Home / بەشی مێژووی كورد / مەلامستەفا بارزانی: من ژەنەراڵ نیم كوردەكان لەخۆیانەوە پێم دەڵێن ژەنەراڵ

مەلامستەفا بارزانی: من ژەنەراڵ نیم كوردەكان لەخۆیانەوە پێم دەڵێن ژەنەراڵ

 ه‌
مەلامستەفا بارزانی لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەکردوە ئێمە بۆ بینینی (مەلامستەفا بارزانی) رابەری كوردەكانی عێراق، چەندین رۆژ بەبەردەوامی بە رێوەبووین،ئامانجی ئێمە گەیشتنبوو بە شاری (ڕانیە) پایتەختی شاراوەی بەرگریكارە كوردەكان و شوێنی تایبەتی (مەلامستەفا).
دەقی وەرگێردراوی نوسینەکە کە نەبەز گۆڕان بڵاوی کردوەتەوە:.

من ژەنەراڵ نیم، كوردەكان لەخۆیانەوە پێم دەڵێن ژەنەراڵ

دیدار لەگەڵ گورگێكی ناو شاخەكان

ئێمە بۆ بینینی (مەلامستەفا بارزانی) رابەری كوردەكانی عێراق، چەندین رۆژ بەبەردەوامی بە رێوەبووین. ئامانجی ئێمە گەیشتنبوو بە شاری (ڕانیە) پایتەختی شاراوەی بەرگریكارە كوردەكان و شوێنی تایبەتی (مەلامستەفا).

پاش ئەوەی شۆرشە نوێیەكەی عێراق، كاسەی كوردەكانی سەرەوژێر كرد. دەسەڵاتدارەكانی عێراق، لە داهاتی نەوتەكەیان، دینارێكیان بۆ ناوچە كوردییەكان خەرج نەدەكرد. لە هەمان كاتدا، هەر پۆلیسێكی عێراقی بۆ خۆی یاساو دەسەڵات بوو، دەیتوانی بە كەیفی خۆی و بێ‌ هیچ بەڵگەیەك كوردێك بگرێت و رەوانەی ناو زیندانی بكات.

ئەو رێگایەی ئێمەیان بەرەو لای ژەنەراڵ (مەلامستەفا بارزانی) دەبرد، رێگایەكی باریك و هەوراز و نشێو پڕ مەترسی بوو. رێگاكە زۆر بەوردی چاودێری دەكرا، چونكە حوكومەتی عێراق(3) ملیۆن دۆلاری تەرخانكردبوو بۆ خەڵاتی ئەو كەسەی (مەلامستەفا بارزانی) دەكوژێت.

گورگی ناو كێوەكانی باكوری عێراق، رێك لە نزیك شاخی (كاروخ) نیشتەجێ‌ بوو. چەندین سەدە پێش ئێستا، كاتێك لەشكری یۆنانییەكان لێرەوە تێپەری، (زەنیەفۆن) لە كتێبەكەیدا باسی ئەم شاخە دەكات.

كوردەكان قەومێكی كێونشینن. بەبروای ئێمە چەند بوونەتە هۆی پەرێشانی عێراق و حوكومەتەكەی (عارف) هێندەش بوونەتە دیوارێك بۆ ئێرانییەكان.

هێزەكەی كورد لەو ناوچەیەی ئێمە بۆی چووین، بریتبوو لە چەند چادرێك و چەند كوخێك. (مەلا مستەفا) بەهەمان شێوەی چەكدارەكان لەناو چادرێكدا رابەرایەتی شەرەكەی دەكرد دژی حوكومەتی عێراق.

ئەو پیاوێكی(64)ساڵەی موسڵمانە. (3)ژنی هەیە. دووانیان لە شوێنی زادگەی خۆی لە گوندی (بارزان) نیشتەجێن.(11)منداڵی هەیە. (10)هەزار چەكدار و نزیكەی سەد كەسێك وەك پاسەوانی تایبەتی خۆی لە دەوروبەرین. بۆیە خۆی هەست بەترس ناكات و ئاسودەیە.

دوای سێ‌ كاتژمێر لە چاوەروانی،(مەلا مستەفا) لە چادرەكەی هاتە دەرەوە و،بەخێرهاتنی كردین. بە وەرگێڕەكەی خۆی وت: من ئامادەم وەڵامی پرسیارەكانی ئەمانە بدەمەوە. دەنگێكی قورسی گڕی هەبوو. چل ساڵی تەمەنی لەشەركردن بەسەربردووە. ساڵی (1946) دوای سەركوتكردنی كوردەكان، بەهاوكاری (700)* كەس بە تێكشكاوی بەرەو خاكی یەكێتی سۆڤیەتی كۆمەنیست رۆیشت و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ بوو.

-لپێم پرسی: هەوڵی تۆ بۆ بەكۆمەنیستكردنی كوردستانی عێراقە؟

مەلامستەفا: من كوردم و، هیچ پەیوەندییەكەم بە كۆمەنیستەوە نیە.

-بەڵام سۆڤیەتیەكان پلەی ژەنەراڵیان پێدایت، مەگەر وانیە؟

مەلامستەفا: هیچ كەس پلەی ژەنەراڵی بەمن نەداوە، كوردەكان هەر لەخۆیانەوە پێم دەڵێن، ژەنەراڵ.

-ئایا حەزدەكەی ئەم شەڕە كۆتایی بێت؟

مەلامستەفا: من ئامادەم، بەڵام بەغداد ئامادەنیە كۆتایی پێبهێنێت.

-قسەیەك هەیە دەڵێن : (17000)هەزار چەكداری پرچەكت هەیە؟

مەلامستەفا: ئێمە تەنها خاوەنی ئەو چەكانەین، لەشەرەكاندا لە سوپای عێراقدا دەستگیریان دەكەین.

-ئەی لەدەرەوە هاوكاریتان ناكرێت؟

مەلامستەفا: نا دونیا ئێمەی لەبیركردووە. ئێمە ناچارین تاك و تەنیا لەم كێوانە بەرگری بكەین.

-یانی هیچ لایەك هاوكاری ئێوەی نەكردووە؟

مەلامستەفا: ئێمە نامەمان بۆ هەموو دەوڵەتەكان ناردوە بۆ هاوكاری. باسی دۆخی خۆمانمان بۆكردوون. بۆ دەوڵەتەكەی ئێوەش (ئەڵمانیا)ناردومانە.

-ئایا تۆ بڕوات بەسەركەوتن هەیە؟

مەلامستەفا: هیچ كات چاوەروانی سەركەوتن نیم. تەنها دەتوانین لەم كێوانە بەرگری لەخۆمان بكەین.

-ئەی باشە لەبەر خاتری چی شەردەكەیت؟

مەلامستەفا: لەبەر خاتری بەدەست هێنانی ئۆتۆنۆمی. عێراقییەكان دەبێ‌ لە كۆتایدا ئۆتۆنۆمی بە ئێمە بدەن. ئێمە نامانەوێت دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بكەین، بەڵام تەنها دەمانەوێت ئیدارە دانمان بەدەست خۆمان بێت.

-یانی دەتانەوێت لەناوچەكانی خۆتان، لە روی ئابوورییەوە بكەوێتە دەست خۆتان و خۆتان ئیدارەی بدەن؟

مەلامستەفا: لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانی عێراق، نەوت هەیە. ئێمە چاومان نەبریوەتە هەموو نەوتەكە، ئێمە(3)ملیۆن كەسی كوردیین لە عێراق. عێراق جگە لە ئێمە (5)ملیۆن كەسی تێدایە لە نەتەوەكانی كە. قسەی ئێمە ئەوەیە، داهاتی نەوتەكە دابەشبكرێت.

پێنج بەشی ببەن بۆ خۆیان و، سێ‌ بەشەكەی ئێمەش بدەنە دەست خۆمان، تا خۆمان ئیدارەی خۆمانی پێبكەین.

دوای دیدارەكە بۆمان دەركەوت، (مەلامستەفا بارزانی) لەناو هەموو دامودەزگاكانی حوكومەتی عێراقدا سیخوری هەیە، زانیاری بۆ دەنێرن.

وەرگێڕانی: نەبەز گۆران

– تێبینی: كۆمەڵێك دیداری رۆژنامەوانی (مەلامستەفا بارزانی) لەكتێبیكدا چاپ بووە بە فارسی، هەموویانم وەرگێراوە، یەك یەك بڵاویاندەكەمەوە.

وێنەكە وێنەی ئاوی (ئاراس)ە. گوندی(قەرە قویون) ئەو شوێنەی بارزانی و هاوەڵەكانی لێی پەرینەوە بۆ روسیا.

سەرچاوەكان

– كارڵ برایر_پیتەرلئوگفلد، پەیامنێرانی گۆڤاری (كوئیك) ئەڵمانی

پێداچوونەوە و ئامادەكردنەوەی (ئیسماعیل رائین_ئەحمەد مرعەشی)

-چاپ بوونەوەی بە فارسی، گۆڤاری (تهران مصور) ژمار (1171) هەینی(22)بهمن ماه (1366)
11 فێبریوەری 1966

– كتێبی : بهرام ولدبیگی، (برتارك گوفان) لاپەرە (348-349) چاپ اول تهران، گویا. (1395)

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …