Home / بەشی مێژووی كورد / کۆتایی سەربەخۆیی کورد:ڕوخاندنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا

کۆتایی سەربەخۆیی کورد:ڕوخاندنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا

مالپەڕی ئاوێنە – ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢
 – بەشی دووەم و کۆتایی
لێکۆڵینەوەی: سەبری ئەتەش* (پرۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی مێتۆدیستی باشوور – تورکیا)
لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
تێبینی: ئەم باسە خوێندنەوەیەکی جیددی و سەرنجڕاکێشە بۆ مێژووی دوێنێمان، واتە مێژووی لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا و توێژەر و پرۆفیسۆری مێژوو، سەبری ئەتەش، سەرچاوە ڕەسەنەکانی دەوڵەتی عوسمانیی بۆ پشکنیوە، کە تائێستاش لە ئەرشیفی تورکیادا پارێزراوە و بێشومار زانیاریی تێدا لەسەر مێژووی کورد، وەک گەلێکی بندەستی ئەو ئیمپراتۆرییەتە. لەم باسەدا توێژەر بەوردی لەسەر چۆنێتیی لەناوبردنی ئیمارەتەکان دەوەستێ و پاشان تێکەڵکردنی میر و پاشا و بنەماڵە بیرۆکراتە فیوداڵەکانی ئەو ئیمارەتانە بە دەستەبژێری بیرۆکرات و حوکمڕانی عوسمانی لە ئەستەمبووڵی پایتەخت، بەجۆرێک کەوا زۆرێک لەوانە و نەوەکانی دواتریان وڵاتی ڕەسەن و کوردەواریی خۆیان هەر بیردەچێتەوە و دەبنە وەزیر و والی و کاربەدەستی پایەبەرز لە دەرباری عوسمانیدا و لەملاشەوە خەڵکە کوردەکەی خۆیان بە گورگان خواردوو دەچێت بەدەستی عوسمانی. ئەوانە نەوەکانی دواتریان بەتەواوی تێکەڵ بە بیرۆکراتییەتی تورکی عوسمانلی دەبن و چیتر ناچنەوە سەر بنەچەی خۆیان و لە بۆتەی پان تورکیزمدا دەتوێنەوە. بەڵام ئەوانەی لەم سیاسەتەی عوسمانی بەدەر بوون میر محەمەدی سۆران بوو کە لەکاتی گەڕانەوەیدا لە ئەستەمبووڵەوە بۆ وڵاتی خۆی بە پیلانێکی عوسمانی کوژرا و کەمینەیەکیش لە بنەماڵەی بەدرخان و لەوانە بەشێکیان کە ئاوارەی وڵاتی شام و ئەوروپا بوون، دواتر ڕۆڵی بەرچاویان لە ژیانی کولتووری و سیاسیی کورددا بینی. لە ڕووخان و هەڵوەشانەوەی میرنشینەکاندا بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی بنەماڵە حوکمڕانەکان دەبوونە دەسکەلای عوسمانی یان ئێران بۆ لەناوبردنی برا و خزمانی بنەماڵەکانی خۆیان، وەک لە گرتنی سلێمانیدا دەیبینین کاتێ کە عەبدوڵا پاشای بابان دەبێتە داردەستی نەجیب پاشای والیی بەغدای عوسمانی و یاوەریی لەشکرەکەشی دەکات لە هێرش کردندا بۆ سەر ئەحمەد پاشای برای لە سلێمانی و پاش گرتنی پایتەخت و لەناوبردنی ئیمارەتی بابان، شاری سلێمانیی دەکرێتە تەنها سەنجەقێک (واتە قەزایەک) و عەبدوڵا پاشاش دەکرێتە قایمقامێکی بێدەسەڵاتی شار و لە پاش ساڵێک دەیگوێزنەوە بۆ ئەستەمبووڵ و تێکەڵی دەستەبژێری بیرۆکراتی عوسمانیی دەکەن. هەڵبەت لەپاش گرتنی سلێمانی و ڕووخاندنی ئیمارەتی بابان دەسبەجێ ئەحمەد پاشای میر دەبەن بۆ ئەستەمبووڵ و لەوێ پایە و مەقامی بەرزی دەدەنێ و پاش بەینێکیش دەیکەن بە والیی یەمەن و پاشان ئەرزڕووم و دواتر خۆی و دوو کوڕەکەشی لە پلە و پایەی بەرزی دەوڵەتدا دەمێننەوە تا کۆتایی ژیانیان. بێگومان گرنگ لای ئەوان وێران کردنی ئیمارەتەکان و ملکەچ کردنی خەڵکەکە بوو. یارەی ئەفسەری تۆپچیی بابانیش پاش ئەو کارەسات و ماڵوێرانییە ڕەند و قەڵەندەر لێی دەمێنێتەوە و لە کۆتایی ژیانیشیدا وەسێت دەکات کەوا لەسەر گردەکەی گولان و دوور لە گردەکانی سەیوان بینێژن، با دووربێت لەو کەسانەی لە دواساتەکانی حوکمی باباندا پشتیان تێکرد و بێئەوەی ئەم گوللەتۆپێکیش بهاوێژێت ئەوان خۆیان ڕادەست کرد و ئیمارەتیش وەک بەفر توایەوە. ئێستا یارە لەسەر ئەو گردە ڕاکشاوە، ئەگەرچی شوێن گۆڕیشی ونە و کەس نازانێ لەکوێی گردەکەدایە. جا ئەگەر ڕۆژێک ئێسک و پرووسکەکەی بە ڕزیوییش دۆزرایەوە ئەوە تۆماری ڕۆژگارێکی تاڵ تاڵی مێژوویەکت بۆ دەگێڕێتەوە کە نەوەکانی دواتر هیچ پەندێکیان لێ وەرنەگرت و ئەمڕۆشیان هەر وەک دوێنێیە – وەرگێڕ.
ئەنجام
گەلێ لە باسوخواسەکانی ئۆتۆنۆمیی کورد بەوە دەستیان پێکرد کە ئیدریسی بەدلیسی زۆربەی میرە کوردەکانی هێنایە ناو خانەی عوسمانییەوە. بەهەرحاڵ، وەک پێشتر باس کرا، سوڵتان سەلیمی یەکەم ئیمارەتە کوردییەکانی دروست نەکرد، بەڵکوو بە نێوەندگیریی بەدلیسی دەسپێشخەریی هاوپەیمانییەکی کرد لەگەڵ چینی کەسایەتی و دەسەڵاتدارانی کورددا. ڕاستییەکەی دانوستان کردنی ئەو لەگەڵیان و ئیمتیازی تایبەت پێدانیان بەڵگەیەکە بۆ بوون و دەسەڵاتیان لەپێش سترۆکتوور و پێکهاتەکانی عوسمانیدا و ئەمان – واتە عوسمانییەکان – وەک چۆن لە بەش و پارچەکانی تری ئیمپراتۆرییەتی ئیمپرتۆرییەتدا کردیان، زیرەکانە تێکەڵ بە جەستەی سیاسیی ئیمپراتۆرییتیان کردن. کەسایەتی و دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان لە زۆر بەشی ئیمپراتۆرییەتدا بۆ چەندین پشت هێز و دەسەلاتی خۆیان هێشتەوە. لە حاڵەتی کوردستاندا، لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی دژە سەفەوی و سوودبەخش بۆ هەردوو لا، ژمارەیەکی بەرچاوی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کورد ڕازی بوون بچنە ژێر ڕکێفی سوڵتانی عوسمانییەوە، لەبەرانبەر پاراستنی سەربەخۆییاندا. ئەوان هەر هەموویان لە ناوچەکان سنووردا نەبوون. ئەوان سەرباری هەڵکشان و داکشانی دۆخی باش و پڕ ئیمتیاز یان ئۆتۆنۆمییان، لەگەڵ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵ و ژمارەی ڕوو لە کزییان کە تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بەردەوام دەبێت. بە بێگومان، دانپیانانی سوڵتان بە دەسەڵاتیاندا “یارمەتیدەر بوو بۆ جێگیر کردن و پتەوکردنی هێز و دەسەڵاتیان” (ئوێزئۆغڵوو، ١٩٩٦: ٢٤)، هەروەها “پێگەی ئەم ‘میرانەی’ چەسپاند و پتەوی کرد لەبەرانبەر ڕکابەر و ڕەعییەتەکاندا” (هۆستۆن، 2007: 409)، لەکاتێکدا کە ڕووبەری گەورەی زەوی و خاکی خستە ژێر دەسەڵاتی ئەستەمبوولەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵەیە ئەگەر خوێندنەوە بۆ مێژووی میرنشینە کوردییەکان بکرێت وەک کاردانەوە بۆ سیاسەتەکانی سەفەوی و عوسمانییەکان، یان مانەوەیان لەئەنجامی لاوەکیی ڕکابەریی ئیمپراتۆری یان وەک بەشێک لە سازش و چارەسەری کێشەی ناوچە سنوورییەکان. ئەم چەشنە کورتکردنەوە و بەناوەندی کردنەی تورکی و ئێرانییە لە خوێندنەوەی مێژوودا بۆ گرووپگەلێکی وەکوو کورد، وەک هەندێ لە توێژەران سەرنجیان داوە لە حاڵەتی تردا، تەنها “هاوکێشە و گونجاندنە و دروستکردن و بەگەڕخستن و دەستپێشخەری کردن یان کۆنترۆڵ کردن نیە” و مامەڵەی کاڵا و شمەکیان لەگەڵ کردوون نەک بابەت یان تەنها وەک داشی دامەی گەمەکردنی ئیمپراتۆری مامەڵەی لەگەڵ کردوون. ئەم چەشنە دید و تێڕوانینە نەک هەر نکووڵی بریکاریی کورد دەکات لە دروستکردنی مێژووی خۆیاندا، بەڵکوو بێدەنگ کردنی ئەم بریکارییەش پەراوێزکەوتنی مێژوویان و “ڕۆلیان وەک بریکارانی ئەقڵانیی کاریگەر” دیاری دەکات (ووندەر و هامالاینن، ١٩٩٩: ١٢٣٢ – ١٢٣٣).
گەورەترین بەڵگەش بۆ ئەم ڕۆڵە مانەوەی بنەماڵە دەسەڵاتدار و حوکمڕانە کوردەکانە، سەرەڕای هەوڵ و کۆششە سەرومـڕەکانی دەسەڵاتدارە عوسمانییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە حوکمیان بەدرێژایی چەندین سەدە. بەرگری کردنیان بۆ هەوڵی عوسمانییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی میراتگرییان تەنها هەر کاردانەوەیەک نەبوو بۆ تەنزیمات، وەک چۆن مێژووناسیی عوسمانیی ئاسایی دەخوازێت باوەڕی پێبهێنین، بەڵام بەرهەڵستییەک بۆ پاشا عوسمانییەکان دەیەوێت ئەم ڕۆڵە و ئۆتۆنۆمیی کورد کۆتایی پێبهێنێ. بەم پێیە، یەک لە دەرنجامە هەرە گرنگەکانی هەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان دیارنەمانی ئەم ڕۆڵەیە کەوا بریکاری کورد لە ماوەیەکی درێژ و بەرچاودا مێژووی خۆیان دروست بکەن.
کاتێ کەوا حوکمیان کۆتایی هات، ئەریستۆکراتییەتی کوردی بە شێوەی جۆراوجۆر تێکەڵ بە سترۆکتوور و پێکهاتەی سیستەمی کارگێڕیی عوسمانی بوون. زۆرێک لە ئەریستۆکراتە پلە خوارترەکان کوردستانیان جێهێشت و تێکەڵ بە سیستەمی کارگێڕیی عوسمانی بوون. بۆ نموونە، عەبدوڵڵا بەگی حاکمی پاڵوو ناونیشانگەلی چەشنی ڕیکابی هومایۆنیی قاپیچی باشی (واتە فەرمانبەری ‘یان ئەفسەری’ کۆشکی ئیمپراتۆریی) پێدرابوو لەگەڵ عەسکەریی ڕەدیف بینباشیسی (مێجەری هێزەکانی یەدەکی سەربازی). کاتێکیش کە حکوومەتی ناوەندی پێگەی میراتگرییەکەی هەڵوەشاندەوە بە مودیری ناحیەی پاڵوو دایمەزراند و دواتر کردی بە قایمقامی قەزای حوسنی مەنسوور (گویندۆغان، ٢٠١٤: ١٦٥). ئەم چەشنە دامەزراندنانە ڕێگەی کردەوە بۆ ئەوەی کە ناوی لێنرا “سیاسەتی کەسایەتییەکان”، کە دواتر وا کەوتەوە کە باڵ بکێشێت بە سەر سیاسەتی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ساڵانی دواتری پاش عوسمانیدا. بەهەرحاڵ، ئەمە ئاماژەش بوو بۆ ئەریستۆکراتەکان کە تەنها ڕێگە بۆ دەستەبەر کردنی هەندێ فۆرمی هێز و دەسەڵات هەماهەنگی و هاوکاری بوو لەگەڵ دەوڵەت یان بەشێکی.
بێجگە لە ئاوێتە کردنی کەسایەتییە ئاست خوارترەکان، کەسایەتییە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانی کوردستان، وەک ئەندامانی بنەماڵەکانی بابان، بۆتان، هەکاری و سۆران دوورخرانەوە بۆ تاراوگە و لە خاک و وڵاتی خۆیان دابڕان. ئەمە پێشینەیەکی داڕشت کە دواتر لە سەردەمی کۆماریشدا دووبارە دەبووەوە. هەڵبەت دوورخستنەوەکانیان بۆ تاراوگە بە شێوەیەکی بنەبڕ کۆتایی بە حوکمی میراتگریی کورد هێنا لەو خاک و ناوچانەی کە حوکمیان دەکرد. بەڵام ئەوە وای نەدەگەیاند کە دۆخی دەستەبژێرییان تەواو ببێت. حاڵەتە باوەکانی بابانەکان و بەدرخانییەکان لەم ڕووەوە تێڕوانینێکی تەواو دەاتە دەستەوە. لەدوای گەڕانەوەی بەدرخان لە تاراوگەوە، بەدرخانییەکان، بۆ نموونە، کەوتنە ئەوەی کە زۆر لێزانانە خۆیان تێکەڵی دەستەبژێری عوسمانی بکەن و ئەمەش ژمارەیەک ئیداریی بەرز و مامناوەندی لێ بەرهەمهات. بە هەمان شێوە بابانەکانیش بوون بە بەشێک دەستەبژێری عوسمانی و دواتریش کۆماری. خودی بەدرخان بەگ خۆی، پێکەوە لەگەڵ خێزانە فراوانەکەی، نێڕدران بۆ کاندیا لە دوورگەی کرێت. لە پاش ماوەیەکی سەخت و ناڕەحەتی، مووچەیەکیان بۆ بڕییەوە و لە ساڵی ١٨٤٨دا بە هۆی خزمەتکردنیەوە لە دوورگەی کرێت بانگهێشت کرا بۆ کرێت و نیشانێکی مەجیدیی پلە چوار و پایەی میری میرانی پێبەخشرا، کە پلەیەکی مەدەنییە و هاوتای پلەی فەریقی سەربازییە (سورەییا، ١٩٩٦: ٢/٣٦٠). ئەوجا لە پاش دە ساڵ نیشتەجێ لە ئەستەمبووڵ لە ژێر چاودێریدا گواسترایەوە بۆ دیمەشق و لە ساڵی ١٨٦٧دا لەوێ کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی بیست و دوو کوڕ و بیست و یەک کچی بەجێهێشت. ئیدارەی عوسمانی زۆر جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە نەوەی بەدرخان هیچ پەیوەندییەکیان نەمێنێت بە زەوی و خاکی باوباپیرانیانەوە و نەتوانن تێیدا دەرکەون وەک خاڵێکی کۆبوونەوەی کوردان٣٧. بێجگە لە ژمارەیەکی کەمی بەدرخانییەکان کە دواتر ڕۆڵی بەرچاویان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا، زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەکە یان بێدەنگ کران و تێکەڵی بنەماڵە ئەریستۆکراتە جۆراوجۆرەکانی تر بوون لە هەموو لایەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان توانەوە لە ناو دەستەبژێرە دەرکەوتووەکانی کۆماری یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا٣٨.
نووروڵڵا بەگی هەکارییش، کە دوورخرایەوە بۆ هەمان دوورگە و بە هەمان شێوە هەموو پەیوەندییەکی لێ قەدەغە کرا بە خاک و وڵاتی ڕەسەنیەوە، پلەی دەرگاهی عالیی قاپیچی باشلغی پێدرا و دواتر لێخۆشبوونی بۆ دەرچوو و زیادەیەکیش خرایە سەر مووچە کەمەکەی٣٩. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، تەنها خێزانی دەسەڵاتداران ڕێگەیان پێدەدرا کەوا چەردەیەکی کەمی داهاتی ئەو زەوییانەیان بۆ بگەڕێتەوە کە لەدەستیان دەرچووبوو٤٠. ئەو کەسیاتی و دەسەڵاتدارانەی کەوا، بەپێچەوانەی نووروڵڵا و بەدرخان، هاوکاری و هەماهەنگییان کردبوو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتدا خۆیان پێ دەرباز نەکرا لە دوورخستنەوە. بۆ نموونە، شەریف بەگی مووش، سەرەڕای جیابوونەوەشی، کەچی دوورخرایەوە بۆ دیمەشق بەڵام دواتر ڕێگەی پێدرا بۆ بەدەستهاتنی داهاتی لە یورتولوک – ئوجاکلکی زەوییەکانی، هەرچەندە دۆخی یاسایی زەوی گۆڕاوە٤١. بە هەمان شێوە، سلێمانی کرا بە سەنجەقێکی ئاسایی ئاسایی و سوپایەکی ئاسایی لە ناوچەکەدا دامەزراوە٤٢. بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لە بەردەمی ئەوەی کە عوسمانییەکان پێگە و پۆستی کارگێڕیی بەرز بسپێرن بە ئەندامانی بنەماڵەی بابان. بۆ نموونە، ئەحمەد پاشای بابان، لەپاش دوورخستنەوەی ماوەیەکی کورت بۆ ئەستەمبووڵ، کە یەکمجار مووچەیەکی کەمی دەدرایە، لەگەڵ نێردەی عوسمانیدا نێردرا بۆ پاریس و لەوێ ماوەی دوو ساڵ و نیو مایەوە (ئەتماکا، ٢٠١٩: ١١). هەروەها دواتر وەک بەگلەربەگیی (والیی) یەمەن (١٨٥٥ – ١٨٦٤)، موتەسەڕیف (حوکمڕانی) وان (١٨٦٥) دانراوە، لە ئەیلوولی ١٨٦٥یش بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی وەزیر و جارێکی تر کراوەتەوە بە والیی یەمەن. دوو ساڵی دامەزراندنیشی لە والێتیی ئەرزڕووم و حەڵەب و ئەدەنەدا بەسەربردووە، کە لەمی دواییاندا ساڵی ١٨٧٥ کۆچی دوایی کردووە. سیجللی عوسمانی ئەوەی تۆمارکردووە کەوا خالید پاشای کوڕی بووە بە باڵیۆزی عوسمانی لە تاران و مستەفا پاشای براشی بووە بە والیی بەسرە (سورەییا، ١٩٩٦: ١/ ٢٠٤). چەندین کەسی تر لە ئەندامانی بنەماڵەی بابان پلە و پایەی بەرز و دیاریان لە دەوڵەتی عوسمانی و تورکیای کۆماریدا پێسپێردراوە، لەکاتێکدا کە هەندێکی تریان بۆ پێگەی دیار بەرزبوونەتەوە لە عێراقدا.
لەناوبردنی حوکمی میراتگریی کورد وایکرد کە مۆرکی ناوچەیی بدرێتە دەسەڵات بەسەردا شکان کە پێویستی بە نەخشەکێشانی سنوور و دیاریکردنیتی. لەبەرئەوە، هیچ ڕێکەوت نەبوو کەوا بەدرخان و کۆتایی هاوپەیمانێتییەکەی هاوکات بوو لەگەڵ ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی ١٨٤٧دا، کە زەمینەی خۆشکرد بۆ چارەسەری کێشەی سنوور لەگەڵ ئێراندا. دیاریکردنی سنوورەکان ئاسانکاریی بۆ بەرفراوان کردنی تەنزیمات ڕەخساند لە کوردستاندا. هەڵبەت لە ڕێگەی دابینکردنی چوارچێوە دانان بۆ دەسەڵاتدارانی کورد لە ناو قەڵەمڕەوی عوسمانیدا و تەواوکردنی مەسەلەی سنوورەکان ڕووبەرێکی گەورە و تەواوی مانۆڕی بۆ نەهێشتنەوە. بە دوای ئەمەشدا یەکەی کارگێڕیی نوێ و باج و سەرباز گرتنی زۆرەملێی جەماوەری کوردی لێکەوتەوە لە خزمەتی ئیمپراتۆرییەتدا٤٣. پێشتر بە سەربازگرتنی بەکۆمەڵی زۆرەملێ پەیڕەوی نەدەکرا. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم کارە پڕمەترسییە، ئەستەمبووڵ سیستەمی تیروپشکی داهێنا (قورە یان قورعە) کە با ئامادەبوونی “قورە مەجلیسی” (یا ئەنجومەنی تیروپشک) بەڕێوەدەچوو بۆ دیاریکردنی سەربازگیرییەکە (چادرچی، ١٩٨٥). وەک ڕاپۆرتێکی عوسمانی باسی دەکات، کەوا کوردەکان، وەک ئەوانەی قەزاکانی پاڵوو و شێرۆ کە تا ئەو دەمەش بەهرەمەند بوون لە دۆخی یورتلوک – ئوجاکلیک، بەرهەڵستیی “سیستەمی بەسوودی سەربازگیریی زۆرەملێیان دەکرد”٤٤. بەهەمان شێوە، ناحیەکانی ماردین بەرگرییان کرد تا ئەو ئاستەی هێز نێردرایە سەریان بۆ سەپاندنی سیاسەتی سەربازگیریی زۆرەملێ٤٥. هەر بەو ڕەنگەش، گوندەکانی جەزیرە بەزۆر ناچار کران خۆ ڕادەستی سەربازگیریی زۆرەملێ بکەن و (باجیش بدەن)٤٦.
لەکاتێکدا کەوا ئەریستۆکراتییەتی کورد و هاوپەیمانە سروشتییەکانی، کە خێڵە کۆچەرەکان بوون، زۆر بەتوندی بەرگرییان لە سەربەخۆیی ناجێگیری خۆیان دەکرد و نەیاندەویست بکەونە ژێر حوکمی دەرەکی و نامۆوە و پێدەچێت ئەو خەڵکانەی کەوا بە هەرەوەزی و پشک زەویوزاریان دادەچاند، مەرابە maraba، کە بەشێکی گەورەی بەرهەمهێنەرانی کشتوکاڵیان پێکدەهێنا، وادیارە سوودمەند بوون لە نەمانی میرەکان. بێگومان میر و بەگەکان خاوەنی ڕووبەری بەرفراوانی زەویوزار بوون کەوا جووتیارانیان ناچار دەکرد بە ڕێژەی دەیەکی بەروبووم یان کرێ بیانکێڵن و بەروبوومی کشتوکاڵییان تێدا بەرهەم بێنن (گویندۆغان، ٢٠١٤: ١٦٥ – ١٦٦). کاروباری تەنزیمات (واتە چاکسازی کە لە ساڵی ١٨٣٩وە دەوڵەتی عوسمانی کەم و زۆر دەیویست جێبەجێی بکات – وەرگێڕ) وادیارە ئیمتیازی حوکمی ئەریستۆکراتییەتی کوردی نەدەهێشت و جووتیارانی ڕزگار کردبوو لە ستەمکاریی جۆراوجۆری بەگەکان وەک ناچار کردنی جووتیاران بە کاری بێگاری corvée و هەرەوەزی و خستنیانە ژێر باری قەرزەوە لە ڕێگەی فڕوفێلی جۆراوجۆرەوە، بە سەپاندنی باج و سەرانە (یان جزیە) وەرگرتن لە بەشێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەی وەک کریستیانەکان و یان هەر ستەمکارییەکی تر کە هەندێ جار پەنایان بۆ دەبرد دژ بە خەڵکە ناوخۆییەکەی ژێردەستیان. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵگە ناوخۆییەکە ڕاستەوخۆ دەیانتوانی بگەنە حوکمڕانەکانیان. بەڵام بە نەمانی میرەکان، بەرەوڕووی بەرپرسە عوسمانییەکان بوونایەتەوە کە نامۆ بوون پێیان و ئەو باج وەرگرانەی کە لە شوێنە جیاجیاکانی ئیمپراتۆرییەتەوە دەنێردران و باجی نوێی سەخت و قورسیان دەسەپاند. بێجگە لەوەش، ئەم کاربەدەستە نوێیانە نەریتی فەرمانبەرانی حکوومەتێکی بچووکیان پەیڕەوی دەکرد و بڕی باجی زۆر قەبەیان دەسەپاند “نەک بۆ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی دەوڵەت، بەڵکوو لەپێناوی پاشا چاوچنۆکەکان و دەستوپێوەندەکانیان” ئەو کارەیان دەکرد. موسەللیمێکی تازە دامەزراوی “خانی” ئەم شێوازە عوسمانییە نوێیەی حوکمی کوردستانی بەم چەشنە باس کردووە بۆ برانتی کونسوڵ: بۆ دەوڵەمەند بوون، وەک نموونەی بەگەکانی کورد، پاڵ بە خەڵکەوە بنێ بۆ یاخیبوون و بەو پێیە “پێویستە خەڵک بە هەژاری بمێننەوە و بیانچەوسێنیتەوە بۆ ئەوەی بە ملکەچی بمێننەوە” (برانت و گڵاسكۆت، 1840: 361 – ٣٦٣). ڕاستییەکەی، لەناوبردنی حوکمڕانەکانی میراتگری، کە وەک لەنگەرگری خەڵکەکەیان و نێوەندگیری نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە ڕەفتاریان دەکرد، لە مەودایەکی دووردا ناوچەکەیان لەڕووی ئابوورییەوە بێبەش و هەژارتر کرد.
وەک وەلی یادرگی مشتومڕی لەسەر دەکات مشتومڕی لەسەر دەکات، کەوا دەستبەسەرداگرتنی زەوی و مڵکە گەورەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارە کوردەکان “دەرەنجامی بێسوودی هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لە کوردستاندا و ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە ئەم ناوچەیە کەمتر کاریگەر بوو بە جووڵە و هاندانی بازاڕی جیهانی بۆ بازرگانیی کردنی کشتوکاڵی لە چوار دەیەی دواتردا”. ئەمەش بەهۆی خراپ ئیدارەدانی زۆربەی ئەو زەوییانە لە لایەن ئەو کەسانەوە کە دەوڵەت بۆ ئەو کارە دایدەمەزراندن و هەروا بە نەکێڵراوی بەجێدەمان، دووەمیش، بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە جووتیارەکان توانایان نەبوو بەروڕووی پێداویستیی بەڕێوەبردنی کێڵگە بچووکەکانیان دابین بکەن لە بەرانبەر بازاڕی جیهانیی بەرفراواندا. بە لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان دۆخی ئاودێری تووشی بارێکی داڕووخانی خراپ هات و هەژاری و نەبوونی باڵیان کێشا بەسەر گوندەکاندا (یادرگی، ٢٠١٧: ١١٢ – ١١٣). لە نێو ئەو دینامیکانەدا کە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە کەوتە بەر کاریگەریی هێرشە سەربازییە وێرانکەرەکانی تەنزیماتی پاشاکان و حوکمی میراتگریی کوردی کۆتایی پێهێنا نەمانی ئارامی و ئاسایش و لەئەنجامیشدا کزبوونی بازرگانی و جالاکییە پەیوەندیدارەکان بوو، کە لە داتەپینی داهاتی گومرگدا خۆی دەبینییەوە لە کوردستانی عوسمانیدا. یادرگی بە شێوەیەکی قەناعەتبەخش ئەوە دەخاتەڕوو کەوا هێرش و پەلاماری بەرفراوانی سەربازی و ئەو وێرانکارییەی بەرپای کرد و بەدوایدا بوو بە هۆی هەڵتەکاندنی باری دیمۆگرافی کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی ناوچەکەی بێبەش کرد و زەمینەی خۆشکرد بۆ پاشەکشەی گەشەکردن (یادرگی، ٢٠١٧: ١٣٣).
جێگرتنەوەی ئەریستۆکراتە کوردەکان و شوێنکەوتووە چەکدارەکانیان بە هێزە نیزامییەکانی حکوومەت هەلی ڕەخساند بۆ حکوومەتەکان کە چاودێری و توانای کۆنترۆڵ کردنیان زیاد بکات و ئەمەش ئاسانکاریی کرد بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بکەونە ژێر دەسەڵاتی داراییو کارگێڕی و یاسایی حکوومەتەکانەوە. بۆ نموونە، لە هەکاری، هێزە ئەلبانییەکانی عوسمانی بۆ هات و ئەحمەد عیززەت پاشای والی (حاکم) لە شوێن و ڕێگەی نووروڵڵا بەگ نیشتەجێ بوو و حوکمەکەی پاڵی بە چاودێرێکەوە نا ڕایبگەیەنێت کەوا “تەواوی ئەم وڵاتە، بۆ یەکەمجارە کە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بابی عالی” (لایارد، ١٨٥٢: ٣٨٣). بە لەدەستدانی میر و بەگەکان، کۆمەڵگە لۆکاڵییەکە هەموو جۆرە پارێزگارییەکی لەدەستدا لەبەرانبەر تەنانەت نزمترین کاربەدەستاندا، کە بە دروشمی “من خۆم دەوڵەتم l’état, c’est moi – ben devletim” (پەندەکە لەبنەڕەتدا لە زمانی فەرەنسییەوە وەرگیراوە – و) ڕەفتاریان دەکرد و قۆناخێکی نەمانی دەسەڵات و ستەمکاری دەستی پێکرد، کەوا خەڵکی کوردستان لەو دەمەوە هیچ ئاسوودەییەکیان نەبینی. لەشکرکێشییە توند و دڵڕەقانەکانی محەمەد ڕەشید و حافز پاشا بە شێوەیەکی کاتی نیزام و ئاسایشیان بۆ ناوچەکە گێڕایەوە و تاڕادەیەک و تاڕادەیەک ژێرخانی ئابوورییان باش کرد و ڕێگەی سامسۆن – دیاربەکر و چەند شارۆچکەیەکی نوێیان دروستکرد وەک مەلاتییە و مەزرە (دواتر ناوی گۆڕا بۆ ئێلازیغ) لە نزیک خەرپووتەوە بێجگە لە ژمارەیەک تەلاری حکوومییش (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٣٣).
لە کاتی دروستکردنی بینا حکوومییە نوێکاندا وەک هێمای دەسەڵاتدارێتیی بەهێزی حکوومەت، دەسەڵاتدارانی عوسمانی جەختیان دەکردەوە لەسەر ئەوەی کە زۆربەی قەڵا و کۆشک و تەلاری تایبەت بە کەسایەتی و دەسەڵاتدارە کوردەکان بڕووخێنرێن٤٧ (لایارد، ١٨٥٢: ٥٠ – ٥٤)، بە پێیە کوردستانیان بێبەش کرد لە مۆنۆمێنت و یادەوەری و کەلەپوورە مێژووییەکانی. ئەمانەی کە دروستیان دەکرد قەڵا و نیشتەجێی میر و بەگەکان نەبوون کە لەمەدوا پرۆژە و نمایندەی دەسەڵات بن، بەڵکوو خانووی حکوومی (حکوومەت قۆناغی – خانە یان ماڵی حکوومەت) بوون و قایمقامێکیان تێدا دادەنیشت کەوا بە زمانێکی نامۆ قسەی دەکرد و نوێنەرایەتیی دەسەڵاتیکی دووری دەکرد. لەکاتێکدا کە قەڵا و کۆشک و خانووەکانیان دەڕووخاند، پاشا عوسمانییەکان دەستیشیان بەسەر گەنجینەکانی میرە کوردەکانیشدا دەگرت٤٨. ئەمانە تێکدان و شێواندنێکی بێمەبەست یان زیانی لاوەکیی هێرش و لەشکرکێشییەکان نەبوون. ئەم کارە سیستماتیکانەی دابڕینی تەلاسازییە کار و جموجووڵێکی حیساب بۆکراو بوون مەبەستیان بچڕاندنی پەیوەندییەکی گرنگی نێوان یادەوەریی مێژوویی و گەل بوو. وەک ڕۆبەرت بێڤان تێبینیی دەکات کەوا لەناوبردنی بەجێماوە شوینەواری و کەلەپووریی گەل یان نەتەوەیەکی دوژمن ڕێگەیەکە بۆ زاڵبوون و تۆقاندن و دابەشکردنی یان بەتەواوی سڕینەوە و لە ڕەگ و ڕیشە دەرهێنانی (بێڤان، ٢٠١٦: ١٨). ئەم پرۆسەیە دەست بە دەست ڕۆیشت لەگەڵ دوورخستنەوە و قەدەغە خستنە سەر کەسایەتی و دەمڕاستانی کورد بۆ دامەزراندنی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ کوردستاندا.
بێگومان دەستبەسەرداگرتنی گەنجینە و ماڵ و مڵکی کەسایەتی و وەجاخزادەکان کاریگەرییەکی ڕووخینەری هەبوو لەسەر پاشەڕۆژی کۆمەڵگەی کورد. گواستنەوەی ئەم سەرمایەیە لە کوردستانەوە ڕیگەی لە کەڵەکەبوونی سەرمایە گرت و ئەو دەرەنجامانەشی کە بە سوود بۆ خەڵکەکەی دەگەڕێتەوە. وەک مایکڵ ئەپەڵ مشتومری لەسەر دەکات، کەوا لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان و ئەو داڕووخانەی کە بەدوایدا هات لە ئاسایش و ئارامیی گشتیی ناوچەکان بوو بە هۆکاری تێکچوون و داتەپینی شارەکان کە دەبوو گەشە و بووژانەوەی زیاتریان بەخۆوە ببینیایە وەک مەڵبەندی تایبەت بە ئیمارەتەکان و بازرگانی و بووژانەوە. لەناوبردنی میرەکان و داڕووخان و پاشەکشەی شارەکان ڕێگەیان لە پەیدابوون و دەرکەوتنی بۆرجوازییەتێک گرت کە دەکرا چاودێری و سەرپەرشتیی پەرەسەندنی ئەدەب و زمانی “بەرزی” کوردی بکات (ئەپەڵ، ٢٠٠٨: ٢٥٩).
ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هێزی کوردی لاواز کرد لە وەرگرتنی ئەو بڕیارانەی پەیوەستە بە نیشتمانی مێژووییان و خۆیانەوە وەک گەلێک. ئەوان سەرباری دەسەڵاتی سنوورداریان و سنوورداریی ئەو خاک و ناوچانەی کۆنترۆڵیان کردبوو، بەڵام ئیمارەتەکان خاڵێکی کۆکردنەوەی سیمبۆڵیی کوردەکانی پێکهێنابوو و هەستێکی شوناسی بۆ ڕەخساندبوون. چەندین سەدە بوو ئەو میرنشینانە وەک هێما و سیمبۆڵی حوکمی کورد وەستابوون، ئەگەرچی تادەهات زیاتر بەرەو کزی و لاوازی دەچوون. بەڵام دواجار تێکشکاندن و لەناوچوونیان بۆشایی سیمبۆڵیی زۆر گرنگ و گەورەی دروستکرد. بیر و ئایدیای حوکمی خۆکردن و هەستکردنی کورد بە پشت بەخۆبەستن بە کۆتایی هاتنی ئیمارەتە کوردییەکان تێکشکا و زەمینەی خۆشکرد و بناغەی داڕشت بۆ خەبات و تێکۆشانی کورد کە هێشتا هەر بەردەوامە لەپێناوی بەدەستهاتنی دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیدا. وەک ستێفن لۆنگریگ بە هەست و چاوەڕوانییەکی پاشەڕۆژەوە بۆیدەچێت کەوا هەرچەندە دەرکەوتنی ڕژێمی عوسمانی ناجێگیر و هەر بە دەگمەن و بە ناو لە خاک و ناوچە بەرزاییەکاندا دەسەڵاتی خۆی پیادە دەکرد، بەڵام “زۆربەی خاڵەکانی کۆبوونەوەی نەتەوەی کورد تێکشکینرا و لەناوچوون” (لۆنگریگ، ١٩٢٥: ٢٨٦). هۆکاری ئەمەش، بەپێچەوانەی کۆمەڵگە ناموسڵمانەکانەوە، کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، دەزگا و دامەزراوەکانی خۆیان پەرەپێدا و خۆیان لە چواردەوری کەنیسە و (پەرستگەکانی جوو یان سیناگۆگە) “نەتەوەییە/ نیشتمانییەکانیان” ڕێکخست، کەچی میرنشینەکان تەنها ڕێکخراوی سیاسی بوون کەوا کوردەکان لەدەوریان ئاڵابوون. وەک ئەپەڵ مشتومڕی لەسەر دەکات و دەڵێ:
“لەناوبردنی ئیمارەتە کوردییەکان، بە خاسییەتی دەرەبەگایەتییانەوە (فیوداڵی)، ئەگەری هەر کاکڵە و کرۆکێکی لەناوبرد بۆ پەرەسەندن و گەشەکردنی هێزێک کە مەراقی دەسەڵات گرتنی کوردستانی لەسەردا بێت کەوا – لەجیاتیی ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ هەلومەرج و گوتارە (دیسکۆرسە) سیاسییە مۆدێرنەکاندا – چوو دەست و پەنجەی نەرم کرد گوتار و ئاگومێنتەکانی ناسیۆنالیستی کوردیدا. بوون و ئامادەگیی هێزێکی لەم چەشنە خەیاڵ و بۆچوونی گەل/ نەتەوەی کوردی ورووژاند و پاڵپشتیی کوردە خوێندەوار و ڕۆژئاوا زەدەکانی بۆ خۆی کێشکرد لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و بەو پێیە دەکرا ببێتە کرۆکی دەوڵەتسازی و ناسیۆنالیزمی کورد لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم” (ئەپەڵ، ٢٠٠٨: ٢٤٠).
وەک نموونەی بنەماڵەکانی بابان و بەدرخان پیشانی دەدا، لە سەردەمی دواتردا، نەوەی میرە کوردەکان بە سەرکەوتوویی تێکەل بوون لەگەڵ دەستەبژێری سەربازیی – بیرۆکراتیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەر نەیانهێشت جارێکی تر پەیوەست ببنەوە بە خاک و وڵاتی باوباپیرانیانەوە و زۆرێکیان لە ڕێگەی تێکەڵبوونی ژن و ژنخوازییەوە یان هەر بەخوایشت لە ناو کۆمەڵگەکانی پاش عوسمانیدا توانەوە، بەتایبەتی لە ناو تورکیای کۆماریدا و هەندێکیشیان بەرز بوونەوە و گەیشتنە پلە و پایەی باڵا و دەرکەوتوو. بەهەرحاڵ، ڕۆشنبیرانی پێشتری ناسیۆنالیزمی کوردی بەهرەمەند نەبوون لە هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سایەی ئەوەی کە بیر و ئایدیای نەتەوەیی کورد بتوانێ ڕەگی خۆی دابکوتێت و پەرە بسێنێت بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بەهێز” (ئەپەڵ، ٢٠٠٨: ٢٥٦). بە پێیە، دەکرێ بڵێین کەوا لەگەڵ لەناوبردنی ئیمارەتە کوردەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، ئەوە کوردەکان ئەو شەڕە یەکلاکەرەوانەیان دۆڕاند کە دەبوو لە سەروەختی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای ئەو جەنگەش بەرپا بکرایەن، لەسۆنگەی نەبوونی ئەو کەسایەتییە یان ئەو کەسایەتییانەی کەوا کوردستانییەکان بتوانن شوێنیان بکەون و لەدەوریان کۆببنەوە و زۆربەی زۆری کورد خولیا و ئاواتی خۆیان خستە سەر ئەوانەی دواتر بوون بە سەرکوتکار و ستەمکاریان وەک کەمالیستەکان، کە دواجار دەیانخەنە بەر بەرنامەیەکی دوورودرێژی یەک سەدەیی سڕینەوەی کولتووریان کە تا ئێستاش هێشتا لێی دەرباز نەبوون.
ئەو بۆشاییەی کە نەمانی میرنشینە کودییەکان بەجێیهێشت لە ڕێکستنی کۆمەڵایەتیی سیاسیی کورددا تەنها هەر سیمبۆڵی نەبوو. وەک زۆرێک لە گەڕیدەکان تێبینییان کردووە، کەوا هەڵکشان و دەرکەوتنی بەدرخان یاسا و نیزامی لەگەڵ خۆی هێنا بۆ ئەو خاک و ناوچانەی پێشتر بەناوبانگ بوو بەوەی کە نائارامی باڵی بەسەردا کێشابوون (رایت و برێث، ١٨٤٦: ٣٨٠). دوابەدوای لەناوچوونی میرنشینە کوردییەکان و نەمانی ئاسایش و ئارامی و ڕاوڕووت و هەڵکوتانە سەر – بە هەردوو دیوی سنوورەوە – و کۆسپ و تەگەرە کەوتە ڕیی بازرگانی و پەرەسەندنی داهاتووی ناوچەکە. بە واتایە بێت، وەک ئایدن و ڤەرهیج بۆیدەچن “لابردنی میرەکان سەرکەوتنێک بوو لەبەرانبەر نرخێکی هێجگار زۆردا”، چونکە ئەستەمبووڵ هێندە سەرچاوەی مرۆیی و هیتری لەبەردەستدا نەبوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هێزەکانی”. سەرەنجام، یاسا و نیزام هەرەسی هێنا تا وایلێهات زۆر گران دەکەوت لەسەر باج کۆبکاتەوە و سەربازگیریی زۆرەملێ بەڕێوەببات. بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو دۆخە پڕ ئاژاوە و شێواوەدا و پاراستنی ئارامی و ئاسایش، ئەستەمبووڵ سەرۆک خێڵەکانی دامەزراند بە بەرپرسی کارگێڕیی ناحیە و قەزاکان. وەک نموونەی قەزای میدیات کەوا کرا بە دوو بەشی خەلیلبەگلی و عیسا بەگلی بۆ هەردوو خێڵی هەڤەرکی و دەکشووری (ئایدن و ڤەرهیج، ٢٠١٢: ٤٠).
هەروەها بە لەناوچوون و هەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان پرۆسەیەک دەستیپێکرد کە من لە شوینی تر ناوم لێناوە سەرلەنوێ بە تایفە و عەشیرەت کردنەوەی کوردستان، کە هاوکات بوو لەگەڵ پرۆسەی بەناوبانگی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی شێخەکان بۆ ڕابەرایەتی کردنی کۆمەڵگەی کوردی. لەناوبردنی “خاڵەکانی لەدەور کۆبوونەوەی” کۆمەڵگەی کوردی و نەتوانینی ئەوەی کە بەتەواوەتی بۆشایی دەسەڵات پڕبکرێتەوە، وایکرد کەوا ئیدارەی عوسمانی پەیڕەویی سیاسەتیکی دوولایەنە بکات بۆ توانادار کردن و بەهێزکردنی کەسایەتییە ئاینییەکان و سەرۆک خێڵە ئایەخەکان کە ئاست و پلەیان ئەوخوارتر بوو (لە میر و بەگ و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی ئیمارەتەکان – وەرگێڕ)، ئەوجا ئەمانەی والێکرد پشت بە گەورەیی و پشتیوانی لێکردنی حکوومەت ببەستن. بۆ نموونە، لە جێگەیەکی وەکوو ڕەواندز و (شوێنانی تریش) عولەماکان (پیاوانی ئاینی – و) و زۆرێک لە بەگی خێڵەکانی کورد (Ekrad ve a¸sair beyleri ئەکراد ڤە عەشایەر بەگلەری) مووچەیان بۆ بڕایەوە و بەپەرۆش بوون بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی دەسەڵات کە سەری هەڵدابوو. ئەوجا ڕۆب (یان عەبا، خەرقە)ی شکۆ و ڕێزلێنانیشیان بۆ نێردرا کەوا دەوڵەت وەک سەرۆکی لۆکاڵیی نوێ پۆلێنی کردوون و ڕەزامەندیی لەسەر دەربڕیون. وەک لە نموونەی هەندێک لە سەرۆکەکانی واندا دەردەکەوێت و لە هەندێ شوێنیش ئەم دەسنیشان کردنە هەڕەمەکی و کاتی بوو. سەرۆک خێڵەکان مووچەی کاتییان پێدەدرا یان ئەوەی کە دەکرێ ناوی لێبنرێت پارەی بێدەنگ کردن “تا ئەو کاتەی نەخشەکێشانی سنوور تەواوبوو یان دابەشکردنی خێڵەکان [لەگەڵ ئێراندا] کۆتایی پێهاتبوو”49. بەهەرحاڵ، لە شوێنانی تری دوور لە سنووری ئێرانەوە، زۆرێک لەو کەسایەتییانەی حکوومەت وایدانابوو کە لێهاتوویی سەرۆکایەتییان هەیە، کەچی دوورخاونەتەوە بۆ شوێن و ناوچەکانی تری ئیمپراتۆرییەت. ئەم چەشنە مامەڵە توندانە ژمارەیەک دەرەنجامی بێمەبەستی لێکەوتەوە. یەکەم، دەوڵەتی ناوەندی هیچ هۆکارێکی نەبوو بۆ پڕکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری و سەربازی و توانای ئیداری بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بە هۆی لابردن و دوورخستنەوەی زۆریک لە سەرۆکە لۆکاڵەکان هاتبووە ئاراوە. بێگومان کەمیی دەسەڵاتە ناوخۆییە دانپیانراوەکان کە توانای دەڵاڵی و نێوەندگیریی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەیان هەبێت لە نێو کەرتە ڕکابەرەکاندا زیاتر بچڕبچڕی کرد. دەرەنجام و لێکەوتەی درێژخایەنی ئەم پرۆسەیەی ناکۆکی و ململانێی ڕوولەزیادی کۆمەڵگە بە زۆری لە ئەنجامی پێکهاتنی خێڵە لاوەکییەکان و ناجێگیریی ڕوولەزیادەوەیە. ئاسەوارە هەمیشەییەکانی ئەم دەرەنجامە ڕاستەوخۆیە کۆتایی میرنشینەکانە کەوا ڤان بروونەسن زیرەکانە وەسفی دەکات “داڕووخانێکی خێرا لە دەوڵەت یان حکوومەتێکی ئاڵۆزەوە بۆ فۆرم و شێوەیەکی زۆر سادەتری ڕێکخستنی سیاسیی کۆمەڵایەتی – وەک ئەگەر ڕێکخستنێکی خێڵەکی هەیبێت چەند هەنگاوێک بۆ دواوە پاشەکشە دەکات لە پەیژەی پەرەسەندندا” (ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٨١ – ١٨٢، ١٩٣ – ١٩٥). ئەوە شکاندنی هێزی پێکهاتە سیاسییە بنەڕەتییەکانە کەوا ڕێکخستنی سیاسیی کوردی ناچار کردووە هەنگاوێک بۆ دواوە بنێت لە پەرەسەندنی پێکهاتە سیاسییەکاندا. داڕووخانی دامەزراوە سیاسییەکانی کورد لە دۆخی پرۆتۆ دەوڵەتەوە (پێش دەوڵەتەوە) بۆ سەرۆکایەتیی خێڵ ناجێگیریی
زیاتر کرد بەڵام لە مەودایەک دووردا دەوڵەتی زیاتر توانادار کرد (ڤان بروونەسن، ١٩٩٢: ١٩٣ – ١٩٥). کەڵەکەبوونی ئەم سیاسەتانە و زیادبوونی بێسەروبەری و نەمانی ئاسایش و ناکۆکی و ململانێی کۆمەڵایەتی لە کوردستان وەک ئەوەی کە شێخ عوبەیدوڵڵا سێ دەیە دواتر ئیشارەتی بۆ کردووە کاتی کە چاوی کەوتووە بە بە ئابۆتی کونسوڵی بەریتانی لە تەبرێز. کاتێ ئابۆت پرسیاری لە شێخ کردووە کە بەرنامەی چی بووە، شێخ ڕوون و ئاشکرا وەڵامی داوەتەوە کەوا “ئاواتی ئەوە بووە کوردستان ڕێکبخاتەوە … ئەو وای هەست کردووە کەوا ساتەوەختی ئەوە هاتووە کە پێویست بێت هەندێ شت بۆ کوردستان بکرێت” و بۆ ئەو مامەڵە پڕ لە شوورەییەی کە لەگەڵ خەڵکی هەژار و نەخوێندەواردا دەکرێت، ئەوانە کە نە عوسمانییەکان و نە ئێرانییەکان تێیاندەگەن٥٠.
داڕووخانی خێرای پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان گەیشتە قۆناخێکی نوێ و دیاریکردنی ئاستێکی نزم لەگەڵ دروستکردنی فەوجە سووکەکانی سوارەی حەمیدی لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٨٩٠کاندا. بەدەستهێنانی نازناوی مشتومڕ هەڵگری “باڤێ کوردان” (باوکی کوردان)، ڕژێمەکەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم خێڵەکێتیی کۆمەڵگەی کورد و هێز و دەسەڵاتی سەرۆکە دڵسۆز و ملکەچەکانی پتەوتر کرد. دەسەڵاتدار کردنی سەرۆکە کوردەکان وەک بەربەست و قەڵایەکی قایم دژ بە نەخشە و پلانەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا و هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی ئەرمەنی، ڕژێمی حەمیدی تۆنی زمانی پەیوەندییەکانی داهاتووی دیاریکرد لەنێوان سەرۆک و دەسوەڵاتدارە کوردەکان و ڕژێمەکانی دواتردا، کە بریتی بوو لە خەڵات و بەرات کردن و دڵ ڕاکێشان بۆ ملکەچی و زۆڵێتی و شەڕکردن دژ بە توخم و ڕەگەزە خۆڕاگرەکەی کۆمەڵگەی کوردی، وەک ڕێگەیەک بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناوچەکە و دینامیکە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردی.
جێگرتنەوەی حوکمی ناڕاستەوخۆی بنەماڵە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانی کورد بەو بەرپرس و کاربەدەستانەی لە ناوەندەوە دادەمەزران بەشێک بوو لە پرۆسەیەک کەوا دەوڵەتی ناوەندی زیاتر پەل بکوتێ بۆ ناوچە جوگرافییەکانی پەڕی ئیمپراتۆرییەت و یەکخستنی پراکتیزەکردنی دەوڵەت و ناسنامەکان و گەشەکردنی توانای دەوڵەت لە جێبەجێ کردنی ئەو سیاسەتانەی نیازی هەبوو پیادەیان بکات (ماک ئادەم، تاڕۆ و تیلی، ٢٠٠١: ٧٨). ئەنجامی سروشتیی ئەم پرۆسەیە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی دابەشکردنە کارگێڕییەکان، چاکسازی کردن لە شێوازی نەریتیی مڵکایەتیی زەویوزاردا، نیشتەجێ کردنی زۆرەملێی خەڵکە گەڕۆک و کۆچەرەکان، داهێنانی باجی نوێ و زیادەڕەوی کردن تێیدا و سەربازگیریی زۆرەملێ بۆ دانیشتووانی ناوخۆ کە تا ئەو دەمە نەبووبوون بە سەرباز. پێدەچێت سەیر و سەمەرەترین پەرەسەندن دروستکردنی ئەیالەتی (ویلایەتی – و) کوردستان بووبێت، کە پێکهاتبوو لە ئەیالەتی دیاربەکر و سەنجەقەکانی وان و مووش و حیاری Heari قەزاکانی جەزیرە و بۆتان و ماردین. ئەیالەتی ناوبراو لە پێنجی دیسەمبەری ١٨٤٧ دروستکرا و لە ساڵی ١٨٦٧ هەڵوەشێنرایەوە (هاکان، ٢٠٠٧: ٢٥٥ – ٢٥٧؛ کاردام، ٢٠١١: ٣٨٤ – ٣٨٦). ئەستەمبووڵ کوردستانی بە هەرێمێکی سەرلەنوێ داگیرکراو لەقەڵەمدا، لەبەر ئەوە بە وردی و بایەخەوە کەسانی ئیداریی نوێی بۆ دانا لە پلەی باڵای پاشادا کە یارمەتیدەر بوون لە سەرکوت کردن و دامرکاندنەوەیڕاپەڕین و شۆڕشەکاندا و “مێداڵ و نیشانەی تایبەت و نامۆیان پێدەبەخشرا لە پاداشتی داگیرکردنی کوردستاندا”٥١. پێکهێنانی ئەم یەکە کارگێڕییە نوێیە واتای ناردنی ئیشارەتێکی ڕوونی دەگەیاند کەوا یاسا و ڕێسای کۆنی بنەماڵە خاوەن ئیمتیازە تایبەتەکانی کورد چیتر نەما و ناوچە و زەوییەکانیان و دانشتووانیان لە ئێستادا خراونەتە کایەی تەنزیماتی “پیرۆزەوە”.
سەرچاوە: کورد .. کتێبی کامبریج بۆ مێژووی کورد
ئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی
چاپی یەکەم: ٢٠٢١
چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج – لەندەن
ناوی بابەت: کۆتایی سەربەخۆیی کورد .. ڕووخاندنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، ل ٧٣ – ١٠٣
لێکۆڵینەوەی: سەبری ئەتەش
The End of Kurdish Autonomy
The Destruction of the Kurdish Emirates in the Ottoman Empire
Sabri Ates
THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS
Edited by:
HAMIT BOZARSLAN, Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales
CENGIZ GUNES, The Open University
VELI YADIRGI, School of Oriental and African Studies, University of London.
*سەبری ئەتەش پرۆفیسۆری هاوکارە لە بەشی مێژووی زانکۆی مێتۆدیستی باشوور Southern Methodist. پسپۆڕە لە پەیوەندییەکانی عوسمانی – ئێرانی، مێژووی کورد، دوا قۆناخی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، تائیفییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە سنوورییەکاندا. دانەری کتێبی
Tunalı Hilmi Bey: Osmanlıdan Cumhuriyet’e Bir Aydın تونالی حیلمی بەگ: بیرمەندی عوسمانی و کۆماری (ئەستەمبووڵ، ٢٠٠٩) و هەروەها کتێبی: ناوچە سنوورییەکانی عوسمانی – ئێرانی: نەخشەکێشانی سنوور، ١٨٣٤ – ١٩١٤ (کامبریج، ٢٠١٣).
The Ottoman – Iranian Borderlands: Making Boundary, 1834 – 1914.. لە ئێستاشدا کار لە کتێبێکیدا دەکات لەسەر شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای ساڵی ١٨٨٠.
پەراوێز
تێبینی: لە چەند شوێنێکی ئەم باسەدا هەندێ وشە و دەستەواژە بە پیتی لار Italic نووسراون، کە یان کوردین یان تورکیی عوسمانین و منیش هەر وەکوو خۆیان دامناون، هەمان شتیش بۆ نووسینی ئینگلیزیی بیبلۆگرافیاکە، کە وەکوو ئەمانەتێک بە هەمان شێوە دانراون و ورگێڕانە کوردییەکەش لە پاڵیاندایە. بۆ ئاگاداریی خوێنەر – وەرگێڕ.
* ماسکێت musket ئەمە جۆرە تفەنگێکی کۆنی ئەو سەردەمە بووە بە لوولەیەکی کەمێک درێژەوە و هەندێ جار دەمانچەشی پێوتراوە – وەرگێڕ.
١. بۆ گۆڕانکارییەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی ڕژێمی کۆنی عوسمانی لە قۆناخی پێش مۆدێرنەدا لەگەل سەرنجێکی تایبەتی بۆ ئێران، کارتۆگرافی (هونەری نەخشە دانان) و ناوچە سنوورییەکان، بڕوانە ساڵزمان، ٢٠٠٤.
٢. محەمەد عەلی پاشا، کە بە کەڤاڵالی و ئەلبانی دەناسرێ، ئەگەری زۆر هەیە کە بنەچەی کورد بووبێت. بە پێی چاوپێکەوتنیک لەگەڵ شازادە عەبباس حیلمیدا، مێژوونووسی ناوداری میسری عەفاف لوتفی ئەلسەید مەسرووت تێبینیی کردووە کەوا “لەکاتێکدا کە مێژوونووسان وایان باس دەکەن کە لە بنەچەیەکی ئەلبانی بن، عورف و نەریتێکی خێزانی لەو باوەڕەدایە کە بنەچەیان کوردە و لە گوندێکەوە هاتوون بە ناوی ئیلیچ، لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ و لەوێ بازرگانی ئەسپ و بەرزەوڵاخ بوون” (ئەلسەید مەسروت، ١٩٨٤: ٢٥). بە هەمان شێوە، ئەنوەر زیا کاراڵی مێژوونووسی سەرەکیی کۆماری تورکیا، بێ ناوهێنانی بنەچەی ئیتنیکیی محەمەد عەلی، وا باس دەکات کەوا لە کاڤاڵا لەدایکبووە و مێژوونووسان بەهڵە وایدادەنێن کە ئەلبانییە. بەڵکوو لە ڕۆژگاری کۆندا باوباپیرانی لە عەرەبکیر دەرچوون (کە پێشتر هەمان ناوچەی ئیلیچ بووە)، وەک ئەو تێبینیی کردووە (کاراڵ، ١٩٩٤: ١٢٥). بۆ نموونە، ڕەنگە بە پێی ئەم زانیارییە، لە مێژوویەکی زۆر درەنگتردا، ئەمینە هانمی ژنە بابانەکەی شەریف پاشا، کە لە خێزان و بنەماڵەی خدیوییە، چالاک بووە لە “کورد کادینلەری تەعالی جەمعییەتی – واتە کۆمەڵەی پێشکەوتنی ئافرەتی کورد”، هەروەها خێڵە کوردەکانی سووریا، چەشنی کیکی و کەسایەتی و ناودارە کوردەکانی دیمەشق پەیوەندییەکی نزیکیان بووە لەگەڵ بنەماڵەی خدێویی میسردا (هێننینگ، ٢٠١٨: ٤٠٠، ٤٥٢). ئومێد دەکرێت کە ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت لەلایەن مێژوونووسانەوە.
٣. لە باسکردنی شێوازە سەخت و دڵرەقانەکانی میرە کۆردا بۆ چەسپاندنی یاسا و نیزام، ڕیچارد وود تێبینیی کردووە کەوا ئەو “شەڕی لەناوبردنی” جێبەجێ کردووە دژ بە خێڵەکانی یەزیدی (وود، ١٩٦٦: ٩٤).
4 Wood to Ponsonby, 25 March 1837 (Wood, 1966: 118).
5 Wood to Ponsonby, from Revandus Castle, 3 September 1836; from Mosul, 19 September 1836 (Wood, 1966: 105 – 9).
6 Wood to Ponsonby, 26 March 1837 (Wood, 1966: 117- 18)
7 Wood to Ponsonby, 2 December 1836 (Wood, 1966: 113).
8 PRO.FO 78/2707, Consul Brant’s long and detailed ‘General Report on Border Provinces’. “ڕاپۆرتی گشتیی لەسەر ویلایەتەکانی سنوور”، کە ڕاپۆرێکی ورد و درێژە لەلایەن برانتی کونسوڵەوە
٩. وادیارە هەر زوو ڕێگەی گەڕانەوەیان پێدراوە، چونکە فەرماندەیی قەڵای گرنگی خۆشابیان دەکرد و بەردەوام هێزێکیان ئامادە بووە بۆ بەرگری کردن لە سنوور.
١٠. بەپێی گێڕانەوەی فرەیزەر، لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٣٠کاندا شاری سلێمانی لە ژێر دەسەلاتی ئێراندا بووە. ئەمەش بە هۆی هەوڵ تەقەلای میرە کۆرەوە بووە بۆ فراوان کردنی قەڵەمڕەوی هەرێمەکەی و شەڕی لەگەڵ حکوومەتی ویلایەتی ئازەربایجاندا بووە. بێجگە لەوەش پەتایەکی تاعوون نیوەی دانیشتووانی شارەکەی کوشتووە و گەلێکیشی پەرتەوازە کردووە و بە شێوەیەکی بەرچاو بابانەکانی لاواز کردووە (فرەیزەر، ١٨٤٠: ١٤٨).
11 PRO.FO 78/2713, Rawlinson to Canning, British Consulate, Baghdad, 13 May 1845.
راوڵینسۆن بۆ کاننینگ، کونسوڵییەتی بەریتانی، بەغدا
١٢، ١٣، ١٤، ١٥، ١٦ هەمان سەرچاوە
17 PRO.FO 78/2713, Rawlinson to Canning, Sulaimaniyah and Baghdad, 9 July 1845. ڕاوڵینسۆن بۆ کاننینگ، سلێمانی و بەغدا…
18 PRO.FO 78/2713, Rawlinson to Canning, Mosul, 12 July 1845.
19 PRO.FO 78/2714, Canning to Sheil, Constantinople, 12 February 1846; and BBA-A-DVN 97/39, 18.L.1270/14 July 1854.
٢٠. مەترسیی پاشاکانی عوسمانی ڕەنگە بێ بنەما نەبووبێت. لە بەهاری ١٨٤٦دا و کاتێ بەدرخان پێویستی بە دکتۆرێک بووە، نێردراوە بۆ مسیۆنێرییەکەی دکتۆر ڕایت لە ورمێ، لە ڕێگەی نووروڵڵا و یەحیا خانەوە کە حاکمی ورمێ بووە (ڕایت و برێث، ١٨٤٦: ٣٧٨).
٢١. پی. ئاڕ. ئۆ، ئێف. ئۆ. ٧٨/٦٥٣ برانت بۆ ئیرڵ لە ئەبەردین، ٨ی کانوونی یەکەمی ١٨٤٦. زۆربەی زانیارییەکانی لاپەڕەکانی دواتر پشتیان بە نامەکانی جەیمس برانت بەستووە. باسوخواسە وردەکانی تر ئەوانی کاردام (٢٠١١: ٢١٩ – ٢٥٤) و دۆغانن (٢٠١١: ١٥٣).
٢٢. بۆ کورتەیەکی نامەکە، بڕوانە کاردام (٢٠١١: ٢٣٤) و هاکان (٢٠٠٧: ١٨٣).
٢٣. حاڵەتی پایەبەرزیی بەدرخان لە ناو کەسایەتی و دەسەڵاتدارەکانی کورددا لەلایەن دەسەڵاتدارە جۆراوجۆرەکانی عوسمانییەوە پشتڕاست کراوەتەوە، ئەوانی کە ئەویان وەک سەرکردەی بەرگریکردن بینیوە لە وان و ڕەواندز. وەک نموونەیەک، والیی (حاکمی) ئەرزرووم تێبینیی ئەوەی کردووە کە هەموو “ئومەرای” کوردستان تەماشای دەمی ئەویان کردووە(Kürdistan ümerasının cümlesi Bedirhan Bey’in ag˘zına baktıklarından),’ BOA I. MSM, 48/1229, p. 20, Halil Kamili Pasha to Dersaadet, 5 November 1843.
٢٤. لەشکرکێشیی بەدرخان بۆ سەر نەستوورییەکان وا لێکدراوەتەوە کە دژ بە کریستیانەکان بووە. بەهەرحاڵ، باس و گێڕانەوەی لەوچەشنە کورت دەهێنێ لە ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نزیک و پتەوی نێوان ئەرمەنەکان و خان مەحموود و بە هەمان شێوە بەدرخانیش و باس لە هەماهەنگی و هاوکاریی پێش کوشتارەکە ناکەن لە نێوان نەستوورییەکان و خێلەکان و میرانی جۆراوجۆری کورددا.
٢٥. شانبەشانی نوێنەرانی بەریتانیا، باڵیۆزی فەرەنسی بەردەوام فشاری لە بابی عالی دەکرد بۆ سزادانی بەدرخان. ئەم میراتە بەردەوام بوو لە ئاگادارکردنەوەی سیاسەتەکانی فەرەنسادا. بەپێی بڕگەیەک نووسراوێک لەلایەن بەڕێوەبەرێتیی هەواڵگریی بەریتانییەوە بۆ جێگری وەزیری دەرەوە، لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٩١٩دا، مارک سایکس فرانسوا جۆرج پیکۆی ئاگادارکردووەتەوە کەوا ” بەنیازە پێشنیازی ئەوە بکات کە ئیمارەتێکی سەربەخۆی کوردی، کە مووسڵیش گرێتەوە، دروست دەکرێت و ئەم دەوڵەتە سەربەخۆیە دەخرێتە ژێر پارێزگاریی بەریتانیاوە”. بەڵام پیکۆ ڕەتیکردەوە ئەم پلانە ڕەچاو بکات و وای لەقەڵەمدا کە ئەمە دژ بە بەرژەوەندییەکانی فەرەنسایە و بەم پێیە بێت “فەرەنسا ئەو خەڵکانە دەکاتە قوربانی کە بە شێوەیەکی نەریتی لەلایەن فەرەنسییەکانەوە دەپارێزرێن، وەک کلدانەکان و نەستوورییەکان و .. تاد” (بوردێت، ٢٠١٥: ٥ / ٢٤٥). بەم ڕەنگە، دەکرێ بڵێین کەوا ئایدیای بەجێنەهێشتنی کریستیانەکانی ناوخۆ لە ژێر بەزەیی کوردەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی گێڕاوە لە مەسەلەی بڕیاردانی فەرەنسیدا و ئەمەشزۆر گران کەوتەوە لەسەر نەوەکانی گەلی کورد.
26 For a similar view, see Aydın and Verheij (2012: 38).
27 BOA I. MSM, 48/1229, p. 20, Halil Kamili Pasha to Dersaadet, 5 November 1843.
28 PRO.FO 78/654, Brant to Palmerston, 11 November 1846; and Hakan (2007: 192).
29 BOA I.MSM, 51/1293, lef. 9.
30 PRO.FO 78/702, Dispatches of Consul Brant, 10 April and 6 May 1847; and Hakan (2007: 208- 11).
٣١. وەک پاداشتێک بۆ هەماهەنگی و هاوکاری کردنی، یەزدانشێر بە موتەسەللیمی جەزیرە دانرا بەلام لە مارتی ١٨٤٨دا ئەستەمبووڵ قایمقامێکی نوێی دامەزراند و “حوکمی” ئەمی کۆتایی پێهێنا. یەزدانشێر دواتر لای خۆیەوە یاخیبوونێکی بەرپاکرد بەڵام بێسوود بوو (کاردام، ٢٠١١: ٣٦٥).
32 PRO.FO 78/702, Brant to Lord Covley, 26 June 1847.
لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا فەرماندەی هێزەکانی بەدرخان تێلی بەگە. بڕوانە هاکان (٢٠٠٧: ٢٢٤).
33 PRO.FO 78/702, Brant to Lord Covley, 3 July 1847.
تەیموورزادە فازڵ بەگی کەسایەتیی ناوداری وان، کەوا خان مەحموود کردبووی بە حوکمڕانی وان، ژێربەژێر لەگەل عوسمانییەکاندا هاوکاری و هەماهەنگیی دەکرد.
34 PRO.FO 78/702, Brant to Lord Covley, 3 July 1847.
35 PRO.FO 78/702, Brant to Palmerston, 8 July 1847; and Kardam (2011: 336).
36 PRO.FO 78/702, Brant to Palmerston, 9 August 1847.
37 BOA I.MSM, 51/1293, lef. 9.موشیر عوسمان پاشا تێبینیی کردووە کەوا بە هۆی دڵسۆزیی زۆربەی کوردەکانەوە بۆ ئەمان، ئەگەر خان مەحموود و بەدرخان بیست ساڵ دواتریش بگەڕێنەوە ئەوە ئەوان هەر لە دەوریان کۆدەبنەوە. لەبەرئەوە، پێویستە هەر لە تاراوگە بمێننەوە و لە کوردستا داببڕێن و بەمە ئەستەمبووڵ دڵنیا دەبێت کە ئەو مەسەلەیە
.تەواو بووە
٣٨. بۆ باسوخواسێکی هەمەلایەنە لەبارەی بنەماڵەی بەدرخانەوە لە قۆناخی دوای ١٨٤٧دا، بڕوانە هێننینگ، ٢٠١٨. 39 BOA.A.MKT.UM 343/82, 09.B.1275/1859.
٤٠. بۆ نموونە، لە پەنجا هەزار قورۆشی داهاتی ساڵانەی ئەو گوندانەی بۆ ئەوان تۆمارکراوە، هەر حەوت کوڕ و کچەکەی ئەولیا پاشای مەحموودی بڕی دوو هەزار و چوارسەد قورۆشیان وەرگرتووە BOA.A.AMD 89/98, 1274/1858.
41 BOA.A.MKT 225/82, Kurdistan Valisi M. Esad Muhlis’in yazısı, 1265.11.13/25 January 1850 موخلیس ….. بە قەڵەمی والیی کوردستان، م. ئەسعەد
42 BOA.A.DVN 61/39, 1266.9.15/27 November 1849; and BOA.A.MKT.UM 10/35, 1266.4.24/6 July 1850.
٤٣. ڕیچارد وود لە ساڵی ١٨٣٦دا تێبینیی کردووە کەوا “مەبەستی سەرەکیی حکوومەتی تورکی بۆ ملکەچ پێکردن و خستنە ژێر ڕکێفی ئەم بەشانەی ئیمپراتۆرییەت بۆ زیادکردنی داهات بووە، هەروەها بۆ پێویستیی ناونووس کردنی گەنجانی کورد لە ناو هێزەکانیدا و دەبوو شەست هەزار کورد بە سەرباز بگرێت لە ناو سوپاکەیدا هەر کە بارودۆخ ڕێگە بدات” (وود، ١٩٦٦: ٩٥).
44 (kur’a-i ¸ser’iyye usul-ü hasenesi). See BOA.A.MKT.MHM 22/35, 1266.8.8/20 October 1850. قورەی (قورعەی) شەرعییە و ئوسووڵی حەسەنە…
45 BOA.MVL [Catalog no. 1086, p. 8], From the Governor of Kurdistan and the 4th Army Commander to Istanbul, 12.L.1267/10 August 1851.
لە والیی (حاکمی) کوردستانەوە و فەرماندەی سوپای چوارەوە بۆ ئەستەمبووڵ …
46 BOA.A.AMD 22/61, 1266/1849.
٤٧. بۆ سووتاندنی نیشتەجێکانی “هەزرۆ، ئیلیجەک و خینی (هانی) و دوورخستنەوەی بەگەکانیان بۆ ئەدرنە، بڕوانە برانت و گڵاسکۆت (١٨٤٠: ٣٦٠ – ٣٦١).
٤٨. لەبارەی گەنجینەی میرە کۆرەوە، بڕوانە وود بۆ پۆنسۆنبی، ٢ی دیسەمبەری ١٨٣٦ (وود، ١٩٦٦: ١١٢).
49 BOA. A. AMD 29/53, 28.3.1267/8 June 1851.
50 PRO, FO 60/441, Abbot to Earl Granville, Tabriz, 1 October 1881.
51 BOA. A. DVN. MHM 7/16 1265. C. 3/27 April 1849.
Bibliography بیبلۆگرافی
Atmaca, M. (2019). Resistance to centralisation in the Ottoman periphery: The KurdishBaban and Bohtan emirates. Middle Eastern Studies, 55 (4), 519 39.
بەرگری لەدژی بەناوەندی کردن لە هەرێم و ناوچە پەڕەکانی عوسمانیدا: میرنشینە کوردییەکانی بابان و بۆتان …
Aydın, S. and Verheij, J. (2012). Confusion in the cauldron: Some notes on the ethnoreligious groups, local powers and the Ottoman state in Diyarbekir province, 1800 1870. In J. Jongerden and J. Verheij (eds), Social Relations in Ottoman Diyarbekir, 1870 1915 (pp. 15 54). Leiden: Brill.
شڵەژان لە مەنجەڵی کوڵاندا: هەندێ تێبینی لەسەر گرووپە ئیتنۆئاینییەکان، هێزە لۆکاڵییەکان و دەوڵەتی عوسمانی لە ویلایەتی دیاربەکردا … لە کتێبی … پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە دیاربەکری عوسمانیدا …
Aziz Efendi (1985). Kanûnnâmei Sultânî Li ʿAzîz Efendi: Aziz Efendi’s Book of Sultanic Laws and Regulations: An Agenda for Reform by a SeventeenthCentury Ottoman Statesman, ed. And trans. R. Murphey. Sources of Oriental Languages and Literatures 9. Cambridge, MA: Harvard University Press.
قانووننامەی سوڵتانی: کتێبی عەزیز ئەفەندی لەبارەی یاسا و ڕێکخستنەکانی سوڵتانییەوە: ئەجێندایەک بۆ چاکسازی لەلایەن پیاوێکی دەوڵەتی عوسمانیی سەدەی حەڤدەوە … لە کتێبی.. سەرچاوەکانی زمان و ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی …
Badger, G. P. (1852). The Nestorians and Their Rituals. London: J. Masters. نەستوورییەکان و ڕێوڕەسمیان …
Bevan, R. (2016). The Destruction of Memory: Architecture at War Second Expanded Edition. London: Reaktion Books.
تێکشکاندنی یادەوەری: تەلارسازی لە جەنگی دووەمدا …
Brant, J. and Glascott, A. G. (1840). Notes of a journey through a part of Kurdistán, in the summer of 1838. The Journal of the Royal Geographical Society of London, 10, 341 434.
تێبینییەکان لەسەر گەشتێک بە ناو بەشێکی کوردستاندا، لە هاوینی ١٨٣٨دا…
Burdett, A. L. P. (2015). Records of the Kurds: Territory, Revolt and Nationalism, 1831 1979, Vol. 5. Cambridge: Cambridge University Press. 51 BOA.A.DVN.MHM 7/16 1265.C.3/27 April 1849.
تۆماری کوردەکان: خاک و شۆڕش و ناسیۆنالیزم .. .
Çadırcı, M. (1985). Osmanlı Impartorlugunda Askere Almada Kura Usulüne Geçilmesi 1846 Tarihli Askerlik Kanunu. Askeri Tarih Bülteni, Sayı 18.گواستنەوە بۆ تیروپشکی (قورعەی) سەربازگیری لە دەوڵەتی عوسمانیدا..
Çadırcı, M. (1991). Tanzimat Döneminde Anadolu Kentlerinin Sosyal ve Ekonomik Yapıları. Ankara: Türk Tarih Kurumu Basımevi.
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی شارەکانی ئەنەدۆڵ لە سەردەمی تەنزیماتدا …
Dogan, C. (2011). Tanzimat’ın Uygulanması ve Han Mahmud Isyanı. History Studies, 3 (2), 147 62.
جێبەجێ کردنی تەنزیمات ویاخیبوونی خان مەحموود…
Eppel, M. (2008). The demise of the Kurdish emirates: The impact of Ottoman reforms and international relations on Kurdistan during the first half of the nineteenth century. Middle Eastern Studies, 44 (2), 237 58.
هەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان: کاریگەریی چاکسازییەکانی عوسمانی و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان لە سەر کوردستان لە ماوەی یەکەم نیوەی سەدەی نۆزدەدا…
Fraser, J. B. (1840). Travels in Koordistan, Mesopotamia, &c. Including an Account of Parts of Those Countries Hitherto Unvisited by Europeans. With Sketches of the Character and Manners of the Koordish and Arab Tribes. London: Richard Bentley.
گەشتێک بە کوردستان و میسۆپۆتامیادا بە چەند بەشێکی ئەو وڵاتانەوە کە تا ئێستا سەردانی نەکراون لە لایەن ئەوروپییەکانەوە لەگەڵ سکێچی کەسایەتی و شێوازی ژیانی خێڵە کوردی و عەرەبییەکان …
Gencer, F. (2010). Merkeziyetçi Idari Düzenlemeler Ba˘glamında Bedirhan Bey Olayı. Unpublished PhD thesis, Ankara University.
ڕووداوەکەی بەدرخان بەگ لە دۆخ و سیاقی ڕێکخستنەوەی کارگێڕیی ناوەندیدا …
Grant, A. (1843). Mountain Nestorians: Letters from Dr. Grant. The Missionary Herald, 39 (11), 434 37.
نەستوورییەکانی چیا: نامەکان لە دکتۆر گرانتەوە …
Gündogan, N. Ö. (2014). Ruling the periphery, governing the land: The making of the modern Ottoman state in Kurdistan, 1840 70. Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East, 34 (1), 160 75.
حوکم کردنی پەڕ و چێوە، ئیدارەدانی خاک: دروستکردنی دەوڵەتێکی عوسمانیی مۆدێرنلە کوردستاندا …
Hakan, S. (2002). Müküs Kürt Mirleri Tarihi ve Han Mahmud. Istanbul: Peri Yayınları. مێژووی میری کورد لە موکوس و خان مەحموود …
Hakan, S. (2007). Osmanlı Arsiv Belgelerine Göre Kürtler ve Kürt Direni¸sleri. Istanbul: Doz.
بەرگریی کورد و کورد بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی عوسمانی …
Henning, B. (2018). Narratives of the History of the OttomanKurdish Bedirhani Family in Imperial and Postimperial Contexts: Continuities and Changes. Bamberg: University of Bamberg Press.
گێڕانەوەی مێژووی بنەماڵەی بەدرخانی کوردی عوسمانی لە دۆخ و سیاقی ئیمپراتۆری و پاش ئیمپراتۆریدا: بەردەوامی و گۆڕانکاری …
Houston, C. (2007). ‘Set aside from the pen and cut off from the foot’: Imagining the Ottoman Empire and Kurdistan. Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East, 27 (2), 397 411.
“لە قەڵەم دوور بکەوەرەوە و لە پێ دابڕێ”: تێڕامان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و کوردستان …
Jones, J. F. (1998). Memoirs of Baghdad, Kurdistan and Turkish Arabia, 1857. Reprint. Buckinghamshire: Archive Editions.
یادەوەرییەکانی بەغدا و کوردستان و عەرەبستانی تورکی، ١٨٥٧ .. Karal, E. Z. (1994). Osmanlı Tarihi, Vol. 5. Ankara: TTK Basımevi.
مێژووی عوسمانی …
Kardam, A. (2011). CizreBohtan Beyi Bedirhan: Direni¸s ve Isyan Yılları. Istanbul: Dipnot Yayınları.
بەدرخان بەگی جەزیرەی بۆتان: ساڵانێک لە بەرگری و یاخیبوون …
Kinneir, J. M. (1813). A Geographical Memoir of the Persian Empire. London: John Murray.یاداشتێکی جوگرافیی ئیمپراتۆرییەتی وڵاتی فارس…
Klein, J. (2011). The Margins of Empire: Kurdish Militias in the Ottoman Tribal Zone. Stanford, CA: Stanford University Press.
پەڕ و پەراوێزەکانی ئیمپراتۆرییەت: میلیشیاکانی کورد لە کایەی خێڵەکیی عوسمانیدا…
Layard, H. A. (1852). Nineveh and Its Remains: With an Account of a Visit to the Chaldean Christians of Kurdistan, and the Yezidis or DevilWorshippers; and an Inquiry in the Manners and Arts of the Ancient Assyrians. New York: George P. Putnam.
نەینەوا و ئاسەوارە بەجێماوەکانی: لەگەڵ باسوخواسی سەردانێک بۆ کریستیانە کلدانەکانی کوردستان و یەزیدییەکان یان شەیتان پەرستەکان و تاوتوێ کردنێکی شێوازی ژیان و هونەری ئاشوورییە دێرینەکان …
Longrigg, S. H. (1925). Four Centuries of Modern Iraq. Oxford: Oxford University Press.چوار سەدەی عێراقی مۆدێرن …
Maier, C. S. (2006). Transformations of territoriality 1600 – 2000. In O. Janz, S. Conrad and G. Budde (eds), Transnationale Geschichte: Themen, Tendenzen und Theorien (pp. 32 55). Gottingen: Vandenhoeck & Ruprecht.
گۆڕانکارییە هەرێمییەکان … لە کتێبی.. مێژووی بان نیشتمانی، بابەت و لایەنداری و تیۆرییەکان …
McAdam, D., Tarrow, S. and Tilly, C. (2001). Dynamics of Contention. Cambridge: Cambridge University Press.دینامیکەکانی پەیوەستبوون…
Mehmed, H. P. (1997). Sehâhatnâmei Hudûd, transcribed by Alaatin Eser. Istanbul: Simurg.سەحاحەتنامەی حدوود، نووسینەوەی عەلائەدین ئەسەر…
Özoglu, H. (1996). State tribe relations: Kurdish tribalism in the 16th and 17th century.Ottoman Empire. British Journal of Middle Eastern Studies, 23 (1), 5 27. پەیوەندییەکانی دەوڵەت و خێڵ: خێڵەکێتیی کورد لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ی ئیمپراتۆرییەتی
….عوسمانیدا
Salzmann, A. (2004). Tocqueville in the Ottoman Empire. Leiden: Brill.
alSayyid Marsot, A. L. (1984). Egypt in the Reign of Muhammed Ali. Cambridge: Cambridge University Press.
میسر لە سەردەمی حوکمی محەمەد عەلیدا …
Süreyya, M. (1996). Sicilli Osmani. 2 vols. Istanbul: Tarih Vakfi Yurt Yayıları. ….سجللی عوسمانی …
Tilly, C. (1985). War making and state making as organized crime. In P. Evans, D. Rueschemeyer and T. Skocpol (eds), Bringing the State Back (pp. 169 – 91). Cambridge: Cambridge University Press.
جەنگ بەرپاکردن و دەوڵەت دروستکردن وەک تاوانی ڕێکخراو …
van Bruinessen, M. (1992). Agha Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. London: Zed Books.
ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان …
von Moltke, H. (1893). Essays, Speeches, and Memoirs, Vol. 1. New York: Harper & Brothers.بابەت و گوتار و یادەوەرییەکان…
Wood, R. (1966). The Early Correspondence of Richard Wood, 1831 1841, ed. A. B. Cunningham. London: Royal Historical Society.
نامە و نووسراوە بەراییەکانیڕیچارد وود …
Wright, A. and Breath, E. (1846). Visit of Messrs, Wright and Breath to Bader Khan Bey. The Missionary Herald, 42 (11), 378 – 83.
سەردانی مێسرس و ڕایت و برێث بۆ لای بەدرخان بەگ …
Wunder, J. R. and Hämäläinen, P. (1999). Of lethal places and lethal essays. The American Historical Review, 104 (4), 1232 – 3.
لەبارەی شوێنەکوشندەکان و وتار و بابەتە کوشندەکانەوە …
Yadırgı, V. (2017). The Political Economy of the Kurds of Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic. Cambridge: Cambridge University Press.
ئابووریی سیاسیی کوردی تورکیا: لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ کۆماری تورکیا…

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …