Home / بەشی مێژووی كورد / سلێمانی،چەقی مەسەلەكان

سلێمانی،چەقی مەسەلەكان

1220112016_fasatrawa

  پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

گرنگترین بنەمای دامەزراندنی نیشتمان لەبازنەیەكی داگیركراوی ناسەربەخۆوە بۆ بازنەیەكی سەربەخۆی ئازاد بریتیە لەتێگەیشتنی تاك وڕێكخراوە حیزبی وجەماوەرییەكان لەپڕنسپی پاكردنەوەی دیاردە گەندەڵییەكان.بەمەش دروستبوونی قەوارەیەكی گوتاری ونیشتمانی ئەركی هەمووانە بەجیاوازی فیكر وئایدیا ودیالێكتەوە .ئەم پاكردنەوەیە،لەهەمان كاتدا، كارێكی ووزەبەخشیشە بۆ چارەسەری درز وبۆشاییەكانی تاك ونیشتمان.ئەمڕۆ،هەموو ئاگاداری ئەو ڕاستییەین كەلەلایەكەوە پڕۆسەی سیاسی گیری خواردووە بەدەست فرە دەسەڵاتی وگوتارییەوە،لەلایەكی تریشەوە ئابووری كوردستان بەقەیرانێكی سەخت وگێژاویدا تێدەپەڕێت كەكاری كردۆتە سەر بیركردنەوە وهەستی تێكڕای هەرە خەڵكیەوە.ئەم دۆخە گەرچی دۆخێكی ترسناكە بۆ هەموو بەبێ جیاوازی هێز ودەسەڵات بەڵام گەر چارەسەرێكی لۆژیكیشی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا بێگومان گوتاری كوردی پێدەنێتە قۆناغی تێكشان وپەرت پەرتبوون وهەڵوەشانەوە كەئەمە تەنها لەقازانجی داگیركەران وناحەزاندایە.جگە لەمەش،هەر ئەمڕۆ، حیزب ولایەنگرانی حیزبی كەوتونەتە وێزەی خۆیان وهەر یەكەیان بەتۆمەتی جۆراوجۆر ئەوی تر تۆمەتبار دەكات.بەشێك لەدەزگای ڕاگەیاندن وپێشەنگەكانیان ڕۆڵێكی ناپرسانە دەبینن لەگەورەكردن وگەشەكردنی كێشە ومەسەلەكان.گەر ئۆرگانی ئەم حیزب ولایەنانە ئاگاداری ڕاستەوخۆی ئەم هێرشی ڕاگەیاندنانە نەبێت ئەوا پێویستە هۆشیارانە بەخۆیاندا بچنەوە تا گوتارە نیشتمانی ونەتەوەیەتییەكە زیاتر نەچێتە ژێر گوشاری سڕینەوە.خۆ ئەگەر ئاگاداریش بن ئەوا بەرپرسیارێتی ئێستا وئایندەی ئەوجۆرە گوتارە دەكەوێتە ئەستۆیان.بەم دواییە،بەئاگاداری لایەنەكان بێت یان نا، گوێبیستی ناوزڕاندنی بەشێكی هەرە گرنگی گوتاری كوردی دەبین كەشاری سلێمانی ە.گەر وەڵامێكی خێرا بدەینەوە ئەوا ئەم شارە بەدرێژایی تەمەنی سیاسی وئەدەبی وفەرهەنگی وڕۆشنبیری خزمەتێكی بێ ئەندازەی گوتاری فیكری وسیاسی وئەدەبی كوردی كردووە وكەسیش، بەدوژمنەكانیشەوە،نكۆڵیان لەم ڕاستییە نەكردووە.لەهەمان كاتیشدا،پارێزگاری لەخەسڵەتە سەرەكییەكانی كوردیش كردووە وەك:
– پێشەنگێتی ودەست پێشخەرێتی.گەر سەیرێكی سیاقی مێژوویی شیعر وئەدەب وزمان وڕێبازە ئاینی ومێژوو وفێركردن وسیاسەت وفەرهەنگ ومەعریفەتی كوردی بكەین ئەوا، بێ ئارگیومێنت،شاری سلێمانی بەشی شێری بەردەكەوێت.دامەزراندنی زانستی گەردووناسی شێخی گڵەزەردە و قوتابخانەی شیعری بابان ودامەزراندنی ڕێبازی نەقشی وقادری وئەمین زەكی بەگ وتۆقیق وەهبی بەگ ودامەزراندنی یەكەم مەملەكەتی كوردی وقوتابخانەی شیعر وئەدەبیاتی هاوچەرخ ودامەزراندنی بەشێكی دیاری گروپ وحیزبە سیاسییەكان…هتد.
– بوێرێتی وئازایەتی.ڕۆژهەڵاتناس وگەڕیدە ومێژووناسانی كورد وناوچەكە هەمیشە كەباسی كوردیان كردووە ئەوا بەئازایەتی وجوامێری باسیان لێوە كردووە.سلێمانی شەرەفی ئەوەی پێبڕاوە كەبەشێك لەو ئازایەتی وبوێرییە لەخۆ بگرێت ولەئەنجامیشدا زیانێكی گەورەشی لێ بینیوە.
– فیداكارێتی.بوێری وئازایەتی پێوستی بەفیداكارییە.گەورە وبچووكی كورد هەڵگری دروشمی “سلێمانی،شاری هەڵمەت وقوربانی”ە.فیداكارییەكانیشی بەمەبەستی نمایش ودروشم نەهاتوون بەڵكو پێویستییەكی ئایدیۆڵۆژی وفیكری ونیشتمانی ونەتەوەیی لەپشتەوە بووە.تا ڕێژەی زوڵم وستەمەكانیش زۆر بن ئەوا ئەم شارە زیاتر بەرگری لەخۆی كرتووە.لێرەدا جگە نازناوی”هەڵەمەت وقوربانی ” و”پایتەختی ڕۆشنبیری” پێویستە نازناوی شاری ژانی گەلیشی پێبدرێت بەوپێیەی هەمیشە لەنێو كێشە وململانێ وبەرگریگرتن وڕووبەڕوبونەوە وستەمە بەردەوامەكاندا خۆی دەبینێتەوە وقبوڵی نادادپەروەری ناكات.
– هەڵوێستێتی وپەیوەستێتی.سەرچاوە شیعری ومێژووییەكان ئەوە دەسەلمێنن كەسلێمانی هەر لەزەمەنی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆكە وبێ دابڕان خاوەن یەك هەڵوێست بووە بەرامبەر بەخاك ونیشتمان ومەسەلە ڕەواكەی خۆی ودوژمنانی كورد.خۆپیشاندانەكان،هەر لەشەڕی بەردەركی سەرای كۆن وتازە، دەرئەنجامی زوڵم وستەم،یان نادادپەروەی سۆسیۆڵۆژی بووە.ئەم خۆپیشاندەرانە،بەنموونەی هەڵو بەگ وعەولە سیس و….جگە لەهەڵوێستە وپەیوەستبوونیان بەمەسەلەكان كەخۆیان وتێكڕای جەماوەر باوەڕیان پێی هەبووە هیچی تریان لەدەسەڵات نەویستووە.واتە بەرژەوەندییەكی میتریاڵی لەپشت خۆپیشاندانەكانیانەوە نەبووە.تەنانەت ئەوانەشی كەلەسێدار دراون، كەناوەكانیان بەسەركردە وئەندامەكانەوە،تەنها بەلیست ئەژمار دەكرێت ولێرەدا جێگەی نابێتەوە،دیسانەوە لەبەر هەمان فیكر وهەڵوێستە بووە.
– ئازادێتی.سلێمانی،بەشێوە گشتییەكەی،هەمیشە،وەك خواست وحەز وئارەزوویەكی ئایدیۆڵۆژیایی پێشەنگ بووە لەدەربڕینە ئازادەكاندا.لەسەرجەم ڕژێمە حوكمییەكاندا،تەنانەت بەوانەی خۆشمانەوە،بوێرانە وچاونەترسانە ڕووی دەمی ڕەخنەیان لەبەرامبەرەكان كردووە.هەندێكیان بەنووسین وهەندێكی تریشیان ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ناڕەزایی وخۆپیشاندانەوە.
– بابەتێتی.ئەوەی لەم شارەدا ژیابێت ئەوا هەر زوو بۆی دەردەكەوێت كەخەڵكەكەی بەویژدانێكی بابەتیبوونەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخ ومەسەلەكان كردووە ودەكات.زۆر جار لایەنگرانی حیزب،لەلایەن حیزبەكانیانەوە، ڕووبەڕوی گلەیی وڕەخنە بونەتەوە ودەبن.ئەمەش بەهۆی زاڵبوونی چەمكی بابەتیبوونە بەسەر ئایدیۆڵۆژیای فیكری وسیاسی.
هەر لەبەر ئەم هۆیانەش بووە كەسلێمانی لەلایەكەوە بووە بەپایتەختی ڕۆشنبیری وئەدەبی.لەلایەكی تریشەوە بەسەرچاوەی دامەزراندنی فیكری سیاسی.گەر بەشێكی  گەورەی گوتاری كوردی بەشێوەیەكی گشتی وگوتاری سیاسی بەشێوەیەكی تایبەتی كەوتبێتە ئەستۆی ئەم شارە ئەوا،بەر لەوەی شارەكە هەستەكەی بریندار بكرێت بەناوزڕاندن،گوتاری كوردیش دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە وهەڵوەشاندنەوەی خەباتی چەندین ساڵەی تێكۆشان وفیداكاری.بۆیە پێشەنگی حیزب ولایەنەكان پێویستە ڕێگر بن لەدروستكردنی ناوزڕاندنی سەرجەم جێگە وخەڵكەكانی،چونكە لەلایەكەوە جێگەكان جێگەی هەمووانە.لەلایەكی تریشەوە بەرژەوەندی گوتاری كوردی لەوەدایە كەهەمووان یەكگرتوو بن نەك پێچەوانەكەی.ناوزڕاندنیش جگە لەناكۆكی وگرژی وپەرت پەرتبوون هیچی تری لێناكەوێتەوە.زەرەرمەندیش هەر بۆ گوتارەكەیە.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …