Home / بەشی مێژووی كورد / ‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد
‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو
‎زانكۆی سۆران
پێشەکی:
شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە ئاراستەکردنی ڕەوتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان. تایبەتمەندە بە کاریگەری قووڵی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان و داڕشتنی دیدگایان. لەم بابەتەدا پێداچوونەوە بە سەفەری شێخ مەحمود حەفید دەکەین، تیشک دەخەینە سەر میرات و کاریگەرییەکەی لەسەر کۆمەڵگا.
شێخ مەحموود بەرزنجی یان مەحموود حەفیدزادە (١٨٧٨ – ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٦) ھەروەھا ناسراو بە شێخ مەحموودی نەمر سەرکردەیەکی کوردی زنجیرەیەک ڕاپەڕینی کوردی بوو دژی دەستووری بەڕیتانیا لە عێراق. شێخی بنەماڵەیەکی سۆفیی قادری بوو لە خێڵی بەرزنجیی خەڵکی شاری سلێمانی، کە ئێستا لە باشووری کوردستانە. لە چەندان لەو ڕاپەڕینانەدا وەک پاشای کوردستان ناوبراوە.

ناوەرۆک:
داگیرکردنی تەواوی ویلایەتی مووسڵ لە لایەن ئینگلیزەکانەوە لە ساڵی 1918ی.ز دا بەپێچەوانەی بڕیارەکانی ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆی ساڵی 1916ی.ز نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا بوو، چونکە بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە، ویلایەتی مووسڵ ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسی بوو، ئەمە لەلایەک لە لایەکی ترەوە داگیرکردنی شاری مووسڵ لە لایەن بەریتانیاوە بە بێ شەڕ و دوای ئاگربەستی مۆدرۆس بوو بەهۆی دروستبوونی کێشەیەک لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر کە بە (کێشەی مووسڵ) ناسراوە.

بەریتانیا تەواو پێچەوانەی ویست و ئارەزووی خەڵکی کورد لە ساڵی 1925ی.ز ویلایەتی مووسڵی بە دەوڵەتی تازە دامەزێندراوی عێراقی داگیرکەرەوە لکاند.
ئینگلیزەکان پێش ئەوەی بێنە سلێمانی شێخ مەحموود خۆی نامەی بۆناردن و ئامادەیی کوردی بۆ پشتیوانی ئینگلیز دەربڕی بەمەرجێک مافەکانی گەلی کورد لەبەر چاو بگرن.
دوای ئەمە (مێجەر نوئێل) بە نوێنەرایەتی ئینگلیز هاتە سلێمانی و لە 17ی تشرینی دووەمی 1918ی.ز دا شێخ مەحموودی وەک حۆکمداری سلێمانی ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی واتای سنووری حۆکمداری شێخ مەحموود دیاری بکرێت، کە دوواتر ئەمانە بوون بەخاڵێکی گرنگ لە ناکۆکییەکانی نێوانیاندا.
سەرەتا شێخ مەحموودی حەفید لە 21ی نیسانی ساڵی 1919ی.ز دوای ئەوەی ئینگلیزە داگیرکەرەکان ویستیان حکوومەتەکەی بڕووخێنن، ئەویش لەناوچەی سلێمانی توانی هەرچی فەرمانبەر و سەربازی ئینگلیزی هەیە دەریان بکات، بۆیە ئینگلیزەکانیش هێرشێکی گەورەیان کردە سەر شێخ مەحموود و پایتەختەکەی، ئەوە بوو چەند شەڕێکی گەورە لە نێوانیاندا ڕوویدا، تا لە حوزەیرانی ساڵی 1919ی.ز لە شەڕی دەربەندی بازیان، کە تێیدا جەنگاوەرەکانی کورد بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموود ئازایەتییەکی گەورەیان نواند لە بەرامبەر هێزی داگیرکەری ئینگلیزدا.
بەڵام ناهاوسەنگی تەرازووی هێزی سوپای نێوان هەر دوولا، کەمی خاروبار و تەقەمەنی جەنگی و خیانەتی هەندێک لە سەرۆک هۆزەکانی کورد و دواتریش برینداربوونی شێخ مەحموود لە پاڵ (بەردە قارەمان)دا، سەرجەم ئەم خاڵانە بوون بەهۆی تێکشکاندنی سوپاکەی شێخ مەحموود و دواتریش لەکاتی بەدیل گیرانی خودی شێخ، ئینگلیزەکان بڕیاری سێدارەیان بۆ دەرکرد، بەڵام دواتر بڕیارەکە گۆڕدرا و بەدەست بەسەری ڕەوانەی هیندستان کرا و تا ساڵی 1922ی.ز لەوێ مایەوە.
لە ماوەی هێشتنەوەی شێخ مەحموود لە هیندستان بارودۆخی عێراق بەگشتی و کوردستان لەهەڵچووندا بوو.
لەو ماوەیەدا لە (25)ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1920ی.ز حکوومەتی کاتی عێراقی داگیرکەر دامەزرێندرا.
لە ئازاری ساڵی 1921ی.ز یشدا بەسەرپەرشتی (ونستۆن چەرچڵ)ی وەزیری داگیرگەکانی بەریتانیا لەسەر چارەنووسی عێراق و باشووری کوردستان کۆنگرەی قاهیرە بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا جگە لە بڕیاری دانانی (فەیسەڵ کۆڕی حسێن) پادشای عێراق، چارەنووسی (ویلایەتی مووسڵ)یش وەک بەشێک لە دەوڵەتی عێراق سەیر نەکرا بوو.
ئەو کاتەی شێخ لە هیندستان دەست بەسەر بوو، سلێمانی تا ساڵی 1922ی.ز ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و ئەفسەرەکانیدا بەڕێوە دەچوو، لەو ماوەیەدا ساڵی (1919تاکوو1922ی.ز) لە ئەنجامی گوشاری خەڵکی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی، هەڕەشەی مەترسی تورکە داگیرکەرەکانیش لەچەند ناوچەیەکی کوردستان، ئینگلیز بۆ ئارام کردنەوەی بارودۆخەکە، ئازادکردنی شێخ مەحموودی بەباشترین چارەسەر دەزانی.
دوای ئەوەی شێخ مەحموود لەناو پێشوازییەکی گەورەدا لە 30ی ئەیلوولی 1922ی.ز گەیشتەوە سلێمانی، لە 10ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا بەفەرمانێکی حوکمداری کابینەی حکوومەتەکەی لە سلێمانی ڕاگەیاند و خۆیشی وەک (مەلیک)ی کوردستان ناسێندرا.
ئەندامانی حکوومەتەکەی شێخ مەحموود بریتی بوون لە:
1- سەرۆک وەزیران و سوپا سالار: شێخ قادری حەفید
2- وەزیری ناۆخۆ: شێخ محەممەد غەریب
3- وەزیری دارایی: کەریمی عەلەکە
4- وەزیری پەروەردە(مەعاریف): مستەفا پاشای یامولکی
5- وزیری ئەشغال: محەممەد ئاغا عەبدولڕەحمان ئاغا
6- لێپرسراوی گشتی گومرک: ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ
7- لێپرسراوی گشتی ئاسایش: سەید ئەحمەدی بەررنجی
8- مۆفەتیشی گشتی: میر لیوا سدیق پاشای قادری
9- ورزیری بەرگری: ساڵح زەکی بەگی ساحێبقڕان

ئینجا موتەسەڕیف و پارێزگار و بەڕێوەبەری ناحیە و پۆستە گرنگەکانی تری دەست نیشان کرد و ئاڵای کوردستان لەسەر هەموو دام و دەزگا و بیناکانی حکوومەت هەڵکرا، بێگۆمان ئەم کارانە بەدڵی ئینگلیزە داگیرکەرەکان و تەنانەت حکوومەتی تازەی عێراقی داگیرکەر نەبوو.
شێخ مەحموود نەیدەویست و بەوەش ڕازی نەدەبوو کە تەنها دارودەستەی ئینگلیز ملکەچ و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەوان بێت، بەڵکوو دەیویست سنووری دەسەڵات و سنووورێکی جۆگرافی دیاریکراوی هەبێت و کەس دەست نەخاتە نێو کاروباریەوە، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە، ئەو کاتە تورکە داگیرکەرەکان هێزێکیان بە سەرۆکایەتی عەلی شەفیق (ئۆزدەمیر پاشا) ڕەوانەی ڕەواندز کردبوو، ئەمانە هەوڵیان دەدا لە شێخ مەحموود نزیک ببنەوە، شێخ مەحموودیش ئەو کاتە چ بەهۆی نائۆمێد بوونی لە ئینگلیز و چ لە ژێر کارتێکردنی تورکە داگیرکەرەکان، وردە وردە لە تورکەکان نزیکتر دەکەوتەوە.
سەرجەم ئەمانە ڕێگا خۆشکەر بوون بۆ دووبارە گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان شێخ مەحموود و ئینگلیز و دواتریش دەست پێکردنەوەی شەڕی نێوانیان.
ئینگلیزەکان بۆ لەناوبرنی حکوومەتەکەی شێخ مەحموود لە 22ی شوباتی ساڵی 1922ی.ز بەفڕۆکە بەخەستی بۆردوومانی شاری سلێمانیان کرد و خەڵکێکی مەدەنی زۆریان کوشت.
شێخ مەحموودیش لە سەرەتای ئازاری هەمان ساڵدا، ڕوویکردە ئەشکەوتی جاسەنە لە سورداش.
بەڵام دوای ئەوەی ئینگلیزەکان لە حوزەیرانی ساڵی 1923ی.ز (سلێمانی)یان چۆڵکرد، لە تەمووزی هەمان ساڵدا جارێکی تر شێخ گەڕایەوە سلێمانی.
شەڕ و ناکۆکی نێوان شێخ و ئینگلیز کۆتایی پێنەهات، لە دوایدا بە بڕیاری کۆمەڵەی گەلانیش ویلایەتی مووسڵ بە عێراقی دەستکردی داگیرکەرەوە لکێندرا.

دەرەنجام:
ئەم گەورە پیاوەی کورد جگەلەوەی کە جێپەنجەی بەسەر ھەموو رووداوەکانی ئەو سەردەمەی کوردستان و عێراقەوە ھەیە، شەخسیەتێکی کۆمەڵایەتی گەورەش بوو. خوێندەوارێکی بەسەلیقەو شاعیرێکی بەھرەداریش بوو. پێکھاتەو حکومەت و دەزگا ئیدارییەکانی تری شێخ مەحمود نیشانەی ئەوەن کە ئەم پیاوە ھەڵکەوتووە بایەخیداوە بە خەڵکی رۆشنبیرو زۆربەی ھەرە زۆری ئەفسەرو شاعیرو رۆشنبیرانی کورد پەیوەندییان بەشۆڕش و حکومەتەکەیەوە کردووە.

‎سەرچاوەكان

  • www.zanyari.com
  • www.wshe .net
  • www.haremnews.com • www.kurdiu.com

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …