کردنی کەتیرە یان گەون و خوری و بەرهەمی تری وڵاتەکە، بڕوانە: ئی. بی. سۆن “ڕاپۆرت لە سەر هەرێمی سلێمانی لە کوردستان”،

E. B. Soane, “Report on the Sulaimaniya District of Kurdistan”, Edmonds Papers, Box 6 / 1, p. 97.

٥ – جەمال بەگ سەرەڕای تێکەڵبوونی بە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کەردەوە، وەک وەزیری دادی عێراق خزمەتی کڕووە لە ساڵانی ١٩٣٠ – ١٩٣٢ و ١٩٣٣ – ١٩٣٤.

٦ – چەند نەوەیەکی هەندێک بنەماڵەی پەیوەندیدار بە میرەکانی بابانەوە ڕۆڵێکی ناوخۆیی بەرچاویان بینیوە لە ماوەی ماندێتی بەریتانیدا وەک عادیلە خانمی هەڵەبجە (کە سەرۆک هۆزی جاف بوو)، هەروەها محەمەد ساڵح بەگ کە نوێنەری سلێمانی بوو لە پەرلەمانی عێراقدا. (ئەم دوو کەسایەتییە ناچنەوە سەر بنەماڵەی بابان و دیارە نووسەر لێی تێکچووە – و).

٧ – یەکەم سکرتێری پێشتری کۆمیسارێتی باڵای تورکی بوو لە قاهیرە و پاشانیش حاکمی گشتیی حیجاز بوو

٨ – بنەماڵەی بەرزنجی و سوڵتان عەبدولحەمید (کە ٣٤ ساڵ حوکمی کرد ١٨٧٦ – ١٩٠٩) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەکتر دڕووستکردبوو. کاک ئە‌حمەدی باپیرە گەورەی شێخ مەحموود ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردبوو وەک خاوەن کەراماتێک کە موعجیزە دەنوێنێ و عەبدولحەمید دڵبەندی بووبوو. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەم پەیوەندییانە زۆر تۆکمە و بەهێز بوون پاش ئەوەی سوڵتان و شێخ سەعید جۆرێک لە هاوپەیمانییان بەست کە ئەمی دواییان پابەند بوو بە پارێزگاری و بەرگری کردن لە بەرژەوەندییەکانی سوڵتان لە ناوچەکەدا لە بەرانبەر مڵکداریی زەویوزار و سەربەستییەکی تەواو لە هەڵسوکەوتدا. هەڵبەت لە ترسی کاربەدەستانی عوسمانی و تەنانەت ئەفسەرە سەربازییەکاندا، شێخ سەعید و شێخ مەحموود بەم پەیوەندییە دەیانتوانی کاریگەری و دەسەڵاتی خۆیان بە سەر سلێمانی و دەوروبەریدا بسەپێنن.

٩ – ئەرنۆڵد تاڵبۆت ویڵسن،” دڵسۆزی و میزۆپۆتامیا، ١٩١٧ – ١٩٢٠ Loyalties. Mesopotamia “(لەندەن: چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد ، ١٩٣٦)، ل ١٢٨.

١٠ – حەننا بەتاتو، “چینە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە عێراقدا: لێکۆڵینەوەیەکە لە سەر خاکی دێرینی عێراق و چینی بازرگانان لەگەڵ کۆمۆنیستەکان، بەعسییەکان و ئەفسەرانی ئازاد The Old Social Classes and Revolutionary Movements of Iraq: A Study of Iraq’s Old Landed and Commercial Classes and its Communists, Ba’thists and Free Officers”. (پرینستۆن، نیوجێرسی: چاپی زانکۆی پرینستۆن، ١٩٧٨)، ل ٩٤ – ٩٦.

١١ – تی. دۆج، “دڕووستکردنی ساختەی عێراق: شکستهێنان لە دروستکردنی وڵات و نەتەوە و نکووڵی کردن لە مێژوویەک Inventing Iraq: The Failure of Nation Building and a History Denied ، (نیویۆرک: چاپی زانکۆی کۆڵۆمبیا، ٢٠٠٣).

١٢ – س. فرایتاگ، “رێوڕەسمی ئاینی و ئاژاوە و پشێوی: لە پێناسەی کۆمەڵگەوە بۆ بەکۆمەڵگە کردن لە باکووری هندستاندا Religious Rites and Riots: From Community Identity to Communalism in North India, 1870 – 1940″، (بێرکەلەی: زانکۆی کالیفۆرنیا، ١٩٨٠)، ل ٤٢ – ٥٠

١٣ – لە مێجەر ئی. بی. سۆنەوە، ئۆفیسی سیاسی (سلێمانی)، بۆ ئێن. بی. فوڵەر، جێگری کۆمیسیاری مەدەنی (بەغدا)، ١ی کانوونی دووەم ١٩٢٠. FO 371 / 5068 / E3297.

١٤ – پەیماننامەی سیڤەر (١٠ی ئابی ١٩٢٠)، لە نێوان حکوومەتی ئیستانبوڵ و هاوپەیماناندا بەسترا، بە ڕوونی دڕووستکردنی کوردستانی سەربەخۆی رەخساندووە. بەڵام سەرکەوتنی مستەفا کەمال لە ساڵی ١٩٢٢ داکێشە و ناکۆکی کەوتە مەسەلەی پەیماننامەکەوە. پەیماننامەی لۆزان (٢٤ی تەمووزی ١٩٢٤) بە شێوەیەکی زیمنی ئەوەی سێڤرەی هەڵوەشاندەوە بە زەمینە خۆشکردنی دابەشبوونی ناوچە کۆنە کوردییەکانی عوسمانی لە نێوان تورکیا و عێراقدا. چارەنووسی ویلایەتە کۆنەکەی مووسڵیش بە هەڵپەسێردراوی مایەوە تا ئەو کاتەی کۆمەڵەی گەلان بڕیارەکەی دیسەمبەری ١٩٢٥ لە بەرژەوەندیی یەکگرتنی ئەم ویلایەتە لەگەڵ عێراقدا دەردەکات. ١٥ – ئۆفیسی سیاسی سلێمانی بۆ ئۆفیسی سیاسی بەغدا، ١٦ی نۆڤەمبەری ١٩١٨، Air 20 / 512.

١٦- تێرم یان نازناوی ئەفەندی لە سەرەتادا لە لایەن خەڵکی میسر و شامەوە بەکارهاتووە بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانەی خوێندنی مۆدێرنی ڕۆژئاواییان تەواوکردووە، لە هەر ئاستێکدا بووبێت. ئەم تێرمانە لە لایەن کاربەدەستانی بەریتانییەوە بەکاردەهاتن. وەسفەکە چین و توێژێکی بەربڵاوی دەگرتەوە، هەر لە خوێندکاری ئامادەیی و زانکۆوە تا دەگەیشتە مامۆستا و پارێزەر و ڕۆژنامەنووس و کاربەدەستی حکوومەت و گەلێکی تریش.

M. Eppel, “The Elite, the Effendiyya, and the Growth of Nationalism and Pan – Arabism in Hashemite Iraq, 1921 – 58”, International Journal of Middle East Studies, Vol. 30, No. 2 (1998), pp. 227 – 50.

م. ئەپەڵ، “دەستەبژێر و ئەفەندییەکان و گەشەکردنی ناسیۆنالیزم و پان – عەرەبیزم لە عێراقی هاشمیدا، ١٩٢١- ١٩٥٨”.

١٧ – دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆ دەستەی ئەرکانی هەواڵگریی هێزی ئاسمانیی شاهانە (بەغدا)، ٣٠ حوزێرانی ١٩٢٧324 . AIR 23 /

١٨ – ئەو ئاڵایەی لە ساڵی ١٩١٩ دا دیزاین کرا بریتی بوو لە رەنگی سەوز و بازنەیەکی سوور و نیوە مانگێکی سپی لە ناو بازنەکەدا.

١٩ – چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرەیدوون رەفیق حیلمی (١٨٩٨ – ١٩٦٠)، بەڕێوەبەری قوتابخانە و هاوکار و پشتیوانی نزیکی شێخ مەحموود. لەندەن، نۆڤەمبەری ٢٠٠٦.

20. S. H. Longrigg, “Iraq, 1900 to 1950. A Political, Social and Economic History” (Oxford: Oxford University Press, 1953), p. 104.

ئێس. ئێج. لۆنگریگ، “عێراق لە ١٩٠٠ تا ١٩٥٠، مێژوویەکی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووری”…

٢٠ – مەبەست محەمەد نووری یە (کە ڕۆژی کوردستانی دەرکردووە و کوڕی بازرگانێکی تووتنە)، عارف سائیب (سکرتێری دووەمی دادگای باڵای شاهانە)، رەفیق حیلمی (بەڕێوەبەری قوتابخانە)، عەلی کەمال (پێشتر لە شارەوانیی سلێمانی کارمەند بووە) و شێخ نووری بابەعەلی.

٢١ – بڕوانە سی. جەی. ئەدمۆنز “ڕۆژی کوردستان: ڕۆژنامەیەکی کوردی A Kurdish Newspaper: Rozh – I – Kurdistan “، کۆمەڵەی جۆرناڵی ئاسیای ناوەڕاست، بەرگی ١٢ ، ژمارە ١ (١٩٢٥)، ل ٨٣ – ٩٠.

٢٢ – بڕوانە ئێج. ئوێزۆغڵوو، “ناودارانی کورد و دەوڵەتی عوسمانی، پەرەسەندنی ناسنامە و کێبڕکێی دڵسۆزی و گۆڕانکاریی سنوورەکان

Kurdish Notables and the Ottoman State. Evolving Identities, Competing Loyalties and Shifting Boundaries ” ، (ئەلبانی: ویلایەتی نیویۆرک: سەنی، ٢٠٠٤)

٢٣ – چاوپێکەوتن لەگەڵ دلێر بەرزنجیی کوڕەزای شێخ محەمەد غەریب (کە ساڵی ١٩٢٢ وەزیری ناوخۆ بووە). لۆڕاچ، ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ . ٢٤ – شێخ مەحموود هەرچەندە کشایەوە بۆ سنووری عێراق – ئێران بەڵام پەیوەندیی لە گەڵ شاردا نەبچڕا، بەشێوەیەکی سەرەکی بە هۆی ئامادەگی و هاوکاریی تۆڕێک لە سەرۆک هۆزەکان بازرگانان و خەڵکانی دڵسۆز بە شێخ. ئەم تۆڕە وایکردبوو کە شێخ ئاگاداری پەرەسەندنی ڕووداوەکان بێت و لە ڕێگەشیەوە پرۆپاگەندەی خۆی لە سلێمانی و دەوروبەریدا بڵاوبکاتەوە، کە بە زۆری لە شێوەی واتەواتدا تەشەنەی دەکرد، بڕوانە:

بۆ شیکردنەوەی تێوەگلان و بەشداریی سەرۆک هۆزەکان لە بەرپابوونی ناڕەزایی سیاسی لە عێراقدا بڕوانە ئەی. ڤینۆگرادۆڤ، “چاوگێڕانەوە بە یاخیبوونی ساڵی ١٩٢٠ لە عێراقدا: ڕۆڵی هۆزەکان لە سیاسەتی نەتەوەیی/ نیشتمانیدا The 1920 Revolt in Iraq Reconsidered: The Role of Tribes in National Politics”،

گۆڤاری توێژینەوەی نێودەوڵەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرگی ٢، ژمارە ٣ (١٩٧٢)، ل ١٢٣ – ١٣٩.

٢٥ – لە کۆمیسیاری باڵاوە (بەغدا) بۆ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان (لەندەن)، ١٣ی. مارتی ١٩٣١. FO 371 / 15311 / E 125

٢٦ – لە ساڵی ١٩٢٦ دا، ئەندامانی کۆمەڵەکە ئەمانە بوون: رەفیق حیلمی (بەڕێوەبەری قوتابخانە)، رەمزی ئەفەندی (بازرگان)، فایەق بەگی بابان (مڵکدار)، جەمال بەگی بابان (داوەر)، ئەحمەد تۆفیق بەگ (موتەسەڕیفی سلێمانی)، شێخ مستەفا قەرەداخی (قازیی سلێمانی)، ئەحمەد بەگ و عیزەت بەگ (کوڕانی عادیلە خانمی کۆنفیدراسیۆنی جاف، کە یەکەمیان پارێزەر بوو لە هەڵەبجە دووەمیشیان پێشتر لە ساڵی ١٩١٩ دا قایمقام بووە لە سلێمانیدا)، تاهیر ئەمین ئەفەندی (سکرتێرێکی ئەوسای شێخ مەحموود بووە)، حاجی فەرەج (بازرگان)، عەبدوڕەحمان ئاغا (پێشتر مودیری ناحیەی تانجەرۆ بووە)، حاجی برایم ئاغا (بازرگان)، مستەفا پاشا (پێشتر وەزیری پەروەردە و فێرکردن بووە لە حکوومەتەکەی شێخ مەحموودا و تۆفیق قەزاز (بازرگان).

لە ئەفسەری خزمەتگوزاریی تایبەتەوە (سلێمانی) بۆ هەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی شاهانە، ٢٠ی تەمووزی١٩٢٦. AIR 23 / 323.

٢٧ – لە هیگینسەوە (باڕەگای هێزی ئاسمانیی شاهانە، بەغدا) بۆ وەزیری هێزی ئاسمانی (لەندەن)،٣٠ مارتی١٩٢٧ ، FO 371 /12255/E 1945

٢٨ – دی. ماکدواڵ، “مێژووی نوێی کورد”، (لەندەن: ئای. بی. تۆریس)، ل ١٧٥.

٢٩ – لە هیگینسەوە (باڕەگای هێزی ئاسمانی، بەغدا) بۆ وەزیری هێزی ئاسمانی (لەندەن)، ٣٠ مارتی ١٩٢٧، FO 371 / 12255 / E 1945

٣٠ – تۆفیق وەهبی، کە لە ئیستانبوڵ خوێندوویەتی و مەشق و راهێنانی کردووە، بوو بە کاپتن لە سوپای عوسمانیدا. لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، بوو بە یاریدەدەری شێخ مەحموود و لە دوای شکستی شێخ مەحموود لە ساڵی ١٩١٩دا، چووە سوپای عێراقەوە. ساڵی ١٩٣٠ کرا بە موتەسەڕیفی سلێمانی بە عوکمی دۆستایەتیی لەگەڵ مێجەر ئەدمۆنز، کە پێشتر ئەفسەر یان حاکمی سیاسیی سلێمانی بوو، پاشانیش بوو بە شاڕەزا لە کاروباری کورددا.

٣١ – پ. سڵاگلێت، “بەریتانیا لە عێراقدا”، ل ١٢٩.

٣٢ – لە دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆ هەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی شاهانە (بەغدا)، ١٨ی ئابی ١٩٣٠. AIR 23 / 417.

٣٣ – ئەندامانی ئەم بلۆکە ئەمانە بوون: مستەفا پاشا، حاجی مەلا محێدین، شێخ محەمەد غەریب، سەید نوری نەقیب، سەید عەبدوڵا، شیخ جەلال، سەید ئیبراهیم، عەبدوڵا ئاغا، مەجید رەسوڵ، سەید محەمەد موفتی،شێخ موفتی. دەکرێت ئەوە ببینیت کەوا سێکتەرە نەریتییەکان (شێخەکان و ئاغاکان) چونکە بەرهەڵستیی لایەنی ناسیۆنالیستیی کوردییان دەکرد، باڵادەست بوون بەسەر بلۆکی “سەر بە بەغدا. لە دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆهەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانی (بەغدا)، ١٦ی شوباتی ١٩٣١.

٣٤ – یەکەم هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە ناوداران بوو (لە سلێمانی بە شێوەیەکی ئاسایی ٣٠ کەس دەبوون)، کە نوێنەرایەتی گەڕەکەکانیان دەکرد. ئەمانە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی شارەوانی (رەیس بەلەدیە) کۆبوونەوە و کۆمیتەیەکی پشکنینیان هەڵبژارد بۆ سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردنەکان. هەنگاوی دواتر کۆکردنەوەی لیستە سەرەتاییەکانی دەنگدەران بوو لە هەر گەڕەکێک کە دەکەوتە ژێر سەرپەرشتیی ئەم کۆمیتەیە و پاشان لیستی دەنگدەرانی قۆناخی دووەم کۆدەکرایەوە و دواجاریش دەکرا هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێن.

٣٥ – لیستی ئەو کار و کردەوانەیە کە لە لایەن چارڵس تیلی یەوە پێناسە دەکرێت بەو مۆدێلەی کە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی تێدا تۆمارکراوەوە و گرێدراوی ستراتیجییەکانی دەسەڵاتە و بەم پێیە یەک لە هۆکارە سنووردارەکان کردەییتر و سەرنجڕاکێشتر و بەردەوامترە لە گەلێک لەو هۆکارانەی تر کە دەتوانێت خزمەتی هەمان شت بکات.

C. Tilly, “Les origines du re´pertoire de l’action collective contemporaine en France et en Grande – Bretagne”, Vingtie`me Sie`cle, No. 4 (1984), pp. 89 – 108 .

تیللی، ساڵانی دواتر، بە دەستبەرداربوون لە خاسییەتی کارکردنی کەڵەکەبوونی ئەزموون، وایدادەنێت کەوا هەموو رۆتینێک لە ناو ئەزموونە بنیاتنراوەکەدا لەڕاستیدا بریتییە لە کارلێککردنی نێوان دوو لایەن یان زیاتر.

ئەزموونەکە (ریپێرتەر) دەگەڕێتەوە بۆ شکڵبەندیی بکەرەکان لە ململانێکان و بکەرەکان لێکتر دانابڕێت.

سی. تیللی، “رێپێرتەرە ئاژاوەگێڕەکان لە بەریتانیای مەزندا، ١٧٥٨ – ١٩٣٤

Contentious Repertoires in Great Britain Contentious Repertoires in Great Britain”، لە کتێبی م. تراوگۆت، “رێپێرتەر و بازنەکانی کار و کردەوەی بەکۆمەڵ”، (دورهام، کارۆلاینای باکوور و لەندەن: چاپی زانکۆی دیوک، ١٩٩٥)، ل ٣٠.

36. Police Abstract of Intelligence, No. 29, 19 July 1930, AIR 23 / 417.

٣٦ – کورتەی هەواڵگریی پۆلیس Police Abstract of Intelligence، ژمارە ٢٩، ١٩ی تەمووزی ١٩٣٠، AIR 23 / 417 .

٣٧ – دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی)،١٢ی ئابی١٩٣٠.

CO 730/ 157 /5

٣٨ – فەرمانگەی پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنوالیسی راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ١١ی ئەیلوولی ١٩٣٠ .

٣٩ – دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) ، ١٢ی ئابی ١٩٣٠ . 6 / 157 / CO 730

٤٠ – هەمان سەرچاوە.

٤١ – مێجەر ئی. بی. سۆن، فەرمانگەی حاکمی سیاسی (سلێمانی)، بۆ ئێن. بی. فوڵەری جێگری کۆمیسیاری مەدەنی (بەغدا)، ١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠، FO 371 / 5068 / E 3297.

٤٢ – دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت، ١٢ ی ئابی ١٩٣٠، 5 /157/ CO 730

سەربەستی کوڕی تۆفیق قەزاز ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە باوکی دەربارەی ستراتیجییە سیاسییەکانی غاندی بۆ دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی هندستان گەلێ سەرچاوەی خوێندووەتەوە. بێجگە لەوەش ڕۆژنامەی “ژیان”ی ناوخۆیی هەواڵی ڕووداوە سیاسییەکانی هندستانی لە دەڤەری سلێمانیدا بڵاودەکردەوە. چاوپێکەوتنی نووسەر لەگەڵ سەربەست قەزاز، ئۆکتۆبەری ٢٠٠٧

٤٣ – لە وەزارەتی ناوخۆوە (بەغدا) بۆ پشکنەری گشتی (سلێمانی)، ١٩ی ئابی ١٩٣٠.

5. 157/ CO 730

٤٤ – دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) ، ٢٠ی تەمووزی ١٩٣٠ .

٤٥ – لە نێو ئەو شاعیرانەدا کە لە ژێر کاریگەری و ئیلهامبەخشیی ئەم ڕووداوانەدا بوون، پیرەمێرد (١٨٦٣ – ١٩٥٠)، فایەق بێکەس (١٩٠٥ – ١٩٤٨) شێخ سەلام عازەبانی (١٨٩٢ – ١٩٥٩) دیار و بەرچاو بوون.

٤٦ – محەمەد رەسوڵ هاوار، “شێخ مەحموود قارەمانی حکوومەتی کوردستان باشوور” (بە زمانی کوردی)، بەرگی دووەم (لەندەن: جاف پرێس، ١٩٩١).

٤٧ – سی. تیللی، “سیاسەتی توندوتیژیی بەکۆمەڵ The Politics of Collective Violence”. (کامبریج: چاپی زانکۆی کامبریج، ٢٠٠٣)، ل ١٨.

٤٨ – لە ئی. سی. ئێج. ئەڵبان، پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنواڵیس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ١١ی ئەیلوولی ١٩٣٠. CO 730 / 157 / 6 CO 730 / 157 / 6

٤٩ – زیانە مادییەکان شکاندنی ١٥٣ پەنجەرەی تەلاری سەرا و ١٧ چرای سەر شەقامەکانیش شکاون.

٥٠ – هەمان سەرچاوەی پێشوو.

٥١ – هەمان سەرچاوەی پێشوو.

٥٢ – دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) ، ٧ی ئەیلوولی ١٩٣٠. 229 / AIR 23

٥٣ – شێخ قادر، تۆفیق قەزاز، رەمزی فەتاح ئەفەندی، عەزمی بەگ و فایەق بەگی بابان، عەلی عیرفان، حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا، عیزەت بەگ، محەمەد ساڵح بەگ، شێخ محەمەد گوڵانی و ماجید ئەفەندی کانی ئاسکان. لە ١٦ی نۆڤەمبەری ١٩٣٠دا بڕیاری بەردانی زۆربەی ناودار و پیاوماقووڵانی سلێمانی درا بێجگە لە شێخ قادر کە بڕیاری نیشتەجێبوونی ناچاری بۆ دەرکرا لە شاری ناسرییە و هەروەها رەمزی فەتاح ئەفەندی و تۆفیق قەزاز دران بە دادگا.

٥٤ – لە دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆ هەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی شاهانە (بەغدا) ، ١٤ی ئەیلوولی ١٩٣٠، 418 / AIR 23.

٥٥ – لە ئی. سی. ئێج. ئەڵبان، پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنواڵیس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ١١ی ئەیلوولی ١٩٣٠. 157 / 6 / CO 730.

٥٦ – ف. بارث، “گڕووپە ئێتنیکییەکان و سنووریان، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و جیاوازییە کولتوورییەکان Ethnic Groups and Boundaries. The Social Organization of Culture Differences”، (ئۆسلۆ: زانکۆی فۆرلاجێت، ١٩٦٩).

57. C. Schmitt, “La Notion du politique. The´orie du partisan” .(Paris: Calmann – Le´vy, 1972), p. 67.

٥٨ – عەزمی بەگی بابان، فایەق بەگی بابان، عیزەت بەگی وەسمان پاشای جاف، محەمەد ساڵح بەگ، ماجید مستەفا ئەفەندیی کانی ئاسکان و شێخ محەمەد گوڵانی.

٥٩ – شێخ قادر، حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا، تۆفیق قەزاز و رەمزی فەتاح ئەفەندی.

٦٠ – لە دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆ هەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی شاهانە (هنێدی)، ١٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٠. 230 / AIR 23.

٦١ – ڕاپۆرتی سلێمانی، ٢٠ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٠. 418 / AIR 23 .

٦٢ – دەزگای خزماتگوزاریی تایبەت (سلێمانی)، ١ی مارتی ١٩٣١ . 233 / AIR 23 .

٦٣ – ئەم هێزە ناڕێکوپێكە، کە بریتی بوو لە نزیکەی دوو هەزار ئاشووری، ملکەچی فەرماندەیی بەریتانی بوو نەک حکوومەتی عێراق. لێڤییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە شاڵاوی بەریتانییەکاندا دژ بە یاخیبووە کوردەکان.

٦٤ – لە ئی. سی. ئێج. ئەڵبان، پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنواڵیس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ٦ی نۆڤەمبەری ١٩٣١. AIR 23 / 231 .

٦٥ – لە ئی. سی. ئێج. ئەڵبان، پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنواڵیس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ٣ی کانوونی دووەمی ١٩٣١. AIR 23 / 232.

٦٦ – ڕۆڵی نەرێنیی خەڵکی سلێمانیی خۆی لە لایەن شێخ مەحموودەوە ڕەخنە کراوە لە ڕۆژنامەکەی شێخ خۆیدا (بانگی شاخ )، (پێدەچێت ڕۆژنامەی بانگی حەق بووبێت کەوا شێخ لە ئەشکەوتی جاسەنەی لای سوورداش دەریدەکرد)، کە تێیدا ئیشارەتی بەوە کردووە کەوا خەڵکی شاری سلێمانی هەموویان “سەر بە عەرەب” بوون و گوێیان بە خەڵکی شاخەکان نەدەدا، کە شێخ مەحموود و شوێنکەوتووانی بوون. دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی)، ١٥ی مایسی ١٩٣١، .AIR 23 / 234

٦٧ – دەزگای خزماتگوزاریی تایبەت (سلێمانی)، ٩ی شوباتی ١٩٣١. 233 / AIR 23 .

٦٨ – سەبارەت بە ڕەخنەگرتن لە مەسەلەی ‘دز و جەردە’ کە لە لایەن بریکارەکانی حکوومەت و زانا و لێکۆڵەرە کۆمەڵایەتییەکان و یادەوەریی میللییەوە بەکاردەهات بڕوانە:

ک. بارکی، ”جەردە و بیروکراتەکان، رێچکە و رێبازی عوسمانییەکان بۆ بەسێنتراڵ کردنی دەوڵەت

Bandits and Bureaucrats. The Ottoman Route to State Centralization”. (Ithaca, NY and London: Cornell University Press, 1994), pp. 179 – 88.

٦٩ – سەلماندنی ئەوەی کە شێخ مەحموود سەرکردەیەکی پوختی ناسیۆنالیستە ستراتیجی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییە مۆدێرنەکانی کوردستانی عێراق نیە. لە پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ و دوو ساڵ دوای مەرگی شێخ جەماوەری خۆپیشاندەرانی سەر شەقامەکانی سلێمانی لە پشتیوانیی کۆماردا بە بەرزی “وینە و پۆرترێتی شێخ مەحموودی نەمر و سەرکردە ناودارەکانی تری کوردیان هەڵکردبوو” وەک مستەفا سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان. بروانە: ئیدمۆندس 28 / 1 Edmonds, Box.

٧٠ – لە پشکنەری ئیدارییەوە (کەرکووک) بۆ خاوەن پایە باڵوێزی بەریتانیا (بەغدا)، ٢٤ی تەمووزی ١٩٤١. FO 624 / 63

٧١ – ئەم دەربڕینە لە پ. ئە. گۆسمان وەرگیراوە ، “ئاژاوە و پشێوی بنیاتنانی ناسنامەی کۆمەڵگە لە ناو موسڵمانانی بەنگالدا، ١٩٠٥- ١٩٤٧ Riots and the Construction of Communal Identity Among Bengali Muslims “. (بۆڵدەر، کۆلۆرادۆ: چاپی وێستڤیو). ١٩٩٩، ل ١٦٥.

٧٢ – بۆ نموونە ئەم ڕاوبۆچوونە هی تۆفیق وەهبییە، کە لە گفتوگۆیەکیدا لە گەڵ سی. جەی. ئەدمۆنز باسی لەوە کردووە کە ئایدیای ئۆتۆنۆمی لەڕاستیدا لە مێشکی هەموو کەسێکدا بوو لە سلێمانی ئەوەیە کە “ئێستا خەڵک کپ و بێدەنگە، بە سادە و ساکاری لەبەر ئەوەیە وا هەست دەکەن کە بەختیان نەیهێنا”. یاداشتی ئەدمۆنز، پەڕەگرافی ٦٠٢، ٢١ی نۆڤەمبەری ١٩٣١.

) 1 – 3/ .(Edmonds Papers, Box 2

٧٣ – لەڕاستیدا وەک کاپتن ئەلبانی ڕاپۆرتی لە سەر بەرزکردووەتەوە، هەموو قوربانییەکانی هەرا و ئاژاوەکەی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ لە خەڵکی سەر بە چینەکانی خوارەوە بوون. بەهەرحاڵ، لە نەبوونی بەڵگەدا، قورسە پێ لە سەر ئەوە دابگریت کەوا رەشەخەڵکە “ئایەخ و لاوەکییەکە” هاوبەشی هەمان بیر و بۆچوونی دەستەبژێرە ناسیۆنالیستەکە بووبێتن. دەکرێت لێکۆڵینەوە و شیکاریی زیاتری مەسەلەکە ئەوە ڕوونبکاتەوە کە بە تەواوی “ئەجێندای” رەشەخەڵکەکە لە سلێمانیدا چی بووبێت لەوکاتەدا.

سەرچاوە:

گۆڤاری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەرگی ٤٤، ژمارە ٤، تەمووزی ٢٠٠٨، لاپەڕە ٥٣٧ – ٥٥٢

Middle Eastern Studies, Vol. 44, No. 4 , July 2008

P. 537 – 552

Urban Mobilization in Iraqi Kurdistan during the British Mandate: Sulaimaniya 1918 – 1930

Jordi Tejel Gorgas

جۆردی تێجێڵ گۆرگاس Jordi Tejel Gorgas

لەدایکبووی ساڵی ١٩٧١ و لە ئێستادا پرۆفیسۆری مێژووی نێودەوڵەتییە لە ئینستیتوتی گراجوەیت بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی Graduate Institute of International and Development Studies لە شاری جنێڤی سویسرا و پێشتر هاوکاری توێژینەوە بووە لە خوێندنگەی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵات و ئەفریقا و خوێندنگەی توێژینەوەی پێشکەوتووی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە پاریس. هەروەها لە زانکۆی فرایبورگ لە سویسرا موحازیر بووە. هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە خوێندنگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پاریس و زانکۆی فرایبورگ لە سویسرا. خاوەنی چەند کتێبێکی مێژووییە و لەوانە، کتێبێکی لەبارەی عێراق و مێژووی کوردەوە بە فەرەنسی (٢٠٠٦)، لەبارەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە لە سووریا لە سەردەمی ماندێتی فەرەنسادا (١٩٢٥ – ١٩٤٦) دیسان بە فەرەنسی. کتێبی سێهەمی کوردەکانی سووریا: مێژوو، سیاسەت، کۆمەڵگە (٢٠٠٩)، کتێبی چوارەمی، مێژووی عێراق: ئالینگارییە مێژوویی و سیاسییەکان، بە هاوکاری لەگەڵ پێتەر سڵاگلێت، ریکاردۆ بۆکۆ، حەمید بۆزئەرسەلان (٢٠١٢).

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …