Home / بەشی مێژووی كورد / سیلڤیۆ فان ڕۆی: ئەو پیاوەی بە تەنیا دونیایەک کاری بۆ کورد کردووە

سیلڤیۆ فان ڕۆی: ئەو پیاوەی بە تەنیا دونیایەک کاری بۆ کورد کردووە

15578865_1320392308022246_600189297465414514_n
دکتۆر جەبار قادر
لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو و دوای شەڕی دووەمی جیهانی، کە لێکەوتەکانی وێرانکاری و کارەساتی مرۆیی زۆر سامناک بوون، کەم کەس هەبوو لە وڵاتانی ئەوروپا بپەرژێتە سەر ئەوەی بیر لە ئازار و نەهامەتی گەلانی دیکا بکاتەوە، بە تایبەتی گەلێکی بێدەرەتانی دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی وەک کورد کە بە زۆر بێدەنگ کرابوو و بە خراپترین شێوە دەچەوسێنرایەوە. چینە سەردەست و پارێزگارەکانی وڵاتانی کۆڵۆنیالی دەستیان لە گەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا تێکەڵ کردبوو و لە دژی کورد و داخوازییە ڕەواکانی بوون. لە بەرامبەریشدا بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە چەپ و دیموکراتەکان ڕاپەڕین و جموجووڵەکانی کوردیان بە کردەوەی شۆڕشگیری و پێشکەوتنخواز دانەدەنا. لێکدانەوەی زۆریان بۆ بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی کورد ئەوە بوو، کە کاردانەوەی ئاغا و دەرەبەگ و هێزە کۆمەڵاتییە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگای کوردین لە دژی مۆدێڕنیتە و دابەشکردنی زەوی و زار بە سەر جوتیاراندا. بەشێکی ئەم بۆچوونانە لە لێکدانەوەی پارتە کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکانەوە سەرچاوەیان گرتبوو، بەشەکەی دیکەشیان لە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا جێگیر ببوون. ئەم بۆچوونانە پرسی چەوسانەوەی نامرۆڤانەی کوردیان بە تەواوی پشتگوێ خستبوو، بۆیە بەو ڕەهاییە دروست نەبوون. ڕاستە بەشێکی گرنگی بەرپرسانی بزووتنەوەی کوردی بە مەبەستی پاڕاستنی پێگەی دەرەبەگایەتی و باڵادەستیی خۆیان بەشدارییان لە بزووتنەوەکەدا دەکرد و کاتێ دەگەیشتنە مەرامی خۆیان نەک هەر دەستبەرداری دەبوون، بەڵکو زۆر جار دەستیان لە گەڵ دوژمنانیدا تێکەڵ دەکرد. بەڵام لە بەرامبەردا جەماوەرێکی زۆر لە دژی چەوسانەوەی نەتەوەیی و ئابوری و ژیانی کۆڵەمەرگی ڕادەپەڕین.
لەم کەش و هەوا سیاسییە نالەبارەدا بۆ کورد، پیاوێکی خاوەن ویژدان لە هۆڵەندا دەستی کرد بە هەوڵدان بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان لە بارەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردەوە. ڕێکخراوێکی پشتگیری بە ناوی (کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کوردستان International Society Kurdistan ) دامەزراند و دەستیکرد بە دەرکردنی گۆڤار، ڕاستتر هەواڵنامەی (Kurdish Facts) کە مانگانە بوو و لە دەسپێکدا بڕیاڕ وابوو ساڵی بیست جار بڵاوبکرێتەوە. ئەمە بێجگە لە چاپکردنی هەندێ نامیلکە و کتێبی وەرزی و ساڵانە. لەو کاتەدا تەنها ڕێکخراوەی کوردی لە ئەوروپا کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بوو، کە ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان لە ڕێزەکانی خۆیدا کۆدەکردەوە و ئەندامانی لە وڵاتە جیاوازەکان هەوڵی ناساندنی کوردیان بە گەلانی ئەوروپا ئەدا. لە گەڵ بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلولدا هەندێ کۆمەڵە و ڕێکخراوە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمێریکا پەیدا بوون، کە لە ڕاستیدا زۆربەیان ڕێکخراوەی تاکە کەسی یا چەند کەسی بوون. لە نێو ئەمانەی دواییدا دکتۆر کامەران بەدرخان لە پاریس و دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی لە لۆزان ڕۆڵی سەرەکییان دەبینی.
دامەزرێنەر سەرۆکی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کوردستان ناوی سیلڤیۆ فان ڕۆی بوو. فان ڕۆی بنەماڵەیەکی ناوداری شاری ڕۆتردامن. سیلڤیۆ لە ساڵی ١٩٢٤ لەو شارە هاتۆتە دونیاوە. وەک ڕۆژنامەوانێکی فریڵانس کاری دەکرد. سیلڤیۆ هەندێ جار لە ژێر ناوی خوازراودا وەک هانس ڤێرد Hans Weerd نووسینی لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی هۆڵەندا و دەرەوەی هۆڵەنداش بڵاوئەکردەوە. ئەو پرس و بابەتانەی سیلڤیۆ فان بایەخی پێدەدان و کاری لە سەریان دەکرد پرسی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان بوو بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، یەکێتی سۆڤیەت و چین. لەم بوارانەدا و لە تەک چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانیدا چەندین توێژینەوەی لە سەر داخوازی حکومەتەکانی هۆڵەندا و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا ئەنجامداوە.
دوا بە دوای کودەتاکەنی ١٤ تەمموزی ١٩٥٨ لە عیراق و ٢٧ ئایاری ١٩٦٠ لە تورکیا، لە دوای بێدەنگییەکی دوور و درێژ لە باکور و باشوری کوردستان، باس و خواس لە بارەی کوردەوە جارێکی تر سەری هەڵدایەوە. لەم کاتەدا سیلڤیۆ فان ڕۆی لە گەڵ چەند خوێندکار و ڕۆژنامەوانانی وەک ڕولۆف کۆڕنێلیس تامبور(١٩٣٩ – ؟ )، کە دوایی بوو بە پەیامنێری کاروباری پاڕلەمان بۆ ڕۆژنامەی ” هێت فرایە فۆڵک – گەلی ئازاد”ی ئەمستەردام، و ئێدوارد فان پراگ(١٩٢٢ – ١٩٨٥)، دواتر بوو بە سکرتێری پارتی “دیموکراتانی ٦٦”، کۆمەلەی نێونەتەوەیی کوردستانی لە مانگی تەمموزی ١٩٦٠ دامەزراند. وەکو هەر کارێک کە ئەوروپاییەکان دەیکەن، یەکەم شت بیری لێدەکەنەوە پەیداکردن و کۆکردنەوەی زانیار و داتای پێویست بوو. ئەمە تا ئێستاش لە لای ئێمە نەبووە بە نەریت. کۆمەڵە یەکسەر دەستی کرد بە کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوە لە بارەی کورد و کوردستانەوە. پەیوەندی بە زۆر کەسەوە کرد کە لە بارەی کوردەوە شتێکیان دەزانی. لە گەڵ بەدرخان، وانلی، قەناتێ کوردۆ، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا و هەندێ لە ڕۆژهەڵاتناسان و کوردناسانی ئەوروپا لە پەیوەندی و تێکەڵیدا بوو. بڕیاریاندا لە سەر ئاستێکی نێونەتەوەیی لە بارەی دۆز و مێژووی کورد و کوردستانەوە کار بکەن بۆیە بڵاوکراوەکانیان بەزمانی ئینگلیزی بوو. سیلڤیۆ بۆ خۆی دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمەڵەکە بوو و زۆربەی کارەکانی هەر بە خۆی دەکرد.
سیلڤیۆ لە ژمارە ٧ هەواڵنامەکەیدا، کە دوای ساڵێک لە دامەزراندنی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کوردستان دەرچووە، کۆمەڵەکەی بەم شیوەی خوارەوە پێناسە کردووە:” گروپێکی کاری نێونەتەوەیی دیموکراتی ناحیزبییە. لە تەمموزی ١٩٦٠ لە هۆڵەندا دامەزراوە. ئێستا لە سی وڵات لایەنگر و ئەندامی هەیە و کار دەکات”. ئامانجەکانیشی لەم خاڵانەدا کورت کردۆتەوە: ١. کۆکردنەوە و بەخشینی زانیاری لە بارەی کورد و کوردستانەوە، ٢. یارمەتیدانی نەتەوەی کورد لە خەباتیدا بۆ ئازادی و دیموکراتی، ٣. پێشکەسکردنی هاوکاری لە بنیاتنانی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان کورد و نەتەوە دراوسێکان و هەموو گەلانی جیهانا. ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەکەش لەم کەسانە پێکهاتبوون: س. ئێ. فان ڕۆی (سەرۆک)، جێگری سەۆک و کاروباری خوێندکاران ل. سیمۆنس، سکرتێری گشتی و کاروباری کتێبخانە ی. کامپ، ژمێریار ئێ. ڤ. بروکسما. کۆمەڵەکە لە پەیوەندی توند و تۆڵدا بوو لە گەڵ ئەوانەی ئەو کاتە بۆ ناساندنی دۆزی کورد لە ئەوروپا کاریان دەکرد. لە بارەی هەواڵنامەکەشیانەوە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم هەواڵنامەیە دەیەوێت باس و خواسی کورد و کوردستان بە جیهان بگەیەنێت.
یەکێ لە کارە گرنگەکانی سیلڤیۆ فان ڕۆی بە هاوکاری لە گەڵ ڕولۆف تامبورا بڵاوکردنەوەی بیبلیۆگرافیای کوردی بوو(بیبلیۆگرافیای کوردی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کوردستان). ئەم کارە بە یەکێک لە باشترین بیبلیۆگرافییەکان لە بارەی کورد و کوردستانەوە دائەنرێت. هەموو ئەو نووسینانە دەگرێتە خۆ کە لە بارەی کورد و کوردستانەوە تا ٣٠ حوزەیرانی ١٩٦٦ بە زیاتر لە بیست زمان بڵاوکرابوونەوە. بیبلیۆگرافیاکە بەسەر یەکەوە ٩٣٥٠ ناونیشانی گرتۆتە خۆ. ئەم بەرهەمە گرنگە لە ساڵی ١٩٦٨ لە دوو بەرگ و لە نزیکەی ٧٠٠ لاپەڕەدا لە ئەمستەردام بڵاوکراوەتەوە. ئەمە لە دوای بیبلیۆگرافیا ڕووسییەکەی ژاکە موسائیلیان، کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە مۆسکۆ بڵاوکرایەوە، باشترین و بەربڵاوترین بیبلیۆگرافیا بوو، کە ئاسانکارییەکی زۆری بۆ توێژەران و کوردناسان پێکدەهێنا.
پرسێکی تری پڕ بایەخ و گرنگ کە سیلڤیۆ فان ڕۆی و هاوڕێکانی بیریان لێکردەوە کۆکردنەوەی زانیاری بیۆگرافی (ژیاننامەیی) بوو لە بارەی کورد و کەسایەتییەکانی کوردستانەوە. لەم بوارەدا زۆر وێنەی دەگمەنیشیان کۆکردەوە و ئێستا لە پێنج کارتۆندا پارێزراون. ئەم کارەیان بۆ ئەوە بوو کە لە داهاتوودا ئینسایکڵۆپیدیاییەک لە بارەی کورد و کوردستانەوە ئامادە بکەن کە وادیارە ناوی کوردیکایان لێنابوو. دوای ئەو ڕۆژانە بە زیاتر لە سی ساڵ هەوڵێکی تر لەم بوارەدا درا بە هاوکاری پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسیی سەر بە ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا بۆ ئامدەکردنی کورتە یا پوختە ئینسایکڵۆپیدیای کوردستان. خوالێخۆشبوو دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی سەرپەرشتی دەکرد و نووسەری ئەم چەند دێڕەش تێیدا بەرپرسیاری ئامادەکردن و چاپی سۆرانی بوو. لە بەر بێ پارەیی ئەم پرۆژە گرنگە نەهاتە دی. کاتێ گەڕامەوە بۆ وڵات لە دوای ڕەزامەندی مامۆستا وانلی ویستمان پرۆژەکە لەوێ جێبەجێ بکەین، بە هۆی ڕێنمایی بیرۆکراتی و تێنەگەیشتن لە گرنگی ئەم جۆرە پرۆژانە و کەمدەرامەتی دارایی و زانستی و لە دوای ئەوەی بە دوو سێ کەس بە هەزار حاڵ کەرەستەی دوو بەرگمان ئامادە کرد، پرۆژەکە دیسان پەکخرا و لە گۆڕ نرا. هیوادارم ڕۆژێک ناوەندێکی زانستی ڕاستەقینەی کوردی پەیدا ببێت و ئەم پرۆژە گرنگە زیندوو بکاتەوە.
بەرپرسانی ئەم کۆمەڵەیە پلان و خەونی زۆر گەورەیان هەبوو. لە لایەکەوە بیریان لە پێکەوەنانی کتێبخانەیەکی ناوەندیی کوردیی لە ئەوروپا دەکردەوە، کە یەکێ لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوەکە یان کامپ، کە تەمەنی سی ساڵ بوو و لە بواری زماندا لە زانکۆی ئەمستەردام خوێندنی تەواو کردبوو. شارەزایی لە سانسکریتیدا هەبوو و لە زمانی یۆنانی نوێوە کاری وەرگێڕی دەکرد. کامپ دەیوسیت لە سەر ڕەهەندی زمانەوانی دۆزی کورد کار بکات. کامپ سەرباری ئەرکی سکرتێری گشتی کۆمەڵەکە، بەرپرسیارێتی کتێبخانەکەشی لە ئەستۆ بوو. لە ماوەی نۆ مانگدا لە کاتی دامەزراندنی کۆمەڵەکەوە، دوو سەد ناونیشان و ١٢٥٠ بابەتی بیبلیۆگرافی کۆکردەوە. کامپ سێ ئامانجی بۆ خۆی دانابوو. فێربوونی زمانی کوردی، سەرپەرشتیکردنی کارە زانستییەکانی کۆمەڵەکە و گەڕان بە کتێبخانە ڕۆژهەڵاتناسییەکاندا بۆ کۆپیکردن و کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی کوردەوە بۆ کوردیکا. ئەمانە هەمووی کاری مەزن بوون و بە ڕێکخراوێکی کەمدەرامەتی وەک کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کورد زۆر ئەستەم بوو جێبەجێ بکرێن. لە گەڵ ئەوەشدا بە هەموو توانایانەوە لەم ڕێگەیەدا کاری زۆریان کرد و کۆسپ و تەگەرەکان ساردیان نەکردنەوە، بۆیە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندیان لە دوای خۆیان بۆمان بەجێهێشت.
لایەنێکی تری بایەخپێدانی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کوردستان جیۆگرافیای کوردستان بوو. بۆ ئەم مەبەستە بەشێکیان بە ناوی بەشی جیۆوگرافیایەوە کردەوە، کە هێلموت بێکەرز لە دوسلدۆرف سەرپەرشتی دەکرد. بێکەرز دوو جار سەردانی کوردستانی کردبوو. ئەم بەشە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری بوو بۆ ئەوەی گایدێک “ڕێبەرێک”ی گەشتیاری بۆ هەموو کوردستان دروست بکات. دەستکرابوو بە کۆکردنەوەی نەخشەی جیۆگرافی تایبەت بە ئابوری، هۆز و خێڵ، مێژوو و زمانەکانی کوردستان. لەم بارەیەوە داوای یارمەتی لە خوێنەران کرابوو بۆ ناردنی زانیاری و ئاگاداری تایبەت بەم بوارە بۆ کامپ و کۆمەڵەکە. ئەو نەخشە جوگرافییە فرەنسییەی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٠٠ و ناوی کوردستانی لە سەرە و ئەو نەخشانەش کە کوردستان بە دابەشکراوی لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێراندا پیشان ئەدەن بە هەوڵی ئەم بەشە پەیدا کران. هەندێکیان هی دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی بوون و لە گەڵ وتارێکی خۆیدا لە هەواڵنامەکە بڵاوی کردنەوە و هەندێکی تریان بە هەوڵی ئەندامان و لایەنگرانی پەیدا کران و لە کتێبخانەکانی ئەوروپا و ئەمێریکا دۆزرانەوە.
لە ژمارە ١٢ ساڵی ١٩٦٨ سیلڤیۆ فان ڕۆی ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەلی لە سەر کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەکە بڵاوکردۆتەوە. ئاماژە بە چاپکردنی هەندێ کتێب و نامیلکە دەکات لەوانە کتێبێکی حەمەڕەش ڕەشۆ، بیبلیۆگرافیای کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کوردستان و ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانی ئالان وارد ” ئیلیمێنتەکانی زمانی کوردی” کە لە پلاندا بوو بۆ ساڵی ١٩٦٩ دا بڵاوبکرێتەوە. سیلڤیۆ لەو ڕاپۆرتەیدا باس لە کۆسپ و ئاستەنگە دارایی و سیاسییەکانیش لە بەردەم کۆمەڵەکە دەکات. تورکیا لە دژی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی حەمەڕەش ڕەشۆ کێشەی بۆ کۆمەڵەکە دروست کردبوو. نوێنەری کۆمەڵە لە بوڵگاریا دەستگیر کرا هەرچەندە کەسێک بوو لە شەڕی ئازادی بوڵگاریا و لە دژی نازییەکان پارتیزانێکی جوامیر بوو. ئەوەی چیکۆسلۆفاکیا بە هۆی شۆڕشەکەی دوبچک و داگیرکاری سۆڤیەتەوە هەڵهاتوو و خۆی گەیاندە هۆڵەندا. پەیامنێرەکەیان لە باشوری کوردستان لە لایەن ئێرانەوە بێدەنگ کراو و ئیتر نەیدەتوانی هەواڵ و زانیارییان بۆ بنێرێت. هەموو ئەوانەی هاوکاری کۆمەڵەکەیان دەکرد لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیاندەوێرا بە ئاشکرا کار بکەن. زۆریان بە دزییەوە کاریان بۆ کۆمەڵەکە دەکرد و نامە و هەواڵیان بۆی دەنارد. لە لوبنان و سوریا لە بارێکی سەختدا کاریان دەکرد.
هەرچەندە ئەوانەی کۆمەڵەکەیان دامەزراند خەڵکانی چەپ و دیموکرات بوون (هەڵبەتە بە مۆدێلە ڕۆژئاواییەکە)، بەڵام ئەمە دادی نەدەدان و کەوتبوونە بەر شاڵاو و هێڕشی شۆڤینیستانی عەرەب کە بە لایەنگرانی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و دابەشکردنی خاکی عەرەب تۆمەتباریان دەکردن. هەندێ کوردی عیراقچیش بەشدارییان لەم هەڵمەتەدا دەکرد. هەموو ئەم کۆسپ و تەگەرانە ورەیان پێیان بەرنەدادو و لە سەر کارەکانی خۆیان بەردەوام بوون.
سیلڤیۆ فان ڕۆی تا ئەو ڕۆژەی کۆچی دوایی کرد (لە ساڵی١٩٨٢) ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی کۆکردەوە، کە درێژیی دوازدە مەتر و نیوە. لە بەر ئەوەی هەر خۆی لە یەکەم ڕۆژەوە دامەزرێنەر، سەرۆک و جێبەجێکاری کارەکانی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کوردستان بووە، بۆیە جیاکردنەوەی ئەرشیفی کەسیی خۆی لە ئەرشیفی ڕێکخراوەکە کارێکی ئاسان نیە. پەیمانگەی نێونەتەوەیی مێژووی کۆمەڵایەتیش، کە ئەرشیفی فان ڕۆیی پێ بەخشراوە وەک یەک یەکەی ئەرشیفی هەڵس و کەوتی لە گەڵدا کردووە و لە کتێبخانەکەی خۆی لە ئەمستەردام پاراستوویەتی و لیستی بۆ پێکهاتەکەی دروست کردووە. ئەرشیفەکە گەلێک دەوڵەمەندە نامیلکە، کتێب، ڕۆژنامە، گۆڤار، وێنە، بەکرەی دەنگی تۆمارکراو…تاد دەگرێتە خۆی.
لەم وتارە کورتەدا ناکرێت باس لە هەموو ئەو بەڵگە و کەرەستە مێژووییانە بکەم کە لە ئەرشیفی سیلڤیۆ فان ڕۆی و کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کوردستان لە ئەمستەردام پارێزراون. ئەوەی گرنگە ئاماژەیان پێ بکەم ئەم دۆسێ و فایلانەن:
• دەسنووسەکانی سیلڤیۆ فان ڕۆی لە بارەی کورد و کوردستانەوە، لە گەڵ هاوپێچەکاندا ساڵی ١٩٦٨. (شەش فایل).
• فان ڕۆی: کورد: گەلێکی ژێر دەستە، ١٩٦٨. هەروەها کوردستانی شاراوە، ساڵی بەسەرەوە نیە.
• ڕاپۆرتی شەر لە کوردستان لە ساڵی ١٩٧٤ (یەک فایل).
• تێبینی بیۆگرافی و گەلێ وێنەی ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦٩ بۆ ئامادەکاری دانانی ئینسایکڵۆپیدیای کوردیکا (پێنج کارتۆن).
• زانیاری بیبلیۆگرافی کە بۆ ئامادەکردنی بیبلیۆگرافیای کوردی کۆکرانەوە و لە ساڵی ١٩٦٨ لە دوو بەرگدا بە چاپ گەیەندرا (یەک کارتۆن).
• تێکستەکانی کتێبی ساڵانەی کوردستان (١٩٦٦) (دوو فایل).
• کۆپی هەواڵنامەی ((Kurdish Facts و هەواڵە تایبەتەکانی ISK و کتێبی ساڵانەی کوردستان هی ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦٧ (دوو فایل).
• دەسنووس لە بارەی ڕووداوەکانی کوردستانەوە لە گەڵ دیمانە و چاوپێکەوتنی تۆمار کراو لە سەر بەکرە (ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٧٠).
• دەسنووسی کتێبەکەی ئالان وارد لە ساڵی ١٩٦٨.
• ژمارەکانی گۆڤاری هاوار ١٩٣٢ – ١٩٣٣ لە گەڵ کۆمەڵێک ڕۆژنامەی کوردان بە زمانی عەرەبی هی ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦٦. (یەک کارتۆن).
• کۆمەڵێ ڕۆژنامەی عەرەبی لە بارەی کورد و کوردستانەوە. (یەک کارتۆن).
• کۆمەڵێ نەخشە و گایدی (ڕێبەری),گەشتیاری ژمارەیەک وڵاتی وەک تورکیا، عیراق، ئێران، یەکێتی سۆڤیەت، ئەڵمانیا، ئوترێش …تاد (سێ کارتۆن).
• بەڵگە و دەکیومێنتی تری ساڵانی جیاواز. ( یەک کارتۆن)
• تێکستی کوردی بە دیالێکتی کرمانجی – هۆگۆ ماکاس ١٩٢٦.
• لە بارەی کورد و کوردستانەوە لە گەڵ پاشکۆکاندا ١٩٦٨ (شەش دۆسێ). ئەمانە و گەلێ بەڵگەنامە و کەرەستەی مێژوویی تر کە دەکرێت بۆ دەمێکی دوور و درێژ مرۆڤ کاریان لە سەر بکات و زانیاری گرنگیان لێ وەدەست بێنێت.
بەر لە دە ساڵ خۆبەخشانە بۆ ماوەی دوو حەفتە کارم لەم ئەرشیفە کرد. کۆمەڵێک نووسراو، تۆماری دەنگ و وێنەیان هەبوو، کە پیتی عەرەبی شتیان لە سەریان نووسرابوو یا هیچیان لە سەر نەنووسرا بوو، وادیارە کەسیان دەست نەکەوتبوو ناوەڕۆکی ئەو شتانەیان بۆ یەکلا بکاتەوە، بۆیە داواین لە من کرد و منیش بە خۆشحاڵییەوە کارەکەم ئەنجامدا. دوای ئەوە بۆ ماوەی دە ساڵ گەڕامەوە بۆ کوردستان و بابەتەکەم بۆ ماوەیەک لە بیر کرد. لەم ڕۆژانەدا لە نێو پەڕاو و کاغەزە کۆنەکانمدا دەگەڕام پێنج ژمارەی هەواڵنامەی(Kurdish Facts and West- Asian Affairs )م لە فایلێکی کۆندا دۆزییەوە، کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێ لە مۆسکۆ دەمخوێند دۆستان و برادەران لە ئەڵمانیا و سویدەوە بۆیان ناردم، بۆ ئەوەی لە ئامادەکردنی تێزی دکتۆراکەمدا کەڵکیان لێ وەربگرم. کاتێ لە ١٩٧٨ گەڕامەوە بۆ کوردستان نەمتوانی لە گەڵ خۆمدا بیانبەمەوە، بۆیە لە لای دکتۆر جەمشید حەیدەری دامنان. دوای ساڵانێکی زۆر دکتۆر جەمشید ماڵی ئاوا بێت، فایلێکی بۆم ناردەوە، وادیارە بەشێکی شتەکانی تر بەر ئەو ئاگرە کەوتن کە لە ماڵەکەی لەوێ گڕی گرتبوو. ئەم ژمارانەی هەواڵنامەکە بابەتەکەی هێنایەوە بیرم و بە پێویستم زانی لایەک لە سیلڤیۆ فان ڕۆی و هاوڕێکانی بکەمەوە کە بە بێ بەرامبەر ئەو هەموو ڕەنجەیان بۆ کورد کێشاوە و چاوەڕوانی ئەوە نەبوونە کەس سوپاسیان بکات. ئەم جۆرە مرۆڤانە مایەی ڕێزلێنان و نابێت کورد لە یادیان بکات. چەند کوردێک هێشتا لە ژیاندان کە لە کاتی خۆیدا لە گەڵ ئەم پیاوەدا پەیوەندییان هەبووە، بەداخەوە من بۆ خۆم نەمبینیوە هیچیان لە سەر نووسیبێ یا وەبیری ئێمەیان هێنابێتەوە.
سەرچاوەکانی ئەم زانیارییانە ئەمانەن:
1. Rooy, Silvio van and Tamboer, Kees. ISK’s Kurdish Bibliography. (International Society Kurdistan, 2 vols.). Amsterdam 1968.
2. Kurdish Facts, and West Asian Affairs, Nr. 7, 8, 11-12, Amsterdam1961; Nr. 2, 12. Amsterdam 1968.
3. Archief Silvio van Rooy, 1948- 1982. Internationaal Instituut voor Sociale Geschiedenis.
4. Lokman I. Meho and Kelly L. Maglaughlin, Kurdish Culture and Society, An Annotated Bibliography, GP, London 2001.
5. Martin van Bruinessen, The Kurds in movement: issues, organization, mobilization, talk given to the Friends of the IISH, Amsterdam, 4 December 2003
وێنە و پاشکۆکان:
– سیلڤیۆ فان ڕۆی (١٩٢٤ – ١٩٨٢).
– سیلڤیۆ فان ڕۆی لە گەڵ دکتۆر مەحمود عوسمان لە ئەمستەردام لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو.
– نەخشەیەکی فرەنسی ساڵی ١٧٠٠ کە کوردستانی لە سەر نووسراوە Curdistan.
– وێنەی بەرگی چەند ژمارەیەکی Kurdish Facts

 

 

 

15741092_1320392051355605_3491766091421590176_n

 

15747682_1320392124688931_775670054328256468_n

 

 

15578865_1320392308022246_600189297465414514_n

15727194_1320392228022254_775760771203385378_n

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …