گرفتی داروین

هه‌ڵكه‌وت محمد پشده‌ری

بیردۆزەکەی داروین بۆ دەرکەوتن و پەرەسەندنی زیندەوەران بەردی بناغەی زانستی زیندەوەرزانییە. بەشێکی گرنگی بەڵگەکانی پاڵپشتی بیردۆزەکەن، ئەو زیندەوەرە بەبەردبووانەن چەند سەد ملیۆن ساڵیک لەمەوبەر ژیاون. بەڵام بەبەردبووی ٥٣٠ ملیۆن ساڵ و پێشتر ڕووبەڕووی بیردۆزەکەی داروین دەبنەوە و داروین لیکدانەوەیەکی پەسەندی بۆی نییە. زیندەوەری ئاڵۆز (واتا فرە خانە) لە دوای ٥٣٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەردەکەون و بەبەردبووی پێش خۆیان نەبوو و ئەویش گرفتیکی گەورەی زانستە. ئەو کاتەی زیندەوەری ئاڵۆز دەردەکەون پیی دەڵێن سەردەمی کامبریان و ناوەکەی لە سەردەمێکی جیۆلۆجی وەرگیراوە. لە ماوەیەکی کورتی سەردەمی کامبریاندا ئەو زیندەوەرە فرە خانانە دەردەکەون و زۆر دەبن. زیندەوەری تاک خانە بۆ ماوەی ٣ ملیار ساڵ هەبوون، مرۆڤی نوێ نزیکەی ٣٠٠ هەزار ساڵە دەرکەوتووە و دەپرسێ بۆچی ژیان پەیدا بووە و چۆن لە تاک خانەوە پەیدا بووین؟

لە خاڵی کامبریان، لە کاتێکی زۆر کورتدا لە چاو ٣ ملیار ساڵەکەی پیش خۆی و بە پێی تەمەنی زەوی، ژیان لق و پۆپی لێ پەیدا بوو و زیندەوەرانی ناو ئاو زۆر جۆریان لێوە پەیدا بوو. ئەو خاڵە ناوێکی دیکەیشی هەیە پێی دەڵێن تەقینەوەی کامبریان، یانیش بیگ بانگی بایۆلۆجی، لەو دەمەدا پەرەسەندن و پێشکەوتنی زیندەوەران بە خێرایی پێنچ ئەوەندەی خێرایی ئیستە بوو. ئەو کاتە بووە بناغەی ژیانی هەموو گیانلەبەر و رووەکاکان. لە کاتی بڵاوکردنەوەی بیردۆزەکەی داروین لە ساڵی ١٨٥٩، لێکدانەوەیەکی گونجاو بۆ بەبەردبووەکانی پێش کامبریان، نەبوو. چونکە داروین دەڵی پەرەسەندن و هەڵبژاردنی سروشتیی کارێکی زۆر هێواشە و بەرەبەرە سیفاتەکان دەردەکەون. بەڵام لە خاڵی کامبریان وا نەبووە و لە زانستدا ئەوە بووە گرفت. ئەو گرفتە بە گرفتی داروین ناسراوە.

داروین هەر زوو ددانی بەو گرفتەدا نا و نووسیویەتی نازانین بۆ بەبەردبووی پێش سەردەمی کامبریان کەمن و هەبوونی هەموو جۆرەکانی زیندەوەر لێکناداتەوە و وەڵامێکی گونجاویشم بۆ ئەو گرفتە نییە. بەڵام گرفتەکە تەنیا نەبوونی بەبەردبووەکان نییە، بەڵکو خێرایی پەرەسەندن و زۆربوونی جۆرەکانیشە. ئەگەر داروین ڕاست بێ ئەوا چۆن لە ماوەیەکی کورتدا، دەتوانین بڵێین هەر لە ناکاو ژیان لە تاک خانەوە ئەو هەموو زیندەوەرە فرە خانانەی لێ پەیدا بوو و گەشەیان کرد؟ هەوڵی زۆر هەیە تا باشتر لەو سەردەمە تێبگەین و ئەو پرسیارانە وەڵام بدرێنەوە، هەرچەندی کەمێک پرسیار وەڵام دەدرێنەوە، پرسیاری نوێ دێنە پێش.

لەو کاتەی داروین لە ژیاندا بوو نزیکەی هیچ دۆزینەوەیەکی بەبەردبووی پێش خاڵی کامبریان لەبەردەست نەبوو، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستە زۆر دۆزراوە ڕاگەیەندراون و وەڵامی بەشێکی باشی ئەو قۆناغەی بەر لە کامبریانیان پێیە. گرفتێکی گەورەی گیاندارانی ئەو سەردەمە کۆنە ئەوەیە هەموو گیاندارێک و هەموو بەشەکانی گیاندارێک بە ئاسانی و وەکو یەک بەبەرد نابن و پاشماوە بەجێناهێڵن. بە تایبەتی بەشە نەرمەکانی لەشی گیانداران لە ناودەچن، زۆربەی ئەوەی دەیاندۆزینەوە پاشماوەی بەشە ڕەقەکانی لەشی گیانەوەرانە. تا شەستەکانی سەدەی ڕابردوو گرفتی داروین بەربەستێکی گەورەی بیردۆزەکە بوو. لەوکاتەوە زۆر پاشماوە دۆزرانەوە، بە تایبەتیش دۆزینەوەی بەبەردبووی زیندەوەری شریتی لە ئوسترالیا و دواتریش دۆزینەوەی بەبەردبووی زیندەوەری یەک خانەی ٣ ملیار و نیو ساڵ کۆن، زەمینەی ئامادەکرد ئەو گرفتە بەرەو چارەسەر بچێ. بەڵام جارێ وەڵامی ئەوەی بۆ تەقینەوە کامبریان ڕوویداوە و چی وایکرد رووبدات، نازانین.

زانایانی زۆر بوار دەستیان لە ناو دەستی یەکتری نا هەریەکەو بەپێی پسپۆری خۆی پارچەیەکیان لە زانیاری خستە بەردەست تا بتوانن لە بارودخی ئەو سەردەمەی کامبریان تێبگەن. زانستی جیۆکیمیا، زەویناسیی، زانستی کەشوهەوای کۆنی ئەو کاتە، توێکاری زیندەوەران و پۆلێنکردن، چۆنییەتی گۆڕانکاریی و وەڵامدانەوەی زیندەوەران بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و بارودۆخی دەرەوە بۆ خۆگونجاندنیان، شییکردەوە. بۆیان دەرکەوت گۆڕانکاری گەورەی جیۆلۆجی زەوی ژینگە و بارودۆخی گۆڕی و هەلومەرجی پیشکەوتن و پەرەسەندنی هێنایە پێش. هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە هەبوونی ئۆکسجین بەشێک لە مەرجەکانی تەقینەوەی کامبریان بووە. زۆربوونی ئۆکسجین گۆڕنکارییەکانی سەردەمی کامبریانی خێراتر کرد.

بۆ ئێمە ئاشکرایە ئەو سەردەمە جیۆلۆجیییەی بە ناوی (ناتەبایی مەزن – Great Unconformity) ناونراوە، تاکە کیشوەری جیهان لەوکاتەدا ناوی ڕۆدینیا بووە لە بەریەک ترازا و ئەو کیشوەرانەی ئێستەی لێ پەیدا بووە. ئەو پرۆسەیە بڕێکی زۆری ئۆکسجین دەرداوە. دەکرێ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش وشکانی دیکەی نقووم کردبێ و کالسیۆم و فۆسفۆری زۆری بۆ دروستکردنی پەیکەری ئێسقان و قاوغی ڕەقی هەندێ گیانلەبەر، دابین کردبێ. دیارە پێش ئەو گۆڕانکارییە جیۆلۆجییەی لەبەریەک ترازانی ڕۆدینیا، چڕی پێویست لە هەردوو توخمی کالسیۆم و فسفۆر لە ئاوەکاندا نەبووە بۆیە گیانداران قاوغیان بۆ دروست نەبووبوو.

https://bigthink.com/the-past/cambrian-explosion-fossils/.

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …