Home / بەشی مێژووی كورد / مرۆڤ و ژینگە لە زاگرۆس، بەر لە ١٠ هەزار ساڵ

مرۆڤ و ژینگە لە زاگرۆس، بەر لە ١٠ هەزار ساڵ

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری

بەشی یەکەم

زاگرۆس بە هەردوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشووریدا تەوەری لێکۆڵینەوەکانی گۆڕانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵە ڕاوچییەوە بۆ کشتوکاڵ بووە. تێڕوانینی رۆبەرت برایتوود بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی ئەو گۆڕانە ڕوویداوە، ئەوەبوو لە کۆمەڵە سەرەتاییەکانی کشتوکاڵ لە دامێنی چیاکانی نیمچەکەوانۆکەی بەپیت وەکو زاگرۆس و تۆرۆس، بگەڕێین. لەوێدا، لە چاخی بەردیندا ڕووەکە خۆڕسک و ئاژەڵە کێویەکان ماڵییکراون. گەڕانەکانیشی لە چەرمۆ و کەریم شەهر لە باشوور و دواییش لە ئاسیاب و سەراب لە ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان، ئینجا کارەکانی بەر لە تەواوبوونی بەنداوی دوکان لە شمشارە، بۆ گەیشتن بەو تێگەیشتنە بوو.

دوایی کارەکانی ڕالف سۆلیکی لە شانەدەر، زاوی چەمی شانەدەر، پاشان لەودیو لە تەپە گوران، عەبدول حوسێن و گەنج دارە، زانیاری بە نرخیان لە شێوازی نیشتەجێیەکان، بیناسازیی، ناشتنی مردوو و تۆڕی ئاڵوگۆڕی کەلتووری بەر لە ٨٠٠٠ ساڵ، بۆ دەرخستین. لەگەڵ ئەوانیشدا، توێژینەوەکان لە چۆغە میش، چۆغە سەفید و دا لوران هیچیان لەوانەی سەرەوە کەمتر نەبوو. لە نێوان ١٩٧٩ تا ٢٠٠١ توێژینەوەکان لە ئێران راوەستابوون، دوای ئەوە شوێنەوارەکانی وەکو چیای سەوز، چۆغە گوڵان و تۆلی باشی شوێنەواری دیکەی هینایە بەردەم توێژەران. لە دوای ٢٠٠٧یشەوە پرۆژەی توێژینەوەکانی ناوەڕاستی زاگرۆس لە نێوان بەریتانیا، ئێران و عێراق هەیە و کاری زۆریان ئەنجامداوە.

تەواوبوونی چاخی بەستەڵەک و هاتنی کەشوهەوای لەبار ئاستی گژوگیای لە ناوچەکانی زاگرۆس زۆر کرد، سەوزایی تەواوی ناوچەکەی داپۆشی و پرسیاری ئەوە دێنێتە پیش دەبێ ئەو گۆڕانەی کەشوهەوا چۆن کاریگەری لەسەر دەرکەوتنی کشتوکاڵ و نیشتەجێی مرۆڤ هەبووبێ؟ گۆڕانەکانی کەشوهەوا بە پشکنینی نموونەکانی گڵی ژێر ئاو و دەریاچەکانی زێریبار، میراباد و دەریاچەی ورمێ دەزاندرێ. لەوێوە دەکرێ بە دوای یەکەمین ماڵییکردنەکان، هەڵسوکەوتی چاندن و دروێنە و بڵاوبوونەوەی بە ناوچە جیاجیاکانی دەورووبەریاندا، بگەڕێین.

گۆڕان لە پێوەندی نێوان مرۆڤ و رووەک و مرۆڤ و ئاژەڵ خاڵێکی سەرەکیی دەرکەوتنی نیشتەجێیەکانە. دەبێ ناوچەکانی ناوەڕاستی زاگرۆس، خاکی گەنمی خۆڕسک و بزنە کێوی، چەند ڕۆڵی لە نیشتەجێبوونی مرۆڤی دێرین هەبووبێ؟ چونکە گەورەترین ناسنامەی شۆڕشی کشتوکاڵ دەرکەوتنی نیشتەجێ هەمیشەییەکانی مرۆڤە. توێژینەوەکەمان لە شوێنەواری شێخی ئاباد لە بەرزیی ١٤٣٠مەتر لە ڕووی دەریا و بێستانسوور لە بەرزیی ٥٥٠ مەتر لە ڕووی دەریا، دەکۆڵێتەوە. پێشتریش ناوچەی زارزی نزیک چەمچەماڵمان خستبووە ناو لێکۆڵینەوەکانمان.

لە بەرزاییەکانی زاگرۆس، شیکاریی پاشماوەکانی ڕووەکی سووتاو لە شوێنەواری شێخی ئاباد نیشانی دەدەن گیای وشکانی و دەم ئاو لە نزیک ئەو شوێنەوارە هەبوون. زۆر ڕووەک هەبوون تۆویان گەورە بووە، لەوانەیە بە تایبەتی ئەوانەیان کۆکردبێتەوە. بەڵام دوولەپەکان نەبوون، زۆرترین جۆری ڕووەکەکانیش لە شوێنێکدا، بەر لە ٨٠٠٠ ساڵ بووە. بەڵگەی هەبوونی گەنم، جۆ، بستە و بادام دەست کەوتووە. هەبوونی پاشەڕۆی مشکی ماڵان بەڵگەی ئەوەیە خواردن لەو شوێنەوارە بە درێژایی ساڵ هەڵگیراوە. لە ساڵی ٧٥٩٠ی بەر لەزایین بە دواوە پاشماوەی ڕووەکی سووتاو تەواو کەم دەبێتەوە، یەک جۆری ئەو ناوچەیە دەمێنێتەوە کە ئاژەڵان خواردوویانە و دواتر تەپاڵە و پشقلی ئەوان، سووتێندراون. بەڵام توێکڵی خێزانی گوێزەکان لە خۆڵەمێشەکاندا ماون، کەواتە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ماڵیکردنی بەرهەم و بەڕێوەبردنی ئاژەڵان لە نزیکەی. ٧٦٠٠ پێش زایین، سەرچاوەیەکی گرنگ بووە .

لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شێخی ئاباد، لە شوێنەواری جانی، چەند چینێکی خۆڵەمێش و پاشماوەکان هەن و یەکەمین بەڵگەن تەپاڵەی ئاژەڵان وەکو سووتەمەنی بەکارهاتوون و بۆ ٨٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕیتەوە. ئەمیشیان واتای ئەوەیە جۆرێک لە بەڕێوەبردنی ئاژەڵان لە ئارادا بووە. بە دۆزینەوەی بەڵگەی سووتاندنی تەپاڵە، هەردوو شوێنەواری شێخی ئاباد و جانی ، ئینجا گەنج دارە ٧٩٠٠ ساڵ بەر لەزایین، دەیسەلمێنن ماڵییکردنی ئاژەڵان لە بەرزاییەکانەوە بەرەو دەشتاییەکان چووە. بەڵگەی بەڕێوەبردنی مەڕوماڵات لە بێستانسوور بۆ ٧٦٠٠ ساڵ، لە عەلی کۆش بۆ ٧٥٠٠ ساڵ و لە چەرمۆ بۆ ٧٠٠٠ ساڵ بەرلە زایین دەگەڕێنەوە.

لە دامێن چیاکانی زاگرۆس، دۆزینەوەی پڕبایەخمان لە بێستانسوور ی تەمەن ٧١٠٠ تا ٧٧٠٠ ساڵ بەر لە زایین، دەست کەوتووە. شوێنەوارەکە نزیکی کانی ئاوە، لە دامێن چیایە و دەشتایی شارەزووری بە پیتی، لە دەورە. لەوێ ١٣ چاڵمان بە ڕووبەری ٢٥٠٠٠ مەتر دووجا، هەڵکۆڵی. لەوێ سەرەڕای شوێنی کار، گۆشت داماڵین و چێشت لێنان، خانوو و پێکهاتەی خشتی قوڕ دۆزرانەوە. لە ژیر زەوی ژوورێکیان سەروو ٢٨ گۆڕی مرۆڤمان دۆزییەوە. هێشتنەوەی بزنە مێ بۆ تەمەنی گەورە واتای ئەوەیە بۆ شیردان و بەچکە گەورەکردن هێڵدراوەتەوە، واتا وەکو گەنج دارە، بەڕێوەبردنی مەڕوماڵات و مێگەل هەبووە. بەڵام لەو کاتەدا مەڕ جارێ ماڵیینەکرابوو، چونکە تەنیا ئێسقانی بەران دۆزراونەتەوە، واتا ڕاوکراون.

لە پاشماوەکانی بێستانسوور دەردەکەوێ نیشتەجێیانی ئەوێ سوودیان لە زۆر سەرچاوەی خواردن وەرگرتووە. بۆ نموونە، بڕێکی زۆر لە هێلکە شەیتانۆکە، باڵندە، قرژاڵ، ماسی و زۆر لە شیردەرەکان. دەستکەوتنی ئەو هەموو جۆرە خواردنە لەبەرئەوە بووە نیشتەجێ بوون ودەستیان بەو سەرچاوانە گەیشتووە، یان هاوکاری کۆمەڵگەی دیکەی ناوچەکە بوون و ئاڵوگۆڕیان لە نێواندا هەبووە. لە شمشارە، لە دەم ئاو و نزیک بەرزاییەکانی زاگرۆس و لە ناو پانتاییەکی زۆری زەوی تەخت، بەراز زۆرترین خواردنیان بووە. لە پاڵیدا، هەندێک شیردەر، باڵندە، ماسی و گوێز، بادام و هەندێک دانەوێڵە، خوراون. جیاوازی نێوان سەرچاوەی سەرەکیی خواردن، لە بەرزاییەکان بزن، لە بێستانسوور مەڕ و لە شمشارە بەراز بووە، دابەزین بۆ دەشتایی نزمتری نەمریک و قرمز دارە، ئاسک زۆرتر خوراوە. کەواتە لە ناوچەکانی زاگرۆسدا، هەر شوێنەی بەپێی هەبوونی سەرچاوەکانی دەورووبەری، زۆرترین سوودی وەرگرتووە.

ئەگەر لە پێناو توێژینەوە لە سیستەمە ژینگەییەکان، زانیاریی ژینگەیی و بەرزیی شوێنەوارەکانی زاگرۆس لەسەر نەخشەیەک دابنێێن، ئەوا دەردەکەوێ لە چاخی هولوسین (واتا دوای چاخی بەستەڵەک – نزیکەی ١١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر) زەوی تەڕوتووش زۆر بەربڵاوتر بووە وەک لەوەی ئێستە هەیە. لە هەمان کاتیشدا زەوی وشک و پڕ گیا هەر هەبووە، دارودەوەنیش لە دەشتاییەکان کەمتر بوونەتەوە. ئەو زانیارییە لە نموونەکانی دەریاچەی زێریبار دەردەکەون.

لە پشکنینی دۆزراوەکانی بێستانسوور بە ئامێری تیشکی ئێکس، دەرکەوت زۆربەی ماددە خامەکانی بابەتی ڕۆژانەیان لە گڵ و بەردی ناوچەکەی خۆیان دروستکردووە. بەڵام بەردە شووشە و جۆری بەردی دیکەی بە نرخیان لە دەریاچەی وانەوە پێگەیشتووە. بەردەشووشە لە شوێنەواری شێخی ئاباد نەبووە، بۆیە بەردی تیژی ناوچەی خۆیان جێگرەوەی بەردەشووشەی دەریاچەی وان بووە. کەچی شوێنەوارەکانی دیکەی دامێنی زاگرۆس بڕێکی زۆریان لە بەردە شووشە و بەردی تیژی ناوچەی خۆیان، هەبووە. بۆ نموونە لە بێستانسوور زۆربەی ئامرازە بەردەکانیان لە بەردی ناوچەی خۆیان دروستکردووە، بەڵام بابەتی دیکە هەبووە لە ٣٠ تا ٤٠ کیلۆمەتر دوور، بۆیان هاتووە. کەواتە نیشتەجێیانی بێستانسوور دەستیان بە سەرچاوەی دیکەی دوور لە خۆیان گەیشتووە و لەسەر ڕێگەی هاتووچوون و ئاڵوگۆڕی نێوان دەشتاییەکانی ئێران و بەرزاییەکانی ناوچەی وان، بووە. دەکرێ ئەو بابەتانەی لە شوێنی دورەوە هاتوون پیرۆز بووبن و ئەوانەی بوونە هۆی دەستکەوتنیان پێگەی کۆمەڵایەتی برزیان وەرگرتبێ.

توانای نیشتەجێیەک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و گەیشتن بە سەرچاوەی دیکەی بابەتەکانی دیکە جێگیربوونی خەڵکەکەی توندتر کرد. پێویستیی جارانیان لە گەڕان بە دوای سەرچاوەی خواردن و راوکردن، نەما. بۆیە نیشتەجێیەکان تا دەهات جێگیرتر دەبوون و بەرەبەرە وردە پێشکەوتنی بە خۆیەوە دەدیت. هەرچەندە پێویستە لە ئاییندەدا هەندێک کار بۆ زانینی تەمەنی بابەتەکانی شیخی ئاباد بە تەکنیکی کاربۆن ١٤، بکرێت. بەڵام دیارە بەردەوامیی ژیان لە بەرزاییەکانی زاگرۆس لە دیوی ڕۆژهەڵات، لە نێوان ساڵانی ١٠ هەزار تا ٧٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین، هەبووە. بارودۆخی کەشوهەوا لە بەرزایی ١٤٠٠ مەتر لە بەردەم چالاکییەکانی مرۆڤ و ژیانی ڕۆژانە دوای تەواوبوونی چاخی بەستەڵەک و چەند سەدەیەک دواتریش، ڕیگر نەبووە. پێشکەوتنەکانی چاخی بەردین لە تەختاییەکان و دامێنەکان، دوای ئەوانەی بەرزاییەکانی زاگرۆس هاتوون. ئەگەر هەیە شوێنەواری زۆرتر لە دامێنەکانی زاگرۆس بدۆزرێنەوە وەکو ئەوەی لە چۆغە گۆلان دۆزرایەوە، دەشزانین نیشتەجێیەکانی نەمریک و قرمزدارە لە میسۆپۆتامیای باکوور، زۆر بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین، هەبوون.

ئەو وێنەیەی لە توێژینەوەمان بۆ هەرچوار شوێنەوارەکەی سەرەوە باسکران لە چوارچیوەی پرۆژەی ناوەڕاستی زاگرۆس، دەستمان کەوتووە بۆچوونمان سەبارەت بە هەنگاوی مرۆڤ لە چاخی بەردینی کۆنەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ جێگیر دەکات بەوەی نیشتەجێیەکان زۆرترین سوودیان لە سەرچاوەکانی دەورووبەری خۆیان وەرگرتووە و کارلێکیان لەگەڵ ژینگەی خۆیان هەبووە. دەستکردن بە کشتوکاڵ و مالێێکردنی ئاژەڵان بەر لە ٨٠٠٠ ساڵ پێش زایین، ئەو بۆچوونە دەسەلمێنن. بە درێژایی چاخی بەردینی نوێ، کۆمەڵگەکانی مرۆڤ لە ناوەڕاستی زاگرۆس لە ڕاوکردن و کۆکردنەوەی بەروبووم، بەردەوام بوون.

پێدەچی تەواوی کرداری نیشتەجێبوون و دیارنەمانی کۆچی وەرزیی کۆمەڵە ڕاوچییەکان، کردارێکی کەمێک ئاڵۆز بووە و بە هێڵێکی ڕاستدا نەچووە. دەشبێ هەندێک ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیانە لە چاخی بەردینی نوێدا تا ڕاددەیەکی باش لە پێناو دەستکەوتنی سەرچاوەکانی سروشت وەکو ڕاوی ئاژەڵان لە بەرزاییەکانی زاگرۆس، کۆچی وەرزییان کردبێ. شوێنەوارەکانی شیخی ئاباد و جانی، دواییش لە گوران و گەنج دارە، بەر لە دەرکەوتنی خانوو و پێکهاتەی گەورەی خشت و قوڕ، بەڵگەی ئەو کۆچە وەرزییانەیان تێدایە. تەنانەت دوای دروستکردنی خانو و پێکهاتەی گەورە هەر لە نەبوونی کۆچی وەرزیی، دڵنیا نین. دەرکەوتنی خانووی لاکێشە و هێڵی ڕاست ٨٠٠٠ ساڵ پێش زایین، لەگەڵ جێگیربوون و نیشتەجێیەکاندا، تەریبە.

هەبوونی کەللەسەری بزن و مەڕی کێوی و ڕێکخستنی ئێسقانەکانیان بە شێوەیەکی تایبەت لەسەر زەوی یەکێک لە ژوورەکانی شوێنەواری شێخی ئاباد، بایەخی ڕێوڕەسمی پەرستن و پاڕانەوە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی زاگرۆس لە چاخی بەردیینی نوێدا، نیشان دەدات. بە هەمان شێوە، لە نزماییەکانی شوێنەواری بێستانسوور هەرنەبێ ٧٥ گۆڕی مرۆڤ لەژێر زەوی یەکێک لە ژوورەکان هەبوو، زۆربەیان شیی بووبوونەوە، هەیانبوو ملوانکە و بازنی بەردی بە نرخیان لەگەڵدا نێژرابوو، کەواتە ئەو شوێنە شوێنی ژیانی ئاسایی ڕۆژانە نەبووە و وەکو نێژراوەکانی گرێ چەتاڵ لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ، بوون.

سەرچاوە: https://www.researchgate.net/…/352264465_Long-Term…

هەموو کاردانەوەکان:

٢٧٢٧

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …