Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا لاوەکانی هەولێر ناسنامە هەزەبانیە کوردیەکەیان دەدۆزنەوە یان پەنا بۆ ناسنامەی تورکیی ئەفەندی دەبەن؟

ئایا لاوەکانی هەولێر ناسنامە هەزەبانیە کوردیەکەیان دەدۆزنەوە یان پەنا بۆ ناسنامەی تورکیی ئەفەندی دەبەن؟

16265804_1034688779992505_7382153050297272159_n

ئایا لاوەکانی هەولێر ناسنامە هەزەبانیە کوردیەکەیان دەدۆزنەوە یان پەنا بۆ ناسنامەی تورکیی ئەفەندی دەبەن؟

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
لەم ڕۆژانەدا لە سەردێڕی هەواڵیکدا لەسەر ماڵپەڕی بی بی سی، بابەتێک لەسەر هەولێر سەرنجی ڕاکێشام. لەگەڵ بابەتەکەدا وێنەیەک دانرابوو، وێنەکە لە وێنەی گەنجەکانی ئەستەمبوڵ دەچوو. لە بابەتەکەدا ماڵپەڕی (بی بی سی) باسی دیاردەیەکی نوێ لە هەولێر دەکات کە ئەویش لەلایەن هەندێک لاوی بەدەرامەتەوە هێنراوەتە کایەوە بەدامەزراندنی جۆرێک لە یانەی جلوبەرگ لەبەرکردن و خۆ نمایشکردن بە نوێترین مۆدێلەوە. یانەکە بە گشتی یانەیەکی پیاوانە بە ناوی Mr Erbil. ماڵپەری بی بی سی دەڵێت شێوەی جلوبەرگەکەیان ڕۆژئاواییانەیە. من پێم وایە کاریگەریەکی زۆری تورکی لەسەر شێوازی جلوبەرگەکان دەردەکەوێت، ئەوەی ئەو بۆچوونەی من دووپات دەکاتەوە ئەوەیە کە یەکێک لە لاوەکانی سەر بەو گروپە بە بی بی سی گوتووە “ڕاستە شێوەی جلوبەرگەکە ڕۆژئاواییە بەڵام ئەوان شێوازی نوێ و ڕابردووی کەڵتوریی تێکەڵ بەیەک دەکەن بە گەڕانەوە بۆ شێوە ژیانی چینی خاوەن موڵکی کورد کە لە ڕابردوودا بە ئەفەندی ناسراوبوون.”
شاری گەورە هەمیشە دیاردەی نوێی تێدا دەردەکەوێت و زۆر جار دەبێتە پێشەنگ لە گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتی و هونەری و هەندێک دیاردەی نوێدا. زۆر جار لە دەرکەوتنی ئەم دیاردانەدا، لاوان بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان دەبەستنەوە بە ڕابردووەوە. ئەمەش زۆر جار لە نێو لاوی شارە گەورەکانی ژاپۆن و ڕۆژئاوا ڕووی داوە. بەڵام ئەو دیاردەیەی کە لە هەولێردا دەرکەوتووە، زیاتر گوزارش لە کتوپڕ دەوڵەمەندبوونی کەمینەیەک دەکات لە شارە گەورەکانی کوردستاندا کە لە ئاستێکی ئابووری باشدان و دەیانەوێت کاتێکی خۆش بەسەر بەرن و هیچ ئاماژەیەک نیە بەوەی کە کۆمەڵێک لاو سەرقاڵی گۆڕانکاری بن لە ژیانی نەوەی خۆیاندا. واتە ئەو لاوانە پێ ناچێت ببنە پێشەنگی گۆڕانکاری و زیاتر دیاردەکە لە ئەنجامی ئەو هەلومەرجە ئابووریە ناعەدالەتیەی کوردستاندا هاتۆتە کایەوە و بە دوور نازانرێت لاوی بەدەرامەتی شارەکانی تری کوردستانیش چاویان لێبکەن. بەڵام مەرجیش نیە هەموو گۆڕانکاری و دیاردە نوێکان بە دڵی هەموو خەڵک بن و هەموو کەس پەسەندیان بکەن. منیش بۆ ئەوە ئەم بابەتە نانووسم کە وەک دادوەرێک بڵێم هەنگاوی ئەم لاوانە خراپە یان باشە. بەڵام ئەوەی کە لام سەیر بوو و هەروەها ئامانجی ئەم بابەتەی منە، ئەوەبوو کە ئەوان لە هەوڵی خۆ بەستنەوە بە ڕابردوو پەنایان بۆ دیاردە و وشەی “ئەفەندی” بردووە و بە کوردی لە قەڵەم دەدەن کە بە هیچ شێوەیەک کوردی نیە و نەبووە.
لە ڕاستیدا “ئەفەندی” نازناوێکی سەردەمی تورکە عوسمانیەکان بووە کە بۆ ئاماژەکردن بە خەڵکی خاوەن پلەوپایە بەکاردەهات. لەبنەڕەتدا تورکە عوسمانیەکان وشەکایان بە تۆزێک دەستکاریەوە لە ڕۆمە بێزەنتیەکان و وشەی یۆنانی authentes وەرگرتبوو کە مانای (مەزن، گەورە، لۆرد) دەدات. بەڵام تورکەکان وشە یۆنانیەکەیان کردبووە ئەفەندی و لەهەمان کاتدا بەرگێکی فەرهەنگیی تورکیی عوسمانیشیان بە باڵادا کردبوو. واتە ئەفەندی لە ژێر کاریگەری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری دەوڵەتی عوسمانیدا هاتۆتە گۆڕێ و هەر لە ژێر کاریگەری ئەواندا لە ڕابردووی هەولێردا دەرکەوتووە نەک هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردی بێت. ئەوەی کە من نیگەران دەکات، ئەوەیە کە لاوی هەولێر لە کاتێکدا دەیەوێت هەندێک هەنگاوی نوێ بنێت، هێشتا لە کۆتی فەرهەنگیی تورکی ڕزگاری نەبووە و ناتوانێت وەک خۆی دەڵێت پەنا بۆ ڕابردووی کوردی بەرێت، بەڵکو پەنا بۆ ڕابردوویەکی فەرهەنگیی تورکی “ئەفەندی” دەبات کە ئەو لێی بووە بە کوردی.
پریسارەکە ئەوەیە بۆ لاوی هەولێر پەنا بۆ رابردوویەکی عوسمانی تورکی دەبات؟
ژیان و فەرهەنگی کۆمەڵگەکان کاتێک تەندروست دەبن، کە قۆناغە مێژووییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بەهۆی ئامرازی جیاواز لە شوێنی جیاوازدا بەیەکەوە ببەسترێنەوە. ئەو بەستنەوەیە لە فکر، بیناسازی، جلوبەرگ، وێنەکێشان، مۆسیقا… دەتوانێت بخرێتەوەکار. بۆ نموونە ئەمڕۆ لە وڵاتی چین زۆر بەخێرایی بینای نوێ دروست دەکرێت، بەڵام ئەوان زۆر هوشیارانە لە پایەیەک، پەنجەرەیەک یان داڵانێکی بیناکاندا بەشێک لە ڕابردووی فەرهەنگیی خۆیان دەنەخشێنن. تەنانەت وڵاتێکی وەک ئیماراتیش لەم دواییەدا لە زۆربەی هۆتێلە گەورە و بینا نوێکانیدا دەیەوێت ئەوە دڵنیا بکات کە هەندێک هێمای فەرهەنگیی عەرەبیی لە بیناسازیدا بپارێزن.
بەڵام ئایا هەولێر ئەو هەوڵەی داوە؟
میر و شاعیر و مێژوونوسی کوردی هەولێری، ئەبی هیجای هەزەبانی (١٢٢٣ز-١٣٠١ز) دەڵێت هەولێر لە ساڵی ١١٢٥ ز دا کەوتۆتە دەست تورکەکان و دەسەڵات لەو ساتەوە لە دەوڵەتی کوردی هەزەبانی وەرگیراوە و کەوتۆتە دەست ئەوانەوە. کاتێک گفتووگۆی سەدەی چوارەمی ی نێوان پادشای هەولێر و پیاوێکی ئاینی کریستیان دەخوێنیتەوە و کتێبەکەی ئیبن مستەوفی (مێژووی هەولێر) دەخوێنێتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە لە ڕابردوودا هەولێر چەند شارێکی گرنگی فەرهەنگیی بووە. بەڵام وەک زۆربەی شوێنی ڕۆژهەڵات، ووردە ووردە ئەو پێگەیەی لە دەستداوە و نزیکی هەشت سەد و نەوەد و دوو ساڵە لەمەوبەر حوکمی تورکەکان لەو شارەدا دەستی پێکردووە ولەو ساتەوە ووردە ووردە تورکەکان هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان داوە. بەهۆی دێرینی داگیرکردن و سروشتی تەختیی ناوچەکەوە، بۆ تورکەکان ئاسان بووە کە لە هەولێردا بمێننەوە وەک لە شارەکانی تری کوردستان و لەو ماوە درێژەدا توانیویانە زۆر ڕووی فەرهەنگیی کوردی بسڕنەوە و فەرهەنگی تورکی بەسەردا بسەپێنن. بۆیە سەرەڕای نەمانی دەوڵەتی عوسمانی لە وڵاتی عێراقدا، کەچی هەتاوەکو هەشاتاکان ژمارەیەکی بەرچاو بنەماڵەی کوردی بە دەرامەتی شاری هەولێر، بە تورکی لەو شارەدا قسەیان دەکرد. لەبەر ئەو هۆکارانەی کە باسکران، دەبینرێت سەرەڕای نەمانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی عوسمانی کەچی کاریگەری فەرهەنەگیی دەسەڵاتی تورکەکان دوای دەیان ساڵ لەو شارەدا مابووەوە و ماوەتەوە. ئەم دیاردەیەش هەر لە هەولێردا بەدی ناکرێت و نامۆ نیە، بەڵکو لە زۆر شوێنی تری داگیرکراودا لە جیهاندا بەدی دەکرێت.
جا هەولێر لەم چەند ساڵەدا گۆڕانکاریەکی زۆری لە هەموو بوارێکدا بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام گۆڕانکاریەکان شانبەشانی بوژانەوەی فەرهەنگی نەبووە و لە ڕووی فەرهەنگیەوە پاڵپشت نەکراوە. بۆیە وەک هەندێک جێگای تری کوردستان، نەک خەڵکی ئاسایی بەڵکو بە گشتی خوێنەواریش لەو شارەدا ئاگاداری ڕابردووی فەرهەنگیی دەوڵەمەندی هەولێر نیە. هەرگیز بەرنامەیەک لەسەر فەیلەسوفی کوردی هەولێری، عیزی زەریر نەکراوە؟ کەس ئەبی هیجای هەزەبانی مێژوونوس و شاعیر باس ناکات؟ کەس ئاوڕێک لە محەمەدی کوڕی عەلی کوڕی خەتیبی هەولێری مۆسیقاناسی هەشت ساڵ پێش ئێستا ناداتەوە؟
مێژوو و فەرهەنگ بە دروستکردنی درۆی “هۆلاکۆ بەزێن” دروست ناکرێت. لەبەر ئەوەی هەولێر لە ١٧/٤/١٢٥٨ دوای بەرگریەکی زۆر، وەک زۆر شوێنی تری کوردستان و ناوچەکە کەوتۆتە دەست هۆلاکۆوە. مەبەست لەوەیە هەولێر ڕابردوویەکی دەوڵەمەندی فەرهەنگیی کوردی هەیە کە دەتوانرێت زیندوو بکرێتەوە و فەرهەنگ و مێژووی دروستی خۆی بۆ بنیاتبنرێتەوە نەک ناسنامەی بێ بنەمای “هۆلاکۆ بەزێن” ی پێ بدرێت کە هیچ بناغەیەکی مێژوویی نیە. با هەوڵێک بدرێت شوێنەوار و پایتەختی دەوڵەتی هەزەبانی لە نزیک هەولێردا بدۆزرێتەوە، ئەو دەوڵەتەی کە گەورەترین ڕۆڵی هەبووە لە مێژووی کورد دا. با سەردانی مەزارە گەورە تەمەن دوو هەزار ساڵەکەی هێلێنای هەزەبانی هەولێری لە ئۆرشەلیم (قودس) بکرێت و بە نەوەی نوێ بناسرێتەوە و لەگەڵ مەنوبازی مێریدا دوو پەیکەریان لە هەولێردا بۆ دروست بکرێتەوە.
بۆ ئەوەی کە لە هەولێر و مێژووەکەی بگەین هەزاران پرسیار هەیە کە دەتوارێن بکرێن:
– بنەماڵەی مارانیەکانی هەولێر کە قازی گەورەی میسر بوون کێ بوون بۆ ئەو ژمارە زۆرە لە قازی هەولێری هەبوون؟
– بۆ خوێندنگە زانستیەکانی هەولێر هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر خوێندنگەی زۆر نایاب بوون؟
– بۆ زانایەکی وەک عەبدول لەتیفی سورەوەردی کە سەلاحدینی ئەیوبی لە هەموو ئەو شارانەی لە کەنار دەریادا دەیگرت ئەوی دەگرت بە قازیان و ڕێکخستنی کاروباری یاساییان کەوتبووە ئەستۆی، کەچی دوای گەڕان بە چەندین وڵاتدا تا کۆتایی ژیان لە هەولێر مایەوە؟
– بۆ زانایان لە خوارزم و بوخاراوە هەتاوەکو ئەندەلوس ڕوویان دەکردە هەولێر؟
– بۆ تەنها لە بەشی چوارەمی (معجم ابن الفوطي) دا ناوی کاری٢٢ هەولێری تێدایە؟
– بۆ زانایەکی وەک موسای کوڕی یونس لە بەغداوە پرسیاری فەلەکیان بۆ دەهێنا بۆ هەولێر بۆ ئەوەی کە وەڵامیان بداتەوە؟
– شاعیر و سۆفی، عیسا کوڕی سنجەری هەولێری ناسراو بە حاجری کێ بوو کە دەستنووسی کارەکانی لە تونسە؟
– بۆ کابرایەکی وەک عەباسی کوڕی عوسمان کوڕی شەهابی هەولێری بە سەرۆکی بازارگانان دانراوە لە سەردەمی خۆیدا و یەکێ بووە لە کەسە نزیکەکانی سەلاحەدین؟
– بۆ سەدان کەسایەتی سەربازی و شاعیر و سۆفی و…. ی هەولێری لەگەڵ سەلاحەدین و ئەیوبەیەکاندا بوون؟
– مۆسیقاناسی وەک محەمەدی کوڕی عەلی کوڕی خەتیبی هەولێری کە خاوەنی کاری مۆسیقایی وەک (قصیدة في الانغام) و(جواهر النظام في معرفة الانغام) کە بۆ پادشای ماردین نووسیویەتی، کێ بووە و کوا بەرهەمەکانی؟
– حەکیمی بەناوبانگی وەک عەلی کوڕی ڕوکنەدین کوڕی محەمەد کوڕی عیسا و حەکیم و سۆفی وەک عیزەدین حەسەن کوڕی ئەحمەد کوڕی زەفەری هەولێری کێ بوون؟
– بۆ سەدان لە هەولێریەکان لە جیهانی ئیسلامیدا کەسایەتی بەناوبانگ بوون لە بواری زانستیی جیاوازدا؟
بەمەبەستی کورتکردنەوەی بابەتەکە دەبێت “بۆ” کانم بووەستێنم. بەڵام ئەمڕۆ بە سەدان کتێبی دەستنووس هەیە (ئەگەر هەزاران نەبێت) کە لە لایەن زانا هەولێریەکانەوە نووسراون کەچی کۆمەڵگە نایەوێت هەوڵی تێگەشتن لەو دیاردە جیاوازانە بدات.
بی بی سی لە کۆتایی باتەکەیدا لەسەر یانە نوێکەی هەولێر دەڵێت کە میستەر ئەربیل خۆی وەک بەشێک لە بزوتنەوەیەک دەبینێت کە نوێنەری لاوی کوردی عێراقی دەکات و لە هەوڵی ژیانێکی باشتردایە و دەخوازێت بانگەشە بۆ کەڵتوری کوردی بکات لە جیهاندا. پێم وایە بی بی سی زۆر ساکارانە سەیری ئەو بابەتە دەکات و یانەیەکی لاوی دەوڵەمەندان، ناتوانێت گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵکی لاو بکات یان باشتری بکات و بە دڵنیایی ناتوانێت بە پاڵپشتی فەرهەنگی تورکی “ئەفەندی” بانگەشەی جیهانیی بۆ فەرهەنگی کوردی بکات. ئەوەی کە دەیکات زیاتر دابینکردنی دەرفەتێکی خۆشگوزەرانیە بۆ کەمینەیەکی بە دەرامەت بە سیمایەکی تورکیەوە.
سنە بێ ئەردەڵان ناتوانێت هەنگاو بنێ و سلێمانی بێ بابان ناسنامە ونە و ناوچەی سۆرانیش میرنشینی سۆران ناسنامەی ناوچەیی دێرینیەتی. بە دڵنیایی ئەمڕۆ بەهۆی دێرینی داگیکرکردنی ئەو شارەوە، هەولێر خۆی ناناسێتەوە و هێشتا فەرهەنگی داگیرکەری ڕابردوو خۆی بە هەنگاوەکانیەوە بەستۆتەوە. بۆیە لاوەکان یادەوری مێژوویی کوردیان نەماوە و لەبری فەرهەنگی هەزەبانی دێرینی کوردی هەولێر، فەرهەنگی عوسمانی ئەفەندیان لێ بووە بە کوردی. بەو جۆرە لامان ئاسایی بێت کە ناسنامەی فەرهەنگیی هەندێک دیاردە و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە ناوچەییەکانی هەولێر، ناسنامەیەکی وێڵ و سەرگەردانی وەک ئەفەندی هەبێت هەتاوەکو ئەو کاتەی کە لاوەکانی هەولێر لە هەولێر و باپیرە هەزەبانیەکان دەگەن و فەرهەنگی ناوچەیی خۆیان دەدۆزنەوە و دەناسنەوە.
تێبنی:
– وێنەکەی لای ڕاست مەزاری هێلێنای هەزەبانیە لە ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل و لە ژێرەوە لینکی بابەتم لەسەر داناوە و وێنەکەی دەستی ڕاست یەکێک لە وێنەی لاوەکانی گروپی میستەر ئەربیل- ی هەولێرە لە ماڵپەڕی بی بی سی بڵاوکراوەتەوە.
– ئەمە لینکی وتارەکەی بی بی سیە
http://www.bbc.co.uk/news/world-middle-east-38692382

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …