Home / بەشی مێژووی كورد / نامەیەکى مامۆستا شاکر فەتاح بۆ شێخ محەمەدى خاڵ

نامەیەکى مامۆستا شاکر فەتاح بۆ شێخ محەمەدى خاڵ

Capture

نامەیەکى مامۆستا شاکر فەتاح بۆ شێخ محەمەدى خاڵ
د.ئاراس محه‌مه‌د سالح
مامۆستا شاکر فەتاح وەک ڕۆشنبیر و خەمخۆرێکى پرۆسەى خوێندن و ڕۆشنبیرى لە کوردستاندا پەیوەندى بەهێزى لەگەڵ شێخى خاڵدا هەبووە، مامۆستاى خاڵ مەلایەکى مونەوەر و خوێندەوارێکى گەورەى سەدەى بیستەمى کورد بووە، ئەم دوو دڵسۆزە هەموو خەمیان پێشکەوتن و ڕزگارى میللەتەکەیان بووە، لەو پێناوەشدا هەوڵى زۆریانداوەو بە چەندین ڕێگە تێکۆشاون، دژایەتى بیرى دواکەوتوو خورافەو نەزانین و گەندەڵیان کردووە، هانى خوێندن و خوێندەواریان داوە، بەردەوام لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا نووسین و گوتاری رۆژنامەوانیان نووسیوە، خزمەتى زۆرى زمان و مێژووى کوردیان کردوە، لەو پێناوەدا شەویان خستوەتە سەر ڕۆژو وچانیان نەداوە.
مامۆستا شاکر فەتاح لە زۆر شوێنى کوردستان وەک بەڕێوەبەرى ناحیە کارى کردووە، ئەم مرۆڤە مەزنە لە هەر ناحیەک بووبێت ڕۆژنامەیەکى بەناوى ناحیەکە یان شوێنێکى ناحیەکەوە دەرکردووە، وەک ڕۆژنامەى (خورماڵ) و (باسەڕە)و (ئاکرێ) ئەو ڕۆژنامانە زۆر زانیارى گرنگى مێژوویی و کۆمەڵایەتى و زۆر بابەتى ترى ئەو ڕۆژگارەیان تێدا تۆمارکراوە، جگە لەو ڕۆژنامانە کۆمەڵە گەشتێکى کردووە بە ناوچە جیاوازەکانى کوردستاندا و هەموو ڕوداو زانیاریەکانى ئەو گەشتانەى تۆمار کردووە، بەڕاستى شاکر فەتاح مرۆڤێکى گەورەى کوردە، مەخابن ئەم مرۆڤە گەورەیە لەلایەن ڕژێمى بەعسى لەناوچووەو شەهید کراوە.
هەروەها مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵ زانایەکى گەورەو نووسەرێکى بە توانا بووەو خزمەتى زۆرى کردووە بە بزاڤى ڕۆژنامەنووسی و مێژوو و زمانى کوردى، یەکەم فەرهەنگى کوردى- کوردى بەناوى (فەرهەنگى خاڵ)وە نووسیووە، بەردەوام نووسینى هەبووە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانى سەردەمى خۆیدا، سەرەتا لە گۆڤارى ناوازەى (گەلاوێژ) وە دەستى پێکردووە، تەفسیرى قورئانى بە ناوى (تەفسیرى خاڵ)وە نووسیوە، پەندى پێشینانى کوردى کۆکردوەتەوە، چەند کتێب و لێکۆڵینەوەى بەپێزى ترى نووسیوە.
ئەم دوو مرۆڤە گەورەو ڕۆشنبیرە پەیوەندى بەهێزو خۆشەویستى زۆر لە نێوانیاندا بووە، لە ساڵى 1937 کاتێک مامۆستا شاکر فەتاح بەڕێوەبەرى ناحیەى (ئەتروش) بووە لە دەڤەرى بادینان نامەیەکى پڕ لە خۆشەویستى و شیعرێکى بۆ مامۆستاى خاڵ ناردووە، ئەو نامەیە جگە لەوەى نامەى نێوان دوو دۆست و خۆشەویستە، لە هەمان کاتدا زۆر زانیارى گرنگى مێژووى ئەو ڕۆژگارەى تێدایە لەبارەى کۆمەڵى کوردیەوە.
مامۆستا شاکر باس لە بارودۆخى خراپی ناحیەى ئەتروش دەکات، هەروەها باس لە هەوڵەکانى خۆى دەکات بۆ پێشخستنى ئەو ناوچەو کردنەوەى قوتابخانەو نەخۆشخانە، بەڵام لەلایەن ئاغا و شێخ و مەلاکانى ئەو ناوچەوە دژایەتى کراوەو کۆسپی گەورەیان بۆ هەوڵەکانى دروستکردووە، باس لەوە دەکات لە (بریفکان) کە تەکێى شێخەکانى لێبووە هەوڵى زۆریانداوە لەو گوندەدا قوتابخانە نەکاتەوە، بەڵام ئەو کۆڵى نەداوەو لە هەوڵەکانى بەردەوام بووە، توانیویەتى بەڵێنى دوو قوتابخانە لە حکومەت وەربگرێت.
مامۆستا شکر فەتاح لە ساڵی (1940) واتە: سێ ساڵ دواى ئەوەى لە ئەتروش بووە لە خورماڵ بووەتە بەڕێوەبەرى ناحیە، لەوێ هەوڵى کردنەوەى قوتابخانەى داوەو لەلایەن شێخ حوسامەدین و شێخ محەمەدى کوڕیەوە هاوکارى باش کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا خورماڵ و دەوروبەرى ناوەندێکى گرنگى نەقشبەندى بووە، بەڵام خەڵکى خورماڵ و دەوروبەرى و شێخى حوسامەدین نەک ڕێگرییان نەکردووە، بەڵکو هاوکارى زۆریان کردووەو بۆ کردنەوەى قوتابخانەو قوتابخانەیان کردوەتەوەو تێدا خوێندووە، هەروەها لەو ناحیەدا ڕۆژنامەى (خورماڵ)ى دەرکردووەو زۆر شیعرى حاجى قادرى کۆیی تێدا بڵاو کردوەتەوە کە دژایەتى شێخان و زۆر بابەتى تر دەکات، بەڵام باس لەوە ناکات دژایەتى کرابێت، بە پێچەوانەوە ستایشى زۆرى شێخ حوسامەدین و خەڵکى خورماڵ دەکات لەبەرامبەر هاوکارى و یارمەتیدانى لە کردنەوەى قوتابخانەو ئەنجامدانى ئیشوکارەکانی تریدا.
هەروەها مامۆستا شاکر باس لەوە دەکات تەکێى بریفکانى و شێخەکەى زۆر دژى کردنەوەى قوتابخانەن لە گوندەکەیاندا، هەرچەند ئەم هەوڵى داوە، بەڵام شێخ ڕێگرى لێکردوەو کێشەى بۆ دروست کردووە، لە هەمان کاتدا داواى کردووە لە شێخ و تەکێى بریفکان کە هاوکارى مناڵە هەژارەکانى قوتابخانەکانى ئەتروش و پیرە بکەن، لە بەرامبەردا شێخ پشتگوێى خستوەو هیچ هاوکاریەکى نەکردوون، بەڵام خەڵکە ئاساییەکە بڕێکى باش هاوکاریان بۆ کۆکرونەتەوە.
لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکات لەناوچەى ئەتروش نە مەلایەک نە مزگەوتێک نیە باسی دەردى دڵى خۆى لایان بکات، ئاماژە بەوە دەکات هەتا ئێستا پرشنگى پێشکەوتن و گۆڕان نەگەیوەتە ئەو ناوچەو خەڵکەکەى زۆر دواکەوتوون وەک زەمانى عوسمانى (ڕۆمى) بەڵام لەو کاتەدا لە ناوچەى سلێمانى و دەوروبەرى ژمارەی قوتابخانەو دەرچوونى ڕۆژنامەو گۆڤار و هۆشیارى خەڵکى و هەستى نەتەوەیی و نیشتمانى لە ئاستێکى باشدا بووە بە پێوەرى ئەوکاتە.
مامۆستا شاکر فەتاح لە نامەکەیدا ڕەخنە لە مەلاو شێخەکان دەگرێت، باس لەوە دەکات کە شێخى خاڵ مەلایەکى مونەوەرەو لە ڕەخنەو مەبەستەکانى تێدەگات و دڵى لێی ناڕەنجێ، کەواتە لە سییەکاندا شێخى خاڵ وەک مەلایەکى ڕیفۆرمخواز لەلاى ڕۆشنبیران و کاربەدەستان ناسراو بووە، شێخى خاڵ دژى بیرى دواکەوتوو خورافەو دەستبڕینى خەڵکى بووە بەناوى دینەوە، داواى لە خەڵکى کردووەو بخوێنن و بخوێننەوەو واز لە هەموو شتێکى ناڕاست و خراپ بهێنن.
دەقى نامەکەى شاکر فەتاح بۆ شێخ محەمەدى خاڵ
براى شیرینم موحتەرم شێخ محەمەد
دەستەکانت ئەگوشم و بەم کزە با خۆشەى بەهارەدا کە لەسەر شاخەکانى مزووریەوە تێپەڕ ئەکات عەتر و عەبیرى سەلام و ئیحتراماتى براى خۆشەویستى خۆت پێشکەش ئەکەم.
وا بیر نەکەیتەوە لە بیرم چویتەوە،، خوا ئەیزانێ دڵم لاتە، وە تا لێت دوور بکەومەوە زیاتر بیرت ئەکەم، زۆرتر تاسەى قسە خۆشەکان و ڕابواردنە خۆشەکانت ئەکەم.
داخەکەم لێرە نە ئەو مەلایەم دەست ئەکەوێت نە ئەو مزگەوتە کە تێروپڕ سکاڵاى دڵى خۆمى لەلا بکەم، هەواڵى قەومەکەى خۆت ئەپرسی، شپرزەو شێواو، هێشتا لە ژەنگى کۆن پاک نەبوونەتەوە، خورافات، فەسادى، جەهالەت، بەربووەتە گیانیان.
مەگەر نورى عیلم و عیرفان و شیرى عەدالەت بێت بتوانێ بیانخاتەوە سەر ڕێگەى ڕاست، ئەو ڕۆحە عەزیزەى کە هەموو دڵسۆزێک ئەیپەرستێ هێشتا نەکەوتوەتە ناویان، ئێمەش مەگەر لە کولەکەدا بانگ بدەین ئەگینا زوروف و موحیت لەوە زیاتر ڕێ نادات.
لەمەدا چونکى بە مەلایەکى ڕاستەقینەتان ئەزانم، ناترسم لە دڵشکانتان، پێویستە بڵێم تاوانى ئەم پاشکەوتنە بەشى گەورەى ئەکەوێتە سەر ئاغا و مەلا و شێخەکانى مزوری، خوا هەڵناگرێ هەندێکى بە غیرەتى تیایە، بەڵام هى خراپ و گەلێ بە قوەتیشى تیایە، پەکى گەلێ مەشروعی خێرى من ئەخەن.
تەکێى شێخ نورى بریفکانى لە ناحیەکەماندایە لە (علیه) لەسەر کردنەوەى مەکتەب مەزبەتە ئەکەنەوە، تا ئێستا چەند جار تەشەبوساتم کردوە بۆ مەکتەب، ئەو بیلعەکس هەوڵیان داوە لە گوندەکەیاندا نەکرێتەوە، بەڵام لە سایەى خواوە زەفەر بۆ ئێمە بووە، وەعدێکى بە قوەتم وەرگرتووە، ئەمساڵ بێتەوە مەکتەبێکم لە بریفکاندا بۆ بکەنەوە، بەرامبەر بە تەکێى شێخ، لەم بەینەدا پێنج شەش جار کردمانە سەرى بۆ تەبەروعی مناڵە فەقیرەکانى مەکتەبى (پیرە) و (ئەتروش) لە پاش ئیغفالاتێکى زۆر ئاخریش نەینارد، کەچى ئەهالیەکە (32) دیناریان تبەروع کرد.
جا شێخم، شتى وا کەمنیە کە دەمارەکەم بجوڵێنێتەوەو، شعورێکى فەوقەلعادەم بخاتە خەیاڵەوە، وە لە ڕەغمى ئەوەى کە شاعیر نیم و خۆم بە شاعیر نازانم، لە سایەى شێخەوە فێرى گوێگرتن لە شیعر بووم، ئەوا بۆ یادگار تەقدیمم کردن، لە بریتى هاتنە مزگەوتێکم لە مەجلیسەکەى ئێوەدا سکاڵاى دڵى خۆم ئەکرد، تکا ئەکەم بەو رابیتە عیلمی و ئەدەبیەى لە بەینمادایە سوێندت ئەدەم، تەنقیدێکى ڕاستەقینەم بکە، با ئەم مەوزوعە ببێتە سەرگوڵى موخابەراتمان.
شێخم ئێستا ناحیەکەمان خانمانە بەبۆنەى بەهارەوە خۆى ڕازاندوەتەوە، شاخەکان گوڵاڵە سورەو گوڵە وەنەوشەو بەیبون و گوڵە زەردو گوڵە سپیان لە سنگ و بەرۆکى خۆیان داوە، ئێمەش لەم کەژ و کێوەدا، ئەو حەیاتە سادە بێگەردەى فەقێیانە ڕائەبوێرین کە لاى خۆتان باوە، هەر ئێوارەیە لە چیمەن و لالەزارێکا کۆڕى دۆستان و دەورەى سەماوەر و قۆریە چا ئەدەین، خۆزگەم لامان بونایە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …